ئەم بەشە بۆ کەیسی مێژوویی پێڕەوانی کۆنگرەی چوارەمی حدکا کراوەتەوە. لەم بەشەدا هەوڵ دەدرێت کە هەموو ئەو سەرچاوانە بناسرێن کە لەمبارەوە هەڵگڕی زانیاری جێمتمانەن. لە پەنای ئەمەش کۆمەڵێک بەڵگە لەبەردەستدا هەن کە لە نووسینەوەی ئەو مێژوویە لەبەرچاو نەگیراون. من بەبێ ئەوە کە لەمبارەوە بۆچوونی شەخسیی خۆی تێکەڵ بەم باسە بکەم، ئەم بەشەم لە ماڵپەڕی کورد دا کردووەتەوە بۆئەوەی بەڵگە و سەرچاوەکان بە زمانی کوردیی لەبەردەستی هەمواندا هەبێت. تا ئێستا تاقە یەک بەڵگە لەمبارەوە پێشتر بڵاو بووەتەوە کە ئەو تاقە بەڵگەیەش لەسەر داوای سۆران کەرباسیان لە لایەن هێژا «جەماڵ نەجاڕی» (شاعیر و ڕۆژنامەوان) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی.
وەک سەرەتایەک بۆ کردنەوەی ئەم باسە، هەوڵ دەدرێت پێشەکییەک بۆ ئەم بەشە لە ماڵپەڕ ئامادە بکرێت و ئەو بەڵگەیەش کە ئاماژەی پێ کرا بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردیی بڵاو دەکرێت.
لە دادێدا هەوڵ دەدرێت کە بەڵگە پێوەندیدارەکان «بە شێوەی کڕۆنیکڵ و بە زمانی کوردیی» بخرێتە بەر چاوی خوێنەران.
لێرە داواکارم کە هەرکەس لای وایە بەڵگەی بڵاونەکراوی هەیە و شایانی ئەوەیە بۆ ڕوونتربوونی ئەو کەیسە مێژووییە (نەک سیاسیی) بلاو بێتەوە، بینێرن بۆئەوەی بە ناوی خۆی بڵاو بکرێتەوە و چەند کەلینێکی ئەو مێژوویەی پێ پڕ بکەینەوە. ساخکردنەوەی وێنەی دروستی مێژوو پێویستی بە هاریکاری هەمەلایەنە هەیە و هەربۆیە داواکارییەکەم دووپات دەکەمەوە کە یارمەتیدەر بن.
وەرگێڕانی هەموو بەڵگەکان و ناساندنیان بە دڵنیاییەوە کات دەگرێت و بەم شێوەیە نییە کە لە ماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا تەواو بێت.
هەر بژین
سۆران کەرباسیان

ئەم وێنەیە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ٩ی ١٩٨١ی زایینیی لە شاری شنۆ گیراوە.