ئەم پەڕەیە تایبەت بە ئەو بەرهەمە هونەرییانە زیادکراوە کە پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بەسەر دەکاتەوە. هەتا ئێستا تەنیا هونەرمەند کاک دیاکۆ ئەم پرسەی بەسەرکردووەتەوە. هیوادارم نموونەیان زۆر بن.
پێشتر دوو بابەتم سەبارەت بە کارەکانی کاک دیاکۆ نووسیبوو کە لەم پەڕەیە زیادیان دەکەم. کاک دیاکۆ سەبارەت بەم بەرهەمەی ژێرەوە ئاوای نووسیوە: «لەو باوەڕەدام کەسی شۆڕشگێر ناترسێ لە پەتی سێدارە. شۆڕشگێڕ پەتەکە دەبینێت بەڵام بەلایەوە گرنگ نییە. کاتێ شۆڕشگێڕ دەبەنە ژێر پەتی سێدارەوە لەوانەیە تەنیا ترس و خەمی، داهاتووی نیشتمانەکەی بێت.»

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
وێناکردنی پێرسپێکتیڤێکی دیکەی ئێعدام لە ڕێگەی هونەرەوە
داوای کێشانەوەی نەقاشییەکم لە هونەرمەند کاک دیاکۆ کرد. بەختەوەرانە ئەوەی دە زەینی مندا هەبوو، هێنایە سەر کاخەز و بە جوانی کێشایەوە. مەبەست ئەم وێنەیە کە لە ژێرەوە دانراوە.

By Diyako
لەم پێرسپێکتیوەوە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان یەکجار تاڵ و هەژێنەرە. کوردەکان دە سنووری داسەپاوی ئێراندا هەرکات بە شێوەیەکی سیستەماتیک قوربانی سیاسەتی ڕەگەزپەرەستانە بوون. سیاسەتێک کە لە سەدەی ڕابوردوودا بە دژی کوردەکان بەڕێوەچووە، ئامانجی جۆراوجۆری لە پشت بووە کە دواکەوتووڕاگرتنی کۆمەڵگای کوردستان یەک لەوانە. سەرنجدان بە جۆری سەرمایەگوزاری و دابەشکردنی نایەکسانی بودجەی ناوچە جۆراوجۆرەکان بە ڕوونی سەلمێنەری ناعەداڵەتییەکە کە لە لایەن دوو دەورەی پەهلەوی و دواتر لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوەچووە.
سەرچاوە و ماتریالە خۆماڵییەکانیش بە هەمان شێوە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە هۆکاری پەرەنەسەندنی کوردستان لەچاو ناوچە فارسییەکان بۆ وێنە بۆ ئەم ناعەداڵەتییە دەگەڕێتەوە. واتە ئەو بایەخەی کە بە پەرەسەندنی ناوچە فارسییەکان دراوە، بە ناوچە کوردستانییەکان نەدراوە و ئەمەش پێوەندی بە دەوڵەتێک و کابینەیەکی تایبەت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵکوو هەموو دەوڵەت و کابینەکان دەگرێتەوە. بۆ هەر کەسێک کە ئاگا بە مێژووی کردنەوەی مەدرەسە، دەبیرستان و زانکۆ و بیمارستان و هتد دە ناوچە کوردستانییەکاندا بێت، ئەمە ڕوونە کە حکومەتی ناوەندی تاران هەرکات بە ئانقەست پێشی بە پێشکەوتنی ئەو ناوچانە گرتووە کە کوردستانین.
ئاساییە کە دۆخێکی ئاوا ناستاندارد کاریگەری زۆر بەرچاو لەسەر تاک و کۆمەڵگا دادەنێت. بۆ وێنە چەندە بواری ئەوە هەیە کە گەنجە کوردەکان بە شێوەیەکی دروست و لۆژیک بیر لە فاکتەرە بەهادارەکانی شوناسی نەتەوەیی خۆیان بکەنەوە؟ کاتێک کە ئەو حکومەتانە تەنانەت ڕێگەی فێربوونی زمانی کوردی و فێربوون بە زمانی کوردییان نەداوە، ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە دەبینرێت زۆربەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن بۆ کار و باری ئاسایی خۆیان و بۆ دەربڕینی تەنانەت هەستی خۆیان لە زمانی دایکی خۆیان بە دروستی کەڵک وەرگرن. کوردەکان لە ڕێگەی ئەو پلانە ڕەگەزپەرەستانەی دەستهەڵاتی حاکمەوە لە یەک پڕش و بڵاو کراون. ناتوانن بە دروستی بیر بکەنەوە و ڕێگەی بیرکردنەوە بە زمانی دایکی خۆیان لێ بەرتەسک کردوون. کوردەکان بە مافەکانی خۆیان شارەزا نین. لە پەنای ئەمانە کوشتاری ڕووح کراون و بە بەردەوامی لەگەڵ ناعەداڵەتی بەرەوڕوو بوونەوە. دە کۆمەڵگایەکی ئاوا دا کە بە شێوەی جۆراوجۆر خەوشەدار کراوە و تەنانەت هێرش بۆ سەر وێنە و کەرامەتی ئێتنیکیان بە بەردەوامی کراوە، زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کە ئێلیتەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو و ئاسایی بگەن. هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی لە نێوان کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی نەروێژ (بۆ وێنە) ئەمە دەسەلمێنێت کە بۆ وێنە لای نەروێژییەکان ساڵانە بە لانی کەمەوە چەند قاسملوو و قازی موحەممەدیان پێ دەگات، بەڵام قەرەبوونەکردنی کەسێکی وەک پێشەوای کوردستان بە ڕادەیەک بەرچاو بوو کە کاریگەری تەنانەت لەسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردەکان دە هەموو پارچەکانی کوردستاندا نا. بەهۆی ئەو بەسەرهاتە تاڵەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک کراون بە قوربانی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرەستانە، پەرەسەندن دە کوردستاندا لە زۆربەی بارەکانەوە زۆر بە کەمی ڕوویداوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە تاڵەش بووە کە بۆ وێنە دوکتوور قاسملوو لە پەسنی پێشەوادا نووسی: پێشەوا گوڵێک بوو لە بیاباندا ڕوا.
ئەم بیرۆکەیە کە ئاراستەی هونەرمەند کاک دیاکۆ کرا سەرچاوە لەم ڕاستییە تاڵە وەردەگرێت. من لەسەر ئەم بڕوایەم کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک باغێک دەچێت کە ناهێڵن خاکە بەپیتەکەی ئاو و خۆری پێویستی پێ بگات و هەربۆیە بەرهەمهاتن دەو باغەدا زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێت. من بەم شێوەیە سەیری ئێعدامکراوانی سیاسی کورد دەکەم کە هەرکات باغەکەی گوڵ دەکات، گوڵەکانی هەڵدەپاچن. ئێعدامی کوردە سیاسییەکان، ئێعدامی ئێلیتە بەغیرەتەکانی کوردستانە. ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان، درێژەی ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرەستانەیە کە نزیکەی سەدەیەکە بە دژی کوردەکان لە لایەن دەستهەڵاتی تارانەوە بەڕێوەچووە بۆئەوەی ئەم خەڵکە هەروا بە ژێردەستی بمێنێتەوە و سامانە سروشتییەکانی تاڵان بکرێت.
هەرکات کە کوردێک بە تاوانی فکری کوردبوون ئێعدام دەکرێت، گوڵێکی ئەم باغە قرتێندراوە کە زۆر بە زەحمەت بەرهەم هاتووە.
سپاس بۆ کاک دیاکۆ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئێعدام و بەرپرسیارییەتی گشتیی
کاک دیاکۆ هونەرمەندێکی گەنجی بۆکانییە کە وانەکانی ئەڤین بە مرۆڤایەتی دەو ڕۆژهەڵاتخانەیەی موکریاندا فێربووە و هەربۆیە بە هزر و هونەرەکەیەوە دە خزمەت کورد و کوردستاندا ماندووە. ئەو کە بە بەردەوامی نووسینەکانی تایبەت بە ئێعدام دەخوێنێتەوە، لەم دواییانەدا زەحمەتی کێشاوە و کۆمەڵێک ڕەنگ و قەڵەم و کاخەزی بۆ خزمەت بە پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بانگهێشتکردووە. پێشتریش کە سەبارەت بە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی قاڕنێ نووسینم بڵاوکردەوە، کاک دیاکۆ کۆمەڵێک بەرهەمی پێشکەش بە قوربانییە بێتاوانەکانی قاڕنێ کرد. واتە ئەمە یەکەمجار نییە کە هزر و هونەری خۆی بۆ بەسەرکردنەوەی ئێوارە پەژارەئاواکانی کوردستان دەنێرێت. دێرەدا حەز دەکەم سەرنجی خۆم لەسەر یەک لەم کارانەی بنووسم کە لەسەر ئێعدام کێشاوییەتەوە.

By Diyako
من لەم وێنەیەدا خاڵێکی زۆر جێگەی باس دەبینم کە کاک دیاکۆ وێنایکردووە. کوردەکان پتر لە چەندین دەیەیە کە بە تاوانی فکری کوردبوونیان ئێعدام دەکرێن و لەم پرس و پەژارەیەدا تەنیا بوون.
سەرنجی ئەم وێنەیە بدەن. مرۆڤێک ئێعدام دەکرێت، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگاکان خۆ لەم پرسە تڕاژیک و جددییە گێژ دەکەن. ئەمە ڕاستییەکی تاڵی نەتەوەی کورد دە مێژووی هاوچەرخیاندا بووە. کۆردەکان بە درێژایی دەیان ساڵ لە لایەن حکومەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانیان ئێعدامکراون، بەڵام ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کە لە کۆمەڵگای غەیری کوردی ئەو وڵاتانە بەرانبەر ئێعدامی کوردەکان وەدەنگهاتوون ڕەنگە هەر بە دە دوازدە کەس بگات. بۆ وێنە دە نێو نەتەوەکانی نیشتەجێ نێو ئێران هەتا ئێستا چوار ئێلیتی فارس دە نێویاندا پەروەردە نەبووە کە بە چاوێکی مرۆڤیی سەیری کوردەکان و پرسی سیاسی ئەوان بکات. زۆرجار ئێلیتەکانی ئەوان نووکی پێنووسیان لە گوللەی پاسداڕێکی ئێعدامکەر خەراتر لەشی کوردەکان ئەنجنئەنجن دەکات و پێنووسێکی پڕ لە قین، نامرۆڤبوون و ڕەگەزپەرەستانە دژ بە کوردەکان بەکار دەهێنن.
مێژووی هاوچەرخ سەلماندوویەتی کە کوردەکان دەو خەباتەدا تەنیا بوون و بە بەردەوامی لە لایەن گەلانی دراوسێ و دوورەوە وەپشتگوێخراون. ئەو بەڕواڵەت ژیاری و شارستانییەتەی کە زۆربەی کۆمەڵگاکان پێوەی دەنازن، بە بینینی دۆخی هەژێنەری کوردەکان، تامیلەکان، ئاسۆڕییەکان و زۆر نەتەوەی بێدەوڵەتی دیکە دەکەوێتە ژێر پرسیار و لەرزۆکبوونی دەردەکەوێت.
لەم وێنەیەدا هونەرمەند بە سەرنجێکی زۆر ژیرانەوە ئەو کوردەی کێشاوەتەوە کە ئێعدام دەکرێت. کوردەکان هیچکات بەچۆکدا نەهاتوون. سیاسەتی ئێعدام نەیتوانیوە کۆڵ بە کوردەکان بدات. سینگی دلێری کوردە دەم وێنەیەدا دەبینی کە مەرگ بە سەربەرزییەوە لەبەر فکری کوردبوونی هەڵدەبژێرێت، بەڵام ژیانی پڕ لە سەرشۆڕی قبووڵ ناکات. دەکرێ سەر و دەم و دەست و لاقی کوردێک ببەستنەوە و هەموو لەشی لە ملەوە هەڵواسن، بەڵام ئەم سیاسەتە ناژیارە قەت نەیتوانیوە فکری کوردەکان ببەستێتەوە. ئەو هزرە کە سەرچاوە لە مافێکی ڕەوای مرۆڤی وەردەگرێت، ئێعدام ناکرێت. داگیرکەرانی کوردستان توانیویانە ژیانێکی خۆش لە کوردەکان بستێنن، بەڵام قەت نەیانتوانیوە ئەم کەرامەت و ورەیە لە کوردەکان بستێنن کە دەم وێنەیەدا نەخشێندراوە.
دەم وێنەیەدا ڕەنگێکی مات ئەتمۆسفێری ژیانی ئەو مرۆڤانەی داگرتووە کە خۆ لەم پرسە جددییە گێژ دەکەن. ئەوان کە وەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەوتوون، نەیانتوانیوە وەڵامێکی قەبڕغەگر بۆ ویژدانی خۆیان بهێننەوە و هەربۆیە لە ناخ و ڕاستەقینەدا ناتوانن شاد بژین. ژیانی ئەوان ڕووکارێکی پڕ لە بزەی هەیە و دە ناوەڕۆکدا پڕە لە شەرم.
هونەرمەند دەم کارەدا توانیوییەتی ئەم ڕاستییە بکێشێتەوە کە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان هەموویان لە ئاست پرسە جددییەکاندا بەرپرسن. ئەم بەرپرسیارەتییە گەر وەک ئەرکێکی مرۆڤی لێی نەڕوانین، دە داهاتوودا بەرۆکی هەموو لایەک دەگرێتەوە. بۆ وێنە ناکرێ چەند کەس لە کۆڵانەکەی خۆیاندا بایەخ بە ئاگرگرتنی ماڵی دراوسێی سەری کۆڵانەکەی خۆیان نەدەن، چون لەوانەیە ئەو ئاگرە پەرە بستێنێت و ماڵی ئەوانیش بگرێتەوە. گەر واش نەبێت دە داهاتوودا ئەگەری ئاگرگرتنی ماڵی ئەوانیش هەیە و دەبێ بیر لە پێویستی هاوکاری باقی دراوسێکان و بەهاناگەییشتنیان بکەنەوە. ئێعدامی مرۆڤێکی کورد بە تاوانی کوردبوون، سیاسەتێکە کە داگیرکەران دژ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە قانوونییەکانی مرۆڤ بەڕێوەیانبردووە و هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بانگەشەی شارستانیبوون و ژیاریی بکات و هاوکات لەم سیاسەتە بێدەنگ بێت کە بە بەردەوامی دژ بە کوردەکان دەکارگیراوە.
سپاس بۆ کاک دیاکۆ کە یارمەتیدەر بوو لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەوە سەیری پرسی ئێعدامی کوردەکان بدەم. هەر بژین و نموونەیان زۆر بن.
لە ژێرەوە وێنەیەکی دیکەش لە کارەکانی هونەرمەند کاک دیاکۆ دەبینن کە سەبارەت بە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان کێشاوییەتەوە.

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کاک دیاکۆ دە پێوەندی بە بێدەنگیی نائاسایی ئەو کەس و لایەنانە ئەم نەقاشییەی ژێرەوەی ئامادە کردووە. ئەو دەم کارەدا ڕووی ناشرینی ئەوانە نیشان دەدات کە دەبوو لە هەموو مێژووی هاوچەرخدا بەرانبەر ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەیان هەبوا. وەک دەبینن، پەیکەرە ئێعدامکراوەکان وەک ئاڵای شەڕەف دەشەکێنەوە و «خاوەن هێز و پێگە حقووقی و سیاسییەکانی ئەم جیهانەش» دە خۆگێژکردنی بەردەوامدا بینەرێکی پێشێلکەری ئەخلاقن.

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کارێکی دیکەی کاک دیاکۆ کە ڕێکەوتی ٣ی ٥ی ٢٠١٧ی زایینی بەدەستمگەییشت.

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە ژێرەوە کارێکی جوانی دیکەی هونەرمەند کاک دیاکۆ دەبینن کە لەسەر دۆخی نالەباری مرۆڤی سیاسیی کورد هیچ شتێکی بۆ گوتن نەهێشتۆتەوە. دە ئەم کارەی کاک دیاکۆدا جلوبەرگەکان بە ڕوونی کوردبوونی ئێعدامکراوەکان نیشاندەدات. هەژێنەرە کە مرۆڤێک تەنیا بە تاوانی پێداگریی لەسەر کوردبوون و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەو شێوە دڕەندانە بکوژرێت. ئەمجۆرە لە ئێعدام لەم زەمەنەی ئێستادا لە دەگمەن شوێنی ئەم جیهانە ئەنجامدەدرێت، بەڵام مخابن زۆربەی وڵاتانی خاوەنهێز لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوی ویژدانیان دەقووچێنن و بێدەنگییەکی تەواویان دە ئاست ئەو جەنایەتانەدا هەڵبژاردووە. کوشتنی کوردەکان بەهۆی پێداگرییان لەسەر کوردبوونیان جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە و بایکۆتکردنی ئەو پرسە نائەخلاقی، نامرۆڤی و ناقانوونییە.

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم بەرهەمەی ژێرەوەش بە هەمان شێوە لە کارەکانی هونەرمەند کاک دیاکۆیە کە بە شێوەیەکی دیکە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان نیشاندەدات.

By Diyako
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ