کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

«‌کورد و شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران» لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی مێژووییە کە سۆران کەرباسیان بە دوای یەکدا ئامادەی دەکات و بە شێوەی ئەلەکترۆنی بۆ یەکەمجار لە ماڵپەڕی «ڕۆژی کورد» بەچاپدەگەییشت. لەم پڕۆژەیەدا هەوڵ دراوە کە مێژوویەکی بەڵگەمەند لەسەر ئەم زەمەنەی مێژووی کوردەکان تۆمار بکرێت کە تا بە ئێستا بە وردیی نەخراوە بەر لێکۆڵینەوە. خوێندنەوەی یەکەم ژمارە لەم زنجیرە بابەتانە بۆ ئێوە بە جوانیی دەردەخات کە کۆمەڵێک زانیاری بەڵگەمەند لەمەڕ ئەم مێژوویە بۆ یەکەمجار بە کتێبخانەی کورد زیاد دەبن. ئێوەی خوێنەری جددی دەتوانن بە ڕەخنە و تێبینییەکانی خۆتان یارمەتیدەر بن بۆئەوەی ئەم زنجیرە مژارانە بە شێوەیەکی باشتر ئامادە بکرێن.

لە ژێرەوە ژمارە بە ژمارەی ئەم زنجیرە بابەتە دادەندرێت و بە بەردەوامیی نوێ دەکرێتەوە.

هەر بژین

سۆران کەرباسیان

‌‌


بەشی ١

‌‌

ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی شۆڕشێک دە ئێران‌دا ڕوویدا کە توانی سیستەمی پاشایەتی تاکڕەوی ئۆتۆکرات لەسەر دەستهەڵات لابەرێت و لە ئەنجام‌دا سیستەمێکی کۆماری ئیسلامیی تێئۆکرات دەستهەڵاتی بە دەستەوە گرت. بەهۆی ئەوە کە هێشتاش زۆر بەڵگەی حکومەتان –بە تایبەتیی هی زلهێزان– لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ بڵاو نەبوونەوە، چەتوونە کە بە متمانەوە لەسەر پڕۆسەی ئەو شۆڕشە بدوێین. ڕەنگە هەرکام لە لێکۆڵەران و شرۆڤەکەرەڕامیارەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەوە هەبێ کە کام لە فاکتەرەکان کاریگەری بەرچاوتریان لە بەئەنجامگەیاندنی شۆڕشەکە هەبوو، بەڵام بە کورتیی دەکرێ لەسەر ئەم باسە کۆی خوێندنەوە زانستی و بەڵگەمەندەکان کورت بکەینەوە کە شۆڕش لە دوو پلەدا سەریگرت. لە پلەی یەکەمدا شای ئێران پشتیوانی نێودەوڵەتی خۆی –بە تایبەتیی پشتیوانی ڕۆژئاوایییەکانی- لەدەستدا و لە پلەی دووهەمیشدا لەبەر گوشار و زەختی لێنەبڕاوانەی ئێلیت، نەتەوەکانی نێو ئێران و لایەنە سیاسییەکان، موحەممەد رەزا پەهلەوی ناچارکرا حکومەتەکەی بە شێوەیەکی باوکئاسایی جێهێڵێت و باوکئاسایانەش لە ئافریقا کۆچی دوایی کرد.

‌لەسەر ئەوە کە چما ئەو شۆڕشە دەستیپێکرد و چلۆن سەرکەوت، لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە، بەڵام کتێبخانەی کورد لەم بارەوە بۆشاییەکی بەرچاوی تێدایە. بەم شێوەیەش نییە کە ئەم نووسینە بتوانێت بە وردیی لە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ئەو مێژوویە ورد بێتەوە، هەربۆیە پێویستە لەم بارەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆرتر بکرێت. بە تایبەتیی لەبەر ئەوە کە ئەم شۆڕشە و ئامانجەکەی کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی نیشتمانی کوردان داناوە، زۆر گرنگە کە بە بەردەوامیی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

‌هۆکارەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ بە شێوەیەکی گشتیی ڕوونن. لەسەر زەقکردنەوەی هۆکارێک لەچاو هۆکارەکانی دیکە ڕای جیاواز لە نێوان خاوەنڕایان هەیە. بەشێکی بەرچاو لە خاوەنڕایان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی دیاریکراو شرۆڤە و هەڵسەنگاندن لە نیوان هۆکارەکانی شۆڕش‌دا دەکەن. بۆ وێنە لایەنگرانی شا لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن کە ڕۆژئاواییەکان هۆکاری سەرەکی بوون و لە بەرانبەردا بە بەردەوامیی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگریی لەسەر ئەمە دەکەن کە گەندەڵی و بێ‌ئەخلاقییەکانی حکومەتدارانی پاشایەتی و ویست و خوازی ئایینی جەماوەر، هۆکاری سەرەکیی ئەو شۆڕشە بوون. لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی، شا بەوە تاوانبار دەکەن کە بێڕێزی بە پێگە و حوڕمەتی دین دەکرد. لە پەنای ئەمانەش باسی گەندەڵی و نەبوونی ئەخلاقی گونجاو لەچاو کۆمەڵگای ئێران و نەبوونی ئازادی بە هۆکارگەلێکی گرنگ دەژمێرن کە قینی خەڵکی بەرانبەر حکومەتی پاشایەتیی لێکەوتەوە. کەسانێکی دیکەش هەن کە زۆرتر پێداگری لەسەر پرسی ئابووریی ئێران و جیهان دەکەن و هەوڵ دەدەن کێشەی ئابووری وەک هۆکارێکی کاریگەرتر لەچاو هۆکارەکانی دیکە لەسەر شۆڕشی ڕووخێنەری حکومەتی پەهلەوی دەستنیشان بکەن.

موحەممەد رەزا پەهلەوی لەو کاتەوە کە باوکی لە دەستهەڵات کەوت، پاشایەتی ئێرانی بە دەستەوە گرت. هەر چەند کە لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، ئێران بە فەرمیی بێلایەنی خۆی لەمەڕ شەڕ ڕاگەیاند، بەڵام رەزا شا بە نهێنی پشتیوانی لە نازییەکان دەکرد.[1] هەر ئەمەش هەڵوێستی زلهێزان –بە تایبەتیی هی ئینگلیسییەکان-ی لێکەوتەوە و لە وڵاتی خۆی درەکرا، بۆئەوەی دوایین ساڵەکانی ژیانی لە ئاوارەییدا بەسەربەرێت.[2]

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن ئارشیڤی ئامریکاوە بلاو بوونەوە، رەزا شا بەر لەوە کە وەک کەسایەتییەکی سیاسیی دەست بە چالاکیی بکات، وەک مەیتەرێکی ئینگلیسییەکان کاری دەکرد.[3]،[4] وێنەیەک کە لە ژیرەوە داندراوە، پێوەندی بەو سەردەم هەیە کە لە پەرتووکی «بریتانیای مەزن و رەزا شا» وەرگیراوە.[5]

Reza Khan on sentry duty at a European legation before the coup d’état. Courtesy of the IICHS.

موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر نەخوێندەواریی باوکی دەبێژیت کە چەرمەسەری و کێشەگەلی زۆر، بوونە هۆکار کە باوکی خوێندن و نووسین فێرنەبێت.[6]،[7] «تاجەلملووک ئایرەملوو»ی بە ڕەچەڵەک ترکی ژنی رەزا شا کە دایکی موحەممەد رەزا بوو، لەمەڕ نەخوێندەواری مێردەکەی بەم شیوەیە وەڵامی ڕۆژنامەوانی کۆنفیدانسی چاپی پاریس‌ی دابۆوە:

«دایک و باوکی لە ڕەعیەتە ساکارەکان بوون و خۆشی هیچ خوێندەواری نەبوو.»[8]

سیاسەتێک کە پەهلەوی باوک (رەزا) لەڕاست داوای مافی ئێتنیکی و بیری ئێلیتی کۆمەڵگا هەیبوو، سەرکوتکردن و بەکارهێنانی زۆر بوو. دەرکردنی ئەو لە ئێران ڕێگەی نەفەسێکی تازەی بە نەتەوەکانی نێو ئێران بەخشی و بە دوای نەمانی ئەو دە ئیران‌دا و داگیرکردنی ئەو ولاتە لە لایەن بریتانیای مەزن و سۆڤیەت‌ەوە، چالاکی سیاسیی گڕ و تینی گرتەوە و کوردەکان کە خودموختارییان بۆ خۆیان پێکهێنابوو، لە دواییدا بە تەواویی لە حکومەتی ناوەندی دابڕان و دەوڵەتی جمهوری کوردستانیان ڕاگەیاند.[9] سیاسەتی توند و تیژیی پەهلەوی باوک کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر دۆخی ئێران دانابوو و هەربۆیە کاتێک کە زلهێزان پەهلەوی کوڕیان لە جیاتی باوکی دانا، لەگەڵ کۆمەڵێک پرس و قەیران بەرەوڕوو بۆوە کە بەبێ یارمەتیی ئینگلیس و ئامریکا نەیدەتوانی لەژێریان بڕواتە دەر.

موحەممەد رەزا پتر لە ٣٧ ساڵان دەرفەتی هەبوو هەتا هەڵەکانی باوکی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئەویش بە فۆڕمێکی دیکە درێژەی بە ناعەداڵەتی و گەندەڵییەکانی باوکی دا و پاش ئەوە کە ئیتر درەنگ ببوو و کۆنترۆڵی وڵات و جەماوەری بۆ نەدەکرا، وەک دوایین هەوڵ بۆ مانەوە لەسەر دەستهەڵات، دانی بە ناعەداڵەتیی، گەندەڵی و نەبوونی ئازادی لەژێر دەستهەڵاتی خۆی دانا و بەڵێنی دا کە لە دەرفەتیکی کەمدا چاکسازیی بکات و گۆڕان بەسەر هەموو سیستەم‌دا بهێنێت.[10]

دروستە کە شای ئێران خۆی دانی بە بوونی گەندەڵی و بێ‌ئەخلاقی و نەبوونی ئازادی دانا، بەڵام هۆکارەکانی شۆڕش تەنیا ئەمانە نەبوون کە شا لە گوتارەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردن.

شۆڕشی ١٩٧٩ هەم هۆکاری دەرەکی هەبوو، هەم ناوەکی. یەک لە هۆکارە دەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە، هەڕەشەیەک بوو کە موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ڕۆژئاوای کرد. ئەو لە ساڵی ١٩٧٣ی زایینی رایگەیاند کە کۆنتراکتی نەوتی ئەوان لەگەڵ چەند کۆمپانییەکی ڕۆژئاوایی لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی کۆتایی پێ دەهات. موحەممەد رەزا لە خودی کۆنتراکتەکە ناڕازی بوو و دەریبڕی کە کاتی خۆی لە ناچارییان کۆنتراکتێکی ئەوتۆیان واژۆ کردبوو. لە هەمان کاتیش‌دا ئەو گوتی کە کۆمپانیانییە بیانییەکان بەرژەوەندییەکانی ئێران‌یان نەپاراستبوو، هەربۆیە بە پشتیوانی ئەو هێزەی کە لەوکاتدا هەیبوو و لەسەر بنەمای ئەو پەرەسەندنەی کە تا ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی بۆ وڵاتەکەی پێشبینی دەکرد، بە ڕاشکاویی ڕایگەیاند کە کۆنتراکتی نەوت بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو کۆمپانیگەلە نوێ ناکاتەوە.[11] شا لە دوایین ساڵەکانی دەستهەڵاتی خۆیدا گەڕابۆوە سەر ڕێبازی باوکی و دژایەتی جوولەکەکانی دەکرد. لە بەشەکانی دادێ‌دا نموونە بۆ ئەم باسە دەخرێتە بەرچاو، بەڵام لێرە وەک نموونەیەک ئاماژە بە دیمانەیکی موحەممەد رەزا پێویستە. لەو دیمانەدا کە بە زمانی ئینگلیسی ئەنجام درا، موحەممەد رەزا بە شێوەیەکی نەرێنی لەسەر ڕاگەیاندنی جوولەکەکان و لابی ئەوان دوا.[12] پەیمانی سەنتۆ کە شا زۆری شانازیی پێوە دەکرد، پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو لەبۆ بلۆککردنی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا نەبوو. حیزبی تودەی ئێران کە تەواو دەستکردی سۆڤیەت بوو و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی سۆڤیەت‌دا چالاک بوو، دە هەموو شارەکانی ئێران‌دا جێگەی خۆی قایم کردبوو و یەک لە حیزبە گەورەکانی ناوچە بوو. ڕۆژئاواییەکان پێویستییان بە سیستەمێک هەبوو کە توانایی کپکردنی چەپ بە گشتیی دە ئێران‌دا هەبوا. سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتادا کەڵکی باشی لە لایەنە چەپەکانی نزیک لە سۆڤیەت وەرگرت، بەلام لە دواییدا گۆڕەپانی خەبات و چالاکی لە هەموویان قەدەغە کرد. لەسەر هۆکارە دەرەکییەکان زۆر زانیاری جۆراوجۆر بلاو بوونەوە کە بەشێکیان تەنانەت پێچەوانەی یەکترن. بۆ وێنە دانیشتنی زلهێزانی رۆژئاوایی لە گوادالۆپ بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩ لە لایەن گرووپێک بە جۆرێک باس دەکرێت کە گوایە لە گوادالۆپ بڕیاری لابردنی شای ئێران‌یان دابوو. دەستەیەکی دیکەش لەسەر ئەو بڕوایەن کە باسەکان لە گوادالۆپ لەسەر داهاتووی ئێران بوو. نووسەری ئەم دێڕانە تا ئێستاش راپۆرت و رێفێراتی دانیشتنەکانی گوادالۆپی فەرانسەی نەبینیوە و هەربۆیە بە دروست نازانێت لەم بارەوە شتێک جیا لەم ئاماژەیە بنووسێت. لەم دەنگۆیانە زۆرن کە بۆ وێنە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەرنامەیەکی لەپێشڕا داڕێژراو بوو و پێویست بوو چەکە کۆنەکانی حکومەتانی چەکفرۆش بە فرۆش بگەن. زۆربەی ئەم گرووپانە بە جۆرێک پیداگریی لەسەر ئەم هۆکارە دەرەکییانە دەکەن کە تا ئاستی بێبایەخنیشاندانی هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕش دەڕۆنە پێش. بۆ وێنە ئەشڕەف پەهلەوی لە نووسینی خۆیدا هەوڵی داوە کە زۆرتر لەسەر ڕۆڵی ئامریکا و جیمی کارتێر پێداگریی بکات و باس لەوە دەکات کە کارتێر نوێنەری نیزامی خۆی بۆ لەرزۆککردنی پێگەی شا بۆ ئێران نارد.[13] هەتا بەڵگە ڕۆژئاواییەکان بە تەواویی لەم بارەوە بلاو نەبنەوە، ناکرێ بە متمانەوە لەسەر دروستبوون یان نادروستبوونی ئەم تیۆرییانە شتێک بگوترێت. لە بەشەکانی داهاتوودا لە هەر شوێنێک سەرچاوەیەک لەم بارەوە هەبێت، بە شێوەی کرۆنیکل دەخرێتە بەرچاو.

بەر لەوە کە ئاماژەیەکی کورت بە هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ بکرێت، سەرنجی خوێنەر بۆ دەقی قسەکانی د. قاسملوو ڕادەکێشم کە زۆر بە ساکاریی ڕوونی کردبۆوە چما کوردەکان ئامادە نەبوون سیستەمی پاشایەتیی قبووڵ بکەن. د. قاسملوو پێی وابوو لەبەر ئەوە کە سیستەمی پاشایەتی دە ئێران‌دا پێگەیەکی جەماوەری نەبوو، هەربۆیە بە کۆمەڵێک دروشم و قسەی جوان دەستی بە کار کرد و لە دواتردا پەنای بۆ سیاسەتی سەرکوتکردن وەک تاقەئاڵتێرناتیڤی بەڕێوەبەریی برد. ئەو گوتی کە مێژووی هاوچەرخ نیشان دەدات کە نەبوونی پێگەی جەماوەری، حکومەتە پاشایەتییەکانی هان داوە بۆئەوەی سەر بە حکومەتە بیانییەکان بن. دوکتوور قاسملوو گوتی: ئێمە خوازیاری وڵاتێکین کە هەم دێمۆکرات بێت، هەم سەربەخۆ. دوکتوور قاسملوو پێی وابوو کە هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز دەبوایە بەم دوو هۆکارە دژایەتیی سیستەمی پاشایەتیی کردبا. ئەو لەو دیمانەدا گوتی:

«بەڵام ڕێگەم پێ بدەن با وەک نوێنەری حیزبی دێمۆکرات و کوردەکان هۆکارێکی دیکەش زیاد بکەم و ئەویش ئەوە کە ڕێژیمی پاشایەتی بۆ ئێمە (هەر لە ڕاستیشدا وا بووە) بریتییە لە کۆکردنەوەی هێز لە تاران، و ئێمەش کە خودموختاریخوازین، دژی کۆکردنەوەیەکی ئاواین. ئێمە بە پێچەوانە خوازیاری ئێران‌ێکین کە فێدراتیو بێت، سیاسەتی نەبوونی کۆکردنەوەی هێز لە ناوەند بەڕێوە بچێت، هەموو هێزەکان لە تاران کۆ نەکرێنەوە و …»[14]

لە ناو کەسایەتییە ناسراوەکانی فارس‌دا زۆرکەس لەسەر هۆکارەکانی شۆڕش دواوە. ئاماژەکردن بە ڕای هەرکام لەوان لەم باسەدا بە پێویست نازانرێت، چون لە راستیدا بە پێی بەرژەوەندییەکی سیاسیی کە هەیانە، هەرکام لەوان هۆکارێک زۆر زەق دەکەنەوە و هۆکارەکانی دیکەش سانسۆر دەکەن. بۆ وێنە «رەزا فازێلی» کە ناوێکی ئاشنا بۆ ئێرانی‌یەکانە، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە نەتەوەکەی لە دوو بەشی «کەمینەی خەیانەتکار و زۆرینەی گەمژە» پێکهاتبوو.[15] ئەو لە زۆر بەرنامەی جۆراوجۆردا هۆکاری ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیشی بۆ ئەم تایبەتمەندییە دەگەڕاندەوە. فازێلی لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە گەر نەتەوەکەی وشیار بوایە و تاقمێکی دەوروبەری شا خەیانەتیان نەکردبا، ئەو شۆڕشە ڕووینەدەدا. «بەهرام مۆشیری» کەسایەتییەکی ناسراوی دیکەی ئێرانی‌یەکانە. ئەو لە وەڵامی پرسیارێک‌دا کە لەسەر شۆڕشی ١٩٧٩ لیێییم پرسی، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە مەلاکان و خۆمەینی هاتنە سەر حازر و بزری، و زەحمەتێکی ئەوتۆیان نەکێشا. «مۆشیری» گوتی کە «مەلای کەللەکەر» بەهۆی «بێعورزەیی ئەرتەش» هاتە سەرکار.[16] موحەممەد رەزا پەهلەوی‌ش لە دیمانەیەکدا کە لە پاناما لەگەڵی کرا، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە شۆڕشی ١٩٧٩ و لەدەستدانی دەستهەڵاتەکەی ویستی خوا بوو.[17]

دێرەدا چەند هۆکارێک لە گرنگترین هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ دەستنیشان دەکرێن و لە درێژەی ئەم زنجیرە مژارانەدا هەوڵ دەدرێت بە پێی پێویست گەرانەوەیان بۆ بکرێت. لە تەنیشت ئەمانەشدا هۆکارگەلی دیکە هەبوون کە کاریگەرییەکی کەمڕەنگتریان هەبووە و لە قەراخ باسە سەرەکییەکاندا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێکی کورت لەوانیش بدرێنەوە.

یەک لە هۆکارەکانی ئەو شۆڕشە مێژوویەکی تاڵ و وەپشتگوێخستنی بەڵینیگەلێک بوو کە لە لایەن پەهلەوی کورەوە بە خەڵک درا. کاتێک کە باوکی لە ئێران دەرکرا، دەستهەڵاتی موحەممەد رەزا بە دروشمگەلێک دەستیپێکرد کە هەڵگری کۆمەڵێک بەڵینی بوون. شا لە دەرفەتێکی باش‌دا کە هەیبوو، بەڵێنییەکانی نەبردە سەر و هەربۆیە متمانەی خۆی بۆ جاری یەکەم لە سەرەتاوە لەدەستدا. دواتریش کە ئێران گەرەکی بوو لە ڕێگەی دەوڵەتی «مۆسەددێق»ەوە تامی دێمۆکراسی بچێژێت، موحەممەد رەزا پەهلەوی پەنای بۆ بێگانە بیانییەکان و تێڕۆریست و پیاوکوژەکانی نێوخۆیی برد. ئەو تۆلێرانسی ئەو گچکە ئازادی و دەوڵەتە جەماوەرییەی نەبوو و هەربۆیە دەوڵەتی مۆسەددێقی لەسەرکار لابرد.

بێ‌ئەخلاقیش لە نێو کۆشک و کەسانی نزیک لە پاشای ئێران شتێکی شاراوە نەبوو. هەرچەند کە بەشێکی گرنگ لە کارنامەی بێ‌ئەخلاقییەکانی ئەو بنەماڵەیە لە دواییدا ئاشکرا بوو، بەڵام کۆمەڵگای ئێران توانای قبووڵکردنی ئەو بەشەشی نەبوو کە لێی ئاگادار بوون. *[پێوەری ئەخلاق لە لایەن نووسەری ئەم بابەتە دیاریی نەکراوە. پێوەر کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێرانی بە زۆرینە شیعەی دوازدە امامی‌یە. لە درێژەی ئەم نووسینەشدا هەر بەم پێوەرە لەسەر ئەم باسە دەنووسرێت.]

هۆکارێکی دیکەی شۆڕشی ١٩٧٩، بۆ رێفۆرمێک دەگەڕاوە کە شا بە ناوی شۆڕشی سپی ناودێری کرد کە لە دواییدا راگەیاندنەکانی حکومەتی پاشایەتی بە شۆڕشی شا و خەڵک‌یش ناویان دەبرد. جیا لەوە کە بەرنامەی درێژخایەنی رێفۆرمی شا لە باری ئابوورییەوە لە لایەن پسپۆڕانەوە چووەتە ژیر پرسیار، دەکرێ بە متمانەوە بێژین کە رێفۆرمی شا نەیتوانی ئازادی بە خەڵک بدات. رێفۆرم، بەرنامەیەکی گەڵالەکراوی سەر کاخەز بوو کە هەڵگری هیچ گۆڕانێک لەمەڕ سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادیخوازان‌ نەبوو. حقووقی پێشێلکراوی گرووپە ئێتنیکییەکان و نەتەوەکانی نێو ئێران وەک پێش سەردەمی رێفۆرم مابۆوە و بەرنامەکانی پێشکەوتن و گۆڕانی شا، هیچ ئاوڕێکی لەو پرسە جددیانە نەداوە.

لە پەنای ئەمانە، شا لە سیاسەتی فارسیزاسیۆنی ئێران‌دا بەردەوام بوو. سیستەماتیک کار بۆئەوە دەکرا کە ناسنامەی نەتەوە غەیری فارسەکان بێبایەخ بکرێت. گەندەڵی بەربڵاو و نەبوونی عەدالەت‌ لە هەموو شوێنەکانی سیستەم بە ڕادەیەک گەییشت کە وەک پێشتر باس کرا، شا خۆی دانی پێدا نا و نەیتوانی حاشایان لێ بکات.

نەبوونی سەربەخۆیی سیاسیی یەک لەو خاڵانە بوو کە هەموو لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنەکان لەسەری وەزاڵەهاتبوون. موحەممەد رەزا پەهلەوی تاقە جارێک هەوڵی مانۆڕیکی سەربەخۆبوونی دا، کە لەگەڵ هەڵوێستی رۆژئاواییەکان بەرەوڕوو بۆوە. لە درێژەی ئەم بابەتە و بابەتەکانی دادێ‌دا زۆرتر لەسەر ئەم هۆکارانە دەنووسرێت. لێرە هەوڵ دەدرێت کورتە ئاماژەیەک بە هەندێک تایبەتمەندی بنەماڵەی پەهلەوی بکرێت کە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران نەدەگونجان.

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە بەشێک لە هۆکارەکان:

Ernest Perron be gencîyetî

پەهلەوی باوک کە گەورەی ئەو بنەماڵەیە بوو -بە پێی بیرەوەرییەکانی ژنەکەی- بەکاهێنەری ماددەی هۆشبەر بوو. «تاجەلملووک ئایرەملوو» ئاماژەی بەوە کردووە کە رەزا شا بەیانان و شەوانە تریاکی دەکێشا.[18] گیرۆدەبوون لە بنەمالەی پەهلەوی‌دا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەبووە. بۆ وێنە «ئەشڕەف پەهلەوی» کە یەک لە کچەکانی پەهلەوی باوک بوو، گیرۆدەی قومار بوو.[19]

یەکەمجار کە چاوم بە پەرتووکی «کامران فەرزان» کەوت[20]، ناوی پەرتووک (گەلۆ شا میردی هەبوو؟) و ناوەڕۆکەکەی منیان تووشی گومانێکی سەیر کرد. بەهۆی ئەوە کە باسەکانی ئەو پەرتووکە بە لامەوە نامۆ بوون،

بە چاوی گومانەوە درێژەم بە خوێندنی پەرتووکەکە دا. هەربۆیەش ناچار بووم بۆئەوە بە هەڵەدا نەچم و هەر وا بە سانایی متمانە بە سەرجاوەیەکی دژە شا نەکەم، بەدواداچوونی بۆ بکەم و لە هاورەگەزبازبوونی شا ورد ببمەوە. کاتێک کە سەیری سەرچاوە ئینگلیسییەکانم کرد، زانیم کە ئەوانیش بە شێوەی جۆراوجۆر ئاماژە بەم باسە دەکەن. ئەشڕەف کە خوشکی دوانە و هاوتەمەنی موحەممەد رەزا شا بوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسی کەسێکی بیانی دەکات و دەبێژیت کە ناوی «ئێرنێست پێرۆن» بوو. بە پێی نووسینەکانی ئەو، ئێرنێست کوڕی باخەوانی ئەو قوتابخانەیە لە سویس بوو کە محمد رضا بە گەنجێتی دەرسی تێدا خوێندبوو. کاتێک کە موحەممەد رەزا دەرسەکەی تەواو بوو، ئێرنێستیشی لەگەڵ خۆی بردەوە ئێران و تا بەر لە مردن هەر لای شا ژیا.[21] عەبباسی میلانی کە لەم دواییانەدا لیکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی موحەممەد رەزا شا و حکومەتەکەی کردووە، لەمەڕ پێوەندییەکانی نێوان موحەممەد رەزا شا و ئێرنێست پێڕۆن دەبێژێت:

«بەر لە ئێرنێست، هەموو هەڵبژاردەکانی شا لە ژیانیدا لە لایەن باوکییەوە دابین دەکران. شا بۆ یەکەمجار دەرفەتی هەبوو بۆئەوەی بۆخۆی هەڵبژاردەیەکی دیکەی هەبێت و خۆشی ئیرنێستی هەلبژارد.»[22]

« مارتین کرامێر»یش لە پەرتووکی خۆیدا ئاوڕێکی لە ناساندنی ئێرنێست پێرۆن و پێوەندی ئەو لەگەڵ موحەممەد رەزا شا داوە.[23]

Ernest Perron u Mohammad Reza Pahlavi le pşûy zstan’da

«ستیفان دۆریل» لە نووسینەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیرنێست پێرۆن هاوڕەگەزبازبوونی خۆی نەدەشاردەوە.[24]

یەکی دیکە لە ئەندامانی ناسراوی ئەو بنەماڵەیە عەلیرەزا پەهلەوی بوو. ڕادەی نوقمبوونی ئەو لە بێ‌ئەخلاقیی بە پێی لیکۆڵینەوەکانی «فەرهاد رۆستەمی» بە شوێنێک گەییشتبوو کە دەستدرێژی جنسی دەکردە سەر ژنان و کچان.[25]

لەوانەیە سەرچاوەی بەشێکی زۆر لە نالەبارییە ئەخلاقییەکانی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بۆ هەڵسوکەوتی رەزا شا بگەڕێتەوە! پەهلەوی باوک تەنیا لەگەڵ خەڵک زۆرداریی نەدەکرد، بەڵکوو خۆی لە چارەنووس و بڕیارە هەستیارەکانی مناڵەکانیشی هەڵدەقوتاند و ویستی خۆی بەسەریان‌دا دەسەپاند. ئەشڕەف پەهلەوی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی بڕیاریدابوو کە ئەو و شەمس‌ی خوشکی مێرد بە فەرەیدوون جەم و عەلی قەوام بکەن، بەڵام پاش ئەوە کە شەمس هەر دووکیانی بینیبوو، نارەزایەتی خۆی دەربڕیبوو و گوتبووی کە حەز دەکات ژنی فەرەیدوون بێت. باوکیشی بەهۆی ئەوە کە شەمسخوشکەگەورە بوو، مافی هەڵبژاردنی فەرەیدوون‌ی بە شەمس دابوو و ئەشڕەف‌یشی لە عەلی قەوام مارەکرد.[26] هەڵبەت ئەشڕەف‌یش لە دواییدا ڕێگەی باوکی درێژە دا و ماوەیەکی درێژخایەن ئامادە نەبوو کچەکەی خۆی بدوێنیت، چون ئەو لەگەڵ کەسێکی ئاسایی ژیانی هاوبەشی پێکهێنا. لە دواییشدا تەڵاق وەرگرتنی کچەکەی جێبەجێکرد، ئینجا لە نیو خۆیاندا قبووڵ کردەوە.[27]

اشرف دە بیرەوەرییەکانیدا نایشارێتەوە کە یەکەم مێردی بە بەردەوامیی لەگەڵ ژنی دیکە تێکەڵ بوو و ئەویش لە ناچاریان خۆی لە خەیانەتەکانی ئەو گێژ دەکرد. دواتر لەمبارەوە لەگەڵ مێردەکەی بە جۆرێک ڕێککەوتن کە خۆ لە کاروباری یەکتر هەڵنەقوڵتێنن و چەشنێک خودموختاریان بە یەکتر دا کە لەمەڕ ئەمجۆرە پێوەندییانە سەربەست بن. ئەو لە درێژەی باسەکانیدا ئاماژە بە سەردەمی دەوڵەتی مصدق دەکات کە لە ئێران دەرکرا و ناچار بوو لە هەندەران بژی. ئەشڕەف باس لەوە دەکات کە لە کاتی ماڵئاواییکردن تەنانەت قسەی ئەوەی لەگەڵ مێردەکەی نەکرد کە کەی یەکتر ببیننەوە. ئەشڕەف نزیکەی سێ ساڵان لە پاریس ژیا و لەو سێ ساڵەدا مێردەکەی تەنیا سێ جاران سەردانی کرد.[28]

بۆ پێناسەکردنی کەسایەتی ئەشڕەف پەهلەوی هەر ئەوەندە بەسە کە لە زمانی خۆیەوە بێژم، کاتێک لە مێردی دووهەمی خۆی جیا بۆوە، کچەکەی و کوڕەکەی حەزیان کرد لەگەڵ باوکیان بژین، نەک لەگەڵ اشرف.[29] «حوسێن فەردوست» کە کەسایەتییەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بوو و لێکۆڵەر «فەرهاد رۆستەمی» بە هەمان شێوە باس لە خاڵێک دەکەن کە ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا، خۆی لێ نادات. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەشڕەف هیچ سنوورێکی بۆ تێرکردنی مەیلی جنسی خۆی نەبوو.[30]،[31] ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە لە هەر شوێنێک، باس باسی تێکەڵاوبوونی ئەو لەگەڵ پیاوان بوو و بۆ شاردنەوە نەدەبوو، هەربۆیە موحەممەد رەزا شا داوای لێ کردبوو بۆ بەستنی زاری خەڵک ، ژیانی هاوبەش لەگەڵ کەسێک پێکبهێنێت.[32]

موحەممەد رەزا شا کە خۆی پیاوێکی لە سویس را لەگەڵ خۆی هێنابۆوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا دەژیا، زەخت و گوشاری ئەوەی لەسەر بوو کە کوڕێک بهێنێتە سەر دونیا. جیا لەوە کە باوکی بۆ درێژەپێدانی دەستهەڵاتی بنەماڵەیی ئەو گرنگەی پێ ڕاگەیاندبوو کە دەبوا کوڕی هەبێت، کۆمەڵگای ئەوکاتیش بە هەمان شێوە ئەو سترێسەیان بۆ شا سازکردبوو. هەربۆیە بۆ جاری سێهەم کەسێکی هەڵبژارد کە شانسی خۆی سەرلەنوێ تاقی بکاتەوە! بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوەی زۆر تایبەت لەسەر کەسایەتی و ژیانی «فەرەحی دیبا»ی ترک ئەنجام درابوو و هەروا نییە کە پاشای سیستەمێکی سەرکوتکەر لە ڕووی پێشنیاری چەند دۆستێک و خۆشیلێهاتنی سەرەتایی، ژنێک بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت. فەرەح لەوکاتدا لە پاریس دەرسی دەخوێند و دەستگیرانێکی بە ناوی «کەریم پاشا بەهادۆری» هەبوو.[33] نزیکەی مانگێک پاش ئەوە کە فەرەح مێردی بە موحەممەد رەزا پەهلەوی کرد، دەستگیرانی پێشووی فەرەح‌یش لە تەنیشت فەرەح دەستی بەکار دەکات.[34] پێشتر ژنەکانی دیکەی شا دەفتەر و ئیدارەیەکیان نەبوو، بەڵام کە فەرەح مێردی بە شا کرد، دەفتەرێکی کردەوە و دەستگیرانەکەی پێشووی خۆی کرد بە سەرۆکی دەفتەر.[35] (فەرەح لە ٢٩ آذر ١٣٣٨ی کۆچی هەتاویی مێردی بە شا کرد و کەریم پاشا بەهادۆری‌ش لە ١ی ١١ی هەمان ساڵ بوو بە سەرۆکی دەفتەری تایبەتیی فەرەحی دیبا)

Desti çepî Farah (Karim Pasha Bahadori) – Dasti rastî Farah (Reza Ghotbi)

دایکی شا، زۆر بە خەراپیی لەسەر بنەماڵەی فەرەحی دیبا دەدوێت. ئەو بە تایبەتیی لەسەر بێ‌ئەخلاقیی دایکی فەرەح زۆری نووسیوە.[36] «عەلی شەهبازی»ش کە بەرپرسێکی تایبەتیی شا بوو، باس لەوە دەکات کە دایکی فەرەح قومارخانەی هەبوو.[37]

جیا لەم پێوەندییەی کە فەرەحی دیبا لەگەڵ کۆنەدەستگیران و سەردەفتەری خۆی هەبوو، دواتە لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەرەیدون جەوادی تێکەڵ بوو. «ئەحمەد عەلی مەسعود ئەنساری» کە خزمی ئەو بنەماڵەیە بوو و لە شای ئێرانیش نزیک بوو، ئەمەی لە پەرتووکی خۆیدا باس کردووە کە جارێک لە ڕاوکردن بوون. لەوێ لە خنجیر یەک لە گاردەکانی شا بەسەر فەرەح و فەرەیدون‌دا کەوتبوو و  بە ڕووتی لە باڵ یەکتریدا دیبوون.[38] دواتر ئەو پێوەندییە ئاشکرا بوو و وەک پێشوو نەهێنی نەما.[39] پێویستە ئەمەش باس بکرێت کە پاش شۆڕشی ١٩٧٩، دوای ئەوەی فەرەح و شا لە ئێران نەمابوون، فەرەیدون جوادی و رەزا قۆتبی لە ئێران مابوونەوە و نەیاندەتوانی دەرباز بن. فەرەحی دیبا بۆ دەربازکردنی ئەو دوانە سێ ملیۆن دۆلاری خەرج کرد.[40] سەرچاوەی دیکەش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە فەرەح پارەیەکی زۆری بۆ دەربازکردنی جەوادی و قۆتبی خەرج کردبوو.[41]

لە ریزی هەڵتروشکاوەکاندا، دەستی ڕاست یەکەم کەس فەرەیدوون جەوادی‌یە و فەرەح‌یش کە یەکەم کەس لە دەستی چەپە. مەلەک حوسێن عەگال‌ی بە دیاریی دابوونێ و ئەوانیش وێنەیان پێوە گرتووە.

یەکەمجار کە ئەنساری بە پێوەندی و تێکەڵاوبوونی تایبەتی نێوان فەرەح و فەرەیدون دەزانێت، لە سەفەری حج بوو. ئەنساری باس دەکات کە لە سەفەری حج بەم پێوەندییە ناسالمەی زانی.[42]

کاتێک کە شا و بنەماڵەکەی لە ئێران هەڵاتن، شا یەک لە نۆکەرەکانی خۆی لای خۆی ڕاگرتبوو کە ناوی ئەلیاسی بوو. ڕۆژێک ئەلیاسی لای شا وەفاداری خۆی نیشان دابوو و پێی گوتبوو کە فەرەحی ژنی لەگەڵ فەرەیدون جەوادی تێکەڵاون. بە دوای ئەمە، ئەلیاسی لەسەر کار دەرکرا.[43] سەرچاوەیەکی دیکە کە نزیک لە شا بوو و خزمی فەرەح‌ە ئاوا باس لەم ڕووداوە دەکات:

«ئەلیاسی کە خزمەتکاری شا لە مەکزیک بوو، بە شای گوتبوو: گەلۆ دروستە کە شاژن حەزلێکردوویی بکات؟ شا سوورسوور هەڵگەڕابوو و هیچ نابێژێت، بەڵام لەگەڵ فەرەح باسی دەکا. فەرەح‌یش ئەلیاسی دەرکرد.»[44]

شەهبازی کە بەرپرسێکی نزیک لە کۆشکی پاشایەتیی بوو، نووسیویەتی کە ئەو جەنایەت و زۆرداریییانەی کە فەرەح و کەسانی دەوروبەری دە ئێران‌دا لە ئاست نامووس و کەرامەتی خەڵک کردیان، لە باسکردن نایە.[45]

چەند مانگ پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی کەیهان بڵاو بۆوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو دە ئێراندا نزیکەی یەک ملیۆن کەس گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوو.[46]

Teheran. 1979. Gumruch neighborhood – © Gilles Peress – Magnum Photos

ئەمە کاردانەوەی بازرگانییەک بوو کە کۆمەڵێک کەسی دەستڕۆییشتوو و خاوەن

Ashraf Pahlavi

دەستهەڵات دە ئێراندا بەڕێوەیان دەبرد. لە سەردەمی دەستهەڵاتی پەهلەوی کوڕ‌، چەند کەسێکی دیار و نزیک لە شا لەم ڕێگەیەوە پارەیان دەردێنا کە یەک لەوان ئەشڕەف‌ی خوشکی شا بوو. ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە ڕۆژنامەی لۆمۆند لە ڕێکەوتی 05/03/1972 بابەتێکی لەسەر ئەو بە چاپ گەیاندبوو و نووسیبوی کە خەڵک هێشتاش لەبیریانە کە ئەشڕەف  پەهلەوی لە فڕۆکەخانەی کوانترۆنی ژێنێڤ‌ بە هێرۆئین‌ەوە گیرا و لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانە تووشی تێکهەڵچوون بوو.[47] شا بە هانایەوە چووبوو و هەوڵی شاردنەوەی ئەم قەباحەتەیان دابوو. بەڵگەی ژمارە ٤١ لە کۆمەڵە بەڵگەکانی ئەشڕەف پەهلەوی باس لە بەرتیلێکی زۆر دەکات کە بە بەرپرسانی سویسی درابوو بۆئەوە بەردێکی سەت‌پووتی لەسەر گیرانی هێرۆئین لە ئەشڕەف دابندرێت.[48]

فەرهاد رۆستەمی کە لەسەر مێژووی بنەماڵەی پەهلەوی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو بەڵگەمەندی کردووە و دوو بەرگی پەرتووک لەسەر ئەم بنەماڵەیە نووسیوە، بە هەمان شێوە ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ڕاگەیاندنەکانی ئەورووپی قاچاخی مادە هۆشبەرەکانیان لە لایەن ئەشڕەفەوە لەقاو دابوو.[49] لە مێژووی زارەکی تۆمارکراو لە لایەن کەسانی نزیک لە کۆشکی پاشایەتیش بە هەمان شێوە باس لەوە کراوە کە ئەشڕەف پەهلەوی قاچاخچییەکی نێونەتەوەیی بوو و بۆ هەر شوێنێک سەفەری کردبا، هێرۆئینی لە جانتادا دەگواستەوە.[50]

ریچارد مۆرۆک لە یەک لە پەرتووکەکانی‌دا ئاوا باسی ئەشڕەف پەهلەوی دەکات:

«شازادە ئەشڕەف لە ساڵی ١٩٦٠ لە ژێنێف دەستبەسەر کرا لە کاتێکدا کە ئەو لە جانتاکانیدا هێرۆئینی دەگواستەوە کە نرخەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆڵار دەبوو. لەو کاتەشدا کە کۆماری ئیسلامیی هاتبوو سەرکار، ئەو یەک لە قاچاخچییە سەرەکییەکانی مادەی هۆشبەر بوو.»[51]

ئەم دەربڕینەی ریچارد مۆرۆک کاتێک سەرنجڕاکێشتر دەبێت کە سەیری ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک‌تایمز بکرێت کە لە ڕێکەوتی 08/09/2014 بڵاوی کردبۆوە. بە پێی نیۆیۆرک‌تایمز نرخی خانووەکەی ئەشڕەف پەهلەوی ٤٩ ملیۆن دۆڵار بوو.[52]

بە پێی راپۆرتی ساواک، حەمیدرەزا پەهلەوی کێبەرکێیەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەشڕەف لە قاچاخی مادە هۆشبەرەکان‌دا هەبوو. ئەو تەنانەت لە هێزی چەکداری حکومەت (ژاندارمری و ئەرتەش) بۆ پاراستنی گواستنەوەی بارە قاچاخەکانی کەڵکی وەرگرتبوو.[53] ئەو بە دەست ئاوەڵایی لە سیستەم کەڵکی نادروستی وەردەگرت بۆئەوەی کاروبارە غەیری قانوونییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دواتر بەهۆی خەیانەتێک کە لە موحەممەد رەزای کرد، ناسناوی شازادەی لێ هەستێندراوە.[54]

هەندێک لە نووسەرانی غەیری ئێرانی و زۆربەی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئەم بڕوایەن کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکان لە بەئەنجامگەیاندنی شۆڕشی ١٩٧٩، بۆ ئەو بێڕێزییانە دەگەڕێتەوە کە موحەممەد رەزا شا بە پێگەی دینی ئیسلامی کرد. چاوخشاندنێکی تەسک بەسەر کارنامەی پەهلەوی کوڕ پێچەوانەی ئەمجۆرە دەربڕینانە دەردەخات. ڕادە و چۆنییەتی فێرکردنی دین لە دوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. ڕەنگە زەقترین جیاوازی ئەوە بێت کە ئەوکات وێنەیەکی موحەممەد رەزا لە سەرەتای پەرتووک چاپ دەکرا و دوای شۆڕش کردیان بە وێنەی خۆمەینی.

موحەممەد رەزا تەنیا شایەکی ئێران بوو کە سەردانی حەج‌ی کرد(وێنە). ئەو تەنیا شایەک بوو کە سالانە گڵکۆی رەزا -ئیمامی هەشتەمی شیعەکان-ی خاوێن دەکردەوە. لە دەستووری بنەڕەتی‌دائەرکی پاراستنی دینی شیعه و پێگەی مەلاکانی پێ سپێردرابوو. شا دەبوا بە پێی بەندی یەکەمی دەستوور، پڕۆپاگەندەی بۆ ڕێبازی شێعەی دوازدە ئیمامی لە دینی ئیسلام‌دا کردبا. هیچ سەردەمدارێک لە مێژووی هاوچەرخی ئێران‌دا بە ڕادەی موحەممەد رەزا مزگەوتی دروست نەکرد و کەسیان بە ڕادەی ئەو سەرمایەی لە خزمەت مزگەوتەکانی دیکەدا نەنا، بۆئەوەی مزگەوتەکان خۆشتر و باشتر بکرێن. دوایین دیمانەیەکی ویدیۆیی کە شا ئەنجامی دا (بڕوانە سەرچاوەی ژمارە ١٧) بە ڕوونیی دەرخەری بڕوای قووڵی موحەممەد رەزا پەهلەوی بە دین و خوایە. لۆژیکترین ڕوانین لەمبارەوە دەتوانێت هی کەسانێکی وەک داریوش هۆمایون و ئەو دەستە نووسەرانە بێت کە لایان وابوو شا لە نێوان ئایین و بە ڕواڵەت مۆدێرنبووندا بوو. نە ئەوە بوو بە تەواویی ڕوو لە دین بکات و نە ئەوە کە پشتی تێ بکات. گەلێک گرنگە کە سەرنجێکی ڕێژەی مزگەوتەکان بدرێت. کاتێک موحەممەد رەزا هاتە سەرکار، شتێک زیاتر لە ٢٠٠ مزگەوت دە ئێران‌دا هەبوو کەچی لە ساڵی ١٩٧٩-ئەوکاتە کە دەستهەڵاتی شا بە کۆتایی گەییشت- ژمارەی مزگەوتەکان خۆی لە ٥٠ هەزار دانە دەدا.[55] ئەو کەسانە کە شا بە دژایەتیی دین تاوانبار دەکەن هیچ ڕێگەیەکیان لەمەڕ ئەم ژمارە و ڕێژانە نییە، جگە لەوە کە سانسۆڕی بکەن!

ئەنساری کە زۆر لەگەڵ شا دەبوو و لە نزیکەوە لە کاتی دەستهەڵات و ئاوارەییدا سەردانی دەکرد، باس لەوە دەکات کە شا مرۆڤێکی ئایینی بوو.[56]

هۆکارێکی دیکە کە دەکرێ وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ باسی لێ بکرێت، ڕاگەیاندنی دەنگ و ڕەنگە. لە زۆر سەرچاوەدا و بە تایبەتیی لە لایەن لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتیدا ئەوە باس دەکرێت کە بی‌بی‌سی بە تەواویی لە خزمەت سەرکەوتنی شۆڕش‌دا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕابوو. نازانم هۆکار بۆچی دەگەڕێتەوە کە ئەمجۆرە کەسانە هیچ ئاماژەیەک بە کوڕە خاڵی فەرەحی دیبا ناکەن؟ مەگە رەزا قۆتبی سەرۆکی رادیۆ و تێلێڤیزیۆنی ئێران نەبوو؟ مەگە هەر ئەو نەبوو کە ڕێگەی خۆش کرد بۆئەوەی کۆمۆنیستەکان لەسەر رادیۆ و تیلێڤیزیۆنی ئێران سیاسەتەکانی شا بەرنە ژێر پرسیار؟[57] کەسانێکی وەک ئەحمەد شاملو، ئەحمەد گۆرگین، مەحمود جەعفەریان و مۆهەندێس نیکخواه هەر بە پاڵپشتیی رەزا قۆتبی توانیان لە راگەیاندنی فەرمی حکومەت بە دژی شا کەڵک وەربگرن.[58] مەسعود ئەنساری‌ش ئاماژەی بەوە کردووە کە رضا قطبی بۆ یەکەمجار بڵاوکردنەوەی راستەوخۆی دانیشتنەکانی پارلەمانی ئێرانی دەستپێکرد و ئەویش دە کاتێکدا، کە لە پارلەمان لە دژی شا قسە دەکرا.[59]

ئەنساری خاڵیکی سەرنجڕاکێش وەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە. شا لە سەردانێکی فەرمیدا لەگەڵ ژنەکەی میوانی کارتێر بوون. هەموو ئاگادارین کە حکومەتان چەند بە پەرۆشەوە میوانە دیپڵۆماتەکانی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەو دیتنەدا کەسانێکی زۆر لە دژی شا کۆ ببوونەوە و گەرەکیان بوو هێرشی بەرنە سەر (زۆربەیان خوێندکاری ئێرانی بوون).

گریانی موحەممەد رەزا پەهلەوی

بەهۆی ئەوە کە بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە، وای دادەنێین کە بە سوتفە گازی فرمێسکهێنەر لە شا کەوت! گەر هەمووی ئەمانە هەر لە بازنەی دەستهەڵاتی ئامریکا بەدەر بووبێت، دەبێ ئەم راستییە لە ئەنساری بپەژرێنین کە رەزا قۆتبی زۆر بە تێبینییەوە فیلمی گریانی موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر تێلێڤیزیۆنی ئێران بڵاو کردەوە.[60] قۆتبی دەورێکی سەرەکیی لە لاوازکردنی پێگەی شا گێڕا، بەلام لەوانەیە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی حەز نەکەن زۆر قسە لەسەر قۆتبی بکرێت، چون وردبوونەوە لە ئەو باسی دیکەی بە دوادا دێت کە بە دڵنیاییەوە بە دڵی ئەوان نابێت. بۆ وێنە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتیی حەز ناکەن باسی ئەوە بکرێت کە فەرەحی دیبا ئەو بێڕێزییەی بە شا کرد کە لە دواییدا بۆ ماوەیەک مێردی بە رەزا قۆتبی کرد.

هۆکارێکی دیکە کە زۆرتر نووسەرانی سەر بە نەتەوەکانی غەیری فارس سەرنجی دەدەنێ، پرسی حقووقی ئەو نەتەوانەیە کە دەستوور و سیستەم بە تەواویی لە دژی بوون. سیاسەتی سەرکوت و کوشتاری حقووقی ئەو نەتەوانە لە لایەک و لە پەنای ئەوانەش هەول بۆ بێڕێزیکردن بەو نەتەوانە بەشێک لە پلانەکانی سیاسەتی فارسیزاسیۆنی حکومەتی پەهلەوی بوو.

Mohammad Reza Pahlavi

سازکردنی وێنەی ناشرین و گاڵتەکردن بە نەتەوە غەیرە فارسەکان شتێکی شاراوە لە کارنامەی سیستەمی پەهلەوی نییە. ئەفغانی دراوسێش تەنانەت بە هەمان شێوە وەک عەرەب، بە  پێپەتی و دواکەوتوو سەیر دەکرا. ترکەکان بە کەر و گەمژە ناسێندران کەچی حاشا لە پتر لە ٨٠٠ ساڵ دەستهەڵاتداری ترکان بەسەر ئەو خاکەدا دەکرا و لە مێژوو ٢٥٠٠ سالەکەی پەهلەوی‌دا جێگەیەک بۆ قسەکردن لەسەر حکومەتی قاجار، سەفەوی، تەیمووری، مۆغۆلەکان و یان حکومەتی تاهرییەکان و … نەبوو. لە سەردەمی پەهلەویدا کەسانێک وەک ئێلیتی کۆمەڵگا دەهاتنە ئەژمار کە لە نووسینەکانی خۆیاندا دەربڕینی راسیستی و دژەمرۆڤییان هەبوو.[61]

لە بەشی دووهەمی ئەم مژارەدا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێک لە کوردستان و حکومەتی پەهلوی، ڕێفۆرمی شا (شۆڕشی سپی) و چەند هۆکارێکی ناوەکی دیکە لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ بدرێتەوە.

سەرچاوە و ژێدەر

____________

[1]  Mark C. Palma, The 1979 Iranian Revolution: A Study In In The Role Of Culture In The Modernization Of Traditional Societes, 1999 The University of Western Ontario, P. 60

[2]  Alireza Asgharzadeh, Iran and the Challenge of Diversity, ISBN-13: 978–1–4039–8080–9, 2007 USA, P. 87 & 91-94

[3] Mohammad Gholi Majd, “Great Britain & Reza Shah: The Plunder of Iran, 1921-1941”, Publisher: University Press of Florida 2001, ISBN 0813021111, P. 396

[4]  Hornibrook, telegram (123 H 781/149), March 15, 1936; Hornibrook comments on an article in the New York Mirror that had stated that Reza Shah “was formerly employed in stables of British legation in Tehran.” The Time article is reported in Merriam, dispatch 1010 (891.6363 Amiranian/27), March 10, 1937.

[5]  Mohammad Gholi Majd, “Great Britain & Reza Shah: The Plunder of Iran, 1921-1941”, Publisher: University Press of Florida 2001, ISBN 0813021111, P. 108

[6]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ١، شابک ٨-١٤-٦٣٥٧-٠٩٦٤، چاپ و نشر نظر، ص ٧

[7]  حسین مکی، تاریخ بیست سالە ایران، تهران ١٣٦٢، نشر ناشر، ص ١٦٢

[8]  فریدون هویدا، سقوط شاه، ترجمه ح. ا. مهران، تهران ١٣٦٥، انتشارات اطلاعات، ص ١٢٢

[9]  سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، ٢٠١٢ ئۆسلۆ (لەم بەستەرەی ژێرەوە دەستدەکەوێت).

https://harikar.files.wordpress.com/2014/05/komar.pdf

[10]  بەستەری فیلمی موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ژێرەوە داندراوە. دەتوانن دەقی قسەکانی لە زاری خۆی ببیسن.

[11]  دەقی لێدوان و هەڕەشەکە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببیسن.

[12]  https://vimeo.com/160544820

[13]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٣٤٣

[14]  بڕوانە دیمانەی دوکتوور قاسملوو لەگەڵ ڕۆژنامەوان علی لیمونادی

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە پاش ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی ئەنجام درابوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە باسەکە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە سیستەمی پاشایەتی و بنەماڵەی پهلوی‌یەوە هەبوو، هەربۆیە بە دروست زانرا دێرەدا لە دەقی قسەکانی د. قاسملوو کەلک وەربگیردرێت. ئەم دیمانەیە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببینن. لە خولەکی بیستەوە ئەم باسە دێتە گۆڕێ کە لەم نووسینەدا ئاماژەی پیکراوە.

[15]  رضا فاضلی ئەو قسەیەی بە پاڵپشتی قسەیەکی ئانتۆنی ئێدن‌ی ئینگلیسی کرد، بەڵام لە راستیدا دەربڕینەکە لە لایەن چێرچیل‌ەوە لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێکی ئیتالیایی ئاراستە کرابوو. فیلمەکە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببینن.

لە درێژەی ئەم مژارەدا کۆمەڵێک سەرچاوە دەناسێندرێن کە باس لە خەیانەتکارانی نزیک لە موحەممەد رەزا پەهلەوی دەکەن. جیا لەمان پێشنیار دەکرێت ئەم سەرچاوەیەی ژێرەوەش بخوێندرێتەوە.

Stephen Kinzer, All the Shah’s Men: An American Coup and the Roots of Middle East Terror, 2003 USA, ISBN 0-471-26517-9

[16]  دەقی قسەکانی مشیری دەتوانن لەم بەستەرەی ژیرەوەدا گوێبگرن.

[17] دەقی قسەکانی پهلوی کوڕ لەم بارەوە دەتوانن لەم بەستەرەی ژیرەوەدا ببینن و ببیسن.

[18]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٣٢١

[19]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٧٤

[20]  کامران فرزان، آیا شاه شوهر داشت؟، انتشارات جمهوری، چاپ سوم

[21]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٦٦

[22]  Abbas milani, The Shah, ISBN 978-0230-34038-1, P 50

[23]  Martin Kramer, Middle Eastern Lives: The Practice of Biography and Self-Narrative (Contemporary Issues in the Middle East) (1991) ISBN 0-8156-2548-0, P 73

[24]  Stephen Dorril, MI6: Inside the World of Her Majesty’s Secret Intelligence Service, Simon & Schuster, 2002, ISBN 0743203798, P. 563

 

[25]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٤٩٣

[26]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٧٦

[27]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٣٤

[28]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٢٢٨-٢٢٧

[29]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٩١

[30]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٨٣-٢٨٢

[31]  خاطرات حسین فردوست، ظهور و سقوط سلطنت پهلوی، جلد اول، ص ٢٣٣-٢٣٤

[32]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ١٥١

[33]  کامران فرزان، آیا شاه شوهر داشت؟، انتشارات جمهوری، چاپ سوم، ص ٤٣

[34]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[35]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[36]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٤٥٣-٤٦٦

[37]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٢٢

[38]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١٢٥

[39]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣٤٦

[40]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١١٥

[41]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٦٧

[42]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٤٦

[43]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣٤٧

[44]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١٢٦

[45]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٣٢

[46]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، تاریخ ٢٦ خرداد ١٣٥٨

[47]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٣٢٩

[48]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٧٦

[49]  هەمان سەرچاوی پێشوو

[50]  خاطرات حسین فردوست، ظهور و سقوط سلطنت پهلوی، جلد اول، ص ٢٣٧

[51] Richard Morrock, The Psychology of Genocide and Violent Oppression, ISBN 978-0-7864-4776-3, Jefferson, N.C. : McFarland & Co., c2010 USA, P. 144

[52]  http://www.nytimes.com/2014/09/09/nyregion/for-iconoclasts-of-decades-past-design-took-wing-on-secluded-beekman.html?_r=1 kontroll krawe le rêkewtekanî 20/12/2015 u 28/03/2016

[53]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٤٣٦

[54]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[55]  http://www.bbc.com/persian/iran/2010/07/100727_shah_annive30_homayoun_religion.shtml

[56]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٣٥

[57]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٦٦

[58]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[59]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٨١

[60]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٧١

[61]  لەم پەرتووکەی ژێرەوەدا نموونەی هەموو ئەو تێکستە رەگەزپەرەستییانە کۆکراونەوە.

جویا بلوندل سعد، عرب‌ستیزی در ادبیات معاصر ایران، ترجمە فرناز حائری، شابک ٧-٦٤-٦٧٣٠-٩٤٦، نشر کارنگ


بەشی ٢

یەک لە هۆکارەکانی دیکەی شۆڕشی ١٩٧٩ گەندەڵیی سیستەم لە پەنای گەندەڵی ئەخلاقیی بەرپرسان لە حکومەتی پەهلەوی‌دا بوو. ئەم دوو جۆر گەندەڵییە لە پەنای یەک بە تەواویی ڕیشەی دە حکومەتەکەی پەهلەویدا کوتابوو و بەهۆی ئەوە کە گەندەڵییەکە لە بەرپرسانی باڵا ڕا بوونی هەبوو، هەربۆیە سیستەماتیک لە درێژخایەندا بناخەکانی حکومەتی لاوازتر و لاوازتر دەکرد. شا بە تەما بوو کۆشکێکی بەرز بونیات بنێت، بەڵام خۆی لەوە گێژ کردبوو کە فۆنداسیۆنیکی قایم بۆ کۆشکەکەی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بوو.

یەک لەو گەندەڵییانەی کە وە گیانی سیستەم کەوتبوو و هیچ چارەسەرییەکی بۆ نەکرا، ژێرپێنانی قانوون لە لایەن بەرپرسانی حکومەت بوو. بەهۆی ئەوە کە نموونە بۆ ئەم باسە یەکجار زۆرە، دانەیەک لە نێوانیان باسدەکرێت کە لەوە دەچێت سەرنجڕاکێشتر لەوانی دیکە بێت.

بێ‌ئینسافی نییە گەر لە ناو سیاسەتوانانی ئێرانی‌دا قەوامۆسسەڵتەنە وەک یەک لە ژیرترین و وریاترین هەڵبژێردرێت. قەوام خزمەتی یەکجار زۆری بە بەرژەوەندییەکانی ایران و پاراستنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد. هاوکات تەمەنی زۆر زیاتر لە شای ئێران و ئەشرەفی پەهلەوی بوو کە بە زگێکی لە دایک ببوون. قەوام چل و سێ ساڵ لە ئەشرەف پەهلەوی بەتەمەنتر بوو. هاوکات چەند دەورەی وەزارەتی جۆراوجۆری پێ سپێردرابوو و یەک لە ناسراوترین سیاسەتوانانی ئێران بوو. حاشاهەڵنەگرە کە قەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران حوڕمەتی زۆرتر هەبوو لەچاو نێوخۆی وڵاتەکەی و وەزارەتخانەکەی. ڕۆژێک ئەشرەفی پەهلەوی بە قەوامی گوتبوو: «دەبێ واز لە کارەکەت بهێنی.» قەوام کە خۆی پێ وەزیرێکی خاوەن پێگە و هێز بوو، لە بەرانبەری ئەشرەف‌دا ڕاوەستابوو و گوتبووی: کاری وا ناکەم. ڕۆژی دوایە پارلەمانی ئێران متمانەی بە قەوام نەکرد و قەوام وازی هێنا.[1]

ئەم ڕووداوە بە هاسانی خوێندنەوەی ئەم رستانە نەبووە بە مێژوو. وردبوونەوە لە ئەمجۆرە ڕووداوانە باس لە مێژوویەکی تاڵ و تراژیکی ئێرانییەکان دەکات کە هەرچەند هەموو بوارێکیان بۆ رەخسابوو، بەڵام نەیانتوانی لەو هەلە مێژووییە کەڵک وەربگرن. گەندەڵی و خزم‌خزمێنە دە سیستەمی پەهلەوی‌دا بە تەواویی ئەو حکومەتەی لەبەرچاوی ئێلیت و حیزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان خستبوو. لەبەرچاو بگرن کە بە دەیان زانای هونەرمەند لە تاران دەژیان، بەڵام لۆتییەکی نەخوێندەواری ویۆلۆنژەنیان کرد بە وەزیری فەرهەنگ، تەنیا لەبەر ئەوە کە مێردی شەمس پەهلەوی بوو. ئەوکات کە لۆتی بوو و لە مەیخانە و رێستورانەکانی تاران پارەی دەردەهێنا، ناوی عێزەتۆڵڵا مینباشیان بوو و دوایەش کە بوو بە زاوای پەهلەوی‌یەکان-وەک پەهلەوی مەیتەر- ناوی خۆی گۆڕی بە پەهلبۆد.[2] عەلی شەهبازی کە لە کەسانی نزیک لە شا و دڵسۆزی ئەو بوو، نەیشاردەوە کە زۆر لەو بەرپرسانە کە متمانەیان لە شا وەرگرتبوو، گەندەڵ بوون.[3]

لێرە بەر لەوە کە ئاوڕێک بۆ لەسەرکارلابردنی حکومەتی موسەددیق و ئاماژە بە ژێرپێنانی قانوون و سەروەرییە نیشتمانییەکان لە لایەن شا و موسەددیق‌ەوە بکەم، حەز دەکەم سەرنجتان بۆ خاڵیک ڕابکێشم کە جێی ڕامانە.

گەر بیرەوەرییە تۆمارکراوەکانی سەردەمی پەهلەوی بخوێننەوە، بۆتان دەردەکەوێت کە دوو خاڵ لە زۆربەی بیرەوەرییەکانیان‌دا هاوبەشن. ئەم دوو خاڵەش پێوەندی بە بەرپرسانی ئەڕتەش هەیە و بریتین لە:

1. هەموویان ڕقیان لە یەکترە!

2. هەموویان موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان خۆش دەوێت!

من ئەم باسە لێرە دەکەمەوە چون پێویستە رامیاران، شرۆڤەکەران و کارناسانی نیزامی قسەی لەسەر بکەن. ئەوە کە چەندە لێکدانەوەی من لەسەر ئەم دوو خاڵە هاوبەشە دروستە، ناڕوونە، بەڵام بە بڕوای من وردبوونەوە لەم دوو خاڵە گرنگی هەیە بۆئەوە باشتر لەو بەشە لە مێژوو بگەین کە قەت تۆمار نابێت.

من ئاوا سەیری ئەم دوو خاڵە دەکەم کە شا لە ترسی ئەوە کە نەکا لە ئەرتەش‌دا کودەتای نیزامی لە دژی بکرێت، کەسانێکی بۆ پۆستە باڵاکانی ئەرتەش هەڵدەبژارد کە دڵنیا بوو لەگەڵ یەکتر تەبا نین و تەنانەت رقیان لە یەکترە. شا لە مێژووی خۆیدا نیشانی دا کە زۆری حەز لە سێنتراڵبوون بوو. شا بە مەبەستی سێنتراڵبوون و سێنتراڵمانەوە لە ئەرتەش‌دا ئەو کارەی کردبوو و ئەو کەسانەی هەڵبژاردبوو. لەوانەیە هەست بە مەترسیکردنیش لەم بارەوە بۆ ئەو بێجێ نەبووبێ، چون بەرپرسی تایبەتیی شا، کەسێک کە گیانی شای دەپاراست و بادیگاردی بوو، لە شوێنیک کە باسی هەڵاتنی یەکەمی شا دەکات دەبێژیت کە شا زۆری پەلە هەبوو، چون متمانەی بە ئەفسەرەکانی ئەڕتەش نەبوو و دەترسا ئەڕتەش ڕادەستی موسەددیقی بکەن.[4] بڕواننە ئەم مۆدێلەی ژیرەوە کە بۆ نیشاندانی پێوەندی نێوان شا و چەند بەرپرسی بالای ئەڕتەش سازمکردووە:

Şêwey pêwendî nêwan seranî Erteş – Şa rollî sêntrallî hebû

*ڕوونکردنەوە: جگە لەم پێنج کەسە کەسانی دیکەش دە ئەڕتەشی ئێران‌دا هەبوون کە بەرپرسیارەتی بەرزیان هەبوو. ئەم پینج کەسەم بۆیە هەڵبژارد چون زۆرتر لە ڕاگەیاندنەکانی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ ناویان دیاربوو. یەک لەم پێنج کەسە هەتا ئیستاش تۆمەتی خەیانەتی لەسەرە. دوو کەسیش لەم پینجانە کورد بوون.

دەبینن کە بەرپرسانی بالای ئەڕتەش پێوەندی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەیە و خاڵی نیوان ئەوان شایە.

باسکردنی دوو ڕووداوی مێژوویی یارمەتی بەم باسە دەکەن. یەکیان هەڵاتنی شا لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی موسەددیق‌دا و دووهەم هەڵاتنی شا بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩.[5]

لە هەردووک هەڵاتن‌دا کە شا ئێرانی بەجێهێشت، ئەڕتەش نەیتوانی بە شێوەیەکی هەماهەنگ کار بکات و هەربۆیە لە هەردووک هەڵاتن‌دا ئەڕتەش لە پەیکەرێکی نێو شار دەچوو تا هێزێک کە ڕۆڵی خۆی (سەرکوتکردن بۆ پاراستنی شا) بلێزێت. بڕواکردن بەم سێناریۆیە سانا نییە کە گوایە ئەڕتەش نەیدەویست خەڵک بکوژرێت، بۆیە شۆڕش سەریگرت! مەگە هەر ئەو ئەڕتەشە نەبوو کە بارهای بار خەڵکی سیڤیل و بێ‌چەکی شەتڵانی خوێن کرد؟!

یەک تایبەتمەندی شا ئەم باسە تەواو دەکات و ئەویش ترسەنۆکبوونی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یە.

شا دوو جاران کێشەی بۆ هاتە پێش و هەر دووک جاریش لە ترسان وڵاتەکەی بەبێ بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ ئەڕتەش بەجێ هێشت. وەک گوترا لە کۆی ئەو بیرەوەییانەی کە خوێندوومنەوە، بەو قەناعەتە گەییشتووم کە شا زۆر لە کودەتای ئەرتەش دەترسا و هەر لەبەر ئەوەش بوو لە ناو کەسانی بەرزی ئەڕتەش نە تەنیا هەماهەنگی و هاوڕابوونیکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵکوو هەندێک لەوان قینیان لە یەکتر بوو. شا هیچکات حەزی لەوە نەبوو کە سەرانی بەرزی ئەڕتەش بە یەکەوە دۆست و تەبا بن و هەر ئەمەش وایکرد کە هەر دووکجار کە شا لە ئێران ڕایکرد، ئەڕتەش نەیدەزانی چ بکات. کاتێک سێنتراڵ ڕادەکات، باقی مۆدێلەکە ناتوانیت بەڕێوەبەری دۆخەکە بکات. جاری یەکەم کە شا ڕایکرد، ئامریکا بە هاواری ئەڕتەش گەییشت و دەستهەڵاتەکەی بۆ موحەممەد رەزا پەهلەوی گەڕاندەوە، بەڵام جاری دووهەم کە شا سەرلەنوێ ڕایکردەوە، ئامریکا نە تەنیا بە هاواری پەهلەوی نەگەییشت، بەڵکوو خەریک بوو لەبەرچاوی جیهان شا ڕادەستی خومەینی بکاتەوە.

بێکەرامەتیی/بێکەرامەتکردن: ‌

لە کۆی ئەو ٣٧ ساڵە‌دا کە موحەممەد رەزا پەهلەوی دەستهەڵاتداریکرد، هیچکات هەوڵی نەدا ڕێزلێنان لە کەرامەتی تاک دە سیستەم‌دا بکات بە کولتوور. داب و نەریتی دواکەوتوویانە لە ڕێ و ڕەسمی ڕۆژانە و ئەویش لەبەرچاوی خەڵک تا رادەیەک بێتام ببوو کە ئیتر بەرپرسانی حکومەتی لای خەڵک نە تەنیا پێگەیەکیان بۆ نەمابۆوە، بەڵکوو بە چاوێکی ڕێزدارانەوە سەیریان نەدەکرا. دە نێو بنەماڵەی پەهلەوی‌دا زۆر ئاسایی بوو کە تیمسارێکی ئەڕتەش وەبەر زللە بدەن.[6] بڕواننە ئەم دوو وێنەیەی ژێرەوە.

ئەمیر عەباس هۆوەیدا دە وێنەی دەستی ڕاستدا دەبینن کە هیچکەس دە میژووی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا بە ڕادەی ئەو وەزیر نەبووە. هاوتەمەنی موحەممەد رەزا بوو. دەبینن کە چۆن لەبەرچاوی باقی پیاوەکانی شا هەتا نێوقەدی داهاتۆتەوە و دەستی شا ماچ دەکات. لە دەستی چەپیش وێنەی بەرپرسێکی باڵای نیزامی دەبینن کە بە چوار ئەستێرەی سەرشانییەوە داهاتۆتەوە و دەستی کوڕە گەورەکەی شا ماچ دەکات. شا لەگەڵ باوکی ٥٧ سالان بەم شێوەیە هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ نزیکترین و وەفادارترین دۆستەکانی خۆیان کرد و بە چاوی نۆکەرێک دەیانڕوانییە وەزیر، پسپۆڕ، زانا و ئێلیتی کۆمەڵگا. لە دواییشدا کە ناچار بوو ئێران بە دەستهەڵاتەوە جێهێڵێت، وەک گازەندەیەک لە نەتەوەکەی و بەرپرسانی حکومەتەکەی گوتبووی:

منیش وەکی باوکم بێدۆست و بێکەسم. تەنیا چەند کەسێک لە دەورووبەرم هەن کە دێن و دەچن و گەمەم لەگەڵ دەکەن.»[7]

سەرنجدان بە هەندێک بەڵگە و رووداوی میژوویی، ڕوونکەرەوەی ئەم گرنگەن کە ماڵی پەهلەوی تۆلێرانسی ئەوەیان نەبوو دەستهەڵاتیان هەبێت. ئەوان بە تەواویی لە لوتکەی دەستهەڵاتەوە بە چاوێکی نزم سەیری خەڵکیان دەکرد. سەرنجڕاکێشە کە بینرا، پەهلەوی باوک، لە کاتی بێدەستهەڵاتیدا نامەی بە شێوەیەک بۆ فەرمانداری دوورگەی مووریس دەنووسی کە نۆکەرێک بۆ ئاغای خۆی دەینووسێت.[8]

گەر بنەماڵەی پەهلەوی کەرامەت و کەسایەتی سیاسەتوانانی خۆیان خەوشەدار نەکردبا، چلۆن کەسێکی بیانی دەیتوانی بێڕێزی بە سیسەتوانێکی ئێرانی بکات؟ بنەماڵەی پەهلەوی حوڕمەتیان بۆ دڵسۆزترین هاونیشتمانی خۆیان نەهێشت. «تاجەلملووک ئایرەملوو»ی دایکی شا لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا بەسەرهاتێکی گێڕاوەتەوە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بەم باسەوە هەیە. ڕۆژێک ریدر بولارد[9] -باڵوێزی بریتانیا لە تاران- بە قەوام‌ی گوتبوو کە کارێک ئەنجام بدات. قەوام وەک سیاسەتوانێک لەسەر بنەمای ڕێزلێنان لە پێگەی پارلەمان گوتبووی کە بزانین پارلەمان چ دەبێژێت. بولاردی ئینگلیسی دەنگی لەسەر قەوام بەرز کردبۆوە و هاوکات کە بە دەنگێکی بەرز بەسەر قەوام‌دا گوڕاندبووی، مستی لە میزی دەفتەری کارەکەی قەوام دابوو و گوتبووی:

«وەکوو ژنان خۆت لە پشت نوێنەری پارلەمان شاردووەتەوە.»[10]

چاوخشاندنێک بە هەندێک پەرتووک و ئاگاداربوون لەمجۆرە ڕووداوانە دەمانگەیەنێتە ئەم قەناعەتە کە لەخۆڕا نییە مێژووی ئێرانییەکان و بە تایبەتیی مێژووی پەهلەوی‌یەکان پڕە لەو کاربەدەست و سیاسەتوانانەی کە سەر بە حکومەتە بیانییەکان بوون.[11]

بنەماڵەی پەهلەوی گەر بەڕاستیی حوڕمەتی شارومەندی ئاسایی خۆیان لەبەر بوایە، هیچکات لە کودەتای بیست و هەشتی مورداد گۆپاڵبەدەست و چەقۆکێشەکانی سەر بە شایان دە گیانی جەماوەرێک بەرنەدەدا کە بۆ گۆڕان هاتبوونە سەر شەقام و داواکاری سیاسییان هەبوو. ئەوان هاوکات حوڕمەتی خۆیان بە تەواویی هێنا خوارێ کە پەنایان بۆ بێگانەکان و بە تایبەتیی ئامریکا برد.[12]

ئەوانەی کە تۆزێک لەگەڵ مێژووی پەهلەوی‌یەکان ئاشنان، ئاگادارن کە دەوڵەتی موسەددیق بە کودەتا ڕووخا. نووسەرانی کورد زۆریان بایەخ بە میژووی ئەو کودەتایە نەداوە، بەڵام ئەو کەسانەش کە لەسەریان نووسیوە، بە شێوەیەکی لایەنگرانە لەسەر ئەو بەشە لە مێژوویان نووسیوە. کوردەکان چون قینیان لە پەهلەوی‌یە زۆرتر باسی ئەو بەشە دەکەن کە لە دژی دەوڵەتی موسەددیق کودەتا کرا، بەڵام ئەوە باس ناکەن کە موسەددیق قانوونی پێشێل کرد. موسەددیق بە پێی قانوون، مافی ئەوەی نەبوو کە پارلەمان ببەستێت، بەڵام ئەو کارەی کرد.[13]

کودەتایەک کە لە دژی موسەددیق کرا، لە زۆر بارانەوە گرنگە لەسەری بنووسرێت و بگوترێت. گەر موسەددیق قانوونی پێشێل کرد، موحەممەد رەزا پەهلەوی کەرامەتی نەتەوەکەی خەوشەدار کرد و ولاتانی بێگانە و لاتە چەقۆکێشەکانی تارانی بردە سەر ماڵی موسەددیق و خەڵکی سیڤیل. ئێستا لەسەر ئەم کودەتایە ساکارتر دەکرێ بگوترێ و بنوسرێت، چون ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا بەڵگە نهێنییەکانی لەمابارەوە بلاو کردوونەوە.[14]

کاتێک نووسینەکانی ستێفان کینزێر سەیر بکەن، بۆتان دەردەکەوێت کە چەندە گرنگە بۆ تێگەییشتن لە وێنەی راستەقینەی میژوو، زۆربەی سەرچاوەکان لەبەرچاو بگیرێن. دەبیندرێت کە ستێفان زوومی کامێراکەی لەسەر کۆمەڵێک لایەنی گرنگی کودەتایە، بەڵام تەنیا لە چەند جێگەیەکی پەرتووکەکەی‌دا ناوی شەعبان جەعفەری (ناسراو بە شەعبان بێمێشک)ی هێناوە و زۆر بە کەمڕەنگیی باسی ڕۆڵی شەعبان لەو کودەتایەدا دەکات.[15] بڕواننە ئەم وێنەی ژێرەوە:

She’ban Ce’ferî u newçekanî leber derkey mallî Museddiq

چما گرنگە کە لە بەشداریکردنی شەعبان جەعفەری وردبینەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە کە پێویستە دابڕێژرێت، چون شا بودجەیەکی زۆری بۆ ساواک دابینکردبوو و هێزی پێویستی لەبەردەست‌دا هەبوو. لەو کاتدا لە هەر ٤٥٠ ئێرانییەک، یەک کەسیان سیخوڕی ساواک بوو.[16]،[17] ئەم وێنەیەی سەرەوە کولتوور و ئاستی شارستانییەتی حکومەتی پاشایەتیی نیشاندەدات. وێنەکە شەعبان جەعفەری لەگەڵ کۆمەڵێک کەس لە بەر درگای ماڵێک نیشان دەدات. ئەمە بەر درگای ماڵی موسەددیقی سەرۆکوەزیرە.

بە پێی ڕاپۆرتی نیۆیۆرک‌تایمز شەعبان جەعفەری لەگەڵ هاوڕێ چەقۆکێشەکانی وەنێو ماڵی موسەددیقی سەرۆکوەزیر کەوتن، و لە کاتێکدا کە موسەددیق جلی نێوماڵی لەبەردا بوو، بەسەر دیواردا هەڵهاتبوو و شەعبان‌یش ڕەپێی نابوو.[18] شەعبان یەک لە دوو لاتە ناودارەکانی تاران بوو کە دۆستی نزیک و وەفاداری شا بوو. شەعبان ئاوا باسی ئەو ڕووداوەی کردووە و دەبێژێت کە دەوڵەتی موسەددیق ئەوی دە زیندان کردبوو، بەڵام کاتێک کە سی‌ئای‌ئێی وەنێو کێشەکە کەوت، فەزلۆڵڵا زاهێدی (دواتر لە جیاتی موسەددیق کرا بە سەرۆکوەزیر) چوو زیندان و فەرمانیدا شەعبان و هاوڕێ چەقۆکێشەکانی لە زیندان ئازادکرێن.[19] شەعبان ئازادکرا بۆئەوەی بەڕێوەبەری چەقۆکێشەکانی باشووری تاران بکات و هێرش ببەنە سەر لایەنگرانی دەوڵەتی موسەددیق و توودەییەکان.

ئەم وێنەیەی ژێرەوە یارمەتییەکی زۆر دەکات بۆئەوە لە ناخی سیستەمی پەهلەوێ بگەین.

She’banî Ce’ferî u Pahlavi le serdanî başgay Efserî

لەم وێنەیەدا پاشای ئێران لەگەڵ دۆستی شان‌بەشانی، چەقۆکێش شەعبان جەعفەری دەبینن کە بە فەرمیی سەردانی باشگای ئەفسەرانی کردبوو. لەبەرچاو بگرن کە سیاسەتوانانی ناسراو وەک ئەسەدۆڵڵا عەلەم  و هۆوەیدا و سەرلەشکەر مەقسوودی سەرۆکی زانکۆی ئەفسەری و سەرلەشکەر نێشات گاردی تایبەتی شا لە پشتەوە دەڕۆن و چەقۆکێشیکی نەخوێندەوار شان‌بەشانی شا دەروات و بە یەکەوە قسە دەکەن. ئەمە بوو کولتووری پەهلەوی کە بانگەشەی ناساندنی ژیاری و شارستانییەتی بە جیهان دەکرد. ئەو بە هاوکاری دەوڵەتێکی بێگانە و چەقۆکێشەکانی تاران گەڕاوە بۆ لەسەرکارلابردنی دەوڵەتێک کە بە ویستی خەڵک هاتبوو سەر کار. خەساری ئەم کودەتایە یەکجار زۆر بوو. پاش ئەو کودەتایە «جێبهەی میللی» و حیزبی تودە تا ئاستی لەناوچوون، تێداچوون.[20]

 ‌

گەندەڵی ئابووریی:

لاوازییەکانی حکومەتداریی پەهلەوی لایەنی جۆراوجۆری هەبوو. هەرکام لەوانیش کاریگەری بەرچاویان لەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ دانا. مەسعود ئەنساری کە خزمی فەڕەح دیبا و دۆستی نزیکی شا بوو، باسی بەشێک لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی ماڵی پەهلەوی کردووە و نووسیوییەتی کە هەمووکاتێک دە نێوان ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی‌دا تەماح و چاوبرسییەتی هەبوو و هەرکات پەرۆشی ئەوە بوون سامانێکی زۆرتر لەچاو یەکتر وەسەریەکخەن. ئەو نووسیوێتی کە زۆرجاران لەسەر ئەم باسانە لێیان دەبوو بە شەڕ و لە کۆتاییدا دەبوا سەرۆکوەزیر کۆتایی بە کێشەکەیان بهێنیت.[21]

لێرە نموونەیەک لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی ئەو بنەماڵەیە لە نووسینی ئێحسانی نەراقی دەگوازمەوە کە جێگری سەرۆکی یۆنێسکۆ بوو.

وەزارەتی کشت‌وکاڵ چەندین ملیۆن مەتری چوارگۆشە لە زەوییەکانی باکووری تاران بەخۆڕایی بە «بونیادی پەهلەوی» بەخشیبوو. ئەشڕەف پەهلەوی ئەو زەوییانەی بە نرخێکی زۆر کەم لە بونیاد کڕیبوو و بە نرخی ڕۆژ بە کۆمپانی مەهێستان‌ی فرۆشتبوو کە ئەشڕەف بۆخۆی دەو کۆمپانییەدا یەک لە خاوەندارەکان بوو. کۆمپانیای مەهێستان‌یش قەراردادی بەستبوو کە ٣٠٠٠ خانووی مۆدێڕن بە هاوکاریی ئیتالیاییەکان دەو زەوییانەدا سازبکات کە بەر لە سازکردنیش پێشفرۆش کرابوون.[22] ئێستاش گەر لەسەر سامانی ئەو بنەماڵەیە پرسیار زۆر دەکرێت، لەبەر ئەوەیە کە هیچکات دەرفەتێک نەرەخسا تا لێپرسینەوەیەک سەبارەت بە سەروەت و داراییەکانیان بکرێت. بۆ وێنە مافی هەر شارومەندێکی ئێرانە بزانێت بۆ وێنە مەحموود رەزا پەهلەوی چلۆن بوو بە خاوەنی ٢٤ کۆمپانی؟[23] لەو زەمەنەدا کە بنەماڵەی پەهلەوی هەر دە فکری گەندەڵیی و دزیکردن لە سامانی نەتەوەیی بوون و بانگەشەی ژیارییان دەکرد، شەست لە سەدی (٦٠٪) مناڵان نەیاندەتوانی قوتابخانەی سەرەتایی تەواو بکەن و سی لە سەدی (٣٠٪) قوتابییەکان نەیاندەتوانی بچنە زانکۆ.[24]

شا و شۆڕشەکەی:

موحەممەد رەزا پەهلەوی بەرنامەیەکی بە پێشنیاری بیانییەکان بۆ پەرەسەندنی وڵاتەکەی گەڵاڵەکرد. ئەوە کە پێشنیارەکە لە راستیدا ئاوڕی لە پرسی ئازادی و دێمۆکراسی و مافی نەتەوەکانی نیو ئێران دەداوە ناڕوونە، بەڵام بەرنامەکەی شا لەم پرسە جددیانە و هەڕەشە بنەڕەتییەکانی سەر دەستهەڵاتەکەی دوور بوو. شا بەرنامەکانی خۆی بە ناوی شۆڕشی سپی ناساند.

عباس میلانی لەمەڕ ئەم پرسە جددییانە ئاماژەی باشی کردووە و نووسیوێتی کە شا تەنیا شا نەبوو. ئەو سەرۆکوەزیر بوو. فەرماندەی سەرەکیی تەواوی هێزی بەرگریی بوو. گەر هەموو بڕیاراتی وڵات بە ئەمر و دەستووری ئەو نەبوا، لانیکەم دەبوا بەر لەوە بەکاربهێندرێن، لە لایەن ئەوەوە پەسەند کرابان. پۆستە گرنگە ئیدارییەکان بە حەز و فەرمانی ئەو دەبەخشران. دابینکردنی پۆستە دیپڵۆماتیکییەکان بە دەستی شا بوو. بەرزکردنەوەی پلەی بەرپرسانی ئەڕتەش لە سەروانی‌یەوە بۆ سەرێ هەر بە دەستی شا بوو. شا بڕیاری دەدا کە سەرمایەگوزارییە گرنگەکان و سازکردنی کارخانەکان لە کوێ بێت. ئیدە ئابوورییەکان دەبوایە لای ئەو پەسەند کرابان. شا خۆی بڕیاری دەدا کە چ کەسانێک بە تاوانی گەندەڵی بکێشرێنە دادگا و لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و لە هەمووی ئەمانە خەراپتر شا بۆخۆی بڕیاری کۆتایی لەسەر پەسەندکردنی بڕیاراتی پارلەمان دەدا.[25]

شا بە ڕواڵەت بەرنامەی پەرەسەندنی وڵاتەکەی داڕشتبوو، بەڵام بەم بەرنامەیەی بە تەواویی سەلماندی کە ناتوانێت سەرۆکیکی دادپەروەر و عادڵ بۆ شارومەندێکی نێو ئێران بیت، چون دە ساڵی ١٩٧٠ی زایینی‌دا:

1) ٤٠٪ی سینەماکانی ئێران لە تاران سازکرابوون.

2) ٥٠٪ی دوکتوورەکان دە تاران‌دا کار و ژیانیان دەکرد.

3) ٢٠٪ی ڕێژەی دانیشتوانی ئێران دە تاران‌دا دەژیان.

4) ٤٢٪ی تەختەکانی نەخۆشخانەکان دە تاران‌دا بوون.

5) ٦٨٪ی کارمەندەکانی دەوڵەت دە تاران‌دا کاریان دەکرد.

6) ٦٠٪ی قەرزەکانی بانکی سەنعەت و مەعدەنیش هەر بۆ تارانی‌یەکان بوو.[26]

7) زیندانی ئێڤین‌ی سازکرد کە یەک لە گەورەترین زیندانەکانی ناوچە لەو زەمەندا بوو.

یەک لە پلانەکانی شا دە شۆڕشە سپی‌یەکەی‌دا پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی بوو. ئەمە لە ئەسڵی ٢١ی بنەماکانی شۆڕشەکەی‌دا ئاماژەیپێکرابوو. لەم مژارەدا بە ئانقەست باسی گەندەڵیم پێشتر باسکرد، بۆئەوەی لە باسی شۆڕشی سپی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌دا خوێنەر بزانیت کە بەشێکی بەرچاو لە ئەسڵ و بنەماکانی ڕێفۆرمەکەی تەنیا پرۆپاگەندەیەک بوو و بەس، ئەگینا شا نە تەنیا بەرەنگاری گەندەڵیی نەبۆوە، بەڵکوو بە تەواویی دەستی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ گەندەڵیی ئاوەڵا هێشتبۆوە و دەیانکرد.

موحەممەد رەزا پەهلەوی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بۆئەوەی بتوانێت رێفۆڕمەکەی بە ئامانج بگەیەنێت، پێویست بوو سیستەمی یەکحیزبی دە وڵات‌دا هەبێت، هەربۆیە حیزبێکی دامەزراند و حیزبەکانی دیکەشی بانگهێشت کرد کە بچنە ناو حیزبەکەی ئەو. ئەوەی لەگەڵیشی هاوڕا نەبوا، حیزبەکەی قاچاخ دەبوو. وەک فیلمەکەی داندراوە و دەتوانن بیبینن، بەنیسەدر، یەکەم سەرۆک‌کۆماری حکومەتی ئیسلامی ئێران لەم بارەوە لە زمانی شا گوتی کە شا حیزبێکی دانابوو بە ناوی پ‌پ‌پ، واتە یان پاسپۆڕت وەربگرە و لەم وڵاتە بڕۆ، یان پەیوەست بە بە حیزبی من، یان ئەوە کە شووشەی پێپسی دە زیندان‌دا پێشکەشت دەکرێ.[27]

ئەم وێنەیەی کە دێرەدا دەیبینن دە ڕۆژنامەی کەیهان‌دا هەر لەو زەمەندا بە چاپ گەییشت.[28]

Parviz Mahmoud le katî wergrtn passport u izn bo royîştn le Iran

ئەم وێنەیە لە ئیدارەی پاسپۆڕتی تاران گیراوە. لە دەستی ڕاست کەسێکی کۆمۆنیست دەبینن کە ناوی پەرویز مەحموود بوو. پاش ئەم بریارەی پەهلەوی، پەرویز نامەیەکی بۆ هۆوەیدا نووسی و داوایکرد پاسپۆڕتی بدەنێ بۆئەوەی ناتوانیت ببێتە ئەندامی حیزبی رەستاخیز. هۆوەیداش داواکارییەکەی پەژراند و بەخۆڕایی پاسپۆڕتیان پێدا و ئەویش وڵاتەکەی جێهێشت و ماڵ و حاڵی بۆ سۆڤیەت گواستەوە.[29] شا بیری لە هەموو ڕێگاکان بۆ سەرکوتکردنی بیری جیاواز کردبۆوە، هەربۆیەش پێویستی بە زیندانێکی گەورە وەک ئێڤین هەبوو. گەر ئازادی مرۆڤ و بیر، جێگەیەکی دە رێفۆڕمی پەهلەوی‌دا هەبوا، قەت ژمارەی کادری نیزامی لە سێ بەرابەر زیاتر لە زیادەی نەدەدا.[30] لە ئەنجامی ڕێفۆرمەکەی پەهلەوی‌دا ڕێژەی شارنشینی دە ئێران‌دا لە زیادەی دا. ساڵی ١٩٧٥ی زایینی نزیکەی ٤٥٪ی خەلک دە ئێران‌دا لە شارەکاندا دەژیان.[31]

رێفۆڕمی شا دە ڕاستیدا پلانی شەڕخوازانەی بە دواوە بوو. دروستە کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە مەترسییەک بۆ ئاشتی دە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام گەر شا بوار و دەرفەتی پێ درابا، زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسیدارتر دەبوو، چون شا بنەڕەتیی کاری بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار دەکرد. ئەو دە ساڵی ١٩٧٤ی زایینیی‌دا قەراردادی سازکردنی دوو رێئاکتۆری ئەتۆمی لەگەڵ فەرەنسە واژۆکرد و چوار ملیۆن دۆڵاری خەرجی ئەم پلانەی کرد.[32] کاتێک کە باس لە سەرمایەگوزارییەکانی شا لەو سەردەم‌دا دەکرێت، پێویستە کە داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران لەو زەمەن‌دا لەبەرچاو بگیردرێت. داهاتی نەوتی ئێران دە ساڵی ١٩٥٥ی زایینیی‌دا ٣٤،٤ ملیۆن دۆڵار بوو و هەتا ساڵی ١٩٧٥ بە بیست ملیارد دۆڵار گەییشت. واتە داهاتی نەوتی ئێران لە ماوەی بیست ساڵان‌دا ٥٨١ بەرابەر زیاتر بوو.[33] شا دواتر جیا لەو دوو رێئاکتۆرە ئەتۆمییەی کە گرێبەستەکەی لەگەڵ فەرەنسەوییەکان بەستبوو، سەرمایەگوزاری زۆرتری کرد. ئەو قەراردادی دانەیەکی دیکەی لەگەڵ بریتانیا بەست بۆئەوەی لە ئیسفەهان دابمەزرێت. گرێبەستی دووی ڕێئاکتۆری ئەتۆمی دیکەی لەگەڵ ئامریکا بۆ شاری تاران بەست و لەگەڵ ئاڵمانییەکانیش سازا بۆئەوەی دانەیەکی لە قەراخ زەریاچەی کاسپیەن سازکەن و بەم شێوەیە گەرەکی بوو تۆڵەی داگیرکارییەکانی سۆڤییەت لە شەڕی دووهەمی جیهانی بکاتەوە.[34] پلانەکانی شا بۆ کۆمەڵگای نیونەتەوەیی شاراوە نەبوو، چون خۆیان بوون کە چەک و خزمەتە پیویستەکانیان بە شا دەفرۆشتەوە و کۆمپانیاکانی خۆیان بوون کە توانایی بیمەکردنی چەکە قورسەکانی ئێرانیان هەبوو. کۆمەڵگای نیونەتەوەیی ئاگاداری پلانە نالەبار و مەترسیدارەکانی شا بوون و دەیانزانی کە خەرجەکانی نیزامی ئێران چۆن لە زیادەی دابوو. شا دە ساڵی ١٩٥٤ی زایینیی‌دا ٦٠ ملیۆن دۆڵاری خەرجی ئەڕتەش‌ کردبوو، بەڵام ئەو خەرجانەی دە ساڵی ١٩٧٧ی زایینیی‌دا بە حەوت ملیارد و دووسەت ملیۆن دۆڵار گەییشت.[35]،[36] واتە شا لە ماوەی ٢٣ ساڵان‌دا خەرجەکانی ئەڕتەشی ١٢٠ بەرابەر ببوون. بۆ وڵاتێک کە گەرەکی بیت رێفۆڕمێکی ئاشتیخوازانە و مرۆڤی هەبێت، ئەم ڕێژە و ئامارانە ئاسایی نین. شا کە زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئاگای لە پاڵپشتییەکانی ئامریکا بێت، بڕیاری دا کە لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینییەوە سێ ملیارد دۆڵار دە ساڵدا چەکی ئامریکایی بکڕێت.[37] بودجەی نیزامی وڵاتەکەشی لە پەنای بەرنامەی رێفۆڕم‌دا دوازدە بەرابەر زیاد کرا.[38]

هەتا ئێرە هەوڵ درا ئاماژەیەک بە چەند هۆکارێک لە هۆکارەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بکرێت. وەک پێشتر گوترا، شا بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوای خستبوو ژیر مەترسییەوە و هاوکات کە دژایەتی جوولەکەکانی دەکرد، راشکاوانەش گوتبووی کە ئامادە نەبوو کۆنتراکتی نەوت بۆ چەند کۆمپانیای گرنگی ڕۆژئاوایی نوێ بکاتەوە. لە دواییدا کە شا هەستی بە مەترسییەکانی ناوەکی و دەرەکی کرد و ترسی لێ نیشتبوو دەستهەڵاتەکەی لە قیس بچێت، هەوڵی دا گۆڕان بەسەر زۆر شتدا بهێنێت و لە هەندێک شوێنیش باجی چاکی دا. بۆ وێنە کاتێک کۆمپانیای پان ئەمەریکەن خەریک بوو وەرشکەست بیت، شا لە دوو ساڵاندا (١٩٧٥-١٩٧٧) دووسەت و پەنجا ملیۆن دۆڵاری یارمەتیی ئەو کۆمپانیایە کرد هەتا نەکەوێت.[39] شا لە کاتێکدا کە زانی بە کوشتنی خەلکی سەر شەقام ناتوانێت بەر بە تووڕەیی و نارەزایەتی خەڵک بگرێت، شەریف ئیمامی نارد هەتا لە پارلەمان بە فەرمیی داوای لیبوردن بکات کە ڕۆژی «١٧ی شەهریوەر» تەققەیان لە خەڵکی سیڤیل کردبوو و کوشتبوویانن.[40] هەروەها بەڵێنی بە خەڵک دا و گوتی:

«ئازادی سیاسیی بە ڕادەی وڵاتە ئەورووپییەکان بە ئێوە دەدەین.»[41]

بەڵێنییەکانی شا بۆ ئەوە نەدەبوو کە بڕوای پێ بکرێت، بەڵام شا لە دانی بەڵێنی و هەندێک گۆڕانکاریی بێبایەخ بەردەوام بوو. هاوکات کە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی هەستیان بە مەترسییەکانی شا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان کردبوو و لە نێوخۆی ئێرانیش دەنگی نارەزایەتییەکان بە لووتکەی خۆی گەییشتبوو، سعوودی عەرەبیش لە ژیرەوە کاری جددی بۆئەوە دەکرد هەتا لە ڕێگەی کاناڵەکانی خۆیەوە ڕۆژئاواییەکان بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە هێزی ئێران لە کەنداوی فارس‌دا کەم بکاتەوە.[42]

کوردستان و شۆڕشی ١٩٧٩:

لەو زەمەنەوە کە مێژووی هاوچەرخ دەستپێدەکات و بە تایبەتیی لەو کاتەوە کە نیشتمانی کوردەکان بەسەر وڵاتی ئێران و سێ وڵاتی تازەچێکراوی ترکیا، عێڕاق و سووریا دابەشکرا، هەرکات ناوەندی ئەو حکومەتانە هاندەری کوردەکان بوون کە بە دژیان ڕابن. هیچ دوور نییە کە گەر ناوەندی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە هزرێکی مرۆڤی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ کورد و کوردستان‌ کردبا، لەوانەبوو هیچکات پۆتەنسییەلی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی کوردەکان بەو ڕادەیە دە نێویاندا پەرەی نەسەندبا کە دە مێژووی هاوچەرخی کوردەکان‌دا تۆمار بووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە و نەیانهێشتووە جلکی دێمۆکراسی دەبەربکات. نەبوونی مشوورێکی مرۆڤیی لە لوتکەی دەستهەڵاتەکانی تاران، ئانکارا، دەمێشق و بەغدادیش ئەوەندەی دیکە گڕی دە ئاگری بەرخۆدانی کوردان بەرداوە. من لام وایە کە لە نێوان ئەو چوار حکومەتە کە دەستیان بەسەر نیشتمانی کوردەکان‌دا گرتووە، تاران هەرکات ڕۆڵی براگەورەی بۆ ئەوانی دیکە هەبووە و زۆر ژیرانەتریش لە دژی کوردەکان داڕشتنی سیاسەتی خۆی کردووە.

ئەم تێڕوانینە بە پێی چاوخشاندنێکی دۆکیومێنتاریی پێکهاتووە و لەسەر ئەم تێڕوانینەشە کە وا بیر دەکرێتەوە کە هەرکات تاران هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کوردەکان هەڵهێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە پلانێکی داڕێژراو لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی تارانی لە پشتە. تاران سەلماندوویەتی کە بە هزرێکی مرۆڤیی سەیری کورد و کوردستانی نەکردووە. هەربۆیە گرنگە کە کوردەکان و ئازادیخوازان بە چاوێکی گوماناوییەوە سەیری هەڵس‌وکەوتەکانی تاران بکەن، ئەگەر تاران مانۆڕێکی ئەرێنی بەرانبەر کوردستان بدات.

یەک لە هەنگاوە بە ڕواڵەت باشەکانی تاران لە سەردەمی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی کردنەوە و بەڕێوەبەریی دوو بڵاوکراوەی زنجیرەیی لەمەڕ کورد و کوردستان بوو. یەکیان بە ناوی «کوهستان» و ئەوی دیکەیان بە ناوی «کوردستان» بڵاو دەبۆوە. «کوهستان» (لەمەودوا دەنووسرێت کووهێستان) بە زمانی فارسی و لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان دەستی بە وەشانی خۆی کرد. کوردستان‌یش دواتر لە سەردەمی شۆڕشی ژێنێراڵ مستەفا بارزانی و بە زمانی کوردیی بە چاپ گەییشت.

چما کووهێستان؟ چما کوردستان؟ ئەویش لە تاران!

کاتێک حکومەتی پەهلەوێ هەستی بە مەترسیی سەرهەڵدان دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دەکرد، پەنای بۆ مانۆڕێکی سیاسیی دەبرد بۆئەوەی لەبەرچاوی ناوەوە و دەرەوەی وڵات نیشان بدات کە ڕێز لە نەتەوەی کورد و مافەکانی دەگرێت. لە راستیدا ڕووداوە گرنگەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەم سیاسەتەی تاران دانابوو، ئەگینا تاران هیچکات ئەو تۆلێرانسەی نەبوو کە ئاوڕێکی مرۆڤیی لە کورد و کوردستان بداتەوە. بە دوای ئەوە دا کە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٦ی سێپتامبری ١٩٤٢ی زایینیی دامەزرا[43] و توانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە بە پێگە و دەستهەڵاتی خۆی دە موکریانی کوردستان‌دا بدات، تاران ترسی لێنیشت. دواتریش لە بەغداد لە ئۆکتۆبری ١٩٤٣ی زایینییەوە گۆڤاری «دەنگی گێتیی تازە» دەستی بە وەشان کرد.[44] بڵاوکراوە کوردییەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و دەنگی گێتیی تازە لە پەنای پەرەسەندنی دەستهەڵاتی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بە تەواویی تارانی شپڕێو کردبوو. بە پێی ئەو ڕۆژنامە و سەرچاوە ئێرانییانەی کە لەبەر دەستی نووسەری ئەم بابەتەدا هەن، ڕوونە کە تاران بە رووناکبیر و قەڵەمبەدەستانی حیزبی و دەستهەڵاتەوە زۆر لە ترسی لەدەستدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. هەربۆیە بە مەبەستی ئەوە کە پەرە بە تێزی فاشیستی ئێرانیبوونی کوردەکان بدەن و بۆ ئەوە لای وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش وا نیشان بدەن کە کوردەکان لای تاران بایەخیان هەیە،[45] حەوتوونامەی کووهێستان‌یان وەڕێخست. وەک لە وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، کووهێستان یەکەم ژمارەی خۆی لە ڕێکەوتی ٢٦/٢/١٩٤٥ی زایینیی‌دا بە چاپ گەیاند. سەرنجڕاکێشە کە تاران نەیشاردبۆوە ڕووداوەکانی کوردستان بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتیی چلۆن وە مەترسی خستبوون و دژایەتی ئێلیتی کوردیان دەکرد کە دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا خەریک بوون بناخەی سەربەخۆیی کوردستان دامەزرینن.[46]

بە پێی ئەو تێلێگرامەی کە قەرەنی ئاغای مامەش» بۆ تارانی ناردبوو، چەند ڕۆژ بەر لەوە کە وەشانی کووهێستان لە تاران دەست بە وەشانی خۆی بکات، نیشتمانپەروەرانی کورد لە مەهاباد پێنج چەکداری حکومەتی پاشایەتییان لە مەهاباد کوشتبوو و کاردانەوەکەی لە حەوتوونامەی کووهێستان‌دا دەبیندرێت.[47]

ڕۆژنامەی کوردستان‌یش کە بە هەمان شێوە لە لایەن حکومەتی پاشایەتی ئێرانەوە چاپکرا، هۆکارێکی حاشاهەڵنەگری هەبوو. پاش ئەوە کە ژێنێراڵ بارزانی لە سۆڤیەت گەڕاوە و خەباتی دژ بە حکومەتی بەغداد دەستپێکرد، سەرلەنوێ ئاگری بیری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا گڕی گرتەوە. ڕاپۆرتەکانی ساواک و کوردەکانی سەر بە ساواک هەموو سەلمێنەری ئەم راستییەن کە تاران ترسی زۆر لەوە بوو کە خەباتی بارزانی ببێتە هۆکار بۆئەوە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش سەرلەنوێ دژ بە تاران ڕابنەوە.[48] پاش کودەتای ١٩٥٨ی زایینیش دە عێراق‌دا، بەغداد دانی بە هەندێک مافی کولتووریی کوردەکان دانا. بۆ وێنە دە مادەی ژمارەی سێ‌ی دەستووری کاتیی عێراق‌دا زمانی کوردیی بە فەرمی ناسێندرا و مافی خوێندن بە زمانی دایکیی بە کوردەکان درا. بزوتنەوەی باشووری کوردستان و دانپێدانانی حکومەتی بەغداد بە هەندێک لە مافە کولتوورییەکانی کورد دە عێراق‌دا کاریگەریی لەسەر سیاسەتی تاران بەرانبەر بە کوردەکان دانا و هەربۆیە شا سەرمایە و کادری تایبەتیی تەرخانی بەچاپگەیاندن و بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان کرد کە وەک لەم وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینیی دەستی بە وەشانی خۆی کرد، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی کوردیی.

لە دواییدا کەحکومەتی عێراق شەڕی دژ بە کوردەکانی باشوور دەستپێکردەوە و هێرشی بردە سەر خاکی کوردستان، موحەممەد رەزا پەهلەوی‌ش ڕۆژنامەی کوردستانی کۆ کردەوە. دۆخی کوردستان لە هەرکام لە بەشە داگیرکراوەکانیدا کاریگەریی راستەوخۆی بۆسەر پرس و دۆخی کورد دە بەشەکانی دیکەدا هەیە. بۆ وێنە هەتا قەراردادی ئەلجەزایەر لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە ناوبەری ئێران و عێراق واژۆ نەکرابوو، سیاسەتی تاران و بەغدا لە هەردووک لەو وڵاتانەدا بەرانبەر باشووری کوردستان جیاواز بوو و لە دوای واژۆکردنی ئەو قەراردادە بە تەواویی گۆڕانی بەسەردا هات.

Wajokrdnî peimanî Aljazayer 1975 le layen nwêneranî Iran (destî çep) Iraq (destî rast) u Aljazayer (nêwncî)

بۆئەوە کە خوێنەر ڕوونتر بڕوانێتە ئەم گؤرانکارییانە، بە پێویست دەزانرێت کە دوو نموونە دێرەدا بهێنمەوە.

١. کاتێک کە بزوتنەوەی بارزانی و شەڕ لە بەرانبەر بەغداد بە لووتکەی خۆی گەییشت، حکومەتی پاشایەتیی ئێران لەوە دەترسا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر کاریگەری ئەودیو لە دژی تاران ڕابن. شا دەیزانی کە مەلاکانی کورد کاریگەرییان لەسەر جەماوەری کورد هەیە، هەر بۆیە فەرمانی بە دەوڵەت دا هەتا بەدجەیەکی تایبەت بۆ پشتیوانی مەلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکەن و لە ڕێگەی ئیدارەی ئەوقافەوە بیاندەنێ. لەو ماوەیەدا کە لە باشوور خەبات لە دژی بەغداد بەردەوام بوو، ساڵانە بۆ هەر مەلایەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەت هەزار تمەن پارە دەدرا.[49]

٢. هەتا ئەو کاتە کە قەراردادی ١٩٧٥ی نێوان عێراق و ئێران نەبەسترابوو، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیی ئەندامان و سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) کە دە خاکی عێراق‌دا دەژیان، کێشەی هاتوچۆکردن و بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەیان نەبوو. ڕۆژنامەی کوردستان بە بەردەوامیی بە چاپ دەگەییشت، بەڵام دوای ئەو گرێبەستە کە هەرەسی بە شۆڕشی بارزانی هێنا، ڕۆژنامەی کوردستان کە بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) بوو و لە بەغداد چاپ دەکرا، لە وەشان کەوت. تەنیا ئەوەیان پێکرا کە چەند جارێک ئەندامانی خۆیان بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنێرنەوە و پێوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵک بپارێزن. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کە ئەوکات لەگەڵ ئەندامانی دیکەی حیزب لە عێراق دەژیا، ئاوا باسی ئەو دۆخە دەکات کە چالاکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دە خاکی عێراق‌دا لەگەڵی بەرەوڕوو ببوونەوە:

«دیارە هەر ئەوە کە حیزب توانی مان و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی بپارێزێ، دەسکەوتێک بوو. بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لێ دەرکەین کارێکی ئەوتۆی بۆ پتەو کردنی جێ پێی خۆی لەدەست نەهات. پێوەندیی نێوان بەشەکانی ڕێبەرایەتی کارێکی ئاسان نەبوو. بۆیە بە کردەوە هەر بەشە بە کاروباری دەوروبەری خۆیان رادەگەیشتن و ئەو دەرەتانە نەبوو کە هەموو پێکەوە بۆ هەموو کاروباری حیزبی باس بکەن و بڕیار بدەن. ئەو بەشەش کە لە کوردستانی عیراق دەژیان، دەبوو دەست بە کڵاوی خۆیان دابگرن با نەی با و بیرکردنەوە لە تێکۆشانی تەشکیلاتی لە ژوورەوەی وڵات کەمتر بە مێشک دا دەهات. چونکە ئاکامی دڵتەزێنی لێ چاوەڕوان دەکرا.»[50]

گرێبەستی ١٩٧٥ کاریگەری نەرێنی لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات دانا. پاش ئەم هەرەسە کە بە شۆڕشی بارزانی‌یان هێنا، بە دەیان هەزار بنەماڵەی کوردی باشووریش ئاوارە بوون. سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکرات ئیدەیەکی باشیان هەبوو و گەرەکیان بوو نەزەری بارزانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن تا بە یەکەوە لە دژی ئێران خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو بکەنەوە. فکرێکی لۆژیک و چاوەڕوانکراو بوو. لۆژیک لەبەر ئەوە کە شای ئێران بەڵێنییەکانی خۆی بەرانبەر پشتیوانی لە بارزانی و شۆڕشەکەی نەبردە سەر و چاوەڕوانکراو لەبەر ئەوە کە لە سەردەمی ئەحمەد تۆفیقەوە ئەو فکرە دەنێو ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات‌دا هەبوو کە دوای کۆتاییهاتنی خەبات لە باشوور (هەڵبەت دوای سەرکەوتن)، هەموو هێزەکانی کوردستان ڕوو دە ئێران بکەن و سیلەی تفەنگەکانیان لە شای گرن. ئەمە بە دەیان جار لە لایەن سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌ەوە گوترابوو (بۆ وێنە ڕەسووڵی پێشنەماز ئەمەی لە زاری سولەیمانی مۆعینی بیستبوو). حەسەنزادە دەستی بە بارزانی نەگەییشت بۆئەوەی نامەی حیزبی دێمۆکراتی بە دەست بگەیەنیت، هەربۆیە بارزانی بەو ئیدەیەی حیزبی دێمۆکراتی نەزانی.

ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات کە لە عێراق دەژیان، چیتر نەیاندەتوانی بە سانایی هاتوچۆ بکەن. پسوولە و پاسپۆڕتیان نەبوو. حیزبی دێمۆکرات پێویست بوو لەسەر دۆخی نالەباری حیزب و ئەندامەکانیان کۆبوونەوە پێکبهێنن، بەڵام بۆیان نەدەلوا. پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەندامانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش چەتوونتر ببوو. چەند ئەندامێکی حیزبیش لە هەندەرانەوە داوای ویزایان کردبوو کە پێیان نەدرابوو و نەیانتوانیبوو بگەڕێنەوە عێراق.[51]

هەموو ئەو کەسانەی کە هەندێک لەسەر مێژووی کوردستان موتاڵەیان هەبووە، دەبێ بەمە بزانن کە قینی نەتەوەی کورد لە دوای رووخانی کۆماری کوردستان‌ەوە لە دژی پەهلەوی‌یەوە ڕیشەی داکوتاوە. لەسێدارەدانی گەورەپیاوانی کورد و سەرۆککۆماری خۆشەویستی کوردەکان لە لایەن حکومەتی پەهلەوی‌یەوە لای کوردەکان ڕووداوێکی تاڵە و لەبیریان ناچێتەوە. لەو سەروبەندەدا کە شا لەگەڵ دژایەتیی نێوخۆیی بەرەوڕوو ببۆوە، ئاگری کوردەکانیش سەرلەنوێ گڕی گرتەوە. سەرچاوەی جۆراوجۆر باس لە ڕووداو و هەڵوێستی دژ بە حکومەتی پەهلەوی لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە پێویستە لە مژارەکانی داهاتوودا بخرێنە بەر ئاماژە. جگە لەمە، کوردەکان باش ئاگاداری سیاسەتی جیاوازیدانانی شا و لە پەڕاوێزخستنی کوردستان هەبوون. بودجەی کەمتر بۆ ناوچە کوردستانی‌یەکان تەرخان دەکرا و زۆرتر خەریکی پێڕاگەییشتن بە پێتەخت و ناوچە فارسنشینەکان بوو. ژمارەیەکی زۆریش لە کوردەکان دە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا  دەژیان و جەماوەری کورد بە بوونی ئەوان دە زیندان‌دا قینیان لە شا زۆرتر ببوو و خۆشیان لە دەرەوەی ئەو دەستهەڵاتەدا دەبینی کە شا بەڕێوەیدەبرد. بەسەرکردنەوەی هەموو ئەم باسانە بە مژارەکانی دادێ دەسپێرم. دێرەدا بە کورتیی باس لە یەک لەو ڕووداوانە دەکرێت کە لە مەهاباد ڕوویدا و حاشاهەڵنەگرە کە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر هەستی نەتەوەیی کوردەکانی ناوچە دانا. ئەم ڕووداوەش بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە کە کوردەکان گەرەکیان بوو تەرمی ئازادیخوازی کورد، عەزیزی یۆسفی لە مەهاباد بنێژن.

ئەوە کە تەرمی عەزیزی یۆسفی چۆن بۆ مەهاباد گواستراوە و خودی ئەو کێ بوو، مژارێکی تایبەتی گەرەکە و لە داهاتوودا گەڕانەوە بۆ ئەم باسانە دەکرێت. باسکردنی ڕووداوەکانی کاتی ناشتنی ئەو لێرە بایەخێکی تایبەتیی هەیە و چون کاریگەری لەسەر ڕۆحی شۆڕشگێڕی کورد لە ناوچەکە دانابوو، بە دروست زانرا لە باسی هۆکارەکانی شۆڕشی ٧٩ ئاماژەیەکی کورتی پێ بکرێت.

عەزیزی یۆسفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) پاش ٢٥ ساڵ زیندانیی ئازاد بوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە لە ژێر ئەشکەنجە و دۆخی نالەباری زیندان نەخۆش ببوو، دە ڕێکەوتی ٤ی ٦ی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا کۆچی دوایی کرد. کاتێک کە تەرمەکەیان بۆ ناشتن گواستەوە مەهاباد، پێشوازییەکی گەرم کرا. بەرخۆدانی ئەو وەک ئازادیخوازێکی کورد ساڵانێکی زۆر لای خەڵک باس دەکرا و بە تایبەتیی لای گەنجانی ناوچەکە ڕێزێکی بەرچاوی هەبوو. عەزیزی یۆسفی وێنەی بەرخۆدانێکی بێوێنە بوو کە ٢٥ ساڵ زیندان، ئەشکەنجە، سترێس، هەڕەشە و دۆخی ناسالمی زیندان نەیتوانی بە چۆکی داهێنێت. جگە لە حورمەت و ڕێزێک کە خەڵکی مەهاباد بۆ خەبات و کەسایەتی عەزیزی یۆسفی‌یان هەبوو، هەلەکە لە بواری دیکەشەوە بۆ نیشاندانی ورەی بەرزی کوردەکان رەخساو بوو. لەو زەمەندا بە گشتیی دۆخی ئێرانیش پڕ لە کێشە و هاڵۆزیی بوو و پێویست بوو کوردستان‌یش جووڵەکەی ئاشکرا لە خۆی نیشان بدات. پۆتەنسیەلی دژەحکومەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا فرە بوو، بەڵام پێویستی بە بیانوویەک هەبوو هەتا ئاگری کوردەکان گڕ بداتەوە. شێوەی پێشوازیکردن و قسەی سیاسەتوانە کوردەکان لە کاتی ناشتنی تەرمی عەزیزی یۆسفی، کاریگەری زۆرتری لەسەر جەماوەرەکە دانابوو. ڕووناکبیرانی گەنجیش کە خۆیان لە دەرفەتێکی ئاوا دەگەڕان بۆئەوەی کەڵکی بەجێی لێ وەرگرن و بناخەکانی نەمانی حکومەتی پاشایەتیی لە کوردستان‌دا دابڕێژن. ڕێپێوانێکی بەرین لە ڕۆژی سێهەمی پرسەکەدا لە مەهاباد ئەنجام درا کە کۆنترۆڵی بۆ چەکدارانی حکومەت سانا نەبوو.[52]

حکومەت کاردانەوەی نیشان دا و دەستەیەکی زۆری لە گەنجان و ڕووناکبیرانی کورد گرت کە سەر بە ڕێبازی فکری جیاواز بوون. بەشێک لەو کەسانە هەر لە مەهاباد ئازاد کران. دەستەیەک لەوان بەرەو زیندانی ورمێ بەڕێ کران. گرووپێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکان بۆ زیندانی کرمانشا گواسترانەوە و دەستەیەکیش هەر لە مەهاباد ڕاگیران.[53]

وەک گوترا ئەمە یەک لە ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە زۆر بە کورتیی باسکرا. لە دادێدا گەڕانەوە بۆ ئەم ڕووداوە و باقی ڕووداوەکانی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

‌‌

سەرچاوە و ژێدەر


[1]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ١٧٣

تێبینی: دەنگی ئەشرەف پەهلەوی لەبەردەست‌دا هەیە کە ئەم قسانەی کردووە. هاوکات بیرەوەری و سەرچاوەی دیکەش هەن کە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و بەم شێوەیەی نییە متمانەی تەواو بە یەک سەرچاوەی زارەکیی کرابێت.

[2]  خاطرات من و فرح پهلوی؛ اسکندر دلدم، انتشارات به‌آفرین، چاپ سوم، ص ١١٣٤

هەروەها سەبارەت بە ناسناوی پەهلەوی: ترکێکی دانیشتووی ئازەربایجان کە لێکۆڵەری مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار ناسناوی ”پهلوی” بۆ خۆی هەڵبژارد و بە ناوی «محمود پهلوی» ژیانی دەکرد. ناوبراو لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری «پروین» کە لە ساڵی ١٩١٥ی زایینی بڵاو بۆوە، بابەتێکی بە ناوی ”محمود پهلوی” لە سەر کتێبخانەی «اسکندریە» بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٢٤ی زایینی لە لایەن زۆردارێکی حکومەتی بە ناوی ”فرج اڵڵەخان بهرامی” نامەیەک بە دەستی ”محمود پهلوی” گەییشت و بە ڕاشکاویی فەرمان درابوو کە چیتر بۆی نییە ناسناوی «پهلوی» بەکار ببات. ئەو بڕیارەش لە لایەن «رضا سوادکوهی» پاشای ئەوکاتی ایران درابوو کە ناسناوی «پهلوی» بۆخۆی هەڵبژاردبوو و حەزی نەدەکرد کەس ئەو ناوە بەکارببات. «محمود پهلوی» بەم هۆیەوە ناوی خۆی وەک ناسناویش بەکاربرد و بە ناوی ”محمود محمود” درێژەی بە ژیان و نووسین دا. یەک لە پەرتووکە بە نرخەکانی ”محمود محمود” لە ژێر ناوی ”تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلیس در قرن نوزدهم” لە هەشت بەرگان‌دا بەچاپگەییشت. بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بۆ وێنە بڕواننە نووسینەکانی دوکتوور فریدون آدمیت و محمود کثیرایی و علی دهباشی.

[3]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٧٦

[4]  هەمان سەرچاوەی پێسوو، لاپەڕەی ٥٠

[5]  لێرە گرنگە ئەمەش لەبەرچاو بگیردریت کە کاتێک شا بۆ یەکەمجار هەڵات و ئێرانی بۆ مصدق جێهێشت، لە بەغداد ترسی لێ نیشتبوو، چون باڵوێزی ئێران لە بەغداد ویستبووی شا ڕادەستی موسەددیق بکاتەوە. بۆ زانیاری زێدەتر لەمبارەوە بڕوانە:

اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٢٦٠

[6]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٥٠١

[7]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣١٠

[8]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ١، شابک ٨-١٤-٦٣٥٧-٠٩٦٤، چاپ و نشر نظر، ص ٦٢

[9]  Bullard, Sir Reader William (1885-1976), British Ambassador to Iran 1942–1946

[10]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٣٠١

[11]  سەرچاوە بۆ ئەمجۆرە زانیارییانە زۆرە. هەر بۆوێنە بڕواننە بیرەوەرییەکانی تاجەلملووک ئایرەملوو کە ناوی زۆرکەسی درکاندووە. بیانییەکانیش لەمبارەوە کتێبیان نووسیوە.

[12]  فیلمێک لەمبارەوە هەیە کە هەرچەند هەموو شتێک نیشان نادات، بەڵام بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەو ڕۆژە چ قەوما. برواننە ئەم بەستەرەی ژێرەوە.

هەروەها بڕواننە ئەم بەستەرەی ژێرەوە

http://fas.org/news/iran/2000/000321-iran1.htm

هەروەها بروانە بابەتێکی گرنگی سی‌ئێن‌ئێن لەم بارەوە

CNN Insight, U.S. Comes Clean About The Coup In Iran

http://transcripts.cnn.com/TRANSCRIPTS/0004/19/i_ins.00.html

دۆسیەی تایبەتی نیۆیۆرک‌تایمز سەبارەت بە چالاکییەکانی سی‌ئای‌ئێی ئامریلا دە ئێران‌دا

http://www.nytimes.com/library/world/mideast/041600iran-cia-index.html

خوێندنەوەی ئەم بەڵگە نهێنییەی سی‌ئای‌ئێی ئامریکا (ئێستا نهێنی نەماوە)، گومان بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە.

http://www.nytimes.com/library/world/mideast/iran-cia-intro.pdf

سەرچاوە لەمبارەوە یەکجار زۆرە کە هاوکاری ئامریکا بۆ رووخانی حکومەتی موسەددیق باس دەکەن. تەنانەت بیل کلینتۆن‌یش لە لاپەڕەی ٨١٤ی پەرتووکی «ژیانی من» باسی لەمە کردووە.

[13]  لەمبارەوە پرسیار لە چەند پسپۆڕێ کراوە کە خوێندنەوەیان زۆر شت ڕوون دەکاتەوە. بڕواننە بەستەری ژیرەوە

https://harikar.files.wordpress.com/2016/03/musediq.pdf

[14]  بۆ کەسانێک کە خوارزیار بن بەڵگەکانی ئاسایسی نەتەوەیی ئامریکا، وێنەکان، نامەی دەستنووسی شا، ڕاپۆرتەکان و فەرمانە ئامریکاییەکان و زۆر بەڵگەی دیکە لەمەڕ شەڕی سارد و هەڵویستی وڵاتانی خاوەنهێز ببینن، دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرەی ژێرەوە بکەن.

* ئێستاش دە بەڵگەکاندا دەبینرێت کە هەندیک ناو و زانیاری پاککراون.

http://nsarchive.gwu.edu/NSAEBB/NSAEBB435/

[15]  Stephen Kinzer, All the Shah’s Men; An American Coup and the Roots of Middle East Terror, ISBN 0-471-26517-9, P 157

[16]  F. FitzGerald, “Giving the Shah Everything He Wants,” Harper’s Magazine, November 1974.

https://harpers.org/archive/1974/11/giving-the-shah-everything-he-wants/

[17]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 126

[18]  KENNETT LOVE, Shah, Back in Iran, Wildly Acclaimed; Prestige at Peak, New York Times, August 23, 1953

https://partners.nytimes.com/library/world/mideast/082353iran-shah-return.html

[19]  هما سرشار، خاطرات شعبان جعفری، نشر ناب، لس آنجلس ١٣٨١، شابک ٩-٩-٩٦٦١٢٩١-٠ ص‌ ١٥٩-١٦٣

[20]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 122

[21]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:١٣٨٤، ص ٦٣

[22]  احسان نراقی، از کاخ شاه تا زندان اوین، ترجمە سعید آذری، تهران ١٣٧٢، موسسە خدمات فرهنگی رسا، ص ١٠٠-١٠٢

[23]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٣٥٧-٣٥٩

هەروەها لەم سەرچاوەی ژیرەوەشدا ئاماژەی پێ کراوە

مصطفی الموتی، ایران در عصر پهلوی، جلد ١٠، لندن ١٣٧٠، ص ١٧-٢٦

پێویستە ئەمەش باس بکرێت کە مەحموود رەزا پەهلەوی (برای شا) لە لایەن ڕاگەیاندنی ناوداری ڕۆیتێرز لەقاو درا کە لە لایەن پۆلیسەوە لە ماڵی خۆی لە لۆسئانجلێس دەستبەسەرکرابوو، چون ماددەی هۆشبەریان دە ماڵەکەیدا دۆزیبۆوە. بڕواننە لاپەڕەی ژمارە دوو لەم ڕۆژنامەیەدا کە ڕێکەوتی ٩ی ٥ی ١٩٩٢ باسی کرد. ئەم رۆژنامەیە لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن بخوێننەوە.

https://news.google.com/newspapers?id=hZ8pAAAAIBAJ&sjid=WoQDAAAAIBAJ&pg=6661%2C3877525

[24]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 142

[25]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ٢٢٤

[26]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 142

[27]  Filmekey lem besterey jêreweda detwann bbînn. Banisadr em qseye le xuleki 8:30 ra degêrrêtewe.

[28]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، ٢٩ مارس ١٩٧٥

[29]  پەرویز مەحموود پێشتر ئەندامی حیزبی تودە بوو، بەلام لەو کاتدا حیزبی تودە نەیدەتوانی بە شێوەی قانوونی چالاک بێت و لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران وەلانرابوو.

[30]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[31]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ١٩٢

[32]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 38

[33]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[34]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 205

[35]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 132

[36]  Stockholm International Peace Research Institute, World Armaments and Disarmament: Year Book for 1977 (Cambridge: MIT Press, 1977), pp. 228–29

[37]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 135

[38]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[39]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 134

[40]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:١٣٨٤، ص ٨٢

[41]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، یکشنبە ٦/٨/١٩٧٨

[42]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 200

[43]  سەید موحەممەدی سەمەدی، ژێ.کاف چبوو؟ چی دەویست؟ وە چی بەسەرهات؟ مەهاباد ١٩٨١ی زایینیی، لاپەڕەی ١١

[44]  ڕۆژنامەی ”دەنگی گیتیی تازە”، خولی دووەم، بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠١٣، لاپەڕەی ٥

[45]  حەوتوونامەی کووهێستان، تاران ٢٦/٢/١٩٤٥، ژمارەی یەکەم، لاپەڕەی ٣

[46]  بۆ وێنە بڕوانە سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ١

هەروەها ژمارەی دووهەم، لاپەڕەی ٤

[47]  بۆ وێنە بڕوانە ژمارەکانی یەکەم و دووهەم حەوتوونامەی کووهێستان کە لەسەر ئەو ڕووداوەی نووسیوە. بە تایبەتیی لە ژمارە دووهەمدا زۆرتری لێ وردبوونەوە.

[48]  بڕوانە پەرتووکی جنبش چپ بە روایت اسناد ساواک؛ حزب دمکرات کردستان ایران، جلد اول، شابک ١٤-٥٦٤٥-٩٦٤

بەدرەدین ساڵح ئەو بەشەی کە پێوەندی بە کوردستان و شۆڕشی کوردەوە هەیە کردووینە بە کوردی و لەژێ ئەم ناو و نیشانە بە چاپی گەیاندوون:

بەدرەدین ساڵح، کوردستان و شۆڕشی کورد لە بەڵگەنامەکانی ساواکی ئێراندا، ژ. س. کتێبخانە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی ١٥١، هەولیر، چاپخانەی منارە

[49]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ٢٥٤

[50]  عبدالله حسن‌زادە، نیو سەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ١٩٩٥، لاپەڕەی ٩٧

[51]  عبدالله حسن‌زادە، نیو سەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ١٩٩٥، لاپەڕەکانی ٩٨-١٠٠

[52]  جەلیل گادانی، ٥٠ ساڵ خەبات؛ کورتە میژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەرگی یەکەم، چاپی دووهەم، دەزگای موکریانی ٢٠٠٨، لاپەڕەکانی ٢٢٠-٢٢١

[53]  بیرەوەرییەکانی حاجی عەبدوڵڵای قازی، وڵاتی من، ئامادەکردنی قاسم قازی، لاپەڕەکانی ١٨٧-١٨٨


بەشی ٣

ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ماوەی ٣٧ ساڵی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی کوڕ دا خەدرێکی زۆری لەچاو ناوچە ناکوردستانی‌یەکان لێکرابوو. لە تەواویی ئەو سالانەدا بودجەی ئاوەدانکردن و پێڕاگەییشتن بە کوردستان کەمتر لە ناوچەکانی دیکە بوو. خەلکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەردەسەری زۆریان کێشا بۆئەوە بتوانن قوتابخانە بۆ هەموو پۆلەکان و لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان بکەنەوە. جیا لەمانەش، کارنامەی سیاسیی سیستەمی پاشایەتیی دە ڕۆژهەلاتی کوردستان‌دا بە خوێنی نازدارانی کورد پڕ ببۆوە. ڕێپێوانی بەرینی جەماوەری کورد لە دژی حکومەتی پەهلەوی بەڵگەیەکی حاشاهەلنگرە بۆ قینێک کە کورد لەو حکومەتەی هەبوو.

ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ دوو جیلی جۆراوجۆری کورد لە گۆرەپاندا بوون کە هەرکام لەوان بیرەوەری تاڵیان لە خەساری قەرەبوونەکراوی کورد هەبوو. جیلێک لەوکاتدا مابوون کە لەسێدارەدانی سەرۆکۆماری کوردستان و باقی نیشتمانپەروەرانی سەردەمی کۆماری کوردستان‌یان بینیبوو و داخی ئەو مێژوو تالە لە ناخیان‌دا مابۆوە. هەمان جیل لەگەڵ جیلی دوای خۆی بە بەردەوامیی شایەتی سیاسەتی دژەکوردیی پەهلەوی بوون کە تا دوایین ساتەکانی دەستهەڵات لە تارانەوە بەرانبەر کوردستان بەڕێوەیبرد.

حکومەتی پەهلەوی کۆمەڵێک خەباتکار و ئازادیخوازی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر کوشتبوو. جگە لەمەش بێڕێزی بە تەرمی بەشێک لەو کەسانە لە لایەن حکومەتەوە کرابوو کە لەبیرنەکراو بوون. ڕێژەیەکی زۆریش لە چالاکانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکومەت‌دا بەندکرابوون. کۆمەڵێک کوردی دیکەش بۆ شوینی دەرەوەی کوردستان گواسترابوونەوە. بوونی ئەم هەمووە ناعەداڵەتییە بەرانبەر بە کورد و دڵخۆشبوونی خەلکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سیاسەتوانانی زیندانیکراو و دەرەوەی ولات، کوردەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ ڕژانە سەر شەقام ئامادە کردبوو. بە تایبەتیی لە کاتێکدا کە دەنگی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە پەهلەوی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرز بۆوە، لە کوردستان‌یشدا وردەوردە ئەم پرسە زۆرتر و زۆرتر زەق دەبۆوە کە لە دەرفەتێکدا کوردەکانیش ڕژابانە سەر شەقام و داوای لاچوونی پەهلەوی‌یان لەسەر دەستهەڵات کردبا.

زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەم بروایەن کە ڕێپێوانی مەهاباد لە ڕۆژی ناشتنی عەزیز یۆسفی، یەکەم ڕێپێوان لە دژی حکومەتی پەهلەوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بوو. تەنانەت عەبدوڵڵا مۆهتەدی کە پیی وایە زۆربەی ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکان لە لایەن ڕێکخراوی ئەوانەوە (کۆمەڵە) بەڕیوە چووبوو، ئەمە باس دەکات کە ڕێپیوانی مەهاباد یەکەم ڕێپێوانی رۆژهەلاتی کوردستان بە دژی پەهلەوی بوو.[1]

لە بابەتی پێشوودا باس لەوە کرا کە تەرمی عەزیز یۆسفی بەرەو مەهاباد گواستراوە. پێشوازییەکی زۆر بەربڵاو لە تەرمی ئەو شۆڕشگێڕە کوردە و ئەو گرووپە کرابوو کە تەرمەکەی یۆسفی‌یان لە تارانەوە گواستبۆوە. ڕێگەی میاندواو-مەهاباد لە لایەن چەکدارانی حکومەتییەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت‌دا بوو، بەلام نەیاندەتوانی کە پێش بە هاتنەوە تەرمەکەی بگرن یان بۆ ڕێکەوتێکی دواتر وەدوایەی بخەن.

جەلیلی گادانی باسی لەوە کردووە کە لەسەر گڵکۆی عەزیزی یۆسفی سپاسوێژیی خۆی بەرانبەر دڵسۆزی و پشتیوانی خەلکی مەهاباد دەربڕیبوو.[2] گادانی لەسەر کەسایەتی، خەبات و خۆڕاگریی یۆسفی قسەی کردبوو. بە دوای ئەویشدا شێخ عێزەددین حۆسەینی قسەی بۆ جەماوەر کرد و لەسەر کەسایەتی عەزیز یۆسفی و گرنگیی دریژەپیدانی ڕێگەی ئەو دوابوو.

پرسەی یۆسفی لە خانەقای نەهرێ بۆ ماوەی سێ رۆژان بەڕێوەچووبوو. کوردەکان لەو دەڤەرەدا لایان باوە کە لە رۆژی سێهەمدا سەردانی گلکۆی کەسی کۆچکردوو دەکەن. ساواک کە بەم شتانە ئاگا بوو، هەرەشەی خۆی لە ناو جەماوەردا بلاو کردبۆوە کە خوازیاری دەربڕینی قینی خۆیان لە حکومەت بوون.

ئەوجۆرەی کە سەرچاوەی جۆراوجۆری زارەکیی باس دەکەن، پتر لە بیست هەزار کەس لە سێڕۆژانەی سەرەخۆشی عەزیز یۆسفی‌دا لە شاری مەهاباد کۆببوونەوە کە هەمووشیان خەلکی ئەو شارە نەبوون.

پاش ئەوە کە لەو رۆژەشدا سەرلەنوێ لەسەر گڵکۆی عەزیز یۆسفی کۆمەڵیک قسە و دروشم لە دژی حکومەتی پەهلەوی درابوو،[3] لە کاتی گەڕانەوە بەرەو شار، سەردانی گڵکۆی شەهیدانێکی دیکەی کوردستانیش کرابوو کە بەرچاوترینیان سولەیمان مۆعینی بوو.

عومەر قازی لەو شوێنە دروشمی شۆڕشگێڕانەی دابوو و کاریگەری ئەرێنی لەسەر وەکوڵخستنی جەماوەر دانابوو، بە شێوەیەک کە خەڵک روویان لە شەقام کردبوو و بە گوتنی دروشمی دژی حکومەت، دەنگی دلیرانەی خۆیان لەبۆ رووخانی حکومەتی پاشایەتیی دەربڕیبوو.[4]،[5]

ساواک بە دوای ئەم ڕێپێوان و دروشمانەدا کاردانەوەی لە خۆی نیشان دا. لە ماوەی دوو ڕۆژاندا دەیان کەس گیران و بەرەو زیندانی جۆراوجۆر بەڕێ کران.[6]

جەلیل گادانی نێوی ئەو کەسانەی کە لێیان ئاگادار بوو و لەبیری مابوون بەم شێوەیە تۆمار کردووە:

جەلیل گادانی، خەلیل گادانی، حەسەن ماوەڕانی، عەمەر قازی، سەید حەسەن هاشمی، سەید موحەممەد نیزامی، عومەر شێخ موحەممەدی، قادر ماوەڕانی، عەزیم مۆوەفەقی، پۆڵا نانەوازادە، کەریم ئەفسەردەلیر، قاسم سۆڵتانی، حوسەینی وەستا جەلیل، وشیار ئیمامی، سیامەند مۆعینی، حوسین بەخشی، سەحید کوێستانی، مەلا سادق، سەید خدر (؟)، خۆسرەو مێعمارئازەر، تەها کەرباسیان، حەوسەت دەبباغی، قاسم چیڕە، موحەممەدئەمین چیڕە، ئیبڕاهیم شێخانی، عەبدوڵڵا گادانی و خۆسرەو خۆسرەوی.[7] هەر لە ورمێ کەسانێکی دیکەش بە ناوەکانی رەزا سێراجی، ئەحمەد نەستانی، کەریم نەستانی، قادر عەلیزادە، قادر ڕەسووڵی، عومەر حەمدێکیان، ئەحەدی ئەنجیری، ئەبووبەکر حەمدێکیان، برایم چەکڵە و چەند کەسی دیکە زیندانی بوون.[8]

ساواک کە بە تەواویی بەم بەرەنگاربوونەوەیە تێکچووبوو، لەسەر ئەو بروایە بوو کە دەیتوانی بە سزادانی کۆمەڵیک لەو کەسانە، جەماوەری کورد چاوترسێن بکات، هەربۆیە سزای لەسێدارەدانیان بۆ ١٦ کەس بڕیبۆوە، بەلام وێڕای ئەوە کە مافناس و پارێزەرە کوردەکان لەگەڵ کوردانی دڵسۆزی تاران و نێوخۆی ڕۆژهەلات بەدواداچوونیان بۆ ئەو حوکمە نامرۆڤییە کردبوو، جەماوەری مەهابادیش درێژەیان بە ڕێپێوانەکانی خۆیان لە دژی حکومەتی پەهلەوی دا. یەک لە کوردەکان بە ناوی جەمال فەقێ یەعقووب لەو ڕێپێوانانەدا بە دەستی چەکدارانی حکومەت کوژرا و زۆر کەسیش بریندار بوون.[9]

لەبەر ئەوە کە هەم ڕێژەی زیندانییەکانی کورد لە سەرێ بوو و هەم ئەوە کە حکومەت بە دروستی زانیبوو زیندانییەکان لە یەک جێگە ڕانەگرێت، پاش ئەوە کە بەشێکی خەڵکەکە ئازاد کران، دەستەیەک لە زیندانییەکان بەرەو کرماشان بەڕێ کران.[10] دەستەیەکیش لە مەهاباد ڕاگیران و دەستەیەکی دیکەشیان لە زیندانییەکان بۆ زیندانی ورمی نارد.[11]

وێنەی ژێرەوە لە زیندانی ورمێ کێشراوە کە تەنیا بەشێک لەو ئازادیخوازانەی ئەوکات نیشان دەدات کە لە زیندانی ورمی ڕادەگیران.[12]

Serçawey wêne u zaniyarî: Polla Nanewazade

ریزی پشتەوە لە راستەوە: عومەر قازی، حەسەن ماوەڕانی، قاسم ریانی، سەید خدر، شادرەوان ئەحەد ئەنجیری، پۆڵا نانەوازادە، وشیار ئیمامی (هووشی)

ریزی ناوەڕاست لە ڕاستەوە: تاهیر خەلیلی (فەرزاد)، جەلیل گادانی، خەلیل گادانی، قادر ماوەڕانی

ریزی پێشەوە لە راستەوە: شادرەوان سەید موحەممەد نیزامی، حوسێن بەخشی، خۆسرەو خۆسرەوی، (؟ چیڕە یان راهی)

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٤

‌‌

وەک پێشتر باسکرا، ڕێپێوانی پاش پرسەی شادرەوان عەزیز یۆسفی یەکەم رووداو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بوو کە خەڵکی کورد نارەزایەتی فەرمی و زەقی خۆیان بەرانبەر حکومەتی ئێران دەربڕی و هاوکات کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا.

نزیکەی دوو مانگ بەر لەوە کە یۆسفی کۆچی دوایی بکات، لە شاری بانە ڕووداوێکی زۆر گرنگ ڕوویدا کە تا ئێستا لە کتێبە کوردییەکاندا باسی نەکراوە و پێویستی بە بەدواداچوونی زۆرتر هەیە. شەوی ١ی ٤ی ١٩٧٨ی زایینیی (١١ی ١ی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاویی) گرووپێک لە گەنجەکانی شاری بانە نارەزایەتی خۆیان لە دژی حکومەتی ناوەندی بە جۆرێک دەربڕی کە لەوکاتدا لە ئێران باو بوو. وەک سەرچاوەی ئێرانییەکان و مێژووی زارەکیی نیشانی دەدەن، لەو کاتدا ئێرانییەکان زۆرتر لە ڕێگەی توند و تیژییەوە هەوڵی رووخانی حکومەتی پاشایەتییان دەدا. ئێرانییەکان توانیبوویان

Serçawey wêne: Soran Karbasian

لە کورتخایەندا هەندێک کاریگەری لەسەر ناوچە کوردستانییەکانیش دابنێن. هەر لەژێر ئەوجۆرە کاریگەرییانە بوو کە لە بانەش گەنجەکان بە شەو رژانە شەقام و هەندێک کاریان ئەنجام دا بۆئەوەی لەو ڕێگەیەوە بە حکومەتی ناوەندی بێژن کە ئەوان خوازیاری بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان بوون و خۆشیان لەوە نەدەهات کەسێکی غەیرەکورد بەرپرسی باڵای شارەکەیان بێت.[1]

ئەو گرووپە لە بانە سەرەتا ئاگریان دە ئۆتۆمبیلی بەرپرسی ئاسایشی ئەو شارەیان بەردا. ئەو بەرپرسە کورد نەبوو و لە لایەن ناوەندەوە بۆ ئەو شارە دابینکرابوو. لە دواییشدا گەنجانی شاری بانە درێژەیان بە دەربڕینی نارەزایەتییەکانی خۆیان دا و هێرشیان بردە سەر بانکێک. شووشەکانی ئەو بانکەشیان شکاند و لە کۆتاییدا بڵاوەیان کرد. ڕۆژنامەی ئێتێلاعات لەم بارەوە کورتە ڕاپۆرتێکی چوار ڕۆژ دواتر بلاو کردەوە، بەڵام بە هۆکاری تایبەتیی حەزیان نەدەکرد زۆر بە وردیی باسی رووداوەکە بکەن.[2]

حکومەت لەو کاتەدا دڵنیا نەبوو کە بە چ شێوەیەک کاردانەوە بەرانبەر ئەوجۆرە نارەزایەتییانە دەرببڕێت، چون دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە سەرەتای ئەو سالەوە زۆرتر بوو و موحەممەد رەزای پەهلەوی لە نەورۆزی ئەو سالەوە لەگەڵ توند و تیژی و نارەزایەتییەکی بەربڵاو بەرەوڕوو ببۆوە. ئەمجۆرە جووڵانە بە بەردەوامیی ئەنجامدەدران. بۆ وێنە سێ شەو پاش ئەو ڕووداوەی شاری بانە ، لە کرماشان ڕووداوێک ڕوویدا کە سەرەڕای ئەوە خەساری گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام حکومەت ترسی لێ نیشت. حکومەت لەوە دەترسا کە ئاوڕدانەوەی میدیایی لە هەموو رووداوەکان خەساری لێ دەکەوتەوە و مەترسییەک بوو بۆسەر ئاسایش نەتەوەیی و دەستهەڵاتی پەهلەوی، هەربۆیە گەر لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاماژەی پێ کرابا، زۆر بە تەسکی ئاوڕیان لە ڕووداوەکان دەدا.

لە کرماشان سەرایەکی گەنجان سازکرابوو کە ببوو بە ناوەندی بڵاوکردنەوەی کولتوورێک کە لەچاو داب و نەریتی کوردەکان وەک بێ‌ئەخلاقی دەهاتە ئەژمار. تەقینەوەیەک لەوێ ئەنجام درا کە هەرچەند زەرەری گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەشێکی بیناکەی حکومەتی ڕووخاند.[3]

دەوڵەت لە سەرەتادا کە نەیدەزانی ئەو نارەزایەتییانە بەرەو چ ئاقارێک دەچوون، هەوڵی دەدا کە بە شێوەیەکی ژیرانە کەڵکی نادروست لە دەنگی نارەزایەتیی جەماوەر وەربگرێت. چەند ڕۆژ پاش رووداوەکانی بانە و کرماشان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە نەمسا لەگەڵ خەلعەتبەری ئەنجام درا، ئاماژە بە نارەزایەتییەکان و دژایەتییەکانی نێو ئێران کرا. خەلعەتبەری کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، ئەو جووڵانەی بە گرووپی توندڕەو و ڕادیکاڵ‌ەوە لکاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو گرووپانە ناخوازن ئێران بەرەو پێش بروات و بە ئامانجە پێشکەوتووەکانی خۆی بگات.[4] وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئێران لە وەڵامی ڕۆژنامەوانی بی‌بی‌سی‌دا لەمەڕ نارەزایەتییەکانی جەماوەر گوتی: «گەر لە ئێران دیکتاتۆری بوونی هەبوا، ڕێپێوانێک بەڕێوە نەدەچوو.»[5] لەم دیمانەیەدا خەلعەتبەری لە قازانجی خەڵکی فلستین دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل‌یش قسەیکرد!

لەم ماوەیەدا کە ڕێژەی نارەزاییدەربڕینەکان فۆڕمێکی بەربڵاوی بەخۆی گرتبوو، وردەوردە گەنجەکانی کوردیش وەخۆ کەوتبوون و بە گوڕێکی تیندارتر لەچاو جاران لە چالاکیدا بوون. لە شاری نەغەدە نزیکەی دوو حەوتوو پاش بانە و کرماشان، سێ خوێندەکاری کورد لە لایەن بەرپرسانی ئاسایشی حکومەتەوە دەستبەسەرکران. سێ خوێندەکاری کورد کە بۆ نووسەری ئەم دێڕانە ڕوون نییە سەر بە چ ڕێبازێکی فکری و کام لایەنی سیاسیی بوون، لە دژی حکومەتی پاشایەتیی لە کاتی چالاکیدا گیرابوون. ئەو سێ لاوە قوتابییە بریتی بوون لە:

١. سەید رەزا فازلیان ٢. سەید موحەممەدی فازلیان ٣. موحەممەد خامیان[6] ئەوان هەر سێکیان لە کاتێکدا گیرابوون کە کۆمەڵێک کاخەز و دروشمیان لابوو کە لە دژایەتیی حکومەتی پەهلەوی‌دا نووسرابوون.

Serçawey wêne: Soran Karbasian

ماوەیەک دواتر لە ڕێکەوتی ١٠ی ٥ی ١٩٧٨ی زایینیی دوو ڕووداوی گرنگی دیکە لە کرماشان گومانی بۆ حکومەت نەهێشتەوە کە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە دەستبەسەرکردنی چەند کوردێک کپ نەدەبوو. لەو ڕۆژەدا کۆلێژەکانی زانست و پزشکی چۆڵ بوون. قوتابییەکانی ئەو دوو کۆلێژە ئامادە نەبوون بەشداری کلاسەکانیان بکەن و بە دروشمدان بە شەقامەکانی شاردا ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد. خەڵکی شار لەگەڵ خوێندەکارەکان کەوتن و چەند کاتژمێرێک لە شەقامەکانی کرماشان‌دا گەڕان. دوو شەو پێشتریش نزیکەی ٢٥٠ کەس لە خەڵکی کرماشان ڕژابوونە سەر شەقام و دروشمیان لە دژی حکومەتدا هاوار کردبوو کە بە هێرشی پۆلیس بڵاوەی پێکرا.[7] بە هەمان شێوە لە کرماشان هێرشیان بردبوو سەر مەشرووبفرۆشییەک کە لە ئەنجامی هەڵەیەکدا کە ڕوویدا، دووکانێکی گەورەش لە تەنیشتی مەشرووبفرۆشییەکە ئاگری تێبەربوو.[8]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٥

05-01

لە کۆتایی دووهەم مانگی بەهاری ١٩٧٨ی ئێران ڕا ڕێپێوانەکانی دژی حکومەت بە ڕادەیەک گەییشتبوو کە ڕۆژنامەکان‌ی حکومەت بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەرانبەردا هەڵس‌وکەوتیان دەکرد. حکومەت تووشی هەل‌ومەرجێکی پێشبینینەکراو ببوو و هەربۆیە مێتۆدی جۆراوجۆریان لە بەرانبەردا بەکار دەبرد، بەڵام باس لە بوونی نارەزایەتیی لە ڕۆژنامەکان‌دا بڵاو دەبووەوە.[1]

موحەممەد رەزا پەهلەوی کە نارەزایەتییەکانی لە سەرتاسەری وڵات‌دا دەبینی، هەستی بە مترسیی کردبوو و هەربۆیە بە دوای کۆمەڵێک ڕێپێوانی زنجیرەیی‌دا بە بەرپرسانی حکومەتی ڕاگەیاند کە «کەش‌وهەوای سیاسی دەبێ زۆرتر لە جاران پەرە بستێنێت.»[2] بە دوای ئەم لێدوانەی شا، بە فەرمیی ڕاگەیەندرا کە دەستهەڵاتێکی بەرینتر بە ئەنجومەنەکانی شار دەدرێت.[3]

سەرەڕای ئەو دەربڕین و هەندێک بەڵێنی کە شا بە جەماوەری ئێرانێی دا، خەڵک وازیان لە دژایەتیکردنی حکومەت و ڕێپێوان نەهێنا. بە دوای درێژەی ڕێپێوانەکانی خەڵک، موحەممەد رەزا بە گوتارێکی جیاوازەوە جەماوەری دواند. ئەوجار تۆنێکی توند و هێرشکەرانەی بەکارهێنا، بەڵام هەوڵی چەواشەکردنی دۆخەکەی بەو جۆرە دا کە ڕێپێوان و دژایەتییەکانی بە تاقمێکی ڕادیکاڵ لکاند.[4]

ڕاگەیاندنەکانی پێتەخت کە بە بەردەوامیی خەبەری ڕێپێوان و نارەزایەتیی خەڵکی شارەکانیان پێ دەگەییشت، هەر جار نا جارێک ناچار دەبوون فوکووسێکی زۆرتر لەسەر هەندێک ڕووداوی تایبەت بکەن بۆئەوە کە هەندێک جوڵەی ڕادیکاڵەکان و لایەنی توندڕەو بەسەر دەنگی نارازییانی وڵاتدا بگشتێنن. بۆ وێنە ژنێک کە نارنجۆکی بە دەستەوە بوو، توانیبووی هەشت کەس لە شاری کەرەج بە بارمتە بگرێت و ڕاگەیاندنەکانی حکومەت هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی کەڵکی نابەجێوەرگرتن لەو ڕووداوە، وێنەیەکی ناشرین لە کۆی دەنگی ناڕازییانی وڵات ساز بکەن.[5]

حکومەت سیاسەتێکی تایبەتی لەو کاتەوە بەکارهێنا و لەسەر ئەوە ساخ ببۆوە کە بە زەقکردنی کێشە و پرسی جۆراوجۆری جیهانی و ناوچەیی، لە بایەخی نارەزایەتییەکانی نێوخۆ کەم بکاتەوە. ناوەند جیا لەوە کە بایەخێکی زۆری بە پرسی فەلەستینییەکان دەدا، دژایەتیی ئیسرائیل‌یشی دەکرد.[6]

لە پەنای ئەمە دا شا بەڵێنی رێفۆرمێکی نوێی دیکەی بە خەڵک دا کە لەژێر ناوی «انقلاب اداری» بە جەماوەری ناساند.[7] پەهلەوی لەو زەمەندا هەر درگایەکی تاقی دەکردەوە بۆئەوە خەڵک لە ماڵ نەیەتە دەر و دەرفەتی چاکسازییەکی ویترینی پێ بدەن.

هەر بە دوای ئەو بەڵێنییانەی شا، خوێندەکارانی زانکۆ لە تاران ڕژانە سەر شەقام و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لەگەڵ چەکدارانی حکومەت تێکهەڵچوون، بە جۆرێک کە سەدان کەس لە هەر دووک لا بریندار بوون.[8] شا لەم کاتەدا پەنای بۆ ئیمامی هەشتەمی شیعەکان بردبوو و لە شاری مەشهەدەوە گەرەکی بوو کاریگەریی لەسەر هەستی ئایینی ئێرانی‌یەکان دانێ.[9]

لەو کاتەدا کە شا لە مەشهەد بوو، لە شارەکانی بانە و ورمێ‌ی کوردستان ڕێپێوانێک ئەنجام درا کە هیچ کامیان زۆرتر لە دوو کاتژمێری نەخایاند، چون بە هاتنی چەکدارانی حکومەت، بلاوە بە جەماوەرەکە کرا. تەنیا لە ورمێ شەش کەسیان دەستبەسەر کرد و ڕێپێوانەکەی بانە خەساری لێ نەکەوتەوە.[10]

شا بە دوای ئەم جوڵەیە وەدەنگ هات و هەرچەند ڕاستەوخۆ ئامادە نەبوو ئاماژە بە پێشەوای کوردستان و ڕێبەری نەتەوەیی کوردەکان بکات، بەڵام ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە سەردەمی داگیرکرانی ئێران لە شەڕی دووهەمی جیهانی کرد.[11] شا بەم بیانوویە گەرەکی بوو هەستی فارسەکان بە دژی کورد و ترک ببزوێنێت و لە تیۆری ناسراوی ناوەند کەڵکی وەرگرت کە گەر وریا نەبین وڵاتەکەمان پارچەپارچە دەکەن.

یارییەکانی تۆپی پێی نێونەتەوەیی کە لەو ساڵدا لە ئارژانتین بەڕێوە دەچوو، نەیتوانی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر نزمبوونی دەنگی نارەزایەتییەکان دانێت. هەرچەند کە شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی ئێران زۆرتر لە لایەن گەنجەکانەوە لە نێوخۆ ئەنجام درا و حکومەتیش بەهۆی دۆخی نالەباری نیوخۆ و بەشداریی تیپی تۆپی پێی ئێران لەو کێبەرکێیانەدا، ئاوڕدانەوەیەکی میدیایی بەرچاوی ئەنجام دا، بەڵام جەماوەر بە گشتیی وازیان لە دەربڕینی نارەزایەتییەکان لە دژی شا نەهێنا.

ڕووداوێک لە پێوەندی بە کوردەکان دەرفەتێکی باشی بە موحەممەد رەزا پەهلەوی دا بۆئەوەی مانۆڕی سیاسیی لەسەر بگێڕێت. ئەو ڕووداوە لە دوو لایەوە بۆ کوردەکان دڵتەزێن بوو، بەڵام ئێران هەوڵی دا کەڵکی خۆی لێ وەردەگرت.

Rojnamey Etela’at 07/06/1978

 

 

 

 

دەنگۆی ئەوە بلاو دەکراوە کە گوایە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق لەگەڵ لایەنگرانی بارزانی و جەلال تاڵەبانی بەرەیەکیان دژ بە بەغداد پێکهێنابوو. ڕاگەیاندنی حکومەتی ئێران لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کوردەکان بە پاڵپشتی سۆڤیەت یەکیان گرتووە بۆئەوە مەترسی بخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق و باسیان لە هێرشی بەرەی کورد بۆسەر پایەگایەکی عێراق لە موسڵ دەکرد کە گوایە سی چەکداری عێراقی کوژرابوون.[12]

دواتر کە هەموو ڕاگەیاندنەکانی ناوچە باسیان لە جوڵانەوەی تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی کرد، ڕاگەیاندنەکانی ئێرانیش باسیان لە دووبەرەکیی نێوان ئەو دوو هێزەی کورد کرد و چیتر لەسەر بوونی بە ڕواڵەت بەرەیەک لە نێوان تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی نەڕۆییشتن. شەڕ و تێکهەڵچوونێکی زۆر لە ناوبەری ئەم دوو هێزە لە خاکی باکووری کوردستان‌دا ڕوویدا. لەو شەڕەدا عەشیرەتە کوردەکانی باکووری کوردستان لایەنگرییان لە بارزانی دەکرد.


تێبینی: لە ڕۆژنامەی ئێتێلاعات‌دا بە هەڵە نووسراوە دوکتوور جەلال تاڵەبانی. دروست وابوو تەنیا ناوەکەیان نووسیبا.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٦

بە دوای ڕێپێوان و نارەزایەتییە ئاشکراکانی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران، موحەممەد رەزا پەهلەوی لە فکری ئەوە کەوت کە هەندێک دە فریای دەستهەڵاتەکەی بکەوێت. هەربۆیە بە فەرمیی ڕایگەیاند کە:

«پارڵەمان و حیزب دەبێ دێمۆکراسی ڕاستەقینە پێکبهێنن.»[1]

حکومەتی پاشایەتیی ئێران کە دەیزانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری قووڵ و مێژوویی لە پشتەوە و تەنیا گرێدراو بە گەندەڵی و ناعەداڵەتیی لە سیستەمدا نییە، هەستی بە مەترسییەکی زۆرتری لە لایەن کوردەکانەوە دەکرد. هاوکات لەوە دەترسا کە ئاگری شەڕی نێوان جەلال تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بنێت، هەربۆیە لەگەڵ ترکیا لەمبارەوە دانیشت.[2]

حکەمەتی پەهلەوی دە فکری ئەوە کەوتبوو کە هەندێک چاکسازیی بنەڕەتیی بکات، بەڵام بەرپرسانی ناوچە کوردستانی‌یەکان لە درێژەدان بە سیاسەتی پێشووی خۆیان بەردەوام بوون. سەرەڕای ئەوە کە شا بڕیاری دابوو تاقە حیزبەکەی و پارڵەمانەکەی هەنگاوی جددی بۆ دامەزراندن و سەقامگیرکردنی دێمۆکراسی هەڵهێننەوە، بەڵام بەرپرسانی غەیری کورد لە کوردستان‌دا هەر لەسەر ئەو سیاسەتە دەڕۆییشتن کە پتر لە سێ دەیە بەکاریان هێنابوو. بۆ وێنە شا بۆ ئەوە بە کوشتاری کولتووری کورد تاوانبار نەکرێت، ڕادیۆیەکی کوردیی لۆكاڵی بۆ هەندێک لە شارەکانی کوردستان دانابوو، کە زۆرتری بەرنامەکانی بە زمانی فارسیی بوون. لەم پێوەندییەوە‌ کوردێک لە مەهابادەوە سەبارەت بە بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد گازەندە و ڕەخنەی خۆی بۆ ڕۆژنامەیەکی تاران ناردبوو و لە ڕێکەوتی ١١ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا بە چاپ گەییشت. دەقی نامەکە لە ژیرەوە بە کوردیی داندراوە:

ڕادیۆی مەهاباد و قسەکانی بیسەرێک
ماوەیەک لەوە پێش ڕادیۆ مەهاباد لە نێوان بەرنامەکانیدا، ئاگادارییەکی بەمشێوەیە بڵاوکردەوە: لە سبەی ڕا شەپۆلی بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد لە 897 کیلۆهێرتز بۆ سەر 882 کیلۆهێرتز دەگوازرێتەوە و لەمەو دوا بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆیە لەسەر شەپۆلی 882 کیلۆهێرتز بڵاو دەبێتەوە.

لە ئێوەی ناشارمەوە، کە ئێمە خەڵکی مەهاباد لە مێژبوو لە بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد نائومێد ببووین و وەک چۆن دەڵێن: (عطایش بە لقایش بخشیدە بودیم)، بە بیستنی ئەو ئاگادارییە گەلێک خۆشحاڵ بووین و وامان بیر دەکردەوە کە ئەوە سەرەتای گۆڕانە گشتییەکان لە بەرنامەکاندا و هەنگاوێک دەبێت بۆ بە جەماوەریی کردنی بەرنامەکان. بەڵام دواتر ئێمە وەک خەلکی مەهاباد و دەوروبەری کە دڵخۆشییەکەمان تەنیا چەند کاتژمێری خایاند و لە سبەی ڕا کە بەرنامەکان لەسەر شەپۆلی نوێ بڵاو کرانەوە، تێگەیشتین کە  بزمەکە هەمان بزمە و هیچ نەگۆڕاوە.

بەرنامەکان وەک هەمیشە تاقەت پڕوکێن و بێ نێوەڕۆک و دووپاتەبوو و ئەو گۆرانییانەش کە بڵاو دەکرانەوە (چ مەحەلی و چ فارسی) بە گشتی بێ بایەخ بوون، بەم پێیە وەک هاوشارییەکی مەهابادی و فەرمانبەرێکی بێ سەرگەرمی و کات ڕابواردن و لەهەمان کاتدا پێداگر لەسەر رێوڕەسمە نەتەوەییەکان هەندێ چاوەڕوانیم لەو دەزگا نیوە نیشتمانی و نیوە دەوڵەتییە هەیە، لە لایەن خۆم و هاوشاریانی کوردزمان و مەهابادی، سەرنجی بەرپرسانی سازمانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی میللی ئێران بۆ ئەو چەند خاڵەی خوارەوە ڕادەکێشم، بەڵکوو پێداچوونەوەیەک بە بەرنامەکاندا بکەن و چیتر پێویست نەکا گوێ بۆ بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆی تر ڕابگرین:

1- دیاریکردنی بەرنامە کوردی و فارسییەکان، کە لەسەر هیچ بنەمایەک نییە، ساعەتێک کوردییە و ماوەیەک فارسی، دواتر کوردی و پاشان فارسی، دیسان فارسی و دواتر کوردی و فارسی ( گۆرانییە داواکراوەکان هەر دوو پێکەوە) پاشان سەر لە نوێ فارسی و … ئەگەر بڕیار بێ خەڵکی کوردزمانی مەهاباد گوێ لە بەرنامەی فارسی بگرن، ڕادیۆکانی تاران و تەورێز و ڕەزاییە و ئەوانیتر بەرنامەی زۆر باشی فارسی لە ماوەی دیاریکراودا بڵاو دەکەنەوە کە لە ڕووی نێوەڕۆک و بابەتی بەرنامەکان زۆر لە ڕادیۆی مەهاباد باشتر و بەسوودترن. کە وابوو دەبێ بەرنامە کوردی و فارسییەکان لێک جیا بکرێنەوە و ئاستی بەرنامەکان هەر دوو بەش بچێتە سەرێ.

2- بەرنامە کوردییەکان لە ڕووی نێوەڕۆک و بابەتەوە لە ئاستی سیفر دان، با لەوەش گەڕێم کە لە ڕووی گوتاری کە پەیوەندییەکی ناڕوون لە نووسینی بابەت و خالە رێزمانییەکان هەیە، لە ئاستێکی زۆر لە خوارەوەی سیفریش دایە.

وا پێدەچێ کە پێشکەشکارانی بەشی کوردیی ئەم ڕادیۆیە، زمانی دایکییان هەموو شتێکە جگە لە کوردی سۆرانی، چونکە زمانی کوردی خاوەنی جەندین شیوەزاری جۆراوجۆرە و سورانی کە شێوەزاری نووسراوەیی و ئەدەبییەکەیەتی و دانیشتووانی ناوچەی مەهابادیش بەم شیوەزارە شیرینە ئێرانییە قسە دەکەن، بەڵام بەرێوەبەرانی ڕادیۆ بۆتە دەسکەلاو  گاڵتەجاڕ، باشتر وایە ئەو زمانە شیرینە نەبێتە گاڵتەجار بۆ ئەوەی دڵساردی و نائومێدی خەڵکی ناوچەکەی لێ نەکەوێتەوە.

3- گۆرانییە باشەکانی کوردی لەو ڕادیۆیەدا شوێنێکیان نییە و بایەخی پێ نادرێ. ئەوە چەند مانگێکە کە بە هیچ شێوەیەک گۆرانییەکان حەسەن زیرەک و ماملێ و خالقی بڵاو ناکرێنەوە کە ناویان لە ریزی هونەرمەندە گەورەکانی کورد دا هاتووە.

4- بۆچوون و نامەی بیسەران لەو ڕادیۆیەدا کەمترین بایەخیان نییە و زۆرجاران هەر بۆ خۆم داوای فڵانە گۆرانی کوردیم کردووە، یان وەڵامیان نەداومەتەوە یانیش ئەگەر وەڵامیان داومەتەوە، گۆرانی هونەرمەندێکیتر و تەنانەت وا بووە کە گۆرانی هونەرمەندێکی فارسیان بڵاو کردۆتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە بەرپرسانی رادیۆی مەهاباد بۆچوون و داخوازییەکانی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نییە، کاتێ داخوازی گۆرانییەک بەمشێوەیە وەڵام دەدەنەوە، ئێمە حەدیسێکی دوور و درێژی لێ بخوێننەوە و لە پێشنیار و ڕەخنە گوێگران کە بە گشتی دەخرێنە ناو تەنەکەی زبڵەوە.

سەید عەلی خزری – فەرمانبەری دەوڵەت

مەهاباد     ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌

[تێبینی: وەرگێڕانی ئەم بابەتە لە فارسییەوە بە سپاسەوە لە لایەن جەماڵ نەجاری‌یەوە ئەنجامدراوە.]

ماوەیەک دواتر شەڕ و پێکدادانی حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنگرانی بارزانی لە خاکی باکووری کوردستان‌دا کۆتایی پێ هات. هەتا ئێستاش ناڕوونە کە ئاگربەسی نیوان ئەو دوو هێزە لەبەر ئەو ١٧٥ دیلە بوو کە لایەنگرانی بارزانی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌یان گرتبوو، یان لەبەر ئەو هێرشانە بوو کە حکومەتی عێراق بۆسەر باشووری کوردستان‌ی دەکرد! ڕێژیمی بەعس زۆر ناوچەی گرنگ و سەرچاوەی ئابووری باشووری کوردستانی بوردوومان و ئاگرباران کرد.[3]

کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی حکومەت دانا. تاران جگە لەو مێژوو خوێناوییە کە لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەبوو، شیمانەی ئەوەی دەکرد کە هێرشی عێراق بۆسەر خەڵکی سیڤیلی کورد هەستی نەتەوەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەرز بکاتەوە. بە تایبەتیی بەشێکی بەرچاوی کوردەکان سەرلەنوێ ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەوە. لەم کاتەوە حکومەتی پەهلەوی لە فکری ئەوە کەوت کە بایەخ و سەرنجی زۆرتر بە ناوچە کوردستانییەکان بدات. یەک لەو پڕۆژە زنجیرییانەی کە هەیانبوو، بەسەرکردنەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ڕێکەوتی ٢٧ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی وەزیری «اطلاعات و جهانگردی» یەکەم سەفەری خۆی لە شاری ئیلام‌ەوە دەستپێکرد. ئەو لەو سەفەرەیدا سەردانی هەندێک ناوچەی کرد و بەڵێنی هەندێک بواریان دا بۆئەوەی سەنعەتی توریسم لەو شارە پەرەبستێنێت.[4]

هەر لەو ڕۆژەشدا حکومەت هەندێک پێشنیاری پێداچوونەوەی و گۆڕانی قانوونەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردن خستە بەرچاوی جەماوە.[5] دەقی ڕۆژنامەی حکومەت ئاماژەی بە راستییەک کردبوو کە مێژووی ٣٧ سالەی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی نیشان دەدا. لە دەقی ڕۆژنامەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە لەوکاتڕا بە دوا ئیتر تەنیا خەڵک دەبوایە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، نەک بەرپرسانی حکومەتیی! واتە خۆیان دانیان بەوەدا نابوو کە هیچکام لەو پارلەمانتارانەی لە تاران نوێرایەتی کوردیان دەکرد، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک نەبوون.[6]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.



بەشی ٧

07-01

مانگی جوولای ساڵی ١٩٧٨ی زایینی دەکرێ وەک مانگی ڕابوونی حکومەتی پەهلەوێ ناودێر بکرێت. هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی گۆڕانکارییەکان لەم مانگەوە بە جددی دەستی پێکرد. دەوڵەت لەم مانگەوە بە کردەوە هەنگاوی بۆ چاکسازیی، خزمەتگوزاریی زۆرتر و ڕێزگرتن لە ئازادی خەڵک هەڵهێنا. بەرپرسانی باڵای حکومەت بە پێچەوانەی پێشتر، لەم مانگەدا خۆیان زۆر کەمتر لە ڕاگەیاندنەکاندا دەرخست و هاوکات بڕیارەکانی حکومەت لەمەڕ خزمەتگوزاری و دانی ئازادیی زۆرتر بەڕێوەچوون و لە ڕاگەیاندنەکاندا باسیان دەکرا.

٢٩ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینی بابەتێکی جددی لەمەڕ سانسۆڕ لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بۆوە کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و لە دژایەتیی سانسۆڕ گەڵاڵە کرا.[1] باس لەسەر بوون و نەبوونی سانسۆڕ و باشی و خەراپیی سانسۆڕ و هەندێک لایەنی دیکەی ژێر کاریگەری سانسۆڕ بوو. لە لایەن ڕاگەیاندنەوە هەوڵدرا کە بۆچوونی چین و جیلی جۆراوجۆر وەربگیردرێت. دەوڵەت و حکومەتی پەهلەوێ گەرەکی بوو کە بە جەماوەر نیشان بدات کە سانسۆڕ کەم دەبێتەوە و گوێ بۆ بۆچوونی جەماوەر دەگیردرێت. ئەو باسانەی کە لە پێوەندی بە سانسۆڕ بەسەرکرانەوە بریتی بوون لە:

١. پرسی بوون یان نەبوونی سانسۆڕ

٢. چۆنییەتی بەڕێوەبەریی سانسۆڕ

٣. فاکتەرەکانی کاریگەر بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی سالم

٤. باسەکانی پێوەندیدار بە ئازادی و سانسۆڕ

٥. ئازادیخوازیی

٦. شێعر دەبێ ئازاد بێت

٧. ئازادی گونجاو لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی

٨. ترس و تۆقین لە سانسۆڕ

٩. بەدروستنەزانینی سانسۆڕ لە لایەن کۆمەڵگا

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، دیمانەکردن لەگەڵ دوو کەسی کوردستانیی لەمەڕ سانسۆڕ و باسە پیوەندیدارەکانی بوو.[2]

حکومەت بە دوای ئەمەدا هەوڵی دا کە سەرنجی کۆمەڵگای ئایینی و ڕادیکاڵی شیعە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەوان دەیانزانی کە شیعەکان قینێکی بێسنووریان لە جوولەکەکان هەیە و هەربۆیە لە راگەیاندنەکاندا دژایەتیی حکومەتی پەهلەوی‌یان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل بڵاو دەکردەوە.[3] بۆ نموونە ڕێکەوتی ٣٠ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی سەردێڕی ڕۆژنامە لەم بارەوە جۆڕێک گەڵاڵە کرا کە گوایە سیاسەتەکانی ئیسرائیل تەنیا ئەنجامی شەڕ و کێشەی لێ دەکەوتەوە و دوور لە ئاشتیی بوو و وێنەیەکی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌شیان لەگەڵ حوسنی موبارەک بە چاپ گەیاندبوو کە ئەوکات جێگری یەکەمی ئەنوەر سادات بوو.[4]،[5]

سیاسەتی پەهلەوی لە ناوچەکانی دیکە لەچاو کوردستان جیا بوو. بۆ وێنە پەهلەوی بۆئەوەی سەرنجی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش ڕابکێشێت، هەندێک هەنگاوی هەڵهێناوە کە بە مەبەستی بێڕێزیکردن بە هەندێک کەسایەتیی مێژوو ئەنجام دران. بۆ وێنە یەک لەو کارانەی موحەممەد رەزا ئەوە بوو کە ماڵی «شێخ خەزعەل»یان داگیرکرد و کردیان بە پارکینگ بۆ خەڵک.[6] شێخ خەزعەل مرۆڤیکی نیشتمانپەروەر بوو کە دژی حکومەتی ناوەندی ڕا ببوو و هەوڵیدابوو لە ئێران جیابێتەوە، ڕێک ئەو جۆرەی کە قازی موحەممەدی سەرکردەی کورد جیابوونەوەی کوردستانی لە ئێران بە فەرمی ڕاگەیاند. بەلام پەهلەوی دەیزانی کە گەر ئەو کارەی لە مەهاباد کردبا، لەگەڵ چ کارەساتێک بەرەوڕوو دەبۆوە، هەربۆیە لەوجۆرە مانۆڕانەی لە کوردستان نەدا. بە تایبەتیش کە لەوکاتدا جیلێکی بەغیرەتی گەنج لەوپەڕی بوێری و وریاییدا لە مەهاباد دەژیان کە تەنانەت گەر بۆچوونیان لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌یش نزیک نەبوایە، قبووڵیان نەدەکرد پەهلەوی مانۆڕی سیاسی و گالتەکردنەکانی لەسەر ماڵی قازی موحەممەد ئەنجام بدات.

هەنگاوێکی دیکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی بۆ هێورکردنی دۆخی نالەباری ئاسایشی وڵات، ورووژاندنی پرسی هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران‌دا بوو. لەم باسەدا پەیامێکی تایبەت لە لایەن پەهلەوی‌یەوە بە هەموو جەماوەری ئێران و دونیا ڕاگەیەندرا کە تێیدا شای ئێران گوتبووی ئازادی قەلەم و دەربڕین و هەڵبژاردن لە ئێران‌دا گۆڕانی بەسەردا دێت. لە پەیامی پەهلەوی‌دا ئاماژە بەوە کرابوو کە:

«هەڵبژاردن سەت لە سەت ئازاد دەبێت.»[7]

کۆمەڵێک ڕووناکبیریان کۆکردبۆوە بۆئەوەی لەسەر پرسی دێمۆکراسی و ئازادی لە ئێران‌دا بۆ خەڵک بدوێن. ئەو باسانەی کە لەو ڕۆژەدا بەسەرکرانەوە، بریتی بوون لە:

‌١. هەڵبژاردنی جەماوەریی

٢. گۆڕانکاری سیاسیی

٣. شایستەگییەکانی خەڵک

٤. پێویستیی وشیاریی خەڵک

٥. بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک

Ettela’at 09/08/1978

گرنگی ئەم باسە لەوەدا بوو کە کاریگەریی زۆر بەرچاوی دەتوانی لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دابنێت. لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان هیچ ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بواری ئەوەی نەبوو کە نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆی بۆ پارڵەمانی ئێران هەڵبژێرێت و لە زۆربەی ناوچەکان تەنانەت حکومەت خۆی کەسێکی غەیری کوردی وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە پارڵەمان دادەنا. پەهلەوی دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە ئەو کارەی بە پلەی بەڕێوەبردن بگەیەنێت، بەڵام بەڵێنی ئەوەی دا کە خەڵک لەوکاتڕا بە دوا مافی ئەوەیان هەبوو کە خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.[8]

یەک لە هەنگاوەکانی دیکەی پەهلەوی بۆئەوەی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستان خۆشتر بکات، بەرزکردنەوەی داهاتی مامۆستایانی کورد بوو. بە دوای ئەمەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە پەیامی سپاسوێژی بۆ پەهلەوێ دەنێردرا و لە ڕۆژنامەکاندا بەچاپدەگەییشت.[9]

پەهلەوێ لە باسترکردنی دۆخ‌دا بانگەشەی جۆراوجۆری دەکرد. بۆ وێنە ئەوە کە کرێخانوو لە تاران کەم دەبێتەوە و بناخەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد دادەمەزرا و داهاتی کارمەندە دانیشتووەکان زیاد دەبوو و هتد.[10]

موحەممەد رەزا پەهلەوی لە تەواوی سالەکانی دەستهەڵاتداریی خۆیدا ئەوەی ویژدان و ئەخلاق بیت لە بەرانبەر ئاسەوارە کەونەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکارینەبرد، کەچی لەو مانگانەی دوایی دەستهەلاتدا مانۆڕی دڵسۆزانەی سەبارەت بە دڵسۆزبوونی بۆ مێژووی کۆنی کوردەکان دەگێڕا. نووسەری ئەم دێڕانە، سالانێکی زۆر لەسەر دزینی ئاسەوارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن دەفتەری فەرەح دیبا و کاربەدەستانی سەر بە حکومەتی پەهلەوی لێکۆڵینەوەی کردووە و توانیوییەتی بەشێکی زۆر لەو ئاسەوارانە بە ناو و نیشان و بەڵگەوە بدۆزێتەوە و تەنانەت دەزانریت کە ئێستا ئەو ئاسەوارە بەهادارانە لە کوێ ڕادەگیرێن. بەهۆی ئەوە کە ئەمە بابەتێکی جیایە و پێویستە لە پڕۆژەیەکی سەربەخۆدا لەسەری بنووسرێت، لێرە تەنیا ئاماژە بە نموونەیەک لە کارەکانی پەهلەوی سەبارەت بە ئاسەوارەکانی کەونی کوردان دەکرێت. وەک لە وێنەی ژیرەوەدا دەبینن، بەرپرسانی حکومەت ئاویان لەسەر خەلک بڕیبوو کە گوایە زۆر دڵسۆزن و گەرەکیان بوو ئاسەواری کەونی کوردستان بپارێزن،[11] کەچی موحەممەد رەزا پەهلەوی لە سککە زێڕەکانی کەونی مێژووی کوردەکانی وەک دیاریی بە بیانییەکان دەبەخشی.[12]

لە مانگی ئەوگۆستی ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا نارەزایەتییەکانی جەماوەر لە دژی شا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەندبوو، بە جۆرێک کە ئیتر زمانی پاڕانەوەی حکومەت لە بێدەنگیی هاتە دەر و قسەکەری حکومەت هەڕەشەی لە جەماوەر و هەموو شارەکان کرد.

Arshivi Soran Karbasian

لە ڕۆژی ١٢ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینیی کوردێک بە ناوی «موحەممەدی مەنووچێهری» لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ورمێ وەبەر گوللە کەوت و کوژرا. ناوبراو لە کاتێکدا کە لە ڕێپێوانی دژی شا بەشداریی کردبوو، گوللەی لێ کەوت و لە ڕێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.[13]

لە کاتێکدا کە ژێنێڕاڵ مستەفا بارزانی لەبەر نەخۆشیی لە ئەمەریکا بوو، لایەنگرانی بارزانی و حیزبی یەکیتی نیستمانی کوردستان کە ماوەیەک بوو شەڕی نیوانیان لە باکووری کوردستان کۆتایی پێ هاتبوو، ئەوجار لە خاکی باشووری کوردستان‌دا درێژەیان بە شەڕ و تێکهەڵچوون دا. حکومەتی عێراق‌یش هەرکام لە هێزەکانی پارتی و یەکیتی دیتبا، لییدەدان و لیی دەکوشتن. لە شەڕێک دا کە ڕاپۆرتەکەی لە ئەوگۆستی ١٩٧٨ بلاو بۆوە، زۆر گوندی باشووری کوردستان لە لایەن عێراق‌ەوە ڕاسپیدرابوون کە زێدی خۆیان جێهێشتبا، ئەگینا حکومەت خۆی ئەو کارەی دەکرد. شەڕی نیوان ئەو دوو هیزە کوردییە شەهید و دیلیشی لێ کەوتبۆوە و حکومەتی ئێرانیش ئەمانەی بە پیی بەرژەوەندییەکانی خۆی گەڵالە دەکرد و بلاوی دەکردنەوە.[14]

لێرە گرنگە کە ئەمە باس بکریت کە روحۆڵڵا خۆمەینی هێشتا بۆ فەرانسە نەگواسترابۆوە و هەر لە عێراق دەژیا. بەهۆی پێشینەیەک کە ئەو لە دژی حکومەتی پەهلەوی هەیبوو و پێگەی خۆمەینی لای شیعەکان بەهێز بوو، هەربۆیە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) بڕیاریدا کە دوو کەس لە ئەندامانی خۆی بۆ دیتنی خۆمەینی بنێرێت. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و موحەممەد‌ئەمین سێراجی بۆ ئەم سەردانە هەڵبژێردران، بەلام ئەوجۆرەی کە حەسەن‌زادە لە نووسینی خۆیدا ئاماژەی پێ کردووە، خۆمەینی قبووڵی دیتنی ئەوانی نەکردبوو.[15]



 سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.








 

‌‌بەشی ٨

لە مانگی ئەوگۆستی ١٩٧٨ی زایینی‌را دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە زۆربەی ناوچە فارسییەکان و ترکنشینەکان بە توند و تیژی و تاڵان کۆتایی هاتبوو، بە جۆرێک کە ئاسایی ببوو باسی تاڵانی فڵانە بانک لە فڵانە شاری ئێران کرابا یان ئاگری تێبەردرابا. دروستە کە ئەم کولتوورە نەیتوانی لە خاکی کوردەکاندا سەقامگیر بیت، بەڵام لە سەرەتادا لە چەند جێگەیەک ئەنجام درا. ڕوون نییە کە کێ لە پشت ئەو جووڵانە بوو، بەڵام ئەوەی کە لە ناو ڕەنگاوڕەنگی فرەنەتەوەیی ئێران‌دا ڕەنگێکی جیاوازی بە کوردستانی ژێر دەستی ئێران بەخشیوە، دووربوونی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانە لە جووڵەی ڕادیکاڵانە و ناژیارییە.

بۆ نموونە سینەمای کرماشان لە ڕێکەوتی ١٢ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینی ئاگری تێبەردرا،[1] بەڵام بە خەسارێکی کەمی ئابووریی خەڵکی کرماشان کۆتایی پێ هات. چەند دوکانێکی نزیکی سینەما لەم ئاگرەدا تێداچوون، بەڵام پاشان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. کوردەکان لە مێژووی خۆیاندا جووڵەی ئاوایان تۆمار نەکردووە. ئەوان فێرنین شاری خۆیان و شوێنەکانی کولتووری خۆیان ئاگرتێبەردەن. بەهۆی ئەوە کە لەم جۆرە کردەوانە لە ناوچەکانی فارس و ترکنشیندا بە بەردەوامیی ڕوویدەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەساتەی لە دواییدا لە ئابادان ڕووی دا، دەکرێ گومانی ئەوە بکرێت کە هێزێکی غەیری کوردی گەرەکی بووبێت لەو شارەدا ئاژاوەیەک بە دژی حکومەت بنێتەوە کە کورد باجەکەی بۆ دابا، چون ئەوەی لە ئابادان و چەند شوێنێکی دیکە ڕوویدا بە هەمان شێوە سەلمێندرا کە کاری خەڵکی ئەو شارانە نەیکرد و هێزی ڕادیکاڵ لە پشتی وەستابوون.

لەمجۆرە کردەوە ڕادیکاڵانە لە ئاستێکی بەرینتردا لە شارەکانی دیکەدا ڕوویدابوو و هەربۆیە حکومەتی پەهلەوی ناچار بوو پەنا بۆ «حکومەتی نیزامی» بەرێت کە تایبەتە بە کاتی شەڕ یان ئەو کاتانەی کە ئاسایشی نەتەوەیی بچێتە ژێر مەترسییەوە.[2] لێرە بۆ ئەوە لە باسی ئەم مێژوویە لانەدرێت، بە پێویست نازاندرێت کە باسی وردەکارییەکانی «حکومەتی نیزامی» بکرێت. تەنیا خوێنەر لەمە ئاگادار دەکرێت کە لە کاتی «حکومەتی نیزامی»دا ڕۆژنامە و هەرچی بڵاوکراوە و ڕاگەیاندن هەیە بە تەواویی دەچێتە ژێر فیلتێر و زوومی حکومەتەوە و جلکی کۆما بە تەواویی جەستەی ئازادیدا دەپۆشێت.

مانگی ئەوگۆستی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی بەختی مانۆڕێکی ئایینی بە موحەممەدرەزا پەهلەوی دابوو و ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە رەمەزان بوو. لەو ماوەیەدا لەگەڵ هەر ڕۆژنامەیەک، چەند لاپەڕەی زیادەیان وەک تایبەتنامە بە ڕۆژنامە زیادکردبوو و بۆ باسەکانی نەهجۆلبەلاغەیان تەرخان کردبوو کە کتێبێکی پیرۆز لای ئەو کەسانەیە کە سەر بە ڕێبازی شیعەن.

شا کە دوای هەر ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەک کۆمەڵێک خەڵکی ئازادیخوازی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان دەکرد، مانۆڕێکی بەسەر زیندانییەکانی پێشوودا لێدا و بڕیاریدا ٧١١ کەس لە بەندکراوانی ئاسایشی و ئاسایی ئازاد بن.[3]

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

وەک پێشتر باس کرا، پەهلەوی داهاتی مامۆستایانی کوردستانی زیاد کردبوو. جیا لەم بەرزکردنەوەی داهاتە کە پێشتر باسی لێ کراوە، شا سەرلەنوێ هەنگاوی بۆ قانوون و ڕێسای نوێ برد بۆئەوەی کارمەند و مامۆستاکانی هەموو وڵات ساناتر بە پلەی بەرزتر و داهاتی باشتر بگەن و کۆمەڵێک ئاسانکارییان بۆ لەبەرچاو گیرا.[4]

یەک لەو باسانە کە لەو کاتدا لە ڕۆژنامەکان هێنایانە نێو باسەکان، مەسەلەی کەمکردنەوەی دەستهەڵاتی سێنتراڵ و دابەشکردنی هەندێک لە بەرپرسیارەتییەکان بە پارێزگا و شارەکان بوو.

شا دەیزانی کە لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەستهەڵاتداریدا ئاوڕێکی دڵسۆزانەی لە دۆخی خەڵکی غەیری فارس و چینی کرێکار نەدابۆوە. هەربۆیە وەخۆ کەوت و بۆ ئەوە بتوانێت زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای فرەنەتەوەیی و بەرینی ئێران لە خۆی نزیک کاتەوە، پاش ئەوە کە ئاسانکاری بەرچاوی بۆ کارمەندەکان و مامۆستایان کرد، بەڵێنی دا کە خانوو بۆ کرێکارانی دانیشتوو دابین بکات.[5] شا ڕێک لە ساڵڕۆژی لەسەرکارلابردنی موسەدیق‌دا پشوویەکی بە دیکتاتۆڕی تەکحیزبی خۆی دا و ڕایگەیاند:

«ئێمە چاوەڕوان نین کە سەتا سەتی خەڵکی وڵات ببنە ئەندامی حیزبی ڕەستاخیز.»[6]

شا لەو ڕۆژەدا میوانداریی لە چەند ڕۆژنامەوانێک کرد و لەسەر کۆمەڵێک تەوەری پێوەندیدار بە نارەزایەتییەکانی وڵات وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانەکانی داوە. ئەو لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی بەرچاو لە دەوڵەمەندەکان و بەرپرسانی حکومەت لە ترسی دەنگی ناڕازییان ئێرانیان جێهێشتبوو. شا ئەوانی بە ترسەنۆک و بێغیرەت ناوبرد، هەرچەند کە خۆی پێشتر ئەو کارەی کردبوو و لە دواییشدا سەرلەنوێ ئەو کارەی دووپاتکردەوە!

پەهلەوی ئاگرتێبەردانی ئەو هەمووە شوێنە حکومەتییەکان و تاڵانکردنی بانکەکان و کوشت و کوشتاری بە جددی نەدەگرت و هەر بۆیەش لای ئاسایی نەبوو کە کۆمەڵێک کەسی دەستڕۆییشتوو تەرکی وڵاتیان کردبوو.

ڕۆژی دوایە، کارەساتی هەژێنەری سینەمای رێکس لە ئابادان ڕوویدا کە نزیکەی ٦٠٠ مرۆڤی سیڤیل تێیدا بە زیندوویی سووتان.[7] لە مێژووی دەستهەڵاتداریی پەهلوێ کوڕ دا -پاش کوشتاری خەڵکی سیڤیلی تەورێز کە بە فەرمانی خۆی پاش ڕاکردنی جەعفەری پیشەوری بۆ باکۆ ئەنجام درا- ئەم ڕووداوەی ئابادان گەورەترین کارەساتی مرۆڤی دەهاتە ئەژمار  کە ٣٧٧ مرۆڤی تێدا کوژرا (ئەوانی دیکە بریندار بوون).[8] ئەم ڕووداوە تا ڕادەیەک نیسێی خستە سەر هەموو ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش دانا، بە جۆرێک کە خەڵک لە پەژارەیەکی گشتیدا بوون. لە کرماشان‌یش بە دوای ئەو ڕووداوە دووکانێک لە لایەن تاقمێکەوە ئاگری تێبەردرا کە خەساری مرۆڤی لێ نەکەوتەوە.[9] لەو ڕۆژەدا لە سنە و و چەند شاریکی دیکە خەڵک هاودەردیی خۆیان لەگەڵ ئابادانییەکان دەربڕی و خۆیان بە شەریکی پەژارەی ئەو شارە زانی.[10] لە شاری ورمێ‌ش کە لە باکووری ڕۆژهەلاتی کوردستان هەڵکەوتووە، شەش دانە سینەما هەبوو کە یەکیان چەند ڕۆژ پێشتر لە لایەن تاقمێکەوە سووتێندرابوو. خەساری گیانی لێ نەکەوتەوە، بەلام خاوەن سینەماکانی ئەو باژارە باقی سینەماکانی ورمێ‌یان بە بیانووی پێڕاگەییشتن بە بینا و گۆڕانکاریی نێو بیناکە داخست.[11] ئەم ڕووداوانە بە گشتیی کوردستانی وشیار کردبوو و هەر بۆ ئەوەی خەساری گیانی لە کوردستان نەکەوێتەوە و کوردیش نەبێتە قوربانی ڕادیکالیسمی شۆڕشگێڕانەی ئۆپۆزۆسیۆنی فارس و دەستهەڵات، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینی ڕاگەیەندرا کە سینەماکانی کرماشانیش داخران.[12]

ئێران لەو کاتدا لە دۆخێکی زۆر شپرزەدا بوو. ڕۆژ نەبوو کە مرۆڤی بێتاوان نەکوژرێت. ڕۆژانە بەردەوام هەواڵی سووتان و تەقینەوەی شوێنی گشتیی، قومارخانە، مەشڕووبفرۆشی، کارگەی بیرەسازکردن، سینەما و زانکۆکان بڵاو دەبۆوە.

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

بە دوای ئەم ڕووداوانەدا، دەوڵەتی ئاموزگار دەستی لە کار کێشاوە و شەریف‌ئیمامی بەرپرسیارەتیی پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی خۆی وەئەستۆگرت.. لە هەمان ڕۆژدا هەواڵی تێکهەڵچوون و ڕێپێوانی کوردەکان لە کرماشان و زۆر شاری دیکەش بڵاو بۆوە.[13] لەو ڕۆژەوە ڕێکەوتی پاشایەتیش گۆڕدرا بە ڕێکەوتی کۆچی هەتاویی. سەرۆکوەزیری تازەی ئێران وایدەزانی کە گەر هەندێک لە هێماکانی پەهلەوی بسڕێتەوە، دەتوانێت ئاو بەسەر ئاگری قینی نەتەوە چەوساوەکاندا بکات.

یەک لە هەنگاوەکانی دیکەی شەریف‌ئیمامی سازانی بەرچاو لەگەڵ مەلاکان بوو. بە هاتنەسەرکاری شەریف‌ئیمامی، ڕاگەیاندن بایەخێکی زۆری بە مەلاکان دا و نووسراوە و لێدوانی ئەوان یان سەبارەت بە ئەوان بەچاپدەگەییشت.[14]

شەریف‌ئیمامی مانۆڕی باشی بۆ پاراستنی دەستهەڵاتی پەهلەوی لێدەدا. ئەو لە هەنگاوێکی دیکەیدا ئاوڕێکی وردی لە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتیی جەماوەر لە شارەکانی ئێران دا.[15]

لەم لێوردبوونەوە و ئاوڕدانەوەیەدا ناوچە کوردستانییەکانیش بەسەرکران. لە کرماشان لەگەڵ کارمەندێک بە ناوی «حەسەن ش» دیمانەیان کرد کە زۆرتر قسەی لەسەر گەندەڵییەکانی بەرپرسان لە کرماشان کرد. شاری ورمێ‌ش یەک لەو شوێنانە بوو کە بۆ ئەم باسانە بەسەرکرا. لەوێ باسی پێداویستی ئازادی فکری مامۆستایان و گەندەڵی بەرپرسانی ئەو شارەی کوردستان کرا.

زۆری نەگرت کە شەریف‌ئیمامی ڕایگەیاند گرووپێکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسیی ئازاد دەبن.[16] زمانێکی کە دەوڵەتی نوێ بەکاری دەبرد ژیرانە بوو. لە دەوڵەتی شەریف‌ئیمامیدا بۆ یەکەمجار سانسۆڕ لەسەر ناو و باسی خومەینی لابردرا و هاوکات کە ئاوڕ لە ئەو دراوە، ڕاشگەیەندرا کە گۆڕینی دەوڵەت بە مەبەستی ئاشتیی نێوان حکومەت و جەماوەر بوو.[17]

یەک لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کوردستان لەو کاتدا کوژرانی گەنجێکی کوردی ٢٢ ساڵە بە ناوی «موختار ئاوەندی» بوو. ئەو لە ڕێکەوتی ٢٦ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینیی لە ورمێ بەشداریی لە ڕێپێواندا کرد و لە ڕێپێواندا کوژرا.[18] لەو ڕێپێوانەدا چەکدارانی حکومەتی چوار کەسیشیان بریندار کرد و نزیکەی سی کەسیان دەستبەسەرکرد.

ڕەنگە بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێش بێت کە باسی هەنگاوی سەیرسەیری ئەو زەمەن بکرێت. لەبەرچاو بگرن کە حیزبێک وەک حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کە هەڵقوڵاوی خەڵک و خۆشەویستی کورد و کوردستان بوو، مافی ئەوەی نەبوو کە شتێکی لە ڕێفۆرمی دەوڵەت وەدەست کەوێت و بتوانێت مافی بەشداربوونی نێو کۆمەڵگای کوردستانی هەبێت، کەچی لە تاران ڕۆژ بە ڕۆژ حیزبی دیکە دەستیان بە کار و چالاکی دەکرد. یەک لەو دەگمەن حیزبانەی کە لەو زەمەندا سەری هەڵدا حیزبی «سووسیالیستی ئاریا» بوو. هەم سووسیالیست بوو، هەم ناوی ڕەگەزپەرەستانەی ساختەی ئاریا بەشێک لە ناوەکەی بوو و هەم ئەوە کە بنەماکانی خۆیان لەسەر دروشمی ئیسلامی بونیات نابوو.[19] لە ڕێفۆرمی شەریف‌ئیمامی‌دا بە پێچەوانەی ئەو مانۆڕانەی وەک ویترینی دێمۆکراسی کەڵکیان لێ وەردەگیرا، هەوڵێکی جددی بۆ چارەسەریی کێشەکان نەدرا، تەنانەت نەیتوانی پرسی گەندەڵی دادگا و سەربەخۆنەبوونی قازی‌یەکانی دادگا چارەسەربکات.

مەهابادییەکان هاوکات کە لە گچکە ئازادییەکی سیاسیی و بەشداربوونی نێو کار و باری دەولەت بێبەربوون، کێشەی ئاویشیان بۆ زیاد ببوو و هەربۆیە لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە هەوڵیان دابوو بەرپرسانی غەیری کوردی مەهاباد ناچاربکەن پرسی ئاوی شارەکە چارەسەر بکەن.[20]

یەک لەو ڕووداوانەی کە لە تاران کێشەی نیوان کوردانی دانیشتووی پێتەخت و دەوڵەت قووڵتر کردەوە، کاریگەری نەرێنی سیاسەتە دژەکوردییەکانی پەهلەوی بوو کە لەوکاتدا ڕوویدا. لە تاران لە گەنجێکیان پرسیبوو: کوردی؟ وەڵامی دابۆوە: بەڵێ. ئیتر ڕژابوونە سەری و لێیاندابوو. چاوەکانی بەهرامعەلی یەعقووبخانی بە تەواویی بریندار ببوو. ئەو گێڕابوویەوە کە بۆ سەردانی خزم و کەسی سەردانی تارانی کردبوو و لەبەر جلەکانی بە نیەتی کوشت لێیاندابوو.[21]

شاری نەغەدە کە درەنگتر لەچاو هەندێک ناوچەی نزیک خۆی شەقامەکانی قەرەباڵغ بوو، لە یەکەم ڕێپێوانی بەربڵاوی خۆیدا نزیک هەزارکەسی ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانی نەغەدەییەکان هەتا دووی نیوەشەو درێژەی کێشا. بەهۆی ئەوە کە دوو ڕێپێوانی جیا لەو شارەدا بەڕێوەچوو، گومان بۆ ئەوە دەچێت کە ترکانی دانیشتووی ئەو شارە لەگەڵ خەڵکی شار نەکەوتبووبێن و بە جیا ڕێپێوانیان کردبێ![22]

٥ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی ڕاگەیەندرا کە لە ڕێپێوانی بەرینی ئیلام‌دا پێنج کەس کوژران. ڕێژەی کوژراوانی شارەکان گرنگە لێرە لەبەرچاو بگیرێت. بۆ وێنە لە ئیلام پێنج کەس کوژرابوو، بەڵام بە سێ شاری قوم، کەرەج و خومەین پێنج کەسیان لێ کوژرابوو.[23] ئەم ڕێژانە لە زۆر جێگادا بە زەقی دەبیندرێن. ڕوون نییە کە بە هەڵکەوت وا بووە یان ئەوە کە چەکدارانی حکومەتی لە ناوچە کوردستانییەکاندا دەستیان ئاوەڵاتر بوو بۆئەوە قامکیان لەسەر پەلاپیتکە داگرن!

وێنەی ژێرەوە بەشێک لە جوتیارانی مەریوان نیشان دەدات کە پاش مانگرتن توانیان قەباڵەی زەمینەکانیان لە حکومەت وەربگرن. حکومەت پرسی خاوەندارییەتی ئەوانی بۆسەر زەمینەکانیان وەپشت گوێ خستبوو و هەربۆیە ئەوانیش بە تێکڕا مانیان گرتبوو.[24]

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٩

baner

شاری کرماشان کە ناسنامەیەکی چەندین هەزار ساڵەی کوردستانی‌ی هەیە، لە لایەن دوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌یەوە سەرنجی تایبەتیی پێ دراوە. هەر دووک دەستهەڵات هەوڵیان داوە کە لە فاکتەری بە زۆرینە شێعەبوونی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان کەڵکی نادروست بە زەرەری کوردستان و لە قازانجی خۆیان وەرگرن. جیا لەو سیاسەتانەی کە پەهلەوی باوک لە کرماشان بەڕێوەیبرد، پەهلەوی کوڕیش زۆری هەوڵدا بۆئەوەی لە شیعەبوونی کوردەکانی کرماشان وەک فاکتەرێکی ئێرانیبوون کەڵکوەرگرێت. پەهلەوی بە تایبەتیی مەلاکانی ئەو شارەی دەستنیشاندەکرد، بۆئەوەی لە ڕێگەی مەلاکانی خۆیەوە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خەڵکی کرماشان هەبێت.[1] ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە، هەمان هەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ کرماشان بوونی هەیە. حکومەتی ئێستای ئێرانیش هەموو داواکارییە ئێتنیکییەکانی کورد لە کرماشان لە کاتی ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی سانسۆڕ دەکات و هۆکاری شۆڕشگێڕی خەڵکی کرماشان لە دژی پەهلەوی بە دین و ڕێبازی ئایینیی ئەوان گرێدەدەنەوە.[2] بەرپرسێکی بالای حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو کە کرماشان بۆ ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی ٩٩ شەهیدی دابوو.[2]

لە کاتێکدا کە موحەممەد رەزا پەهلەوی گەرەکی بوو هێمنی وڵات بە هەندێک سیاسەتی جیاواز و هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێ و کاراکتەری لیبێڕاڵ بپارێزێت، چەند هەزار توریست لە کرماشان تووشی کێشەیەکی گەورە بوون. نزیکەی ١٥٠٠ شۆفیری ئەو شارە کە بەرپرسیارەتی هات‌وچوێ‌ی توریستەکانیان لەسەرشان بوو، لەبەر درگای فەرمانداری شار کۆبوونەوە و مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کۆمەڵێک سیاسەتی جیاواز لە ناوەندەوە بەرانبەر کرماشان هەبوو کە لەو مانگرتنەدا دەستنیشانکران و ڕایانگەیاند کە هەتا حکومەتی پەهلەوی داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ نەکات، ئامادە نەدەبوون درێژە بە کارەکەیان بدەن.[3]

تاران کە بە جددی لە فکری چارەسەریی پرسی مانگرتنی کرماشان کەوتبوو، هاوکات ڕایگەیاند کە لە حیسابی ڕابوردووی کەسایەتییەکان ورد دەبێتەوە.[4] ئەمە وەک بەشێک لە سیاسەتی پاکتاوی گەندەڵیی لە ئێران‌دا بوو.

‌‌

لەم بەرنامەیەدا دەوڵەت کۆمەڵێک خاڵ لەبەرچاو گیرابوو کە ئەمانەی ژێرەوە گرنگترینیان بوون:

١) بەرپرسیارەتیی دەوڵەت

٢) هەڵبژاردنی ئازاد

٣) ئاوەدانکردنەوە لە گوندەکان

٤) زەختی ماڵیات و پێداچوونەوەی

٥) دەستتێوەردان لە سیستەمی داد[4]

جیا لەمانە خاڵی دیکەش هەبوون، بەڵام کاریگەریی کەمتریان لەسەر دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک دانابوو، چون لە دروشم و داواکارییەکاندا کەمڕەنگتر بوون.

دەوڵەتی تازەی شەریف‌ئیمامی کە بەڵێنی ئازادکردنی کۆمەڵێک زیندانی دابوو، پاش ئازادکردنی بەشێکی بەرچاو لە زیندانیانی ئاسایش، لیستی ناوی ٣٣٣ کەسی لەو زیندانییە تایبەتییانە بلاوکردەوە کە ئازادکرابوون.[5] هاوکات چەند کەس لە بەرپرسانی ناسراوی حکومەتیش دەستبەسەرکران کە بە تۆمەتی کەڵکینابەجێوەرگرتن لە پۆستەکانیان تاوانبار کرابوون.[6] پەهلەوی زۆر بە جددی خەریکی خۆخڕکردنەوە بوو و ڕایگەیاند کە بۆ سازکردنی خانووی کرێکاران قەرزی بیست سالە بە بەهرەی ٥٪ی دابیندەکات.[7] هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کە لە چەند مژاری پێشوودا باس کراون، لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەی کە لە سیاسەتی پەهلەوی‌دا لەم مژارەدا دەستنیشان کران، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە ڕێفۆڕمی شا تەنیا ویترینێکی زەرق و بەرقداری پەهلەوی بۆ چەواشەکردنی پرسەجددییەکانی ئێران بوون. گەر شا بە ڕاستیی بە درێژایی ئەو ساڵانەی بە ڕواڵەت خەریکی ڕێفۆڕم بوو دڵسۆزانە گۆڕانکاری بنەڕەتیی کردبا و بە پێچەوانەی سیاسەتی باوکی لە ئاست نەتەوەکانی ئێران هەنگاوی جددی هەڵهێنابا، بە دڵنیاییەوە ئەگەری شۆڕشی ١٩٧٩ یان شێوە و کاتی بەڕێوەچوونی دەگۆڕدرا و بەوجۆرە نەدەبوو کە بەسەریهات و وەک کۆتایی مێژووی پەهلەوی لە مێژوودا تۆمارکرا. دروستە کە هێشتاش گرووپە لایەنگرەکەی پەهلەوی باس لە نادروستبوونی شۆڕشی ١٩٧٩ دەکەن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون لەم هەمووە باجدانەی موحەممەد رەزا شا ورد ببنەوە و جارێک ئەم پرسیارە دابڕێژن کە چما پەهلەوی دانی بەم هەمووە ناعەداڵەتییە و پێشێلکردنی دێمۆکراسی‌ی دانا و هۆکار چیبوو کە پەهلەوی بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانکاریی سیستەم و قانوون بوو؟!

بابەتێک لە ڕۆژنامە‌دا کە وێنەکەی لە سەرەوەی ئەم مژارەدا دەبیندرێت، لە دوو ژماراندا بە چاپ گەییشت.[8] لەو مژارەدا ئاماژە بە بێکاری و نەبوونی بواری جۆراوجۆر لە کوردستان و کەمبوونی پێداویستییەکانی ژیان کرابوو. واتە گەر تەنیا لەسەر ئەم مژارە بمانهەوێت هەڵسەنگاندنێک لەسەر سیاسەتی پەهلەوی لەمەڕ کوردستان بکەین، بەو ئامانجە دەگەین کە ڕێفۆڕمی پەهلەوی پەرەسەندنی کشت و کاڵ و سیاسەتی ئاو لە کوردستانی لەخۆ نەگرتبوو.

هاوینی ١٩٧٨ی زایینیی، مانگرتن و وەستانی کارەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران‌دا دەبیندرا، بەڵام دەوڵەت سیاسەتێکی ڕەنگاوڕەنگی بەرانبەر جۆری مانگرتنەکان هەبوو. هاوکات ئاوڕدانەوەی ئەو جووڵانەش لە لایەن حکومەتەوە جیاواز بوو. بۆ وێنە لە مێژووی پەهلەوی دووهەمدا ئاسایی نەبوو کە ٢٤ فڕینی فڕۆکە لە ڕۆژێکدا تێکچێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە بە ڕای گشتیی دەگەیەندرا، ڕای گشتیی لە هۆکاری نەفڕینی ئەو هەمووە فڕۆکەیە ئاگادار نەدەکرا.[9]

پێشتر باس لەوە کرا کە حکومەتی نیزامیی لە تاران و چەند شاری دیکە ڕاگەیەندرابوو. دواتر لە ڕێکەوتی ١٢ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی دەقی تەواوی قانوونی حکومەتی نیزامیی بەچاپگەییشت بۆئەوەی هەموو شارومەندێکی ئێران ئاگاداری هەڵس‌وکەوتەکانی خۆی بێت.[10]

پەهلەوی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی حکومەتی نیزامیی ڕانەگەیاند. ئەو دەیزانی کە کوردەکان دژکردەوەیان بەرانبەر ئەو کارەی دەبیت و هەربۆیە سیاسەتێکی جیاوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبرد. بەڵام ئەوە بەو واتایە نەبوو کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا بەجێهێڵێت. ئەو لە کاتێکدا کە سیاسەتی هەڕەشە و حکومەتی نیزامیی لە ناوچە غەیری کوردستانییەکان بەڕیوەبرد، هەوڵیدا بە هەندێک گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، کوردستان بەرەو هێمنیی ببات.  ئەو گۆڕانکارییانەی کە شا لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامیدان، بریتی بوون لە:[11]

١) موحسینی شافیعی کرا بە فەرمانداری نەغەدە

٢) عەبدوڵڵا دووستدار کرا بە فەرمانداری سەڵماس

٣) حەسەن موحسینی کرا بە فەرمانداری پیرانشار

٤) فەتحوڵڵا شەقاقی کرا بە فەرمانداری سەردەشت

٥) مەنووچێهر نیک‌نەفس کرا بە بەخشداری شنۆ

٦)  مستەفا ڕەحیم‌زادە کرا بە شارەداری پیرانشار

٧) جەهانگیر سانی کرا بە سەرۆکی گشتیی دادگاکانی پارێزگای ورمێ

ڕوون نییە کە ئەم گۆڕانکارییانە بە چ هۆکارێک و بە چ مەبەستێک ئەنجام دران، چون زۆربەی ئەو کەسانەی ناویان هێنرا، پێشتر بەرپرسیارەتیی هاوشێوەیان هەبوو. بۆ نموونە دووستدار پێشتر فەرمانداری پیرانشار بوو. موحسینی پێشتر فەرمانداری سەردەشت بوو. شەقاقی پێشتر بەخشداری شنۆ بوو و نیک‌نەفس‌یش پێشتر جێگری فەرمانداری مەهاباد بوو.

ڕاگەیاندنێکی فەرمی حکومەتیش لەو زەمەندا بڵاو بۆوە کە خەڵکێکی زۆری ڕۆژهەلاتی کوردستانی لەخۆ دەگرت. بە پێی قانوونێکی نوێ کە حکومەتی پەهلەوی پێشکەشی پارڵەمانی پەهلەوی کرد و پەسەندکرا، ئەو کەسانەی کە لە نێوان ساڵەکانی داگیرکردنی ئێران و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لەدایکببوون، لە خزمەتی سەربازی عەفوکران.[12]

بە دوای ئەم گۆڕانکارییانەدا دیسان پەهلەوی ئاوڕی لە مامۆستایان داوە. پێشتر ئاماژە کرا کە شا دوو جاران بە دۆخی مامۆستایان ڕاگەییشت. ئەمجارە پەهلەوی ڕایگەیاند کە هەتا پێنج ملیۆن ڕیاڵ قەرز بە مامۆستایان دەدات بۆئەوەی خانووی پێ سازکەن.[13]

لە کۆتایی ئەم بەشەدا پێویستە خوێنەر لە خاڵێکی گرنگ ئاگادار بکرێتەوە کە لە بابەتی ژمارە یەکەمدا ئاماژەی پێکرا. لە کۆی ئەم ماوەیەدا و مانگ بە مانگ کە شا لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران نزیکتر دەبۆوە، سیاسەتی دژەئیسرائیلی موحەممەد رەزای باوکئاسا زەقتر و بەرچاوتر دەبوو. ژمارەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەکانی ئەوکات بۆ ئاماژەکردن دروست نییە، چون لە هەر چەند ژمارەیەک، دانەیەکیان بە خەستیی خۆی لەم باسە دابوو و لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بابەت بەچاپدەگەییشت. بنەماڵەی پەهلەوی بڕوادارانە دژایەتیی حکومەتی ئیسرائیل‌یان دەکرد.[14]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.



بەشی ١٠

baner

لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی‌یەوە، بیست و پێنجی خەرمانانی هەر ساڵێکی کۆچی هەتاویی، ڕۆژێکی گرنگ و نەتەوەیی بۆ کوردەکان و فارسەکان بوو. بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی بۆ هەتاهەتایە بە مێژوو سپێردرا و چیتر بایەخی نەماوە.[1]

بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان بۆیە جێژن دەگیرا، چون پاش ئەوە کە زلهێزان باوکی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان لە ئێران دەرکرد، موحەممەد رەزایان لە جیات باوکی کرد بە پاشای ئێران.[2] بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان چیتر بایەخی مێژوویی نەماوە و پاش ئەوە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ئێران چوو دەرێ، ئیتر جێژن نەگیراوە.

بیست و پێنجی گەلاوێژی کوردەکان ئەو ڕۆژەیە کە بە شێوەیەکی مۆدێڕن بناخەی ناسیۆنالیزمی کوردستان داڕێژرا[3] و هەتا ئێستاش لای کوردەکان هەر وەک بۆنەیەکی گرنگی مێژوویی دێتە ئەژمار. بیست و پێنجی خەرمانان‌یش ئەو ڕۆژە گرنگەیە کە بە تێبینییەوە لە لایەن دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەڵبژێردرا.

لە ڕاستیدا نووسەران و لێکۆڵەران سەرنجی ئەم گرنگەیان نەداوە کە سەرەڕای ئەوە کە ڕۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ بۆ ڕاگەیاندن و ناساندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان هەڵبژێردرا، چما نیشتمانپەروەرانی کورد لە ٢٥ی خەرمانان، کۆبوونەوەی گرنگی خۆیان پێکهێنا؟! هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە، هەڵگری پەیامێکی گرنگی سیاسیی کوردەکانە و نیشتمانپەروەرانی کورد زۆر بە تێبینییەوە ئەو ڕۆژەیان وەک پەیامێکی سیاسی هەڵبژارد کە لایەنی سایکۆلۆژیشی هەبوو. لە ڕاستیدا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بەر لەو کاتیش بوونی هەبوو، بەڵام بە تێبینییەوە لەو ڕۆژەدا کە یەکەم ساڵوەگەری بەپاشایەتیگەییشتنی موحەممەد رەزا بوو، ئەو کۆبوونەوە گرنگە گیرا.

نووسەر و لێکۆڵەری کورد، سەید موحەممەدی سەمەدی لە زمانی یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بەم شێوەیە ئەم مێژوویەی تۆمارکردووە:

«ئەو تین و مەیلە لە ٢٥ی شەهریوەری ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی ڕێکەوتی ١٦ی سپتامبری ١٩٤٢ شکڵی گرت. ئەو ڕۆژە لەگەڵ پۆلێک چووینە باغی ئەمینولئیسلامی کە هەر ئێستا نەخۆشخانەی (مبارزە با سل)ی مەهاباد لەوێ هەڵکەوتوە و …»[4]

موحەممەد رەزا پەهلەوی لە دوایین جێژنی ٢٥ی خەرمانانی ژیانی‌دا، مانۆڕێکی بەرچاوی سیاسیی گێڕا. لەو ڕۆژەدا لە هەموو ئەو بلاوکراوانەی کە سەر بە سیستەمی تاکڕەوی ئۆتۆکراتی پەهلەوی بوون، کەڵک وەرگیرا بۆئەوە پەهلەوی مێژووی دابەشبوونی ئێران و مەترسیی لەدەستدانی ئازەربایجان و کوردستان‌ زیندوو بکاتەوە و هەوڵدات لەو ڕێگەوە سەرنجی نەتەوەی فارس بۆلای خۆی ڕابکێشیت. لەو ڕۆژەدا باسی ئەوە کرا کە کوردستان گەرەکی بوو لە ئێران جیا بێتەوە و شا گەڕانەوەی کوردستانی بۆسەر خاکی ئێران وەک یەک لە شانازییەکانی دەستهەڵاتداریی خۆی ناساند.[5]

لە دوایین بیست و پێنجی خەرمانانی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی کوڕدا، هاوکات کە شا خەریکی مانۆڕلێدان لەسەر ویستی جیاییخوازی کوردەکان و ترکەکان بوو، نۆ کەس لە تەورێز شەتڵانی خوێن کران.[6] لە مەهابادیش دەرەجەدارێکی حکومەت کوژرا.[7]

لە تەورێز ترکەکان کە بە دژی شا لەسەر شەقام ڕێپێوانیان دەکرد، دوو کەس لە ترکەکان لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە کوژران. کەسێکی بێتاوانیش کە ڕێبوارێکی ئاسایی بوو وەبەر گوللە کەوت و کوژرا. ترکەکانیش لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا دەستیان کردەوە و شەش بەرپرسی حکومەتەکەی پەهلەوی‌یان لەو ڕۆژەدا کوشت.[6]

لە مەهاباد دەرەجەدارێکی ئەڕتەش دە ماڵی خۆیدا کوژرا. حکومەت چەند کوردێکی لە نزیکی ماڵی ئەو ئەڕتەشییە دەستبەسەرکرد، بەڵام پاش چەند کاتژمێر ئازادکران. هۆکاری ئازادکردنی کوردەکان بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە برای دەرەجەدارەکە وەک بکوژی براکەی ناسرابوو کە لەگەڵ براژنەکەی کەینە و بەینەی تایبەتیی هەبوو. هەر ژنی قوربانیش بوو کە ڕاستییەکانی کوشتنی مێردەکەی بۆ پۆلیسی مەهاباد باسکردبوو.[8]

دەوڵەتی شەریف‌ئیمامی لەو ڕۆژەوە متمانەی خۆی لە پارڵەمانەکەی شا وەرگرت. هەر لەو ڕۆژەشدا شەریف‌ئیمامی لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکان و کەمکردنەوەی ماوەی حکومەتی نیزامی لە پارڵەمان قسەیکرد.[9] دروشمی هەرە بەرچاوی دەوڵەتەکەی شەریف‌ئیمامی «ئاشتیی لەگەڵ هەموو گرووپە سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەستووری بنەڕەتیی» بوو، بەڵام بەرنامەی ئاشتی دەوڵەت، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) و ڕێکخراوی تازەدامەزراوی کۆمەڵەی لەخۆنەدەگرت.

شا پێشتر بەڵێنیدابوو کە دژایەتیی گەندەڵیی بکات، بەڵام دەستبەسەرکردنی بەرپرسان و گەندەڵان زۆرتر لە تۆڵەسەندنەوە دەچوو، چون شا زۆرتر کەسانێکی بە تاوانی گەندەڵی دەستبەسەردەکرد کە ئیتر لەسەر دەستهەڵات نەمابوون و زۆرتر لەوە دەچوو کە هاوڕای شا نەبوون.[10]

شەریف‌ئیمامی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێرانی ئازاد کرد. پێشتر موحەممەد رەزا پەهلەوی بەشێکی بەرچاوی لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئێرانی دەستبەسەرکردبوو کە لە پێناو مافەکانی مرۆڤ لە ئێران‌دا خەباتیان دەکرد. بەرچاوترین کەسایەتیی ئەو گرووپە کە لە سەرەتای دەوڵەتەکەی شەریف‌ئیمامی‌دا ئازاد کرا، مێهدی بازەرگان بوو.[11] بازەرگان ئەوکات سەرۆکی گرووپی «بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ» لە ئێران‌دا بوو کە لە دواییدا بوو بە یەک لەو بەرپرسانەی خەلکی سیڤیلی کوردستان‌ی لەژێر دەستهەڵاتیدا بە کۆمەڵ کوژران.[12]

شەریف ئیمامی هەر لە سەرەتای دەستهەڵاتەکەیەوە لەگەل کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بۆوە. جیا لەو کێشانە ، بوومەلەرزەی تەبەس‌یش شۆکێکی گەورەی لە دەولەتەکەی ئەو دا و خەسارێکی ئابووری و مرۆڤی زۆری لێ کەوتەوە. کۆتایی مانگی خەرمانان دەکرێ بە یەک لە زەمەنە مێژووییەکان ناو ببردرێت، چون لەو کاتەدا بوو کە بۆ یەکەمجار قانوونیبوونی سەربەخۆیی زانکۆکان لە ئێران‌دا مسەوگەر بوو.[13] زانکۆکان و خوێندەکاران دەستێکی باڵایان لە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران و لەسەرکارلابردنی بنەماڵەی پەهلەوی هەبوو.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ١١

baner

یەک لە تاکتیکەکانی پەهلەوی بۆ هێورڕاگرتنی کوردستان، بەوەزیرکردنی کوردێک بووکە بە بنەماڵەوە پتر لە نیو سەدە لە خزمەت پەهلەوییەکان‌دا بوون.

‘Elî Qullî Erdellan

عەلی قوڵی ئەردەڵان ئەو کوردە سنەییە بوو کە لە سەرەتای پاییزی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداری موحەممەد رەزا پەهلەوی لە لایەن پەهلەوی‌یەوە لە جیاتی «ئەمیر عەباس هۆوەیدا» کرا بە وەزیری دەرباری پەهلەوی.[1]،[2] حکومەتی ناوەندی هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، زۆرجار لەو تاکتیکە کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام وریابوونی کوردەکان ڕێگەی نەداوە کە دڵ بە بەوەزیرکردنی کوردێکی گوماشتە خۆشکەن و خۆیان بە بەشێک لە حکومەتە داگیرکەرەکان بزانن.

سەرەتای پاییزی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی گۆڕانکارییەکانی پەهلەوی زۆرتر بوون، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە ڕادەیەک گەییشتبوو کە بەم گۆڕانکارییانە پێشی پێ نەدەگیرا.

حکومەت خشتەی ماڵیاتی نوێکردەوە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە جەماوەر و پیشەکان لە دانی ماڵیات مەعافکران و بە گشتیی ماڵیاتی هەموو پیشە و تاکەکان کەمکرا.[3] هاوکات پەهلەوی ئەو باسەی لە ڕاگەیاندنەکان‌دا بڵاوکردەوە کە حیزبەکەی (حیزبی ڕەستاخیز) بمێنێتەوە یان نا؟[4]

لە پاییزی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی‌دا گۆڕانکارییەک وەبەرچاوکەوت کە لەوە دەچێت پلانداڕێژڕاو بووبێت. پێشتر نەبینرابوو کە لە ڕاگەیاند‌دا باسی ئێعدامکردنی تاوانباران بکرێت، بەڵام لەو وەرزە ڕا بە تیتری زەق و بە نووسینی درشت باسیان لە ئێعدامکردنی تاوانباران دەکرد، کە لەوە دەچێت بە مەبەستی تۆقاندنی ناڕازییان ئەوکارەیان کردبێت.[5] سێهەم ڕۆژی پاییزی ١٩٧٨ی زایینیی سەرلەنوێ باسی کۆکردنەوەی حیزبەکەی شا کراوە. گەڵاڵەیەک لەم بارەوە بۆ پەسەندکردن ئامادەکرا و خسترا بەر چاوی ڕای گشتیی.[6] ڕۆژی دوایە بە فەرمیی ڕاگەیەندرا کە هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی مافی ئەوەیان نەماوە کە دەست لە کاروباری دەوڵەتی و ئابووری وەردەن.[7] هەر لەم بارەوە ڕاگەیەندرا کە هەموو ئەو دەستهەڵاتانەی کە پێشتر بە خزم و کەسی شا درابوون، ڕاگوێزی ئۆرگانە پێوەندیدارەکان کران.

پەهلەوی لەو زەمەندا لەگەڵ کێشەی جددی بەرەوڕوو ببۆوە. ئەو جیا لە کێشەی حکومەت و پاشەکشەی بەردەوام لە بەرانبەر جەماوەری ناڕازیدا، وێڕای ئەوە کە نەیتوانیبوو هێمنی وڵات بپارێزێت، پتر لە ١١٠٠ کەسیشی لە ڕێگەی حکومەتی نیزامی‌یەوە لە زیندان کردبوو.[8] لە پەنای هەموو ئەو گرفتانەش، شالوولەی گازی ئێران لە نزیک شاری ساوە تەقییەوە و خەسارێکی زۆری لێ کەوتەوە.[9] حکومەت سەرلەنوێ لابردنی ماڵیاتی لەسەر سێ ملیۆن کرێکار بە تەواویی و بۆ هەتاهەتایە بڵاوکردەوە. هۆکاری ئەم بڕیارەشیان بۆ کەمبوونی داهاتی ئەو سێ ملیۆن کرێکارە گەڕاندەوە.[10]

خوێندەکارە ئێرانییەکانی هەندەران لە هاوینی ئەو ساڵدا لە زۆر وڵات ڕێپێوانیان دژ بە پەهلەوی ئەنجام دابوو. لە پاییزی ١٩٧٨ حکومەت ڕایگەیاند کە هیچ خوێندەکارێک لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئێران دەستبەسەر ناکرێت.[11] دەقێکی نوێی قانوونیش لە پێوەندی بە شێوەی دامەزرانی حیزب و بەڕێوەبردنی میتینگ و ڕێپێوان پێشکەش بە پارڵەمان کرا.[12]

ڕێکەوتی ٢ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی هەواڵی ڕێپێوان و تێکهەڵچوون لە شاری ورمێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بۆوە. ڕێپێوان لەو بەشەی کوردستان لە بەیانی ڕۆژی پێشوو دەستیپێکردبوو و هەتا کاتژمێر ١٨ درێژەدرابوو. ناڕازیان لە شەقامەکانی فەرەح، ئێقباڵ و داریووش دروشمیان لە دژی حکومەت دا. چەکدارانی حکومەت بە مەبەستی بڵاوەکردن بە خەڵک، لە شەقامی فەڕەح ڕژانە نێو جەماوەری ناڕازی و لە ئەنجامدا لەگەڵ جەماوەر تووشی تێکهەڵچوون بوون. چەکدارانی پەهلەوی گازی فرمێسکهێنەریان دە خەڵکی گرت و تەقەیان لە حەوا دەکرد. یەک لە ڕێپێوانکەرەکان گوللەی لە دەستی کەوت و نزیکەی کاتژمێرێک دوایە بڵاوە بە خەڵک کرا.[13]

لە هەمان ڕۆژدا لە کرماشان کارەساتێکی زۆر بێوێنە ڕوویدا. لە کرماشان چەند مرۆڤی بێچەک و سیڤیل بە دەستی چەکدارانی پەهلەوی کوژران.[14] لە ژێرەوە کورتەیەک لەو ڕاپۆڕتە ئامادەکراوە:

شەوی پێشوو لە ڕێپێوانی کرماشان‌ سێ کەس کوژران و سی و یەک کەس بریندار بوون. لەو ٣١ کەسە شەش کەسیان چەکداری حکومەت بوون.

کاتژمێر ١٦ی دوێنێ نێوەڕۆیە شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوتێکی کرماشان پڕ بوو لە خەڵک. مامۆستایانی ئایینی لەوێ ئامادە بوون و داوایان لە جەماوەر کرد کە ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام بەڕێوەبچێت.

ناڕازیان بە تەما بوون بەرەو مزگەوتی گشتیی بڕۆن، بەڵام لە ڕێگادا کە لە بەردەم بینای پارێزگای کرماشان تێدەپەڕین، ئەو بینایەیان بەردەباران کرد و هێرشیان بردە سەری. پۆلیس گازی فرمێسکهێنەری بە خەڵکدا کرد، بەلام خەڵک پاشەکشەی نەکرد و لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکانی حکومەت هێرشیان بردە سەر نۆ دانە بانک و سینەمای دیانا. جەماوەر و چەکدارانی حکومەت دەستیان لە ملی یەکتر نابوو و هەتا کاتژمیر ٢٣ لە تێکهەڵچوون بەردەوامبوون.

ئەو نۆ بانکەی کە ئاماژەی پێ کرا، بانکەکانی ئێران و هۆلەند، ئیرانشار، عۆمڕان، پارس، سێپەه، بازەرگانی، سادێرات و میللی بوون. کۆمەڵێک دوکان و مەشرووبفرۆشیش لەو شەوەدا ئاگریان تێبەردرا. نزیکەی هەشت هەزار کەس لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییانکرد. لە کاردانەوەی ئەم هەڵس‌وکەوتەی چەکدارانی حکومەت، مامۆستایانی کرماشان مانیان گرت و قوتابخانەکانی ئەو شارەش نیوە تەحتیل بوون.

حکومەت لەو ڕۆژەدا بە تەواویی لە کوردستان‌دا لەژێر زەختێکی بێوێنەوەی کوردەکان‌دا بوو. مامۆستایان و قوتابییەکانی شاری بانە لەو ڕۆژەدا بە گشتیی ڕێپێوانی خۆیان دژ بە شا ئەنجامدا. دروشمە سەرەکییەکانی کوردەکان لە بانە بریتی بوون لە ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، جیاکردنەوەی هێزەکان لە یەکتر، بەڕێوەبردنی بنەماکانی دەستووری بنەڕەتیی، دەرکردنی کارناسانی بیانیی و چەند دروشمێکی دیکە. لە کۆی ئەو ڕێپێوانەی شاری بانە‌دا کە لە سەرەتای شەقامی فەرمانداری‌یەوە دەستیپێکرد و تەواوی شەقامەکانی ئەو شارەی بەسەرکردەوە، نوێنەری کوردەکان گوتاری خۆیان پێشکەش کرد. ڕێپێوانی شاری بانە خەساری گیانی و ئابووری لێ نەکەوتەوە و بە شێوەیەکی هێمنانەتر لەچاو ورمێ و کرماشان بەڕێوەچوو.[15] جیا لەمانە لە سێ شاری دیکەش مامۆستایانی کورد لە دژی حکومەت مانیان گرت. مامۆستایانی قەسری شیرن، سەپێڵی زەهاو و شائاباد دەستیان لە کارکردن کێشاوە و هۆکاری مانگرتنیشیان بۆ پرسی ماف و چۆنییەتی ژیانیان گەڕانەوە. قوتابخانەکان لەو سێ شارە داخران و سەرەڕای ئەوە کە هەوڵێکی زۆر بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان درا، بەڵام مامۆستایان گوێیان نەدا و درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان دا.[16]

کوردەکان لەو ڕۆژەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەتا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان بەرز بوو. حکومەت بۆئەوەی نەکا لە کوردستان تووشی گرفتی زۆر جددیتر بێت و لە ترسی ئەو خوێنانەی کە ڕژابوو، ١٦ کەسی لەو کوردانەی مەهاباد ئازاد کرد کە بە تاوانی دەستتێوەردان لە کاروباری سیاسیی گیرابوون و قەراربوو لە دادگای نیزامی ورمێ‌ دادگایی بکرێن. ئەو ١٦ کەسە بریتی بوون لە:[17]

حەسەن ماوەڕانی، عومەر قازی، سەید موحەممەد نیزامی، ئەحەد ئەنجیری، موحەممەدئەمین چیڕە، قاسم چیڕە، قادر ماوەڕانی، هوشیار ئیمامی، پۆڵا نانەوازادە، تاهیر فەرزاد، قاسم ڕیانی، حوسێن بەخشی، خۆسرەو خۆسرەوی، سەید خزری و عەزیم مۆوەفەقی.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌بەشی ١٢

12-02

کرماشان دوو ڕۆژ بوو شەتڵانی خوێن کرابوو. ڕۆژی سێهەم لە لایەن کەسانی ئایینی ئەو شارەوە داواکرا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی شار لە مزگەوت کۆببنەوە.[1] خەڵک پشتیوانییەکی گەرمیان لە قوربانیان و داواکارییەکانی خۆپێشاندەران دەربڕی.[2] هاوکات مامۆستایانی کرماشان لە نێو ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردە‌دا سەرلەنوێ خڕبوونەوە. یەک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کرماشان لەو ڕۆژەدا بێڕێزیی بەرپرسانی حکومەت و کردەوەی نائەخلاقیی کاربەدەستانی حکومەت لە چەند ڕۆژی پێشووتردا بوو.[3]

کورتەیەک لە ڕاپۆڕتی درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی)[4]

لە کرماشان بە پێی ئامارێکی فەرمیی چوار کەس کوژراون. جگە لە کرماشان لە شارەکانی ورمێ، بانە، خوڕەم‌ئاوا و دووروود خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لە دووروود و ورمێ ڕێپێوانەکان بە تێکهەڵچوونی جەماوەر و پۆلیس گەییشت. لە تێکهەڵچوونەکەی دووروود دوو کەس کوژران. لە ورمێش سێ کەس بریندار بوون.

ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کرماشان بەردەوامە. دوێنێ نێوەڕۆیە مامۆستایانی هەورامانات، شائابادی ڕۆژئاوا، قەسری شیرن، گیلانی ڕۆژئاوا، سونقوڕ، سۆمار، نەوت‌شا، کەرەند، سەحنە، تەنگاوەر و هەرسین خۆیان گەیاندە کرماشان و پاڵپشتیی خۆیان لە مامۆستایانی کرماشان ڕاگەیاند. هەر بەم هۆیەوە قەتابخانەکان و فێرگەکانی هەموو ئەو شارانە داخرابوون.

نوێنەری قوتابیان و خوێندەکارانی کوردیش بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆیان لە مامۆستاکانیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە هەتا داواکاریی مامۆستاکانی کورد بەدینەکرێن، ئامادەنین بچنەوە سەر کلاسەکانیان. هەربۆیە هەوڵی کاربەدەستانی حکومەتی بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان بە تەواویی بێ‌ئاکام ما. بە دوای ئەمە دا قوتابخانەکان و فێرگەکانی یازدە شاری ناوبراویش داخران و قوتابییەکان ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان. [تیبینی: بە پێی ئەو ناسینەی کە نووسەری ئەم بابەتە لە کۆمەڵگای کوردستان هەیەتی، زۆرتر لەوە دەچێت کە دایک و باوکی قوتابیان هەڵوێستیان گرتبێ و بە مەبەستی پشتیوانیی لە مامۆستایانی کورد مناڵەکانیان نەناردبێتەوە قوتابخانە، یان فێریان کردبن کە نەچنەوە. مناڵانی کورد بە تایبەتیی لە قۆناخی سەرەتایی‌دا تێگەییشتنێکی ئەوتۆیان لە سیاسەت و داواکاریی مامۆستایانی خۆیان نەبووە و ناکرێ ئەمە بەم شێوەیە سەیر بکرێت کە قوتابیانی پێنەگەییشتووی کورد لەو زەمەندا خاوەن خوێندنەوە و هەڵوێستی سیاسیی بووبن. ئەمە کە چما و بە چ مەبەستێک ئەو ڕاپۆڕتە لە لایەن ڕۆژنامەوانی ئێرانیی بەم جۆرە گەڵاڵەکراوە، ناڕوونە!]

ناسر ئێراندووست ڕۆژنامەوانی ئامادەبوو لە کرماشان لە زمان مامۆستایانەوە نووسیبووی کە سەرەڕای ئەوەی مامۆستاکان بە شێوەیەکی هێمن بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆیان دانیشتبوون، بەڵام چەکدارانی حکومەتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و کەسایەتی مامۆستایان، هێرشیان کردبوونە سەر و بە شێوەیەکی ناژیارانە لەگەڵ مامۆستایانی کورد هەڵس‌وکەوتیان کردبوو. مامۆستایانیش هەر لە کاردانەوەی ئەم کردەوە ناشاراستانییەدا بوو کە مانگرتنیان دەستپێکرد. مامۆستایان وێڕای ئەوە کە گەرەکیان بوو وەڵامی ئەرێنی بە داواکارییەکانیان بدرێتەوە، خوازیاری ئەوەش بوون کە دڵی ئەو مامۆستایانەش بەدەستبهێندرێت کە لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە هێرشیان کرابوو سەر و بریندار ببوون.

دوێنێ نێوەڕۆیە بازار و دووکانەکانی کرماشان بە تەواویی داخران. حکومەت تانک و چەکدارانی خۆی نارد بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی شارەکەی بەدەستەوە بێت. هاوکات یەک لە بریندارەکانی پێشوو کە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، مرد. سادق سابوونی چوارەمین کوژراوی خۆپێشاندەرانی کرماشانی لەو چەندڕۆژەدا بوو. دۆخی بەشێکیش لە بریندارانی خەوێندراو لە نەخۆشخانە نالەبارە.

لە شارۆچکەی دووروود بە هەمان شێوە ڕێپیوانێک دژ بە حکومەتی پەهلەوی ڕوویدا. چەکدارانی حکومەتی تەقەیان لە جەماوەر کرد بۆئەوە بڵاوەیان پی بکەن. لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا دوو کەسیان کوشت. بە دوای تێکهەڵچوونێک کە لە نێوان جەماوەری سیڤیلی کورد و چەکدارەکانی پەهلەوی ڕوویدا، خەڵکێکی زۆریش برینداربوون.

پێرێ شەویش هەزاران کەس لە مزگەوتی گشتیی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان بەرەو شەقامی پەهلەوی کشاند. دروشمی ئازادیخوازانەیان دەدا و بەرەو پێش دەڕۆییشتن کە دوو سەری شەقامەکە لە لایەن چەکدارانی ڕێژیمی پەهلەوی گیرا. تەنیا ڕێگەیەک کە بۆ جەماوەر مابۆوە، بەرگریی لە خۆیان بوو و تێکهەڵچوون دەستیپێکرد. دوو کەس لەم هاڵۆزییەدا کوژران و بەشێکیش لە جەماوەر بە شێوەیەکی دڵتەزێن برینداربوون. جیا لەو بریندار و کوژراوانە، چەکدارانی حکومەت خەڵکێکی زۆریان دەستبەسەرکرد. لە شاری جیرانەوە چەکداری دیکەیان بۆ یارمەتیی ناردە دووروود و لەم ڕێگەوە توانیان کۆنتڕۆڵی شار بەدەستەوەبگرن. دوێنێ مامۆستایانی دووروود ڕێپێوانێکی بەرین و هێمنانەیان ئەنجامدا.

لە شائابادی ڕۆژئاواش تەواوی مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و لە شيقامەکانی ئەو شارە ڕێپێوانیانکرد. ئەو مامۆستایانەش کە لە ڕۆژی شەممۆی ڕابوردوویەوە نەچووبوونەوە سەر کلاس، لە دەفتەری ناوەندی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە هەتا داواکارییەکانیان مسەوگەر نەبێت، واز لە مانگرتنیان ناهێنن.

داوای لێبوردن:

ئەمڕۆ بەیانی تیمسار سەرتیپ حەمیدی، سەرۆکی شارەوانییەکانی کرماشان لە شوێنی مانگرتنی مامۆستایانی کرماشان ئامادەبوو و داوای لێبوردنی کرد.

مامۆستایانی کرماشان لە وەڵام‌دا گوتیان: هەتا ئازادکردنی قوتابیان و مامۆستایانی دەستبەسەرکراو و دەستبەسەرکردنی تاوانباران و هێرشکەرانی سەر مامۆستایان ئامادە نین واز لە مانگرتنی خۆیان بهێنن.

لە مەهاباد و بۆکان‌یش ڕێپێوانی بەرین لە لایەن جەماوەری ئەو دوو شارەی موکریانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە هەردوک شاریش چەکدارانی حکومەتی لەگەڵ کوردەکان تێکهەڵچوون و دوو کەس لە کوردەکانی بۆکان کوژران. کەسێکیش لە مەهاباد کوژرا. لە سەرەتای حەوتوویەوە تا ئێستا دوو جاران ڕێپێوانی بەرین لە مەهاباد ئەنجامدراوە و جیا لەو کوژراوەی باسکرا، سێ کەس بریندار بوون. بەشێکی بەرچاوی زانایان و خەڵکی مەهاباد لەو ڕێپێوانەدا بەشداربوون.

دوێنێ لە ئیلام‌یش کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی لە شەقامی خەیام ڕێپێوانیانکرد. خۆپێشاندەران لە کاتێکدا کە دروشمیاندەدا، تایەری کۆن و داریان ئاگرتێبەردا و ڕێگەیان بەست. ئینجا لە شەقام‌دا وەڕێکەوتن و شووشەکانی ئیدارەکانی حکومەتیان شکاند و ئاگرتێبەردا.

‌‌

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ١٣

13-01

 

لە کاتێکدا کە ئاگری چەندین دەیە دژایەتیی کورد لە دژی حکومەتی پەهلەوی بە جوانیی گڕیگرتبوو و کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕا هەتا خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیان بۆ لەسەرکارلابردنی موحەممەد رەزا پەهلەوی دەدا، لە شاری سەقز ڕووداوێکی گوماناوی ڕوویدا کە خەڵکی وریای سەقز بە ساناییان دانەنا و هەڵوێستی جددیان لەسەر گرت.

ڕۆژی بیست و پێنجی خەرمانان لە دوایین هاوینی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا، ڕێپێوانێکی بەرین و هێمنانە لە شاری سەقز بەڕێوەچوو. چەکدارانی حکومەتیی ١٧ کەس لە کوردەکانی دەستبەسەرکرد. ئەوەی کە جێگەی گومان و لێوردبوونەوە بوو، نەناردنی پەروەندەی ئەو ١٧ کوردە بۆ دادگا بوو. پتر لە دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکردن و بەدلیکردنی ئەو کوردانە بەسەرچووبوو، کەچی دادگاکانی حکومەت هێشتا هیچ شتێکی لەسەر ئەو ١٧ کەسە نەدەزانی. کوردەکان ئەمجۆرە دەستبەسەرکردنەیان بە سانایی دانەنا و هەربۆیە خەڵکێکی زۆر و بنەماڵەی ئەو زیندانیانە لە شاری سەقز ڕا سکاڵایان لەسەر هێزە چەکدارەکانی حکومەت تۆمارکرد و «کانوونی پارێزەرانی داد» لەگەڵ «کۆمەڵەی مافناسان» و «کۆمەڵەی لایەنگری ئازادی و بەرگریی لە مافی مرۆڤ»‌یان لەم گرنگە ئاگادارکرد. بەرپرسانی باڵای دادی حکومەت لە کوردستان نائاگایی خۆیان لەم پرسە ڕاگەیاند و لەم بارەوە سکاڵایان بە وەزارەتی داد گەیاند کە هێزی چەکداریی حکومەت لە سەقز بەو شێوە سەرەڕۆیانە پێشێلکاریی قانوونیان کردبوو. خزم و کەسی گیراوانیش لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی دیکەی سەقز لەمبارەوە کاردانەوەیان هەبوو و تێلێگرافێکی زۆریان نارد. لە کۆتاییدا «کانوونی پارێزەران» و «کۆمەڵەی مافناسان» بڕیاریاندا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون لەم پرسە بەرەو کوردستان بنێرن.[1]

پاش ئەوە کە لە کرماشان کۆمەڵێک کورد بریندار، دەستبەسەر و شەهید کران، کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی لەو شارە بەڕێوەچوو. خەڵکێکی بەرچاو لەو بۆنەیەدا بەشداربوون. لە کۆتاییشدا جەماوەر لە مزگەوتێ ڕا بە یەکەوە چوونە سەر شەقام. مامۆستایانی ئایینی کرماشان پێشڕەوی جەماوەر بوون. بەو شەوە بەرەو مەزاری شەهیدانی کورد ڕۆییشتن. چەکدارانی حکومەت لە ڕێگای قەبرستان‌دا هێرشیان بردە سەر خەڵکی سیڤیلی کورد و بە گازی فرمێسکهێنەر و گوللە هەوڵیاندا بڵاوە بە خەڵک بکەن. لە ئەنجامی ئەو هێرشە لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە، گرووپێک لە ناڕازیان ئاگریان لە پێن بانک و بینایەکی پێنج قاتی و ئوتووبووسێک بەردا و دوو کەس لە چەکدارانی حکومەت برینداربوون.[2]

بە پێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ئێتێلاعات، لەو شەوەدا بەر لەوە کە ڕێپێوان دەستیپێکردبا، ڕێژەی خەڵکی بەشدار لە کۆڕی ماتەمین و سەرەخۆشیی شەهیدانی کرماشان ئەوەندە زۆر بوو کە لە مزگەوتدا جێگایان نەببۆوە و شەقامەکانی دەورووبەریشیان بە تەواویی پڕ کردبوو. لە دوای کاتژمێر هەژدە ڕا بە بەڕێوەبەریی مامۆستا ئایینییەکان ڕێپێوانەکە بەرەو شەقامی شا و ئینجا شەقامی سێپەه درێژەی کێشا و لەوێڕا بەرەو قەبرستانی کرماشان ڕۆییشتن. لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکدارانی پەهلەوی و خەڵکی سیڤیلی کورد، یەک کەس کوژرا و سێ کەسیش برینداربوون. بە پێی ڕاپۆڕتی ئەو ڕۆژنامەوانە یازدە بانک لە ڕێگەی شەقامەکانی «نواب»، «وزیری» و «آقا شیخ هادی» لەگەڵ ئوتووبووسێک ئاگریانگرت. چەند ئیدارەیەکیش خەساری بەرچاویان پێ گەییشت. ڕۆژی دوایە لەبەر ئەوە کە خەڵک و بازاڕ بە گشتیی لە کرماشان پشتیوانی خۆیان لە ناڕازیان دەربڕی، دوکان و بازار لەگەڵ قوتابخانەکان ئاوەڵا نەبوون. ئاماری نافەرمیی لەمەڕ کوژراو و بریندارەکانی ئەو شەوە بە چوار کوژراو و سی بریندار لە لایەن ڕۆژنامەوانی رۆژنامەی ئێتێلاعات ڕاگەیەندرا. پاش شەش ڕۆژان حکومەت لە بەرانبەر مانگرتنی مامۆستایانی کورد کۆڵیدا و تالاری ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەیان لە ئیختیار نان. مامۆستا مانگرتووەکان بە دوای ئەو دەستکەوتە دەستیان لە مانگرتن کێشا و لەبۆ ئەوە کە گرفتێک لە داهاتوودا لە نێوان ئەوان و حکومەت نەیەتە پێش، پێشنووسی دەستووری کاری مامۆستایان لە ٣٢ ماددە و هەشت بەند و چوار خاڵ‌دا گەڵاڵە و بڵاوکردەوە.[3]

بۆ پشتیوانیی لە مامۆستایانی کرماشان، مامۆستایانی کەرەندی ڕۆژئاواش وەک زۆر شاری دیکە دەستیان بە مانگرتن کردبوو کە پاش سێ ڕۆژ بەسترانی قوتابخانە و فێرگەکان کۆتایی بە مانگرتنی ئەوانیش هات، چون داخوازیی مامۆستا مانگرتووەکانی کرماشان دابینکرا.[4]

لە بانەش درێژە بە ڕێپێوان و مانگرتن درا. بە پێی ڕاپۆڕتێک کە لە بانە ڕا بە تاران گەییشتبوو، بازار و گشت دوکانەکانی بانە داخرابوون و شار لە دۆخی مانگرتنی گشتی‌دا بوو. خەڵکی بانە بۆ پێداگریی لەسەر ناڕازیبوونی خۆیان سەرلەنوێ هاتنەوە سەر شەقام و پاش ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام لە شەقامی پەهلەوی کۆبوونەوە. لەوێ داواکارییەکانی خۆیان کە پێشتر لە چاردە خاڵاندا گەڵاڵە و ئامادە کردبوو، بە بەرپرسانی حکومەتیی ڕاگەیاند. چاردە خاڵەکە بریتی بوون لە:

1) ئازادی تەواوی زیندانییە سیاسییەکان.

2) دادگاییکردنی سەرلەنوێی ئەو زیندانیانە کە بۆ ماوەیەکی درێژ حوکم دراون و سڕینەوەی غەدرێکی لێیان کرابوو.

3) کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەی زیندانییەکانی بانە.

4) گۆڕینی هەرچی زووتری شارەداری بانە.

5) پێڕاگەییشتن بە کەم‌وکوڕییەکانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە لە ئاستی شار و گوندەکان‌دا و سەرنجی زۆرتر بە مامۆستایانی بانە.

6) لەناوبردنی دەستتێوەردانی ئیدارەکان لە کاروباری فێرکاری و پەروەردە.

7) ڕەتکردنی هەرچی زووتری هەڵبژاردنی بەڕێوەبەر و لێژنەی سەرۆکایەتیی نەخۆشخانەی بانە.

8) وەرگرتنی خۆڕایی نەخۆشە هەژارەکان لە نەخۆشخانە و لەناوبردنی جیاوازیدانان لە بەرانبەر وەرگرتنی نەخۆش.

9) وەدواکەوتن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە لە بودجەی ئیدارەکانی شاری بانەیان دزیبوو.

10) کارسازیی بۆ گەنجە بێکارەکان بە پێی ئەو پیشانەی کە حەزیان لێی بوو.

11) کۆکردنەوەی وەتاغی ئەسناف.

12) لابردنی خەرج و ماڵیاتی قورس و نابەجێ کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتی کاسبکاران دابین دەکرا.

13) بایەخدان بە پاک‌وخاوێنی و سڵامەتی گشتیی لە شار و گوندەکان‌دا.

14) سەرنجی تەواو بە دۆخی کشت‌وکاڵ و ئاژەڵداریی لە ئاستی شار و گوندەکان‌دا.

بە دوای ئەوە کە ئەم داواکارییانە لە لایەن خەڵکی بانەوە ئاراستەی بەرپرسانی شار کرا، سەرۆکی نەخۆشخانە (ئەقدەسی) و شارەداری ئەو شارە (عەبدوڵڵا مەحموودی) دەستیان لە کار کێشا و دەستلەکارکشاندنەوەکەیان قبووڵکرا.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ١٤

ilam

ڕێکەوتی ٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ڕێکەوتێکی پڕ لە شانازییە و کوردەکان پێویستە بە سەربەرزییەوە یادی ئەو ڕۆژە بکەنەوە. ٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی یەکەم ڕۆژ لە مێژووی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ە کە بەبێ ئەوەی پێشڕەو و هاندەرێکی حیزبی‌یان هەبێت، خۆیان لە شاری ئیلام هاتنە سەر شەقام و دژ بە حکومەتی پەهلەوی، دلێرانە دروشمیان دا.[1] کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارەی ئەو ڕۆژە بەشێکی بەرچاو لە ژنان و یایە قوتابییەکانی کورد شەقامەکانی بەرق، سەعدی و خەیام‌یان گرت و ڕێپێوانێکی بەربڵاویان لەبەر چاوی چەکدارانی ئێرانی بەڕێوەبرد. دروشمەکان دژ بە دەوڵەت بوون و زۆری نەگرت کە کاریگەری لەسەر هەستی جەماوەر دانا. ژنانی ئیلام لەو ڕۆژەدا پێشڕەوی پیاوان بوون و پیاوەکانیان بۆ ڕێپێوان بانگهێشتکرد. چەند کاتژمێر دواتر، ڕێپێوانکەران بەبێ هیچ تێکهەڵچوونێک لەگەڵ چەکدارانی ئێرانی، بڵاوەیانکرد. چەند ڕۆژ بەر لەو ڕۆژەش لە ئیلام، ڕێپێوان دژ بە دەستهەڵاتەکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی بەڕێوەچووبوو، بەڵام پێشڕەوبوونی ژنان لەو ڕۆژەدا ڕەنگ و وێنەیەکی جیاواز و جوانتری بە ئەو دەنگانە بەخشی کە خوازیاری لەسەرکارلاچوونی پەهلەوی بوون.[2]

لە هەمان حەوتوودا خوێندکارانی زانکۆی ورمێ ڕێپێوانیان کرد کە بەشێکیان لە لایەن حکومەتەوە دەستبەسەرکران. سەرۆکی زانکۆ لەوکاتدا دوکتوور موحەممەد سادق مۆبین بوو. ئەو کە پێشتر سەردانی خوێندەکارە زیندانیکراوەکانی کردبوو، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی نالەباری زانکۆ و گەڕاندنەوەی هێمنایەتیی، ڕایگەیاند کە هەموو خوێندەکارەکان دەتوانن سەرلەنوێ لە ئیمتحان‌دا بەشداریی بکەنەوە. ڕاپۆرتێک کە لەمبارەوە لە ورمێ ڕا بۆ تاران ناردرابوو باس لەوە دەکات کە کەسانێک نەیانتوانیبوو لە ئیمتحانەکانی زانکۆدا بەشداربن. سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەسەرکردنەوەی ئەوان، تەنانەت گوتبووی کە ئەو کەسانەش دەتوانن سەرلەنوێ لە ئیمتحان‌دا بەشداربن کە نومرەی قبووڵیان وەرنەگرتبوو. ئەو هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ئەو چەکدارانەی پێشتر لە زانکۆ چاوەدێری ئاسایشی زانکۆ بوون لابردرابوون و بە پێویستی نەزانیبوو کە چی تر گاردی حکومەتیی لە زانکۆدا مابانەوە. مۆبین کە سەردانی خوێندەکارە زیندانیکراوەکانی کردبوو و لەگەڵ خوێندەکارەکانی زانکۆش قسەیکردبوو، نۆزدە پێشنیاری لە لایەن خوێندەکارەکانەوە پێ کرابوو و ئەویش زۆربەیانی قبووڵ بوو بۆئەوەی ئەتمۆسفێرێکی سالم بەسەر زانکۆدا زاڵبێت.[3]

لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چەکدارانی پەهلەوی لە خۆڕەم‌ئاوا زەختیان لە جەماوەر کردبوو و توندوتیژی‌یان بەکاربردبوو، هەربۆیە مامۆستایانی ئەو شارەش لەگەڵ بەشێک لە خوێندەکاران مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مانگرتنەکە لە خانووی مامۆستایان دەستپێکرا. مانگرتوان ڕایانگەیاند کە گەر چەکدارانی حکومەت واز لە جەماوەر نەهێنن و توندوتیژیی وەلانەنێن، چیتر ناتوانن لەسەر کلاسەکانیان ئامادەبن. بە دوای ئەو مانگرتنەدا هەموو خوێندەکارانی شار پشتیوانیی خۆیان دەربڕی. قوتابییەکانیش ناڕازیبوونی خۆیان لە باشنەبوونی کلاس و مەدرەسەکانیان بە داواکارییەکانی مانگرتوان زیادکرد. کچانی خوێندەکاریش لە مەدرەسەی شاهدۆخت و چەند مەدرەسەی دیکە ڕژانە سەر شەقام و لە پشتیوانیی مانگرتوان دروشمی دژە دەوڵەتی‌یان دا. چەند خوێندکارێک لەم ناوەدا بریندار بوون و بە دوای ئەو تێکهەڵچوونەدا مامۆستایان پێیان لەسەر داواکارییەکانی خۆیان داگرتەوە کە چەکدارانی پەهلەوی وازیان لە توندوتیژیی هێنابا. نوێنەری گشتیی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە بە ناوی عەتار لەگەڵ مامۆستاکان قسەیکرد و هەوڵیدا دڵی ناڕازیان بەدەستهێنێت. عەتار ڕایگەیاند کە گەر مانگرتن کۆتایی پێ نەیەت، خۆی و سەرۆکەکەی وازیان لە پۆستەکانیان دەهێنا. مانگرتوانیش لە وەڵامدا گوتیان کە هەتا داواکانیان بەجێ نەگەیەنن، واز لە مانگرتنی خۆیان ناهێنن.

دۆخەکە بە تەواویی لەو ناوچەیەدا لە حکومەت شێوابوو. لە دووروودیش بە هەمان شێوە دژ بە حکومەت مانگرتن و ناڕەزایەتیی، زەختی لەسەر حکومەت دانابوو و کوشتنی موحەممەد پایی و برینداربوونی پێنج کەسی لێ کەوتەوە. حکومەت لە هەموو لایەکەوە کەوتبوو ژێر زەخت و لە سترێسێکی بەربڵاودا دەستوپێسپیلکانە پەنای بۆ چەک دەبرد. دادئەستێنی دووروود بە ناوی نەمازی لێکۆڵینەوەی لە نێو شاردا کرد و لە دواییدا ئەو کەسانەی ئازادکرد کە دەستبەسەرکرابوون.[4]

پێشتر باس لە تێکهەڵچوون لە کرماشان کرا. لە درێژەی کارەساتەکانی ئەو شارەدا، سەرلەنوێ پێداگریی لەسەر داواکارییەکان کرا. پاش شەش ڕۆژ مانگرتن، داواکاریی مامۆستایانی کرماشان بەجێ گەیەندرا و هەربۆیە مامۆستاکان دەستیان لە مانگرتن کشاندەوە. مامۆستاکان بە دوای ئەم دەستکەوتە یەکەم کۆبوونەوە و دانیشتنی خۆیان ئەنجامدا و لەسەر دەستووری ناوخۆیی خۆیان و گۆڕانکارییەکانی قسە و باسیان کرد و لە کۆتاییدا پێشنووسی دەستوورەکەیان لە ٣٢ مادە و هەشت بەنداندا بە هەندێک وردەکارییەوە بڵاوکردەوە.

موحەممەد رەزا پەهلەوی سەرلەنوێ پەنای بۆ دانی پارەی زۆرتر بە کارمەندانی دەوڵەتیی بردەوە و ڕایانگەیاند:

«داهاتی هەموو کارمەندەکانی دەوڵەت زیاد دەکرێت.»

لە ڕاگەیاندنی فەرمی لێژنەی وەزیران دان بەوە نرابوو کە پێشتر سیاسەتی جیاوازیدانان لە بەرنامەی کاریاندا بوونی هەبوو، چون لە یەکەم خاڵ‌دا نووسرابوو:

«لەناوبردنی جیاوازیدانان و دامەزراندنی لایەنگرانە.»[5]

پەهلەوی گەرەکی بوو لە ڕێگەی سەرنجدانی زۆرتر بە دۆخی ژیانی کارمەندەکانی وڵات، ئەو چینە کە ڕێژەیەکی زۆریان هەبوو بۆ لای خۆ ڕابکێشێت و لە دەنگی ناڕازییەکان کەم بکاتەوە، بێ‌خەبەر لەوە کە حیزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان ڕیشەیان دە نێو ئەو چینەدا بە جوانیی داکوتابوو.

ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو زەمەنە دیاریکراوەدا باس لە خەباتێکی شارستانیی بەربڵاو لە نێو کوردەکان دەکات، خەباتێک کە یەکگرتوویی ئەوانی پێوە دیارە.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ١٥

‌‌

serder

عێڕاق

٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی بۆ ئێرانییەکان ڕێکەوتێکی تایبەتە، چون ڕێبەری دوایی ئێرانییەکان لە پاش ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی لەو ڕۆژە لە عێڕاق دەرپەڕی. شا کە زۆری شانازی بە ساواک دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان هەبوو سەرمایەگوزارییەکی زۆر بەرچاویان لەسەر بەشی پاراستن کردبوو، لە لایەن میدیاکانی فەڕەنسەوی‌یەوە ئاگادارکران کە خۆمەینی عێڕاقی جێهێشتبوو و پاش ئەوەی خۆی بە سنوورەکانی کۆوەیت گەیاندبوو، گەڕاندبوویانەوە و دە عێڕاق‌ێیان کردبۆوە. جەیلانی کە باڵوێزی ئێران لە بەغدا بوو، لەمبارەوە هیچ خەبەر و ئاگادارییەکی نەبوو کە خۆمەینی لەسەر سنووری کۆوەیت مابۆوە. پاش ئەوە کە کۆوەیت ڕێگەی بە خۆمەینی نەدا پێ لە خاکی وڵاتەکەی بنێت، خۆمەینی ناچار بەرەو بەسرە گەڕاوە نێو عێڕاق بۆئەوەی لە یەکەم دەرفەتدا بەرەو سووریا سەفەر بکات. سووریا لەو ماوەیەدا ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە خۆمەینی ڕابگرن.[1]

تاران

لەو ڕۆژەدا چەند کەس لە نوێنەرانی پارلەمانی ئێران لەسەر هاڵۆزییەکانی کرماشان و کوژران و بریندارەکان هەڵوێستیانگرت. لە نامەی ئەندام پارلەمانەکاندا ئاماژە بە بەڕێوەبەریی لاواز و نابەرپرسانەی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کرماشان کرابوو و هۆکاری سەرەکی مانگرتن و هاڵۆزییەکانی ئەو شارەیان بۆ بەرپرسان گەڕاندبۆوە. واژۆکەرانی نامە لە پارلەمان داوایانکردبوو کە ژمارەی دروستی کوژراوان و ئاماری برینداران بڵاوبکرێتەوە و هەموو ئەو بەرپرس و چەکدارانەی کە تاوانبارن دەستبەسەر و دادگایی بکرێن. ئەو نوێنەرانە بە پێی مادەی ١٥١ی ئاییننامەی نێوخۆیی پارلەمانی شۆڕای نەتەوەیی ویستبوویان کە داواکارییەکانی ئەوان بە شەریف‌ئیمامی سەرۆکوەزیر بگات.[2]

سەرپێڵی زەهاو

دوو هەزار وەرزێری کورد کە سەر بە ٥٤ گوندی دەوروبەری سەرپێڵی زەهاو بوون، لە دژایەتیی حکومەت و بەرپرسانی حکومەت شەش کیلۆمەتر ڕێپێوانی هاوبەشیان ئەنجامدا. کۆمپانیای حکومەتی زەوییەکانی ئەو جوتیارانەی لە دەستیان هێنابوو دەر و ئەوانیش خوازیاری وەدەستخستنەوەی زەوییەکانیان بوون. هەمووی ئەو جوتیارانە ڕۆژی پێشتر وەڕێکەوتبوون و لە ڕێکەوتی ٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە سەرپێڵی زەهاو لەبەردەم بینای «شیرکەتی سەهامی رەزا پەهلەوی» کۆبوونەوە و بە دەنگی بەرزەوە دروشمیان دەدا کە ئەوان هیچ پێویستییەکیان بەو شیرکەتە نەبوو و زەوییەکانی خۆیان داواکردەوە.

«عەلیشاه کێشتمەند» بە نوێنەرایەتیی هەموو جوتیارانی کورد لەگەڵ ڕۆژنامەوانی تاران قسەیکرد و گوتی:

«ئێمە تا ئێستا چەندین جار سکاڵامان لای بەرپرسانی ناوچە تۆمارکردووە، بەڵام هیچ دەستکەوتێکمان نەبووە.»

لە کاتێکدا کە خەڵک بە یەکەوە هاورایان دەکرد «ئێمە زەوییەکانی خۆمان دەهەوێتەوە»، کێشتمەند بەم جۆرە باسی زەوییەکانی خۆی کرد:

«من بە تەنیا لە گوندی قەڵا شاهین‌ی سەر بە سەرپێڵی زەهاو، پێنسەت هێکتار زەوی ئاو و دێمم هەبووە کە بەبێ ئامار ماوەتەوە و چوار ساڵە تاقە دینارێکیان نەداومەتێ.»

کوردێکی دیکە کە نوێنەرایەتیی جوتیارانی دەکرد، گوتی:

«زەوییەکانی خۆم دەهەوێتەوە. سەنەدی مڵکەکان بە نێوی خۆمە. ماڵی هیچ کەسم داگیر نەکردووە. ساڵانە لە سێ ملیۆن و نیو تمەن داهاتی زەوییەکانم، هەشتسەت هەزاری بە سەهامدارەکان دراوە و لێرە هیچ ڕوون نییە باقی پارەکە چی بەسەرهاتووە! گەر بە شێوەیەکی قانوونی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکرێت، ڕایزن، بەڵام کامە قانوون؟ چون کۆی کارەکانیان غەیری قانوونییە و ئێمە خوازیارین ئەو شیرکەتە سەهامییانە لەناوبەرن و زەوییەکانمان بدەنەوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە زەوییەکانمان زەوتکرێن، چون بەڵگەی خاوەندارییەتی زەوییەکانمان هەیە و لە قانوونیش‌دا نەگوتراوە کە دەتوانرێ مڵکی خەڵک زەوتکرێت.»

ئەم خەڵکە تا درەنگانی شەو لەبەردەم شیرکەتی سەهامی رەزا پەهلەوی کۆببوونەوە و لەسەر ماف و داخوازییەکانیان سووربوون.[3]

کرماشان

ڕاپۆرتی ئاسۆشیتێدپرێس لەمەڕ هاڵۆزییەکانی کرماشان باسی لە کوشتنی دوازدە کەس دەکرد. سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەوەی بۆ ڕاگەیاندنی ئەمەریکی پشتڕاست کردبۆوە کە دەیان کەس لە تێکهەڵچوونەکانی کرماشان بریندار ببوون و دوازدە کەسیش کوژرابوون. ئەو سەرچاوەیەش وەک ڕاپۆرتەکانی پێشوو ئەوەی پشتڕاست کردبۆوە کە بینا لە کرماشان ئاگری تێبەردرابوو و دروشمی دژی حکومەت لە لایەن خەڵکەوە درابوو. ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویکردەوە کە سەرەتا وەڵامی ڕێپێوانی جەماوەر لە لایەن پۆلیس‌ەوە بە گازی فرمێسکهێنەر وەڵامدرا و لە دوایی‌دا پۆلیس لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش پەنایان بۆ چەک برد و تەقەیان لە خەڵکی سیڤیلی کورد کرد.

کۆمەڵێک خەڵك لە کرماشان‌ەوە بەرەو تاران سەفەریان کردبوو و ڕووداوەکانیان گواستبۆوە. ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویکردەوە کە کرماشان و ناوەندی نەوتی کرماشان بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی حکومە
تیدا بوو. لە ڕوانگەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمەریکییەوە کرماشان لە ئەو حەوتوویەدا هاڵۆزترین شاری ئێران بوو.

ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی سیڤیلی کرماشان لە لایەن کەسایەتییەکی ئایینیش بڵاوکرا کە لەسەر بێتاوانی خەڵکی کرماشان پێداگریی دەکرد و داوایکردبوو چەکدارانی تاوانباری حکومەت سزادرێن.[4]

بۆکان

چل هەزار کورد لە بۆکان کۆبوونەوە. کوردەکان لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەهاباد، بناو و میاندواو ڕا چووبوونە بۆکان بۆئەوەی دوو قوربانی کوردی ئەو شارە بنێژن کە لە ڕێپێوان‌دا بە دەستی چەکدارانی حکومەت کوژرابوون. ڕۆژی
شەممۆ، ڕێکەوتی ٣٠ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی دەستەیەک لە قوتابییەکانی بۆکان لە شەقامەکانی ئەو شارەدا ڕێپێوانێکی هێمنانەیان بەڕێوەبرد.

بەرپرسی شارەوانی بۆکان فەرمانی بە چەکدارانی حکومەت دابوو کە بڵاوە بە قوتابییەکان بکەن و ئەوانیش بۆ بەئەنجامگەیاندنی فەرمانی بەرپرسەکەیان پەنایان بۆ چەک و تەقەکردن بردبوو. گەنجێک بە ناوی «موحەممەد بەهرام‌پوور» کە خەڵکی میرئاوای بۆکان و پێشڕەوی قوتابییەکان لە ڕێپێوان‌دا بوو بە دەستی چەکدارانی حکومەتی پەهلەوی کوژرا. حەوت کەسیش لەو هێرشەدا بۆسەر قوتابیانی بێ‌چەکوچۆڵ برینداربوون کە بۆ نەخۆشخانەکانی تەورێز، سەقز و بۆکان گواسترابوونەوە کە یەک لەو حەوت بریندارە بە ناوی «کەماڵ حەمیدی» لەبەر قووڵبوونی برینەکانی مرد. کەماڵ گەنجێکی ١٧ ساڵانەی دەبیرستان بوو.

بە دوای ئەو ڕووداوە، بەرپرسی شارەوانی بۆکان

بۆ لێپرسینەوە بۆ ورمێ بانگکرا. بەر لەوە کە ئەو
کارەساتە ڕووبدات، خەڵکی بۆکان چەندین جاران داوای گۆڕینی ئەو بەرپرسەیان کردبوو. هەرچەند کە بە پێی سەرچاوەی حکومەتیی بڕیاری گواستنەوەی ئەو بەرپرسە درابوو، بەڵام ئەو بڕیارەیان ڕێک ڕۆژێک بەر لە ئەو کوشتارە دابوو و پێڕانەگەییشتبوون کە ئەو لەسەر پۆستەکەی لابەرن. بوونی ئەو لەو ڕۆژەدا بوو بە هۆکاری کوشتنی دوو گەنجی بێ‌چەک‌وچۆڵ. لێرە گرنگە کە خوێنەر سەرنج بخاتە سەر پڕۆگڕامی بەناو ڕێفۆڕمی موحەممەدرەزا شا کە چەندە سیاسەتێکی جیاوازی بەرانبەر کوردەکان بەڕێوەبردبوو کە نەخۆشخانەی بۆکان بواری پێڕاگەییشتنی بە حەوت بریندار نەببوو و ناچار نەخۆشیان بە برینی قووڵەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان گواستبۆوە. ئەم جۆرە زانیارییانە کە سەرچاوەی غەیری‌کوردی هەیە دەتوانن وەک داتای جێمتمانە کەڵکی لێ وەربگیردرێت بۆئەوەی بە سیاسەتی دیسکریمینەیشن و جیاوازیدانان بەرانبەر کوردەکان لە لایەن ناوەندوە بزانین.[5]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌
بەشی ١٦

03

ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی خەبەرێک بڵاوبوو کە دەبێ بۆ ئێرانییەکان و بە تایبەتیی بۆ شیعەکان پرسیاری جددی لەسەر بێت. دوو رۆژ پێشتر بڵاوببۆوە کە خۆمەینی لە سنووری کۆوەیت ڕا گەڕێندرابۆوە نێو خاکی عێڕاق. دوو ڕۆژ پێشتر لە لایەن ڕۆژنامەوانانی فەڕەنسەوی و ئێرانی ڕاگەیەندرا کە کۆوەیت ڕێگەی بە خۆمەینی نەدا پێ دە خاکی وڵاتەکەی بنێت و هەربۆیە بە ناچاریی بەرەو قووڵایی خاکی عێڕاق گەڕاوە و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بچێتە سووریا، چون تاقە وڵاتێک بوو کە ڕێگەی بە خۆمەینی دەدا لایان بمێنێتەوە، کەچی لە ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی بە جەماوەر ڕاگەیەندرا کە خۆمەینی لە پاریس بوو.[1]

ئەو ئێرانییانەی کە پشتیوانی خۆمەینی‌ن لەگەڵ شیعەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت خۆیان لەم باسە جددییانە نەداوە کە چلۆن سەفەرکردن بۆ پاریس، ویزای فەڕەنسە و مانەوەی خۆمەینی و سەقامگیرکردنی ئەو لە شوێنێک جێبەجێ کرا کە دەیتوانی چەند سەد میوانی بە یەکەوە تێدا جێگا بێتەوە؟ ئەو میوانانە چۆن ئۆرگانایز کرابوون و چۆن بوو کە لە ناکاو خۆمەینی سەری لە پاریس دەرهێنا و دەرجا ئەو هەمووە خەڵکە بە بوونی ئەو لە پاریس‌یان زانی و چوونە لای؟

موحەممەد رەزا پەهلەوی کە لە هەموو لایەکەوە لەژێر زەخت‌دا بوو، پەلەقاژەی خۆی بۆ مانەوە لەسەر دەستهەڵات دەکرد. یەک لە هەوڵەکانی ئەو بۆ مانەوەی، بانگەشەی پاکسازیی بوو و ڕێگەی دا کە لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی ئەڕتەشبۆد نەسیری بکرێت. نەسیری کە پێشتر سەرۆکی ساواک بوو و لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی وەک باڵوێزی ئێران لە پاکستان کاریدەکرد، لە پاکستان لەسەر کارەکەی لابردرا و بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی بۆ تاران بانگکرا.[2] یەک لە هەوڵەکانی دیکەی پەهلەوی بۆ مانەوەی، دانی باجێکی بەرچاو بە مەلاکان بوو. ئامانج ئەوە بوو کە سەرنجی بەشێک لە کەسانی ئایینیی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و هەر بەم مەبەستەش بۆ یەکەمجار بڵاوبۆوە کە ئەو کەسانەی زانیاری ئایینییان هەیە، دەتوانن بەبێ ئەوەی بچنە زانکۆ، لە ماڵە خۆیان دوکتووڕا وەربگرن. پڕۆپاگەندەکە بەم شێوەیە بوو:

«ئێوە بە ئیمتحانێکی سادە کە سەبارەت بە زانیاری ئایینیی ئێوە بە زمانی فارسی دە ماڵە خۆتان‌دا لێتان وەردەگیرێت، دەتوانن بە ساکاریی دوکتووڕای ئایین وەربگرن و شانازیی هەبوونی دوکتووڕاتان هەبێت.»[3]

هەوڵێکی دیکەی پەهلەوی ئەوە بوو کە لە ڕێگەی کاربەدەستەکانی خۆی ڕایەگەیاند کە ئەوانەی دژی حکومەتن، دەیانتوانی لە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن کەڵکیانوەرگرتبا.[4] پەهلەوێ لەو ماوەیەدا بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئایینیی و دژە جوولەکەی شیعەی ئێرانی لە خۆی نزیککاتەوە، بە بەردەوامیی لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا خەبەری جۆراوجۆری لە پستیوانی عەڕەبەکان و لە دژایەتیی ئیسرائیل بڵاودەکردەوە.[5]

لە درێژەی سیسەتی باجدان بە کارمەندانی دەوڵەتیش، جگە لەوەی کە پێشتر چەندین جاران ئاسانکاری تایبەتییان بۆ ئەنجامدرابوو و داهاتی مانگانەیان زۆرکرابوو، پەهلەوی سەرلەنوێ ڕایگەیاند کە ٢٥٪ی داهاتی مانگانەی کارمەندەکانی ئێران زیاد دەکرا.[6]

لە پێوەندی بە ئەو جەنایەتانەی کە چەکدارانی پەهلەوی لە کوردستان‌دا ئەنجامیاندابوو، «جێبهێی مێللی» هەڵوێستی خۆی وەک یەکەم هێزی ناکوردی و ئێرانیی دەربڕی و هەڵوێستی خۆیان لەژێر سەردێڕی «کوشتار بەسە»، بڵاوکردەوە.[7]

لە کرماشان دوو مامۆستای ئایینیی لەبەر ئەوە کە جەماوەریان هاندابوو دەستبەسەرکران. کەسێکی بازاڕیش بە ناوی سەعید جەعفەری لەسەر هەمان هۆکار گیرا. هاڵۆزییەکان و ڕێپێوانی کوردستان دەنگدانەوەی چاکی هەبوو و هەربۆیە بۆ یەکەمجار سێ ڕۆژنامەوانی بێلژیکی سەردانی کوردستان‌یان کرد بۆئەوەی لە نزیکەوە بە داواکارییەکانی کوردەکان بزانن.[8] لە خۆڕەم‌ئاوا لەبەر ئەو بێڕێزییانەی کە چەکدارانی پەهلەوی ئەنجامیاندابوو، مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و هەربۆیە زۆربەی قوتابییەکان بەرەو ماڵەکانیان گەڕانەوە. بەیانی ڕۆژی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی تانک و زرێپۆشەکانی ئەڕتەش لە شوێنە هەستیارەکانی شار سەقامگیرکران. زۆربەی بازاڕییەکانی شاریش لە پاڵپشتیی مامۆستایان‌دا دووکانەکانی خۆیان داخست و بەم شێوەیە یەکگرتوویی گەلیان بە حکومەت ڕاگەیاند.[9] لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش مانگرتنێک ە لایەن دەفتەردارەکان و خزمەتکارانی قوتابخانەکان لە شاری ورمێ ڕاگەیەندرا.[10] لە ورمێ بە هەمان شێوە کارمەندەکانی «ڕێکخراوی تەعاوۆنێ رووستایی» کە پێشتر مانیانگرتبوو، هەڕەشەیان لە پەهلەوی کرد کە گەر لە ماوەی ٢٥ ڕۆژاندا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، سەرلەنوێ مانیاندەگرت.[11]

لە پێوەندی بە تەقەکردن لە خەڵکی سیڤیل لە شارەکانی کرماشان و خۆڕەم‌ئاوا، نوێنەرانی سونقور و کرماشان لە دانیشتنی فەرمیی پارڵەمان‌دا لەگەڵ نوێنەری دەوڵەت دوان و باسی کوژراوان و دۆخی نالەباری کوردەکان کرا. ئەو پرسیارانەی کە ئاراستەی دەوڵەت کران بریتی بوون لە:

١) هۆکاری ڕوودانی کارەسات لە کرماشان چ بوو و چ شتێک بوو بە هۆکاری تەقەکردن لە خەڵک؟

٢) پاش ئەو کارەساتە چ کارهایەک ئەنجامدراوە بۆئەوەی کارەساتی هاوشێوە دووپات نەبێتەوە؟

٣) چما دوو ڕۆژ دواتر سەرلەنوێ تەقە لە خەڵک کرا؟

٤) ئاماری دروستی کوژراوان و بریندارەکان لەگەڵ ناوەکانیان بۆ بڵاوناکرێتەوە؟

٥) چما بێڕێزی بە مامۆستایان کرا و لەبەرچی ڕێگەیان پێ نەدرا لە شوێنێک کەڵک وەربگرن کە بۆ ئەوان دابین کراوە؟ قەرەبووی خەسار چلۆن دەکرێت؟

٦) چ هەنگاوێک لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی کارەسات هەڵهێندراوەتەوە؟

٧) چ هەنگاوێک بۆ قەرەبووی خەسارەکان و بەڕێوەبەریی قانوون لەمەڕ خوێنی بێ‌تاوانان هەڵهێندراوەتەوە؟

نوێنەری دروود بە هەمان شێوە لەم پێوەندییەوە پرسیارەکانی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پارڵەمان کرد و بە ئاماژەکردن بە ئەسڵی ٢١ی دەستووری بنەڕەتی و مافی ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی، پرسیاریکرد کە چما خەڵکی کوردیان وەبەر گوللە دابوو؟! نوێنەری خۆڕەم‌ئاواش نامەیەکی بۆ سەرۆکی پارڵەمان نووسیبوو و فەرمانی بە شەریف‌ئیمامی دابوو کە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کارەسات بکات. نوێنەری خۆڕەم‌ئاوا داوای لە سەرۆکی پارڵەمان کردبوو کە بە سەرۆکوەزیری ئێران ڕابگەیەنێت کە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی کارەسات و سزادانیان هەنگاوی جددی هەڵهێنێتەوە.

لەو زەمەندا سالار جاف نوێنەری شاری پاوە بوو. سالار جاف بە هەمان شێوە سەبارەت بە کارەساتی کرماشان داوای لە نوێنەری دەوڵەت کردبوو کە لە پارڵەمان ئامادەبێت و وەڵام بداتەوە کە هۆکاری کارەساتی کرماشان چ بوو و ئاماری دروستی قوربانییەکانی کرماشان چی بوو؟ سالار جاف هەروەها پرسیاریکردبوو کە بەرنامەی دەوڵەت بۆ دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی کارەسات چیبوو؟[12]

لە کرماشان، تەرمی شەهیدانی کورد بە شێوەیەکی ئارام لەژێر چاودێری چەکدارانی پەهلەوی لە قەبرستانی باخی فیردەوس نێژران. ناوی ئەو کەسانەی کە تەرمەکانیان نێژران بریتیبوون لە:

١) سادق سابوونی

٢) مۆجتەبا جەعفەری

٣) سیرووس ئێسفەندیاری

٤) عەلی موحەممەد ئەڵماسی

٥) مستەفا ئیمامی

٦) عەلی ئەکبەر ڕەحیمی

٧) موحەممەد جەعفەر ساڵح‌ئابادی

لە هێرشی چەکدارانی ئێرانی بۆسەر کوردەکان لە کرماشان، نزیکەی پەنجا کەس بریندار کرابوون کە لە نەخۆشخانەکانی رەزا پەهلەوی، چوارەمی ئابان و نەخۆشخانەی دووسەدتەختی ڕادەگیران. لە کرماشان قوتابخانە و فێرگەکان لە مانگرتن‌دا بوون و وەک ڕایانگەیاندبوو، گەرەکیانبوو هەتا حەوتووی داهاتوو درێژە بە مانگرتنەکانیان بدەن. لە شاری پاوە پاڵپشتیی کوردەکان لە کرماشان ڕاگەیەندرا و ڕێپێوانێکی بەربڵاو لە لایەن جەماوەری ئەو شارەوە ئەنجامدرا. جەماوەری پاوە خوازیاری دەستبەسەرکردن و سزادانی تاوانبارانی کارەساتی خوێناویی کرماشا بوون. لە خۆڕەم‌ئاواش ڕێپێوانێک ئەنجامدرا کە نزیکەی دە کاتژمێران درێژەیکێشا. لەوێ چەکداران هێرشیانکردە سەر جەماوەر و جەماوەریش دەستیکردەوە. لە خۆڕەم‌ئاوا نزیکەی بیست چەکداری پەهلەوی برینداربوون. شار بە تەواویی لەو هاڵۆزییەدا لە کۆنترۆڵی چەکدارانی پەهلەوی دەرچووبوو. بە سەدان تەگەری ئۆتۆمبیل لە شەقامەکان ئاگری تێبەردرابوو. شووشەی ئیدارەکان و بانکەکانی حکومەت شکێندرابوون و جەماوەی ئەو شارەش بیست و پێنج برینداری هەبوو کە سێ کەسیان ژن بوون. جگە لەم بیست و پێنج کەسە نەفەرێکی دیکەش بریندارببوو کە لەبەر نەبوونی بواری تایبەت و قووڵبوونی برینەکانی بۆ تاران گواستراوە.

Bêhrûz Zemanî

ڕۆژی دوایە بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە دووکەس لەو شارە کوژرابوون. یەکیان کەسێکی سی ساڵانە بوو کە ناوەکەیان بۆ ڕوون نەببۆوە و ئەوی دیکەیان گەنجێک بە ناوی بێهرووز زەمانی بوو کە وێنەکەی لێرە دەبینن. پاش کوژرانی ئەو دوو کەسە و برینداربوونی دەیانکەس لەو شارە، سەرلەنوێ ڕێپێوان لە ڕۆژی دوایەدا بەڕێوەچوو.

لە نەهاوەندیش ڕێپێوانێک بە مەبەستی پاڵپشتیی لە کرماشان و ئیدانەکردنی چەکدارانی تاوانباری ئێرانیی ئەنجامدرا. چەکدارانی پەهلەوێ لەوێش مێتۆدی ڕادیکاڵانەیان بۆ بڵاوکردن بە خەڵک هەڵبژارد و هەربۆیە لە کاتی ڕاکردنی جەماوەری سیڤیل‌دا زۆرکەس وەژێر پێ کەوتن و ئازاریان بینی. لە نەهاوەندیش شووشەی ساخیان بە شوێنە حکومەتییەکان نەهێشت.

لە ورمێ‌ش ڕێپێوانێک دەستیپێکرد کە زوو لە لایەن چەکدارانی ئێرانییەوە کۆنترۆڵکرا و بڵاوەیان بە جەماوەر کرد. لە کۆتاییشدا دوو کەسیان لەو شارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکرد.

مامۆستایانی سونقور بە هەمان شێوە درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا و لە پشتیوانیی لە بنەماڵەی شەهیدانی کورد لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە. سێ قوتابی لەو ڕۆژەدا لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە دەستبەسەرکران، چون کاخەزیان لەمەڕ جەنایەتەکانی پەهلەوی بڵاودەکردەوە. بە دوای ئەوەدا مامۆستایانی تا کاتژمێر سێ و نیوی ئێوارێ لەوێ مانەوە و داوایانکرد قوتابییەکان ئازادکرێن. چەکدارانی ئێرانی قوتابییەکی دیکەشیان تەنیا لەبەر ئەوە دەستبەسەرکرد چون نان و خورمای لە نێو مانگرتوان بڵاودەکردەوە.

لە شاری بانەش کە مانگرتنی مامۆستایانی بە حەوتووی دووهەم گەییشتبوو، شوڕای مامۆستایان لەو شارەدا پاش سێ جەلەسە دانیشتن توانیان بەیاننامەیەکی دە مادەیی ئامادەکەن کە لە پێوەندی بە داواکاریی مامۆستایان گەڵاڵە کرابوو و ئاراستەی سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی بانە و چەند بەرپرسێکی ئەو شارە کرا.[13]

خەباتی جەماوەریی لە هەموو بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو و چینە جۆراوجۆرەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان‌دا شان بە شانی یەکتر لە دژی پەهلەوی لە بەرخۆدان‌دا بوون.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


serder

یەک لە خاڵە بەهێزەکانی ئێرانییەکان، بوونی هاودەنگیی لە نێوانیاندا لە بەرانبەر ئەو هێزانەیە کە پۆتەنسیەلی جیابوونەوەیان لە ئێران هەیە. ئەمە وەک مشوورێکی تایبەت پێوەندی بەوە نەداوە کە ئەو هێزانە لە بەرەی پۆزیسیۆن‌دا بن یان ئۆپۆزیسیۆن. ئەوان لە مێژووی هاوچەرخیاندا سەلماندوویانە کە لە هەر زەمەن و بەرەیەکدا ڕۆڵی سەرەکی خۆیان دەپارێزن کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی سەردەست و زمانەکەیانە. ئەو هێزانە لە کاتێکدا کە جووڵەیەک لە کوردستان‌دا بە جددی بگرن، سەرەتا هەوڵدەدەن بزوتنەوەی کوردستان بە ئێران و لایەنی خۆیان بلکێنن و وەک هێزێکی هاوبیر و ئێرانی بەسەریدەکەنەوە و لە ئەگەری بوونی هەڵوێستی جددی لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کوردستان، لە بەرانبەریدا جەبهە دەگرن و وەک مەترسییەک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەڕواننە کوردستان. لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دژی حکومەتی پەهلەوی هەڵوێستی ڕاشکاوانەی دەربڕیبوو و لەم پێناوەدا قوربانی دەدا، هەر لایەنە بە بیانوو و ناوێکی تایبەتەوە هەوڵی دەدا کوردستان وەک لایەنێکی نزیک لە خۆی و لە هەمان کاتدا وەک لایەنێکی ئێرانیی بەسەرکاتەوە. نموونە بۆ سەلماندنی ئەم دەربڕینە یەکجار زۆرە و لە بابەتەکانی دادێ‌دا بە بەردەوامیی نموونە بۆ دروستبوونی ئەم خوێندنەوەیە لە ڕووی سەرچاوەگەلی ناکوردیی بڵاودەکرێتەوە. لێرە نموونەیەک وەک دەستپێکی ئەمجۆرە هەڵوێستە لە لایەن هێزە ناکوردییەکان دەخرێتە بەرچاو.

لە کاتێکدا کە شەقامی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌ دژ بە موحەممەد رەزا پەهلەوی هاڵؤزبوو و لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی دژبەرانەی کوردەکان بەرزببۆوە، شەریعەتمەداری نامەیەکی بۆ عێزەدین حوسێنی نارد. حوسێنی لەو کاتدا ئیمامی جومعەی مەهاباد بوو. شەریعەتمەداری‌ش کە لە مەلا جێمتمانەکانی شیعەکانی ئێران دەژمێردرا، پێگەیەکی تایبەتی لە قوم هەبوو. شەریعەتمەداری ئەو کەسە بوو کە پێشی بە ئێعدامی خومەینی گرت و پێشنیاریکرد کە خومەینی بکرێتە «مەرجەعی تەقلیدی»ی شیعەکان بۆئەوەی مەحاکەمە و ئێعدام نەکرێت.[1]

وەک لە داهاتوودا بە وردیی باس و بەڵگەی پێویست دەخرێتە بەرچاو، هیچ گومانێک بۆ کەسێکی شارەزا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا لەمەر بۆچوونەکانی شێخ عێزەدین حوسێنی نییە. هەموو شارەزایان ئاگادارن کە حوسێنی سەرەڕای ئەوە کە کەسایەتیەکی ئایینی و ئیمام جومعەی مەهاباد بوو، بەڵام لە سیاسەتدا لەسەر دوو خاڵ پێداگربوو و ئەو دوو خاڵەش بریتی بوون لە:

١) لەسەر ئەوە کە پرسی کورد پرسێکی حقووقیی بوو و دەبێ لە ڕێگەی دەستوورێکی دێمۆکڕاتیک چارەسەر کرابا.

٢) دین لە خەباتی سیاسیی حوسێنی‌دا پێگە و بایەخی نەبوو و خوازیاری کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی بە دەستهەڵاتداری ئیسلام نەبوو.[2]

بەم ڕوونکردنەوەیە، سەرنجڕاکێشبوونی دەقی پەیامەکەی شەریعەتمەداری دەردەکەوێت. شەریعەتمەداری لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گوایە شێخ عێزەدین حوسێنی پشتیوانی لە مەلاکانی قوم کردبوو و هەروەها خوازیاری بەڕێوەبردنی ڕێساکانی ئیسلامیی لە ئێران‌دا بوو.[3] ئەو خاڵانەی کە لەم پەیامەی شەریعەتمەداری‌دا جێگەی سەرنجن بریتین لە:

١) هەوڵی بەئێرانیبوونی جوڵەی کوردستان دراوە و نوێنەرێکی کوردەکانیشی وەک هاوبیری خۆی پۆلێنبەندیکردووە.

٢) سەرەڕای ئەوە کە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌دا قوربانی دابوو، ئەو تەنیا قوربانییەکانی مەهاباد و بۆکان‌ی بەسەرکردبۆوە.

لێرەدا لە درێژەی خەباتی کوردەکان لەبۆ ڕووخانی پەهلەوی، کورتە ئاماژەیەک بە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

ڕۆژی حەوتەمی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی دوکان و بازاڕەکانی کرماشان سەرلەنوێ داخرابوون. ئەڕتەش تەواوی شاری گرتبوو. کەسایەتییە ئایینییەکانی کرماشان‌یش لە پاڵپشتیی جەماوەری شار داخستنی مزگەوتەکانی کرماشان‌یان ڕاگەیاند. کەسایەتییە ئایینییەکان داوایانکردبوو کە خەڵک بۆ پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانییانی ڕۆژانی پێشتر، سەردانی بنەماڵەی قوربانییەکان بکەن و خەم و پەژارەی خۆیان دەربڕیبا. لە کرماشان زۆربەی چین و توێژەکانی شار بە جۆرێک چالاک بوون و لە پەنای یەکتردا وێنەیەکی تەواو دژەپەهلەوی‌یان لەو شارە کەونەی کوردستان سازکردبوو.

کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا کۆمەڵێک ویست و داواکارییان هەبوو و بە مەبەستی دابینکردنی داواکارییەکانیان، گەڵاڵەیەکی بیست مادەییان ئامادەکردبوو. ئەوان دەیانتوانی کە کارەبای شار بوەستێنن، بەڵام بەهۆی ئەوە کە زەرەرەکەی زۆرتر لە خەڵکی شار دەکەوت، ئەو کارەیان نەکرد.

کانوونی مامۆستایانی کرماشان‌یش یەکەمین دانیشتنی خۆیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد و لەسەر پێشنووسی دەستووری نێوخۆیی خۆیان قسە و باسیان ئەنجامدا. مامۆستایانی کرماشان هەروەها ڕایانگەیاند کە لەبەر ئەوەی چەکدارانی حکومەتیی کۆنترۆڵی چالاکییەکانیان دەکەن، هەربۆیە تا حەوتوویەک دوایە ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار.[4]

لە قەسری شیرن مامۆستایان و کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی ئەو شارە لەگەڵ کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی سەرپێڵی زەهاو و خوسرەوی مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مەدرەسەکانیش لە قەسری شیرن بە تەواویی داخران.[5] لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە شاری ورمێ کارمەندەکانی بیمارستانی مۆعتادەکان و نەخۆشە دەروونییەکان لەگەڵ کارمەندەکانی کۆشکی گەنجەکانی ئەو شارە مانیانگرت.[6]

لە ئیلام‌یش ڕێپێوانێک لە مەدرەسەیەکەوە دەستپێکرا، بەڵام بەهۆی تەقەکردنی چەکدارانی ئێرانیی بەرانبەر خەڵکی سیڤیلی کورد، درێژە بە ڕێپێوانەکان نەدرا.[7] کارمەندەکانی بێهداری و بێهزیستی‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستی خۆیان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیان بە سەرۆکی پارێزگای خۆیان بە ناوی ئەفراسیابی گەیاند.

لە شاری کوردیش چەند کەس لە شارومەندانی ئەو شارە سکاڵای خۆیان لەسەر چەکدارانی حکومەت ڕاگەیاند کە لە جلی شەخسیی‌دا دەستدرێژیان کردبوو سەر قوتابییەکان کە ڕێپێوانیان کردبوو و لێیاندابوون. جگە لەوە کە ئۆرگانە حکومەتییەکان لەم کارە ناژیارانەی چەکدارانی ئێرانیی ئاگادارکرابوون، دوکان و بازاڕی ئەو شارەش بە گشتیی داخرابوو بۆئەوەی تووڕەیی خۆیان لە کردەوە ناشارستانییەکانی بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەربڕن.[8]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ١٨

لە درێژەی ئیدانەکردنی بەڕێوەبەریی موحەممەد رەزا پەهلەوی، زۆر چین و توێژی دیکە لە کوردستان وەخۆکەوتن کە پێشتر بێدەنگیان هەڵبژاردبوو. بۆ نموونە لە بانە ژووری ئەسناف بە گشتیی هەڵوەشاوە و ئەمەش لەبەر ویستی گشتیی خەڵک لە بانە بوو.

سێ ڕۆژ لەسەر یەک لە بانە ڕێپێوان بوو و جەماوەر لەسەر هۆکار و داواکاریی دیاریکراو یەکدەنگبوون. نوێنەرانی خەڵک بەیاننامەیەکیان لە ١٤ مادە دا گەڵاڵەکرد و بە دەستی بەرپرسانی حکومەتیی لەو شارەیاندا گەیاند. بە دوای ڕێپێوان و ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە، فەرماندار و شارەدار لەم شارە وازیان لە پۆستەکانیان هێنا.[1]

لە شاری کورد درێژە بە ڕێپێوانەکان درا. قوتابییەکان لەسەر کلاسەکانیان ئامادەنەبوون. دەبیرستانەکانی شار داخران و ڕێپێوان بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکان کاتژمێر نۆی بەیانی لەبەردەم دەبیرستانی فەلەکەی ئۆستانداری دەستیپێکرد. ڕێپێوان لە لایەن دەبیرستانی شاهپوورەوە دەستیپێکرد و دواتر لە لایەن دەبیرستانەکانی خەدەمات، ئەمیرکەبیر، سەنایەع ڕووستایی و موحەممەد رەزا پشتیوانیکرا. شووشەکانی سینەما وێنووس و سینەما زۆهرەیان شکاند و دواتر چوونە سەر بانک سێپەه. لەوێش شووشەکانی ئەو بانکە شکێندرا. جەماوەری نێو ڕێپێوان زۆرتر و زۆرتر دەبوو و کۆنترۆڵی بۆ خەدی بەڕێوەبەرانی ڕێپێوانیش چەتوون دەبوو، هەربۆیە چەند ئۆتۆمبیل ئاگری تێبەردرا. ڕێپێوانی خەڵک لەم شارە تەواوی شەقامەکانی مەحبووبیان، شەشۆمی بەهمەن، ئەمینزادە، پەهلەوی، مەولەوی و سەعدی داگرت و زۆربەی دوکانەکانی ئەو شارە داخرابوون.[2]

ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی تەواوی کارمەندەکانی نەخۆشخانەی دوکتوور موحەممەد کرماشانی مانگرتنی گشتیی خۆیان ڕاگەیاند و دەستیان لە کار کشاندەوە. هەموو کارمەندەکان لە حەوشەی نەخۆشخانەدا کۆببوونەوە و خەریکبوون لەسەر داواکارییەکانی خۆیان قسە و باسیان دەکرد. هەتا ڕۆژی دوایەش هیچ داواکارییەک لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەی حکومەت نەکرابوو. بازاری کرماشان‌یش لە پشتیوانی ئەو جووڵەیەدا داخرا.[3]

لە شاری خۆێ‌ەش ڕێپێوان لە لایەن قوتابییەکانی ئەو شارەوە دەستیپێکرد. سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی خۆی وازی لە کارەکەی هێنا. بەهۆی ئەوە کە مامۆستایان مانیانگرتبوو و لەسەر کلاسەکانیان ئامادە نەبوون، زۆربەی کلاسەکان لە قوتابخانەکانی ئەو شارەدا بێ‌مامۆستا بوون. هەموو مامۆستایان لە شوێنی کارەکەی خۆیان ئامادەبوون، بەڵام ئامادەنەبوون بچنە سەر کلاس و دەرس بڵێنەوە. دواتر نزیکەی کاتژمێر یەکی نێوەڕۆی حەوتی ئۆکتۆبر، کۆبوونەوەیەکی بەرین بە بەشداریی مامۆستایان لە هۆڵی مەدرەسەی ئیراندۆخت بەڕێوەچوو کە لە تەنیشت شارەبانی ئەو شارە بوو. سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە و فەرماندار لەوێ ئامادەبوون و گوێیان بۆ هۆکارەکانی مانگرتنی مامۆستایان شلکرد. هۆکارەکان لە یازدە خاڵاندا گەڵاڵەکرابوون کە گەندەڵیی یەک لەوان بوو. مامۆستایان داواکاربوون سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە وازی لە پۆستەکەی هێنابا و هەربۆیە مێسگەرپوور لەوێ وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. بە دوای ئەم ڕووداوە، مامۆستایان درێژەیان بە دروشمەکانیان دا و ڕایانگەیاند کە هەتا هەموو یازدە داواکارییەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، ئامادە نابن بچنەوە سەر کلاسەکانیان.[4]

لە ئەردەڵانیش دەنگی مامۆستاکان بەرز بۆوە. ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستاکانی شاری سنە ئامادە نەبوون دەسر بڵێنەوە. ئەوان نزیکەی کاتژمێرێک لە شوێنی کارەکەی خۆیان ڕاوەستان بۆئەوەی مانگرتنی خۆیان ڕابگەیەنن و دوایە شوێنی کارەکەی خۆیان جێهێشت. لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی مامۆستایانی سنە، نزیکەی سێ هەزار کەس لە قوتابیانی ئەو شارە پستیوانی خۆیان لە مانگرتنەکە ڕاگەیاند و لەگەڵ مامۆستایان کەوتن. ڕێپێوانێکی بەربڵاو لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستیپێکرد. دواتر هەموو مەدرەسەکانی ئەو شارە داخران.[5]

لە ورمێ کە ناوەندی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، تەواوی کرێکاران و کارمەندەکانی شیرکەتی دۆخانیات و کارخانەی مانی پلاسیۆن مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کرێکارانی ئیدارەی دۆخانیاتی ئەو شارە لە یازدە مادە دا داواکارییەکانی خۆیان گەڵاڵەکرد و داواکارییەکانی کارمەندەکانیش لە ١٥ خاڵدا گەڵاڵەکرابوو.[6] هەر بە دوای ئەم مانگرتنەش کڕین و فرۆشی تووتن و بڵاوکردنەوەی سیگار لەو شارە بە تەواویی وەستا.[7] خوێندەکارەکانی زانکۆی زانستەکان لە شاری کرماشان مانگرتنی خۆیان لە ڕێکەوتی ٨ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی ڕاگەیاند. وەک لە وێنەدا دەبینن، خوێندەکارەکان لە حەوشەی زانکۆ کۆبوونەوە و ئامادەنەبوون بچنە سەر کلاسەکانیان. دوکتوور مۆستەفەوی لەم بارەوە لەبەردەم مانگرتوان ئاماژەی بە داواکارییەکانی خوێندەکاران کرد و گوتی کە بەشێک لە هۆکاری مانگرتنەکە لۆژیک نییە و لای وابوو دەنگی ناڕەزایەتییەکان هەتا حەوتوویەک دوایە کزدەبوو و قوتابییەکانیش دەگەڕانەوە سەر کلاسەکانیان. لە درێژەی مانگرتنە بەربڵاوەکانی کرماشان‌دا، مامۆستایان هێشتا ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار و کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان‌دا بوون. کارمەندەکانی نەخۆشخانەی دووسەت تەختی کۆمەڵەی شیر و خورشید کە سەر بە وەزارەتی بێهداری بوو، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و خوازیاری زۆرترکردنی داهات و بواری زۆرتر بوون. لە کرماشان بەیاننامەیەکی ١٢ مادەیی بڵاوبۆوە و مانگرتنەکان زۆرتر پەرەیسەند. تاکسیدارەکانی کرماشان، کارمەندەکانی ئیدارەی دارایی و ڕێکخراوی تەعاوۆن و کاروباری گوندەکان لە مانگرتندا بوون.[8] تەنانەت وەک لە وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، کەمئەندامەکانی کرماشان‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و خواستەکانی خۆیان لە دە خاڵ‌دا گەڵاڵەکردبوو. لە ژێرەوە چەند دانە لە داواکارییە گرنگەکانی کەمئەندامانی کرماشان نووسراوە کە ڕێفۆڕم و خزمەتەکانی موحەممەد رەزا بەسەرینەکردبوونەوە و خۆی باشترین بەڵگەن بۆ سەرکەوتوونەبوونی شۆڕشی شا:

. دامەزرانی کانوونی کەمئەندامانی کرماشان

. دامەزراندنی دوکتووری پسپۆڕ بۆ ئەوان

. دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ بەسەرکردنەوەی پێداویستییە گرنگەکان

. بیمە

. باشترکردنی داهاتی کارمەندەکان

. سازکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ کەمئەندامان

لە مەهابادیش، ڕێکخراوی تەعاوۆن و کاروباری گوندەکان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار. ئەوان ڕایانگەیاند کە هەتا بەجێگەیاندنی داواکارییەکانیان نەدەچوونەوە سەر کار. کارمەندەکانی ئیدارەی کارەباش لە مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوانیش خوازیار بوون بواری زۆرتریان بۆ دابین بکرێت و داهاتی مانگانەیان بۆ زیادکرێت.  قوتابییەکانی دەبیرستانەکانیش نەچوونەوە سەر کلاسەکانیان و هەربۆیە، زەندی کە سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە بوو، لە قسەکانیدا دانی بەو مانگرتنەدا هێنا و گوتی کە دەبیرستانەکانی کچان و کوڕان لە مەهاباد داخرابوون.[9]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

‌بەشی ١٩

01

هەر لێکۆڵەرێک کە لە مێژووی شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران وردبێتەوە، بەو بڕوایە دەگات کە لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینییەوە گومان لە سەرتاسەریبوونی شۆڕش لە دژی موحەممەد رەزا پەهلەوی نەماوە. نزیکەی پێنج مانگ بەر لەوە کە سیستەمی پاشایەتیی بۆ هەتاهەتایە لە ئێران لابردرێت، گڕ و تینێکی بێ‌وێنە لە هەموو شوێنەکانی ئێران لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە ئێرانی فرەنەتەوەدا دەبیندرا کە ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندن‌دا بوو کە تا ئێستا ئاوڕێکی جددی لێ نەدراوەتەوە و کۆی جوڵانەوەی بەرین و بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ڕووداودا کورتکراوە. لە ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبڕاوانەوە لە دژی پەهلەوی دەنگی بەرز بوو و شەقامەکانی کوردستان هاواری نەمانی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان دەکرد. ئەمە لە کاتێک‌دا بوو کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) وەک تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ئازاد لە نێو جەماوەری کوردستان‌دا بوونی نەبوو و سەرکردایەتی ئەو حیزبەش لە درەوەی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دەژیان.[1]

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان‌دا، خوێندەکارانی کرماشان مانگرتنی خۆیان لە پشتیوانیی مامۆستایانی ئەو شارە ڕاگەیاند. خوێندەکارانی کرماشان لە زانکۆی زانستەکان ڕایانگەیاند کە بۆ حەوتوویەک لە کلاسەکانیان‌دا بەشداریی ناکەن و هۆکاری مانگرتنەکەشیان تەنیا بە «پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایان» ناوبرد.[2] لە هەمان ڕۆژ‌دا لە ورمێ، کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کاروباری ئابووری و دارایی‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. هەموو کارمەندەکان لەو مانگرتنەدا بەشداربوون و ویستەکانی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە هەشت خاڵ‌دا گەڵاڵەکرد کە ئاراستەی پارلەمانی ئێران و دەفتەری سەرۆکوەزیر و وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی کرا.[3] لە مەهابادیش دوو پارێزەر سکاڵایان لەسەر ئەو تاوانبارانە تۆمارکرد کە سێ کەسیان لە ڕێپێوانەکانی مەهاباد و بۆکان کوشتبوو. ئەوان خوازیاری دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی پەهلەوی بوون کە گەنجانی مەهاباد و بۆکانیان کوشتبوو.[4]

لە بیجار بە هەمان شێوە ڕێپێوانێکی ئارام و بەربڵاو بەڕێوەچوو. ڕێپێوانی بیجار لە پاڵپشتیی کرماشان بەڕێوەچوو. موحەممەد عەلی ئەڵماسی‌ کە یەک لە کوژراوە کوردەکانی کرماشان بوو، وەک سەرۆکی بانکی میللی (نوێنەرایەتی بێستۆن) لە کرماشان کاری دەکرد. خەڵکی بیجار لەبەر پەژارەی لەدەستدانی ئەو و باقی شەهیدەکانی کرماشان ڕێپێوانیان لە دژی حکومەتی پەهلەوی ئەنجامدا. لەو ڕێپێوانە ئارامەدا کەسایەتی ئایینی ئەو شارەش بە ناوی مامۆستا ڕەحمانی بەشداریکرد. جەماوەری بیجار خوازیار دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی تاوانباران و بکوژانی شەهیدانی کرماشان بوون و بەبێ ئەوە کە تێکهەڵچوونێک لە نێوان ئەوان و چەکدارانی حکومەت ڕوودات، پەیامی خۆیان بە حکومەت گەیاند.[5]

لە شاری سنە ڕێپێوانێک لە لایەن قوتابی دەبیرستانەکانی ئەو شارە بەڕێوەچوو. ڕێپێوان لە نێو دەبیرستانی «هەشتومی ئیسفەند» دەستیپێکرد. قوتابییەکان لە حەوشەی ئەو دەبیرستانەوە دەستیان بە دروشمدان کرد و بەرەو ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە وەڕێکەوتن. لەوێ شووشەکانی ئەو ئیدارەیان وەک شووشەکانی دەبیرستان شکاند و ناڕەزایەتیی خۆیان بەو شێوەیە بە حکومەت نیشان دا. چەند گەنج لەو ڕۆژەدا لە سنە بریندار بوون و ئاگریان تێبەربوو.[6]

لە نەغەدە کارمەندەکانی ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان و شارۆچکەی شنۆ مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان گوتیان کە تا وەدیهاتنی داواکارییەکان ئامادە نەبوون واز لە مانگرتن بهێنن. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لە تاران بڵاوببۆوە، گەر ئەو مانگرتنە درێژەی کێشابا، گوندەکانی سەر بە نەغەدە و شنۆ کێشەی نەوت، گازۆئیل و کەل و پەڵ‌یان بۆ دەهاتە پێش و تووشی گرفتی جددی دەبوون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کارمەندەکانی ئیدارەی ئابووری و دارایی نەغەدە و شنۆ دوو ڕۆژ بوو مانگرتنی خۆیان دەستپێکردبوو و مانگرتنی ئەوانیش کاریگەریی بەرچاوی خۆی دانابوو.[7] هەر لەم ڕۆژەدا لە ورمێ تەواوی مامۆستایانی ئەو شارە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مامۆستایان لەو شارەدا لە کاتژمێر دەی بەیانی ڕا لە بەردەم دەفتەری ناوەندی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی پارێزگای ورمێ کۆبوونەوە. نوێنەرانی مامۆستاکان دوو بەیاننامەیان ئاراستەی بەرپرسان کرد کە بریتی بوو لە ویستی پێنج هەزار مامۆستای ئەو شارە. مامۆستایان ڕایانگەیاند کە سەرەڕای ئەوە کە تا ڕێکەوتی ١٤ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە شوێنی کارەکەی خۆیان‌دا ئامادە دەبن، بەڵام نەدەچوونە سەر کلاسەکانیان و کاریان نەدەکرد. ئەمە سەرەتای هەڕەشە بۆسەر دەستهەڵات بوو بۆئەوەی مانگرتنەکەیان بە هێند وەرگرن.[8]

لەم سەر و بەندە کە ئاگری دژایەتیی کوردەکان لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرەسەندن‌دا بوو، گرنگە وێنەی گشتیش لەبەرچاو بگیرێت. بۆ وێنە هاوکات کە لەگەڵ ڕووداوەکان بەرەوپێشدەچین، گرنگە زنجیرەبوون و پێوەستبوونی ڕووداوەکان لەبەرچاو بگیردرێت. بۆ وێنە لەو زەمەنە دیاریکراوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتدا کە باسی لێ دەکەین، تەنیا لە شاری سنە، چەندین ڕێپێوانی بەربڵاو ئەنجامدراوە. لە زۆربەی ئەو ڕێپێوانانەدا تێکهەڵچوون هەبووە و چەکدارانی ئێرانی سیلەیان لە نێوچاوانی گەنجی کورد گرتبوو و خوێنی لاوانی کوردیان لە شەقامەکان ڕشتبوو. تەنیا لە سنەی ئەردەڵان لەو کاتەدا چەندین مانگرتن ڕاگەیەندرابوو کە بریتی بوون لە:

. کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و هونەر

. کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست و تێلێگراف

. کاترمەندەکانی ئیدارەی تەعاوۆنی کاروباری گوندەکان[9]

. مامۆستایانی شار

. هەرجارەش کە ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدابوو بازار بە داخستنی دوکانەکان و بەشداریی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پاڵپشتیی خۆی لە جەماوەری کوردستان ڕاگەیاندبوو.[10]

لە کرماشانی خوێناوی کە چەندین جاران بە دەستی چەکدارە ئێرانییەکان شەتڵانی خوێن کرابوو و هەر جار نا جارێک سیلەیان لە سینگ و نێوچاوانی کوردەکان دەگرت، مەجید ڕەحمانی وەک نوێنەری وەزارەتی وزە لەگەڵ بابازادەگان (نوێنەری سیسی و ئیداری پارێزگای کرماشان) چوونە لای کارمەندە مانگرتووەکانی شیرکەتی کارەبا کە پێشتر مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو. ڕەحمانی لە قسەکانیدا داوایکرد کارمەندەکان مانگرتنەکەیان بشکێنن و هاوکاریی لەگەڵ بکەن بۆئەوەی بە گرفتەکانیان ڕابگات. ڕەحمانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لە کێشە و گرفتەکانی مانگرتوان ئاگایە و دەزانێت لەبەرچی مانیانگرتووە. ئەو وێڕای ئەوە کە باسی زەرەر و خەسارەکانی ئەو مانگرتنەی کرد و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچە و وڵات بە وردیی باسکرد، بەڵێنی بە مانگرتوان دا کە داهاتی ساڵانەیان ٣٨٪ زیادکرێت. کەسێک بە نوێنەرایەتیی مانگرتوان ویستە گەڵاڵەکراوەکانی مانگرتوان لە بیست خاڵ‌دا بۆ نوێنەرانی حکومەت خوێندەوە. چەندین کەس بە نوێنەرایەتی مانگرتوان قسەیانکرد و بە وردیی ئاماژەیان بە ویست و داخوازییەکان و هۆکاریکانی مانگرتن کرد.[11]

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە تاران تۆمارکرابوو، لە شاری مەهابادا بە هەمان شێوە لە دووهەم حەوتووی مانگی ئۆکتۆبردا پێنسەت قوتابی ئەو شارە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو و لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە کۆببوونەوە. قوتابی دەبیرستانەکانی مەهاباد خوازیاربوون کە حکومەت ئاوڕ لە دۆخی ژیان مامۆستاکانیان بداتەوە کە لەبەر نالەباربوونی ڕەوشی ئابووری نەیاندەتوانی بە مێشکێکی ئاسوودەوە کارەکەیان ئەنجامدەن. قوتابییەکانی مەهاباد ڕایانگەیاند کە گەر حکومەت بە ڕەوشی ژیانی مامۆستاکان ڕانەگەییشتبا و داهاتیان زیاد نەکرابا، ئەوانیش ئامادە نەدەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان.[12] قوتابییەکان سنە بە هەمان شێوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە شەقامەکان کشاند و هەربۆیە مەدرەسەکانی سنە بە گشتیی داخران. ئەم جارەیان چەکدارە ئێرانییەکان نەیانوێرا دەست بۆ گوللە و چەک بەرن و تەنیا بینەرێکی سەرداخەر و بێدەنگی ڕووداوەکان بوون.[13] خزم و کەسی قوربانییە کوردەکانی کرماشانیش چەندین پارێزەریان گرت بۆئەوەی تاوانباران و بکوژانی مناڵەکانیان دەستبەسەر بکرێن و ڕادەستی ذادگا کرابان. دادئەستێنی کرماشان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەو٣انی‌دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سکاڵا لەسەر ئەو پرسە لای ئەوان تۆمارکرابوو.[14]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٠

Krmashan

 

 ‌‌ڕێکەوتی ١٠ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی دەستهەڵاتی پەهلەوی بڕیاڕیدا کە فیلمە سێکسییەکان لە سینەماکان و بازاڕ کۆکاتەوە[1]، بەڵام هەوڵەکانی پەهلەوی بۆ ڕاکێشانی چینی ئایینیی و مزگەوتەکان بۆ لای خۆی کەڵکی نەبوو و جەماوەر لە هەموو شوێنەکانی ئێران دژ بە پەهلەوی ڕاببوون. پێشتر ئاماژە کراوە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی چەندین جاران داهاتی ساڵانەی کارمەندەکانی ئێرانی زۆر کردبوو. جیا لەمانە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی دەی ئۆکتۆبری دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی خۆیدا، ٢٥٪ی دیکەشی بە داهاتی گشت کارمەندەکانی وڵات زیادکرد.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش لە ڕابوونی سەرتاسەریی‌دا بوو و لەسەر نەمانی پەهلەوی خۆیان ساخکردبۆوە.

لە سنە، ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییەکان ڕژانە سەر شەقامی فەرەح و تایەری ئۆتۆمبیلیان ئاگرتێبەردا. بەهۆی ئەوە کە چەکدارانی ئێرانی گازی فرمێسکهێنەریان بە دژی ئەوان بەکارهێنا، قوتابییەکان ناچاربوون ئاگر لە تایەری ئۆتۆمبیل بەردەن بۆئەوەی کاریگەری گازە فرمێسکهێنەر مەفحکەنەوە. هاوکات بەم کارەیان ڕێگەی ئەو شەقامەشیان لە چەکدارانی ئێرانی بەست. لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی لاوانی کورد لەگەڵ هێزی ئێرانیی، بانکی میللی (نوێنەرایەتیی شەقامی فەرەح) و دوو بانکی دیکە بە تەواویی لە ئاگردا سووتان.

چەکدارە ئێرانییەکان تەقەیان لە لاوانی کورد دەکرد و ١٧ قوتابی کورد لەو هێرشەدا برینداربوون. لاوانی برینداری کورد بەرەو نەخۆشخانە گواسترانەوە و بەهۆی قووڵبوونی برینەکانیان لە نەخۆشخانەی پەهلەوی سنە خەواندیانن. لە نێو ئەو بریندارانەدا ڕەوشی سێ کەسیان زۆر نالەبار بوو. جەماوەری سنە بە دوای ئەم ڕووداوە بەرەو نەخۆشخانە وەڕێکەوتن بۆئەوەی گەر پێویستی بە خوێن هەبێت، خوێنی خۆیان پێشکەشکەن. ڕێژەی جەماوەری ئەوەندە زۆر بوو کە بانکی خوێنی سنە ڕایگەیاند چیتر ناتوانن خوێن ڕابگرن و هەربۆیە بڵاوەیان بە خەڵک کرد. بازڕی سنە پشتیوانی شار و جەماوەر بوو.[1]

لە ئیلام، قوتابییەکانی مەدرەسەی ماندانا ڕێپێوانی خۆیان لە شەقامی خەیام دەستپێکرد و بە دروشمدان بەرەو شەقامی عەبدوڵڵاهی ڕۆییشتن. چەکدارانی ئێرانی لە دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا، پاش ئەوە کە قوتابییەکان گەرەکیانبوو بڵاوەی بکەن و بچنەوە ماڵەکانیان، وەبەر هێرشی گازی فرمێسکهێنەری چەکدارانی ئێرانی کەوتن.[2]

لە کرماشان، ٥٢ مامۆستای زانکۆ بڵاوکراوەیەکی فەرمی واژۆکراویان ئاراستەی حکومەتی پەهلەوی کرد و ڕایانگەیاند کە دوو حەوتوو کات بە حکومەت دەدەن بۆئەوەی سێ ویستی دیاریکراویان بەجێ بگات. ئەو سێ ویستەیان بریتیبوون لە:

. زانکۆ لەژێر باڵی پارلەمانی ئێران بێتە دەر و سەربەخۆ بێت.

. داواکارییەکانی پێشووی زانکۆکان دابین بکەن و لەگەڵیان بە هاوڕایی بگەن.

. داواکارییەکانی مامۆستایان دابین بکرێت.[3]

لە مەریوان، مامۆستاکان لە دەبیرستانی فەڕۆخی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی خۆیان لەوێڕا دەستپێکرد. ئەوانیش ویستەکانی خۆیان لە ١٤ خاڵاندا گەڵاڵەکردبوو و ئاراستەی حکومەتیان کرد.[4]

لە ورمێ، کچەکان پێشڕەو بوون. قوتابییە کچەکانی ئەو شارە لەبەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە کۆبوونەوە و داوایانکرد حکومەت ویستەکانی مامۆستایان بەجێگەیەنێت بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر کلاسەکانیان و دەست بە کار بکەنەوە. بە دوای ئەواندا قوتابییە کوڕەکانیش لە هەمان شوێن بە هەمان ویست و داواکاریی کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان لە قوتابییە کچەکان و هەڵوێستیان دەربڕی.[5]

لە سەردەشت و مەهاباد‌یش خەڵک ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانی ئەو دوو شارە بە هێمنیی بەڕێوەچوو و چەکدارانی ئێرانیش لە چەک و ئامرازەکانی دیکەی خۆیان کەڵکیانوەرنەگرت. ویستی ڕێپێوانکەرانی سەردەشت و مەهاباد بریتیبوون لە:

. ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان

. تێکەڵکردنی ئەنجومەنی داوەری لەگەڵ ئەنجومەنەکانی شار

. گواستەوەی پادگانەکان لە نێو شار ڕا بەرەو شوێنی دیکە

. دابینکردنی دۆخێکی باش بۆ مامۆستایان

. دەستبەسەرکردنی گەندەڵانی ئیداری و ئابووریی

کارمەندەکانی ئیدارەی تەعاوۆنی گوندەکان، ئیدارەی بێداری و بێهزیستی، ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە و ئیدارەی پۆست و تێلێگڕاف لە قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی و نەفت‌شا مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[6]

لە مەهاباد جیا لەو ڕێپێوانە جەماوەرییە کە ئەنجامدرابوو، مانگرتنی مامۆستایانی ئەو شارە بەردەوامبوو. قوتابییەکانی ئەو شارە پشتیوانی خۆیان بە ڕێپێوان لە مامۆستایان دەربڕیبوو و مامۆستاکانیش ڕایانگەیاندبوو کە گەر ویست و داواکارییەکانیان بەدی نەکرابان، ئامادە نەدەبوون بچنەوە سەر کلاس. بە پێی ڕاپۆڕتی دەی ئۆکتۆبری ڕۆژنامەی ئێتێلاعات، قوتابییەکانیش ئامادەنەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان و هەربۆیە مەدرەسەکانی پۆلی مامناوەندیش داخران. شپڕێوبوونی دۆخی شار و لەناوچوونی دیسیپلین لە سیستەمی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە، بەرپرسانی ناچار کرد کە مەدرەسەکانی پۆلی سەرەتاییش دابخەن.[7]

لە سنە، مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی دادگوستەری کوردستان دوو ڕۆژ بوو دەستی پێ کردبوو. کارمەندە مانگرتووەکان لە دەی ئۆکتۆبردا ڕایانگەیاند کە هەتا وەدیهاتنی ویستەکانیان لە مانگرتن بەردەوامدەبوون.[8]

لە بانە، هەموو شار بە دووکان و بازاڕ و مەدرەسەکانەوە داخرابوو. شار بە تەواویی لە پاڵپشتیی مامۆستایان و هەروەها بە پێداگریی لەسەر دەستبەسەرکردنی «موحەممەد درەخشێش»، سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئێران ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد.[9] لە کرماشان و ئیلام‌یش ڕێپێوان و مانگرتن بەردەوام بوو کە لە بابەتی دادێ‌دا باسیان دەکرێن.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢١

wrme2

تا بە ئێستاش ناڕوونە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی چەندە لە وردەکارییەکانی زیندانەکان لە کاتی دەستهەڵاتداریی خۆیدا ئاگادار بوو، بەڵام سەرەڕۆیی لە زیندان تا زیندان جیاواز بوو. جیاوازییەکانیش بۆ ئەو خودموختارییە دەگەڕاوە کە بەرپرسانی زیندان هەیانبوو. بۆ وێنە لە زیندانێکی مەشهەد دەستدرێژی جنسی و فیزیکی بۆ سەر بەندکراوێکی سیاسیی ئەنجامدرا کە دەنگ و هەرای زۆری لێ سازبوو.[1] لە هیچکام لەو ڕۆژنامە، گۆڤار و ڕاپۆڕتانەی کە لە لایەن بەرپرسانی پەهلەوی‌یەوە تۆمارکرابوون، ئاماژەیەک بە ئەنجامی ئەو جۆرە هەڵس‌وکەوتە لەگەڵ سیاسییەکانی کورد نەکراوە. لە سیستەمێک کە پەهلەوییەکان دایانمەزراندبوو، جگە لەوە کە بەرپرسانی ئاسایش و زیندانەکان دەستهەڵاتی سەرەڕۆییان هەبوو، دادگاکانیش بە شێوەیەکی لایەندارانە و گەندەڵکارانە بەڕێوە دەچوون و مسەوگەرنەبوونی ناعەداڵەتیی یەک لە هۆکارە گرنگەکانی پەرەسەندنی قینی جەماوەر لە دژی دەستهەڵاتی موحەممەد رەزا بوو.‌ ‌

لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، کارمەندەکانی «ئیدارەی تەعاوۆنی ڕوستایی»، «بێهداری و بێهزیستی»، فێرکاریی و پەروەردە و پۆست و تێلێگرافی شارەکانی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی و نەوت‌شا مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[2]

لە مەهاباد‌یش مامۆستایان وێڕای درێژەدان بە مانگرتنی خۆیان، لە ڕێپێوانێک‌دا لەگەڵ قوتابییەکانی ئەو شارە لەسەر داواکارییەکانی خۆیان پێداگرییان کرد. مەدرەسە و فێرگەکانی ئەو شارە بە تەواویی داخرابوون و مامۆستاکان ڕایانگەیاندبوو کە مانگرتنەکەیان هەتا بەجێگەیاندنی ویستەکانیان بەردەوام دەبێت. فەرمانداری مەهاباد داوای لە مامۆستایانی ئەو شارە کرد کە داواکارییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە باس دەکات و هەربۆیە داوایکرد مامۆستاکان بچنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام هیچ بایەخێک بە داواکارییەکەی فەرماندار نەدرا و مانگرتن درێژەدرا[3]

بە دوای مانگرتنی یەک حەوتوویی مامۆستایانی ورمێ‌ش، خوێندەکارانی ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشسەرا و پەروەردەی مامۆستایان کەوتنی ڕیزی مانگرتوان و پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایانی ورمێ ڕاگەیاند. لە ڕێپێوانی ورمێ پێنج هەزار مامۆستا بەشداریکرد و ڕایانگەیاند گەر داواکارییر ڕاگەیەندراوەکانیان بە هێند وەرنەگیرێن، وازیان لە مانگرتن نەدەهێنا.[4]

لە سنە کارمەندەکانی ئیدارەی داد لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامبوون. یەک لە داواکارییەکان بۆ شکاندنی مانگرتن مافی خانوو و داهاتی زۆرتر بوو.[5]

لە کرماشان مانگرتنەکان لە پەرەسەندن‌دا بوون و بەردەوام پاڵپشتیی لە مامۆستایان زۆرتر دەبوو. ١٧ کەس لە کادری زانستی و تەکنیکی لە ناوەندی زانکۆی شاه‌ئابادی ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایان ڕاگەیاند و مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوانیش کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کار و باری کۆمەڵایەتی و کارمەندەکانی کاروباری گوندەکانی کرماشان بە ڕاگەیاندنی ویستەکانی خۆیان چوونە ڕیزی مانگرتوانی کرماشان و کارمەندەکانی ڕێکخراوی بەرگریی کرماشان‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان لە هەشت مادە دا ڕادەستی بەرپرسانی حکومەت کرد.[6]

پێشتر ئاماژە بە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا لە کرماشان کرابوو کە بیست داوایان بۆ شکاندنی مانگرتن هەبوو. ئەوان پاش ئەوە کە ١٨ دانە لە ویستەکانیان لە لایەن موحەممەد ڕەحمانی (نوێنەری وەزیری وزە) و بەرپرسانی ناوچە پەژرێندرا، دەستیان لە مانگرتن بەردا.[7]

خومەینی کە لە ماوەیەکی کورت‌دا هەموو ئاسانکارییەکی گوماناوی بۆ ئەنجام درا هەتا لە فەڕەنسە نیشتەجێ بێت، بە باشیی لە لایەن حکومەتی فەڕەنسەوە پشتیوانی کرا و ڕۆژانە گرووپ گرووپ سەردانیان دەکرد. ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی ئەو زەمەن باس لە دەیان و هەندێکجار سەدان کەس دەکەن کە لە ڕۆژێک‌دا سەردانی خومەینی‌یان دەکرد. بەهۆی پێشینەیەکی سیاسیی کە ئەو هەیبوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵپشتییە کە لە فەڕەنسە و لە ڕاگەیاندنە بیانییەکان لە خومەینی دەکرا، دوکتوور قاسملوو گەرەکی بوو لەگەڵ خومەینی لەسەر پرسی کورد لە ئێران‌دا قسە بکات، بەڵام خومەینی لە خۆی ڕانەدیت کە بە تەنیا لەگەڵ قاسملوو دابنیشێت و مەرجی دانیشتنی لەگەڵ قاسملوو ئەوە بوو کە کەسانێکی دیکە لە نزیکانی خومەینی لە دانیشتنەکەدا بەشدار بن کە ئەو مەرجە لە لایەن قاسملوویەوە قبووڵ نەکرا.[8] تواناییەکانی د. قاسملوو و پرسی کورد بۆ خومەینی و دەوروبەرەکەی نامۆ نەبوون و هەربۆیە خۆیان لە باسکردن لەسەر پرسی کورد و لەگەڵ قاسملوو کشاندەوە.

حەوتوویەک دواتر لە ورمێ ڕووداوی دیکە بە مێژووی ڕاپەڕینی کورد لە دژی پەهلەوی زیادبوو. وێڕای ئەوە کە مانگرتووەکانی ڕاگەیەندرا درێژەی پێدرا، شۆفیرەکانی شارەداری‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوان، بەلەدێکانی شارەداری‌ش کە نزیکەی ٥٠٠ کەس دەبوون، بە گەڵاڵەکردنی ویستەکانیان، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[9]

کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا، دارایی، پۆست و جەنگەڵوانی‌ش لە شنۆ لە مانگرتنی خۆیان‌دا بەردەوام بوون و بە هۆی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و قوتابیان، تەواوی مەدرەسەکانی شنۆ داخرابوون.[10]

‌‌

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٢٢

یەک لەو کێشانەی کە کوردەکان لەمەڕ نووسینەوەی مێژووی خۆیان و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی ئێران هەیانە، نەبوونی زانیاری و سەرچاوە سەبارەت بە دۆخی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو زەمەنە. بە پێی ئەو مێژوو تۆمارکراوە کە لە پێشکەوتنی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ هەیە، گومان لە نالەباربوونی دۆخی گوندە کوردستانییەکان لە سەردەمی پەهلەوی‌دا نەماوە، بەڵام سەرچاوەیەکی تۆمارکراو لەبەردەست‌دا نییە کە ڕەوشی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جوانیی وێنا بکات. زۆر بە دەگمەن دەبیندرێت کە سەرچاوە کوردی و فارسییەکان ئاوڕێکیان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەری کوردانی دانیشتووی گوند لەسەر ئەو شۆڕشە دابێت کە سیستەمی پەهلەوی بۆ هەتاهەتایە بنبڕکرد. هاڵۆزییەکانی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر ئێران بە ڕادەیەک بەربڵاو و بە‌تین بوو کە کاریگەری لەسەر بەسەرکردنەوەی گوندەکان لە ڕاگەیاندن‌دا دانا و هەربۆیە زۆر بە کەمی باس لە ڕەوشی گوندەکان دەکرا. ڕۆژنامەی ڕەستاخیز کە بە تەواویی لە خزمەت سیاسەتەکانی پەهلەوی‌دا لاپەڕەکانی ڕەش دەکردەوە، لە یەک لە ژمارەکانی خۆیدا ئاوڕێکی لە گوندەکانی سنە دابۆوە کە سەرەڕای کورتبوونی، ئاماژەی بە کۆمەڵێک پرس و گرفتی جددی گوندەکانی ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو. بە پێی ئەو سەرچاوە حکومەتییە، گرنگترین گرفتەکان بە کورتیی بریتی بوون لە:

∗ نەبوونی دەرمانگا لە گوندەکان و دووربوونیان لە شارەکان مەترسی خستبوو سەر سڵامەتی و کوردەکانی دانیشتووی گوند.

∗ ڕێگا و بانەکانی نێوان گوندەکان و نێوان گوند و شارەکان لە ئاستێکی نالەباردا بوون. بۆ وێنە ڕێگەی گوندی «تووریوور» کە چل و دوو کیلۆمەتر درێژ بوو، پێویست بوو لە هەموو بارێکەوە چاک بکرێتەوە، یان بۆ وێنە ڕێگا و بانی گوندی برایم‌ئاوا بۆ نوگران بیست و هەشت گوندی بەسەرەوە بوو کە پێویست بوو ڕێگەیەکی خۆشی بۆ بکێشن.

∗ گوندەکان ئاوی خواردنەوەی خاوێنکراویان نەبوو و لە حەمامی گشتیش بێبەربوون.

∗ مەدرەسە سەرەتاییەکان پۆتەنسیەلی وەڵامدەرەوەی لەچاو حەشیمەتی گوندەکان نەبوو.

∗ ڕێژەی دانیشتوانی گوندەکان هەر چەند بوایە، لە مەدرەسەی ناوەندی و دەبیرستانیش بێبەربوون.

∗ داواکاری و پێشنیاری کوردانی دانیشتووی گوند بە هێند وەرنەدەگیران.

∗ پرس و گرفتەکانیان بۆ ڕۆژنامەکان نەدەگواستراوە و بە تەواویی کپکرابوون.[1]

جگە لە چەند دانپێدانانێکی حکومەتیی لەمەڕ دۆخی ناستانداردی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرچاوەیەکی جێمتمانە بۆ زانین لەسەر گوندەکانی ئەو بەشەی کوردستان لەو زەمەن‌دا نییە. لە ڕاستیشدا هیچ سەرچاوەیەکی جێمتمانە لەبەردەست‌دا نییە کە شێوەی ڕوانینی جەماوەری گوندەکان (بە ئاغاکانەوە) و شێوە و ئاستی بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ئێمە باس بکات. جارجار دەبیندرێت کە کەسانی ئایدیۆلۆژیست و حیزبی بە شێوەیەکی نازانستیی لەمبارەوە دەنووسن و ئامانجیان تەنیا خزمەتکردن بە چەمک و ڕێبازێکی دیاریکراوە. بۆ وێنە ڕێکخراوی «چریکهایێ فەدایی خەلق ئێران» لە دوا مانگی دەستهە‌ڵاتداری موحەممەدرەزا پەهلەوی‌دا نامیلکەیەکی لەژێر ناوی «بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە گوندەکانی ئێران» بڵاوکردەوە کە تێیدا بەستەری خەبات لە هەموو گوندەکانی ئێران‌دا بە شێوەیەکی گشتیی بۆ خەباتی دژی ئێمپێریالیزم ئامادە دەزانی،[2] لە کاتێکدا ئێستاش پاش ٣٧ ساڵان گومان لەوە دەکرێت کوردانی دانیشتووی گوندەکان لەسەر خەبات دژی ئیمپێریالیزم شتێکی ئەوتۆ بزانن.

پرسە جددییەکانی گوندە کوردستانییەکان و نەبوونی بنکەی وشیارکەرەوەی حیزبەکان لە گوندەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن کە  لە نادروستبوونی ئەوجۆرە سەرچاوانە دڵنیا بین و دروست وایە لەم ڕوانگەوە سەیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت کە پرسی کورد لە ئێران‌دا پرسێکی نەتەوەییە، نەک پرسێکی گرێدراو بە شەخسێک، ئایدیۆلۆژییەک یان شتێکی بچووکی لەو چەشنە.

لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەردەوامیی قوربانی بۆ شۆڕشی ١٩٧٩ بە مەبەستی بنبڕکردنی سیستەمی پەهلەوی دەدا و لاوان و سیاسەتوانانی کورد لە زیندان کرابوون، ڕاگەیاندنەکانی پەهلەوی هەوڵیان دەدا کە شا وەک خۆشەویستی کوردەکان و کوردەکانیش وەک خۆشەویستی شا نیشان بدەن. بۆ نموونە لەو کاتەدا کە ڕێپێوان و مانگرتن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا بوو، وێنەی شا و وەزیرە کوردەکەی بڵاودەکراوە و باس لە زۆرترکردنی بودجەی ئاوەدانکردنی وڵات دەکرا.[3] بە گشتیی شا هەر وا بێکار دانەدەنیشت و هەوڵی دەدا لە ڕێگەی کەسانی سەر بە خۆی، خۆشەویستبوونی خۆی نیشان بدات، بەڵام زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوت کە لەو زەمەن‌دا سەرۆک ئاغا و فێئۆداڵەکانی دۆستی شا بوێرن خۆیان دەرخەن. لە ڕۆژێک‌دا کە شا توانی لە ڕێگەی هەندێک سەرۆک عەشیرەتەوە چەند سەد کەسێک بە مەبەستی پشتیوانیی لە خۆی بهێنێتە سەر شەقام، لە ڕاگەیاندن‌دا باسیان لە بەشداریی هەزاران کەس کرد کەچی وێنەی ڕێپێوانکەرانی دۆستی شا نزیکەی دووسەد کەس نیشان دەدات.[4] دۆخەکە بە شێوەیەک لە دژی پەهلەوی‌دا بوو کە تەنانەت ئەو نوێنەرە کوردانەش کە هەندێک سەرچاوەی کوردی بە دۆستی پەهلەوی‌یان دەناسێنن، لەسەر خەڵک وەجواب دەهاتن و لێپرسینەوەیان لە دەوڵەت دەکرد.[5]

لە درێژەی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایانی قەسری شیرن کە نزیکەی دوو حەوتوو بوو مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەیەکیان لە ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە پێکهێنا و ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵاندا گەڵاڵەکرد.[6] لە شنۆ مامۆستاکان لەگەڵ خوێندەکاران مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد و بە دوای ئەوانیش‌دا دووکاندارەکانی ئەو شارە دوکان و بازاڕیان داخست. بە پاڵپشتی پیشە و چینە جۆراوجۆرەکان، بازاڕییەکان، مامۆستایان و خوێندەکارەکان توانیان ڕێپێوانێکی بەرین بەڕێوەبەرن.[7]

حەوتووی دووهەمی ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینیی دەکرێ بە دەستپێکی سەرتاسەریبوونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی سیستەمی پەهلەوی ناودێر بکرێت. لەو کاتەدا ئیتر بۆ شا و دۆستەکانی گومان لە ڕاپەڕینی نەپساوانەی کوردستان لە دژی تاران نەمابوو و وەزیرە کوردەکەی دەرباری موحەممەد رەزاش هیچ پێگەیەکی لە نێو کوردەکان‌دا نەبوو بۆئەوەی خەڵک لە حکومەت نزیک بکاتەوە. ڕێک لەو کاتەدا بوو کە شا کۆمەڵێک لە دۆستە کوردەکانی خۆی بۆ تاران بانگهێشتکرد بۆئەوەی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەوان مانۆڕێک لە نێو کوردەکان‌دا بدات.[8]،[9] دۆستانی شا لەو سەردانەدا دەستەگوڵیشیان بردە سەر قەبری پەهلەوی باوک کە پاش بنبڕکرانی سیستەمی پەهلەوی، ئەو قەبرەشیان لە ئێران‌دا نەهێشت.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٣

05-09-2016-20-35-50

کاتێک کە شاری سنە لە مانگرتنێکی بەربڵاو و تا ڕادەیەک گشتیی‌دا بوو، کوردەکان بە پێویستیان زانی کە ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاو و فرەلایەنە لە شەقامەکان نیشان بدەن و پەهلەوینەویستنی خۆیان بە حکومەت ڕاگەیەنن.

لە سنە، دوکان و بازاڕ داخرابوون. شەقامەکان چۆڵ بوون و بەشێک لە ئیدارەکانی دەوڵەت لەبەر مانگرتنی کارمەندە کوردەکان نەدەکرانەوە. لە کاتێکدا کە سێ ڕۆژان ئەم هەڵوێستەی ئەردەڵانییەکان تەواوی سنەی داگرتبوو، پازدە هەزار کورد لە سنە کۆبوونەوە و لە دژی پەهلەوی ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لەم ڕێپێوانەدا قوتابیان، مامۆستایان، خوێندەکارانی زانکۆی ڕازی، کارمەندی ئیدارەکانی دەوڵەت، کۆمەڵەی «شیر و خورشید» و نەخۆشەوانەکان بەشداربوون. لە پەنای ئەمانەش کۆمەڵێک کوردی بەهەڵوێست لە شارەکانی سەر بە پارێزگای کوردستان لەو ڕۆژەدا لە سنە ئامادەبوون و بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد. لەم ڕێپێوانەدا، هەموو چین و توێژەکان هەڵوێستیان بە فەرمیی دەربڕی و تەنانەت بە نوێنەرایەتی دەبیرستانەکانی مەریوان پەیامی پاڵپشتیی خوێندراوە. ئاسایش و پاراستنی هێمنبەڕێوەچوونی ڕێپێوانەکەش بە دەستی خودی کوردەکان بوو و چەکدارانی پەهلەوی تەنیا بینەرێکی بێ‌کەڵکی گۆڕەپان بوون.[1]

لە کۆی پەیام و هەڵوێستەکاندا کۆمەڵێک داواکاری بەرچاو هەبوون کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

. ئازادیی چاپەمەنییەکان

. ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان

. بەفەرمیناساندنی کۆمەڵەی مامۆستایان

. لابردنی بنکەکانی پاراستن لە ئیدارەکانی فێرکاری و پەروەردە

. لەسەرکارلابردنی بەرپرسانی باڵای پارێزگای کوردستان

. لەسەرکارلابردنی ئەو کەسانەی کە بە ناوی ئەندام پارڵەمانی کورد لە پارڵەمان ناسێندراون

. لابردنی سەردێڕی درشتی «زیادکردنی داهات» لە چاپەمەنییەکان‌دا[2]

لەو ڕۆژەدا کە ئەردەڵانییەکان سنەیان هەژاند و میوانداریان لە کوردانی خاوەن‌هەڵوێستی شارەکانی دەوروبەر کرد، کرماشان‌یش مانگرتنی سەرتاسەری شاری ڕاگەیاند. تەواوی دوکان و بازار داخران. قوتابی و مامۆستاکانی شار لە قوتابخانەکان و دەبیرستانەکان‌دا ئامادەبوون، بەڵام نەچوونە سەر کلاس و تەنانەت بەشێک لە دایک و باوکی قوتابییەکانیش لەوێ ئامادەبوون بۆئەوەی یارمەتیدەربن و نەهێڵن مناڵەکانیان بچنە سەر کلاس. شوێنە هەستیارەکانی کرماشان لە لایەن چەکدارە ئێرانی‌یەکانەوە پارێزرا و هیچ تێکهەڵچوونێک لەو ڕۆژەدا لە نێوان خەڵکی سیڤیل و چەکدارانی حکومەتی پێکنەهات.[3]

لە ورمێ دوکان و بازار بە هەمان شێوە داخران و بێدەنگی و چۆڵبوون بەسەر ئەو شارەی کوردستان‌یشدا زاڵبوو.[4]

لە ئیلام داخستنی دوکان و بازاڕ لە لایەن چەند کەسایەتییەکی ئایینییەوە ڕاگەیەندرا و هەربۆیە زۆربەی دووکانەکان و بازار داخران، بەڵام چەند دوکانێکی ئاوەڵا لەو ڕۆژەدا ئاوەڵا بوون کە کەل و پەلی پێویستی خەڵکی ئەو شارەیان دابینکرد.[5] بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی «ئێتێلاعات» تۆماریکردبوو، دوکان و بازاڕی نەغەدە و مەهابادیش داخرابوو.[6]

گرنگە لەبەرچاو بگیردرێت کە ڕێژەی کوردەکان لە ئەو زەمەن‌دا لەبەرچاو بگیردرێت. بۆ وێنە کاتێک باس لە ڕێپێوان لە شاری کرماشان دەکرێت، پێویستە خوێنەر لەمە ئاگاداربێت کە ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە کە گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینیی‌دا ٢٩٠،٨٦١ کەس بوو.[7]،[8]

دۆخەکە لە کوردستان بە تەواویی لە دژی شا شێوابوو و ڕۆژانە توێژ و چینی جۆراوجۆر بە ڕیزی مانگرتوان و ڕێپێوانەکان زیاد دەبوون. بۆ وێنە کەمئەندامانی کرماشان لەو زەمەندا بێ‌هەڵوێست نەبوون و بە حکومەتیان ڕاگەیاند کە گەر داواکارییەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، ڕێپێوانیان دەکرد. پێشتر کەمئەندامانی کرماشان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو و یازدە ویست و داوایان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراستەی بەرپرسانی حکومەت کردبوو.[9] لە کرماشان مانگرتنی چینێکی دیکەش لەو ڕۆژەدا دەستیپێکرد. هەموو ئەو کەسانەی کە لە مەدرەسە و قوتابخانەکان‌دا وەک خزمەتکار کاریان دەکرد، لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە دەستیان لە کار کشاندەوە و لەبەردەم بینای ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و چوونە ڕێزی مانگرتوانی شار.[10]

لە مەهاباد دۆخەکە وەک پێشتر باسکراوە، لە قۆناخێکی جیاوازدا بوو. جگە لەو مانگرتن و ڕێپێوانانەی کە لەو شارەدا ئەنجام درابوو، کۆچی دوایی و ئازادبوونی هەندێک کەسایەتی سیاسیی ئەو شارە بە تەواویی کاریگەری لەسەر ئەتمۆسفێری سیاسیی ئەو شارە دانابوو. مامۆستایان کە پێشتر مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو، لەبەر بەجێگەیاندنی ویستەکانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە سەر کار، بەڵام ئەوجار کۆمەڵێک خوێندەکار و قوتابی بیانوویان گرت و گوتیان کە چون ویستەکانی ئەوان بەجێ نەگەیەندراوە، ئامادە نابن بچنەوە سەر کلاسەکانیان. لەو ڕۆژەدا کارمەندەکانی ئیدارەی «بێهداری» و «بێهزیستی»ش لە مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستەکانی خۆیان بۆ شکاندنی مانگرتن بڵاوکردەوە.[11]

لە سەردەشت سێ ڕۆژ بوو کە دوکان و بازاڕ داخرابوون و پاش ئەو هەڵوێستەی کە مامۆستایان و قوتابییەکانی ئەو شارە هەیانبوو، تاقە چەند مەدرەسەی مناڵان لەو شارە لە مانگرتن‌دا نەبوون کە ئەوانیش لەو ڕۆژەوە لە کاتژمێر دەی بەیانییەوە بە ڕیزی مانگرتوان زیادبوون و مەدرەسەکان چۆڵ کران.[12]

لە سنە بە فەرمانی سەرلەشکەر عەلیزادە، وەتاغی سینفەکانی سنە هەڵوەشێندرانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە حکومەت ئەو پاشەکشەیەی کرد، مانگرتنەکان لەو شارەدا بەردەوامبوون. لە ورمێ‌ش مامۆستاکان لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە گەر ویستەکانی ئەوان تا بیست و پێنجەمی یەکەم مانگی پاییز بەجێنەگەیەندرێت، مانگرتنی خۆیان ڕادەگەیەنن. قوتابییەکانیش لەو شارەدا هاتنە نێو گۆڕەپان و پشتیوانیی خۆیان لە مامۆستاکانیان دەربڕی.[13]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٤

01

 

لە ڕێپێوانی ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی نزیکەی دە هەزار کەس لە ئیلام ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لەو ڕێپێوانە‌دا کەسایەتی ئایینیی ئەو شارە بە ناوی مامۆستا حەیدەری لە پێشەوەی جەماوەر بەشداربوو. لە ئیلام قوتابخانەکان داخرابوون و ڕێپێوان بە شێوەیەکی ئارام و بەبێ تێکهەڵچوون لەگەڵ چەکدارە ئێرانییەکان بەڕێوەچوو. زۆربوونی جەماوەری بەشدار لەو ڕێپێوانە بە ڕادەیەک بوو کە هەموو شەقامەکانی فێردۆسی، خەیام، عەبدوڵڵاهی و چەند شەقامێکی دیکە و بولواری قەرەباڵغکرد.[1]

لە پارلەمانی ئێران دوو نوێنەری سنە بە ناوەکانی فەرۆخ لەقا بابان و مێهدی شێخۆلئیسلامی لێپرسینەوەیان لە دەوڵەت کرد و خوازیاری لێوردبوونەوە و ڕوونکردنەوە سەبارەت بە کوشت و بڕی خەڵکی سیڤیلی سنە لە کاتی ڕێپێوان بوون.[2]02

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایان بە گشتیی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕووخانی پەهلەوی دانا. زنجیرە مانگرتن و ڕێپێوانە نەبڕاوەکانیان کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگای کوردستان دانابوو و دایک و باوکی قوتابییەکانیش پاڵپشتییان لێ دەکردن. گەر لە دەڤەرێکیش ئەو پشتیوانییە نەکرابا،خەباتی مامۆستایان بەردەوام بوو و قوتابییەکان بەبێ مامۆستا لەسەر کلاسەکان کاتیان بەسەردەبرد.

زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە کوڕەکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی پڕۆپاگەندەی سەیر و ناڕاست لەمەڕ دێمۆکڕاتبوونی سیستەمی پەهلەوی بڵاوکراوەتەوە و بە تایبەتیی لە دە ساڵی ڕابوردوودا بەهۆی ئەوە کە کەس و لایەنێک بە شێوەی دۆکیومێنتاری بەرەنگاری ئەوجۆرە چەواشەکارییانە نەبووەتەوە، ئەوان لەسەر بەژیارناساندنی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی بەردەوامن. لێرە ڕا بە دواوە هەوڵ دەدرێت وێڕای لێوردبوونەوەی کڕۆنیکلی کورد و شۆڕشی ١٩٧٩، ئاوڕ لە ئەو بەشانە بدرێتەوە کە نادێمۆکڕاتبوونی سیستەمی پەهلەوی لە زمانی خۆیانەوە دەسەلمێنێت. واتە لێرە بەبێ ئەوە کە بایەخ بە ڕاپۆڕتەکانی وڵاتان و ڕێکخراوە بیانی‌یەکان و نووسەران و چالاکانی دژی سیستەمی پەهلەوی بدرێت، تەنیا لە ڕێگەی سەرچاوەی فەرمیی خودی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی باس لە شێوەی دەستهەڵاتداری پەهلەوی دەکرێت. بڕواننە ئەم وێنەی ژێرەوە:

01

لێوردبوونەوە لەم هەڵوێستە فەرمییەی حکومەتەکەی پەهلەوی گرنگە و تێگەییشتن لە مێژووی دەستهەڵاتداری ئەو بەبێ ئەم لێوردبوونانە سەرناگرێت. ئەم وێنەیە لە ڕۆژنامەی ڕەستاخیز هەڵگیراوە کە بڵاوکەرەوەی هەموو ڕووداوەکانی ئێران لە ڕوانگە و پێرسپێکتیڤی پەهلەوی بوو.[3]

بە پێی ئەم سەرچاوە فەرمییەی دەستهەڵاتی پەهلەوی، هەتا مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی، دەستهەڵاتی پەهلەوی بە شێوەیەکی عەشیرەتیی و بە شێوەیەکی غەیری قانوونی بەڕێوەچووبوو. لەبەرچاو بگرن کە ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی ٣٧ ساڵان دەستیان لە هەموو کار و باری دەستهەڵاتداری‌دا هەبوو و لە سەرووی قانوون، ڕێکخراو و ئۆرگانە فەرمییەکانی حکومەت و دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان و پارلەمان هەڵس‌وکەوتیان دەکرد. ٣٧ ساڵ ئەم بنەماڵەیە پێشێلکەری قانوون و کەرامەتی نەتەوەیی و مرۆڤی هەر تاکێکی ژێر دەستهەڵاتی ئێران بوون و چەند مانگ بەر لەوە کە پێگەیان بۆ هەتاهەتا بنبڕکرێت، وەک دوایین پەلەقاژەی مانەوەیان «ئایین‌نامەی هەڵس‌وکەوتی ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی»یان گەڵاڵەکرد! ئەم «بەیان‌نامە»یە واتە هەتا ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینیی ئەم بنەماڵەیە هیچ ڕێزێکیان تەنانەت بۆ قانوونەکانی خۆیان و سیستەمێک نەبوو کە خۆیان بەڕێوەیان دەبرد و ئەوپەڕی بێسنووریی دەستهەڵاتی ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی لە ماوەی ٣٧ ساڵان‌دا دەسەلمێنێت.

لەبەرچاو بگرن کاتێک کە ڕاگەیاندنی مۆنارکیستەکان ئاوڕ لە مێژووی پەهلەوی دەدەنەوە، جۆرێک باس لەو سەردەم دەکەن کە گوایە پەهلەوی باوک و کوڕ ناسنامە و کەرامەتیان دا بە خەڵک و گەر ئەوان نەبوان ئێران لە پێشکەوتن بێبەر دەبوو. سەرنجی ئەم وێنەیە ژێرەوە بدەن.

ئەم وێنەیە هی گوندێکی ٧٠ ساڵ پێشی سیستان یان کوردستان نییە. ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی لە گەڕەکی ئەفسەریەی تاران کێشراوە.[4] ئەنجامی ئەو هەموو دروشم و «شۆڕشی شا و خەڵک»ی پەهلەوی لە نموونەی ئاوادا دەتوانین ببینین. شا لە پەرتووکێکی خۆی‌دا بە ناوی «به سوی تمدن بزرگ» کە دوو ساڵ بەر لە ڕاکردن لە دەستهەڵات بڵاویکردەوە، باس لە پێنج قۆناخی ئاوەکانکردنەوە دەکات، بەڵام پاش بەڕێوەبردنی پێنج بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە و لە ماوەی ٢٩ ساڵان‌دا ئەمە ئەنجامی بەرنامەکانییەتی کە لە پێتەختەکەیدا مناڵانی پێتەخت ئاویان بەم شێوەیە دەبردەوە ماڵ کە لە وێنەدا دەیبینن.[5] سیاسەتی تەندروستی و سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەی پەهلەوی لە ڕێگەی ئەم وێنەیەی پێتەخت‌ەوە باشتر فام دەکرێت، بە مەرجێک کە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەمە دۆخی خەڵکی پێتەختنشینی فارسی شیعەی دوازدە ئیمامی بوو، ئیتر لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانەش یارمەتیدەرن بۆئەوەی بزانین دۆخی ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندەکانی کوردستان چۆن بوو. بە پێی ئەو سەرچاوەی حکومەتییە تانکێڕێک ئاو لە ئەفسەریەی تاران بە سەد تمەن دەفرۆشرا و شەقامەکانی هێشتا هەر خاکی بوون.[6]

پەهلەوی لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەستهەڵاتداریی خۆی‌دا توانیبووی هەندێک کورد وەک دۆست و یار بۆ خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیدا بکات. ئەو کەسانە بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان لە پەهلەوی دەردەبڕی. هەندێک کەس بە شێوەیەکی بەردەوام لە بۆنە گرنگەکانی دەستهەڵاتی پەهلەوی‌دا بەشدارییان دەکرد. جگە لەوە کەسانێک بە هزر و پێنووسەوە لە خزمەت دەستهەڵاتی پەهلەوی‌دا بوون. بۆ وێنە ئەحمەد شەریفی کە بەرپرسی دەفتەری «خاک و خون» لە مەهاباد بوو، قەڵەمێکی یەکجار شادۆستانەی لە ڕۆژنامەدا بەکاردەبرد (نووسراوەکانی لە دادێ‌دا بڵاودەکرێنەوە). هەندێک سەرۆک عەشیرەت و فێئۆداڵ‌یش هەبوون کە هەرکات لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون پەهلەوی بیانخوێنێتەوە بۆئەوەی بە خزمەتی بگەن، بەڵام لەبەر ئەوە کە دەیانزانی وەبەر قین و نەفرەتی جەماوەری کورد و ئەڤیندارانی قازی موحەممەد دەکەون، لە نێو جەماوەردا پێشوازییان لە شا نەدەکرد. بە گشتیی لە دوایین مانگەکانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا، پەهلەوی لە کوردستان‌دا هیچ دۆستێکی نەبوو کە بوێرێت شادۆستی و خزمەتکاربوونی خۆی بۆ پەهلەوی نیشان بدات و هەربۆیە لەو ساڵە‌دا جێژنی شەشەمی بەهمەن کە جێژنێکی فەرمیی حکومەتی پەهلەوی بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەنەچوو.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە لەمەڕ شاری سنە لە ڕۆژنامەی فەرمی سەر بە پەهلەوی بڵاوکرابوو، لە شاری سنە کارمەندی زۆربەی ئیدارەکان لە مانگرتن با کەمکاریی‌دا بوون. ویستەکانی مانگرتوانی ئیدارەی دادگوستەری و ئیدارەی گشتیی زانیاری و گەشتیاری جێبەجێکران، هەربۆیە مانگرتنەکەیان شکاند و بۆ سەر کار گەڕانەوە. لە هەمان کاتدا کارمەندی زۆر ئیدارەی دیکە مانیانگرت. بۆ وێنە کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردە و کادری خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی پەهلەوی مانگرتنی خۆیان لەو ڕۆژەدا ڕاگەیاند کە کارمەندەکانی دادگوستەری و زانیاری و گەشتیاری چوونەوە سەر کار. لەم ڕۆژەدا کارمەندەکان و مامۆستایانی دانشسەرا مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد. لە سنە لەو کاتەدا جگە لەو کارمەندانەی کە ناویان هات، کارمەندەکانی ئەم ئیدارانەی ژێرەوە لە مانگرتنی خۆیان‌دا بەردەوام بوون:

. کارمەندەکانی ئیدارەی ئابووری و دارایی

. کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست

. کارمەندەکانی ئیدارەی نوێسازیی قوتابخانە

. کارمەندەکانی ئیدارەی سەندووقی کارئامووزی

. کارمەندەکانی ئیدارەی هاوکاری گوندەکان

. کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و هونەر

. کارمەندەکانی ئیدارەی تۆمار[7]

لە پیرانشار مانگرتنی مامۆستایان بەردەوام بوو. ئەوان لە ڕۆژی ١٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینییەوە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو. ئەم مانگرتنەی پیرانشار سەرتاسەری بوو و لە تەواوی شار دا تاقە قوتابخانەیەک ئاوەڵا نەبوو. قوتابییەکانی ئەو شارە دەیانتوانی کە بچنەوە سەر کلاسەکانیان، بەڵام لە پاڵپشتیی مامۆستایان‌دا لە ماڵێ مانەوە. مامۆستاکانی پیرانشار بەیاننامەیەکیان بۆ شکاندنی مانگرتن لە ٤٧ خاڵان‌دا گەڵاڵە کردبوو.[8]

لە ئیلام مانگرتنی ئیدارەی دارایی بەردەوام بوو و هەربۆیە پڕۆژە و کاروباری ئاوەدانکردنەوەی ئەندازیارانی نوێسازیی مابۆوە. مانگرتن لە لایەن کارمەندەکانی بێهداشتی ژینگە، ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان و ئیدارەی پۆست‌یش لەو شارە بەردەوام بوو.[9] لە ورمێ مانگرتنی کرێکارانی هەر چوار بەشی ئەو شارە بەرینە بە ڕۆژی سێهەمی خۆی گەییشت. ئەوان لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی خۆیان، بەیانییەکیان لە ١٣ خاڵان‌دا بڵاوکردەوە و مەرجەکانی گەڕانەوەیان بۆ سەر کار بۆ حکومەتی پەهلەوی دەستنیشانکرد. بەلەدێکانی شارەداری‌ش لەو ڕۆژەدا چوونە ڕیزی مانگرتوان و شارەداری زەختی زۆرتری وێ کەوت.[10]

لە کرماشان کۆلێجەکانی زانست و پزیشکی زانکۆی ڕازی لە مانگرتنی خۆی‌دا بەردەوامبوو. خوێندەکارەکانیش لەسەر کلاسەکانیان ئامادە نەدەبوون و پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنەکە دەربڕی. هەروەها کارمەندەکانی ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان، پۆست، ئەوقاف لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامبوون و دۆخی ئەو شارەش بە تەواویی لە حکومەت شێوابوو.[11] لە کرماشان مامۆستایان جارێکی دیکە چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان سەرلەنوێ دەربڕێوە. ئەمجارە مامۆستا هەورامییەکانیش لەگەڵیان کەوتن و ڕێژەی ڕێپێوانکەران بە نزیکەی دوازدە هەزار کەس گەییشت. پاش ئەوە کە ڕێژەی بەرچاوی خۆیان نیشانی چەکدارانی پەهلەوی دا، لە مەیدانی مەولەوی ئەو شارە ویستەکانی خۆیان لە ١٥ خاڵاندا خوێندەوە.[12]

مانگرتن و دژایەتیی لە سەرتاسەری ئێران‌دا بە شێوەیەکی بەربڵاو زەخت و گوشاری خستبوو سەر حکومەتی پەهلەوی و هەربۆیە بەرپرسانی حکومەت بڕیاریان دا بۆ هێورکردنی دۆخەکە، سەدان زیندانی سیاسیی دیکە ئازاد بکەن.[13]

 

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٥

sarder

بە دوای کۆمەڵێک ڕێپێوان و شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتیی لە بانە، جەماوەر توانیان شارەداری ئەو شارە لەسەرکار لابەرن و لە کۆبوونەوەیەک‌دا «عوسمان ئیسراری» وەک شارەداری بانە هەڵبژێرن. ئیسراری تا ئەوکات سەرۆکی «مەدرەسەی مامناوەندی ئەحمەدی» و هاوکات «سەرۆکی خانووی مامۆستایانی بانە» بوو، هەربۆیە بە وازهێنان لە کارەکەی خۆی، پێشوازی لە هەڵوێستی جەماوەر کرد و وەک شارەداری بانە دەستی بە کار کرد.[1]

لە کرماشان‌ی هەژێندراو و توڕە لە سیستەمی پەهلەوی، بیانوویەکی دیکە زەقکراوە بۆئەوەی سەرلەنوێ دەنگی پەهلەوینەویستیی کرماشان بەرزبێتەوە. نزیکەی ١٥٠٠ کەس لە کارمەندەکانی بێهداری و بێهزیستی ناوچەی کرماشان لەگەڵ کۆمەڵێک کارمەندی دیکە لە بەشی جۆراوجۆر، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەو کارمەندانە کە لەو مانگرتنەدا بەشداریانکرد، بریتی بوون لە:

  1.  کارمەندەکانی بەشی ئیداری و ئابووری
  2.  کارمەندەکانی بەشی بنبڕکردنی نەخۆشی مالاڕیا
  3.  کارمەندەکانی سوپای تەندروستی
  4.  کارمەندەکانی ناوەندی تەندروستی
  5.  کارمەندەکانی شەبەکەی بێهداری و بێهزیستی لە ناوچەکانی یەک و دوو
  6.  کارمەندەکانی ناوەندی بەرگریکردن لە سیل
  7.  کارمەندەکانی ئیدارەی چاودێریی مادە هۆشبەرەکان[2]

لە ورمێ، نزیکەی دوو حەوتوو لە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی «سەبتی ئەسناد» تێپەڕیبوو، بەڵام حکومەت هێشتا داواکارییەکانی ئەوانی بە هێند وەرنەگرتبوو و مانگرتن درێژەی هەبوو. بەرپرسانی حکومەتیی لەو شارە بێڕێزیان بە مانگرتوان کردبوو. پاش ئەوە کە مانگرتوان ویستەکانی خۆیان بە وەزیری داد ڕاگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوە کە مانگرتوانیان بێوەڵام هێشتبۆوە، بێڕێزیان پێ کرابوو و جنێویان پێ دابوون. مانگرتوانیش کە ویستی جددی و دەستنیشانکراویان هەبوو، ئامادەنەبوون مانگرتنەکەیان بشکێنن و بۆ زۆرترکردنی زەختی خۆیان بۆ سەر حکومەت، پێوەندییان بە ڕۆژنامەوە گرت.[3]

لە قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو و گەیلانی ڕۆژئاوا، کارمەندەکانی ئیدارەی دامپزشکی، تێکڕای کارمەندەکانی کوشتارگای پارێزگای کرماشان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە ١٧ خاڵاندا ڕادەستی بەڕێوەبەری گشتیی کشت و کاڵی پارێزگا کرد. لەو کاتەدا دوو حەوتوو بەسەر مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی قەسری شیرن لەگەڵ مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی هاوکاری گوندەکان تێدەپەڕی و لەسەر هەڵوێستیان بەردەوامبوون، بەڵام بەهۆی ئەوە کە ویستەکانی مانگرتوانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە لەگەڵ بێهداری و بێهزیستی بەجێ گەیەندرابوو، گەڕانەوە بۆسەر کارەکانیان و مانگرتنەکەیان شکاند.[4]

لە نەغەدەش مانگرتنی مامۆستایانی ئەو شارە ڕۆژی هەشتەمی خۆی تێدەپەڕاند و بەهۆی ئەوە کە وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرابۆوە، کلاسەکان لەو شارەدا بە داخراویی مابوونەوە.[5] لە بانە بە هەمان شێوە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست، ئیدارەی هاوکاری گوندەکان و ئیدارەی دۆخانیات بەردەوامبوو و ئاوڕێکی جددی لە ویستەکانیان نەدرابۆوە.[6]

حکومەتی پەهلەوی پۆتەنسیەلی هەندێک بەخۆداچوونەوە و چاکسازیی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە متمانەی بە تەواویی لای ئێلیت، جەماوەر، حیزبەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەدەستدابوو، بواری پێ نەدەدرا کە ڕێفۆڕمێکی بنەڕەتیی لە سیستەم‌دا ئەنجام بدات. پێشتر چەندین جاران داهاتی مانگانەی چین و توێژی جۆراوجۆری زیادکرابوو و لەو کاتەدا کە خەڵک خوازیاری کشانەوەی زیاتری حکومەت بوون و ئازادی زۆرتریان گەرەکبوو، حکومەتی پەهلەوی داهاتی خانەنشینەکانی بە ڕادەی ١٢،٥٪ زیادکرد. جگە لەوە لەژێرەوە بەکورتیی ئاماژە بەو گۆڕانکارییانە دەکرێت کە پەهلەوی بۆ خۆشکردنی پێگەی خۆی ئەنجامیدا.

  1. زەریبی داهاتی کارمەندەکان لە سەرتاسەری وڵات‌دا لە ٨٠ ریاڵ‌ەوە بوو بە ٩٠ ریاڵ.
  2. گۆڕانکارییەکان ئەو کەسانەشی دەگرتەوە کە پێشتر خانەنشین کرابوون و سەرلەنوێ بۆیان حیساب دەکراوە و حوکمی تازەیان بۆ دەردەچوو.
  3. بە پێی تەبسەرەی مادەی ١٤٩ی قانوونی دامەزراندنی وڵات، دەوڵەت دەبوو هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی داهاتەکان لە ڕووی خشتە و بڕیاڕی نوێ، گۆڕانکاری بەسەر باقی بوارەکان و پەرەسەندنەکانی کارمەندەکان بێت.
  4. یارمەتییە غەیری نەغدییەکانی کارمەندەکان لە ٢٠٠ ریاڵ‌ەوە بوو بە ٥٠٠ ریاڵ و بڕیار درا کە ئەو گۆڕانکارییە بۆ خانەنشینەکانیش بەڕێوەبچێت.
  5. گۆڕانکارییەکی یەکجار بەرچاویش پەسەندکرا کە هەموو کارمەندەکانی دەوڵەتی لە سەرتاسەری وڵات دەگرتەوە. ئەو گۆڕانکارییە بەم شێوەیە بوو کە بڕی ٧٥٠٠ ریاڵ بە داهاتی هەر کەس زیادکرا. واتە گەر کەسێک داهاتەکەی ٣٠٠٠ ریاڵ بوایە، بڕی ٧٥٠٠ ریاڵ بە داهاتەکەی زیاد دەبوو و دەکرا بە ١٠٥٠٠ ریاڵ و گەر کەسێس داهاتەکەی ٤٠٠٠٠ ریاڵ بوایە، داهاتەکەی دەبوو بە ٤٧٥٠٠ ریاڵ.[7]

خشتەی نوێ کارمەندەکانی دەوڵەتیش لەسەر بنەمای زەریبی ٩٠ ریاڵی بەم شێوەی ژێرەوە بوو کە بە تمەن تۆمار کرابوو:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە تەنیا لەسەر پرسی ئابووریی نالەبار نەشێوابوو و پرسی جددیتر هەبوون. بە پێی سەرچاوەی خەبەری فەڕەنسەوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پەرۆشی خۆی سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی دوو چالاکی سیاسیی کورد دەربڕیبوو و لە ڕاگەیاندنێک‌دا داوایان لە موحەممەد رەزا پەهلەوی کردبوو کە ئەو دوو کوردە نەکوژێت. دەقی ڕاگەیاندنەکە لە ڕێگەی تێلێگرام‌ەوە بۆ پەهلەوی بەڕێکرابوو. ئەو دوو کوردە کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕابۆوە، ناوەکانیان «ئەحمەد نەستانی» و «کەریم نەستانی» بوو کە لە دادگایەکی نادێمۆکڕاتیکدا لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی بە ئێعدام مەحکوومکرابوون. لقی سویدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌ش ڕایگەیاندبوو کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسیی کورد بە تاوانی سێپاراتیستبوون (تەجزیەتەڵەبی) دەستبەسەرکرابوون.[8]

لە بانە جیا لەوە کە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕ بەردەوامبوو، کۆبوونەوەیەکی بەرین لە مزگەوتەکانی ئەو شارە لە لایەن مامۆستایان، بازاڕییەکان و باقی جەماوەری ئەو شارە پێکهات و چەکدارە ئێرانییەکانیش لە دوورەوە بینەری کۆبوونەوەکان و یەکگرتوویی کوردەکان بوون و هیچ تێکهەڵچوونێک ڕووینەدا.[9]

لە مەهاباد کە دوو ڕۆژ بوو دوکان و بازاڕ بە تەواویی لەگەڵ قوتابخانەکان داخرابوون، پتر لە سێ هەزار کەس لە ڕێپێوانێکی بەرین‌دا بەشداریانکرد و لە شەقامەکانی مەهاباددا دروشمیان دا. دروشمی سەرەکیی جەماوەری مەهاباد ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکانی کورد بوو. جەماوەر لە کۆتاییدا لە بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغا کۆبوونەوە و لەسەر پێشنیارێک کە ئاراستەی جەماوەر کرا، بڕیار درا کە هەموویان بۆ ڕۆژی دوایە سەرلەنوێ کۆببنەوە و بە هانای برایانی دانیشتووی گوندەوە بچن کە کێشەیەکی زۆریان بۆ سازببوو. کێشەکەش لە لایەن شیرکەتەکانی سەهامی کشت و کاڵ سازببوو و جەماوەر بە تەمای بنبڕکردنی ئەو شیرکەتانە بوون. نزیکەی کاتژمێر یەکی نێوەڕۆی ئەو ڕۆژە جەماوەری بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغا بڵاوەیان کرد و هیچ تێکهەڵچوونێک لە نێوان خەڵکی سیڤیلی کورد و چەکدارە ئێرانییەکان پێکنەهات.[10]

لە کرماشان‌یش پەژارەی گشتیی تەواوی ئەو شارەی داگرتبوو و خەڵک لەبەر کوشتار و هێرشێک کە پێشتر لە لایەن چەکدارانی ئێرانەوە ئەنجامدرابوو، ناڕەحەتبوون. لە تەواوی شەقامەکانی ئەو شارەدا چەکدارانی ئێرانی ڕاوەستابوون و کۆنترۆڵی شارەکەیان بەدەستەوەگرتبوو.[11] لە ورمێ‌ی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە ڕێپێوان ئەنجامدرا. ڕێپێوانی ئەو شارە شەقامەکانی شاهپوور، نادری و پەهلەوی پڕکرد و جەماوەر پاش دروشمدان و دەربڕینی هەڵوێست و داواکارییەکانیان لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ئەو شارە کۆبوونەوە و کۆتاییان بە ڕێپێوانەکەی خۆیان هێنا. ڕۆژی پێشووش زانکۆی ورمێ، ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی، ئاو و خاک و «دانیشسەرای ڕێنوێنی خوێندن» مانگرتنی خۆیان بە داخستن ڕاگەیاندبوو.[12]

هەژدەهەمی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی ڕێکەوتێکی گرنگ لە مێژووی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکانە. لەو ڕۆژەدا دانیشتنی تایبەت بۆ داڕشتنی «قانوونی لێپرسینەوە و دادگاییکردنی بەرپرسانی گەندەڵی ئێران» ئەنجامدرا. لەو دانیشتنەدا کە لە ئاستی سەرەوەی دەستهەڵاتدارانی وڵات‌دا ئەنجامدرا، سەرۆکوەزیر و پێنج وەزیری دیکەی پەهلەوی بەشداربوون.[13] لە ماوەی ٥٧ ساڵ دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکان‌دا دادگوستەری بواری نەبوو لێپرسینەوە لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت بکات. لە پاش ئەو هەمووە ساڵانەی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌یەکان و پاش ئەوە کە ڕێفۆڕم و شۆڕشە سپێکەی پەهلەوی کوڕ بەڕێوەچووبوو، هێشتا دەزگای داد لە ئێران‌دا بواری نەبوو کە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گەندەڵ بکات. ئەم ڕێکەوتە و ڕاگەیاندنی داڕشتنی ئەو قانوونە لە دوایین ڕۆژەکانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی خۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆئەوە بە سیستەماتیکبوونی گەندەڵی لە هەموو ساڵانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی باوک و کوڕ بزانرێت. پاش ئەوە کە پێشنووسی قانوونەکەیان لەو جەلەسەیەدا شرۆڤە کرد، بەو ئەنجامە گەییشتن کە کەموکوری لە دەقەکان‌دا هەیە و هەربۆیە بە دروستیان زانی لە کۆبوونەوەی گشت وەزیران‌دا بیخەنە بەر باس و شرۆڤە و دەقی کۆتایی لەوکاتدا گەڵاڵە بکرێت و لە دواییشدا ڕادەستی دەوڵەت بکرێت. ٥٧ ساڵ وڵات بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوە کە قانوونێک بوونی هەبێ کە ڕێگە بە دەزگای داد بدات لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەتەکانی پەهلەوی وردبێتەوە.

لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ژیارانە خەباتی مەدەنی و دێمۆکڕاتیکیان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەگڕخستبوو، نۆ خوێندکاری ئێرانی لە هۆلەند بە تاوانی کردەی تێڕۆڕیستی دەستبەسەر کران. ئەو خوێندەکار ئێرانی‌یانە لە مێتۆدی تێڕۆڕیستانە بۆ دژایەتیی دەستهەڵاتی پەهلەوی کەڵکیانوەرگرتبوو.[14]

لە تاران‌یش بەشێک لە ڕۆژنامەوانانی ئەوکات زەخت و گوشاری زۆریان لەسەربوو.  ئەوان دەوری بەرچاویان لە بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکان و چێکردنی ڕاپۆڕتەکان لە هەموو ناوچەکانی ئێران‌دا هەبوو. بەشێک لەوان تەنانەت مانگرتنی جۆراوجۆریان ئەنجام‌ دا و خۆیان لە پرسە جددی‌یەکانی جەماوەر دوور نەدەکردەوە. بەهۆی دەستکەوت و سەرکەوتنێک کە ئەوان بەدەستیانهێنابوو، مامۆستایانی شاری مەهاباد پەیامێکی پیرۆزباییان بۆ ئەو چینە دیارەی کۆمەڵگای ئێران ئامادەکردبوو و پەیامەکەیان لە ڕۆژنامەدا بەچاپگەییشت.[15]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٦

serder

لە کاتێکدا کە پەهلەوی لە پاشەکشەی نەبڕاوانەدا بوو و لە هەموو شوێنێکی وڵاتەوە کەوتبوو ژێر هێرشی چین و توێژی جۆراوجۆر، سەرلەنوێ ١٩٦ زیندانی سیاسیی ئازادکران و لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوە بوو کە بە فەرمیی ڕایگەیەندرا کە:

«زیندانییە سیاسییەکان هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەدابوو.»[1]

لەو کاتەدا کە پەهلەوی خەریکبوو سەرنجی چینە جۆراوجۆرەکان ڕابکێشێت و بەردەوام بۆ چەندین جاران لەسەریەک داهاتی کارمەندان و مامۆستایانی زیادکرد، لە کوردستان گڕ و تینی کوردەکان دژ بە حکومەت و دەستهەڵاتی پەهلەوی لە پەرەسەندنێکی بەرچاودا بوو. لە ئیلام، وێڕای چەندین زەختی جۆراوجۆر و مانگرتن کە کوردەکان بەڕێوەیاندەبرد، کارمەندەکانی نەخۆشخانەش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و دەستیان لە کار کشاندەوە. ئەوان دە ڕۆژ بەر لەوە کە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیەنن، ویستەکانی خۆیان لە شەش خاڵان‌دا بە بەرپرسانی حکومەت گەیاندبوو و لەبەر ئەوە کە داواکارییەکانیان بە هێند وەرنەگیرابوو، دەستیان لە کار کشاندەوە.[2]

لە ورمێ کۆمەڵی مامۆستایانی ئەو شارە لەگەڵ سەرۆکی گشتیی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و خوازیاربوون هەردووک جێگرەکانی خۆی لەسەرکار لابەرێت. سەرۆکی گشتیی هەر لەوێ ملکەچی داواکاری مامۆستایان بوو و دوو کەسی دیکەی بە ناوەکانی «حوسێن تەریقی» و «ئەندازیار خێریە»ی لە جیاتیان هەڵبژارد کە پەسەندی مامۆستایانی ئەو شارە بوون.[3] بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆژنامەوانی تاران بۆ ڕۆژنامەی ئێتێلاعاتی ئامادەکردبوو، مامۆستایانی مانگرتووی ورمێ مۆڵەتێکی دە ڕۆژەیان بە حکومەت دەدا هەتا بە داواکارییەکانیان ڕابگات. بۆئەوەی کە قوتابییەکان زەرەریان لێ نەکەوێت، ئامادەبوون مانگرتنەکەیان بە دانانی مەرج بۆ حکومەت بشکێنن و دە ڕۆژیان مۆڵەت بە حکومەت بدەن تا ویستەکانیان بەجێگەیەنێت. ئەو پەیامە لە لایەن پازدە کەس لە مامۆستایان بە نوێنەرایەتیی پازدەهەزار مامۆستای ئەو شارە بە بەرپرسانی حکومەت ڕاگەیەندرا.[4]

لە شاری کورد بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان بە نوێنەرایەتیی مامۆستاکانی شار ڕێپێوانێکی هێمنیان بەڕێوەبرد. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵان‌دا گەڵاڵە کردبوو و ڕادەستی بەرپرسانی حکومەتی پەهلەوی‌یان کرد. هاوکات ڕایانگەیاند کە بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانیان حەوتوویەک مۆڵەت بە حکومەت دەدەن. ڕێژەی ئەو مامۆستایانە نزیکەی ٥٠٠ کەس دەبوو و لە شەقامی مەولەوی ڕا بەرەو ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە ڕۆییشتن و لەوێش سەرلەنوێ ویستەکانی خۆیان بۆ بەرپرسان خوێندەوە.[5]

حکومەت لەو ماوەیەدا توانیبووی هەموو ویستەکانی مامۆستایانی مانگرتووی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی، نەوت‌شا و گەیلانی ڕۆژئاوا بەجێگەیەنێت، هەربۆیە ئەوانیش مانگرتنەکەی خۆیان شکاند و ڕایانگەیاند کە دەچنەوە سەر کارەکانیان.[6] لە ئیلام کە هێشتا زۆر لە داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێنەکرابوو، قوتابییەکانی ئەو شارە لە پاڵپشتیی مامۆستاکانیان ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد. قوتابییەکانی دەبیرستانی تەربیەت، پەروین و مەدرەسەی کوروش لەو ڕێپێوانەدا بەشداربوون.[7]

لە کرماشان کۆمیسیۆنێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر گەندەڵیی پێکهات. ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنەش لە کۆمەڵێک مافناس و دادوەر پێکهاتبوو  و بەڵێنی درا کە بە هەموو پرسە پێوەندیدارەکان ڕابگەن. جگە لەو کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنێکی دیکەش بە ناوی «پێڕاگەییشتن بە کاروباری شار» دامەزرا.[8]

شەریف ئیمامی کە خەڵکی بۆ ئاشتی نەتەوەیی بانگهێشت دەکرد، چاوەڕێ بوو کە هەموو قین و تووڕەییەک کە بەرانبەر پەهلەوی لە دڵ و مێشکی کوردەکان‌دا بە قسە بشواتەوە.[9] شەریف ئیمامی لە بانگهێشتی خۆیدا بیری لەوە نەکردبۆوە کە پەهلەوی لای کوردەکان وەک داگیرکەری نیشتمانەکەیان سەیر دەکرێت، نەک وەک پاشای وڵات. تەنانەت خودی شەریف ئیمامی کە هەندێک تۆلێرانسی زۆرتری لە خۆی نیشان دا و لە زەمانی ئەودا زۆر حیزب ئیجازەی چالاکیان پێدرا، نەیتوانی ئەو ئازادییە بە شێوەیەکی مرۆڤی و یەکسان بە کوردەکان ببەخشێت بۆئەوەی حیزبی خۆشەویستی کوردەکان وەک حیزبێکی قانوونی دە نێو خەڵکی خۆیدا چالاک بێت. لەو کاتدا تەنیا حیزبێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی (ئێران) بوو کە چیتر حیزبێکی تەجزیە تەڵەب و جیاییخواز نەمابوو و دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان‌ی هەڵبژاردبوو.[10] بانگهێشتی شەریف ئیمامی لە کوردستان هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا و کوردەکان بە ڕێپێوانکردن، مانگرتن و دروشمە ڕادیکاڵەکانیان سەلماندیان کە پەهلەوی دەبوا لە ئێران بڕوا و وەک باوکی باقی ژیانی لە هەندەران بەسەربەرێت.

موحەممەدرەزا پەهلەوی لای وابوو کە خەڵک کێشەیان تەنیا لەگەڵ خۆی هەیە، هەربۆیە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ «ئێدوارد سابیلە»ی فەڕەنسی بۆ یەکەمجار بە فەرمیی ڕایگەیاند کە کوڕە گەورەکەی وردەوردە وەنێو دونیای سیاسەتی ئێران دەکەوێت و دەستهەڵات بە دەستەوە بگرێت.[11] ئەو کوڕەی پەهلەوی دەرسخوێندنی لە ئەمەریکا تەواوکردبوو، بەڵام بنبڕکردنی دەستهەڵاتی بنەماڵەیی پەهلەوی ڕێگەی نەدا کە ئەو کوڕەش وەک باوک و باپیری لەسەر کەرامەتی نەتەوەکانی نێو ئێرانی مانۆڕ لێبدات.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ڕەستاخیز ئامادەیکردبوو، کارمەندەکانی ڕێکخراوی بێهداری و بێهزیستی کرماشان کۆبوونەوەیەکی گەورەیان پێکهێنا. ڕێژەی کارمەندەکان نزیکەی هەزاروپێنجسەد کەس دەبوو و ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵ‌دا گەڵاڵەکردبوو.[12] لە کرماشان سێ ڕۆژ لە مانگرتنی کارمەندەکانی دەرمانگە و ئیدارەی دامپزشکی پارێزگا تێپەڕیبوو. ئەوان پاش سێ ڕۆژان ویست و مەرجەکانی خۆیان بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان ڕاگەیاند کە لە ١٧ خاڵان‌دا گەڵاڵەکرابوون.[13]

لە هەرسین‌یش مامۆستایان لەگەڵ قوتابییەکان و جەماوەری ئەو شارە ڕێپێوانیان لە دژی حکومەت ئەنجامدا. ڕێپێوان و ةارەزایەتیی ئەوان لەبەر شێوەی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی شارەداری ئەو شارە بوو. ئەوان هەروەها خوازیار بوون کە ئەنجومەنی شار بە تەواویی هەڵوەشێندرێت و چیتر ئەو بایەخ و شەڕعیەتە بە ئەوان نەدرێت کە دەست لە کاروباری شار وەردەن. بەخشداری هەرسین بەڵێنی بە ڕێپێوانکەران دا کە هاوکاری پێویست ئەنجام بدات و داوای لە جەماوەر کرد بڵاوەی بکەن.[14]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٧

25-09-2016-14-36-48

 

سەرچاوە فارسییەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە خەبات لەبۆ لەسەرکارلابردنی بنەماڵەی پەهلەوی لە دەستهەڵات، جیا لەوە کە لە زەمەنی جۆراوجۆر بە شێوەی جیاواز ئەنجام درا، لە ناوچە بە ناوچە و لە نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوەچوو. لە ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینییەوە خەباتی پەهلەوینەویستیی لە ئێران‌دا پێی نایە نێو قۆناخێکی نوێ و زۆر مخابن لە ناوچە فارسییەکان و لە شوێنە ترکنشینەکان کردەوەی ڕادیکاڵ، دژە مرۆڤی و نائەخلاقی‌ لە پەرەسەندن‌دا بوو، لە کاتێک‌دا لە ناوچە کوردستانی‌یەکان‌دا، کوردەکان لەسەر مێتۆدی ژیارانەی خۆیان لە بەرانبەر دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی پێداگربوون و سەرەڕای قینێک کە لە پەهلەوی‌یان هەبوو، شارستانییەتی خۆیان لە سیاسەت بە دژی پەهلەوی پاراست.[1]

لە ورمێ‌ی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شۆفیرەکانیش وەخۆکەوتن. شۆفیرەکانی کۆمپانیای سەرتاسەری ئۆتووبووسی ئێران لەگەڵ بەرپرسان و کارگێڕانی ئیدارەی ئاورکوژێنەوە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و بەبێ ئەوە کە ویستەکانیان گەڵاڵە و ئامادە کردبێت -بێ ئەوەی لەمبارەوە شتێک بڵاوکەنەوە- دەستیان لە کارکردن کێشاوە.[2]

لە قەسری شیرن پێشتر کۆمەڵێک مانگرتن ڕاگەیەندرابوو کە بریتی بوون لە: کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست، کارمەندەکانی ئیدارەی دامپزشکی و کارمەندەکانی ئیدارەی هاوکاری گوندەکان. ئەو کارمەندانە لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامبوون و لە دوایین حەوتووی ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینیی، کارمەندەکانی ئەم کۆمپانیانەی ژێرەوەش بە یەکەوە هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان لە ١٥ خاڵ‌دا گەڵاڵە کرد و بە ڕیزی مانگرتوان لە حکومەتی پەهلەوی زیادبوون:

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی سەرپێڵی زەهاو

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی کەیوان

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی شاهین

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی سۆمار

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی رەزا پەهلەوی

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی داڵاهۆ

کارگێڕان و کارمەندەکانی کۆمپانیای کشت و کاڵی دێهلۆڕان[3]

لە کرماشان‌یش سەبارەت بە ناڕەزایەتیی خەڵکی هەرسین ڕاپۆڕتێک ڕەوانەی تاران کرابوو کە ڕێپێوانی هەرسین‌ییەکانی بەسەرکردبۆوە. ڕاپۆڕت باس لەوە دەکات کە خەڵکی هەرسین هەڵبژاردنی «غۆڵامحوسێن ڕەزایی» وەک شارەداری شارەکەیان قبووڵ نەبوو و هەربۆیە لە شەقامەکانی ئەو شارەدا ڕێپێوانیان ئەنجامدابوو. خەڵک دەریانبڕیبوو کە رەزایی باش دەناسن و دەزانن کە شایەنی ئەو پۆستە نییە. ئەمە لە کاتێک‌دا بوو کە ئەندامانی ئەنجومەنی شار لەو شارە، شارەداری پێشووشیان لەسەرکار لابردبوو و پەهلەوی لەو شارۆچکەیەدا ئاڵتێڕناتیڤێکی بۆ شارەداربوون نەبوو کە پەسەندی جەماوەری کورد بێت.[4]

ئەوەی کە لەو زەمەندا سەرنجڕاکێشبوو، دەوڵەتی شەریف‌ئیمامی و خودی پەهلەوی ئەو تۆلێرانسەیان لە خۆیان‌ نیشان دا کە حیزبی نوێ بە ناوی سەیر و سەمەرە (بۆ وێنە وەک حیزبی «ئێرشاد مێللی») دابمەزرێن و ئازادی چالاکی سیاسی‌یان هەبێت، کەچی کوردەکان هەتا دوا چرکەی دەستهەڵاتداری پەهلەوی لەو مافەش بێبەربوون.[5]

یەک لەو کێشە جددیانەی کە لە کۆمەڵگای فارسیکراوی ئێران‌دا هەبووە و هیچکات وەک پرس لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە سەیری نەکراوە، جگە لە ڕەیسیزمی سیستەماتیک و دەوڵەتی، پرسی ڕەیسیزمی شەخسی‌یە. مخابن ئەمجۆرە لە ڕەیسیزم، بەردەوام لە کۆمەڵگادا وێنەی قێزەون و ناشرینی دەردەکەوێت و بە پاساوی ئەوە کە لە چەشنی شەخسی‌یە، وەک پرس سەیر ناکرێت و وەپشتگوێی دەخەن. کۆمەڵێک پزیشکی بیانی کە نەیانتوانیبوو زمانی فارسی فێربن، بێحوڕمەتی‌یان پێ کرابوو و هەربۆیە ئەوانیش لە دژی حکومەتەکەی پەهلەوی هەڵوێستیان گرتبوو و مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەو پزیشکانە دەستیان لە کارکردن کێشاوە و لایان وابوو کە بێحوڕمەتی بە کەرامەتی خۆیان و نەتەوەکەیان کراوە و هەربۆیە وێڕای ڕاگەیاندنی مانگرتنی خۆیان، حکومەتی پەهلەوی‌یان بردبوو ژێر پرسیار و داوای ڕونکردنەوەیان کردبوو. ژمارەی پزیشکە مانگرتووە بیانی‌یەکان ٢٨ کەس بوو.[6] لەو کاتەدا پەهلەوی بە ڕادەیەک کەوتبوو ژێر زەختەوە کە تەنانەت مۆعتادە فارسەکانیش لێی ڕازی نەبوون و هەربۆیە بیست هەزار مۆعتادی فارس وەزاڵەهاتنی خۆیان لە بەرپرسانی پەهلەوی بە ڕۆژنامە کێشا.[7]

لە ئیلام‌ی کانگای ژیاریی، شایی و چەپڵەڕێزان بوو. ئیلامی‌یەکان لەبەر ئەوە کە مامۆستای ئایینی و نیشتمانپەروەری کورد -حاجی شێخ موحەممەدی مروارید- لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە دەستبەسەرکرابوو، چەند جاران ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی شارستانی‌یانە دەربڕیی و دوانێوەڕۆی دوایین پێنجشەممۆی یەکەم مانگی پاییزی ١٩٧٨ی زایینیی ئەو مامۆستایە ئازادکرا. مامۆستا مروارید نزیکەی دوو مانگ پێشتر لەسەر یەک لە ڕێپێوانەکانی دژی پەهلەوی دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی هاندانی خەڵک دژی دەستهەڵاتی ئێران تاوانبار ناسرا. جەماوەری ژیری ئیلام بۆ دەربڕینی شادی و کەیفخۆشی خۆیان لەبۆ ئازادبوونی ئەو کەسایەتییە، دەیان مانگا و مەڕیان کردە قوربانی و پاش ئەوە گوێیان لە قسەکانی حاجی شێخ موحەممەد گرت، بە شێوەیەکی زۆر هێمنانە کۆتاییان بە کۆبوونەوەی خۆیان هێنا و بڵاوەیانکرد.[8]

لە پاش هەموو پاشەکشەکان و نەرمبوونەوەیەک کە پەهلەوی لە خۆی نیشان دا و لەبەر ئەوە کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و دەربڕینی هەستی پەهلەوینەویستیی لە پەرەسەندن‌دا بوو، پەهلەوی سەرلەنوێ بە دانی کۆمەڵێک بەڵێنی دیکە هاتەوە لای جەماوەر بۆئەوەی بەڵکوو بتوانێت کۆنترۆڵی دۆخی نالەباری دەستهەڵاتەکەی بکات. کورتەیەک لەو بەڵێنییە نوێیانەی شا بریتی بوون لە:

. خەڵک حەزی خۆی لە هەڵبژاردن بەکار بهێنێت و بۆچوونە جیاوازەکان بەرانبەری یەکتر ببنەوە [واتە ٥٧ ساڵ ئازادی سیاسیی لەژێر سێبەری پەهلەوی‌یەکان نەبوو]

. هەزار زیندانی سیاسیی دیکە ئازاد دەکرێن [بەڕاستی ڕێژەی زیندانییەکان چەند بوو کە هەر جارە ئەو هەمووە ئازاد دەکرا؟!]

. بەڵێنی بۆ پێکهێنانی دادگایی بۆ گەندەڵان (دادگای نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە)

. لێپرسینەوە لە کاروباری حکومەت مافی خەڵکە [واتە پەهلەوی خۆی قبووڵی کردبوو کە ٥٧ ساڵ ئەو مافە لە خەڵک زەوت کرابوو]

. ئەو خوێندکارانەی زانکۆ کە دەستبەسەرکراون، پاش ئازادبوونیان دەتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن [واتە ٥٧ ساڵ، پەهلەوی‌یەکان ئەو مافەیان بە خوێندکاران نەدابوو][9]

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سەڵماس، مامۆستاکان و کارگێڕانی دەبیسرستانەکانو مەدرەسەکان لە دەبیرستانی «رەزا شای کەبیر» کۆبوونەوە و وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆیان لە ڕاگەیاندنی ویستەکانی کۆمەڵەی مامۆستایان، ویستەکانی خۆیان لە ٢٥ خاڵ‌دا خوێندەوە. بەم بۆنەوە ڕێپێوانێکی هێمن‌یان بەڕێوەبرد و بە داخستنی مەدرەسەکان، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[10] بە پێی ڕاپۆڕتێکیش کە لە ورمێ ڕا بە تاران گەییشتبوو، کارمەندەکانی زانکۆی ئازادی نەغەدە لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان‌دا بوو. ئەوان کە ویستەکانی خۆیان لە حەوت خاڵان‌دا گەڵالەکردبوو، ڕایانگەیاندبوو کە هەتا دانە بە دانەی ویستەکانیان بەجێنەگەیەندرێن، ئامادە نابن بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێنەوە.[11]

لە کرماشان‌یش کۆلێجی زانست و پزشکی زانکۆی ڕازی هەروا داخرابوو و خوێندکاران ئامادەنەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان.[12]

‌‌

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٢٨

destur29071357

وێنەیەک کە لە ژێرەوە داندراوە، لە تاران هەڵگیراوە. کوردەکانی دانیشتووی تاران زۆر پەرۆشی دۆخی کوردستان بوون و هەربۆیە بە مەبەستی هاندانی ئێرانییەکان بۆ پاڵپشتیی لە کوردستان و کورد، دروشمی جۆراوجۆریان لەسەر دیوارەکان دەنووسی.

taranserder

بۆ پێداگریی لەسەر سپاردنی سەروەریی بە دەستووری بنەڕەتی و کشانەوە لە سەرەڕۆیی شەخسی و بنەماڵەیی لە دەستهەڵات، موحەممەدرەزا پەهلەوی بەرانبەر بە نەتەوەکانی ئێران قسەیکرد و دەقی قسەکانی بە وردیی لە ڕۆژنامەکان‌دا بڵاوبۆوە.[1] خاڵە گرنگەکانی گوتاری پەهلەوی بریتیبوون لە:

  • ئاماژەکردن بە هۆکارەکانی شکستەکانی ڕابوردوو
  • دەربازکردنی وڵات لە مەترسی
  • ئەرکەکانی پاشا
  • درێژەداربوونی مێژووی سێ‌هەزارساڵە
  • هەڵبژاردنی ئازاد
  • ئاسایشی وڵات

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان -لە شاری سەڵماس- مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە ٢٥ خاڵ‌دا گەڵاڵە کردبوو کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:

  • ئازادکردنی موحەممەد درەخشێش و هەموو ئەو خوێندکارانەی کە زیندانی کرابوون.
  • بودجەی تایبەت و دیاریکراو بۆ پۆشتەکردنی مەدرەسەکان دابین بکرێت.
  • بودجەی ئاوەدانکردنەوەی نەتەوەیی بۆ کێشانی ڕێگا و بانی گوندەکان دابین بکرێت.
  • هەڵبژاردنی سەرۆکی ناوەندە فێرکارییەکان بە پێی چوارچێوەیەک بێت کە داڕێژڕابوو.[2]

لە نەغەدە کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایانی ئەو شارە لە خانووی مامۆستایان پێکهات. مامۆستایان ڕەخنەی خۆیان لەسەر وەپشتگوێخستنی ویستەکانیان دەربڕی و بە گوێی حکومەتیان گەیاند. حەوتوویەک بوو کە مەدرەسەکانی ئەو شارە داخرابوون و هێشتا لە لایەن حکومەتەوە هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ کرانەوەی مەدرەسەکان و بەجێگەیاندنی ویستی مامۆستایانی ئەو شارە هەڵنەهێندرابۆوە.[3] لە ئیلام بەبێ ئەوە کە گەورەکان، مامۆستایان و ئێلیتی کورد هاندەری لاوان بن، ڕێپێوانێک لە لایەن قوتابیان لاوی ئەو شارە بەڕێوەچوو. لاوانی کورد لە دژی حکومەت هەڵوێستیان گرت و لە شەقامی خەیام و گۆڕەپانی شاهرەزا دروشمیان دەدا و لە کۆتاییشدا بەبێ ئەوە کە تێکهەڵچوونێک لە نێوان ئەوان و چەکدارانی ئێرانی پێکبێت، بڵاوەیان کرد.[4]

لە کاتێکدا کە دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی ڕەش لە بازاڕەکانی جیهانی‌دا بڵاوببۆوە، پەهلەوی پاشگەزبوونی خۆی لە کڕینی حەفتا فڕۆکەی «ئێف-١٤» ڕاگەیاند. بە پێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، هۆکاری پاشگەزبوونی پەهلەوی لەم کڕینە یەک و نیو ملیارد دۆڵاڕییە، کێشەکانی نێوخۆی وڵات بوو.[5]

بە دوای ئازادبوونی مامۆستای نیشتمانپەروەر و ئایینی کورد -حاجی شێخ موحەممەدی مروارید- ڕۆڵی مزگەوتەکانی کوردستان لە بزوتنەوەی بنبڕکردنی دەستهەڵاتی پەهلەوی زەقتر بوو و مامۆستایانی ناسراوی کوردستان زۆرتر ڕوخساری ئۆپۆزۆسیۆنبوونی خۆیان دەرخست. لە ناوەندی ئەردەڵان، مامۆستایانی ئایینی ئەو شارە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئازادبوونی مامۆستا مروارید لە نوێژی هەینی دەربڕی و لەبەر زۆربوونی جەماوەر، بەشێکی بەرچاو ناچاربوون لە حەوشە و سەربانی مزگەوت بۆ دانیشتن و نوێژگرتن کەڵکوەرگرن. (بڕواننە وێنەی ژێرەوە کە بەشێک لە جەماوەری دەرەوەی مزگەوت نیشان دەدات)[6]

sn456681e

بە پێی ڕۆژنامەی ڕەستاخیز، لە ورمێ کەمکاری لە ئیدارەکان‌دا بە تەواویی دیاربوو و مانگرتنەکانیش بە تەواویی حکومەتی لەژێر زەخت دانابوو. لە کاتێک‌دا کە بەرپرسانی حکومەت خەریکی شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی مەرجەکانی شکاندنی مانگرتنە ڕاگەیەندراوەکان بوون، کۆمەڵێک کارمەندی دیکە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کارمەندەکانی ناوەندی دەروونناسی ورمێ چوونە ڕیزی مانگرتوانی ئەو شارە و ویستەکانی خۆیان بڵاوکردەوە. باقی مانگرتنەکان درێژەیان هەبوو کە گرنگترینیان بریتیبوون لە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کاروباری ئابووری و بازەرگانی، ڕێکخراوی هاوکاری گوندەکان، شۆفیرەکانی شارەداری، کارمەندەکانی ئیدارەی تۆمار، کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست، کارگێڕانی دامپزشکی، شۆفیرەکانی کۆمپانیای سەرتاسەری ئۆتووبووسی ئێران لەگەڵ بەرپرسان و کارگێڕانی ئیدارەی ئاورکوژێنەوە.[7]

لە ئیلام‌یش بە پێی هەواڵنێری پارس، کارمەندەکانی ڕێگا و بانی ئەو پارێزگایە دەستیان لە کارکردن کشاندبۆوە و ڕایانگەیاندبوو کە تا بەجێگەیاندنی ویستەکانیان لەسەر کارەکانیان ئامادە نابن. ئەم مانگرتنە کێشەکانی حکومەتی لە ناوچەدا زۆرتر کرد و هەربۆیە کۆبوونەوەیەک لەم بارەوە لە لایەن جێگری سەرۆکی پارێزگاری ئیلام پێکهێندرا بۆئەوەی لە کێشەکان وردببنەوە.[8]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


بەشی ٢٩

زەختی کوردەکان لە کرماشان زۆرتر بوو و کاربەدەستانی پەهلەوی لە سەرووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ەوە هەتا خوارووی ئیلام لە هەڵات‌هەڵات‌دا بوون بۆئەوەی کوردەکانی دژ بە دەستهەڵات، هێمن بکەنەوە.

لە کرماشان چوارسەد کەس لە کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی ڕێگا و بانی پارێزگا دەستیان لە کارکردن کشاندەوە. ئەوان ڕایانگەیاند کە هیچ داواکارییەکیان بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانیان نییە، بەڵام بۆ ئەوان یەکجار گرنگە کە سەرۆکایەتی ئیدارەکەیان بگۆڕدرێت. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لە لایەن ڕاگەیاندنی سەر بە موحەممەد ڕەزا پەهلەوی بەچاپگەییشتبوو، هۆکاری سەرەکی ئەو دژایەتییە بۆ گەندەڵبوونی بەڕێوەبەری گشتیی و سیاسەتی جیاوازیدانانی ئەو دەگەڕاوە.[1]

لە کرماشان، مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی هاوکاری و کاروباری گوندەکان لەگەڵ دامپزشکی پارێزگا درێژەی هەبوو و کارمەندەکانی ئەو دوو ڕێکخراوە حکومەتییە ڕۆژانە لە شوێنی کاری خۆیان ئامادەدەبوون و لەسەر عەرزی دادەنیشتن. دەرمانفرۆشەکانی ئەو پارێزگایەش کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەو مانگرتنانە و هەربۆیە زەخت بۆسەر حکومەت و دەوڵەت زۆرتر بوو.[2]

پەهلەوی پڕۆژەیەکی درێژخایەنی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەی بەڕێوەبردبوو، بەڵام وەک پێشتریش نموونە خستراوە بەردەست، ئەو ڕێفۆڕمەی پەهلەوی زۆرتر فۆڕمێکی پڕۆپاگەندەیی هەبوو و بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەنەچوو. ئەمە تەنانەت پێتەختی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی‌شی دەگرتەوە. بۆ وێنە پاش ئەو هەمووە پڕۆپاگەندەیەی کە بە ناوی ڕێفۆڕم و شۆڕشی شا و جەماوەر کرا و پاش ئەوە بودجەیەکی زۆر بۆ بەڕێوەبەریی ئەو ڕێفۆڕمە تەرخان کرا، هێشتا زبڵەکانی تاران لە شوێنی حاوانەوە و ژیانی خەڵک‌دا دەسووتێندرا و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ گەندەڵیی کارگێڕانی پەهلەوی دەگەڕاوە. سووتانی زبڵ و زاڵ لە گەڕەکەکانی تاران‌دا چەندین کیلۆمەتر بۆشایی دەوروبەری بە خۆیەوە پیسدەکرد و دووکەڵی زۆر و هەوای ناسالم تەندروستی خەڵکی پێتەختنشینی لەژێر مەترسی‌دا نابوو.[3]

زەختەکان لە سەرتاسەری وڵات وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆسەر دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی لە پەرەسەندن‌دا بوو و هەربۆیە پەهلەوی وەک پێشوو ئاڵتێڕناتیڤی پاشەکشەی خشکەیی و وردەوردەی پێ لە ئاڵتێرناتیوە ڕادیکاڵەکان باشتر بوو و لەو لاشەوە بە بەردەوامیی سەری کیسەکەی شڵ کردبۆوە و پەیتاپەیتا داهاتی ساڵانەی کارمەندەکان، مامۆستایان و کرێکارانی زیاد دەکرد. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا ئەم مزگێنی‌یانەی ژێرەوە بە جەماوەر درا:

١١٦٠ زیندانی سیاسیی ئازاد دەکرێن.

ئەو پلە و پایەگەلەی کە پێشتر لە هەندێک کارمەند بە شێوەی قانوونی سەندرابوونەوە، بۆیان دەگەڕاندراوە.

پڕۆژەی تایبەت بۆ ئازادکردنی گشت زیندانییە سیاسییەکان.[4]،[5]

بەهۆی ئەوە کە چەکدارانی ئێرانی بە شێوەیەکی ژیارانە لە بەرانبەر ڕێپێوانی خەڵکی سیڤیل هەڵس‌وکەوتیان نەکردبوو و بۆ پاشەکشەکردن بە خەڵکی ناڕازی لە پەهلەوی دەستیان بۆ چەک بردبوو و خەڵکێکی زۆریان کوشتبوو، هەربۆیە لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن «دادگای ڕاسێڵ»ەوە لەمبارەوە ئەنجام درا. لێژنەیەک لە ئەندام‌پارڵەمانانی ئیتالیا و ئینگلیس لە لایەن دادگای ڕاسێڵ و کۆمیتەی خەڵکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و بەرەو تاران بەڕێکران. ئەو لێژنەیە دەبوا لەسەر ڕێژە و چۆنییەتی کوشتنی خەڵک و هەروەها ڕێژە و دۆخی زیندانییە سیاسییەکان ڕاپۆڕتێک ئامادە بکات.[6] هەر لەم بارەوە ڕادیۆ لەندەن‌یش ڕاپۆڕتێکی تایبەتیی ئامادە و بڵاوکردەوە کە دەنگدانەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەستاخیزی سەر بە پەهلەوی‌دا هەبوو.[7]

پاشەکشەیەکی دەگمەن:

لە کاتێک‌دا کە پەهلەوی بڕیارێ‌دا ١١٦٠ زیندانی سیاسیی دیکە ئازاد بکرێن، موحەممەد باهێری وەک وەزیری داد لە لێدوانێک‌دا ئاماژەی بە خاڵێک کرد کە پێشتر لە زەمانی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی باوک و کوڕ دا ڕووینەدابوو. وەزیری داد لە قسەکانی‌دا ئاماژەی بە هەڵەبوونی دەستبەسەرکردنی ئەو زیندانی‌یانە کردبوو و ڕایگەیاند کە ئەو هەڵەیە بۆ هەموو زیندانییەکان قەرەبوو دەکرێتەوە.[8]

لە ژێرەوە وێنەیەک لە ڕێپێوانی کوردانی ئەردەڵان دەبینن کە بە پیر و جحێڵ و مناڵەوە ڕمبەیان لە عەرزی سنە دەهێنا و هاواری پەهلەوینەویستی خۆیان لە شەقامەکانی ئەو شارە کێشا.[9] لە مژارەکانی دادێ‌دا زۆرتر باس لەو ڕێپێوان و هەڵوێستانەی کوردان دەکرێت کە دەستهەڵاتی دژەکوردی پەهلەوی لە بەرانبەری‌دا وەلەرزەکەوت.

serder

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٠

01serder

پێشتر ئاماژە بەم گرنگە کراوە کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان [دواتر بوو بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران)] مافی چالاکی سیاسیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو و تەنانەت پاش ئەوە کە دەستهەڵاتی پەهلەوی کەوتە بەر زەخت و گوشاری جەماوەر، سەرەڕای ئەوە کە مافی ئازادبوونی چالاکی سیاسیی بە زۆر تاقم و گرووپ درا، بەڵام حیزبی دێمۆکڕات لەو ئازادی‌یە بێبەربوو. حیزبی دێمۆکڕات‌یش کە تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەو زەمەن‌دا کە پەهلەوی خەریکبوو دەستهەڵاتەکەی بۆ هەتاهەتایە لەدەستبدا، لە پڕش و بڵاوییەکی بەرچاو‌دا بوو.

لەو کاتدا دوکتوور قاسملوو لە دەگمەن ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکڕات بوو کە لە ئەورووپا چالاک بوو. زۆرینەی سەرکردایەتی کەمڕێژەی دێمۆکڕات لە عێراق دەژیان. چەند کەسێکیان لە ئەورووپا بوون و ئەندامانی نێوخۆی دێمۆکڕاتیش یان بە شێوەی نهێنی دەژیان، یان ئەوە کە لە زیندان‌دا دەستبەسەر کرابوون و یان ئەوە کە لەژێر چاوەدێری ساواک‌دا بە ریسکێکی زۆر دەژیان و جارجار دەیانتوانی جوڵەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. لە نێوان سەرکردایەتی دێمۆکڕاتیش لە عێڕاق کێشەی شەخسی و جیاوازی بۆچوون بە ڕادەیەک بوو کە لە کۆتایی‌دا حیزبی دێمۆکڕات ناچار بوو بەرپرسیارەتیی لە هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی خۆی بستێنێتەوە و تەنانەت جێگری سێکرێتێری گشتیی حیزب هەلپەسێردرا.

بەر لەوە کە ئاماژەیەکی کورت بە ئەو کێشانە بکرێت، پێویستە ئەمەش بگوترێت کە کوردەکانی سەر بە سۆڤیەت لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە حیزبی دێمۆکڕات ببەنە ژێر سێبەری سەرۆکایەتی حیزبی تودەی ئێران. ڕەحیم سەیف قازی و عەلی گەلاوێژ بابەتێکیان لەسەر مێژووی حیزبی دێمۆکڕات نووسیبوو و لە نامیلکەیەکی حیزبی تودەی ئێران‌دا بەچاپیانگەیاندبوو.[1] کەریمی حیسامی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو دوو کەسە جیا لەوە کە خەبات و مێژووی حیزبی دێمۆکڕاتیان لە پاش کۆماری کوردستان بە تەواویی سڕیبۆوە، داوایان لە کوردە دێمۆکڕاتەکان کردبوو کە بچنە ژێرباڵی حیزبی تودەی ئێران کە حیزبێکی سەر بە سۆڤیەت بوو.[2]

تێبینی: ڕەحیم سەیف قازی ئەندامی سەرکردایەتی فرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بوو کە خەباتی بۆ مافی ترکەکان دەکرد و سیاسەتەکەیان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ حیزبی تودەی ئێران نەبوو و سەرچاوەی هاوبەشیان هەبوو. عەلی گەلاوێژ ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی تودەی ئێران بوو.

کەریم حیسامی نووسیوییەتی کە داوای لە د. قاسملوو کردبوو وەڵامی بابەتەکەی سەیف قازی و گەلاوێژ بداتەوە، بەڵام د. قاسملوو نەیویستبوو بایەخ بە ئەوان بدا و هەربۆیەپێشنیاری بە حیسامی کردبوو کە بۆخۆی وەڵامیان بۆ بنووسێت و بە زمانی فارسی و کوردی بەچاپیگەیاندبا. کەریم حیسامی‌ش دواتر ئەو کارەی کرد، بەڵام بابەتەکەی بە ناوی خۆی بڵاو نەکردەوە و لەژێر ناوی «شیروان» بەچاپگەییشت.[3]

حیزبی تودەی ئێران دەیتوانی بۆ کوردەکان کێشەساز بێت و هەربۆیە سەرکردایەتی دێمۆکڕات بە دروستی نەدەزانی هێندە دمەقاڵەیان لەگەڵ بکات.[4]

لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران)دا، دوکتوور قاسملوو جیا لەو پێوەندییانەی کە سازیدەکرد، لەو زەمەن‌دا لەگەڵ ڕێکخراوگەلی ئێن‌جی‌ئؤ و چەند پارێزەرێک پێوەندی قووڵی هەبوو. د. قاسملوو توانی پارێزەرێکی بەلژیکی بەرەو تاران بنێرێت بۆئەوەی لە نزیکەوە لەسەر دۆخی عەزیز یۆسفی لە زیندان‌دا لێکۆڵینەوە بکات و ناوی غەنی بلوریان‌یش لە لیستی ئەمنستی ئینتێرناشناڵ‌دا بوو و خەبات لەبۆ ئازادکردنی بەردەوامبوو.[5]

یەک لە کێشە گەورەکانی سەرکردایەتی دێمۆکڕات لەوکاتدا کێشەی نێوان ڕەسووڵ پێشنەماز و کەریم حیسامی بوو. بەهۆی ئەوە کە کێشەکە پێوەندی بە ئەخلاق و هەندێک شتی شەخسییەوە هەبوو و کار بە لێدان و کوتان گەییشتبوو، ناخۆشبوونی نێوانی ئەو دوو کەسە لە سەرکردایەتی دێمۆکڕات کاریگەری لەسەر دۆخی ئەوکات دێمۆکڕات‌دا نابوو و هەربۆیە دوکتوور قاسملوو پێشنیاری ئاشتبوونەوەی ئەو دوو کەسەی کردبوو کە ئەمیری قازی، حەسەن شەتەوی و کەریم حەداد پشتیوانیان لێ کردبوو.[6]

کێشەکانی حیزبی دێمۆکڕات تەنێ گرێبەستراو بەوە نەبوو کە دوو ئەندامی سەرکردایەتیی بە یەکەوە کێشەیان هەبوو و مافی چالاکی سیاسی‌یان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نەبوو. جگە لە قەیرانی پێوەندیگرتن و نەبوونی نێتوۆڕکێکی پێویست و پرسی ئابووری حیزب و لێکدابڕاوی و بڵاوبوونی ئەندامانی سەرکردایەتیی، کۆمەڵێک کێشەی دیکەش سەر و بنی ئەو حیزبەی داگرتبوو. واتە سەرەڕای ئەوە کە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨ی زایینییەوە دوکتوور قاسملوو گوتبووی کە دەبوو سەرکردایەتی حیزب بگەڕێنەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام چارەسەریی کێشە بنەڕەتییەکان چەتوون بوون.[7]

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بەم شێوەیەی دۆخی خۆیانی لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێمۆکڕات‌دا گەڵاڵەکردووە:

«شۆڕشی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەگرت و حیزبی دێموکراتیش کە دەبوو لە جەرگەی خەبات و تێکۆشان دابێ لە گوێی گا دا نووستبوو.»[نووسینی حەسەن‌زادە هەڵەبڕیی ڕێنووس نەکراوە.]

کێشە لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکڕات تەنیا لە نێوان پێشنەماز و حیسامی‌دا نەبوو. کێشەی نێوان عەبدووڵا حەسەن‌زادە (لە ناوەکانی عەبدوڵڵا حەیاکی و عەوڵا جۆڵاش کەڵکیوەرگرتبوو) و کەریم حیسامی‌ش کاریگەری خۆی لەسەر دۆخی نالەباری ئەو حیزبە‌دا نابوو. دواتریش بینرا کە کێشەی نێوان ئەو دوو کەسە بە جێگایەک گەییشت کە حەسەن‌زادە باسی دەستپیسبوونی حیسامی لە مێژووی حیزبی دێمۆکڕات‌دا تۆمارکرد[8] و حیسام‌یش لە بیرەوەرییەکانی خۆی‌دا هەمان مێتۆدی بەرانبەر حەسەن‌زادە دەکارگرت. لە ئەم لێکۆڵینەوەیەدا نالوێ کە هۆکارەکان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو کێشانە بەسەرکرێنەوە و ڕەنگە بۆ کەسێکی حیزبی زۆرتر جێگەی بایەخ و سەرنج بێت، بەڵام بە کورتیی لە زمانی کەریم حیسامی‌یەوە ئاماژە بە ڕادەی کێشەکان و جیاوازییەکان دەکەم کە بەشێکی بەرچاویان هۆکاری شەخسی‌یان هەبوو.

. حەسەن‌زادە حیسامی بە وەرگرتنی پارە لە حیزبی بەعس تاوانبار دەناسی[9] و کەریم حیسامی‌ش خۆی لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پارەی لە بەعسی‌یەکان وەرگرتبوو.[10]،[11]

. هاشم کەریمی دژی کەریم حیسامی بوو.[12]

. د. قاسملوو دژی کەریم حیسامی بوو.[13]

. مەلا سمایل دژی کەریم حیسامی بوو.[14]

. کەریم حەداد دژی کەریم حیسامی بوو.[15]

. حەسەن شیوەسەڵی دژی کەریم حیسامی بوو.[16]

بەهۆی ئەو هەمووە دژایەتییەی کە لەگەڵ حیسامی کرابوو، ڕێگەی پێ نەدرا کە لە گرنگترین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزب بەر لە ڕووخانی پەهلەوی بەشداربێت و کۆمیتەی ناوەندی لە بڕیاری خۆیدا کەریم حیسامی بە پێشێلکەری دێمۆکڕاسی لە حیزب‌دا تاوانبار ناساند.[17]  کەریمی حیسامی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا پاش باسکردنی ئەو دژایەتییانە کە لەگەڵی کرابوو، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمیتەی ناوەندی ئەوی لە بەرپرسیارەتیی هەڵپەسێرا.[18]

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) کە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی ناوەکی و دەرەکی بەرەوڕووبوو، لە کۆتاییدا لەسەر پێداگریی دوکتوور قاسملوو کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە بڕیاڕی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی سەرکردایەتیی دا.[19] هەڵبەت ئەوجۆرەی کە حەسەن‌زادە باسیکردووە، دوکتوور قاسملوو چەندین مانگ بەر لە ڕووخانی هەتاهەتایی پەهلەوی پێشبینی بنبڕبوونی دەستهەڵاتی پەهلەوی لە داهاتوویەکی نزیک‌دا کردبوو و هەر بۆیەش پێداگریی لەسەر گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات کردبوو.[20] و تیمی ڕێبەڕی «زاگرۆس» بۆ ئەو گرنگە دەستنیشانکرا.[21]

ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات بە شێوەیەکی کۆڵنەدەرانە بەردەوامبوو. وەک لە وێنەی سەردێڕدا دەبینن، چەکدارانی پەهلەوی بە تانک و زرێپۆشەوە هاتبوونە سەر شەقامەکانی سنە، بەڵام ئەردەڵانی‌یەکان هەنگاوێکی گەورەی دیکەیان بەرەو شۆڕش هەڵهێناوە و بەبێ ئەوە کە لە چەکدارە تەیارەکانی ئێرانی بترسن، شەقامەکانی سنەیان بە دەنگی دلێرانەی خۆیان دەلەرزاندەوە و هاواریاندەکرد: مردن بۆ شا.[22]

لە قوڕوە، مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. لە بەیاننامەی قوڕوە‌ییەکان‌دا ئاماژە بەوە کرابوو کە خوازیاری ئازادی دەربڕین و ئازادی بەکارهێنانی زمانی دایکیی و ئازادی لەبەرکردنی جلکی کوردی بوون و کوشتاری خەڵکی سیڤیل و بێتاوانیان لە لایەن چەکدارانی ئێرانییەوە ئیدانەکرد. مامۆستایانی قوڕوە خوازیاربوون بنکەکانی حیزبی موحەممەد ڕەزا پەهلەوی (ڕەستاخیز) چۆلکرێن و بۆ بەرژەوەندی گشتیی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگیردرێت. ئەوان بە دەستهەڵاتدارانی پەهلەوی‌یان ڕاگەیاند کە واز لە سیاسەتی چەواشەکردنی دۆخەکە بهێنن و هەوڵ نەدەن لایەنگرانی خۆیان بەزۆریی بهێننە سەر شەقام بۆئەوەی پشتیوانی و شوکرانەبژێری خۆیان بۆ پەهلەوی دەربڕن. مامۆستایانی قوڕوە لەسەر چەواشەکارییەکانی پەهلەوی و پڕۆپاگەندە ناڕاستەکانی دەستهەڵاتیان هەڵوێستیانگرت و جگە لەو ڕەخنانەی کە بە گشتیی لە زۆر بەشی دیکەی کوردستان و ئێران ئاراستەی پەهلەوی و دەستهەڵاتەکەی کرابوو، خوازیاری دادگاییکردنی گەندەڵانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کوردستان بوون و لە هەمووی گرنگتر کۆنترۆڵکردنی تەلەفوونی خەڵک لە لایەن سەرۆکایەتی ئیدارەی مۆخابەڕات و لەقاودانی ناوەڕۆکی قسەی خەڵک لە تەلەفون و تێلێگراف‌دا ئیدانەکرا.[23] هەر لەم ڕۆژەدا کرێکارانی کارگەی کیمیایی سەڵماس تێلێگڕامێکیان بۆ ڕۆژنامەکان ناردبوو و خوازیاربوون ویستەکانیان لە سەندیکات کرێکاران بەجێگەیندرێت.[24]

لە ئیلام‌یش ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی دیکەی ئەو شارە و لە پشتیوانیی مامۆستایانی ئەو شارە لە لایەن خوێندکاران و قوتابیانی دانیشسەرای ئیلام بەڕێوەچوو.[25] لە ئیلام دەبیرستانەکانی تەربیەت، پەروین ئێعتێسامی، خەدەمات و هۆنەرستانی سەنعەتی هەر لە مانگرتن‌دا بوون و بە داخراوەیی مابوونەوە.[26]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣١

01

سەرەڕای ئەوە کە ڕێکخراوی «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران»[1] کۆنگرەی یەکەمی خۆی لە دوایین مانگی ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی (ڕێکەوتەکەی ناڕوونە!)[2] گرت، بەڵام بوونی ئەو ڕێکخراوە هەتا ڕێکەوتی ١٥ی ٢ی ١٩٧٩ی زایینیی ئاشکرا نەبوو.[3] بەهۆی ئەوە کە بەشێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە دەستبەسەرکران و بە لەبەرچاوگرتنی خەباتی نهێنی ئەوان لەو زەمەندا لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوە کە خۆشیان هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ تۆمارکردنی وردی مێژووی خەباتەکەیان نەداوە، هەربۆیە ڕوون نییە کە کاریگەری ئەوان لەسەر چینە جۆراوجۆرە شؤرشگێڕ و پەهلەوینەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە بوو.

وەک لە مژاری پێشوو کورتە ئاماژەیەک بە هەڵوێستی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) کرا، تیمی ڕێبەڕی زاگڕۆس پێکهات بۆئەوەی بگەڕێنەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەڕێوەبەری و کۆنترۆڵکردنی جوڵە و ناڕەزایەتییەکان بە دەستەوە بگرن.[4] زاگڕۆس لە سێ لک پێکهاتبوو و هەرکام لەو لکانە دەبوایە لە شوێنی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاک بن.[5] سەرکردایەتی دێمۆکڕات ئەو چەند کەسەی کە کێشەسازبوون و کێشەکانیان کاریگەری لەسەر هەموو کاروباری حیزب‌ نابوو، بۆ ماوەیەک هەڵپەسێرا و بەرەو ڕۆژهەڵات گەڕانەوە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین بەبێ ئەوە کە ڕوونکردنەوەیەک بە خوێنەر بدات، ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی سەرکردایەتی دێمۆکڕات بە پەنای هێزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان‌دا لە قەڵادزێ تێدەپەڕن و دەچنەوە ڕۆژهەڵات، بەبێ ئەوە کە خۆ لە هێزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بگەیەنن.[6]

چەکدارە ئێرانییەکان لە زۆربەی ناوچەکان هەڵەی گەورەیان کردبوو و بە چەک و کەرەستەی دیکەی نیزامی بەرەنگاری خەڵکی سیڤیل و بێ‌چەک ببوونەووە. ئەو هەڵانە لە لایەن خەڵکەوە هەڵوێستی لەسەر گیرا و هەڵوێست و توڕەیی خەڵکیش لە فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆی دەرخست. لە ناوچە فارسییەکان و ئەو شوێنانەی کە ترکەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، کاردانەوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادیکاڵتر دەبوون و ڕاگەیاندنەکان بە بەردەوامی هەواڵی توند و تیژییان لە لایەن خەڵکەوە بڵاو دەکردەوە.

بەهۆی ئەوە کە لە کرماشان چەند کوردێکی سیڤیل بە دەستی چەکدارانی ئێرانی کوژرابوون، بنەماڵەکانی ئەو قوربانییانە هەڵوێستیانگرت کە بۆ لێپرسینەوە لە سەرەڕۆیی و وەحشیبوونی چەکدارانی ئێرانی بەرەو تاران بڕۆن و لەسەر خوێنی بەناڕەواڕژڕاوی ئازیزانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەهلەوی بەرەوڕوو بن. وێنەی ژێرەوە لەو ڕۆژەدا کێشراوە کە خزم و کەسی کوردە قوربانییەکانی کرماشان گەرەکیانبوو بەرەو تاران سەفەر بکەن.[7]

02

پەهلەوی لە دوایین پاییزی دەستهەڵاتداری خۆی ئازادی سیاسیی لە زانکۆکان قبووڵکرد، بەڵام تەقە و تێکهەڵچوون و کردەوەی ڕادیکاڵ لە زۆربەی ناوچە غەیرەکوردییەکان‌دا لە پەرەسەندن‌دا بوو.[8]

لە پەنای مانگرتنەکان و ئەو بەرهەمی سەرەڕۆیی چەکداران و بەرپرسانی ئێرانی بوو، کەمکاریش لە ئیدارەکان و ئۆرگانە حکومەتییەکان ئاسایی بوو و زەختێکی بەرچاو لەسەر پەهلەوی و دەتسهەڵاتەکەی بوو.[9]

لە مژارەکانی دادێ‌دا هەوڵ دەدرێت خەباتی سیاسیی و شارستانیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە کاتێک‌دا بەسەرکرێت کە جوڵە و ناڕەزایەتییەکان بەرچاوتر دەبوون و ڕۆڵی سیاسییەکانی کوردستان وردە وردە خۆی دەردەخست.

لە وێنەی ژێرەوەدا نموونەیەک لە شێوەی هەڵس‌وکەوتی چەکدارانی ئێرانی لە بەرانبەر مرۆڤێکی سیڤیل و بێ‌چەک دەبینن کە خستوویانەتە سەر عەرز و هێرشی دەبەنە سەر.[10]

03

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٢

serder

لایەنگرانی پەهلەوی دەیانبینی کە پێگەی خۆمەینی پەرەسەندنی بەرچاوی لە نێو وڵات‌دا هەیە و هەر بۆئەوە بە سنوورەکان بزانن، مژارێک لە لایەن بەرپرسێکی باڵای پەهلەوی لە بڵاوکراوەکان‌دا بەچاپگەییشت کە کاردانەوەی توندی شیعە ڕادیکاڵەکانی فارسی لێ کەوتەوە.[1] حاشا لەوە ناکرێ کە دەنگی ناڕەزایەتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران دژ بە گەندەڵی و ناعەداڵەتییەکانی پەهلەوی بەرز ببۆوە، بەڵام هەندێک ڕووداو گڕی ئاورەکەیان لە دژی پەهلەوی بەهێزترکرد. کۆمەڵگای بە زۆرینە ئایینی و شیعەپیشەی ئێران تۆلێرانسی ئەوەی نەبوو کە بێڕێزی بە کەسایەتییەکی ئایینیان بکرێت و هەربۆیە بێڕێزیکردن بە خۆمەینی کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە. پێشتر هەڵەی دیکەش بۆ وێنە وەک هێرشبردن بۆسەر مزگەوت ئەنجامدرابوو.[2] لە پەنای ئەمە لەبەرچاو بگرن کە بۆ یەکەمجار وێنەیەک لە زیندان بڵاو بکرێتەوە. سەرنج بەم وێنەیەی ژێرەوە بدەن.[3]

کاتێک کە بۆ یەکەمجار لەسەر پرسی زیندانیانی سیاسی و بەناڕەواگیراو ئەم وێنەیە لەگەڵ سەردێڕی درشتی «زیندانی ئێڤین» بڵاوبۆوە، کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران قەت ئەو پرسیارەی نەکرد کە وێنەکە لە کوێ گیراوە و پێوەندی بە کام زیندان هەیە. من زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمم بینیوە و لە هیچکام لەوان‌دا نەمبینیوە کەسێک ئاماژەی بەوە کردبێت کە ئەم وێنەیە لە زیندانی ئێڤین گیرابێت. باس باسی زیندان و زیندانی بوو و بڵاوکراوەکان وێنەیەکیان لە پەنای تێکستی خۆیان‌دا نابوو. ئیتر ئەم وێنەیە بەبێ لێوردبوونەوە دەست بە دەست دەگێڕدرا و لە دژی سیستەمی مەترسیدار و بەستراوی پەهلەوی‌دا وەک بەڵگەیەک بۆ نیشاندانی جەنایەت لە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا بەکاردەهێندرا.

تێبینی: سۆران کەرباسیان بانگەشەی ئەوە ناکات کە ئەم وێنەیە هی زیندانی ئێڤین نییە، بەڵکوو بە ئاماژەکردن بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی وێنە باس لەوە دەکات کە بڵاوکەرانی ئەم وێنەیە ڕوونیان نەکردبۆوە وێنەکە لە کام زیندانی کام وڵات و لە چ ڕێکەوتێک گیرابوو.

پەهلەوی وەک نیشتمانپەروەرێکی فارس:

پەهلەوی خۆی باش ئاگادار بوو کە شپڕێوبوونی ئێران لەبەر بوونی گەندەڵی و ناعەداڵەتییە و هاوکات دەیزانی کە لە گرمەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان ئانارشیستەکان و پۆپۆلیستەکانیش ڕۆڵ و کاریگەری نەرێنی خۆیان لەسەر هاڵۆزییەکانی وڵات دانابوو، بەڵام بڕیار و جوڵەکانی ئەو دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە پەهلەوی وردبینانە سەرنجی دەخستە سەر ناڕەزایەتییەکان و ئاستی جددیبوونی ناڕەزایەتییەکانی لەیەک جیادەکردەوە. ڕێکەوتی پێنجی نۆڤەمبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی پەهلەوی لە کاتی قسەکردن لەگەڵ یەک لە بەرپرسانی باڵای دەستهەڵاتەکەی ئاماژەی بە مەترسیداربوونی پارچەپارچەبوونی ئێران کرد و لە قسەکانی‌دا کۆماری کوردستان و ویستی سەربەخۆییخوازی کوردەکانی بەسەر زار دا هێنا.[4]

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان‌دا، لە ورمێ مامۆستایان سەرلەنوێ بە کۆمەڵێک ویستی جیاوازەوە دەنگی خۆیان بەرزکردەوە. لەژێرەوە کورتەیەک لە ڕاگەیەندراوی مامۆستایانی ورمێ دانراوە:

گرنگترین ویستەکانی مامۆستایانی ورمێ:

مامۆستایانی ورمێ هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان لە دەنگی مافخوازانەی خەڵک دەردەبڕن و هەتا مسەوگەربوونی ئازادی تەواو درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و لەم پێناوەدا گیانیان لەسەر بەری دەستیان داناوە.

کۆمەڵەی مامۆستایانی ورمێ ئەم داوایانەی ژێرەوەیان لە حکومەتەکەی پەهلەوی هەبوو:

١ . لەسەرکارلابردنی ئەو مامۆستایانەی کە سەر بە سیستەمی پەهلەوی‌ن.

٢ . شۆڕای ناوچەیی فێرکاری و پەروەردە دەبێ سێ نوێنەری مامۆستایانی ورمێهی تێدابێت.

٣ . ئازادکردنی زیندانی‌‌یە سیاسییەکان.

٤ . دابینکردنی ئاسایشی مەدرەسەکان.

دابینکردنی قەرزی بانکیی بۆ خانوو.[5]

لە شاری کورد سکاڵا لەسەر پارێزگار تۆمارکرا. سەرۆکی ئەنجومەنی شار لە شاری کورد لە ٢٤ خاڵاندا لێپرسینەوەی لە ئەنجومەنی ئەو شارە کرد و هاوکات ڕایگەیاند کە بە شێوەی قانوونی وەشوێن فەرمانداری ئەو شارەش دەکەون بۆئەوەی دەستبەسەرکرێت. ئەو هەڵوێستە لە پاش ناڕەزایەتیی کارگێڕان و کارمەندەکانی شارەداری ئەو شارە گیرا کە بەردەرکەی ماڵەکەی سەرۆکی ئەنجومەنیان گرت و ناڕەزایەتی خۆیان لەوێ لە گەندەڵییەکان دەربڕی. سەرۆکی ئەنجومەنی شار کە خۆی لە گەندەڵییەکان و هۆکاری ناڕەزایەتییەکان نەدەکرد بە خاوەن، لە کاتی ناڕەزایەتی‌دا لەبەردەم ماڵەکەیدا گوتی:

«من هەتا دوا دڵۆپی خوێنم واز لە گەڕان بە شوێن پارێزگار و فەرمانداری شار ناهێنم و ڕێگەی قانوونی بەرنادەم. شارەداری ئەم شارەش هەر لە لایەن پارێزگارەوە سەپێندرا. ئێستاش پێنج شەو و ڕۆژ بۆ وەڵاموەرگرتن مۆڵەتم داوە و دەبێ بە نووسین وەڵامم بدەنەوە.»[6]

لە ئیلام‌یش خوێندەکار و قوتابییەکانی ئەو شارە سەرلەنوێ چوونەوە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانی خۆیان بەڕێوەبرد. هونەرمەندەکانی ئیلام بۆ یەکەمجار دەنگی پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایان و قوتابییەکانی ئیلام دەربڕی و لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوون.[7]

لە قەسری شیرن وتووێژ لە نێوان مانگرتوان و بەرپرسانی ئێرانی بێ‌ئەنجام ماوە. جێگری سەرۆکی گشتی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کرماشان لەگەڵ سێ هەزار قوتابی مانگرتووی قەسری شیرن بە هیچ ئەنجامێک نەگەییشت. ئەو پاش هەشت کاتژمێر وتووێژ بە دەستی بەتاڵەوە بەرەو کرماشان گەڕاوە. لە ویستەکانی قوتابییەکان کە لە حەوشە و بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی شارەکەیان کۆببوونەوە ئەم چەند دانەیان جێگەی سەرنجن:

١ . بیمەکردنی قوتابییەکان (تێبینی: نەبوونی ئاسایش لە مەدرەسە و فێرگەکاندا هۆکاری سەرەکیی ئەم داوایە بوو کە لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە زەوتکرابوو).

٢. دامەزراندنی کانوونی قوتابیان (تێبینی: هۆکاری سەرەکی ئەم داوایە ئەوە بوو کە بتوانن زۆرتر بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بن و لە بەرانبەر بەرپرسانی حکومەتی و چەواشەکارییەکانیان وریایانە هەنگاو هەڵهێنن.)

٣ . خۆتێهەڵقوتانی چەکدارانی ئێرانی لە کاروباری فێرکاری و پەروەردە (تێبینی: لەبەرچاو بگرن کە چەکدارانی ئێرانی چەندە سەرەڕۆ بوون کە بە خۆتێهەڵقوتانیان لە پرسەکانی قوتابیان، ناچاریان کردبوون هەڵوێست بگرن.) هاوکات داوایانکردبوو کە هەندێک لەوان بکێشرێنە دادگا و لەسەر سەرەڕۆییەکانیان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.[8]

لە قەسری شیرن هەڵوێستێکی گرنگی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی شار گیرا و خوازیار بوون نوێنەرەکەیان لە پارڵەمانی ئێران لەسەرکار لاببردرێت.غۆڵامرەزا ئەعزەمی کە سێ ساڵ بوو لە پارڵەمانەکەی پەهلەوی‌دا نوێنەرایەتی ئەو شارە و سەرپێڵی زەهاو، گەیلانی غەرب، خوسرەوی و نەوت‌شا و سۆماری دەکرد، هیچ هەنگاوێکی بۆ خەڵکی ئەو شارۆچکانە هەڵنەهێنابۆوە و هەربۆیە هەڕەشە کرا کە گەر ئەعزەمی دەست لە پۆستەکەی نەکێشێتەوە، مانگرتنی بەرین بەڕێوەدەچوو.[9]

لە مەهابادیش ڕێپێوانێکی سێهەزار کەسی بەڕێوەچوو.
قوتابییەکانی ئەو شارە لە ڕێپێوانێک‌دا شەقامە درێژەکانی ئەو شارەیان بەسەرکردەوە و بە دژی حکومەتی پەهلەوی دروشمیان دەدا. جەماوەر و چینی جۆراوجۆر لە دواییدا پشتیوانی خۆیان لەم ڕێپێوانە دەربڕی و چەند کەسێکیش بە نوێنەرایەتیی ڕێپێوانکەران لە کاتێکدا قسەیان بۆ خەڵک کرد کە لە بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغای ئەو شارە کۆبوونەوە.[10] غەنی بلووریان کە یەک لە یادگارەکانی کۆماری کوردستان بوو و ساڵانێکی زۆر لە زیندان‌دا دەستبەسەرکرابوو، لەم ڕێپێوانەدا یادی کراوە و جەماوەر خوازیاری ئازادکردنی ئەو سیاسەتوانە کوردە بوون کە لە خۆشەویستیان بە مامە‌غەنی ناویان دەهێنا.

پێشتر باس لەوە کرا کە خومەینی حەزینەدەکرد لەگەڵ نوێنەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا دابنیشێت، کەچی لێژنەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیان لە پاریس چاویان بە خۆمەینی بکەوێت، بەڵام نەوشیروان مستەفا هیچ ڕوونینەکردووەتەوە کە هۆکار و ئەنجامی دانیشتنەکەیان لەگەڵ خومەینی چ بوو.[11]

وەک لە وێنەی سەرەتای ئەم بابەتەدا دەبینن، خەباتی خوێندەکارانی زانکۆش لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بوو و لە ئەنجامی خەباتی کۆڵنەدەرانەیان، پەهلەوی لە ناوەڕاستی دوایین پاییزی دەستهەڵاتدارییەکەیدا ئازادییە سیاسییەکانی خوێندەکارانی قبووڵکرد.[12]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٣

serder

لە زۆر قۆناخی مێژوویی ئەم جیهانەدا بینراوە کە کەسایەتییەکی سیاسیی لە ناوەڕۆک‌دا هیچ شتێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگاکەی پێ نەبووە، بەڵام زۆرینە لە داخی لایەن یان کەسایەتییەکی نەیار ئەو کاراکتێرەیان بەرزکردووەتەوە. خۆمەینی‌ش کە لە ڕاستیدا هیچ شتێکی ئەرێنی بۆ ئێرانی‌یەکان پێ نەبوو، وەک کاراکتێرێک لە دژی پەهلەوی زەقکرا، ئەگینا گەر پەهلەوی خاوەنی سیستەمێکی جەنایەتکار نەبوا و دەنگی ئازادی نەتەوەکانی نێو ئێرانی لە چەندین دەیەدا نەبڕاوانە خەفە نەکردبا، کەسێکی وەک خۆمەینی ئەو بایەخەی پێ نەدەدرا کە پێیدرا.

لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە بۆئەوە بزانرێت چۆن بوو دادوەرە خوێندەوار و زاناکانی ئێران و زۆر چینی دیکە (بۆ وێنە وەک مامۆستایانی زانکۆ) خەریکبوون شەڕعییەتیان بە سەرۆکایەتی شۆڕشی ئێران لە دژی پەهلەوی دەدا.[1]

ڕێکەوتی ٢٤ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە مێژووی شۆڕشی نەتەوەکانی نێو ئێران بۆ ڕووخان و بنبڕکردنی سیستەمی پەهلەوی گرنگی تایبەتیی هەیە. لەم ڕۆژەدا بۆ یەکەمجار پاش زەخت و گوشاری کۆڵنەدەرانەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کورد و غەیری کورد، پارڵەمانی ئێران ڕێگەی دا پرسی ئەشکەنجە و کوشتارە ناڕەواکانی ساواک لە هۆڵی فەرمیی پارڵەمان‌دا باسکرێت.[2] لەم دانیشتنەی پارڵەمان‌دا لێوردبوونەوە و لێپرسینەوە لە کۆمەڵێک تەوەر و پرسی جددی دیکەش کرا کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

١ . نوێنەرانی پەڵەمانی ئێران ئاماژەیان بە کوشتاری کوردەکان لە کاتی ڕێپێوان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، ورمێ، کرماشان خۆڕەم‌ئاوا و چەند ناوچەیەکی دیکە کرد.

٢ . نەبوونی ئازادی دەربڕین، وسکتکردنی ڕۆژنامەوانان و نووسەران و بەردەوامبوونی سیاسەتی سانسۆڕ بەسەر ڕاگەیاندنەکان‌دا.

٣ . ساواک و بەکاربردنی ئەشکەنجە بۆ لێپرسینەوە لە زیندانیان.

٤ . کوشتنی خەڵکی سیڤیل دە ماڵەکانی خۆیان لە لایەن ساواک‌ەوە.

٥ . سیاسەتی نادروستی شا لە کشت و کاڵ‌دا و پێداویستی لە ڕادەبەدەری وڵات بە کڕینی بەرهەمی دەرەکیی.

٦ . شەریف ئیمامی لەگەڵ ئەم ڕاستییە بەرەوڕوو بۆوە کە کۆماری کوردستان و حکومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان نەکرێتە بیانوو و پاساو بۆ داپۆشانی ڕاستییەکان.

٧ . دۆخی نالەباری مامۆستایان

٨ . مانگرتنی کرێکاران

٩ . دۆخی نالەباری بێهداشت و تەندروستی خەڵک.

١٠ . بە پێی ڕاپۆڕتی ئەو ڕۆژەی پارڵەمانی ئێران، ٥٣٪ی دانیشتوانی ئێران لە دەرمان، فێرکاری و پەروەردە، ئاوی خواردنەوەی پاک و پاڵاوتوو، ڕێگا و بانی پێویست و ستاندارد، خانوو و زۆر بواری دیکەی پێویست بۆ ژیان بێبەر بوون.

١١ . تاڵانی سامان و سەروەرت گشتیی.

١٢ . ئاماژەکردن بە خۆفرۆشیی، گەندەڵیی، بێ‌ئەخلاقیی و ناشیاوبوونی هەندێک لە بەرپرسانی بەرزی حکومەتی پەهلەوی.

لە هەمان ڕۆژدا «سێپەهبۆد عەزیزۆڵڵا پالیزبان» سەبارەت بە کوشتارەکانی کورد و هاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانی بە شکەست و دۆڕانی سیاسەتی ئێران نا و ڕاشکاوانە بەرانبەر بەرپرسانی حکومەتی ئاماژەی بە زۆر ڕاستی کورد و کوردستان کرد. (ڕاپۆڕتی ئەم گوتانەی پالیزبان وەک پەڕاوێز لەم بابەتەدا هاتووە).[3] پالیزبان کە سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران‌دا سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردبوو، گەڵاڵەیەکی بۆ سەرۆکوەزیر ئامادەکردبوو و لای وابوو گەر گەڵاڵەکەی جێبەجێ بکرێت، دەتوانن هێمنیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێننەوە. گەڵاڵەی پالیزبان نۆزدە پێشنیاری لە خۆی دەگرت کە بریتی بوون لە:

١ . کەموکورییەکانی ڕابوردوو قەرەبوو بکرێن و تاوانبارانی ڕووداوەکانی پێشوو بناسرێن و بە شێوەیەکی قانوونی سزادرێن.

٢ . داڕشتنی قانوونێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ئەو زەویانەی کە هی خەڵکی کوردن و لە لایەن حکومەتی پەهلەوی‌یەوە داگیرکراون.

٣ . پێشگرتن لە سازکردنی بینا لە لایەن حکومەتەوە لە هەر شوێنێک کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی خەڵک ئەنجامدەدرێت.

٤ . چارەسەریی پرسی بازاڕی ڕەشی سمیت، پێداویستی و کەرەستەی بیناسازی، ئۆتۆمبیل و شتی دیکە.

٥ . چارەسەریی پرسی گەندەڵیی ئیداری

٦ . چارەسەریی پرسی سیاسەتی جیاوازیدانان و گەندەڵیی لە وەرگرتنی ماڵیات لە کوردستان.

٧ . ڕاگرتنی سیاسەتی هاندانی خەلکی گوند بۆئەوەی بەرەو شارەکان کۆچ بکەن و زەرەرەکانی ئەنجامی ئەو سیاسەتە و کاریگەری نەرێنیی لەسەر کشت و کالی کوردستان.

٨ . سەرەڕای ئەوە کە ماڵیاتێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان دەستێندرێت، ڕێگا و بانی باش و خزمەتگوزاری پێویست لە ناوچە کوردستانی‌یەکان ئەنجام نەداوە.

٩ . چارەسەریی پرسی گەندەڵیی و کەمتەرخەمیی بڵاوکردنەوەی ژمارە و هێڵی تەلەفون.

١٠ . بەهێندگرتنی لە هەستی جەماوەر.

١١ . کورتکردنەوەی دەستی گەندەلان لە کاروباری ئیدارەکان و لەناوبردنی ناعەدالەتیی لە دەزگاکانی دەوڵەتی‌دا.

١٢ . پێکهێنانی هاوکاری پێویست لە نێوان کۆمپانی‌یە زەبەڵاحەکان و ڕێکخراوەکانی حکومەتی لەگەڵ جەماوەری کورد.

١٣ . چارەسەریی پرسی کەڵەگاییکردن و خۆبەزلزانیی بەرپرسانی ئیداریی لە کوردستان.

١٤ . چارەسەریی پرسی دزی و گەندەڵیی سەبارەت بە دەستکەوتی خەلکی زەحمەتکێشی کورد و لەناوبردنی هۆکارەکانی گرانیی.

١٥ . کۆنترۆڵکردنی خەرجەکانی پێوەندیدار بە کاروباری بیناسازیی.

١٦ . چارەسەریی پرسی بەنزین.

١٧ . چارەسەریی پرسی ئەو خاوەن کۆمپانی‌یانە کە سامانی گشتییان تاڵان دەکرد و کاڵاکانیشیان بە نرخێکی گران بە جەماوەر دەفرۆشت.

١٨ . لەسەرکارلابردنی تێکدەرانی شارەداری کە ڕێگەی خەڵکیان لە بیناسازیی‌دا چەتوون دەکرد.

١٩ . چارەسەریی پرسی تەسککردنی کار و کاسبی جەماوەری کورد لە لایەن حکومەتەوە و دەستەنگڕاگرتنی خەڵکی کورد بە پێی سیاسەتێکی لەپێشڕا داڕێژڕاو.[4]

نرخی کڕین و فرۆشی ئەرز لە بانکەکانی ئێران‌دا، نزیک دوو مانگ بەر لە ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی داندراوە، بۆئەوەی لە داهاتوودا سەرنج بە گۆڕانکارییەکانی ئەو نرخانە لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ دەدرێت و بەراورد دەکرێن.[5]

وێنەی سەردێڕی ئەم بابەتە، قوتابی‌یەکانی گەنجی کورد نیشان دەدات کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر بنبڕکردنی دەستهەڵاتی موحەممەدرەزا پەهلەوی دانا و لە دژایەتیکردنی ناوەند تا ڕۆژی ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی کۆڵیان نەدا.[6]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٤

02

لە ڕاپۆڕتەکەی پالیزبان‌دا تەنیا ئاماژە بەو پرسانەی کوردستان کرابوون کە گەر حکومەت لە بەرنامەی بەخۆداچوونەوەشی‌دا ڕەچاویکردبان، هێشتا کوردستان هێور نەدەبۆوە. هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە پالیزبان لە پێشنیارەکانی خۆی‌دا هیچ ئاوڕێکی لە پرسە جددییەکانی کوردستان نەدابۆوە. بۆ وێنە لێرە ئاماژە بە دوو نموونە دەکەم کە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتیی هەبوو.

نموونەی یەکەم

کوردەکان یەکجار پەرۆشی دۆخی زیندانییە سیاسییەکانی کورد بوون. کوردەکان دەیانزانی کە ڕاگڕتنی عەزیز یۆسفی لە زیندان و ئاساییبوونی ئەشکەنجەی فیزیکی و سایکۆلۆژی‌یانە لە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا تاقە هۆکاری نەخۆشبوون و مردنی ئەو بوو. هاوکات زانیاری مەترسیدار سەبارەت بە زیندانەکانی پەهلەوی بڵاوببۆوە.[1] کوردەکان بە پێی ئەو تەجرەبەی تاڵ و ئەو خەسارە قەرەبوونەکراوەیەی کە لەمبارەوە پێیان گەییشتبوو، پێداگرییان لەسەر ئازادبوونی زیندانییە سیاسییەکانیان دەکرد، کەچی لە گەڵاڵەی پێشنیاری پالیزبان‌دا هیچ ئاوڕێک لەم پرسە جددی‌یە نەدرابۆوە.

نموونەی دووهەم

ڕێک لەو کاتەدا کە پالیزبان بە ڕواڵەت لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کردبوو و گەڵاڵەی نۆزدە خاڵی خۆی ئامادە دەکرد، حکومەتی پەهلەوی پاش ساڵێک هەوڵی بەردەوامی کوردەکان لەبۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە مەهاباد، ئەو داوا ڕەوا و جددی‌یەی کوردەکانی وەپشتگوێخستبوو. دەقی نامە و بانگەخوازەکان بۆ زانیاری زێدەتر لە پەڕاوێزدا داندراوە. لێرە کورتەئاماژەیەک بە ئەم پرسەی کوردەکان دەکرێت.

نزیکەی ساڵێک بەر لەوە کە کۆتایی بە سیستەمی پەهلەوی بهێندرێت، گەڵاڵەیەک لەمەڕ کردنەوەی زانکۆیەک لە شاری مەهاباد پێشکەشی کاربەدەستان کرابوو.[2] بەهۆی ئەوە کە ناوەند ئەمەی بە قازانج نەدەزانی کە کوردەکان لە بواری زانستەوە پەرەسەندنێک بە خۆیانەوە ببینن و لەبەر ئەوە کە دەیانزانی بوونی زانکۆیەک لە مەهاباد کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتیی لەگەڵ خۆی بەرهەمدەهێنیت، ئەم گەڵاڵەیان بێوەڵام هێشتەوە.

دواتر دوکتوور عەبدوڵڵا ئەبریشەمی لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی پرسی کردنەوەی زانکۆی مەهاباد لەگەڵ چەند کەسێک پێکهێنا. ئەبریشەمی لەو لێژنەیەدا وەک سەرۆکی گشتیی لێژنە هەڵبژێردرا.

لێژنە دواتر لە دوا هاوینی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی‌دا ڕاگەیاندنێکی سەبارەت بەو پرسە بڵاوکردەوە. دەقی ڕاگەیاندنەکەی دوکتوور ئەبریشەمی لەژێرەوە بە زمانی کوردیی داندراوە.

«لێژنەی خوازیارانی کردنەوەی زانکۆ لە مەهاباد، دانیشتوانی هێژا ئاگادار دەکات کە لەسەر داوای من، عەلی هۆمامی قازی دەستی هاوکاریی درێژکردووە و چل هەزار مەتری چوارگۆشە زەوی (لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی شار، ناسراو بە دۆڵە کەروێشکە) بۆ کردنەوەی زانکۆ پێشکەش دەکات، بەڵام ناوەندی خزمەتگوزاری زانکۆی ئازاد لە وەڵامی داواکاریی ئێمە لە نامەی ٢٣٨/٤٠-١٩/٤/٣٧ ڕایگەیاندووە کە سازکردنی دوو هەزار مەتری چوارگۆشە بینای سەرەتایی یەک لە مەرجەکانی پەژراندنی ئەم ڕێکخراوەیە بۆئەوەی نوێنەرایەتییەکی زانکۆ لەم ناوچەیە بکرێتەوە.»[3]

عەلی هۆمامی قازی کە بە ناوەکانی «کوڕی ڕەش» و «عەلی قازی موحەممەد»یش ناسراوە، کوڕی سەرۆک‌کۆماری کوردەکانە. ئەو لە هەندەران دەژیا و بەهۆی ڕابوردوویەکی تاڵ کە بنەماڵەکەی لەگەڵ حکومەتی پەهلەوی هەیانبوو، لە هەندەران دەژیا. ئەو مڵک و سامانەی کە لە «قازی عەلی» باپیری‌یەوە بۆی بە میرات مابۆوە، قەت قازانجێکی ئەوتۆی بۆ ئەو نەبوو. عەلی هۆمامی قازی کە خۆی نەیدەتوانی کەڵک لەو مڵکە وەربگرێت، لانیکەم دەیتوانی کردەی باوکی خۆی دووپات بکاتەوە و مڵکی خۆی پێشکەش بە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی بکات.[4]

ساواک و بەرپرسانی حکومەتی پەهلەوی‌ش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ جێبەجێنەکردن و ڕاگرتنی ئەو پڕۆژەیە دا و هەربۆیە لەو کاتەدا کە پالیزبان خەریکبوو لەسەر ناڕەزایەتییەکانی کوردستان ورد دەبۆوە، لێژنەی ناوبراو بە سەرپەرەستیی دوکتوور ئەبریشەمی لە ڕاگەیاندنێک‌دا خەڵکی کوردی لە پیلانەکان و دژکردەوەکانی حکومەت ئاگادارکردەوە و ڕاستییەکانی سیاسەتی دژەکوردیی سیستەمی پەهلەوی لەقاودا.[5]

بۆ خەڵکی کورد کە دژ بە پەهلەوی ڕاببوون، زۆربەی نۆزدە خاڵەکەی گەڵاڵەی پالیزبان بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو. پرسی بێنزین بۆ وێنە پرسێکی کاتیی بوو، کەچی حکومەت و نێردراوی حکومەت پرسی زۆر جددیتری کوردەکانیان کپکردبوو. ئەم دوو نموونەیە کە لەچاو چەندین نموونەی دیکە هەڵبژێردراون، ئەم گرنگەی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات سەلماندبوو کە ئاویان لەگەڵ پەهلەوی لە جۆگەلەیەک‌دا جێی نابێتەوە.

لە کاتێک‌دا کە خەباتی مەدەنی و سیاسیی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبوو، لە ورمێ‌ی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بیست و پێنج زیندانی سیاسیی کورد مانگرتنی خۆیان لە خواردن ڕاگەیاند.[6] مانگرتوان بۆ سەرەتای هەڵوێستی خۆیان مۆڵەتی دوو ڕۆژەیان ڕاگەیاند بۆئەوەی بزانن حکومەت چلۆن لەگەڵیان مامەڵە دەکات. لە کرماشان‌یش کە پێشتر مانگرتن لە خواردن ڕاگەیەندرابوو، پاش ئەوە کە ئاوڕ لە داواکارییەکانی مانگرتوان درا، کۆتایی بە مانگرتنەکە هات.[7]

خوێندەکاران و قوتابییە ئەردەڵانییەکانیش لە سنە شەقامەکانی شاریان گرتبوو. بەردیان لە ئۆتۆمبیلە حکومەتییەکان‌ دەدا و ترسیان لە دڵی چەکدارانی پەهلەوی‌دا نابۆوە. قوتابییەکانی سنە شەقامی مەڕدۆخ و چوار‌ڕێی وەکیل کۆبوونەوەیەکی بەرینیان پێکهێنا. دواتر ڕێپێوانەکەیان لەوێ‌ڕا دەستپێکرد و بە شەقامەکانی شار دا ڕێپێوانی خۆیان بەڕێوەبرد. لە کۆتایی‌دا چەکدارانی حکومەتی ناچاربوون پەنا بۆ کەرەستە نیزامی‌یەکانیان بەرن، بەڵام بەهۆی کاردانەوە شارستانی و حقووقییەکانی کوردەکان لەمەڕ کوشتارەکانی پێشوو، ئەمجارەیان سیلەیان لە چاوی لاوانی کورد گرت و لە گازی فرمێسکهێنەر کەڵکیانوەرگرت.[8]

لە کرماشان تەواوەتی مەدرەسەکان داخرابوون. قوتابییەکانی کرماشانی لە ڕاگەیەندراوێک‌دا کردەوە ڕادیکاڵ و ناژیارانەی چەکدارانی ئێرانی‌یان ئیدانەکرد. لە کرماشان جگە لەمە، ئەو کەسانەش کە لە دانیشسەرای کشت و کاڵ دەرسیان دەخوێند، لەگەڵ خوێندەکارەکانی کۆلێجی زانست و پزیشکی زانکۆی ڕازی مانیانگرت و لەسەر کلاسەکانیان ئامادەنەبوون.[9]

لە ئیلام‌یش هەموو دەبیرستانەکان، مەدرەسەکان و تەنانەت باخجەی مناڵانیش داخران. مامۆستایانی ئیلام لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتیی و ئاگادارکردنەوەی حکومەتی پەهلەوی بڵاوکردەوە.[10]

لە کرماشان کە کارگێڕانی ئیدارەی کارەبای ڕۆژئاوا تازە حەوتوویەک بوو مانگرتنی خۆیان شکاندبوو و گەڕابوونەوە سەر کارەکانیان، سەرلەنوێ مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندەوە. مانگرتنی ئەمجارەیان لەبەر درۆ و بەڵێنی ناڕاستی بەرپرسانی حکومەتیی بوو. ئەوان بەو مەرجە مانگرتنی پێشووی خۆیان شکاندبوو، چون جێگری وەزیری وزە پاش نۆ ڕۆژ مانگرتن خۆ گەیاندە کرماشان و بەڵێنی جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی مانگرتوانی دابوو، کەچی بەڵێنی خۆی نەبردبوو سەر و هەربۆیە مانگرتنی دووهەم ڕاگەیەندرا. ئەمجارەیان لەسەر هەمان داواکارییەکانی پێشوو کارەکانیان جێهێشت و ڕایانگەیاند کە هیچ بەڵێنییەک ناپەژرێنن و هەتا هەموو خواستەکان جێبەجێ نەکرێن، مانگرتن بەردەوام دەبێت.[11]

مەهابادی شڵەژاو و ڕووخاو بەسەر حکومەتی پەهلەوی لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ بەرپرسان هێنابوو. مانگرتنی جۆراوجۆر بەڕێوەبوو و گەنجانی ئەو شارە هەر چەند کاتژمێر جارێک، سەریان لە چەکدارانی حکومەتی‌ دەشێواند. لە گرمەی ناڕەزایەتییەکان‌دا کارمەندەکانی پۆمپی بێنزین‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگرت و بەم کارەیان وێنەی شێواویی حکومەت زەقتر بۆوە، چون ئۆتۆمبیلێکی زۆر ئەو ناوچەیەی لە هەرجۆرە هاتوچۆیەک وەستاندبوو کە پۆمپی بێنزینی لێ بوو.[12]

لە وێنەی سەردێڕ دا لاوە دلێرەکانی مەهاباد دەبینن کە قەڵسە لە چەکدارانی پەهلەوی دەگێڕن و دروشم لە دژی دەستهەڵاتی پەهلەوی دەدەن.[13]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

‌‌

‌‌


بەشی ٣٥

052

٢٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لیستەیەک لە ناوی ئەو زیندانییە سیاسییانە بڵاو بۆوە کە پەهلەوی بڕیاڕی ئازادکردنیانی دا.[1] مخابن بەهۆی ئەوە کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر مێژووی کورد و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی لە ئێران‌دا نەکراوە، چەتوونە بزانرێت کە چەند کەس لەو چەند سەد زیندانییە کورد بوون. نووسەری ئەم دێڕانە ١٧ کەسیان دەناسێتەوە و ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە خەڵکی مەهاباد بوون، بەڵام بەو مانایە نییە کە تەنیا ١٧ کەسیان خەڵکی ئەو شارە بوون. هیچ دوور نییە کەسانێکی دیکەی مەهابادیش دەو لیستەدا هەبن کە لێی ئاگادار نین.[2]

ئەم پاشەکشەیەی پەهلەوی وەڵامێک و بەجۆرێک پاشەکشە لە بەرانبەر مانگرتنە بەردەوامەکانی خەڵک‌دا بوو. لە پەنا ئەمانەش هەندێک ئاڵ‌وگۆڕی بەرپرسان و دەستلەکارکشاندنەوە ئەنجامیگرت و هیوای پەهلەویستەکان هێورکردنەوەی دۆخەکە لە پێناو پاراستنی هێزی شا بوو.

ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان لە یەک ڕۆژدا بە یەکەوە ئەنجامدرا. لەوانەیە پەهلەوی ئەمکارەی بە مەبەستی پێکهێنانی شادی و خۆشیی دە نێو خەڵک‌دا ئەنجامدا، بەڵام خەڵک لە کاتی پێشوازیی لە زیندانییە ئازادکراوەکان‌دا هەلەکەیان بە باشیی قۆستەوە و دژی پەهلەوی دروشمیان دەدا. جگە لە جەماوەر، خوێندەکارانی زانکۆش کەڵکی خۆیان لەم دۆخە وەرگرت و لە کاتی پێشوازیکردن لە زیندانییە ئازادکراوەکان‌دا پێداگرییان لەسەر ویستەکانی خۆیان کرد.[3]

لە خوڕەم‌ئاوا ڕێپێوانەکان بە توندوتیژیی کێشرا. خەڵک کوژران و برینداربوونی جەماوەری ناڕازی شارەکەیان کردە بیانوو بۆئەوەی شەقامەکان قەرەباڵغ بکەن. ڕێپێوانکەران لە گۆڕەپانی سەعدی و شەقامی پەهلەوی دەستیان بە ڕێپێوان کرد و بە دروشمدان بەرەو مەیدانی شەشی بەهمەن ڕۆییشتن. زۆربەی ڕێپێوانکەران لەو ڕۆژەدا ئاڵای رەشیان بە دەستەوە گرتبوو کە نیشان لە تازیەداری خەڵکی شار بوو. لەو ڕێپێوانەدا سینەمای کۆلکەزێڕینە ئاگری تێبەربوو. هەیبەت فەیزی یەک لە کوژراوەکانی خوڕەم‌ئاوا بوو. مەنسوور قەنبەری، برایم ئەکبەری، عەلی دەواچی، ئەمیر ئەلوەند، ملووک توولابی (دوو زگ بوو)، نوورخوا عەباسپوور، حەسەن سەیوەند، عەلی حەبیبی و مەحموود مەلحووفی لە بریندارەکانی ئەو شارە بوون کە تەقەیان لێ کرابوو. تەقەکردن لە خەڵک لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە بازاڕی ئەو شارەی وە هەڵوێستگرتن خست و هەربۆیە هەموو دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە داخران.[4]

لە مەهاباد قوتابییەکانی دەبیرستانەکانی کچ و کوڕ لەگەڵ هونەرستان و دانیشسەرای مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مانگرتنی ئەوان لە پاڵپشتیی مامۆستایانی مەهاباد بوو کە پێشتر بە کۆمەڵێک ویست و داواکاریی دەستیان لە کار کێشابۆوە. ئەو خوێندەکارانەی مەهاباد کە شەو و ڕۆژ لە شوێنی دەرسخوێندن دەژیان، مانگرتنی خۆیان لە خواردنیش ڕاگەیاند.[5]

لە کرماشان خوێندەکارانی ئەو شارە بە دروشمی «دەردی من دەردی تۆیە، وەرە بە لەگەڵم بکەوە» خەڵکیان هاندەدا بۆئەوەی بە ڕیزی ناڕازیان پەیوەست بن. ئەمە داهێنانێکی سەرکەوتوویانەی خوێندەکاران بوو و زۆری نەخایاند کە نزیکەی پازدەهەزار کەس لەگەڵیان کەوتن. ڕێپێوانی ئەو ڕۆژەی کرماشان هەر لە زۆرێی دەدا. ناڕازییانی کورد هەتا درەنگانی شەو لە دژی دەستهەڵاتی پەهلەوی لەسەر شەقامەکان مانەوە و دروشمی ڕووخێنەرانەیان دەدا. چەکدارانی ئێرانی پەشۆکابوون و لە نزیکی سینەما ئاتلانتیک‌دا لەبەر عەبەسانیان لەگەڵ خەڵک گچکە تێکهەڵچوونێکیان لێ پەیدا بوو و هەربۆیە شووشەکانی سینەما شکان و تەقەی حەواییشیان کرد. شاری کرماشان بە دوای ئەم ڕۆژەدا چوو دە پشووی گشتییەوە و وەک نیشاندانی قین و تووڕەیی خەڵک لە بەرانبەر حکومەت‌دا ئەو ئاڵتێرناتیڤەیان هەڵبژارد. لەسەر ڕادیۆ کرماشان سێ جاران ڕاگەیەندرا کە مەدرەسەکانیش لەو شارە ناکرێنەوە.[6]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٦

serder

بە پێی بەڵگەکان، کۆتایی دوا پاییزی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی بریتییە کە نەبوونی ڕێز و پێگەی پاشای ئێران و وڵاتێک کە هەر لایەنێک دەیتوانی کاریگەری بەرچاوی لەسەر دانێت.karikatur دەوڵەتی شەریف‌ئیمامی داوای لە ناڕازییانی دەرەوەی وڵات کرد کە بگەڕێنەوە ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بانگهێشتە دوو لاوازیی پێوە دیار بوو. یەکیان مەرجدارکردنی گەڕانەوەکە بوو کە لە لایەن فارسەکانەوە ئیدانە کرا و لایەنێکی دیکەشی ئەوە بوو بانگهێشتەکە کوردەکانی دەرەوەی وڵاتی نەدەگرتەوە، چون لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون کە سەرۆک‌وەزیر دابینیکردبوو.[1] بڕواننە ئەم کاریکاتۆرە کە بانگهێشتەکەی سەرۆکوەزیری ئێرانی بە گاڵتە گرتبوو.[2]

کاریکاتۆرەکە دەکرێ وەک کورتەیەکی پوخت لە بانگهێشتەکەی شەریف‌ئیمامی دابندرێت.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە مەهاباد خەریکبوو لە بەرانبەر پەهلەوی خەباتی دەکرد، نوێنەری مەهاباد لە پارڵەمانی ئێران تاقە دێڕێکی لە ڕاگەیاندنەکان لەسەر مافی کوردەکان یان دۆخی مەهاباد نەنووسی. ئەو قەت ئاوڕی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد نەداوە، بەڵام لە کاتێکدا کە بینی مەهاباد کۆڵ نادات و پیر و جحێڵ خەریکن سینگ لە چەکدارانی پەهلەوی دەهێننە پێش، نوێنەری مەهابادیش هات مانۆڕێکی بەسەر دۆخەکەدا لێدا و قسەگەلێکی کرد کە کۆپییەکەی لێرە دەبینن. جەعفەر حەیدەری کە نوێنەری مەهابادییەکان لە پارڵەمان بوو، تەنانەت لە کاتی کوشتنی لاوانی بێتاوانی کوردیش لە شارە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بێدەنگیی نەهاتە دەر. ئەمجارەش کە دەنگی بیسترا، لە ڕاستیدا پەیامەکەی لەوە دەچوو کە ڕۆژنامەوانێک بۆ ئاگاداریی جەماوەر ئامادەی کردبێت. نوێنەری مەهاباد لەو بابەتەیدا بەرگریی لە مافە زەوتکراوەکانی مەهابادییەکان بە تایبەتیی و کوردەکان بە گشتیی نەکرد و هەموو پرسە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی لە یەک وتاری کورت‌دا بە شێوەیەکی ساویلکانە بەسەرکردەوە.[3]

یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو گوتارەکەی، پێداهەڵگوتن بە کەسایەتی نیشتمانپەروەر و ئایینیی مەهاباد، شێخ عێززەدینی حوسێنی بوو. حەیدەری لە نووسینەکەیدا هەم جامینی حکومەتی گرت هەم بە جۆرێک جامینی دژبەرانی حکومەت و هەوڵی دابوو باڵانسێک بپارێزێت. لەو کاتەدا کە حەیدەری نوێنەرایەتی مەهابادییەکانی لە پارڵەمانی ئێران‌دا دەکرد، شێخ عێزەددین حوسێنی نوێنەرایەتیی زۆر لە مەهابادییەکانی لەسەر شەقامەکان دەکرد و لە ڕێپێوانەکان‌دا چالاکانە بەشدار بوو.[4]

نوێنەری ورمێ لە هۆڵی فەرمیی پارڵەمان لەسەر پرسەکانی ورمێ و ناوچە قسەیکرد و قسەکانی لە لایەن پارڵەمەنتارەکانەوە پاڵپشتیی کرا. لە ڕاستیدا قسەکانی ئەویش هەر لە چوارچێوەی ئەو گوتارەدا بوو کە دەستهەڵاتی پەهلەوی دەپاراست، بەڵام ئەوەندەی باش بوو کە ئاماژەی بە مافی زمانی دایکیی کوردەکان و مافی دەبەرکردنی جلی کوردیی و فێرکردنی زمانی کوردیی لە مەدرەسەکان کرد.[5]


ئەردەڵانییەکان لە ڕێپێوانێکی سەرتاسەریدا سەرلەنوێ دژی پەهلەوی دروشمەکانی خۆیان هاوارکردەوە. ئەمجارە کوردەکانی سنە دژی وێرانکردن و کۆچی بە زۆریی کوردەکانی سەر سنوور هەڵوێستیان گرت کە وێنەی ئەو ڕۆژە لە سەردێڕی ئەم بابەتەدا دەبینن.[6]

لە ورمێ خوێندەکارانی دانیشسەرا ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. ئەوان کە بەرەو ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە دەڕۆییشتن، لە ڕێگادا لە لایەن خوێندەکارانی ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی پاڵپشتیی کران. ڕێپێوان لە بەیانی زوو ڕا دەستی پێ کردبوو و نزیکەی نێوەڕۆ لە لایەن خەڵکی شارەوە پستیوانییەکی گەرمتری لێ کرا. خوێندەکاران ڕایانگەیاند کە هەتا سێ ڕۆژان ئامادە نەدەبوون لە کلاسەکانیان‌دا بەشداربن و گەر لەو ماوەیەدا ویستەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.[7]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٧

serder

کاتێک کە زیندانییەکان دەستەدەستە ئازاد دەکران، لەبەر ئەوە کە جەماوەر و خوێندەکاران پێشوازییەکی گەرمیان لە ئازادبوان دەکرد، حکومەتی پەهلەوی هەستی بە مەترسی دەکرد و بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی شارەکان و بە تایبەتیی تاران، چەکدارێکی زۆری بڵاوکردەوە بۆئەوەی بتوانێت بەر لە هەرجۆرێ هەلقواستنێک لە لایەن نەیارانی ناوەکیی بگرێت. لەم بارەوە ڕاپۆڕتێک بڵاو بۆوە کە کورتەیەک لەم ڕاپۆڕتە بۆ گرنگی وێناکردنی مێژووی ئەوکات بە پێویست دەزانرێت.[1]

دە نێو زیندانییەکان‌دا کەسانێک دەبیندرا کە حوکمی چەند ساڵ زیندان یان زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕدڕابۆوە. لە زۆربەی چینە جۆراوجۆرەکان و لایەنەکانیان تێدابوو. سەفەر قارەمانیان ناودارترین زیندانییەک لە نێوان ئازادبوان‌دا بوو کە سەرنجێکی زۆری لە لایەن زیندانییەکان و خەڵکەوە پێ درا و لەسەر دەستان دەیانگێڕا.[2]

کاردانەوەی زیندانییەکان لە کاتی ئازادکردنیان‌دا جیاواز بوو. هەندێکیان یەکجار خۆشحاڵ بوون و دەبینرا کە بەشێکیان بۆیان گرنگ نەبوو کە ئازاد کراون. زیندانییەکان لەسەر تاوانی جۆراوجۆر دە زیندان کرابوون. هەندێکیان بۆ تۆمەتی چالاکی کۆمۆنیستیی، هەندێک بە تاوانی ئەوە کە کتێبیان هەبوو، هەندێک لەبەر ئەوە ڕاگەیاندنی دژی پەهلەوی‌یان بڵاو کردبۆوە و هەندێکیش لەبەر ئەوە کە لە ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکان‌دا بەشداریان کردبوو لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە گیرابوون.[3]

یەک لە هەڵوێستەکانی ئەو زیندانییە ئازادکراوانە ئەوە بوو کە پاش هاتنەدەریان بە یەکەوە کۆبوونەوەیان پێکهێنا و خوازیاری ئازادکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان بەبێ مەرج بوون.

یەک لە زیندانییە ئازادکراوەکان لە وەڵامی ئەوەدا کە دۆخی زیندانییەکان لە زیندان‌دا چلۆن بوو، گوتی:

«هەشت ڕۆژ پاش ئەوەی ژیانی هاوبەشم پێکهێنا، لە لایەن کارگێڕانی ساواک‌ەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی زەرەرمەند دەستبەسەرکرام و دادگای ئەڕتەش چوار ساڵی زیندانی بۆ بڕیمەوە و پاش هەشت مانگ و نیو ئازاد بووم. پاش ئەوەی کە گیرام ١٨ ڕۆژان منیان بە پێوە ڕاگرت و لێپرسینەوەیان لێ کردم.»[4]

پێشتر نوێنەری کۆنفێدراسیۆنی جیهانی خوێندەکاران و قوتابیان کە ئێرانییەکی دانیشتووی ئاڵمان بوو، بە مەبەستی لێوردبوونەوە لە بوون یان نەبوونی ئەشکەنجە لە زیندانەکانی پەهلەوی هاتبوو ئێران و لە تاران لە لایەن ساواک‌ەوە دەستبەسەرکرابوو. دادگای پەهلەوی دە ساڵی زیندانی بۆ بڕیبۆوە. لەو ڕۆژەدا کە ئەو ئازاد کرا، هەشت ساڵ و چەند ڕۆژ لە زیندانیکردنی بەسەرچووبوو.

لە ڕوانگەی زۆربەی زیندانییە ئازادکراوەکان، بەخشین و ئازادکردنی ئەوان بەو شێوەیە بە واتای ئەوە بوو کە ئەوان کارێکی غەیری قانوونییان ئەنجامدابوو و دواتر لە لایەن حکومەتەوە بەخشراون، کەچی ئەوان خۆیان پێ بێتاوان بوو و لەسەر ئەو بڕوایە بوون بە تۆمەتی ناڕەوا دەستبەسەرکرابوون.[5]

بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکانیش بە هەمان مەبەست لە پشتیوانیی باقی زیندانییەکان کۆبوونەوە و خوازیاری ئازادکردنی بەبێ مەرجی زیندانییە سیاسییەکان بوون.[6]

لێدوانەکانی وەزیری داد لەمبارەوە وا لێکدەدراوە کە حکومەتی پەهلەوی جیا لەو ڕێژەیەی کە بڕیاری ئازادبوونیانی دابوو، ئامادە بوو زیندانی دیکەش ئازاد بکات. پاشەکشەکانی حکومەت بەردەوام بوو و ئەوەی لەو کاتەدا سەرکەوتنی کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێرانی زۆرتر دەکرد، بوونی کاری ڕێکخڕاو و ئۆرگانایز بوو و بە شێوەی گرووپی توانیبوویان پشت و پەنایەکی بەهێز بۆ یەکتر بن. بنەماڵەی زیندانی‌یە سیاسییەکان کە لەسەر ویستەکانی خۆیان سوور بوون، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی داخوازییەکان لە بەرانبەر پەهلەوی‌دا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان گەڵاڵە کرد. ئەو ڕاگەیاندنە کە بە واژۆی زۆربەی بنەماڵەکان گەییشتبوو، بریتی بوو لە:

١ . هەموو زیندانییە سیاسییەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن و هاوکات دەبێ «ئیعادەی حەیسیەت»یان لێ بکرێت.

٢ . هەروەها هەموو زیندانییە کۆنەکان و ئەوانەی کە ساڵی ١٩٦٩ی زایینیی گیرابوون و حوکمی درێژخایەنیان بۆ بڕدرابۆوە دەبێ ئازاد بکرێن.

٣ . هەموو، زیندانی سیاسیین و بەکارهێنانی تێڕمی «دژە ئاسایش» سەرچاوە لە گەمژەیی ڕێژیمی پەهلەوی‌ وەردەگرێت.

٤ . بنەمالەی زیندانییە سیاسییەکان خوازیارن کە ڕۆڵەکانیان لە ڕۆژێک یان بە بۆنەیەکی دیاریکراو و گرنگ بۆ ڕێژیم ئازاد نەکرێن. ئەوە زیندانییەکانن کە دەبێ بڕیار بدەن ئەو حکومەتە دەبەخشن یان نا. ئەوان هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە.

٥ . بەشێکی بەرچاو لە زیندانییە سیاسییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە یان ئەشکەنجەکردن بە شێوەی جۆراوجۆر بریندار کرابوون کە لە نەخۆشخانەی تایبەتدا ڕادەگیران. بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان خوازیارن دۆخی ئەوان ڕوون بکرێت و تاوانبارانی بریندارکەری ئەوان لە دادگایەکی نەتەوەییدا سزا بدرێن.[7]


لە هەمان ڕۆژدا بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی شا، بە فەرمانی شا ٢١٢ کەس لە تاوانبارناسراوانی دادگا بەخشران و حوکمی ئازادبوونی ئەوانیش بۆ وەزارەتی داد نێردرا. شا بەم کارەی سەرلەنوێ سەلماندی کە ئۆرگانەکانی دەوڵەت هیچ پێگە و شەڕعییەتێکی قانوونییان نییە و فەرمانی بە دەزگای دادی وڵات دا کە ئەو خەڵکە ئازاد بکەن.[8]

وێنەی سەردێڕی ئەم بابەتە شەقامیکی سنە نیشان دەدات کە یەک لە دەگمەن بانکە کراوەکانی ئەوکات نیشان دەدات کە کارمەندەکانی هێشتا مانیان نەگرتبوو.[9]

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


‌‌

بەشی ٣٨

serder

تێڕۆر وەک جەنایەتێک دژی مرۆڤایەتیی دە مێژووی ئێرانییەکان‌دا ئەمەندە ڕوویداوە کە بەستەرێکی پان و بەرچاوی لە نێوان ناوەکانی «تێڕۆڕ و ئێران» سازکردووە، بەجۆرێک کە ناوی هەرکامیان بهێندرێت، ناوەکەی دیکەش وەبیر دێتەوە. گرێدرێراوی ئەو دوو ناوە دە مێژوودا ئەمەندە بەرچاوە کە ناکرێت خۆ لەم ڕاستییە تاڵە بشاردرێتەوە کە دوو ناوی «ئێران و تێڕۆڕ» چەندە وەک یەک نەرێنی دەنوێنن.

لەو کاتەدا کە کوردەکان کۆڵنەدەرانە لەسەر خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆیان بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک پێداگر بوون، زۆر تێڕۆڕی دڵتەزێن سەر لە نوێ لە ناوچە غەیرە کوردییەکان‌دا پەیمانی مێژوویی خۆیان لەگەڵ ناوی ئێران نوێ کردەوە. لە جەهرۆم فەرماندار و شارەدار تێڕۆڕکران.[1]

شا لە جەژنی لەدایکبوونی کەڵکی سیاسیی وەرگرت و بەم بۆنەوە ڕایگەیاند کە سەرلەنوێ زیندانی دیکە ئازاد دەکات.[2] موحەممەد ڕەزا پەهلەوی کە زۆری بەڵێنی دابوو کە قانوون و دەزگاکانی داد سەروەری خۆیان بەدەست بهێنن، بەم هەڵوێستەی سەرلەنوێ بە دونیای ڕاگەیاند کە هێشتا خۆی بەسەر قانوون و ئۆرگانە برزەکانی دەوڵەتدا حاکمی تاقانەیە و سەرەڕۆیانە خۆ دە کاروباری حکومەت وەردەدات.

لەو کاتەدا کە زۆربەی پیشەکان و سەندیکا جۆراوجۆرەکان هەڵوێستی پەهلەوینەویستیی خۆیان گرتبوو، ڕاگەیاندنێک لە لایەن پارێزەرانی دەزگای داد بڵاو بۆوە. لیستی درێژی ناوەکانی پارێزەران و ئاشنابوونی نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ هەندێک لە ناوەکان و تایبەتمەندبوونی بەشێکی دیکەش لە ناوەکان گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە پارێزەرانی کوردیش لەو هەڵوێستەدا بەشداربوون، هەربۆیە گرنگی پێ دەدرێت و بەسەرکردنەوەی بە پێویست دەزانرێت.

لە ڕاگەیاندنی پارێزەران‌دا داوا کرابوو هەموو ئەو کەسانە ئازادکرێن کە لە ڕوودا و و ڕێپێوانەکانی ڕابوردوودا دەستبەسەرکرابوون. داوا کرابوو تاوانباران و بکوژانی بێڕووحمی خەڵکی سیڤیل بناسێنرێن و دادگایی بکرێن. پارێزەران بەرانبەر بەو ئۆتۆمبیلانەی حکومەتی کە تیربار و چەکی قورستریان تێدابوو لە شەقامەکان کۆکرێن و خەڵک بەو جۆرە نەتۆقێنن. داوا کرابوو کە بەرپرسان و چەکدارانی جەنایەتکاری پەهلەوی سەرەڕۆیان سەر دە نێو ناوەندە گشتییەکان و فێرکارییەکانی خەڵک نەنێن. لە کۆتاییشدا سەبارەت بە بڵاوکردنەوە چەک لە لایەن حکومەتەوە هەڵوێستیان گرتبوو کە خەڵکی سەر بە پەهلەوی‌یان تەیار دەکرد بۆئەوەی لە دژی ناڕازییان تەقە بکرێت.[3]

خوڕەم‌ئاوا:

لە خوڕەم‌ئاوا کە پێشتر خوێنی خەڵکی سیڤیلی لێ ڕژابوو، سەرلەنوێ زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە دووهەم مانگی پاییزی ساڵی ١٩٧٨ ڕێپیوانیان کرد. ڕێپێوانکەران لە لایەن چین و جیلی جۆراوجۆرەوە پستیوانی کران و زۆری نەخایاند کە نزیکەی سی هەزار کەس شەقامەکانی شاریان داگرت. ژنان و پیرە پیاوەکان گوڵاو و ئاوی خواردنەوەی دەبەخشییەوە. چەکدارێکی سەر بە پەهلەوی کە خەڵک دە جلی ئاسایی‌دا ناسیانەوە، بە دەمانجەوە خۆی دە نێو خەڵکی خزاندبوو بۆئەوەی ئاژاوە بنێتەوە. لە کاتێکدا کە جەماوەری وریای خوڕەم‌ئاوا هەڵوێستیان گرت، ئەو چەکدارە ئێرانییە سەری مامۆستایەکی بە ناوی سۆهراب مستەفایی وەبەر گوللە دا. هەر لەبەر ئەم کاردانەوەیە شەش کەسی دیکەش بریندار بوون. چەکدارە ئێرانییەکە کە دواتر خۆی دە ماڵیک هاویشتبوو، لە لایەن خەڵکی خوڕەم‌ئاواوە هێنرا دەرێ. باقی چەکدارانی حکومەت لە لایەن شارەوانییەوە بانگکرانەوە وێستگەکەیان. خوڕەم‌ئاوا بە تەواویی لە پشوودا بوو و پەڕۆی ڕەشیان بەسەر هەموو دەرکی دووکانەکانەوە هەڵواسیبوو.[4]

بە دوای ئەم ڕووداوەدا چەکدارانی پەهلەوی داوای یارمەتی زۆرتریان لە تاران کرد و ئامادە نەبوون بەو بوار و هێزە مرۆڤییەی کە هەیانبوو لەو شارەدا درێژە بە کارکردن بدەن و بە تەواویی ترسیان لێ نیشتبوو.[5]

کەسایەتییە ناسراوەکانی خوڕەم‌ئاوا لەگەڵ بازاڕییەکانی ئەو شارە هەڵویستیان گرت و بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە هەڵس‌وکەوتی چەکدارە ئێرانی‌یەکان بلاوکردەوە و پێشێلکردنی سنوورەکانی ئەخلاق و مافەکانی شارومەندانیان لە لایەن چەکدارانی ئێرانییەوە ئیدانە کرد.[6]

پەهلەوی لەم ساتانەدا کێشەی زۆر جددی هەبوون و ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە دەستهەڵاتەکەی ئەو گڕدارتر دەبوو. لە بابەتی داهاتوودا هەڵوێست و هەنگاوی ڕاچڵەکێنەرانەی مەهابادییەکان و کرماشانییەکان بەسەردەکرێن کە سەرچاوەیان بۆ هەڵەکانی چەکدارانی ئێرانی دەگەڕاوە.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

‌‌


‌ ‌

Pin It
پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.