ئیندرقاش یەک لە گوندەکانی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو گوندە سەر بە شاری مەهابادە و دە پازدە کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەدا هەڵکەوتووە. بەهۆی ئەوە کە دانیشتوانی ئەو گوندە بە تەواویی پشتیوانیی خۆیان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و هیچ چەشنە شەڕعییەتێکیان بە سیاسەتەکان و دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا، هەربۆیە پاش ڕاگەیاندن و سەپاندنی شەڕ بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سیاسەتێکی نامرۆڤانە بەرانبەر خەڵکی ئەو گوندە دەکارگیرا. پاش ئەوە کە تاران نەیتوانی بە نانەوەی ترس و خۆف و گەمارۆی ئابووریی چۆک بە کوردە سیڤیلەکانی ئیندرقاشدا بهێنێت، سیاسەتێکی یەکجار قێزەونی بەرانبەر ئیندرقاشییەکان دەکارگرت کە تەنیا دەکرێت وەک پۆگرۆم پۆلێنبەندیی بکرێت.
ڕۆژی ٤ی ١١ی ١٩٨٠ی زایینیی پاسداڕەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەکدارانی بەسیجی موستەزعەفین لەگەڵ مەلا حەسەنی و چەکدارەکانی وەنێو گوندی ئیندرقاش کەوتن و کۆمەڵێک جەنایەتی جۆراوجۆریان ئەنجامدا. بەهۆی گرنگی ئەو پرسە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ئاوڕێکی جددی لەم کارەساتە تڕاژیکە نەدرابۆوە، لە ڕووداوە هەژێنەرەکانی ئەو ڕۆژەی ئیندرقاش وردبوومەوە و لێکۆڵینەوەکانم دە چوارچێوەی کتێبێکدا لەژێرناوی پۆگرۆمی ئیندرقاش بەچاپگەیاند.
لەژێرەوە وێنەی پێڕستی ئەو پەرتووکە دانراوە کە خوێنەر لە ناوەڕۆکی باسەکان بە جوانیی ئاگادار دەکات. هونەرمەند کاک دیاکۆ زەحمەتی داڕشتنی بەرگی ئەو پەرتووکەی کێشاوە و جیا لەوە بەرهەمێکی دیکەشی سەبارەت بە پۆگرۆمی ئیندرقاش کێشاوەتەوە کە دە کۆتایی پەرتووکدا بەچاپگەییشتووە.
وەشانی یەکەمی ئەم پەرتووکە بە شێوەی فیزیکی لای چاپخانەی چوارچرا بەچاپگەییشتووە و بە شێوەی خۆڕایی لای کتێبخانەکان، زانکۆکان، بەشێک لە لێکۆلەران و خوێندەکارانی مێژوو و حقووق بڵاو دەکرێت.
دە داهاتوودا وەشانی ئەلەکتڕۆنی و فیزیکیی ئەم پەرتووکە لای ئامازۆن بڵاو دەبێت. ئەوانەی خوازیار بن ئەم پەرتووکە بکڕن، لە مانگی سێپتامبرەوە دەتوانن ناو و نیشانی ئەم پەرتووکە لای ئامازۆن بدۆزنەوە. هەر لەم پێگەیەش بەستەرێک بۆ ناساندنی بەستەری ڕاستەوخۆی کتێبەکە لای ئامازۆن دادەنرێت.
ناوی پەرتووک: پۆگرۆمی ئیندرقاش
نووسین و لێکۆڵینەوە: سۆران کەرباسیان
داڕشتنی بەرگ: دیاکۆ
ژمارەی چاپ: یەکەم
ژمارەی ئایئێسبیئێن: ٥-٠٠-٩٣٦٧٢-٨٢-٩٧٨ بۆ وەشانی فیزیکی
ژمارەی ئایئێسبیئێن: ٢-٠١-٩٣٦٧٢-٨٢-٩٧٨ بۆ وەشانی ئەلەکترۆنی
چاپخانە: چوارچرا
باشووری کوردستان ٢٠١٨ی زایینیی
ئەم پەرتووکە پێشکەش بە ئەو کوردە هێژایانەی ئیندرقاش کراوە کە سەری خۆیان بەرز ڕاگرتووە و حوڕمەتی قوربانییە بێتاوانەکانی ئیندرقاشیان گرتووە.
هەر بژین
سۆران کەرباسیان