کۆنوانسیۆنی بهرگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید

Raphael Lemkin, top row on the right, with some of the first state representatives to sign the Convention for the Prevention and Punishment of Genocide – Source Wikimedia Commons CC-BY-SA
لە ئینگلیسییەوە: سۆران کهرباسیان
پێداچوونهوهی زمانیی: ئیسماعیل ئیسماعیل زاده
کۆبوونەوەی ژمارە ١٧٩ی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان
بەیاننامەی پەسەندکراوی ٢٦٠A (III) ، ڕێکەوتی ٩ی ١٢ی ١٩٤٨ی زایینیی [پاریس]
ئهو لایهنانهی که کۆنوانسیۆنهکهیان واژۆ کردووه:
بە پێی بەیاننامەی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ١١ی ١٢ی ١٩٤٦ی زایینی و بڕیاری ٩٦ (I) لەسەر ئەم بنەمایە کە ژێنۆساید بە پێی قانوونە نێونەتەوەییهکان وەک جەنایەت دێتە ئەژمار و دژایەتیی لەگەڵ ڕۆح و ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەیە و لە لایەن نەتەوە ژیارەکانەوە ئیدانە دەکرێت؛
ئەمە دهستنیشان دهکرێت کە لە هەموو زەمەنەکانی مێژوودا، ژێنۆسایدی کۆمەڵگای مرۆڤیی تووشی خەساری زۆر قورس کردووە؛ و وەکی ڕوونە، بۆئەوەی مرۆڤایەتیی لە کۆسپێکی واها قینسازکەر رزگاری بێت، پێویستیی به هاوکارییەکی نێونەتەوەییه، بەو پێیە لهمهوبهدواوه کۆک دهبن لهسهر:
ماددەی یەکەم
لایەنەکانی واژۆکەر ئەمە پشتڕاست دەکەنهوه کە ژێنۆساید چ لە کاتی ئاشتی یان لە شەڕدا، بە پێی قانوونی نێونەتەوەیی وەک جەنایەت دێتە ئەژمار و ئەرکیانە پێشی پێبگرن و بەڕێوەبەرانی سزا بدەن.
ماددەی دووهەم
لەم کۆنوانسیۆنەدا ژێنۆساید بە واتای ههموو ئهو کردەوانهیه کە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە نەتەوەیەک، گرووپێکی ئێتنیکی، ڕەگەزی یان گرووپێکی ئایینیی ئەنجام بدرێت، بۆ وێنە:
- a) کوشتنی ئەندامانی گرووپێک؛
- b) بوون به هۆکاری گەیاندنی خەساری جەستەیی و دەروونیی بە ئەندامانی گرووپێک؛
- c) بە ئانقەست گرووپێک لە ڕەوشێکی ژیانی نالەباری ژیاندا ڕابگیردرێت کە ببێتە هۆکاری لەناوچوونی فیزیکیی هەموویان یان بەشێکیان؛
- d) کردەوەی زۆرهملیی بە مەبەستی بەرگریکردن لە زاوزێ لە ناو گرووپێکدا؛
- e) بهزۆر ڕاگواستنی مناڵان لە گرووپێکڕا بۆ گرووپێکی دیکە.
ماددەی سێهەم
ئەم کردەوانەی ژێرەوە دهبێ سزادار بن:
- a) ژێنۆساید؛
- b) پیلانگێڕیی بۆ بەڕێوەبردنی ژێنۆساید؛
- c) هاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ بەڕێوەبردنی ژێنۆساید؛
- d) هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ژێنۆساید؛
- e) بەشداریکردن لە ژێنۆساید.
ماددەی چوارەم
کەسانێک کە ژێنۆساید بەڕێوەدەبەن یان دەستیان لە هەرکام لە کردەوەکانی دیکەدا هەیە کە لە ماددەی سێهەمدا ئاماژەی پێکراوە، دەبێ سزا بدرێن، ئیتر ئەمانە چ لە بەرپرسانی باڵای قانوون، لە بەڕێوەبەرانی فەرمیی دەوڵەت یان ههر تاکێک بن.
ماددەی پێنجەم
بۆئەوەی ئەم کۆنوانسیۆنە سەربگرێت، واژۆکەرانی ئەم ڕێککەوتنە بەرپرسن کە قانوونی پێویست لە دەستووری بنەڕەتیی خۆیاندا دابڕێژن. ئەوان بەتایبەتیی بەرپرسن لە قانوونی خۆیاندا سزای کاریگەر بۆ کەسانی تاوانبار لە پێوەندی بە ژێنۆساید یان هەر کردەوەیەکی دیکە دابڕێژن کە لە ماددەی سێهەمدا ئاماژەی پێکراوە.
ماددەی شەشەم
ئەو کەسانەی کە ژێنۆساید یان هەرکام لە کردەوەکانی ئاماژەپێکراو لە ماددەی سێهەمدا بەڕێوەبردووە، دەبێ لە لایەن دادگایەکی جێمتمانەی ژێردەستی دەوڵەت یان دادگایەکی نێونەتەوەیی کە جێمتمانەبوونی لای واژۆکەرانی کۆنوانسیۆن پەسەند کرابێت لێپرسینەوەیان لێبکرێت.
ماددەی حەوتەم
نابێ ڕادەستکردنەوەی بکەرانی ژێنۆساید و کردەوە ئاماژەپێکراوهکان لە ماددەی سێهەمدا وەک تاوانی سیاسیی بێتە ئەژمار. واژۆکەرانی کۆنوانسیۆن لەم پێوەندییەوە ئەرکیانە بە پێی قانوون و ڕێکەوتنامەکانی خۆیان تاوانباران ڕادەست بکەنەوە.
ماددەی هەشتەم
هەرکام لە واژۆکەرانی کۆنوانسیۆن دەتوانن داوا لە ئۆرگانە جێمتمانەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن کە لەسەر بنەمای بەیاننامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەنگاوی گونجاو ههڵبهێننهوه بۆ بهرگرتن و لەناوبردنی ژێنۆساید یان هەرکام لە کردەوە ئاماژەپێکراوهکان لە ماددەی سێهەمدا.
ماددەی نۆهەم
ڕای جیاواز لە ناوبەری واژۆکەرانی ئەم کۆنوانسیۆنە لەسەر خوێندنەوە، یان بەڕێوەبردنی ماددەکانی ئەم کۆنوانسیۆنە یان پرسێک کە پێوەندیی بە بەرپرسیارەتیی دەوڵەتێک لەمەڕ ژێنۆساید یان هەر کردەوەیەکی دیکەی ئاماژەپێکراو لە ماددەی سێهەمدا ههبێت، لەسەر داوای هەرکام لە لایەنەکانی ڕاجیاواز دەبێ ئاراستەی دادگای نێونەتەوەیی بکرێت.
ماددەی دەهەم
ناوەڕۆکی هەرکام لە دهقه چینی، ئینگلیسی، فەڕانسەوی، ڕووسی و سپانیۆلییهکانی ئەم کۆنوانسیۆنە وەک یەکن و ڕێکەوتی بەڕێوەبردنیان لە ٩ی دێسامبری ساڵی ١٩٤٨ی زایینییەوەیە.
ماددەی یازدەهەم
ئەم کۆنوانسیۆنە تا ڕێکەوتی ٣١ی دێسامبری ١٩٤٩ی زایینیی ئاوەڵایە بۆئەوەی لە لایەن ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەرکام لەو دەوڵەتانە واژۆ بکرێت کە ئەندامی ڕێکخراو نین و لە لایەن سێکرێتێری گشتییەوە داوەتنامەیان وەرگرتووە.
کاتێک ئەم کۆنوانسیۆنە به پڕۆسەی بەڕێوەبردنی قانوونی دهگات، بەڵگەکانی پەیوەستبوون ڕادەستی سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت.
پەیوەستبوون بەم کۆنوانسیۆنە لە ڕێکەوتی یەکی ژانوییەی ١٩٥٩ی زایینییەوە لە لایەن هەر ئەندامێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەر دەوڵەتێک کە ئەندامی ڕێکخراو نییە و ئەم بانگەوازەی پێ گەییشتووە، قبووڵ دەکرێت.
بەڵگەکانی پەیوەستبوون ڕادەستی سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت.
ماددەی دوازدەهەم
هەرکام لە لایەنە واژۆکەرەکان ههموو کاتێک دەتوانن سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاگادار بکەنەوە بۆئەوەی پهرهبدهن به هەموو یان بەشێک لە ناوچەکانی بەکارهێنانی ئەم کۆنوانسیۆنە کە واژۆکەرانی بەرپرسیارەتیی بیانییان بۆی هەیە.
ماددەی سێزدەهەم
ئەو ڕۆژەی بیست بهڵگهی یهکهم بۆ پەیوەستبوون ئاراستە دەکرێن، پڕۆتۆکۆڵێک لە لایەن سێکرێتێری گشتییەوە گەڵاڵە دەکرێت و بە پێی ماددەی یازدەهەم کۆپییەکی بۆ ئەندامان و ئەو دەوڵەتانە دەنێردرێت کە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نین.
ئەم کۆنوانسیۆنە ٩٠ ڕۆژ پاش ڕێکەوتی ڕادەستکردنی بیستەمین بەڵگەی پەیوەستبوون بەڕێوەدەبردرێت.
هەر پەیوەستبوونێک کە پاش ئەو ڕێکەوتە ئەنجام بدرێت، دەبێ ٩٠ ڕۆژ پاش ئەوەی بەڵگەی پەیوەستبوون ڕادەست دەکرێت بەڕێوەببردرێت.
ماددەی چاردەهەم
ئەم کۆنوانسیۆنە لەو ڕۆژەوە کە بەڕێوەدەبردرێت بۆ ماوەی دە ساڵان کاری پێدەکرێت.
پاشان هەر پێنج ساڵ جارێک گەر ئەم کۆنوانسیۆنە لە لایەن واژۆکەرانییەوە شەش مانگ بەر لە تەواوبوونی ماوەکەی ڕەت نەکرێتەوە کاری پێدەکرێتەوە.
پاشگەزبوونەوە لە واژۆکردنی کۆنوانسیۆن دەبێ بە نووسین بە سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕابگەیەندرێت.
ماددەی پازدەهەم
گەر لە ئەنجامی پاشگەزبوونەوە لە واژۆکردنی کۆنوانسیۆن، ژمارەی واژۆکەران کەمتر لە ١٦ بێت، کۆنوانسیۆنهکه لە ڕێکەوتی دوایین پاشگەزبوونەوەوه له کار دهکهوێت.
ماددەی شازدەهەم
دهکرێت ههموو کات لە ڕێگەی نووسینەوە داوای پێداچوونەوە بهم کۆنوانسیۆنەدا بکرێت و بە ئاگاداری سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بگات. سێکرێتێری گشتیی دەبێ لە ئهگهری ههبوونی ههر ههنگاوێکدا بە پێی داواکاریی بڕیار بدات.
ماددەی حەڤدەهەم
سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوهکه و ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندام نین، بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی یازدەهەم لەم خاڵانەی ژیرەوە ئاگادار بکاتەوە:
- a) واژۆ، پهسندکراو و پەیوەستکراوهکان بە پێی ماددەی یازدەهەم؛
- b) پهیامه وەرگیراوەکان بە پێی ماددەی دوازدەهەم؛
- c) ڕێکەوتی دەکارگرتنی ئەم کۆنوانسیۆنە بە پێی ماددەی سێزدەهەم؛
- d) داوای کشانهوه بە پێی ماددەی چاردەهەم؛
- e) کۆتاییهاتن بە کۆنوانسیۆن بە پێی ماددەی پازدەهەم؛
- f) ئهو ئاگادارکردنەوانهی که لە پێوهندیی به ماددەی شازدەهەمدا وهرگیراون.
.
ماددەی هەژدەهەم
دەقی ماکی ئەم کۆنوانسیۆنە لە ئارشیوی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەپارێزرێت. کۆپییەکی پشتڕاستکراو، بە پێی ماددەی یازدەهەم بۆ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو دەوڵەتانە دەنێردرێت کە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نین.
ماددەی نۆزدەهەم
ئەم کۆنوانسیۆنە دەبێ دە کاتی دیاریکردنی بەڕێوەبردنیدا لە لایەن سێکرێتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمار بکرێت.
تێبینی: لە ژێرەوە ڕێکەوتی پەیوەستبوونی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەم کۆنوانسیۆنە نووسراوە:
- 1) ئێران ١٤ی ٨ی ١٩٥٦ی زایینیی
- 2) ترکیا ٣١ی ٧ی ١٩٥٠ی زایینیی
- 3) سووریا ٢٠ی ١ی ١٩٥٥ی زایینیی
- 4) عێڕاق ٢٠ی ١ی ١٩٥٩ی زایینیی
Serçawe: Resolution 260 (III), Official Records of the General Assembly, Third Session , Part I (A/810), p. 174