کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

ئێعدامی سیاسیی

بڕیاڕی ئێعدامکردنی مرۆڤێک، زۆر دڕەندانەتر لە قەساسە. لە قەساسدا قسە لە کوشتنی بکوژە، کەچی ئێعدامی مرۆڤێکی سیاسیی، ئێعدامی مافی ئازادی دەربڕینە. نەبوونی عەداڵەت تەنیا لەو سیستەمە جەنایەتکارانەدا بە زەقی دەبینرێت کە دەبینین کەسێک لەسەر فکرێک کە هەیەتی، لە سێدارە دەدرێت. لەسێدارەدان ئیتر شانسێک بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە. سەرنج بدەن سیستەمێک چەندە لاواز و لەرزۆکە کە فکری مرۆڤێک بە خەراپ دەزانێت، بەڵام هیچ ئاڵتێڕناتیڤ و مێتۆدێک بۆ چاککردنەوەی فکری مرۆڤەکە ناناسێت و هەربۆیە ئێعدامی دەکات. ئێعدامی سیاسیی کوردەکان دە ئێران‌دا وەحشیانەترین جۆری بەرەنگاربوونەوەیە. نەتەوەیەکی ژیار ناتوانێت خاوەنی سیستەمێکی دادی ئاوا دڕەندانە بێت.

لەم لاپەڕەیەدا هەوڵ دەدرێت کە لە پێرسپێکتیڤی جۆراوجۆرەوە شرۆڤەی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بکەم.

هەر بژین

سۆران کەرباسیان


حوکمی ئێعدامکردنی زیندانییەکی سیاسیی لای کۆماری ئیسلامیی ئێران

یەک لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی مرۆڤ، گۆڕانە. گۆڕانێک کە لەژێر کاریگەریی دەوروبەر و بە پێی ویستی خودی مرۆڤ ڕوودەدات.
لای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ وێنە کوردستانیبوون، بەشەڕەفبوون یان سەربەخۆییخوازبوون لادانێکی قانوونی دەژمێردرێت و سزای ئەو لادانەش ئێعدامە.
ئەم حوکمی ئێعدامە لەگەڵ خودی بنەماکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتیی هەیە، چون لە لایەک بە پێچەوانەی سەرچاوەی دین، دادگا خۆی دەکات بە نوێنەری ئەو هێزە کە ژیانی بە مرۆڤ بەخشیوە و لێیدەستێنێت و لە لایەکی دیکەش نکوڵی لە گۆڕانی مرۆڤ دەکات کە لە دەقەکانی سەرچاوەی ئیسلام‌دا وەک بەرەکەتێکی ئیلاهیی دەژمێردرێت.
گۆڕانی هزر و ڕوانینی مرۆڤ جیا لە سەرچاوەی ئایین، لە مەکۆ زانستییەکانیش‌دا سەلمێندراوە. واتە حوکمی ئێعدامکردنی زیندانییەکی سیاسیی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە، دژایەتیی هەم لەگەڵ سەرچاوەی دین و هەم لەگەڵ زانست هەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران حاشا لە یەک لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی مرۆڤ (گۆڕان) دەکات.

ئێعدام؟ بۆ؟

نەبوونی زانست و سیاسەتێکی ژیرانە کە سەرچاوە لە نەبوونی ژیاریی وەردەگرێت، هەردەم هاندەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆئەوەی سزای ئێعدام بە شێوەی جۆراوجۆر بەڕێوەببات. چاوخشاندنێکی کرۆنیکڵ بەسەر ئێعدامەکانی ڕابوردوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە لە پشت جۆری ئێعدامکردنەکان، دیزاین و فۆڕمی بەڕێوەبردنی ئێعدامەکان و کات و شوێنێک کە بۆ بەڕێوەبردنی ئێعدام دابین کراوە، مەبەستێکی پلانداڕێژڕاوی سیاسیی هەبووە کە گرنگترینیان بریتین لە: شکاندنی کەرامەتی نەتەوەی کورد، نانەوەی ترس و کوشتاری ڕوح.

جەژنی گەمژەکان (ئێعدام)

گەمژەکانیش دە ئێران‌دا پێویستیان بە حەسانەوەی ڕووح و مێشک هەیە. ئەوان لە هەموو ئێعدامکردنەکان‌دا دەچنە سەر شەقام و چەندین کاتژمێر چاوەڕێی ئەو چرکەیە دەکەن کە مرۆڤێک دەخنکێنن. ئەوان لە دوورەوە گوێیان لە قرچەی ملی قوربانی نابێت. هاواریشی نابیستن. ئەوان تەنیا پەلەقاژەی قوربانی لە دوورەوە دەبینن کە خەریکە بە دەست و چاوی بەستراو و بە جەستەی لەملهەڵواسراوەوە لەگەڵ مردن بەشەردێت. گەمژەکان لەسەر جیاوازیی ئەم ئێعدام و ئەو ئێعدام بۆچوونی بەڕواڵەت کارناسانەیان هەیە. ئێعدامکردنەکان بۆ ئەم گەمژانە وەکی جەژن وایە و ئەوان تێیدا بە حەز و ویستی خۆیان بەشدار دەبن. ئەم گەمژانە دە ئێران‌دا بە ساندیسخۆر ناسراون.

ئێعدامکردنی تایبەت

کاتێک کەسێک دە ئێران‌دا ئێعدام دەکەن، لەبەرچاوی هەموو جیهان و بە تایبەتیی لە خەبەرەکانی نێوخۆ نیشانی هەموو خەڵکی نێو ئێران دەدەن کە ئەو کەسەی هەڵیداوەسن، پاتۆڵی کوردیی دەبەردایە. ئەمە پلانداڕێژڕاوە، چون ماقوڵ نییە کە پاتۆڵی کوردیی بەم شێوەیە نیشانە بگرن. دێرەدا سیلەگرتنێکی تایبەت هەیە. فۆکووسێکی زۆر نامرۆڤیی ئەنجام دراوە. کەرامەتی یەک کولتوور لەبەرچاوی خەڵکی کورد و غەیری کورد دەشکێندرێت.

ئێعدامی مرۆڤەکان بە جلی کوردیی دوو مەبەست دەپێکێت:

١. لە درێژخایەندا جلی کوردیی و خودی کوردەکان لەبەرچاوی خەڵکی غەیری کورد سووک دەکات. سەرنج بفەرموون لە ئاستی باڵاشدا دەبینین کە ئاکادێمییەکی کورد ئامادەیە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکات، بەڵام شەرم دەکات وەک مرۆڤێکی سەربەرز بێژێت: سەربەرزم بە کوردبوونم. ئیتر تاکی کورد بە گشتیی لەبەر لاوازبوونی خۆی، ڕێگەی هەرە ئاسان و داڕێژڕاو لە لایە حکومەتی داگیرکەر هەڵدەبژێرێت و بەرەو شەقامی بێبایخبوونی ناسمانەی کوردی و بایەخداربوونی ناسنامەی ئێرانیی خللۆر دەبێت.

٢. لە درێژخایەندا دە زەینی کوردەکاندا ئەمە بەردەوام دەکوترێت کە کەسێک بە جلی کوردییەوە ئێعدام دەکرێت. ئێعدامی کوردەکان وردە وردە ئاسایی دەزانرێت. ئاماری ئێعدامەکانی دە ساڵی ڕابوردوو دە ناوچەی کوردستان‌دا زیاتر لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران‌دا بووە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دەو سیاسەتەی‌دا سەرکەوتوو بووە و کەمترین کاردانەوە سەبارەت بە کوشتاری بەردەوامی کوردەکان ڕوویداوە.

پرسیار لەسەر ئێعدام
2-public-hangings-in-sarpol-e-zahab-iran

بۆ منی کورد گرنگە بزانم تۆی نەروێژی چۆن بیر دەکەیەوە. سەرنجی ئەم وێنەیە بدە. لە ئێران، کوردێک بە تاوانی ئەوە کە بە کوردبوونی خۆی شانازە، هەڵداوەسرێت و لەبەرچاوی خەڵک ئێعدامی دەکەن. کامێنتت چییە؟

کچێکی نەروێژیی: چەندجار لەم وێنانەم وەبەرچاو کەوتووە. ناتوانم بێژم بۆ ڕێگە بە خۆیان دەدەن ئاوا ژیان لە مرۆڤەکان بستێنن. ناڕەحەتم دەکات.

پیاوێکی سەرسپیی نەروێژی: کێن ئەوانەی ئەم کارانە دەکەن؟ تەنیا تاقمێکی خوێڕین کە لە ڕاستییەکان دەترسن.

ژنێکی نەروێژیی: زۆرکەس ناڕەحەتە ئەم هەمووە پەنابەرە ڕووی دە ئەورووپا کردووە. پێم خۆش بوو کامێنتی ئەوانت پرسیبا. هەمووتان بەخێرێن.

ژنێکی نەروێژیی: ئەوان خۆ ناتوانن هەموو کوردە شانازەکان هەڵواسن، بەس بڵەی هەموو کوردە شانازەکان ڕاشکاوانە لەسەر ویستی کوردبوونیان قسە بکەن؟ لام وایە دۆخەکە باشتر دەبوو.

ژنێکی نەروێژیی: من شەش ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیام. خەڵک بە مافەکانی خۆیان ئاگا نین. ئەو حکومەتانە خەڵکیان نەخوێندەوار ڕاگرتووە.

پیاوێکی نەروێژیی: نازانم بڵێم چی! من نازانم بڵێم چی. ئەم وێنەیە (مات بوو). بمبوورە نازانم ىڵێم چی.

کوڕێکی نەروێژیی: باش نییە.

ژنێکی نەروێژیی: بۆ حکومەتی خۆتان نییە؟ خۆ من لەسەر کوردەکان کەم دەزانم، بەڵام من گەنج بووم کورد ئاوا بوو. پارەکە کە کوردە ئاوارەکانم بینی وەبیر کوردە ئاوارەکانی کۆن کەوتمەوە. تا کەی دەبێ ئاوارە بن؟

کچێکی نەروێژیی: لە زۆر شوێن کە تاقە یەک ئیدیۆلۆژی حاکم بووە، کارەسات ڕووی داوە.


پیرەژنێکی سویدی: ئەمە، ئەمە، من لەگەڵ ئەم کارە هاوڕا نیم. بۆ دەیانکوژن. من بنەماڵەیەکی کوردن دەناسی. خواردنی زۆر خۆشیان هەبوو. نا نا نابێ ئاوا بیانکوژن. ئەوانیش خەڵکیان لێ کوژرابوو. جیرانم بوون، بەس ناوەکانیانم لەبیر نەماون. ئەتۆش خزم و کەست کوژراوە؟

‌تێبینی: دوێنێ پرسیارم لە کەسانێک کرد کە لێرە و لەوێ چاوم پێیان دەکەوێت. پێم خۆش بوو بزانم کەسانێک کە من ناناسن، چۆن لەسەر ئێعدامی کوردێک دەدوێن. حەزتان کرد ئێوەش جارجارە ئەم کارە بکەن. لە خەڵکی غەیری کورد بپرسن بۆچوونیان لەسەر دۆخی زۆر هەژێنەر و تڕاژیکی کوردەکان چییە.

بەڕێوەبەڕی ئێعدام

پیسترین مرۆڤەکان ئەو کەسانە نین کە دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. پیسترین مرۆڤەکان ئەوانە نەبوون کە سەرلێشێوانانە دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی مافزەوتکراوی کورد دەکەن. پیسترین مرۆڤەکان ئەو کەسانەن کە چوارپێیەکانی ژێرپێی قوربانی حوکمی ئێعدام وەبەر شەقان دەدەن بۆئەوەی قوربانی لە ملەوە هەڵواسڕێت. هیچ پاساوێکی شەڕعی و ئیداریش بۆ پەژراندن نابێت. مرۆڤێک دەبێ یەکجار دڕەندە و بێویژدان بێت کە حوکمی هەستاندنی گیانی مرۆڤەکان بەڕێوەدەبات. زۆربەی ئەو دڕەندانە، دواتر دەبنە بەرپرسانی باڵای ناوچە کوردستانییەکان.

بەڕێوەبەری ئێعدام

یەکەم قانوون کە پێناسەی پیشەی بەڕێوەبەری ئێعدامی کردبوو، قانوونی سزای ئاکسبۆرگ بوو. نزیکەی سەد ساڵ دواتر (١٣٧٠ی زایینیی) گۆڕان بەسەر قانوونەکەدا هات و بەڕێوەبەری ئێعدام بە «جەنایەتکاری حەرامزادە» ناوهێنرا. ئیتر لەو زەمەنەوە پیشەی بەڕێوەبەری ئێعدام لە ڕیزی پیشە سووکەکان دەژمرێردرا.
بەڕێوەبەڕێ ئێعدام نە تەنیا دە نێو هیچ نەتەوەیەکدا جێگەی ڕێز نەبووە، بەڵکوو لای هەمووشیان بە چاوێکی نەرێنی سەیرکراون، هەربۆیە دە وێنە کۆنەکان و نەخشێندراوەکانیشدا کە لە هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە بۆمان ماوەتەوە، دەبینین کە دەموچاویان داپۆشیبوو. تەنیا کەسانێک بە دەموچاوی شاراوە کارێک ئەنجام دەدەن، کە شەرم لە کارەکەی خۆیان دەکەن.

ئێعدامی مامۆستایەکی دەگمەنی کورد

مامۆستای زۆر هێژامان کاک فەرزاد کەمانگەر یەک لە قوربانییەکانی نەتەوەکەمان بۆ پاراستنی مافی زمانی دایکیمان بوو. لەخۆڕا نییە کاتێک یەکەم مەدرەسەی فێربوونی زمانی کوردیی لە دیاربەکر کراوە، بە ناوی ئەو کرا. لە خۆڕاش نەبوو کە لە ڕۆژئاوا هەر بە ناوی ئەو ئاکادێمی زمانی کوردیی کراوە. ئێمە جیا لەوە کە هەر ڕۆژێکی ژیانمان بە سپاس لە شەهیدانمان دەستپێدەکەین، یادێکی تایبەتیی لە مامۆستا فەرزاد لە ڕۆژەکانی شەهیدان، مامۆستایان و زمانی دایکیی دەکەین.

ferzad-kemanger-17-e1430845205187

لایەنگرانی ئێعدام

ئێستاش زۆرن لەو مرۆڤە نائاگایانە کە وادەزانن یەکەمجار دینە ئیبڕاهیمییەکان ئەو فەلسەفە و قانوونەیان پێشکەشی مرۆڤەکان کردووە کە گوایە کەسێک کە خوێن دەڕێژێت، دەبێ خوێنی بڕژێننەوە و هەر بە پێی بڕوایەک کە بە دین هەیانە لایەنگریی ئێعدامن. ئەوان جیا لەوە کە نازانن ئەمە سەرچاوەی ڕاستەقینەی بۆ قانوون و بڕیاڕی دڕەندانەی حەمووڕابی دەگەڕێتەوە، هیچ پاساوێکیشیان بۆ ئێعدامکردنی زیندانییەکی سیاسیی نییە. زیندانی سیاسیی کەسی نەکوشتووە. خوێنی نەڕشتووە. فکرێکی هەیە کە لای خۆی بەختەوەریی مرۆڤەکانی لێ دەکەوێتەوە. ئێعدامکردنی زیندانییەکی سیاسیی شەرمە و تەنیا بچووکبوون، نزمبوون و لاوازبوونی ئەو مرۆڤ و سیستەمانە دەسەلمێنێت کە لایەنگریی ئێعدامن.

ئێعدام ئیدانەیە

دروست ئەوەیە کردە و هزری مرۆڤەکان بە پێی دۆخ و زەمەنێک هەڵسەنگێندرێن کە تێیدا دەژین. بەم پێیە گەر چەتوون بێت بزانین چما کانت ئەوەندە کۆنەپەرەست، بێئەخلاق و دڕەندە بوو کە شەڕعییەتی تەنانەت بە کوشتنی مناڵ دەدا، بەڵام بە سانایی دەبێ ئاست و پێگەی ئەو ساندیسخۆرانە بزانین کە مەلابانگدانان ڕادەبن بۆئەوەی خۆ بگەیەننە گۆڕەپانێک کە تێیدا، دزێکی فارس بە پاتۆڵی کوردییەوە ئێعدام دەکەن.

ئێعدام بە ڕووت و قووتی؟

کاتێک مرۆڤێک ئێعدام دەکەن، تەنیا گیانی لێ ناستێنن. چاوەکانی دەبەستن و دوا نیگای ژیانیشی لێ دەستێنن. ئەمەش لە کاتێکدا دەکەن کە دەبینین جەنایەتکارانی شەقهاوێژی ئێعدامکەر دەموچاویان بەستراوە. ئەوجار کە ئێعدامێکتان بینی، سەرنج بدەن. دەستەکانی قوربانی لە پشتەوە و لاقەکانیشی لە لای گۆزینگەوە دەبەستنەوە. ئەوان تەنانەت مافی پەلەقاژەیەکی جوان و سروشتی لە دوا ساتی ژیان لە قوربانی دەستێنن. ئەو ئێعدامە بە ڕووت و قووتی ئەنجام نادرێت. لەگەڵ ئەو کوشتنە کۆمەڵێک کوشتاری شاراوەی دیکە هەن کە دێرەدا تەنیا لایەنی کوشتاری ماف زەقبووەتەوە. ئەوە مافی قوربانییە کە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا فرمێسکی سەر کوڵمە سوورهەڵگەڕاوەکانی دایکی ببینێت.

بۆچی ئێعدام؟

دە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا مرۆڤێک بە تاوانی کوردبوون ئێعدام دەکرێت. ئەو سیستەمە بوونی مرۆڤی سیاسیی تەنانەت دە زیندانیشدا بە مەترسییەک بۆسەر دەستهەڵاتی خۆی دەزانێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت کۆمەڵگا بە بوونی کەسی جیابیرکەری سیاسیی دە زیندانەکانیدا ئیدارە بکات و هەربۆیە لەبەر لەرزۆکبوونی، بڕیاڕی هەڵاوەسینی زیندانی سیاسیی دەدات. کۆماری ئیسلامیی ئێران قاتڵێکی شێت بۆ تیمارستان دەنێرێت، بەڵام هیچ ئاڵتێڕناتیڤێکی بۆ مرۆڤی ژیر و خاوەن بیر نییە، بۆیە ئێعدامی دەکات.

‌‌

ئێعدامی سەر شەقام بە خشکەیی

کاتێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتە سەرکار، دەستبەجێ گۆڕانکارییەکان ڕوویاننەدا. بۆ وێنە لە ساڵی یەکەمی دەستهەڵاتیاندا، جیا لەوە کە هەموو ژنان بە حیجابەوە خۆیان دەرنەدەخست، جار نا جار مەلایەکیش لە ڕاگەیاندنەکان‌دا دەیگوت کە حیجاب ئیختیارییە و هەرکەس حەزکات دەتوانێت خۆی داپۆشێت. کاتێک کە بەم شێوەیە حکومەتداریی خۆیان دەستپێکرد، گرووپێک لە ژنە ناشرینەکان و هەندێک لە بڕوادارە ڕاستەقینەکان لە خۆداپۆشین کەڵکیانوەرگرت و خۆیان خستە ڕیزی ئەڤیندارانی مەکتەبی ئیسلام. هەر دەو کاتدا، ژنانی فریوخوراوی مەسیحی، زەردەشتی، بەهایی و زۆر گرووپی دیکە، ستایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌یان دەکرد کە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێت.
پلەی دووهەم لە داسەپاندنی حیجاب ئەوە بوو کە ئەو ژنانەی کارمەند بوون و ئامادە نەبوون خۆیان داپۆشن، لەسەر کارەکانیان دەرکران، بەڵام چون نەیاندەتوانی سەبارەت بە حیجاب هیچ ئاماژەیەکی قورعان وەک بەڵگەی پێویستبوونی حیجاب بهێننەوە، بوختانی ناڕەوایان بۆ ئەو ژنانە هەڵبەست کە ئامادە نەبوون خۆیان داپۆشن.
لە پلەی دواتردا بەخشنامەیەکیان دەرکرد کە هەر خانمێک حیجابی نەبێت، وەڵامی نەدەنەوە. کارەکانی وەدوا بخەن. لەوکاتدا زۆر ژن چارشێوێکیان دە کیفەکانیان‌دا هەبوو و هەرکات سەریان دە ئیدارەیەک نابا، چارشێوەکەیان دەردەهێنا و سەر و سەکتی خۆیان دادەپۆشی بۆئەوەی ڕێزیان لێ بگیرێت و کارەکەیان بۆ جێبەجێکەن.
ماوەیەک دواتر، هەرکەس لە هەر شوێنێک حیجابی نەبوا، گیریان پێ دەدا و بەم شێوەیە حیجابیان بەسەر ژنان‌دا سەپاند.

هەڵاوەسینی سەر شەقام بە هەمان شێوە بە خشکەیی بەم فۆڕمەی ئەمڕۆکە گەییشت. لەبیرمە یەکەمجار کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵاوەسینی زیندانی سیاسیی نیشاندا، تاقە کوردێکی کرماشان بوو. ئەو ئێعدامە لە تاران دە زینداندا ئەنجامدرا، بەڵام وێنەی هەڵاوەسینەکەیان بڵاوکردەوە. ئینتێرنێت بۆ کۆمەڵگای جیهانی نوێ بوو و لەبیرمە زۆرکەس، لایەن و حکومەت کاردانەوەیان لە خۆیان نیشاندا. دواتر کە لەسەر ئەم کارەیان بەردەوامبوون، هەڵاوەسینە ئاشکراکانیان بردە نێو قۆناخێکی دیکە. ئەوچەل دە کوردیان بە پاتۆڵی کوردییەوە نیشاندا کە لە هۆڵێکدا لەسەر ئاسن ڕایانگرتبوون بۆئەوەی ئێعدامیان بکەن، بەڵام وێنەی هەڵاوەسینەکەیان هەر ئەودەم بڵاونەکردەوە. وێنەکە تەنیا چرکەکانی پێش هەڵاوەسینی دە کەس کوردی سیاسیی نیشان دەدا.
وردە وردە کە ئەم کارەشیان دە زەینی مرۆڤەکان‌دا ئاساییکرد، ئەم کارەیان لە چەند شارێکی بچووکی ناوچەی فارسەکان لەسەر شەقام ئەنجامدا و وێنە و فیلمەکەیان لە ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە. ئینجا ئەمەیان وەک گۆڕانکارییەکی نمایشیی کشاندە پێتەخت. لە تاران ماوەیەک لەسەر ئەمە بەردەوام بوون و وردەوردە ئەم هەڵاوەسینەیان بە شێوەی ئاشکرا لە ناوچە غەیری فارسییەکانیش تاقیکردەوە.
هەتا ئێستاش نەیانوێراوە ئەم کارەیان دە خاکی کوردستان‌دا ئاسایی بکەن. ڕەنگە کێشەی حکومەت بۆ ئەو کارە نەبوونی ساندیسخۆری کورد بێت.

ئێعدامی زیندانی سیاسیی؛ دوایین ئاڵتێڕناتیڤ

کاتێک کوردێک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە بە تاوانی کوردایەتیی دەستبەسەر دەکرێت، حوکمی ئێعدام یەکەم ئاڵتێرناتیڤی حکومەت نییە. هەر چەند کە لای ئەوان هەر فکرێک کە دە خزمەت بەرژەوەندی و مافەکانی نەتەوەی کورددا بێت، خەیانەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی ئێران دەژمێردرێت، بەڵام سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە تێبینییەوە لە حوکمی ئێعدام کەڵکوەدەگرێت و لە پڕۆسەی بەسەرکردنەوەی پرسی کوردە سیاسییەکان‌دا، ئەو ئاڵتێڕناتیڤە هەڵدەبژێرن کە زۆرترین قازانجی بۆ ئێران لێ بکەوێتەوە.

بەهۆی ئەوە کە لایەنەکانی ئەم باسە زۆرن، دێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوائاڵتێرناتیڤبوونی ئێعدام دەکرێت. کاتێک کوردێکی سیاسیی دەستبەسەر دەکەن، لە سەرەتادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کە لە کەسی دەستبەسەرکراو، زۆرترین قازانج وەرگرن. گەر بزانن دەستکەوتێکیان لە زیندووڕاگرتنی کەسی دەستبەسەرکراو نابێت، حوکمی ئێعدام وەک دوایین ئاڵتێڕناتیڤ بەڕێوەدەبەن.

ئێعدامکردنی زیندانی سیاسیی بۆ؟

فەلسەفەی قەساس لە زەینی حەمووڕابی‌دا ئەوە بوو کە قاتڵ خەساری گەیاندووە. کەسێکی کوشتووە و هەربۆیە دەبێ بکوژرێتەوە. دواتریش کە ئەم دەقە لە دینە ئیبڕاهیمییەکان بەکارهات، لەسەر بنەمای هەمان فەلسەفە دەکارگیرا.
ئەمڕۆکە دە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا سەبارەت بە ئێعدامی قاتڵێک‌، هەر لەم فەلسەفەیە کەڵکوەردەگیرێت، بەڵام سیستەمی داد ئەوەی شی نەکردووەتەوە کە بۆ زیندانییەکی سیاسیی ئێعدام دەکات؟!
دە ڕاستیدا زیندانییەکی سیاسیی خەسارێکی بە کۆمەڵگا نەگەیاندووە. نە مافی شارومەندیی کەسێکی پێشێلکردووە، نە خەساری ئابووری و مانەویی بە هیچ تاکێک گەیاندووە. سزادان لەسەر بنەمای بوونی خەسارگەیاندن و ڕادەی خەسار ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئێعدامی زیندانیەکی سیاسیی کورد لەسەر بنەمای قین و بەرژەوەندی نامرۆڤانەی ئێرانییەکانە کە تەواو ناعادڵانەیە.

ئێعدام لەسەر بنەمای قین و بەرژەوەندی
‌ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە «مافنامەی مرۆڤ» و زۆر کۆنوانسیۆنی واژۆکردووە، کەچی بەردەوام لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئیدانە دەکرێت. دوایینجار کە بۆ وێنە ئێران لە لایەن ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا بە شێوەی فەرمیی ئیدانەکرا، لە ڕاگەیاندی ژمارە «A/RES/64/176»دا بوو.
ئەمەی کە دێرەدا گەرەکمە فۆکووسی لەسەر بکەم، پرسی ئازادی دەربڕینە. لە وڵاتانی ئەورووپی کە «مافنامەی مرۆڤ»یان پەسەندکردووە، هەر تاکێک و گرووپێک مافی دەربڕینی بۆچوونی سیاسیی هەیە، کەچی دە ئێران‌دا بە پێچەوانەی ئەو واژۆیانەی کردوونی، پێشێل دەکرێت.
خاڵی هەرە گرنگ دێرەدا ئەمەیە کە ئێران بە شێوەی مەرجدار «مافنامەی مرۆڤ»ی واژۆ نەکردووە. لە وڵاتێکی ئەورووپی مرۆڤگەلێک هەن کە بۆ وێنە فاشیستن، بەڵام لەبەر بیرۆکەکەیان سزا نادرێن. هۆکاری سزانەدانیشیان بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە هزر و بیرکردنەوەی ئەو مرۆڤانە خەساری مادی و مانەوی بە تاک و کۆمەڵگا ناگەیەنێت و هەربۆیە ئەو ئازادێیان پێ دراوە بەو جۆرە بیر بکەنەوە کە حەز دەکەن. بۆ وێنە لە نەروێژ مرۆڤگەلێک هەن کە ڕێک وەک هیتلێر بیر دەکەنەوە، بەڵام نە سزا دەدرێن و نە دەستبەسەر دەکرێن. ئەوەی ئەرکی حکومەتە ئەوەیە کە میکڕۆفۆنێک لە خزمەتی ئەوانەدا نەبێت کە خەسارێکی جددی بە کۆمەڵگا بگەیەنن و هەڕەشە بخەنە سەر ئەتمۆسفێری مرۆڤیی کۆمەڵگای نەروێژ.
سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆلێرانسی بۆ ئەوە نییە کە کوردێک کوردانە بیر بکاتەوە و هەربۆیە بە پێچەوانەی ئەو واژۆیانەی کە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا کردوونی، هەڵسوکەوت دەکات و دەبینین کە هەموو ساڵێ کۆمەڵێک کورد بە تاوانی سیاسیبوون ئێعدام دەکات. لەبەر ئەوە کە ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان پاساوێکی قانوونی نییە، هەربۆیە لەسەر ئەمە پێداگریی دەکەم کە ئێعدامەکان لەسەر بنەمای قین و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندیی ئێرانییەکان لە لایەن ئەو سیستەمەوە ئەنجام دەدرێت.
‌‌‌
ئێعدامکردنی کوردێکی سیاسیی، بێ‌ئەخلاقانەیە

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر هەر کوردێک بە پێی دەستووری بنەڕەتیی بەرپرسیارەتییەکی هەیە. هەرچەند کە لە کاتی داڕشتن و نووسینی دەستووری بنەڕەتیی بانگهێشتی هیچ نوێنەرێکی کورد نەکرا و کوردەکان دەنگیان بەو دەستوورە نەدا، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی دەستووری بنەڕەتیی بەرپرسیارە کە ڕێز لە ئەو مافانە بگرێت کە لە دەستووردا بەفەرمیناسراون.

لە کاتێکدا کە زۆر لە مافەکانی نێو دەستوور هەتا ئێستاش لە کوردەکان زەوتکراوە، بەرەنگاربوونەوەی کوردەکان و دژایەتیکردنی کوردەکان لە بەرانبەر سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئاساییە، چون کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو بەرپرسیارەتییەی کە بە پێی دەستووری بنەڕەتیی لە بەرانبەر کوردەکان‌دا هەیەتی، بەجێینەگەیاندووە. ئەوەی کە دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێت، سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بوونی کوردێکی سیاسیی کە بۆ مسەوگەرکردنی مافەکانی نێو دەستووری بنەڕەتی ئێران‌دا بەرەنگاری حکومەت دەبێتەوە، ئاساییە.‌ هەربۆیە ئێعدامکردنی کوردێکی سیاسیی، بێ‌ئەخلاقانەیە.
‌‌
ئێعدامکردنی کوردێک، داننان بە ژیربوونییەتی

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارە کە بە پێی دەستووری بنەڕەتیی مافەکانی هەر تاکێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوراسان و هەر شوێنێکی دیکەی ئێران بپارێزێت، کەچی خۆی وەک سیستەمی داڕێژەڕ و بەڕێوەبەری دەستوور، پێشێلکاریی مافەکانی کورد دەکات. کوردێکی سیاسیی کە ئێعدام دەکرێت، دە ڕاستیدا ئیدانەی ئەو پێوەندییە ناسالمەی نێوان حکومەت و دەستووری بنەڕەتیی کردووە. هاوکات پێوەندییەکی حقووقیی دە نێوان حکومەت و کوردەکان‌دا هەیە کە ئەو پێوەندییە لە لایەن حکومەتەوە خەوشەدار کراوە.
کوردێکی سیاسیی، ژیرە کە لە کاتێکدا ئەو پێوەندییە حقووقییە شێوێندراوە، ژیان و چارەنووسی خۆی لە دەرەوەی بازنەی دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا دەدۆزێتەوە. ئێعدامکردنی ئەو کوردانەش لە لایەن حکومەتەوە، بە واتای داننانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ژیربوونی ئەو کوردانەیە.
ئێعدامی سیاسیی لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەوە

دەستووری بنەڕەتیی ئێران قەراردادێکی فەرمیی دەژمێردرێت. سەرچاوە بۆ ئەو دەگەڕێتەوە. هەرچەند کە زۆر لە مافەکانی کورد وەک گرووپێکی ئێتنیکی دەو دەستوورەدا بە فەرمیی نەناسراوە، بەڵام هاوکات هەندێک ماف بۆ کوردەکان وەک کورد و وەک شارومەندێکی ئێرانیی بە فەرمی ناسێندراوە. ڕێزنەگرتن لەو مافانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە واتای بێڕێزیکردنی ئەو سیستەمە بە قەراردادێکە کە سەرچاوەی ماف و قانوون دەژمێردرێت.

دەستووری بنەڕەتیی -لە ڕوانگەی داڕێژەڕانییەوە- ئەو چوارچێوەیە دەستنیشاندەکات کە تێیدا مرۆڤەکان دەتوانن بە پێی دەقەکانی لە ژیانێکی بەختەوەرانە بەهرەمەند بن، کەچی خودی داڕێژەڕی ئەو دەستوورە پێشێلکەری سەرەکی ئەو سەرچاوە قەراردادییە.
دێرەدا پرسی پێشێلکردنی مافەکانی کورد بەم پاساوە ئاوڕی لێ نادرێتەوە کە گوایە پرسێکی نێوخۆییە و پێوەندی بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌یەوە نەداوە. واتە پێگە و سەرچاوەیەکی داد لە دەرەوەی سیستەمی ئێران‌دا بوونی نییە کە کورد سکاڵا لە لای ئەوان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار بکات کە مافە دەستوورییەکانیان پێشێل دەکات.

بۆ کوردەکان جگە لە دژایەتیی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاڵتێرناتیڤێکی ماقووڵ نامێنێتەوە. دێرەدا دەردەکەوێت کە ئێعدامکردنی کوردێکی سیاسیی چەندە ناعادڵانەیە، چون هاندەری سەرەکیی بۆ جیابیرکردنەوەی کوردەکان دە ئێران‌دا خودی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئێعدام و زمانی دادگا

مافی هەر مرۆڤێکە کە دە کاتی دادگاییکردندا، بە زمانی دایکی خۆی بەرگری لە خۆی بکات. زۆر گەنجی کورد کە پێشتر ئێعدامکراون، بە پێی لێدوانی شایەت و پارێزەرەکانیان توانایی بەرگریکردنیان بە زمانی فارسی نەبوو. زەوتکردنی مافی بەرگریکردن بە زمانی دایک دەکرێ لە هەندێک حاڵەتدا بە نرخی ئێعدامکردنی کوردێکی سیاسی تەواو بێت.
جیا لەوە کە زۆربەی ئەو کوردە گەنجانەی لە دوو دەیەی پێشوو بینیومن کە بە زمانی فارسی دەرسیان خوێندووە، دە نێو خەڵکی دیکەشدا ئەوەم بە زەقی بینیوە کە تێگەییشتنی فارسیان لەو ئاستەدا نییە کە لە دادگایەکدا بتوانن بە زمانی فارسی بەرگری لە خۆیان بکەن، کەچی زۆربەیان دەتوانن بە زمانی کوردی لەسەر خۆیان وەجواب بێن و توانایی بەرگریکردنیان لە خۆیان بە زمانی دایکی خۆیان هەیە.

ئێعدام و چەشنی خەسارگەیاندن

لە قانوونی سزای ئێران‌دا قانوونەکان بۆ «خەساری ئەخلاقی» و «خەساری حقووقی» جیا نەکراونەوە. کاتێک کە کوردێکی سیاسی بە تاوانی «شەڕ لەگەڵ خودا و نوێنەرانی خودا» ئێعدام دەکرێت، پۆلێنبەندیکردنێکی نادروست و چەواشەکارانە ئەنجامدەدرێت.
هزری کوردێکی سیاسی نە کاری بە دین هەیە و نە خۆ لە بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقی دەدات کە تاک لە بەرانبەر دینی حاکم‌دا هەیەتی. چەواشەکارییەک کە لە لایەن دەزگای داد ئەنجامدەدرێت ئەوەیە کە کەیسی بەرپرسیارییەتی حقووقی حکومەت و ڕەخنە لەسەر بەئەنجامنەگەیاندنی ئەو ئەرکە کە لەسەرشانی حکومەتەوە، بە پێوەری بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی تاک لە بەرانبەر دین حوکمدەدەن.
سیاسیبوونی کوردێک هیچ پێوەندییەکی بە بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و دینی نییە و تەواو پرسێکی ئێتنیکی و حقووقییە و گەر خەسارێکیش هەبێت، خەسارەکە لە چەشنی حقووقی‌یە.‌

‌‌

بەحەڵاڵکردنی کیپکیپێن لە ڕۆژی ئێعدامکردن‌دا

2-public-hangings-in-sarpol-e-zahab-iran-8jan2k17_ph1‌‌
بەهۆی ئەوە کە خەم و پەژارە بە سیمای ئەو خانمە تەلەفونبدەستە نابینرێت، دیارە کە خزم و کەسی ئەو کەسە نییە کە لەژێر پەتی سێدارە چاوەڕێی شەقی بکوژێکی فەرمی حکومەتە بۆئەوەی لە هەناسەی بخات.
کوڕێک دە ئێران‌دا بە تاوانی ئەوە کە لەگەڵ کچێک لە شەقام قسە بکات، دەگیرێت. گەنجێک مافی ئەوەی نییە لەگەڵ کچێک بچێتە سینەما یان ئەوە کە ئێوارەیەک لە پاڕکێک دابنیشن و شەتڕەنجێ بکەن.
سەرنج بدەن لەم وێنەیەدا کیپکیپێنێکە باوک ئاگای لە کوڕ نییە. دەرزی دە حەوا بکە لە عەرزی ناکەوێتەوە. ئەوەندەی پاش و پێشی ئەو ژنانە لەو شوێنە دەشێلدرێت، ماساژۆڕێکی تایلەندی بە نیو کاتژمێران ناتوانێت ئەنجامی بدات. سەرنج بدەن کە ئێعدامکردن کات دەخایەنێت. قورعان دەخوێننەوە. ئینجا قسە بۆ خەڵک دەکەن. بوختان و تاوان و چی و چی دەخوێندرێتەوە و هەمووی ئەمانە کات دەگرێت.
لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا کۆشک و هەیبەتی دین بە سینەماچوونی کچێک و کوڕێک وە لەرزە دەکەوێت، بەڵام لە کاتی ئێعدامکردنەکان‌دا کیپکیپێن لە ژنان ئازادە. ئەمە مەبەستدارە. خۆ بۆ سیستەمێک ئاساییە شوێنی یایان و پیاوان جیا بکاتەوە، بەڵام ئەمەش بەزمێکی دیکەیە بۆئەوەی پیاوەکان هانبدەن زۆرتر بەشداری ئەو جێگایە بن.

بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی لە ئاست سیاسەتی ئێعدام
‌‌‌
بەردەوام بینراوە کە دە کاتی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکاندا، بازاڕەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، مەریوان و چەند شاری دیکە داخراون. دە کاتی ئێعدامکردنەکان‌دا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ژیرانە هەڵسوکەوتیان کردووە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە حیزبە کوردییەکان هیچ دەورێکیان لەم کاردانەوەیەی بازاڕەکانی ئەو شارانەدا نەبووە. بازاڕ هەرکات سەربەخۆ بووە و حیزبەکان تەنیا بە شانازییەوە هەڵوێستی ئەوانیان گواستۆتەوە سەر ڕاگەیاندنەکانی خۆیان. دە ڕاستی دا کوردەکانی ڕۆژهەڵات زۆر بە تێبینییەوە هەڵسوکەوتیان کردووە. ئەوان لانیکەم بە نێوچاوانێکی گرژ و تووڕە نەفرەتی خۆیان لە سیستەمی نادادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانداوە و بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی خۆیان لە ئاست سیاسەتی ئێعدام بەئەنجامگەیاندووە.

بەڵگەسازکردن بۆ سەپاندنی ئێعدام

یەک لە مافە بێ‌ئەملا و ئەولاکانی تاک لە کۆمەڵگایەکی دێمۆکڕاتیک و مرۆڤی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاسایی و دە سڵامەتی فیزیکی و ڕەوانی‌دا ژیان بکات. بە هیچ پاساو و بیانوویەک ناکرێ ئەم مافە لە مرۆڤ بستێنرێت. بۆ وێنە، برەیڤیکی قاتڵ و تێڕۆڕیست کە بکوژی ئەندامە لاوەکانی حیزبی کرێکارانی نۆرگە بوو، هەتا ئێستاش لەم مافەی خۆی بەهرەمەندە. ئەو تەنانەت دە کاتێکدا ئەو مافەی هەبوو کە حیزبی کرێکارانی نۆرگە لەسەرکار بوو.

زۆرجار کە کوردێکی سیاسی لەسەر تێلێڤیزیۆن نیشان دەدەن، بە جوانی دیارە کە پاش ئەشکەنجە و ترساندنێکی زۆر ناچارکراوە ئەو قسانە بکات کە دەیبیستین. زۆرجار نموونە هەبووە کە بەر لە دادگا ئەشکەنجەیان بۆ دانپێدانانی کەسێک بەکاربردووە بۆئەوەی سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر کوردێکی سیاسی سانا بێت. گەر سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیشتیای لەناوبردنی مرۆڤێکی دە نێو زیندانەکانی خۆیدا هەبێت، هەر دە زیندان‌دا بەڵگە ساز دەکات و بە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و دەکارگرتنی ئەشکەنجەی فیزیکی و ڕەوانی ئامانجی خۆی دەپێکێت. لەمبارەوە ڕاپۆڕت و فاکتی یەکجار زۆر هەن.

ئاماری ئێعدامەکانی ئێران دە ماوەی دە ساڵان‌دا

iran-human-rights-ihr

کۆی ڕاپۆڕتەکە لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەستدەکەوێت.

https://executionofkurds.files.wordpress.com/2017/02/ihr.pdf

ئێعدام و ناسەربەخۆبوونی دادگاکانی ئێران
هەر تاکێکی خاوەن ویژدان ئەمە دەزانێت کە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەن سەربەخۆیی نین. گەر ئەمە پڕۆپاگەندەیەکی نەیارانەش بژمێردرێت، لانیکەم ئەم فاکتە دەبەردەست‌دا هەیە کە دە هیچ جێگەیەکی دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئاماژە بە سەربەخۆبوونی دادگاکان یان پێویستی سەربەخۆبوونیان نەکراوە.
دە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا تەنیا باس لە ”صالح”بوونی دادگا کراوە کە بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی ڕوونە ئەو تایبەتمەندییە زۆر جیاوازە لە سەربەخۆبوونی دادگا و هاوکات ئەو تایبەتمەندییە لە زۆر نموونەدا بە تەواویی سەربەخۆبوونی دادگا دەباتە ژێر پرسیار.
کاتێک کە باس لە سەربەخۆبوونی دادگا دەکرێت، بەو واتایە بەکاردێت کە دادگا لە دەرەوەی هەر چەشنە فاکتەر و باسێک بڕیاڕ لەسەر ڕووداو یان کەیسێک بدات. بۆ وێنە ماوەیەک لەمەوپێش برەیویک (بکوژی دەیان مناڵی نۆرگێ) سکاڵای لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن و جۆڕی ڕاگرتنی دە زیندان‌دا ئاراستەی دەزگای دادی نۆرگێ کرد و دادگا لەبەر سەربەخۆبوونی، لە چەند خاڵێکدا مافی پێ دا و پارێزەری حکومەتیش ناچار بوو ڕێز لە بڕیاڕی دادگا بگرێت.
سەربەخۆبوونی دادگا دە هەڵسەنگاندن و بڕیاڕدان‌دا لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی دادگایەکی شارستانیانە و دێمۆکڕاتیک دەژمێردرێت کە دە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بوونی نییە. نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە گرنگە وایکردووە کە کوردێکی سیاسیی بۆ دادگا دەبەن بۆئەوەی حوکمی ئێعدامکردنی لە دادگا وەک سەرچاوەی بڕیاڕ وەرگرن، نەک لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی ئەو بکرێت.
کوردەکان و پرسی ئێعدام

لاوازییەکان و ناعەداڵەتییەکانی سیستەمی داد کە زۆر مەبەستدارانە سیاسەتی جیاوازیدانانی بەرانبەر کوردەکان دە ئێران‌دا بەڕێوەبردووە، پێویستی بە خەباتێکی سیاسی و مەدەنی هەیە کە لە درێژخایەن‌دا باشتر بێت و لاوازی و بۆشاییە ناعادڵانەکانی سیستەمی داد چارەسەر بکات. مخابن دە نێو ئێرانییەکان‌دا هەتا ئێستا دەنگی ئێلیتێک بەرانبەر ماشێنی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان نەبیستراوە کە پێداگرانە لە دژی سیاسەتی ناعادڵانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی گرتبێت.

جیا لەوەش کە بێدەنگیکردنی ئێلیتی ئێرانی لەو ناعەداڵەتییە خەسارێکی زۆری بە مافەکانی یەک کوردی سیاسی دەگەیەنێت، تاقمێک لەو ئێلیتە ئێرانیانەش بە تەواوی هیوا و ئوومیدی کوردەکانیان لەناوبردووە. ئەوان لەسەر پرسی ئاوا دڵتەزێن بە شێوەیەک دەدوێن کە جوان دەردەکەوێت بەرژەوەندییەکانی ئێران بە گرنتر لە مافەکانی مرۆڤ و کوردێک دەزانن. بۆ وێنە یەک لەم ئێلیتە ئێرانیانە دە بەرنامەیەکی تایبەت بە ئێعدام دە کاناڵی بی‌بی‌سی‌دا (٢٢ی ٧ی ٢٠٠٧) گوتی کە باشترە ڕێژەی ئێعدامەکان کەم ببێت، ئەگینا ژمارەی ئێعدامەکان لەچاو وڵاتانی دیکە دەچێتە سەرێ و دەنگی ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی بەرگریکەر لە مافەکانی مرۆڤ بەرز دەبێت. لێدوان و ڕوانگەی ئەو ئێلیتە ئێرانییە فۆکووسی لەسەر خاڵێکی زۆر تایبەت هەیە و ئەویش بەرژەوەندی و وێنەی گشتی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

کوردەکان دە ئێران‌دا لەبەر نەبوونی دەنگی ئێلیتی ئێرانی مرۆڤدۆست و بوونی ئێلیتی دژەکورد ناتوانن دڵیان بەوە خۆش بکەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکارییەک دە سیستەمی داد و دەقی قانوونەکان ڕوو بدات.

ئەو خاڵانەی کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر پرسی ئێعدامی کوردەکان دە ئێران‌دا داناوە زۆرن کە گرینگترینیان بریتین لە:
١. نەبوونی ئێلیتی ئێرانی مرۆڤدۆست کە لەسەر بنەمای مافە ڕەواکانی کوردەکان هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت.
٢. بوونی بەشێکی بەرچاو لەو ئێلیتە ئێرانیانە کە لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ئامادەن بە شێوەیەکی نزم و کەمبایەخ سەیری پرسی ئێعدامی کوردەکان بکەن.
٣. بەشێک لە ئێلیتی کوردەکان هێشتا خاوەن ناسنامەیەکی ئێتنیکی و نەتەوەیی کوردانە نین. خۆیان نەدۆزیوەتەوە و وەک ماشێنێکی بەکرێگیراو خزمەتی ئێرانناسی دەکەن.
٤. کوردەکانی نێوخۆ خاوەن ئەو ئازادییە نین کە بتوانن لەمبارەوە دەربڕینێکی ئاشکرایان هەبێت. نەبوونی وزە و پۆتەنسیەلێک بۆ ئۆرگانایزکردنی کوردەکان هەتا ئێستا ئەو دەرفەتەی نەرەخساندووە کە خەباتێکی مەدەنی بەرچاو و نەپساوانە هەبێت.
٥. کوردەکانی دەرەوەی کوردستان نەیانتوانیوە/نەیانویستووە ئاوڕێکی جددی لە پرسی ئێعدامی کوردەکان دە ئێران‌دا بدەنەوە و هەربۆیە پۆتەنسیەلێکی زۆر بەرچاو لایان بەدی دەکرێت کە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە.
جیا لەمانە زۆر خاڵی دیکەش کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئەم پرسە داناوە کە لە ڕوانگەی منەوە بایەخیان لە چاو ئەو خاڵانەی سەرەوە کەمترن.
سیاسەتی جیاوازیدانان سەرچاوەی پرسی ئێعدامە

سەرەڕای ئەوە کە مافی ئێتنیکی کوردەکان دە هیچکام لە دەستوورە بنەڕەتییەکانی ئێران، ترکیا، عێڕاق و سووریادا بە تەواوی بە فەرمی نەناسراوە، بەڵام دیسان گەر ئەو حکومەتانە ڕێزیان لە مافەکانی شارومەندان بە پێی دەستوورەکەیان گرتبا، شەپۆلی دژایەتیکردنی کوردەکان هێندە بەرز نەدەبوو و تەمەنێکی ئەوتۆشی بەخۆیەوە نەدەدیت.

کێشەی بنەڕەتی کوردەکان، ئیگنۆرکردنی مافەکانیان وەک گرووپێکی ئێتنیکییە کە هەستی هاوبەشیان لەگەڵ یەکتر هەیە و لە پلەی دووهەمدا کێشەی کوردەکان دە هەرکام لە پارچەکان‌دا سیاسەتی جیاوازیدانانی حکومەتی ناوەندی بەرانبەر کوردەکان بووە.
بۆ وێنە زۆر لەو قوربانیانەی کە وەک کوردی سیاسی تا ئێستا لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدامکراون، هیچ هەڕەشەیەکیان بۆ سەر هێڵەکانی سنووری جوگرافیایی ئێران نەبووە و تەنیا خوازیاری عەداڵەت و نەبوونی جیاوازی بوون.
سیاسەتی جیاوازیدانان بەرانبەر کوردەکان‌ بە دوو جۆر دە ئێران‌دا ئەنجامدراوە. جۆری یەکەم شێوەی داڕشتن و دیزاین و گەڵاڵەکردنی قانوونە و جۆری دووهەم دە سیاسەتی بەڕێوەبردنی قانوون‌دا دەردەکەوێت و نموونەی زەق بۆ هەرکام لەم دوو چەشنە لە جیاوازیدانانە بەرانبەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.
زۆر لەو کوردە سیاسیانەی کە لە لایەن سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرکراوە، لەو گرووپەدا پۆلێنبەندی دەکرێن کە بەرانبەر نەبوونی عەداڵەت و یەکسانی و بەرانبەر سیاسەتی جیاوازیدانان هەڵوێستیان هەبووە. واتە گەر ئەو جیاوازیدانانە بەرانبەر کوردەکان نەبوایە، ڕێژەی کوردە سیاسییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمتر دەبوو. بەهۆی ئەوە کە سەرچاوەی زۆربەی ئەو ئێعدامە سیاسیانە بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە، هەربۆیە سانایە کە سیاسەتی جیاوازیدانان دە ئێران‌دا بە سەرچاوەی پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بزانین.
سیاسەتی جیاوازیدانان دە هەر دووک جۆریشدا بە شێوەیەکی سیاستەماتیک ئەنجامدراوە و سەرچاوەی ئەم تێزەش تەنیا بۆ سیاسەتی لاوازکردنی فاکتەرە ئێتنیکییەکانی کورد و شوناسی ئێتنیکی ئەوان دەگەڕێتەوە کە ئامانجی سەرەکی سیاسیکارانی ئەو سیستەمە لە دەستپێکی دامەزرانییەوە بووە.
‌‌
ئێعدام و بێ‌ئەخلاقکردنی زۆربەی کۆمەڵگا
‌کاتێک کوردێک بە تاوانی فکرێکی سیاسی ئێعدام دەکرێت، دە ڕاستیدا دەزگای داد بە نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگا ڕادیکاڵترین جۆری سزا بۆ ئەو کوردە دەستنیشان دەکات. دێرەدا سیستەم کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای ئێرانی (غەیری کورد) دەکات، ئەخلاقی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لە نرخ و هێژایی دەخات، چون کۆمەڵگایەکی ژیار تۆلێرانسی بۆ فکرێکی سیاسی هەیە و گەر هاوڕاشی نەبێت لە بەرانبەریدا تیۆری و تێزی باشتر دەخاتە ڕوو.
ئێران قەت نەیتوانیوە لە ڕێگەی ئێعدامەوە پێش بە سیاسیبوونی کوردەکان بگرێت، بەڵکوو بەردەوام لەو ڕێگەیەوە ئێعتبار و ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایەی بردووەتە ژێر پرسیار کە نوێنەرایەتی کردووە.
ئێعدام و جیاوازیدانان دە دادگاییکردندا

ئاماری دادگاکانی ئێران بە گشتی ئەمە دەسەلمێنن کە ناعەداڵەتییەکی زەق وەک سیاسەتی جیاوازیدانان لە بەرانبەر کوردە سیاسییەکان لە لایەن دەزگای داد بەڕێوەچووە.
ئەو ناعەداڵەتیانە لە دوو چەشندا زۆرتر بینراون. بە دەیان نموونە هەیە کە زۆرجار کە کەسانێکی فارس بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێرانیان بە ڕاستی خستبوو ژێر مەترسییەوە، ئێعدام نەکراون، بەڵام کوردێکی سیاسی کە مەترسییەکی نەخستووەتە سەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە، ئێعدام کراوە.
جیا لەوە نموونەی زۆر زەق و بەرچاو هەیە کە کاتێک فارسێک لەسەر مەترسیدانان بۆ سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی دەستبەسەر کراوە، دادگاییەکانی هەم کاتێکی زۆرتری بۆ تەرخان کراوە، هەم پارەیەکی زۆرتر بۆ دادگاییە زنجیرەییەکانی خەرج کراوە و هەم ئەوە کە دادگایەکی ئاوەڵا بۆ هەموو کەس بووە، بەڵام پەروەندەی کوردە سیاسییەکان لە یەک دادگای فۆرمالیتەی کورتخایەندا لە پشت درگابەستراوەکاندا بە ئێعدام کۆتایی دێت.

ئێعدام؛ سڕینەوەی نیشانەکانی پرسی نەتەوەیەکە

کاتێک کوردێکی سیاسی دە ئێران‌دا ئێعدام دەکەن، تەنیا ژیان لە ئەو ناستێنن. کۆتاییهێنان بە ژیانی کوردی سیاسی ئێعدامکراو زۆر لایەنی دیکەی هەیە کە تا بە ئێستا کوردەکان لێی وردنەبوونەوە. ئێعدامی کوردێکی سیاسی بەر لە هەموو شتێک حاشاکردن لە پرسی کورد دە ئێران‌دا دەژمێردرێت. ئێعدام وەک کەرەستەی سڕینەوەی پرسی کورد دەکار گیراوە. تەنیا نیشانەی بوونی ئەو پرسە، هاوار و کردەی کوردە سیاسییەکانە و سڕینەوەی ئەوان لە نەتەوەی کورد لە ڕێگەی ئێعدامکردنیان، سڕینەوەی نیشانەکانی بوونی ئەو پرسە دەژمێردرێت. هەر لەسەر ئەم تێڕوانینە وردە بوو کە پێشەوای مافناسی کوردەکان بەر لە ئێعدامکردنی گوتبووی:

«ئێوە بە ئێعدامکردنی من ناتوانن پرسی کورد لەناوبەرن. دڵنیا بن هەزاران قازی موحەممەد دەم خاکەدا لە دایک دەبن و لەسەر مافەکانی نەتەوەیی خۆیان وەدەنگدێن.»

ئێعدام و چەواشەکردنی پرسی کورد

گەر ئێمە خۆمان لە باسی بوون یان نەبوونی خودا دوور ڕابگرین و وەک گریمانەیەک بیپەژرێنین کە ئەو بوونی هەیە، سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی دەقەکانی کتێبی قورعان خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی ناساندووە.

دە هیچ دەقێکی قورعان‌دا ئەو شەڕعیەتە بە سیستەمێک نەدراوە. تەنانەت دەقێکی ڕوونیش نییە کە ئەم ڕۆڵە بە مرۆڤی ئاسایی بدات. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان لەم خاڵەدا چەواشەکاری دەکات. دێرەدا کەڵکی نابەجێ و نادروست لە دین وەک کەرەستەی سڕینەوەی پرسی کورد وەردەگرێت.

هەرکات کوردێکی سیاسی لە لایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر دەکرێت، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو بە تاوانی مۆحارێبە گیراوە. دێرەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی وەک نوێنەری خودا داناوە و هەرکەسیش کە دژی ئەوان بۆچوونێکی هەبێت، بە تاوانی شەڕکردن دژی خودا و فەساد لەسەر زەوی حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنن. ئەو سیستەمە لە لایەک پرسی کورد و لە لایەکی تر پێوەندییە حقووقییەکانی دین چەواشە دەکات. یەک لە گەورەترین بێڕێزییەکان کە دە مێژووی هاوچەرخ‌دا بە نەتەوەی کورد کراوە ئەوەیە کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران پرسی حقووقی و سیاسی کوردەکانی بە واتای شەڕکردن دژی خودا پۆلێنبەندیکردووە.

ئێعدامی کوردێکی سیاسی لەبەر ئەوە لای کۆمەڵگای دینمۆڕاڵی ئێران بە ئاسایی زانراوە چون لایان وا گوتراوە کوردەکان دژی خودا و هەموو بڕوا پیرۆزەکانی موسوڵمانانن. شەڕعیەتی ئەو بڕیاڕەش بۆ دەقێک لە قورعان دەگەڕێننەوە کە تێیدا بە ڕوونی دەستنیشانکراوە هەرکەس دژی خودا و پێغەمبەر بوەستنەوە، بکوژرێن یان هەڵاوەسرێن یان ئەوە کە دەست و لاقیان ببڕنەوە و هتد.[1]

[1]  بڕوانە سووڕەی مائیدە، دە ئایەی ٣٣دا ئاماژە بە حوکمەکە کراوە.

ئێعدام و قبووڵکردنی کفر لە لایەن مامۆستایانی ئایینییەوە

مەلاکانی کورد و غەیری کورد بێدەنگییەکی نامەعقووڵیان لە ئاست چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردووە. لە ڕوانگەی دینی ئیسلامەوە مەعقووڵ نییە کە ئەوان وەک شارەزایانی دین بێدەنگن لەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو جۆر چەواشەکاری لەمەڕ کەیسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان ئەنجام دەدات.

پۆلێنبەندیکردنی «فکری سیاسی کوردەکان» وەک «شەڕ لە دژی خودا» چەواشەکارییەکی سیستەماتیک لە دژی کوردەکانە و هاوکات هیچ دەقێکی قوڕعان شەڕعیەتی نوێنەربوون بە مەلا شیعەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نادات. هیچ بیانوویەک بۆ مامۆستایانی ئایینی کورد و غەیری کورد نییە کە چما لەمەڕ چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگن. بێدەنگی ئەوان بە واتای قبووڵکردنی کفرێکە کە سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکەن.

ئێعدام و نەبوونی ڕوحمێکی مرۆڤی و ئیلاهی بۆ کوردەکان

یەک لە خاڵە ئەرێنییەکان دە دینی ئیسلام‌دا بەخشین لە پاش تۆبەکردنە. فیلم و بەڵگەی زۆر لەبەردەست‌دا هەن کە باس لە تەوابە فارسەکان دەکات. تەواب بەو ئەو زیندانییە سیاسیانە دەگوترا کە لە بۆچوونی سیاسی خۆیان و ڕابوردوویان پاشگەز ببوون و بۆ ئەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ببەخشرێن، تۆبەیان دەکرد. بە پێی لێدوانی موحەممەد گیلانی (سەرۆکی پێشووی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی) تۆبەکردنی ئەو کەسانە قبووڵناکرێت کە بە تاوانی مۆحارێبە دەگیرێن. گیلانی گوتبووی: سزای ئەوان هەر وەک قوڕعان ئاماژەی پێ کردووە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی قێزەون بکوژرێن، هەڵاوەسرێن و زۆر بێبەزییانە دەست و لاقیان ببڕنەوە. گیلانی گوتبووی کە جیا لەوە کە پێست و گۆشتیان دەبێ هەڵدڕن، پێویستە ئێسکەکانیشیان تێکقرمێنن.[1]ئەم سیستەمە تەنانەت مافی تۆبەکردنیشی لە کوردێکی سیاسی زەوتکردووە.

[1]  ڕۆژنامەی کەیهان، ١٩ی ٩ی ١٩٨١ی زایینیی


لە پێوەندی بە تەوابەکانی ئێران دە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا پەرتووکی ژێرەوە دەتوانن بخوێننەوە. بۆ کردنەوەی پەرتووک کرتە لەسەر وێنەی ژێرەوە بکەن.

Tavab

ئێعدام تاقە ڕێگەی عادڵانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

لێوردبوونەوە لە پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بەبێ لێوردبوونەوە لە لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتوو نابێت. هۆکاریش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە بنەماکانی ئەو سیستەمە لەسەر وەشانێکی تایبەت لە دین بونیاتنراوە. بۆ وێنە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو حکومەتە ئایەی ٣٣ لە سووڕەی مائێدە وەک سەرچاوەی نەگۆڕ و بێ‌ئەملا و ئەولای عەداڵەت بۆ کوردە سیاسییەکان دەزانن، هەربۆیە ”مووسەوی تەبریزی” کە دادئەستێنی گشتی شۆڕشی ئیسلامی بوو لە دیمانەیەکدا گوتی:

«یەک لە حوکمەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە هەرکەس دژی ئەم سیستەمەی ئیمامی عادڵ بوەستێت، کوشتنی واجیبە و گەر بریندار بێت دەبێ زۆرتر بریندار بکرێت بۆئەوەی بکوژرێت. ئەمە حوکمی ئیسلامە و شتێک نییە کە تازە دامانتاشیبێت.»[1] ئەمە یەکلاکردنەوەی پرسی کورد لای ئەو سیستەمەیە و هیچ تۆلێرانسێک بۆ فکری جیاواز نییە و ئێعدام لای ئەوان عادڵانەترین حوکم بۆ کوردێکی سیاسی دەژمێردرێت.

[1]  ڕۆژنامەی کەیهان، ٢٠ی ٩ی ١٩٨١ی زایینیی

‌‌

ئێعدام و کوشتاری ڕەوانی کوردە سیاسییەکان

لەبەرچاو بگرن حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسی بڕاوەتەوە. لە ناکاو پێی دەبێژن حەوتووی داهاتوو، بەیانی فڵانە ڕۆژ ئێعدام دەکرێی. دەو ماوەیەدا دۆخێکی تایبەتی بۆ ساز دەکەن. وا دەنوێنن کە لەسێدارەیدەدەن. لەگەڵی مێهرەبان دەبن. ڕۆژی دابینکراو ڕووتینی ئایینی پێش ئێعدام بەڕێوە دەبەن. پاشان دەست و پێی دەبەستن و بەرەو شوێنی هەڵواسینی دەبەن. لەژێر پەتی سێدارەی ڕادەگرن. پەتەکەی دە ملی دەکەن. گرێکەی وردە وردە توند دەکەن. دەو کاتەدا کە کوردە سیاسییەکە چاوەڕێی ئەوە دەکات چوارپێییەکە لەژێر پێی لادەن، پەتەکەی دەکەنەوە و دەیهێننە خوار. پێی ڕادەگەیەنن کە گەرەکیانە دەرفەتی هاوکاری پێ بدەن و هەربۆیە ئێعدامی ناکەن. مەرجی بۆ دادەنێن کە هاوکاری بکات و هاوبیرانی خۆی بناسێنێت. ئەوان سایکۆلۆژیانە ترس دە دەروونی زیندانییەکە‌دا دەنێنەوە. ئامانج، کوشتاری ڕەوانییە و لەم مێتۆدە بۆ وەدەستکەوتنی زانیاری زۆرتر کەڵکوەردەگرن.

ئێعدام؛ کەرەستەی تۆقاندن

جیا لەو باسانەی کە تا بە ئێستا سەبارەت بە سیاسەتی بەکارهێنانی ئێعدام لە لایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون، مێتۆدێکی دیکە دە زیندانەکاندا لە لایەن ئەو سیستەمەوە بەڕێوەچووە. ئەوجۆرە لە ئێعدام دە خودی زیندان‌دا بەڕێوەدەچێت.لەم مێتۆدەدا کۆمەڵێک زیندانی سیاسی دەبەن و دەیانکەنە شایەتی ئێعدامکردنی کەسانی دیکە. زیندانی سیاسی لەو شوێنە ڕادەگرن کە کەسێکی دیکە هەڵداوەسن. بینەرانی ئێعدامکردن دەو حاڵەتەدا باڵانسی خۆیان لەدەست دەدەن. چرکە بە چرکەی بەڕێوەبردنی ئێعدام هەتا کاتی گواستنەوەی تەرمی ئێعدامکراوەکان، کاریگەری زۆر نەرێنی و ڕووخێنەر لەسەر دەروونی ئەوان دادەنێت کە بە زۆر کراون بە شایەتی ئێعدامکردنەکان. چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە سیاسییەکان بەر لە ئێعدام، مەرگ و نەمانی ئەو سیستەمە هاوار دەکەن،[1] بەڵام سەرەڕای ورەبەخشبوونی ئەو کارەیان، شایەتانی ئێعدامەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری ئەو چرکانەیان لەسەر دەبێت کە کەسێکی سیاسییان لەبەرچاوی هەڵواسیوە و هەموو پەلەقاژەکانی پێش ئێعدام دە زەینیاندا بە وێنە دەمێننەوە.

[1]  ناصر، کتاب سمینار بین‌المللی استکهلم، ١-٢ اکتبر ١٩٩٨، کانون زندانیان سیاسی ایران در تبعید.

ئێعدام و پرسی نائاگایی موسوڵمانان

کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران کوردێکی سیاسی بە تاوانی شەڕ لە دژی خودا بە ئێعدام مەحکووم دەکات، جیا لە چەواشەکارییەک کە لە ئاست پرسی کورد دەیکات، بێڕێزی بە حوڕمەتی دینی موسوڵمانە کوردەکان و غەیرە کوردەکانیش دەکات. دەو حاڵەتەدا کەرامەتی دین لە لایەن ئەو سیستەمەوە دەشکێندرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرچاوەی بڕوای موسوڵمانان وەک کەرەستەیەک بۆ سیاسەتە دژە کوردییەکانی خۆی کەڵکی نابەجێ وەردەگرێت. ئیهانە بە حوڕمەت و پێگەی بڕوای موسوڵمانانی نێو ئێران دەکرێت، کەچی ئەوان بەهۆی نائاشنابوون بە زمانی عەڕەبی و نائاگایی لە ناوەڕۆکی پەرتووکی قوڕعان بە مافە شەڕعییەکانی خۆیان نازانن ئەگینا لەسەر هەر موسوڵمانێک واجیبە لەسەر بێڕێزیکردن بە کەرامەتی ئیسلام هەڵویست بگرێت. بۆ من کە دە نێو کۆمەڵگای کورد و غەیری کوردی ئێران‌دا ژیاوم، هیچ جێگەی گومان نییە کە زۆربەی موسوڵمانەکان وەکی تووتی دەقەکانی نوێژ و تاعەت و قوڕعان فێربوون و دەیڵێنەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نائاگایی ئەو زۆرینەیە کەڵکی نابەجێ وەردەگرێت و کەرامەتی دین خەوشەدار دەکات. چینێکی کەمینەش هەن کە بە زمانی عەڕەبی و ناوەڕۆکی دینی ئیسلام ئاشنان، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بەرانبەر چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بێدەنگی هەڵدەبژرێن. ئەم بێدەنگییە نائیسلامییە.

سیاسەتی جیاواز بۆ ئێعدامکراوانی کورد

بەهۆی ئاشنابوون لەگەڵ پتر لە دووسەد کەیسی ئێعدامکراوانی کورد و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ئێعدامکردنی کەسانی غەیری کورد دە ئێران‌دا بە شێوەی فەرمی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو بوونەوە، گومان دە بوونی سیاسەتی جیاوازیدانان بەرانبەر کوردە سیاسییەکان لە لایەن ئێرانەوە نەماوە. بۆ وێنە «ڕاپۆڕتە غەیری کوردییە بێلایەنەکان» ئاماژە بەوە دەکەن کە کوردێکی سیاسی بەبێ بوونی بەڵگەیەک لەسەر ئەو تاوانانەی وەپاڵی خرابوون لە ڕێکەوتی ١٤ی٦ی٢٠١٠ی زایینیی دەستبەسەر کرا و پێنج ساڵ دواتر لە ڕێکەوتی ١٤ی ٦ی ٢٠١٥ی زایینیی ئێعدامکرا. ماوەی پێنج ساڵان تەنانەت ڕێگەیان بە مناڵی ئەو کوردە سیاسییە نەدا کە چاوی بە باوکی زیندانیکراوی بکەوێت. خزم و کەسەکانی ئەو زیندانییە لە تەواوی پڕۆسەی زیندانیکردن و سەپاندنی تاوان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانی دەو پێنج ساڵەدا هیچ چەشنە زانیارییەکیان نەبوو و تەنیا بەر لە ئێعدامکردنی ڕێگە بە دیدارێکی کورتی کۆنتڕۆڵکراو درا.[1] ئەم سیاسەتە، پلانداڕێژڕاو دژ بە کوردە سیاسییەکان بەڕێوەچووە.

[1]  Annual Report On The Death Penalty In IRAN, IHR and ECPM, march 2016. P. 20

ئێعدام؛ کوشتاری فرەچەشنی کوردە سیاسییەکان

هەمووجارێک کە زیندانییەکی سیاسی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدام کراوە، تەنیا سەرنج بە کوشتنی فیزیکی ئەو دراوە. تەنانەت کوردەکانیش کە قوربانی دەستنیشانکراوی ماشێنی ئێعدامی ئەو سیستەمە بوون، تەنیا فۆکووسیان لەسەر ئەو لایەنە فیزیکییە بووە. جیا لە چەند لایەنێکی پێوەندیدار بە ئێعدام کە تا بە ئێستا سەرنجم پێ داوە، کوشتاری کۆمەڵێک لە مافەکانی زیندانی سیاسی بەر لە ئێعدام و پاش ئێعدامکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئەنجامدراون کە لە گرنگترینیان دەتوانم ئاماژە بەم نموونانەی ژێرەوە بکەم:

  1. مافی دیداری خزم و کەسی دەرەجە یەک دە ماوەی زیندانیکردندا.
  2. مافی بوونی فیزیکی خزم و کەسی دەرەجە یەک دە کاتی ئێعدام‌دا.
  3. مافی ڕاسپاردنی وەسیەتنامە بە خزم و کەسی دەرەجە یەک.
  4. مافی ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئێعدامکراو بە خزم و کەسی دەرەجە یەک.
  5. مافی کولتووری.

‌‌

ئێعدام و کوشتنی مافی کولتووری

گەر ئێمە واز لە پێناسەی نادروستی نەتەوە و ئێتنیک دە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بهێنین و وەک گریمانەیەک دەستوور وەک سەرچاوەی باس بپەژرێنین، دە خودی دەستووری بنەڕەتی‌دا ئاماژە بە فرەئێتنیکبوونی ئێران کراوە. ئەم گرووپە ئێتنیکییانە داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان بۆ ناشتنی مردووەکانی خۆیان هەیە. دە نێو ئێران‌دا کوردەکان خاوەن کولتوورێکی جیا لە فارسی شیعەن. تەنانەت داب و نەریتی پێوەندیدار بەم باسەش لە نێوان کوردە شیعەکان و فارسەکان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. کوردەکان بە هەمەوو ڕەنگاوڕەنگی ئایینی و زاراوەیی خۆیانەوە، جگە لە هەستی هاوبەش بە کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری لە یەک گرێ دراون و هەر ئەم فاکتەرانە کوردەکان لە فارس و عەڕەب و ترک و … جیا دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لە مافە سیاسییەکان، زۆر مافی غەیری سیاسیش لە کوردەکان زەوت دەکات کە ئەم مافە کولتوورییەی دێرەدا ئاماژەی پێ کرا یەک لەوانە کە لە کوردێکی سیاسی ئێعدامکراو و بنەماڵەکەی دەکوژێت و تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەی ئێعدامکراو ناکات. سیلەگرتن لە هەست و کولتووری بنەماڵەی ئێعدامکراو، ئەوپەڕی بێ‌ئەخلاقی سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەخات.

ئێعدام و تۆڵەسەندنەوە

تۆڵەسەندنەوە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی ژیارییەوە هەیە. کاتێک شارستانیەت دە ئارادا نەبوو، تۆڵەسەندنەوە ساناترین جۆری هەڵوێستگرتن لەسەر خەسارێک دەژمێردرێت کە لە لایەن خەتاکارەوە بە قوربانی دەگات.

تۆڵەسەندنەوە بە درێژایی مێژوو هەبووە. هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی جێمتمانە دەبەردەستدا نییە بۆئەوەی بە دڵنیاییەوە بزانین سەرەتا لای کام هۆز و خەڵک لەم گۆی زەویەدا تۆڵەسەندنەوە وەک ڕێگەچارەی بەسزاگەیاندنی تاوانبار دەکارگیراوە. سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە لای عەشیرەتە دواکەوتووەکانی ئۆستڕاڵیا و لای ئیسکیموویەکان و خەڵکی سەر و خواری ئامازۆن هەبوون و مێژووی مێزۆپۆتامیاش لە کۆنەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە تۆڵەسەندنەوە لای خەڵکە جۆراوجۆرەکانی ئەو دەڤەرەش ئاسایی بوو. دواتر تەنانەت دە دەقە ئایینییەکانیشدا ئاماژە بە تۆڵەسەندنەوە کراوە.

بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دە کاتێکدا دە نێو کۆمەڵگاکاندا ئاسایی دەژمێردرا کە سیستەمی داد بوونی نەبوو. نەبوونی دادگایەک کە سکاڵا ئاراستەی بکرێت، دەبوو بە هۆکار بۆئەوەی هەرکەسە هەست بە خەسارێک بکات تۆڵەی خۆی بستێنێتەوە. بە گشتی تۆڵەسەندنەوەکان دە زۆربەی زەمەنە مێژووییەکاندا و لای زۆربەی خەڵک و هۆزە جۆراوجۆرەکان بە شێوەی کوشتنی فیزیکی تاوانبار بووە. دێرەدا فۆکووس لەسەر جۆری کۆمەڵگایە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە خاوەنی سیستەمی داد و دادگا نەبوون، ئەم جۆرە بڕیارە ڕەمەکێیەیان داڕشتبوو و لە ڕێگەی تۆڵەسەندنەوە عەداڵەتیان دەپاراست. واتە نەبوونی ژیاری و شارستانییەت تاقە هۆکاری تۆڵەسەندنەوەی سەرەڕۆیانە دە نێو کۆمەڵگاکاندا بوو.

بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لە مۆحارێبە دە قانوونی سزای ئیسلامیی ئێران‌دا کراوە، کوردێک کە خاوەنی هزری سیاسیی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، نادروستە بە ئەنجامدەری مۆحاڕێبە پۆلێنبەندی بکرێت (لە بابەتی داهاتوودا فۆکووس لەسەر ئەم باسە دەکەم).

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە مۆحاڕێبە لە لایەن کوردە سیاسییەکانەوە ئەنجام نادرێت، ئێعدامی کوردەکان بە هۆکاری سیاسیبوونیان، تۆڵەسەندنەوەیەکی ناژیارانەیە کە سەرچاوە لە فەرهەنگ و تۆلێرانسی سیاسی لاوازی ئێرانییەکان وەردەگرێت. بوونی هزری سیاسی کوردەکان لای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە واتای درێژەی هەمان سیاسەتە کە سەرکردایەتی سیاسی کوردەکانی ڕۆژهەڵات پێداگرییان لەسەر کرد. سەرکردایەتی سیاسی کوردەکان و جیلی پێشووی کوردەکان دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هیچکات سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستووری بنەڕەتی بە فەرمی نەناساند و ئەمڕۆکەش بوونی کوردانی سیاسی دە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ئاماژە بە سەرچاوەیەکە کە کێشەی ناوەتەوە. قبووڵنەبوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستووری بنەڕەتی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە لایەن کوردەکانەوە لەبەر پێشێلکردنی مافە ئێتنیکییەکانی کوردەکان و بایکۆتکردنی زۆر لە مافە ڕەواکانی ئەوان بوو. بەهۆی ئەوە کە ئەو پرسە هێشتا چارەسەر نەکراوە، هەربۆیە خەبات بۆ وەدیهاتنی ئەو مافانە درێژەی کێشاوە. لەسەر ئەم بنەمایە و تێڕوانینەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر کوردێکی سیاسیی ئێعدام دەکات، چون کوردە سیاسییەکانی ئەمڕۆ جیا لە کوردەکانی سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ زایینیی نابینێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەی ئەو فکرە دەستێنێتەوە کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی دەکرد و هیچکات شەڕعییەتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا.

ئێعدام و مۆحاڕێبە

پێشتر ئاماژە بە ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان لەسەر مۆحاڕێبە کراوە و لەمبارەوە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی چەواشەکردنی پرسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌م دەستنیشانکردووە. دێرەدا بۆئەوەی زۆرتر لە پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە تاوانی مۆحاڕێبە ورد ببینەوە، فۆکووس لەسەر پێناسەی مۆحاڕێبە دە قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا دەکرێت کە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی سەرلەنوێ پاش پێداچوونەوە، بەفەرمی ڕاگەیەندرا.

مۆحاڕێبە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا بریتی لە چەککێشان بە مەبەستی کوشتن، یان زەوتکردنی ماڵ و نامووسی خەڵک یان تۆقاندنیان بە جۆرێکە کە ئاسایشی کۆمەڵگا وەژێر مەترسی بکەوێت. هەرکات کەسێک بە مەبەستی تاکەکەسی چەک لە کەسێک یان چەندین کەس بکێشێت و ئەو کارەی فۆڕمێکی گشتی نەبێت و یان ئەوە کە ئەو کەسە بەرانبەر خەڵک چەک بکێشێت و بەم کارەی ئاسایشی خەڵک تێکنەدات، مۆحاڕێبە بە حیساب نایەت.

بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی کە سەرچاوەی سەرەکی بۆ پێناسەی مۆحاڕێبەیە، زۆر ڕوون دەستنیشانی کردووە کە مۆحاڕێب بە چ کەسانێک دەگوترێت. بە پێی ئەو دەقە لە قانوون، پەنجا و نۆ لاوەکەی مەهاباد دەوپەڕی سەرەڕۆیی و ناعەداڵەتیدا ئێعدامکران. هیچکام لەو پەنجا و نۆ لاوە چەکیان نەکێشابوو و ئاسایشی گشتی و کۆمەڵگایان خەوشەدار نەکردبوو. تەنانەت قوربانییەکانی زنجیرە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی دیکەش (بۆ وێنە وەک قوربانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە) مۆحاڕێبەیان ئەنجام نەدابوو. مامۆستایەکی وەک فەرزاد کەمانگەر کە تەنیا پێنووسی بە دەستەوە بوو و لە قوتابخانەکاندا خزمەتی مناڵانی کوردستانی دەکرد بە تاوانی مۆحاڕێبە ئێعدام کرا. دە کۆی نموونەکانی ئێعدامکردنی پتر لە سێ دەیەی ڕابوردوودا دەبینین کە ئەو سیستەمە سەرەڕۆیانە بەرانبەر کوردەکان هەڵسوکەوتی کردووە و تەنانەت قانوونە داڕێژڕاو و گەڵاڵەکراوەکانی خۆشیان دروستبوونی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان پشتڕاست ناکات. پۆلێنبەندیکردنی کوردە سیاسییەکان بە ئەنجامی مۆحاڕێبە جیا لە نادروستبوونی، ناعادڵانەبوونی سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێزنەگرتنی دادگا لە قانوونەکانی خۆیان نیشان دەدات. مێژووی دڵتەزێن و خوێناوی کوردەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەم ناعەداڵەتییانە ساغبوونەوە کە وەک دەبینن بە بچووکترین لێوردبوونەوە دەردەکەوێت بە چ شێوەیەکی دڕەندانە بەرەنگاری ویستی ماف لە لایەن کوردەکانەوە بوون.

بە پێی ئەو زانیاری و ناسینەی کە لە زۆربەی کوردە ئێعدامکراوەکانمان هەیە، دەتوانین بە متمانەوە بێژین کە ڕێژەیەکی یەکجار کەم لە کوردە سیاسییە ئێعدامکراوەکان دەکرێت وەک تاوانبارێک بە پێی پێناسەی مۆحاڕێبە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی بزانین. تەنانەت هەر بە پێی ئەو پێناسەیە کە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا کراوە، ئێعدامکراوێکی وەک ئێحسان فەتاحیان‌یش ناتوانین هەروا بەبێ لێوردبوونەوە و بەڵگە بە ئەنجامی مۆحاڕێبە تاوانبار بناسین. دروستە کە ئێحسان فەتاحیان پێشمەرگە بوو و چەکی لە دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگرتبوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بڵاو نەبووەتەوە کە سەلمێنەری ئەوە بووبێت فەتاحیان خەڵکی تۆقاندبێت یان ئاسایشتی گشتی خەوشەدار کردبێت!

مخابن بواری داواکردنی بەڵگە لە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، هەربۆیە فۆکووس دەبەمەوە سەر ئەو ئێعدامکراوانەی کە چەکیان پێ نەبوو و وەک شارومەندێکی سیڤیل دەژیان و تەنیا لەبەر بوونی فکرێکی سیاسی ئێعدامکراون.

بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی ڕێگە نادات کە کوردێکی سیاسی ئێعدامکرێت. دە ئەو بەندەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئەو کەسانەی کە چەکیان هەڵنەگرتبوو و تەنیا خاوەنی فکرێکی سیاسی بوون، ناکرێت بە ئەنجامی مۆحاڕێبە تاوانبار بزانرێن. ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دە کۆی ساڵانی دەستهەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم شێوەیە بووە کە تەنانەت دەقەکانی قانوونی خۆشیان دروستبوونی ئەو ئێعدامانە بە دروست نازانێت!

ئێعدام و میراتی نەتەوەیی

ئێعدامی کوردێکی سیاسی پێویستە لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەشەوە سەرنجی پێ بدرێت کە تا ئێستا ئاماژەی پێ نەکراوە. هەندێکجار ئێعدامی کوردێکی سیاسی کۆتایی بە کاریگەرییەکانی ئەو ناهێنێت. لێرە بۆ ساناکردنی ئەم باسە بۆ وێنە ئاماژە بە قازی موحەممەد، پێشەوا و سەرۆککۆماری کوردستان دەکرێت کە تەنانەت پاش ئێعدامکردنیشی، وەک ڕێبەڕێکی کاریزماتیک و نەتەوەیی کوردەکان ماوەتەوە.

هەرچەند کە خەباتی کوردەکان بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی سیاسی خۆیان مێژوویەکی کۆنتر لە پێشەوای کوردستانی هەیە، بەڵام بۆ یەکەمجار ئەو بوو کە ئەو تێزەی فۆرموولە کرد. شیکردنەوەی سەربەخۆیی سیاسیی و هۆکارەکانی دروستزانینی سەربەخۆیی کوردستان بەرهەمی فکری و لێکدانەوەی مرۆڤی و حقووقییەکانی پێشەوای کوردستان بوون کە ئامانجی تەنیا بەختەوەری نەتەوەی کورد بوو.

هەموو ئەو پەیام و ڕێبازە مرۆڤییەی کە لە قازی موحەممەد جێماون، میراتی نەتەوەیی دەژمێردرێن، چون دەبینین کە بە ئێعدامکردنی قازی موحەممەد، لەناو نەچوون و ڕۆژ بە ڕۆژ بیرۆکەکانی ئەو پەرەیان سەندووە.

جیا لە بیرۆکە و تێزی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن قازی موحەممەد، کۆمەڵێک فاکتەری مانەوی لە ئەو جێماون کە وەک میراتێکی نەتەوەیی لای کوردەکان چاوی لێ دەکرێت. بە دەگمەن سەرکردە دەم جیهانەدا هەبووە کە لەبەر پاراستنی گیانی خەڵکی سیڤیل پێشوازی لە مەرگ بکات و خۆی بەدەستەوەدات. قازی موحەممەد کە خۆی مافناسێکی سەردەم بوو و ساڵانێکی زۆر وەک دادوەر دە دادگادا کاری کردبوو، زۆر بە باشی لەگەڵ قانوونەکانی سەردەم ئاشنایی هەبوو. لە پەنای ئەوەشدا بەرپرسیارییەتی حکومەتی و ئیداری ئەو دە مەهاباددا بەر لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان هیچ شک و گومانێک لەسەر ئەم باسە ناهێڵێتەوە. دەقی نوتقەکانی قازی موحەممەد دەرخەری ئەوەن کە ئەو زۆر بە باشی ئاگادار بوو کە لەعەرزێدانی ئاڵای ئێران و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە جیاتی چ پەیامێک و کاردانەوەیەکی دەبێت. بڕیاڕی شەڕ و تەقەکردن لە سەربازەکانی ئێرانی و سڕینەوەی شکۆ و نیسێی دەستهەڵاتی ئێران لەسەر جوگرافیای ژێردەستی کۆماری کوردستان بڕیارگەلێکی هەستیار دە سیاسەتدا دەژمێردرێن کە مافناسێکی وەک قازی موحەممەد بە باشی لەگەڵیان ئاشنا بوو. هەر لەبەر ئەم زاڵبوونەشی بەسەر قانوون و ڕێساکانی سەردەمدا بوو کە خۆی دەیزانی ئێعدام دەکرێت.

قازی موحەممەد جیا لە ئاگایی تەواوی لە کاردانەوەکانی ئەو هەنگاوە سیاسیانەی کە هەڵیهێنابوون، بواری ئەوەی هەبوو کە وەک کەسانێکی دیکە ڕێگەی هاسانی هەڵهاتن هەڵبژێرێت، بەڵام ئەخلاقی بەرزی ئەو لە ئاست بەرپرسیارییەتییەکی ڕامیاری کە بەرانبەر نەتەوەکەی هەیبوو، دە ڕۆژی تەنگانەدا خۆی دەرخست و ئاگایانە خۆی قوربانی نەتەوەکەی کرد.

ئەوانەی کە بە مێژووی ئەوکات شارەزان، دەزانن کە کاتێک ئەڕتەشی ئێران تەورێزیان گرت، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی سیڤیل دە تەورێزدا کوژران و دەستدرێژی جنسی بۆ سەر سەدان کچی ترک تەنیا لەبەر ئەوە لە لایەن ئێرانییەکانەوە ئەنجامدرا چون پیشەوەری وەک بەرپرسی یەکەمی حکومەتی نیشتمانی ئازەربایجان ڕایکرد. پیشەوەری پشتی دە خەڵکی خۆی کرد و بەرەو ئاغاکانی باکوو ڕۆییشت و بایکۆتی هەموو ئەو بەرپرسیارییەتییەی کرد کە دە کاتی ڕاگەیاندنی حکومەتدا هەڵیگرت.

ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، سوێندێک کە لە لایەن پێشەوای کوردستان بەسەر زمان‌دا هات کە قازی موحەممەد وەک سەرۆککۆماری کوردستان لە چرکە بە چرکەی باقی ژیانی خۆیدا پێی وەفادارما.

ئێتیک دە سیاسەتدا هەرکات بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر سنووردار بووە و مخابن دە سیاسەتدا زۆرتر سنوورێکی تەسک و بچووکی هەبووە، بەڵام لای قازی موحەممەد ئێتیک دە سیاسەتدا سنوورێکی پۆڵایینی هەبوو و هیچ شتێک نەیدەتوانی ئەو سنوورە لە ئەو بشکێنێت. هێڵی سوور دە سیاسەتی قازی موحەممەددا ئەو ئێتیک و بەرپرسیارییەتییە بوو کە زۆر بە ڕوونی دە سوێندی سەرۆککۆماری کوردستان‌دا هاتبوو. گەر دە دونیای سیاسەتدا ئێتیک هەرکات جلکێک بۆ شاردنەوەی بێئەخلاقی و فرتوفێڵ بووە، قازی موحەممەد ئەخلاقێکی دە سیاسەتدا لە خۆی بەجێهێشت کە هەرکات وەک میراتێکی نەتەوەیی بۆ کوردەکان جێگەی ڕێز دەمێنێتەوە.

لاوازییەکی دیکەی سیاسەتی ئێعدام‌

دە پڕۆسەی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان‌دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسا و ڕێسای سزا لە تاوانناسی جیا ناکاتەوە. جیاکردنەوەی ئەم دوو بەشە لە یەک پێویستن چون دە پڕۆسەی دادگاییکردنی کوردێکی سیاسی‌دا، یاساکانی پێوەندیدار بە سزا سەرچاوە لە دین وەردەگرن، بەڵام تاوانناسی لقێکی زانستییە و دە تاوانناسیدا لە ڕێگەی لێکدانەوەی زانستییەوە شرۆڤەی تاوان دەکرێت، نەک لە ڕێگەی ڕێبازێکی دینی و ئەو هێڵە ئەخلاقی و قانوونییانەی کە دین دایڕشتوون.

دە تاوانناسیدا کەرەستەگەلێک بۆ لێوردبوونەوە و ئانالایز بەکاردەهێنرێت کە بەرهەمی زانستن، بەڵام دەبینین کە بڕیاردان لەسەر کۆی پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە دین ئەسپێردراوە و هەربۆیە بە مۆحاڕێبە و شەڕ لەگەڵ خوا پۆلێنبەندی دەکەن. سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخ و پێگەی زانست دە کەیسی کوردە سیاسییەکان و بەشی تاوانناسی ئەوان لە ڕووی زانستییەوە بایکۆت دەکات. ئەم بایکۆتە دە پڕۆسەی دادگاییکردنی ئێعدامی کوردە سیاسییەکاندا گەر گزەکردنێکی سیستەماتیک نەژمێردرێت، دەکرێ وەک لاوازییەکی دیکەی سیاسەتی ئێعدام دەستنیشان بکرێت.

سیاسەتی ئێعدام، سیاسەتی لاسارییە

برینێکی سەر جەستە دە حاڵەتێکدا دەکرێت زۆر بە جددی نەگیرێت کە بچووک و تەسک بێت، زارکی نەکردبێتەوە و خوێنی لێ نەیەت. دەو حاڵەتەدا چەند ڕۆژ کە بەسەر بچێت، برینەکە قرتماغەیەکی بەهێز دەبەستێت و وردە وردە پێست جێگەی دەگرێتەوە و پاش ماوەیەک شوێنەکەی نامێنێتەوە و مێژووی ئەو برینەش بە لەناوچوونی ئاسەوارەکانی لەناو دەچێت و فەرامۆش دەکرێت. کاتێک برینی سەر جەستە قووڵ بێت، جیا لە خوێنلەبەرچوون و لاوازبوونی زۆرتر، مەترسی ئەوە هەیە کە برینەکە (بە تایبەتی دە دیوی ژوورێدا) قووڵتر بێت و زۆرینە دەزانن کە دەو حاڵەتەدا چ کارەساتێک دەقەومێت. ئیتر برین دە ژێر پێست و گۆشت و ئێسقاندا دەخزێت و وردە وردە چڵک سڵامەتی و بوونی باقی ئەندامانی لەش وەژێر مەترسی دەخات.

کە برینێکی بچووک و تەسک لەسەر جەستە هەبێت، بە خاوێنکردنەوەیەکی سەرپێیی و بەستنی بانداژێک دەکرێت چارەسەری برین بکرێت، بەڵام برینی گەورە تەنیا لای مرۆڤێکی نائاگا یان لاسار بایکۆت دەکرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە سیاسەتی ئێعدامی بەکاربردووە. دواتر کە نەیتوانی دەنگی کوردەکان وسکت بکات، ئێعدامی بەکۆمەڵی کوردەکانی بەڕێوەبرد کە ناسراوترینیان ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو چەشنە جۆراوجۆرانەی لە ئێعدام تاقیکردووەتەوە کە بە زەینی داڕێژەڕان و ئێلیتە جەناییەکانی گەییشتووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە برینی پرسی کورد دە سیستەمی خۆیدا ساڕێژ بکات. ماقووڵ نییە کە هەموو ساڵی پتر لە پەنجا لە سەدی (٥٠٪) ئێعدامە مۆحاڕێبەییەکان کورد بوون و ئەوان هێشتا نایانهەوێ ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەن کە ئێعدام نەیتوانی دەنگی عەداڵەتخوازانەی کورد و پرسی کورد کپ بکات، کەچی لاسارانە پێداگریی لەسەر ئێعدامی سیستەماتیکی ئەو کوردە سیاسییانە دەکەن کە دەیاندۆزنەوە و دەستبەسەریان دەکەن.[1]

ئاماری زەق و بەرچاوی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دە ماوەی دەستهەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا لە زنجیرێکی ئەستوور دەچێت کە ساڵ بە ساڵ درێژتر و بەهێزتر دەبێت و لە توانای ئەو دەستهەڵاتدارانەدا نییە کە بیپسێنن. ڕێگەی دروستی چارەسەری ئەو پرسە، ملکەچبوونی بۆ مرۆڤایەتی و شوناسی کوردەکانە، کەچی ئەوان هەتا ئێستاش درێژە بە سیاسەتی لاساریی خۆمەینی دەدەن.

سەرچاوە و ژێدەر:


[1]  لەمبارەوە ئامارێکی زۆر لەبەردەستدا هەیە کە چاوخشاندنێکی سەرپێیی ڕاستبوونی ئەم دەربڕینە دەسەلمێنێت. لەم ساڵانەی دواییشدا ڕێکخڕاوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بە بەردەوامی ڕاپۆڕتی بە زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی بڵاوکردووەتەوە و ڕاپۆڕتەکانی ئەوانیش -کە گەر بێلایەنانەش نەبن، لانیکەم لایەنگری کورد نین- سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە زۆربەی ئێعدامکراوە مۆحاڕێبەییەکان کورد بوون.

https://iranhr.net

لەمبارەوە ڕاپۆڕتێکی تایبەتیش دە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییدا لەژێر ئەم سەردێڕە بڵاو کرا: « لە ئێران سەدی ٧٥ی زیندانیانی تاوانبارکراو بە”مو‌حاره‌به” كوردن.»

http://www.chawnews.com Visit 13.03.2017

کورتەیەک لەو ڕاپۆڕتە لەژێرەوە دانراوە:

له‌ كۆی ١١٥٠ زیندانیی سیاسی له‌ ئێران‌دا، زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌سیان كوردن‌و سەدی ٧٥ زیندانیانی مه‌حكووم به‌ سزای مو‌حاره‌به لە کوردەکان پێک هاتوون، هه‌روه‌ها سەدا 95 ی ئێعدامە نهێنییەکان لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێ کە شوێنی نیشتەجێ بوونی نەتەوەکانی غەیرە فارسن.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی‌دا، ١٦٣٤ کەسی لەسێدارە داوەو بۆ ١٩٩٨ کەسیش سزای لەو شێوەی بڕیوەتەوە.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ماڵپه‌ڕی یه‌کیه‌تی بۆ ئێران ئه‌تڵه‌سێکی زیندانیانیی ئێرانی به‌پێی دابەشکاریی نەتەوەیی‏ بڵاو کردۆته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌تڵه‌سه‌ ده‌ری ده‌خا که‌ ٨٥٢ زیندانیی سیاسیی ئێران لە ١٥٠ گرتووخانەدا ڕاگیراون که‌ 339 که‌سیان کوردن و ناو، ژیاننامه‌، شوێنی گیران‌و تۆمه‌تی پاڵخراوی ئه‌و به‌ندییه‌ سیاسییه‌یانه‌یان ئاشکرا کردوه‌.

له‌ به‌شی زیندانییانی کورد دا ناوی ١٨٤ چالاکی مەزهەبی، ٤٣ چالاکی مەدەنی، ٧٨ چالاکی مافی مرۆڤ و زیاتر لە ٣٠ ڕۆژنامه‌نووس‌ و چالاکی کرێکاری هاتووە.

له‌و ئەتڵەسەداکە زیاتر لە ٥ ساڵە کاری بۆدەکرێ، زانیاری ورد لەسەر ١٥٠ گرتووخانەی ئێران و ٢١٦ دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاوکراوەتەوە.

شایانی باسه‌ پێشتریش ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری ٨٢٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی شارەکانی ئێراندا بڵاوکردبووەوە. لەو ڕاپۆرتەدا ناوی ٢٩٠ هاووڵاتیی کورد کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە تاوانی “چالاکیی سیاسی و مەدەنی” دەستبەسەر و حوکمی زیندانیان بۆ بڕابوویەوە، هاتبوو.

‌‌

ئێعدام و بەکولتوورکردنی پاراستنی مێژوو

‌‌

کوردەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان کەمتر لەچاو نەتەوەکانی جیران و دراوسێی خۆیان بایەخیان بە تۆماکردنی مێژوو داوە. ئەوە کە چما کوردەکان لەچاو خەڵکی دیکە ئەم تایبەتمەندییە نەرێنییەیان هەیە، ناڕوونە و مخابن هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لەمبارەوە ئەنجام نەدراوە. گەر گەرەکمان بێت بە مێژووی کەونی کوردەکان بزانین، ناچارین پەنا بۆ بەردە نووسراوەکان، تەختەگڵینەکان و تێکستەکانی سۆمەری، ئاسۆڕی، ئەرمەنی و هتد برین. بۆ وێنە یەکەم سەرچاوەی دۆزراو -هەتا ئێستا- کە ئاماژەی بە ناوی کورد و خاکی کوردەکان کردووە، بەردنووسێکی سۆمەڕییە کە پڕۆفێسۆڕ درایڤێر توانی ئەو زانیارییە پاش وەرگێڕانی دەقێکی سۆمەڕی بڵاو بکاتەوە. بە هەمان شێوە ناوی کوردستان بۆ یەکەمجار دە مێژوودا لە سەرچاوەیەکی ئەرمەنی‌دا هاتووە کە ئاماژە بە شەڕێک دەکات کە دە هەرێمی وان لە باکووری کوردستان ڕوویدابوو و ئەو سەرچاوە ئەرمەنییە -کە نوسخەی دەستنووسەکەی ماوە- ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو شەڕە دە خاکی کوردستان‌دا ئەنجام درابوو و ئەوەش وەک یەکەم سەرچاوە دەژمێردرێت کە ئاماژەی بە ناوی کوردستان کردووە.

ئەوەش کە چما کوردەکان خۆشیان بایەخیان بە زمانی خۆیان نەداوە هێشتا ناڕوونە. دە نێو کوردەکان‌دا زۆر مێژوونووسی شارەزا و لێهاتوو هەبوون کە لەجیاتی تۆمارکردنی مێژوو بە زمانی دایکی خۆیان، پەنایان بۆ زمانی بێگانە بردووە و بە زمانی دیکەیان نووسیبوو. بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بە شەڕەفخانی بەدلیسی و ئیبنۆل‌ئەسیر بکەم کە مێژووی تۆمارکراویان لای هەموو شارەزایان و زانایانی مێژوو بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت. ئەوان کورد بوون، بەڵام بە کوردیان نەنووسی!

ئەم باسە کە دێرەدا وەک پێشەکییەک ئاماژەی پێ کرا، پێویستی بە لێوردبوونەوەی زۆر و فرەلایەنانە هەیە. دێرەدا مەبەستم بەسەرکردنەوەی ئەم باسە نەبوو، بەڵکوو گەرەکم بوو کە لە ڕێگەی ئاماژەکردن بەم کێشەیە، سەری باسێکی دیکە دە مێژوودا بکەمەوە کە پێوەندی بە کارەساتە دڵتەزێنەکان هەیە و دە نێو ئەو بەشە لە مێژووشدا تەنیا فۆکووس لەسەر پرسی ئێعدام و نووسینەوەی مێژووی ئێعدامەکان بکەم.

تۆمارکردنی مێژووی ئێعدامەکان جیا لەوە کە ئەو ئاگاییە بۆ کوردەکان بە ئەمانەت دەهێڵێتەوە کە خەبات دە پێناو سەربەخۆیی ڕامیاری بۆ ئەوان چەند گران تەواو بووە، ماتریالی پێویست بۆ زۆر لێکۆڵینەوەی مێژوویی و کۆمەڵناسانە ئامادە دەکات کە کوردەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لەسەریان بتوانن زۆرتر لەسەر کۆمەڵگای خۆیان بەرنامەڕێژی بکەن و بە متمانە و هەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵهێنن.

تۆمارکردنی مێژووی ئێعدامەکان یارمەتیمان دەدات تێگەییشتنی باشترمان لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگا هەبێت، چون ئێعدامەکان جیا لەوە کە کاردانەوەیەکی ڕامیارین، کاریگەری لەسەر تەنانەت مۆڕاڵی تاکەکانی کورد داناوە. زنجیرەییبوونی ئێعدامەکان و درێژەداربوونی مێژووی تڕاژیکی ئێعدامەکان وەک پلانێکی درێژخایەنی داگیرکەرانی کوردستان کاریگەری نەرێنی هەبووە. ئەم کاریگەرییانە دە ڕاستیدا ئامانجی ئەو سیاسەتە بووە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەچووە. بۆیە لێوردبوونەوەی پرسی ئێعدام لە زۆر لایەنەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەم گرنگەش لە بنەڕەتدا پێویستی بە تۆمارکردنی ئێعدامەکان وەک کەیسێکی تایبەتی مێژووییە.

نەتەوەیەک کە مێژووی بەربڵاو و کۆنەکراو بێت، خۆشی لەیەک پڕش و بڵاو دەبێت و دەبینین کە ئەم تایبەتمەندییەش بە درێژایی مێژوو دە نێو کوردەکاندا بینراوە. نەتەوەی بێمێژوو بە شێوەیەکی سەرگەردان دە هاتوچوێدا دەبێت و ڕێگەی دروستی خۆی بەرەو داهاتوو بە سانایی بۆ نادۆزرێتەوە. دە مێژووی کوردەکان‌دا زۆر تەجرەبە و ئەزموون هەن کە بە تۆمارکردنیان دەکرێت لە لایەن جیلەکانی داهاتوو کەڵکی باشیان لێ وەرگیرێت. نووسینەوەی هەموو لایەنەکانی یەک کەیسی ئێعدامی دیاریکراویش دەتوانێت لە هەندێک کەیسی دیکەدا یارمەتیدەر بێت. دە کۆی گشتی وێنەکەشدا دەکرێت کەڵکی زۆر باشتر لە هەموو ئەو مێژوویە وەربگیرێت، چون ئامانجی فۆکووس لەسەر ئەو بەشە لە مێژووش دروست ئەوەیە کە گارانتییەک بەدەستبدات کە دە داهاتوودا چیتر کوردێک لەبەر جۆری بیرکردنەوەی ئێعدام نەکرێت. ئێستا دەبینین کە پاش دەیان ساڵ ئێعدامی سیاسی کوردەکان، هێشتا خاوەن کتێبخانە و ئەنیستیتۆیەکی تایبەت بە ئێعدام نین. دروست وا بوو کە ئێستا کتێبخانەی کوردەکان بە لانی کەمەوە خاوەنی لەکسیکۆنێکی ئێعدام بوایە.

بەسیمبۆلکردنی ئێعدام

چەندین ساڵە لەسەر ئەمە بە بەردەوامی نووسیومە کە بەسیمبۆلکردنی مێژووی تڕاژیکی کوردەکان دەتوانێت لە زۆر بارەوە بە قازانج بێت. دێرەدا هەوڵ دەدەم کە لەم باسە زۆرتر ورد ببمەوە، چون لەسەر ئەم بڕوایەم کە کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەسیمبۆلکردنی ئێعدامەکان بە چەشنێک هاودەنگی نەتەوەیی وەک هەڵوێست دژ بە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بگەن. لە نزمترین حاڵەتدا دەکرێ بێژین کە کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەسیمبۆلکردنی ئێعدامی هاونیشتمانە سیاسییەکانیان بە هەستێکی هاوبەش و تێگەییشتنێکی هاوبەش و گوتارێکی هاوبەش بگەن.

بەسیمبۆلکردنی ئێعدام ئەم یارمەتییە دەدات کە مێژوو و پەیامی ئیدانەکردنی ئێعدامی کوردەکان لە کەمترین کاتدا بە زمانێکی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی کورتکراو بڵاو دەبێتەوە.  بۆ وێنە ئەرمەنییەکان بۆ بەسیمبۆلکردنی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی ئەرمەنییەکان بە دەستی جەنایەتکارانی ترکی عوسمانی نیشانی گوڵێکی پێنج پەڕەییان لە ڕەنگی بنەوش داڕشتووە. ناوەڕاستەکەی بازنەیەکی ڕەشی نێوپڕە و بە دەوری ئەویشدا دوازدە پەڕەی چوارگۆشەی زەرد بە شێوەی بازنەیی دانراوە و لەسەر ئەوانیشەوە پێنج هێڵی بنەوشی کاڵ بەسەر هێڵی نێوان پێنج پەڕەی گوڵەکە تا نێوەڕاستی هێڵ چووەتە سەر. هەر ئەرمەنییەک کە دە نێوخۆی وڵاتدا بژی یان نا، سەر بە هەر حیزبێکی وڵاتەکەی بێت و پشتیوان یان ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بێت، ئەو نیشانە بەکار دەهێنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.

کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی سیمبۆلێکی تایبەت پرسی ئێعدامی خۆیان بە جیهانیان بناسێنن. تۆمارکردنی مێژووی کڕۆنیکل بۆ ئەم کارە پێویستە ئەنجام بدرێت. لە ڕێگەی نیشانێکی تایبەتەوە دەکرێ پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە زمانێکی سانا و نێونەتەوەیی دە ماوەیەکی کورتدا بە جیهانیان بناسێنن. ئەم نیشانە دەبێ بەر لە هەر شتێک مۆڕاڵی کوردەکان و چۆنییەتی مۆڕاڵیان بناسێنێت، چون ئێعدامی نەبڕاوانەی کوردە سیاسییەکان لە سەدەی ڕابوردوودا کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵگای کوردەکان هەبووە و نیشانەی ئەو کاریگەرییانە بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە.

نیشانێک کە کوردەکان بۆ بەسیمبۆلکردنی پرسی ئێعدام هەڵیدەبژێرن پێویستە کە ئەو سیگناڵ و پەیامە نەتەوەییە بگەیەنێت کە کوردەکان بۆ ئیدانەکردنی ئەو سیاسەتە نامرۆڤییە هەیانە. بەسیمبۆلکردنی پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دەبێ لەسەر یەک خاڵ فۆکووسی هەبێت و ئەویش پیکتۆگرامێکی زەق دە بەرابەر ناژیاری و نامرۆڤی ئەو سیستەمەیە کە ئێعدامی سیستەماتیکی کوردەکان بەڕێوە دەبات. پیکتۆگرامی ئێعدامی کوردەکان دەبێ لە یەکەم چرکەکاندا پێناسەی ئێعدامی کوردەکان بکات. نیشانی تایبەت بە ناساندنی ئێعدامی کوردەکان دەبێت هاواری هەناسەی ساردی هەر دایکێک بکات کە ڕۆڵەکەی تەنیا بە تاوانی فکری کوردبوون لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدامکراوە.

ئێعدام و بێڕێزیکردنی پلانداڕێژڕاو

ڕێکەوتی دووی شەشی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی (دوازدەی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی کۆچی هەتاوی) کارەساتێکی یەکجار تڕاژیک ڕوویدا. دەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی بە تاوانی کوردبوونیان بەکۆمەڵ ئێعدامکران. هەتا ئێستا هیچ دادگایەکی عادڵانە لەمبارەوە پێک نەهاتووە. هەتا ئێستا ڕێگە بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی نەدراوە. هەتا ئێستا هیچ مافناسێک ڕێگەی نەبووە لەمبارەوە لێپرسینەوەیەک لە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. هەتا ئێستا هیچ مێژوونووسێکی نێوخۆ ڕێگەی نەبووە لەمبارەوە شتێک بنووسێت و کوردەکانی دەرەوەی سنووری جوگرافیایی ئێرانیش ئاوڕێکی جددیان لەم کەیسە دڵتەزێن و هەژێنەرە نەداوەتەوە.

‌٥٩ ئێعدام لەسەر لاوان بەڕێوەچووە. بیرکردنەوە لەم جەنایەتە ویژدانی مرۆڤی دەهەژێنێت. ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە دە نێو خودی «نەتەوەکانی غەیری کوردی نیشتەجێی نێو ئێرانیش»دا تا ئێستا تاقە یەک ئێلیت هەڵنەکەوتووە کە بڤەبوونی لێپرسینەوە لە ئەم جەنایەتە ئیدانە بکات.

‌کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لەوە کە هەموو ڕێگاکانی عەداڵەت و لێپرسینەوەی لەسەر ئەم جەنایەتە هەژێنەرەی بەستووە، بە بەردەوامی دە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا بە شێوەیەکی پلانداڕێژڕاو بێڕێزی بە خوێنی ئەو ٥٩ گەنجە کوردەی کردووە، بەڵام کوردە ڕێفۆڕمیستەکان کە بە بەردەوامی هاواری شەڕعیەتدان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن ئەمەندەیان مشوور نەبووە لە ئاست ئەو بێڕێزییانە دەنگیان دەربێت کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەچووە. کەسێک کە خۆ لە سیاسەت دەدات، دەبێت ڕێز لە ئەو برینە قووڵانە بگرێت کە تەنیا بە عەداڵەت ساڕێژ دەکرێن.

‌دە بابەتێکی دیکەدا زۆرتر لەمبارەوە دەنووسم، بەڵام بۆئەوە نموونەیەک وەک بەڵگەی سەلمێنەری دەربڕینەکەم خستبێتە بەرچاوی خوێنەر، دێرەدا ئاماژە بە یەک لەو بێڕێزیانە دەکەم.

ڕێکەوتی ١٩ی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیی (٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی کۆچی هەتاوی) بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی شارەداری مەهاباد ڕایگەیاند کە ٥٩ پێگەی تایبەت بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” دابینکراوە.

چما ٥٩؟ فەلسەفەی ئەم ژمارەیە چییە؟

دە ڕاستیدا بەرنامەداڕێژانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم کارەیان لە چەندین لایەنەوە بێڕێزیان بە کەیسی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد کرد کە بەشێک لە کەرامەت و شەڕەفی خەوشەدارکراوی نەتەوەی کورد دەژمێردرێت.

وەک گوترا، دە بابەتی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەربڵاوتردا لە لایەنەکانی بێڕێزیکردنی بە کەیسی ئێعدامی ٥٩ لاوی کورد زۆرتر ورد دەبمەوە.

ئێعدام و بڤەبوونی هەندێک مانۆڕ


ڕێکەوتی ٢ی ٦ی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی،‌ پەنجا و نۆ گەنجی کوردی مەهاباد ئێعدامکران. بە پێی ئەو سەرچاوانەی کە لێیان ئاگادارم، ناڕوونە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوان بۆ بەتاوانبارناساندنیان هەبووبێت. هیچ دادگایەک لەمبارەوە ناناسرێت کە حوکمی ئێعدامی ئەو ٥٩ گەنجەی دەرکردبێت. ٥٩ گەنجی کورد بەبێ بوونی پڕۆسەیەکی قانوونی و ڕووتینێکی نۆرماڵ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدامکران و تەنانەت تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردنەوە. بە کورتی، جیا لە کوشتاری فیزیکی و بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی کورد، کوشتاری کولتووری کوردەکانیش دەم کەیسەدا ئەنجامدرا.[1]

بۆ تێگەییشتن لەم باسە زۆر گرنگە کە لە سایکۆلۆژی و پەروەردەی مناڵانی کورد (بە تایبەت هی مەهاباد) هەندێک ورد ببینەوە. بۆ هەر مناڵێکی کورد کە دەو مەهابادەدا گەورە دەبێت، کۆمەڵێک فاکتەر وەک هێڵە سەرەکییەکانی ئەخلاق و هێژایی هەن. بۆ وێنە ئەوپەڕێ ڕێزلێنان لە پێشەوای کوردستان -سەرۆککۆماری ئێعدامکراوی کوردەکان- یەک لەو هێڵە سەرەکییانە بووە کە وەک پیرۆزترین ناو لای جیلە جۆراوجۆرەکان بەسەر زمان‌دا هاتووە و سوێندی پێ خوراوە. لەم نموونانە زۆرن کە دەکرێت مێژوو، تایبەتمەندی و کاریگەری هەموویان دە پڕۆژەیەکی سەربەخۆدا تۆمار بکرێن. بۆ کەسێک کە دەو خاکەدا گەورە دەبێت ئەم فاکتەرانە یەکجار تایبەتن. ڕێزگرتن لەم فاکتەرانە بە ڕادەی شوناسی نەتەوەیی بۆ کوردەکان بایەخی هەیە. یەکێکی دیکە لەو هێڵە سەرەکییانە، مێژوو و کەیسی تڕاژیکی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادە. ئەم کەیسە یەکجار لای کوردەکان هەستیارە. بۆ وێنە کاتێک کە کوردەکانی ناوچە ژمارەی ٥٩ دەبینن یان دەبیستن، تووشی ڕامانێکی قووڵ دەبن و ئەمەش بۆ جامینێکی زۆر تایبەتی کوردەکان دەگەڕێتەوە کە بۆ ٥٩ لاوە ئێعدامکراوەکەی شاری مەهابادێیان هەیە. ئەو ژمارەیە برینێکی قووڵی یەک نەتەوە لەگەڵ خۆی هەڵدەگێڕێت کە هەتا ئێستا دەرمانێکی هەتاهەتایی نەکراوە.


کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە شێوەیەکی نەبڕاوانە لە دەستپێکی هاتنەسەرکار دژ بە مافەکانی ئێتنیکی کوردەکان هەڵسوکەوتی کردووە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک دژ بە بەهاکانی نەتەوەی کورد پلانی داڕشتووە. سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قینێکی زۆر تایبەتیان لە مەهابادییەکان هەیە چون هیچکات شەڕعییەتیان بە سیستەم نەدا. مەهابادییەکان نە دەنگیان بە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا و نە دە ئەو ڕێفڕاندۆمەدا بەشدارییانکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ی وەک سیستەمی سەروەر هەڵبژارد.

ئێعدامی ٥٩ لاوی کوردی مەهابادی، کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دە بەرانبەر ئەو سیاسەتە ژیرانەی خەڵکی مەهاباددا بوو کە قەت شەڕعییەتیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا. واتە یەک لەو باجانەی کە خەڵکی کورد دە پێناو هەڵوێستی سیاسی خۆیاندا داویانە، ٥٩ ژیانە. گەر مەهابادییەکان ئاوا نەجووڵابانەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو ٥٩ لاوە کوردەش ئێعدام نەدەکران. کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆلێرانسی ئەوەی نەبوو کە خەڵکی کورد شەڕعییەتی پێ نادات و هەربۆیە هەموو مێتۆدە ڕادیکاڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی کوردەکان تاقیکردەوە. بە کورتی دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەمە بنووسم کە کەیسی ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی مەهاباد، دەتوانێت نوێنەرایەتی پرسی کورد دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بکات، چون ئەو کارەساتە لە کاردانەوەی هاودەنگی کوردەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو.


ئەم باسە لایەنی زۆری هەیە کە دەبێ دانە بە دانە بەسەرکرێنەوە و لێوردبوونەوەی تایبەت بۆ هەرکام لە باسە جۆراوجۆرەکانی پێویستە. کەیسی ئێعدامکردنی ئەو ٥٩ گەنجە کوردەی مەهاباد لە دەیان پێرسپێکتیڤی جۆراوجۆرەوە دەبێ شرۆڤە بکرێت و بەم شێوەیە نییە کە بابەتێکی ئاوا کورت توانایی بەسەرکردنەوەیانی هەبێت. ئەمەی کە مەبەستی سەرەکی دەم نووسینەدا بووە، تایبەتمەندبوونی ئەو ٥٩ ئێعدامەیە کە وەک گوترا لە هێڵە سەرەکییەکانی کوردەکان (بە تایبەت هی مەهابادییەکان) دەژمێردرێت. هەستیاربوونی ئەو کەیسە دە کاتێکدا دەردەکەوێت کە کوردێکی مەهابادی لەگەڵ ژمارەی ٥٩ بەرەوڕوو دەبێتەوە.

٥٩ ژمارەیەکی ئاسایی نییە. لە کورترین فۆڕمدا ژمارەی ٥٩ دەکرێ بە واتای دەنگنەدان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێنرێت. واتە کاتێک کە دە شاری مەهاباددا یادی ئەو شەهیدانە دەکرێت، یادی ئەو مێژوویەش وەک سەروەرییەکی کوردەکان زیندوو دەبێتەوە کە کوردەکان دەنگیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دە ساڵانی ڕابوردوودا هەوڵی داوە کە بە شێوەی جۆراوجۆر بێڕێزی بە کوردەکان بکات. نیشانەکانی بەرنامەداڕشتنی تایبەت بۆ ئەم کارەیان زۆر بەدەرەوەیە. بۆ هەر مرۆڤێکی وریا و ئاگا ڕوونە کە دەنگ و ڕەنگ و ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک وەک چەکی دژ بە کوردەکان و فاکتەرە پیرۆزەکانی ئەوان بەکار دەهێنرێت. بەهۆی ئەوە کە باسەکە لەسەر ئێعدامە، چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ باسێکی سەربەخۆ دەهێڵمەوە. دێرەدا تەنیا ئاماژە بەو بێڕێزییە دەکەم کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەیسی ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی مەهابادی دەکات.


ڕۆژی ١٩ی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیی بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی شارەداری مەهاباد ڕایگەیاند کە ٥٩ پێگەی تایبەت بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” دابینکراوە.[2]

پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەندێکی مانۆڕ بە ژمارەی ٥٩ لێدابوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە دەکرا بسەلمێندرێت پلانداڕێژڕاو دەستی هێرشیان بۆ ئەو ژمارەیە درێژکردبوو، تەنیا لەبەر ناسیاسیبوونی باسەکان نەدەکرا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت. دەم هەواڵەدا کە ماڵپەڕی فەرمیی «هەواڵگەری کۆماری ئیسلامیی» بڵاویکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی کارگێڕانی ناوچەکەوە پەیامێکی شاراوە وەک بێڕێزیکردن بڵاوکردووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیتوانی بۆ وێنە شەست، پەنجا و پێنج، پەنجا یان حەفتا پێگە و بنکە بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” بکاتەوە. ئەوان پاش پتر لە سێ دەیە گەرەکیانە بێژن کە ئەو خەڵکەی ئامادە نەبوو دەنگ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات و هەربۆیە ٥٩ گەنجمان لێ کوشتن، ئێستا ئەوەندە بە بەربڵاوی لە دەنگدانەکاندا بەشدارن کە ناچارن دەیان بنکە بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” بکەنەوە و بە ئانقەستیش بۆ بێڕێزیکردن بەم پرسە، ژمارەی ٥٩یان هەڵبژاردووە و بە ڕادەی ژمارەی ئێعدامکراوانی لاوی مەهاباد دەو شارەدا بنکەی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنیان کردووەتەوە. دێرەدا جیا لەم بێڕێزییە پلانداڕێژڕاوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو خاڵی دیکەش جێگەی سەرنجە:

  • سیاسییە ڕێفۆڕمیستەکانی نێوخۆ یان بە ئانقەست لە ئاست ئەم بێڕێزییە بێدەنگ بوون، یان ئەوە کە ئەوەندە نائاگان کە بەم پلانانە نازانن و هەربۆیە لە شەڕعییەتدان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هاندەرن.
  • تاقمێک لە کوردە سیاسییەکانی دەرەوەی سنوورە جوگرافیاییەکانی ئێران هاندەری دەنگدان بوون.

بێڕێزیکردن بە کەیسی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد، نیشانەیەک لە ناژیاربوون و بێ‌ئەخلاقبوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەژمێردرێت.

سەرچاوە و ژێدەر:


[1]  پێشتر لەمبارەوە نووسراوە.

[2]http://www.irna.ir/fa/News/81970177/ visit 08.04.2017

پیش بینی 59 نقطه جهت تبلیغات انتخابات کاندیداها در مهاباد

مهاباد- ایرنا- مسئول روابط عمومی شهرداری مهاباد گفت: 59 جایگاه ویژه در مناطق مختلف شهر برای تبلیغات نامزدهای انتخابات مجلس شورای اسلامی پیش بینی شده است.

طاهر جنگلی روز جمعه در گفت و گو با خبرنگار ایرنا اظهار کرد: در این مکانها که در محلات مختلف شهر در قالب اماکن تبلیغاتی و در فضاهایی مساوی در نظر گرفته شده، هر یک از نامزدها طبق جدول اعلامی مجاز به نصب اقلام تبلیغاتی خود در این فضاها هستند.

وی افزود: این مکان ها که بیش از یکهزار متر مربع فضای تبلیغاتی می باشد، با هدف حفظ زیبایی شهر و جلوگیری از ایجاد آلودگی های بصری و تخریب دیوارهای شهر جهت تبلیغات نامزدهای انتخابات مجلس شورای اسلامی مشخص و پیش بینی شده است.

جنگلی افزود: طبق قانون، نصب تبلیغات خارج از اماکن پیش بینی شده، تخلف بوده و توسط عوامل اجرایی برچیده شده و پیگرد قانونی خواهد داشت.

وی اضافه کرد: کاندیداها و اعضای ستاد آنها فقط می توانند در محل ستاد نامزد مورد نظر و یا محل های مشخص شده از سوی شهرداری به انجام تبلیغات محیطی بپردازند.

جنگلی گفت: طبق قوانین مربوط به انتخابات، نصب هر گونه بنر، پارچه و پوستر بر روی دیوارها و درختان غیرقانونی بوده و شهرداری نسبت به جمع آوری آنها اقدام خواهد کرد.

مسئول روابط عمومی شهرداری مهاباد اظهار کرد: فضای مورد نیاز برای تبلیغات این کاندیداها به اندازه کافی در مناطق مختلف شهر تعیین شده و نیازی به استفاده از محیط های شهری در این زمینه نیست.
وی تاکید کرد: همه کاندیداها پیش از زمان تبلیغات در جلسه ای کاملا توجیه شده و ضوابط و چارچوب های قانونی تبلیغات برای آنها توضیح داده شده است و از این رو در صورت مشاهده هرگونه تخلفی در این زمینه از طریق دایره حقوقی شهرداری این تخلفات از طریق قانونی پیگیری خواهد شد.

در دهمین دوره انتخابات مجلس شورای اسلامی در مهاباد 12 نامزد با یکدیگر برای کسب یک کرسی به رقابت خواهند پرداخت.

از آذربایجان غربی 12 نفر راهی مجلس شورای اسلامی خواهند شد که سهم ارومیه سه نماینده، میاندوآب، شاهین دژ، تکاب دو نماینده و سهم هر کدام از حوزه های انتخابیه هفت گانه ماکو، شوط، پلدشت، چالدران ـ خوی، چایپاره ـ سلماس ـ نقده، اشنویه ـ مهاباد ـ بوکان و پیرانشر، سردشت یک نماینده است.
در انتخابات هفتم اسفندماه از استان آذربایجان غربی 12 نماینده برای دهمین دوره مجلس شورای اسلامی و سه نماینده برای پنجمین دوره مجلس خبرگان رهبری و یک نماینده نیز به عنوان منتخب اقلیت های دینی برای مجلس انتخاب خواهند شد.

شهرستان های ارومیه، خوی، سلماس، ماکو، نقده، پیرانشهر، مهاباد، بوکان و میاندوآب 9 مرکز حوزه اصلی و شهرستان های شوط، پلدشت، چالدران، چایپاره، اشنویه، سردشت، شاهین دژ و تکاب هشت مرکز و حوزه فرعی انتخابات در آذربایجان غربی اعلام شده است.

6185/1905

ئەم بابەتە بە شێوەی پی‌دی‌ئێف دەم بەستەرەی ژێرەوەدا خەزنکراوە.

https://executionofkurds.files.wordpress.com/2017/04/59.pdf

وێنەی بابەتەکەش لە ژێرەوە دانراوە.

59_Page_1

 

ئێعدام دە نێوان «کۆنوانسیۆنی مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و چەواشەکاری‌دا

پەروەندەی کوردە سیاسییەکان دە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ڕادەستی دادگای گشتی ناکرێت. ئەو جۆرە کەیسانە لە لایەن «دادگای شۆڕش» حوکم دەدرێن. بە گشتی ئەو کەیسانەی کە ڕادەستی دادگای شۆڕش دەکرێن بریتین لە:

  • هەموو ئەو تاوانانەی کە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیین و یان مۆحاڕێبە و فەسادی سەر زەوی دەژمێردرێن.
  • ئیهانەکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران (خۆمەینی) و ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
  • خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت و یان خاپوورکردنی دەزگاکانی حکومەتی بە مەبەستی دژایەتیکردنی حکومەت.
  • سیخوڕیکردن بۆ بێگانە.
  • هەموو تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و قاچاغ.
  • ئەو تاوانانەی کە دە ئەسڵی چل و نۆی دەستووری بنەڕەتیدا دەستنیشانکراون.[1]

یەک لە خاڵە گرنگەکانی پێوەندیدار بە پرسی ئێعدام دە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە هەرکات بۆ وێنە دادگای شۆڕش حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسیی ببڕێتەوە، ئەو حوکمە شەڕعییەتی بەڕێوەبردنی نییە و پێویستە بۆ دروستبوون یان نادروستبوونی حوکم، پەروەندەی کوردە سیاسییەکە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بکرێت.[2]

یەک لە تایبەتمەندییەکانی دادگای شۆڕش‌یش ئەوەیە کە تەنیا یەک دادوەری هەیە و گەر دادوەر حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسی ببڕێتەوە، پەروەندە و حوکمەکەی دەبێ بۆ دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بنێردرێت و گەر حوکمەکە لە لایەن یەک لەو دوو پێگەیە پشتڕاست بکرێت، ئێعدام بەڕێوەدەچێت.[3] خاڵێکی دیکەش کە دەبێ فۆکووسی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە کوردەکان دە دادگاکانی شۆڕشدا لەسەر تاوانی مۆحاڕێبە دادگایی دەکرێن. پێشتر لەمبارەوە نووسیومە کە پۆلێنبەندیکردنی فکری سیاسی کوردەکان بە مۆحاڕێبە بە مەبەستی چەواشەکردنی پرسی سیاسی کوردەکان ئەنجام دەدرێت. دێرەدا لەسەر یەک لە هۆکارەکانی ئەو چەواشەکارییەی سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش دە مێژووی سیاسی نێوان کوردەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەر کوردەکان‌دا سەپا.[4] کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕێگەیەکی بۆ دیالۆگ و چارەسەری دیپڵۆماتیک لەمەڕ پرسی کورد لەگەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینەی کوردەکان نەهێشتەوە. خۆمەینی کە ڕێبەڕی ئێرانییەکان بوو، لە ڕێگەی ناقانوونیناساندنی حیزبەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەموو ئەو مافە ئێتنیکییانەی کوردەکانی کرد کە دە دەستووری بنەڕەتی‌دا پێشێلکرابوون.

دە قانوونی ئەو سیستەمەدا سزای خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت، ئێعدامە، بەڵام دە گەڵاڵەکردنی ئەم دەقە لە قانووندا سانسۆڕێکی سیستەماتیکی مێژوو و پرسی کورد کراوە. هەموو ڕاگەیاندن و لێدوانە فەرمییەکانی نوێنەرانی ئێران و کوردەکان لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران دەبەردەستدا هەن. کوردەکان بە بەردەوامی وەک سیاسەتی سەرەکی خۆیان دیالۆگیان هەڵبژارد و باوەشیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە بوو. تەنانەت پاش سەپاندنی شەڕ لە سنە هێشتا کوردەکان باوەشیان بۆ دیالۆگ ئاوەڵا بوو. سەپاندنی شەڕی نەغەدە و بەڕێوەبردنی کوشتاری زۆر هەژێنەر (بۆ وێنە کۆمەڵکوژی قاڕنێ) لە لایەن نزیکانی خۆمەینی‌یەوە ڕێگە بۆ هیچ دیالۆگێک ناهێڵێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەمووە جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە، دیسان کوردەکان تۆلێرانسی باڵای خۆیان نیشاندا و بە هیوای «دامەزرانی کۆمەڵگایەکی پڕ لە ئاشتی و عەداڵەت» و «پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ» ئامادەبوون لە پشت میزی دیالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی تاران دابنیشنەوە. جیا لەوە کە کەش و هەوای ستانداردی دیالۆگ لە لایەن ڕادیکاڵەکانی تارانەوە بە بەردەوامی خەوشەدار دەکرا، هەگبەی نوێنەرانی تاران دە کاتی دیالۆگیشدا شتێکی ئەوتۆی بۆ کوردەکان پێ نەبوو. نوێنەرانێک کە لە تاران ڕا بۆ دیالۆگ دەنێردران، تەنانەت مافی ئەوەیان نەبوو کە کاخەزێک واژۆ بکەن و ئەو ئێعتبار و کرێدیتەیان نەبوو کە گەر لەسەر کۆمەڵێک خاڵ لەگەڵ کوردەکان ساغ ببنەوە، هەرلەوێ گەڵاڵە و واژۆی بکەن و وەک پەیمانێکی سازان لەگەڵ نوێنەرانی کورد بژمێردرێت کە هەر دووک لایەن پێی پابەند بن. دە هیچکام لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئەوکاتدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە نوێنەرانی تاران دە کوردستان‌دا ئەو پێگەیەیان پێ درابێت کە مافی بڕیاڕدانیان هەبووبێت. خۆمەینی کە ڕێبەڕی تارانی بە دەستەوە بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو نوێنەرانی کورد ملکەچی ئەو دەستوورە بنەڕەتییە بن کە دانی بە هەموو مافە ئێتنیکییەکانی کورد بە پێی ئەو کۆنوانسیۆنانەدا نەدەهێنا کە ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆیکردوون. دە کۆتاییشدا هەر خۆمەینی بوو کە بۆ هەتاهەتایە ڕێگەی دیالۆگی لە کوردەکان بەست و جیا لەوە کە حیزبە کوردییەکانی بە ناقانوونی ناساند، شەڕی دژی کوردەکان ڕاگەیاند.

لێوردبوونەوە لە کۆنوانسیۆنێک دێرەدا لەم چەند ڕوویەوە پێویستە:

  • یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان.
  • دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان.

یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان:

بۆ ئەوە کە لە لەیەکگرێداربوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان دڵنیا بین، پێویستە کە سەرنج بە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بدرێت کە ئێران یەک لە واژۆکەرانی ئەو پەیمانە نێونەتەوەییە.

ئەو کۆنوانسیۆنە دە ڕێکەوتی ٤ی ٤ی ١٩٦٨ی زایینیی‌دا (١٥ی ١ی ١٣٤٧ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن نوێنەری ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند و واژۆ کرا. دواتر دە ڕێکەوتی ١٤ی ١١ی ١٩٧٢ی زایینی‌دا (٢٣ی ٨ی ١٣٥١ی کۆچی هەتاوی) لای «مەجلیسی شۆڕای نەتەوەیی» ئێران پەسەند کرا و دواتریش دە ڕێکەوتی ٧ی ٥ی ١٩٧٥ی زایینی‌دا (١٧ی ٢ی ١٣٥٤ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن «مەجلیسی سەنا»ی ئێران پەسەندکرا.[5]

گرنگی ئەم کۆنوانسیۆنە لەبەر ئەوەیە کە فۆکووسی لەسەر پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کردووە.

دەو کۆنوانسیۆنەدا دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم بەم شێوەیە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کراوە: «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. بە پێی ئەو مافە، ئەوان بۆخۆیان ئازادانە بڕیاردەری ستاتووسی سیاسی خۆیانن و خۆیان ئازادانە پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان دابین دەکەن.»[6]

پاش ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی دە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو کۆنوانسیۆنانەی وەک پەیماننامەگەلێکی پەسەند قبووڵ بووە و گۆڕانێک لە باری ڕوانین دە ئارادا نەبووە. ماڵپەڕی فەرمی «مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی» کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ دەقی فارسی ئەو کۆنوانسیۆنەی وەک بەڵگەیەکی پەسەند بە شێوەی فیزیکی و ئەلێکتڕۆنی بەچاپگەیاندووەتەوە.[7]

دە بەشێکی دیکە لەم کۆنوانسیۆنەدا ئاماژە بە مافی ژیان کراوە کە دە شەش خاڵدا گەڵاڵەکراوە. دە خاڵی یەکەمدا سەبارەت مافی ژیانی هاتووە کە هەر مرۆڤێک دە بنەڕەتدا مافی ژیانکردنی هەیە و ئەم مافەی دەبێ لە لایەن قانوونەوە بپارێزرێت و نابێ هیچ مرۆڤێک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەو مافە بێبەرکرێت.[8]

دە خاڵی دووهەمدا ئاماژە کراوە کە هەر وڵاتێک سزای ئێعدام بەکار دەهێنێت، جیا لەوە کە حوکمی ئێعدام لای ئەوانیش بە ناڕەوا دەزانرێت، حوکمی ئێعدامکردنەکە نابێ دژایەتی لەگەڵ «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» هەبێت.[9]

دە خاڵەکانی دواییشدا فۆکووس لەسەر پرسی ئێعدام کراوە. مەبەست ئەوەیە کە دە هەمان کۆنوانسیۆندا کە وەک پەیمانێکی نێونەتەوەیی لە نێوان ئەندامانی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ مافەکانی مەدەنی و سیاسی واژۆکراوە، ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام کراوە. کارناسان، سیاسەتوانان و مافناسانی داڕێژەڕی دەقەکانی ئەو کۆنوانسیۆنە بە تێبینییەوە ئەم دوو پرسەیان لەگەڵ یەک دە کۆنوانسیۆنێکدا هێناوە، چون شیمانەی ئەوەیان دەکرد کە لەوانەیە بە تاوانی چالاکی سیاسی بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، حوکمی ئێعدام بەسەر چالاکێکی سیاسی‌دا بسەپێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەم ڕێگەی دیالۆگی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەست و هاوکات شەڕی بەسەر کوردەکان‌دا سەپاند، نادروستە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک واژۆکەرێکی ئەو کۆنوانسیۆنە، کوردێکی سیاسیی بە تاوانی کوردبوون و خوازیاربوونی بەفەرمیناساندنی مافە ئێتنیکییەکانی کورد ئێعدام بکات، چون دە سەرەتای ئەو کۆنوانسیۆنەدا ڕێز لە ئەو مافە ئێتنیکییانە بۆ کوردەکان دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس گیراوە. مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە و هەربۆیە دە یەک پەیماننامەی نێونەتەوەییدا لەژێر ناوی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» گەڵاڵە کراون.

دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان:

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تۆلێرانسی بۆ بوونی فکرێکی مافخوازانە دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نییە، ماشێنی ئێعدامکردنی هەردەم بە خوێنی کوردە سیسییەکان سوور بووە و بۆ ئەوەی ئێعدامی کوردەکان وەک پرسێک دە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا زەق نەبێتەوە، دە پۆلێنبەندیکردنی تاواندا چەواشەکاری دەکات. بۆ گەییشتن بە ئامانجیش لە دین وەک کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێت و چەواشەکارییەکەی پێ سەرپۆش دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» ئەرکی ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکانی هەیە و هاوکات مافی ئەوەی نییە کوردەکان بە تاوانی بوونی فکرێکی سیاسیی ئێعدام بکات. کوردە سیاسییەکان لەسەر فکرێک ئێعدام کراون کە بریتی بووە لە مافە ئێتنیکییەکانی کورد کە زۆرینەی دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا مسەوگەر دەبن. واتە گەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان بە فەرمی ناسێندرابا، بەشێکی بەرچاو لە ئێعدامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاننەدەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە بە دەستێکی ئاوەڵاوە کوردە سیاسییەکان ئێعدام بکات و کێشەیەکی لە ئاست واژۆکردنی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بۆ نەیەتە پێش، تاوانی کوردە سیاسییەکان بە مۆحاڕێبە پۆلێنبەندی دەکات. ئەو سیستەمە لە ڕێگەی پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان بە «شەڕ لە بەرانبەر خودا» و «فەساد لەسەر زەوی» چەواشەکاری خۆی ئەنجام دەدات و کڵاوێکی شەڕعی بۆ بەڕێوەبردنی قینی تایبەتی خۆی بەرانبەر کوردە سیاسییەکان دەکار دەگرێت بۆئەوەی دە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و بە تایبەتی لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان زەق نەبێتەوە.

چەواشەکاری فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقەکانی کۆنوانسیۆن‌دا

بۆ من کە پتر لە دە ساڵە لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسە تڕاژیکەکانی کوردەکان و «چەند گرووپێکی ئێتنیکی دیکە دە پێوەندی بە پرسی کورددا» دەکەم، زۆرجار وەبەرچاوم کەوتووە کە دەقی جۆراوجۆر کە بە حاستەم قازانجی کوردەکانی تێدا بووە، لای فارسەکان دە کاتی وەرگێڕاندا چەواشە کراوە. ئەوەی کە تا بە ئێستا بینیومە، سەلمێنەری ئەم کارەساتەیە کە قەڵەمبەدەستانی فارس لە پێنووسی خۆیان وەکی پاسدارێکی مناڵکوژ کەڵکی نادروستیان وەرگرتووە. ئەوان بە ئانقەست لە ڕێگەی وەرگێڕانێکی نادروست، سیلەیان لە بەرژەوەندییەکانی گەلانی غەیری فارس گرتووە. نموونە بۆ سەلماندنی چەواشەکاری فارسەکان لەمبارەوە یەکجار زۆرە، بەڵام بۆئەوە لە باسەکە دوور نەکەوین، دێرەدا قامک لەسەر نموونەیەک لەو چەواشەکارییانە دادەنێم کە دە وەرگێڕانی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بە شێوەیەکی مەبەستدار ئەنجامدراوە.

بۆ هەر مرۆڤێک کە ئاشنایی لەگەڵ زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی هەبێت، دەزانێت کە بۆ ”نەیشن” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا دروستە و دەزانێت کە بۆ ”پیپڵ” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا هەیە.

دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم، ڕستەی یەکەم لە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی»دا نووسراوە کە «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە.»

دەقی ماک لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیەی ژێرەوەیە:

All peoples have the right of self-determination.[10]

دەقی وەرگێڕانی فارسی بەم شێوەی ژێرەوەیە:

«کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»[11]

فارسەکان دەو شوێنەدا کە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووس کراوە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانیان بە خودموختاری نەتەوەکان تۆمارکردووە. هەموو شارەزایەک ئاگادارە کە فارسەکان زۆر بە تێبینییەوە لە تێڕمە سیاسییەکان کەڵک وەردەگرن. فارسەکان سەرەڕای ئەوە کە کوردەکان، عەڕەبەکان، ترکەکان، بەلووچەکان و ترکەمەنەکانی نێو ئێران خۆیان پێ نەتەوەیەکی جیاواز لەچاو فارسەکانە، هەرکات لەسەر پۆلێنبەندیکردنی ئەوان بە قەوم پێداگرییان کردووە و نەتەوەیەک بەو ناوانە جگە لە نەتەوەی ئێران بە دروست نازانن، بەڵام بۆئەوە کە ئەو جۆرە کۆنوانسیۆنانە دە نێوخۆدا کێشەیەکیان بۆ سازنەکات، دە وەرگێڕانی دەقەکاندا دەستکاری پێویست دەکەن. کە سەرنجی دەقە فارسییەکە بدەین، نالۆژیکبوون و نادروستبوونی دەق زەق و بەرچاوە، چون «مافی خودموختاری نەتەوەکان» واتایەک نابەخشێت. یانی چی « کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»؟

نەتەوەکان بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لای زۆربەی کۆمەڵگاکان و خودی ئێرانییەکان کراوە، خاوەنی سەربەخۆیین. چۆن دەکرێ دە گەڵاڵەکردنی دەقێکدا ئەمەندە نائاگا بن کە خودموختاری وەک مافی ڕەوای نەتەوە سەربەخۆکان بناسن.

گزەکردن و چەواشەکاری فارسەکان هەر لەم یەک ڕستەیەدا، لە شوێنێکی دیکەش ئەنجامدراوە. سەرنج بدەن کە دە دەقی ئینگلیسیدا باس لە مافی بڕیار لەسەر چارەنووس کراوە، بەڵام فارسەکان بە خودموختاری وەریانگێڕاوە. دێرەدا پێویست ناکات کە زۆر ڕوونکردنەوە لەمبارە بکرێت، چون هەڵەبوونی وەرگێڕانەکە و چەواشەکاربوونی فارسەکان دە وەرگێڕاندا زەق و بەرچاوە.

شارەزایان دەزانن کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان دەکرێت بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن گەلانەوە گەڵاڵە بکرێت کە خودموختاری یەک لەوانە. گەلێک دەتوانێت پاشەڕۆژ و چارەنووسی خۆی بە شێوەی سەربەخۆیی گەڵاڵە بکات، بەڵام فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆن بۆ سەر زمانی فارسی چەواشەکارییان دە ئەم بەشەشدا کردووە.

فارسەکان دە وەرگێڕانەکەدا سنووری ئەخلاق و حوڕمەتی نێونەتەوەیی و مافی هەموو گەلانی ژێردەستی خۆیان خەوشەدارکردووە. بۆ ئەوان تۆلێرانسێک بۆ ئەوە نییە کە هەر گەلێک لەسەر پاشەڕۆژ و ستاتووسی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆی بڕیار بدات و بۆئەوە کە لەمبارەوە کێشەیەکی زۆرتریان دە نێوخۆدا بۆ سازنەبێت، دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا بە ئانقەست ئەم چەواشەکاریانە ئەنجام دەدەن.[12]

سەرچاوە و ژێدەر:

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1]  بڕوانە مادەی پێنجەم دە قانوونی پێکهێنانی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی کە دە ڕێکەوتی ٦ی ٧ی ١٩٩٤ی زایینی پێداچوونەوە و نوێ کرا. بە هەمان شێوە بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٤

تێبینی: ئەم قانوونانە دە ڕێکەوتی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٠٢ی زایینی‌دا سەرلەنوێ پێداچوونەوە کران، بەڵام ئەم بەشە کە دێرەدا هاتووە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات.

[2]  بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٣

[3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[4]  دە پەرتووکێکدا کە بە زمانی نەروێژی لەسەر کوشتاری خەڵکی سیڤیلی قاڕنێ نووسیومە، بە وردی وەنێو ئەم باسە بە شێوەیەکی کڕۆنیکل کەوتووم.

[5]  بڕوانە پێشەکی «قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی» کە لە لایەن ”ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوبووەتەوە.

[6]  لە دوو سەرچاوەی ماک بە زمانەکانی نەروێژی و ئینگلیسی کەڵک وەرگیراوە. بڕوانە:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 1, Art 1., 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[7]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

تێبینی: پاش ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی، هیچ مەرجێک و تێبینییەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەم کۆنوانسیۆنە ئاراستەی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکراوە و وەک سیستەمی پەهلەوی ئەو پەیماننامەیان بەبێ مەرج پەژراندووە.

[8]  سەرچاوە نەروێژی و ئینگلیسییەکەی ئەم بەشە لە کۆنوانسیۆن:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 3, Art 6, 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART III, Article 6, 1.

[9]  بڕوانە خاڵی دووهەم دە هەمان سەرچاوەی پێشوودا.

بۆ خوێندنەوەی «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید، وەرگێڕانی سۆران کەرباسیان، ئۆسڵۆ ٢٠١٤

لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن بیخوێننەوە:

https://harikar.wordpress.com/2014/09/10/convention

[10]  United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[11]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

[12]  پێویستە ئەمەش بگوترێت کە دێرەدا بە پێی ئەو کە پارڵەمانەکانی دوو سیستەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە، دە نووسیندا لە ناوی فارس کەڵک وەرگیراوە. ئەم کۆنوانسیۆنە لە لایەن نوێنەرانی فارسەکان بەو شێوە چەواشەکارانە وەرگێڕدراوە سەر زمانی فارسی و دواتر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە سەر دەستهەڵات، هیچ گۆڕانێکی بەسەر دەقەکاندا نەهێناوە و وەرگێڕانی سەردەمی پەهلەوی بە دروست ناساندووە. ئەو پارڵەمانانە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە و هەربۆیە ئاساییە کە بێژین فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا ئەمانەتی پێویستیان نەپاراستووە و بە شێوەیەکی نامرۆڤی دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلان سنووری ئەخلاقیان بەزاندووە و چەواشەکارییان دە وەرگێڕانی دەق بۆ سەر زمانی فارسی ئەنجامداوە.

پرسی ئێعدام، پرسی کوردە

‌ئێعدامی سیاسیی یەک لە برینە قووڵەکانی نەتەوەی کوردە کە وێڕای هەموو سترێس و تراومایەکی کە بۆ تاکی کوردی خوڵقاندووە، نەیتوانیوە شانازیی کوردبوون لە ئەندامانی ئەو نەتەوەیەوە بستێنێت. نامە و وەسیەتنامەکانی ئێعدامکراوانی کوردی سیاسیی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سەرەڕای ئەوەیکە ئێعدامکراوانی سیاسیی کورد بڕوایەکی قووڵیان بە مافی ژیان هەبووە، بەڵام پەتی سێدارەیان وەک بەڵگەی بوونی خۆیان و ناسنامەی کوردبوونیان هەڵبژاردووە. هەر لەسەر ئەم هزر و بیرکردنەوەش بووە کە بۆ وێنە پێشەوای کوردەکان پرسی ئێعدامی خۆی بە هەموو نەتەوەی کورد گرێدابوو و گوتبووی کە داگیرکەران ناتوانن بە ئێعدامکردنی ئەو پرسی کورد ون بکەن.[1] هەر لەبەر ئەوەشە کە داگیرکەرانی کوردستان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە لە ڕێگەی پاشگەزکردنی کوردانی سیاسیی، کاریگەری نەرێنی لەسەر کوردەکان دابنێن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە پرسی کورد لە ڕێگەی کوردانی سیاسییەوە بێبایەخ بنوێنن، بەڵام دەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوون.  بۆ وێنە شیرین عەلەم هولی لە دوایین نووسراوی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانییەوە داوای لێ کرابوو واز لە کوردبوونی خۆی بهێنێت، بەڵام ئەو گوتبووی کە ناتوانێت نکولی لە ناسنامەی خۆی بکات.[2]

سزای ئێعدام  کاردانەوەیەکی یەکجار ڕادیکاڵ و نامرۆڤانەی داگیرکەرانی کوردستان بەرانبەر بە پرسی سیاسی و شوناسی کوردەکانە. ئەو سزایە، لای کوردەکان نامۆ نییە و بەو شێوەیە نییە کە کوردێکی سیاسیی لە سەرەتای خەباتەوە بیری لێ نەکاتەوە. هەر کوردێکی سیاسیی ئەوە دەزانێت کە ئێعدام وەک کەرەستەیەکی سەرکوتکردن لە لایەن داگیرکەران بەکار دەهێندرێت، بەڵام بۆ وەدیهاتنی ئاواتی دێرینی کوردەکان ئەو ڕێگە مەترسیدار و دڵتەزێنە هەڵدەبژێرێت و خوازیارە بە ڕیسککردن لەسەر مافی ژیانی خۆی، درێژە بە خەباتێکی نەپساوانە و خوێناوی جیلەکانی ڕابوردووی خۆی بدات. دەکرێ ئاوا بێژین کە یەکەم هەنگاوی کوردێکی سیاسیی دە پڕاکتیک‌دا ئیگنۆرکردنی سزای ئێعدامە. بۆ وێنە ناسر خۆشکەلام کە نموونەیەک لەو کوردە سیاسییانەیە و لەسەر کوردبوون و پێداگریی لەسەر پرسی شوناس ئێعدامکرا، دە نامەیەکدا بۆ هاوسەرەکەی بەم شێوەیە باسی یەکەم هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئێعدام کردبوو:

«له بیرم دێ له یه‌كه‌م ژوانمان‌دا باسی گرتن و كوشتن و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریمان ده‌كرد. ده‌ی ئه‌وه ئێستا كاتی تاقیكاریه. به هێز به. خۆت ڕاگره و مه‌هێڵه دوژمنان شادبن. من به بیر و بڕوایەكی كه به داهاتووی نیشتمان هه‌مه، سه‌ر ده‌نێمه سه‌ر خاك. كەوابوو مه‌هێڵه تۆزی غه‌م و په‌ژاره داتبگرێ، وایش نه‌بوایه من هه‌ر ده‌مردم.»[3]

گرنگی و بایەخی ئەڤین بە ئازادی لای خۆشکەلام ئەوەندە زۆر بوو کە لە یەکەم دیدار و ژوانی خۆی و حەزەکەیدا قسەی لەسەر کردبوو. بۆ هەر مرۆڤێک کە بە حاستەم لەگەڵ کولتوور و کۆمەڵگای کوردستان ئاشنا بێت، دەزانێت کە یەکەم ژوانی ئەڤیندارێک پڕە لە سترێسی ئەرێنی و نەرێنی. کۆمەڵێک حەز و مەیلیش کاریگەری تایبەتییان لەسەر چرکەکانی یەکەم ژوانی ئەڤیندار دەبێت، بەڵام دەبینین کە خۆشکەلامی ئازادیخواز بەشێک لە چرکەکانی یەکەم ژوانی خۆی بە پرسی کورد و ئەگەری ئێعدامکردنی خۆی لە لایەن داگیرکەرانی ئێرانی تەرخان کردبوو.

هەموو ئەو نامە و وەسیەتنامانەی کە لە کوردە سیاسییە ئێعدامکراوەکان جێماوە، باس لە ورەی بەرزی ئەوان بەر لە ئێعدامکردنیان دەکات. دلێربوونی ئەوان گرێدراو بە ناوچەیەکی تایبەتی کوردستان، زەمەنێکی تایبەت یان ڕەگەزێکی تایبەت نییە. ڕەنگە کوردەکان زۆرتر زانیارییان لەسەر هەڵوێست و دلێربوونی قازی موحەممەد و باقی شەهیدانی کۆماری کوردستان هەبێت، بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر دەربڕین و هەڵوێستی ئێعدامکراوەکانی کوردی سیاسیی دە زەمەن و شوێنی دیکەی کوردستان‌دا  باس لە هەمان هزر و ڕوانین دەکەن کە داگیرکەرانی کوردستانی تووشی هیستێریا کردووە. بە پێی سەرچاوە فارسییەکان، زێنەب جەلالیان کە لە یایانی هێژای خەباتکاری کوردەکان دەژمێردرێت، پاش ئەوە کە دە سەرەتادا بە حوکمی ئێعدام سزا درا، دە بەرانبەر حوکمی دادگای ئێران‌دا دلێرانە دەنگی هەڵبڕی و گوتی:

«من لە مردن ناترسێم، من پێشمەرگەی ئازادیم.»[4]

بە چاوخشاندنێک بەسەر دوایین گوتەی ئێعدامکراوانی کوردی سیاسیی‌دا دەبینرێت کە هەموویان چوارچێوەیەکی ئەخلاقی بۆ درێژەپێدان بە خەبات بۆ ئازادیی وێنا دەکەن و لەسەر درێژەپێدان بە ڕێبازێکی ئازادیخوازانە پێداگری دەکەن. ئاستی ورە و دلێربوونی ئێعدامکراوانی سیاسیی کورد  دە لوتکەدا دەبینرێت چون هەموویان لەسەر ڕەوابوونی فکر و هەڵوێستی خۆیان پێداگر بوون. دە گوێی کوردەکاندا هەرکات دەنگی فەرزاد کەمانگەر دەزرینگێتەوە کە گوتی: «بەهێز بە هاوڕێم.»[5] هیستێریای کۆماری ئیسلامیی ئێران دە کاتێکدا بە زەقیی دەبینرێت کە پاش بەکارهێنانی زۆر مێتۆدی نامرۆڤانەی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕەوانی نەیانتوانی فەرزاد کەمانگەر لە کوردبوون پاشگەز بکەنەوە.[6] هەربۆیە دروستە کە ئاوا بیر بکرێتەوە کە نووسین لەسەر ئێعدامی کوردە سیاسییەکان تەنیا بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەوان نییە، بەڵکوو بردنی ئەو باسە بۆسەر هێڵی ڕاستەقینەی پرسێکە کە پێوەندی بە ئازادی یەک نەتەوەی ژێردەستەوە هەیە. پرسی ئێعدام، پرسی کوردە.

 

سەرچاوە:


[1]  دەقی وەسیەتنامەی قازی موحەممەد دەتوانن لەم ماڵپەڕەدا بخوێننەوە.

[2]  بەشی کوردی ماڵپەڕی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، من بارمتەم؛ نامەی شیرین عەلەم هولی، ڕێکەوتی ٣ی ٥ی ٢٠١٠ی زایینیی

[3]  کوردیپێدیا، دوایین نامەی شەهید ناسر خۆشکەلام لە ژووری سێدارە بۆ دەستگیرانەکەی، بڕوانە بەستەری ژێرەوە

https://www.kurdipedia.org/?lng=1&q=2012022119095064288

[4]  بالاترین، زينب جلاليان، زندانی محکوم به اعدام: من از مرگ نمی‌ترسم، من پیشمرگ آزادی ام.

https://www.balatarin.com/permlink/2012/3/17/2968266

[5]  خبرگزاری هرانا، قوی باش رفیق؛ صدای منتشر نشدەای از فرزاد کمانگر

https://www.youtube.com/watch?v=YTyZ4NhAYZc

[6] بۆ زانیاری ورد لەسەر جۆری ئەشکەنجەکان بڕوانە: ڕەنجنامەی فەرزاد کەمانگەر

https://executionofkurds.files.wordpress.com/2018/01/rencname.pdf

 

 

پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.