کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

ئێتیک لە چێشتی مجێوردا

نووسینی: سۆران کەرباسیان

پێداچوونەوەی زمانیی: ئیسماعیل ئیسماعیل‌زادە

.

سەرچاوەی وێنە: سۆران کەرباسیان

«چێشتی مجێور» کورتەیەک لە سەربوردەی ژیانی نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد «عەبدولڕەحمانی شەڕەفکەندی»ی ناسراو به‌ « هەژار»ه‌. هەرچەند کە خۆی لە دەستپێکی پەرتووکه‌که‌دا نووسیویه‌تی کە لە هەزار شت کە بە سەری هاتووە، سەتی لەبیر نەماوە،[1] بەڵام بە چاوخشاندنێکی دۆکیومێنتاریی بەسەر مێژووی هاوچەرخی کورد و چالاکییەکانی مامۆستا هەژاردا بەو بڕوایە دەگەین کە بەشێکی زۆر پڕبایەخی بیرەوەرییەکانی لەو پەرتووکەدا تۆمار نەکرابێت. حەزلێکەرانی مێژوو و ئەدەبی کورد ئاگادارن کە هەژار یەکێک بوو لە ئەندامە چالاکەکانی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان»، بەڵام کۆی بیرەوەرییە بەچاپ‌گەییشتووەکانی هەژار لەسەر مێژوو و چالاکییەکانی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان» ئەمەندە کەمە کە بە زه‌حمه‌ت دەکرێت زانیاریی لەسەر ئەو بەشەی مێژووی ڕامیاریی کورد هەڵکڕێندرێت.[2] دواتریش کە «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان» گۆڕدرا بە «حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان»،[3] هەژار بە هەمان شێوە ئەندامی ئەو حیزبە بوو و دواتریش لە دەوڵەتی ڕاگەیەندراوی سەربەخۆی کوردستان‌دا دەوری هەبوو و ناسناوی شاعیری نەتەوەیی کوردستان‌یان پێ بەخشی.[4] چاوخشاندنێک بە تێکست و بەرهەمەکانی هەژار زۆر لایەنی کەسایەتیی ئەو ڕوون دەکاتەوە. ئەو جیا لەوە کە مرۆڤێکی کوردستانیی بوو، یەکجار بە پەرۆش و ئەڤینەوە هەنگاوەکانی خزمەت بە زمان و مێژووی کورد و کوردستانی هەڵهێنا، بەڵام دەبیندرێت کە لە چێشتی مجێوردا زۆرتر هەوڵی داوە بە وردیی وەنێو باسەکان نەکەوێت و وێنەیەکی گشتیی لە مێژوو و کۆمەڵگای کوردستان بنەخشێنێت.

.

چێشتی مجێور یەک لە پەرتووکە بەنرخەکانی کتێبخانەی کوردییه‌ بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیی. ئەو پەرتووکە هەڵگڕی کۆمەڵێک بیرەوەرییە کە جیا لەوەی لە لایەن مێژووی دۆکیومێنتارییەوە پشتڕاست دەکرێنەوە، دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای کوردستان لە دوو چارەگە سەدەدا کەڵکی لێ وەربگیردرێت. پەرەسەندنی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی کوردستان لە چێشتی مجێوردا وێنا کراون و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان لەگەڵ زەمەنی پێشووتر و ئەمڕۆی کوردستاندا یارمەتیدەر دەبن بۆئەوەی ناسینێکی باشترمان لەسەر کوردستان لەو زەمەنەدا هەبێت کە هەژار تێیدا ژیا.

.

چێشتی مجێور نووسینی مرۆڤێکە کە جیا لەوەی لە بەشێک لە تەمەنیدا ڕاستەوخۆ تێکەڵاو بە چالاکی ڕامیاریی بوو، لە ئێلیتی کۆمەڵگای خۆی لەو زەمەندا دێتە ئەژمار. ئەو ئایینییەکی ئاسایی و بڕوادار بووە کە لە نووسراوەکانی خۆیدا زۆرجار پەنای بۆ خوای خۆی بردووە، بەڵام نووسینەکانی ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە پیرۆزیی ئایین لای ئەو لە دوای نیشتمان و نەتەوە بووە.[5]،[6]

.

بەهۆی ئەوە کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قانوون و ناوەندی تایبەت بە ئێتیکی نووسین نەبووە، دەبیندرێت کە لە چێشتی مجێوردا چەندان بابەت خستراونه‌تە بەرچاوی خوێنەر کە بڵاوکردنەوەیان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا لەوانەیە ئاسایی نەبێت! بۆ وێنە گەر مرۆڤێک کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیان و دۆخی ڕامیاریی تاکی کورد لە کوردستان‌دا نەبووە، لە چێشتی مجێوردا بە گەمژەی خوێنشیرن پێناسە کراوە.[7] بە پێی ئەو لێوردبوونەوەیەی کە لەسەر کەسایەتیی مرۆڤی بەگەمژەپێناسەکراو لە لایەن هەژارەوە هەمبووە، بەو ئەنجامە گەییشتم کە ئەو کەسە خاوەن ئەو تایبەتمەندییە بوو کە هەژار نووسیویه‌تی، بەڵام لە پەنا ئەو تایبەتمەندییەدا هەندێک فاکتەری ئەرێنییش جگە لە خوێنشیرنبوون لە کەسایەتیی مرۆڤە بەگەمژەپێناسەکراوەکەدا هەبوو.

.

سەرچاوەی وێنە: سۆران کەرباسیان

یان دەبیندرێت کە لە نووسینەکانیدا ئاماژە بە سووکبوونی ژنی ناسیاوێکی دەکات.[8] لە نووسینێکی ستاندارددا دروست نییە کە بەم شێوەیە وەنێو ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان بکەوین. هەرچەند کە ئەو کەسەی باسی ژنەکەی کراوە، چالاکییەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرسی کورد داناوە، بەڵام تێکەڵاوکردنی داوێنپیسیی ئەو ژنه‌ پێوەندییەکی بە چالاکیی سیاسیی مێردی ژنەکەوە نییە. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و ئاستی نووسین لە کۆمەڵگای ئەوکاتدا کە هەژار چێشتی مجێوری تێدا نووسیبوو، ڕەنگە ئاسایی بووبێت کە مێژوو بەو شێوەیە تۆمار بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم دەربڕینەی هەژار شێوەی بیرکردنەوەی ئەو پێناسە ناکات. واتە بەم شێوەیە نەبووە کە هەژار ژنی بە کەم دانابێت و لە تۆمارکردنی مێژوودا هەوڵی دابێت که‌  بێڕێزیی بە ژن بکات. هەژار لە چەند شوێنێکی چێشتی مجێوردا ژن بە تاقە فریاکەر دەناسێنێت و پەسنی ژیری و ئازایی ژن دەکات.[9]

.

هەژار بەرزترین پلەی نێو بنەماڵە بە ژن دەدات. لە ڕوانینی هەژاردا سەرکەوتن، ئاسایش و بەختەوەریی بنەماڵە بە ژنەوە بەستراوەتەوە. ئەو تێڕمی «ژن و ماڵ» ئاوا لێکدەداتەوە کە بەهۆی بایەخی زۆری ژن، ناوی ژن لە پێش ماڵدا دێت و دەنووسێت: «تا ژن نەبێ، ماڵیش نابێ». سەرچاوەی بەهێزی بونیاتنان لە هزری هەژاردا ژنە. تا ژن نەبێت ماڵ پێک نایەت و ماڵیش کە تاقە شوێنی حەسانەوە و ئارامبوونه‌وه‌ی مرۆڤە بە بوونی ژن گرێ دراوەتەوە. ماڵ لە ڕوانگەی هەژارەوە شوێنی ئاسایشی گشت ئەندامانی بنەماڵەیە. لە ڕوانگەی هەژارەوە چەندە لەسەر گرنگیی سەرچاوەی دابینکردنی ئاسایش و حەسانەوە پێداگریی بکرێت، زۆرتر لەو دەبێ بایەخ بە پێگەی ژن بدرێت، چون لە تێڕوانینی هەژاردا، بوونی ماڵ وەک سەرچاوەی ئاسایش، حەسانەوە و بەختەوەریی بۆ ژن دەگەڕێتەوە. هەژار پیاو لە بنەماڵەدا بە کرێکارێک دەشوبهێنێت و ژن لە بنەماڵەدا بە ئەندازیار و داڕێژەر و پێکهێنه‌ر دەشوبهێنێت.[10] ئەو تەنانەت لە سەردەمی گەنجییەتی خۆیدا دژ بەوە بوو کە وەک زۆرینە ژیانی هاوبەش پێک بهێنێت. لە کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان‌دا باو بوو کە گەورەکان بڕیارده‌ری سه‌ره‌کیی بوون بۆ هەڵبژاردنی هاوسەری مناڵەکانیان. پاش ئەوە کە ژنی یەکەمی هەژار کۆچی دوایی کرد، ئەو سەرلەنوێ ڕچەشکێنی دەکاتەوە و هاوسەری خۆی بە دڵی خۆی هەڵدەبژێرێت.[11] تێکستی هەژار نە تەنیا ئاست و شێوەی پەرەسەندن و پێشکەوتووییەکانی کۆمەڵگای کوردستان وێنا دەکات، گۆڕانکارییەکانی نووسەر و کۆمەڵگاش لە باری جۆری تێڕوانینیان بۆ ژن بە خوێنەر نیشان دەدات. کۆمەڵگایەک کە هەژار بە گەنجییەتی تێیدا دەژیا، ئەوەی قبووڵ نەدەکرد کە کچ دەرس بخوێنێت، بەڵام له‌و په‌ڕتووکه‌دا دەبیندرێت کە گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمەڵگا و هزری تاک لە کۆمەڵگادا بە ئاستێک گەییشتووە کە هەژار لە چۆکی خۆی دەدات و داخی ئەوە دەخوات کە چما کچێکی ژیر و وریا، لە کاتی پێگەییشتنیدا بواری دەرسخوێندنی نەبوو.[12]

.

وەک گوترا له‌ چێشتی مجێوردا هەندێک دەربڕین بە پێی پێوەری فۆرموولەکردنی تێکستی پەرتووک لەمڕۆدا ئاسایی نییە. هەڵسەنگاندنی تێکستی چێشتی مجێور پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی زەمەن و شوێنێک ئەنجام بدرێت کە هەژار تێیدا دەژیا. پێشەکیی چێشتی مجێور خاڵێک بە ڕاشکاویی بۆ خوێنەر ڕوون ناکاتەوە. هەژار لە دەستپێکی نووسیندا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بیرەوەرییانەی خۆی بۆ یەک لە مناڵەکانی نووسیوە تا لە ژیانی خۆیدا کەڵکیان لێوەربگرێت.[13] هەر بۆیەش دەبیندرێت کە زانایەکی ئەدەب و زمانی کوردیی کۆمەڵێک شتی بەبێ پارێزەوە باس کردووە. خوێندنەوەی پەرتووک و چاوخشاندنێک بەسەر هەندێک دەق و سەردێڕی بابەتەکانیش ئەمە ڕوون دەکەنەوە کە هەژار گەرەکییەتی ئامۆژگاریی به‌رده‌نگی خۆی بکات کە بۆی نووسیوە. واتە تێکستی هەژار لە هیچ شوێنێکی پێشەکییه‌که‌دا ئەمە نابێژێت کە ئەو بیرەوەرییانە بۆ خوێنەری کورد بە گشتیی گەڵاڵە کراوە. هەژار کەسێکی ئاسایی کۆمەڵگا نەبوو. باش دەیزانی کە تێکستێک بۆ بڵاوکردنەوە و بەچاپگەییشتن چلۆن ئامادە بکات و چلۆن کاتی بۆ دابنێت. ئەو لە دەستپێکی نووسیندا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی بە چێشتی مجێوره‌وه‌ ماندوو نەکردووە و وەک بەرهەمێکی جددیی ئەدەبی و مێژوویی لێی وردنه‌بۆته‌وه‌.[14] هەژار بە مناڵەکەی دەبێژێت:

«خۆ ئەگەر دۆست و ناسیاویش وەیخوێنن، با هیچ نەبێ بەو قسە قۆڕانە پێبکەنن.»[15]

سەرچاوەی وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی کاک جه‌عفه‌ری حوسێنپوور(هێدی) 

ئەم دەقەی هەژار لەچاو دەربڕینەکانی دیکەی هەندێک ڕوونترە. هەژار ئاگادارە کە ئەوکاتەی نووسینەکەی بە دەستی مناڵەکەی دەگات، ئاساییە کە چەند دۆست و ناسیاوێکیش بیخوێننەوە، بەڵام سەری قسەی لەگەڵ خوێنەری کورد و جەماوەر بە تایبەتیی نییە.[16] لێرە ئەم پرسیارە ساز دەبێت کە گەر هەژار بە مەبەستی بلاوکردنەوە و چاپکردنی بیرەوەرییەکانی ئەو پەرتووکەی ئامادە کردبوو، چما هیچ ئاماژەیەکی زەقی بەم گرنگە نەکردووە؟! هەژار کەسایەتییەکی یەکجار خۆشناو و خۆشەویستی نێو خەڵکی کوردستان بوو. ئەو خاوەنی زۆر دۆستی هێژا و ماقووڵ بوو کە بە دڵنیاییەوە بەشێکی بەرچاویان داواکاری ئەوە بوون بیرەوەرییەکانی خۆی تۆمار بکات. گەر هەژار بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ بڵاوکردنەوە نووسیبا، بە دڵنیاییەوە دەبوا ئاماژەیەکی بەم خاڵە کردبا. کەسانێک دەناسرێن کە نیوهێندەی هەژار خزمەتی کوردیان نەکردووە، بەڵام دۆست و ناسیاوەکانیان پەیتاپەیتا بە پەرۆشەوە داواکار بوون تا بیرەوەرییەکانی خۆیان تۆمار بکەن. ئەوانیش لە بیرەوەریی خۆیاندا ئاماژەیان بەمە کردووە کە زەخت و گوشاری دۆست و ناسیاوەکانیان لەسەر بووە و هان دراون تا بیرەوەرییەکانی خۆیان بە چاپ بگەیەنن. لە تێکستی هەژاردا ئەمە نابیندرێت! هەژاری کوردیزان لە نووسینەکانیدا هه‌مووکات خۆی لە فرەوێژی دوور خستۆته‌وه‌ و زۆر شارەزایانە مەبەستی خۆی بە کەمترین وشە و لە ڕستەی کورتدا بە خوێنەر گه‌یاندووه‌، بەڵام لە دەستپێکی نووسینی چێشتی مجێوردا نەک بە واتای فرەوێژیی، بەڵکوو بە مەبەستی پێداگریی ئەم گرنگە دووپات دەکاتەوە کە بیرەوەرییەکانی بۆ یەک لە مناڵەکانی نووسیوە بۆئەوەی لە ژیانی خۆیدا کەڵکیان لێوەربگرێت.[17] دیسانیش گەر هەژار ئەم پەرتووکەی بۆ بڵاوبوونەوە نەنووسیبێت و تەنیا لە هەوڵی ئامۆژگاری و رێنیشاندانی تاقە خوێنەری خۆیدا بووبێت، بەچاپگەیاندنی ئەو پەرتووکە خزمەتێکی زۆری به‌ نەتەوەی کوردی کردووە و لە پەنا ئامۆژگارییەکانیشدا زۆر لایەنی گرنگی کۆمەڵگای کوردستانی بۆ گەلانی جۆراوجۆر گواستۆتەوە.[18] چێشتی مجێور پڕه‌ له‌ ماتریالی جۆراوجۆر بۆ چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان. داتاکانی نێو ئەو پەرتووکە بواری رەخساندووە کە وەک سەرچاوەیەکی باش بۆ کۆمەڵناسیی ئابووریی، کۆمه‌ڵناسیی ڕامیاریی، بنەماڵە، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی، ئایینیی و هتد بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و له‌ ئه‌نجامدا ناسینێکی زانستیمان لەسەر کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەست لە زەمەنێکی تایبەتدا هەبێت.

لە کۆی گشتیی تێکستەکانی هەژار لە چێشتی مجێوردا وانەیەک بۆ خوێنەر داڕێژراوە. وانەی هەژار ساختە و زه‌ینیی نییە. ئەو بە سانایی و زۆر بە تەسکیی، بینین، چێشتن و بیستنەکانی خۆی گواستۆتەوە سەر کاخەز. لە ژیانی هەژاردا پێگرتن و بەرزبوونەوە دەبیندرێت. لە پێناوی سەرکەوتن و دەستکەوتەکاندا زەحمەتی بێوێنە کێشراوە، بەڵام دەبیندرێت کە ڕۆژگار پشتی لە هەژار کردووە و به‌ریده‌داته‌وه‌. هەژار وانەی خۆڕاگریی، کۆڵنەدان و هۆمێد بە خوێنەر دەدات. ئەو لە هەر شوێنێک کە خاوەن دەسەڵات بووە، ملکەچی شکەست نەبووە و بە هەوڵ و لەسەرەخۆیییەوە خۆی پێ گەیاندۆتەوە و هەستاوەتەوە سەرپێ. ئەم هه‌ستانه‌وه‌ و کەوتنانە لە ژیانی هەژاردا زۆر دەبیندرێت. هەژار لە کاتێکدا کە لەگەڵ هاوڕێکانی دەربەدەر دەبێت و سەرچاوەیەکی بژیویان نابێت، لە ناو و ناوبانگ و تایتێلی بریقەدار واز دەهێنێت. ئەو جلکی ڕووناکبیریی لە یەخدانی مێژوو دەنێت و جلکی کرێکارێکی سه‌ربه‌رز، ماندوونەناس و جوامێر لەبەر دەکات.[19]

خۆگونجاندن یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی چێشتی مجێورە. هەژار لە ژیانی خۆیدا بە پێی زەمەن و شوێنی جۆراوجۆر نەرم و نیانی لە خۆی نیشان داوە و خۆی لەگه‌ڵ ڕاستیی ژیاندا گونجاندووە. ئەم خۆگونجاندنە پێویستیی بە مرۆڤناسیی، تێگەییشتن لە دۆخ، لێکدانەوەی ڕەوش و داڕشتنی پلان هەیە. لە خۆگونجاندندا ده‌مارگرژیی ئەشێ وەلا بنرێت و وەک شولکێکی تەڕ لە بەرانبەر زەختە داسەپاوەکاندا خوار بێتەوە و بە کۆڵنەدان هه‌ستێته‌وه‌. چێشتی مجێور هەڵگری کۆمەڵێک ئه‌زموونی تاڵ و ناخۆشە. هەژار تەنیا ١٧ ساڵی تەمەن هەبوو کە بە کۆچی دوایی باوکی بەرپرسیارەتیی دوو برا و خوشک و دایکی کەوتە سەرشان.[20] ئەو لاوێکی خوێنده‌وار و دەست‌وپێ سپیلکە بوو و ئه‌زموونی هیچ کارێکی دیکه‌ی نەبوو هه‌تا ژیانی بنەماڵەکەی دابین بکات. هەژار دەرس و فێرگە جێدەهێڵێت و لەسەر بڕوایەکی کە بە خۆی هه‌یبوو، دۆخێکی داسەپاو و دژوار قبووڵ دەکات. خۆگونجاندنی هەژار لەگەڵ دۆخەکاندا گرێدراوی فاکتەری جۆراوجۆرن کە مرۆڤناسیی هەژار یەک لەوانە. چێشتی مجێور تێکەڵاویی هەژار لەگەڵ تاکی کۆمەڵگای کوردستان و دەرەوەی کوردستان نیشان دەدات. خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتیی تەوەرێکی بەرچاوی پەرتووکی چێشتی مجێورە کە زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لەخۆ گرتووە. هۆکاری پێویستیی خوگونجاندن بۆ جیاوازییەکان دەگەڕێتەوە. تێکەڵبوونێکی ئەرێنیی بۆ ئەوەیه‌ کەسێک یان گرووپێک لە پڕۆسەی ژیان و کاری زۆرینەدا بەشدار بن که‌ لەمجۆرە دۆخەدا پێویستە. لە پڕۆسەی خۆگونجاندنەکانی هەژاردا هارمۆنییەک دەبیندرێت کە یەکجار بە گران و ناخۆش تەواو بوون، بەڵام کۆڵنەدان و دادێبینیی لە گشت ئەو زنجیرە پڕۆسانەدا وەک وانە و ئامۆژگاریییەکی بەرچاو (بەڵام باسنەکراو) ده‌بریسکێنه‌وه‌. خۆگونجاندنی ڕامیاری و خۆگونجاندنی ئابووریی بە هەمان شێوە لە زۆر شوێنی چێشتی مجێوردا بە نرخی ژیانێکی دژوار تەواو بوون. پڕۆسەی ئاوارەییەکانی کارەکتەری سەرەکیی چێشتی مجێور هەڵگری کۆمەڵێک وانەی زانستین کە دەکرێت لە لایەن کۆمەڵناسانەوە وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی خۆگونجاندن کەڵکی لێوەربگیردرێت. فێربوونی زمان، کارکردن و ئاشنابوون لەگەڵ نەریت و کولتووری زمانیی لەو خاڵە سەرەکییانەن کە چێشتی مجێور وێنای ده‌کات بۆئەوەی مرۆڤێک لە کۆمەڵگایەکی نوێ و نامۆدا نه‌بێته‌ بارگرانیی کۆمەڵگا به‌ڵکوو ببێته‌ بەشێک لە پرۆسه‌ی بازنه‌یی کۆمه‌ڵگا.

چێشتی مجێور سەرچاوەیەکی بەهێزی مرۆڤناسییه‌ لە زەمەنێکی دیاریکراودا. وێناکردنی مرۆڤەکان لە چێشتی مجێوردا تایبەت بە به‌ره‌ و چینێکی تایبەت نییە و زۆربه‌ی به‌ره‌ و چینەکان لەخۆی دەگرێت. ئەم پەرتووکە یارمەتیدەرە کە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا هەرچەند تاڵیش ببن ببیندرێن. داتاکانی ئەو پەرتووکە ئەمەندە زۆرن کە توانیویه‌تی لەچاو سەرچاوە زارەکییە کوردییه‌کانی دیکە بەهێزتر و جێمتمانه‌تر بێت. ئەم پەرتووکە بۆیە دەتوانێت بە لوتکەی تاقانەیی بگات چون دەبیندرێت کە بواری دۆکیومێنتارکردنی لە زۆر جێگەدا هەیە و سەرچاوە و بەڵگەیەکی زۆر هەن کە جێمتمانەبوونی بەشێکی زۆری زانیارییەکانی پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه‌. لە چێشتی مجێوردا لە پەنای مرۆڤناسیی ژیان و نەریتدا بە شێوەی جۆراوجۆر فاکتەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان دەستنیشان کراون. وێناکردنی خەڵک لە چێشتی مجێوردا دەکرێت وەک گرنگترین کەرەستەی لێکۆڵینەوە بۆ خوێندنەوەی مرۆڤناسیی دەکار بگیردرێت.

چێشتی مجێور کۆمەڵێک ڕووداوی لەخۆ گرتووە کە پێوەندییان بە تەوەری ئێتیکه‌وه‌ هەیە. لە زۆر جێگەی ئەو پەرتووکەدا باسی ئێتیک لە سیاسەت، ڕاستوێژی و ڕێنوێنی کراوە و بۆ فامکردنی باشتر ئاماژە بە وێنەی سەرنجڕاکێش کراوە. چێشتی مجێور وانەی سەروەربوونی کەسایەتیی مرۆڤ بەسەر ماتریالدا بە خوێنەر دەدات. هەژار لە زۆر شوێنی چێشتی مجێوردا ئاماژەی بەم ڕووداوانە کردووە کە چلۆن ماتریال توانیویه‌تی به‌ ناخی جوانی مرۆڤدا شۆڕبێته‌وه‌ و وێنەیەکی خەوشەدار لە مرۆڤ ساز بکات. لێوردبوونەوە لە تێکستەکانی چێشتی مجێور مرۆڤ بەو قەناعەتە دەگەیەنێت کە ماتریال لە هەمانکاتدا پێویستییەکی ژیانە و ئەشێ دابین بکرێت. بەهۆی ئەوە کە هەژار لە کۆمەڵگایەکی ئاساییدا ژیانی نەدەکرد و نیشتمانەکەی داگیرکراو بووە، دەبیندرێت کە وانەیەکی دیکە لە ئێتیک وەک بەرپرسیارەتییەک لە ئاست پرسی نەتەوەیی کورد بە خوێنەر دەدرێت. لە ماتریال و سامان چی لەبەردەستدا هەیە، چەندە زۆر و بۆر بێت، چەندە شیرن بێت، لە کاتێکدا کە پێویست بێت پشتی تێکراوە و بەرەو ئەو شوێنە هەنگاوی ناوە کە سەروەریی بەسەر ماتریالدا هەیە. هەژار پاش ساڵانێک کوێرەوەریی توانیبووی خۆی کەڵتە بکاتەوە، بەڵام بەهۆی پێویستییەکی کە شۆڕش بە ئەوی هەبوو، گشت خۆشییەکانی له‌ خۆی داماڵی و ڕێگەی شاخ و خزمەت بە شۆڕشی هەڵبژارد.[21]

هەژار، مصطفی بارزانی، ئەحمەد تۆفیق و جەلال تاڵەبانی لەم وێنەیەدا دەناسرێنەوە. سەرچاوەی وێنە: سەربردەی ژیانم؛ بیرەوەرییەکانی ڕەسووڵ پێشنەماز بە قەڵەمی سۆران کەرباسیان، چاپی ئەرزان، سوید ٢٠١٤ی زایینیی، لاپەڕەی ٣٧٩

زانیارییە مێژووییەکانی چێشتی مجێور لە چەندان قۆناخی جۆراوجۆردا بایەخی تایبەتییان هەیە. هەژار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک)، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، کۆماری کوردستان، شۆڕشی ئەیلوول و هەموو سەرکەوتن و داکەوتنه‌کانی شۆڕشی باشووردا هه‌تا ساڵی ١٩٧٥ی زایینیی بەشدار بوو. کۆمەڵەسەفەر و بەسەرهاتەکانیشی لە وڵاتانی دیکە هەڵگریی زانیارییەکی زۆرن کە پێویستییان بە لێوردبوونەوە هەیە و دەکرێت لەسەر بەڵگەمەندکردنی بەشێکی بەرچاو لە مێژووە زارەکییەکەی هەژار، مژاری دیکە گەڵاڵە بکرێن. هەر بۆیە ئەم باسە درێژەی دەبێت.

.

سەرچاوە و ژێدەر:

[1]  مامۆستا هەژار، چێشتی مجێور، چاپی سێهەم، پەخشانگای ئازادی ٢٠٠٩ی زایینیی، لاپەڕەی ١

[2]  جیا لەوە کە بەڵگە و سەرچاوەی دیکەش بۆ سەلماندنی ئەوە لەبەردەستدا هەیە کە هەژار ئەندامی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان» بوو، بۆخۆشی لە «چێشتی مجێور»دا باسی کردووە. ئەو جیا لەوە کە بەشێکی پەرتووکەکەی بۆ ئەم باسە تەرخان کردووە، لە زۆر جێگەی دیکەی بیرەوەرییەکانیدا باسی لەو زەمەن کردووە.

بڕوانە: چێشتی مجێور، لاپەڕەکانی ٥١-٥٥

[3]  سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، ئوسلوو ٢٠١٢ی زایینیی، لاپەڕەکانی ١٢-١٣

[4]  پێشتر لەم بارەوە سولەیمان چیرە (هێرش) گچکە بابەتێکی گەڵاڵە کردبوو. بڕوانە: هێرش؛ ئایا شاعیری میللی کۆماری کوردستان حیزبی نەبووە؟!

[5]  جیا لەوە کە کوردستانیبوونی هەژار لە زۆر لاپەڕەی چێشتی مجێوردا وەبەرچاو دەکەوێت، دەبیندرێت کە لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و دواتر لە کاتی دەوڵەتی کۆماری کوردستان‌دا شێعری نەتەوەیی نووسیبوو و بە چاپ گەییشتبوو. بۆ وێنە بڕوانە: ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، چاپی مەهاباد، ژمارە ١٤، ڕێکەوتی ١٣ی ٢ی ١٩٤٦ی زایینیی، شێعری هەژار (نیشتمانم ڕەنگینە)، لاپەڕەی ٢

[6]  لێوردبوونەوە لە شێعری «قەڵەم» کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا بە چاپ گەییشت، بە هەمانشێوە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە هزری نەتەوەیی لای هەژار بەسەر بڕوای ئایینی ئەودا سه‌روه‌ر بووە. بڕوانە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٢١، ڕێکەوتی ٢ی ٣ی ١٩٤٦ی زایینیی، لاپەڕەی ١

[7]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٣٢٢

[8]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٣٠٦

تێبینی: بەهۆی ئەوە کە زمانی دەربڕین و شێوەی فۆرموولەکردنی تێکست لە چێشتی مجێوردا باسی ئەم نووسینەیە، بە دروست نەزانراوە کە ئاماژە بە ناو بکرێت.

[9]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٢٢٠

[10]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٨

[11] چێشتی مجێور، لاپەڕەی ٣٦

[12]  هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[13]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١

[14]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[15]  هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[16]  ماجد مەردۆخ ڕۆحانی لە چاپی سێهەمی چێشتی مجێوردا چەند زانیارییەکی لە تەنیشت ڕوونکردنەوەیەکی پێویستی پێوەندیدار بە پەرتووکه‌که‌ نووسیوە. ئەم نووسینەی من بە بێ لەبەرچاوگرتنی دەربڕینی بەڕێزیان گەڵاڵە کراوە و بۆ خوێندنەوەی خۆم تەنیا نووسینی نووسەری پەرتووکم لەبەرچاو گرتووە.

[17]  چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١

[18]  چێشتی مجێور سێ جاران بە چاودێریی دڵسۆزانی هەژار بە زمانی کوردیی بە چاپ گەییشتووە. چەند جارێکیش بە بێ ئاگاداریی کەسانی نزیکی ئەو لە چاپ دراوە. وەشانی کوردیی ئەو پەرتووکە بە شێوەی دەنگییش تۆمار و بڵاو کراوەتەوە. ئەو پەرتووکە دوو جاران لە دوو پڕۆژەی جیاوازیشدا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی. لە کۆتایی ئەم بابەتەدا ئەم وەشانە جۆراوجۆرانەی چێشتی مجێور وەک پاشکۆی بابەته‌که‌ دەناسێندرێت.

[19]  چێشتی مجێور، لاپەڕەکانی ١٠٣-١٠٥

تێبینی: لەم وێنانە لە سەربوردەی هەژاردا زۆرن و بە پێویست نازاندرێت هەموویان ریز بکرێن.

[20]  چێشتی مجێور، لاپەڕەکانی ٣٠-٣١

[21]  چێشتی مجێور، لاپەڕەکانی ٤٠٨-٤١٠

جیا لەمانە لەم بابەتانەی ژێرەوەش کەڵک وەرگیراوە:

  1. خالید میارغونج، ”چێشتی مجێور” لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، نەورۆزی ١٣٩٢ی کۆچی هەتاویی
  2. چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە خۆگونجاندن کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆرێگ بڵاو بوونەوە.
  3. ئێتیک و مێتۆد، ماڵپەڕی فەرمیی «کۆمیتەی نەتەوەیی ئەخلاق لە لێکۆڵینەوەدا»، ٢٠١٣ی زایینیی (نۆرێگ)
  4. ئێتیک لە لێکۆڵینەوەدا، ماڵپەڕی فەرمیی ڕاوێژکاری لێکۆڵینەوە (نۆرێگ)، ٢٠١٤ی زایینیی

سپاس بۆ ماڵپەڕی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان کە ئەم بابەتەی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە:

www.kncsite.com

 پاشکۆی بابەت:


وەشانی دەنگیی چێشتی مجێور:

خوێندنەوەی: ئۆمێد عەلی

تۆمار و ئێدیت: دلێر سەلیم

ئومێد علی زەحمەتی خوێندنەوەی پەرتووکی «چێشتی مجێور»ی مامۆستا هەژاری کێشاوە و لە لایەن دلێر سلیم‌ەوە تۆمار کراوە. لە ژێرەوە کۆی ئەم کتێبە دەنگییە داندراوە و بۆ خوازیارانی بەرهەمەکە لاپەڕەیەکی تایبەتیی کراوەتەوە بۆئەوەی بتوانن بەش بە بەشی دابگرن.

.

بۆ داگرتنی کۆی ئەم پەرتووکە دەنگییە دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرەی ژێرەوە بکەن.

https://Kurd.no/Çêştî-Mcêwr


دوو وەشانی جیاوازی فارسیی پەرتووکی چێشتی مجێور:

.

١. ساڵی ١٣٨٧ی کۆچی هەتاویی پەرتووکی چیشتی مجیور لە لایەن بێهزاد خۆشحاڵی‌یەوە بە زمانی فارسیی بڵاوبۆوە.  بەڕێوەبەریی ئەم پێگەیە هیچ زانیارییەکی لەمەڕ چاپکردنی ئەو پەرتووکە فارسییە نییە، بەڵام وەشانی ئێلێکترۆنیی ئەو پەرتووکە لە لاپەڕەی وەرگێڕدا بڵاوکراوەتەوە. دواتر ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ئەو پەرتووکەی بە شێوەی ئێلێکترۆنیی چاپ و بڵاوکردەوە. ئەو پەرتووکە پێڕستی بۆ ساز نەکراوە. ئیندێکسی ناوەکانی کۆتایی پەرتووکی لەگەڵ نییە و فۆنتێکی خۆشیش لە چاپە ئێلێکترۆنییەکەی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان‌دا بەکار نەهاتووە. بەهۆی ئەوە کە بێهزاد خۆشحاڵی لە لایەن حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌ەوە هەتا نووسینی ئەم دێڕانە دەستبەسەر کراوە، بواری ئەوە نییە کە لەم بارەوە کاک بێهزاد بدوێنین. بە دڵنیاییەوە لە دادێدا ئەم پەرتووکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێکتر بڵاو دەبێتەوە.

دەتوانن ئەم پەرتووکە لەم بەستەرەی ژێرەوەدا بخوێننەوە:

Çêştî Mcêwr (Farsî), Wergêrranî Behzad Xoşhhallî

Pêgey Bêhzad Xoşhhallî bo nasandnî ew pertûke

http://hajarana.blogfa.com

Besterî mallperrî Pêşmergekan bo nasandn u bllawkrdnewey wergêrranî Bêhzad Xoşhhallî

http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=2263

.

٢. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی ”گنجینه کتاب” بڵاوی کردۆەتەوە، پەرتووکی چێشتی مجێور لە ساڵی ١٣٨٠ی کۆچی هەتاویدا لە لایەن رەزا کەریم مۆجاوێر وەرگێڕدرابوو سەر زمانی فارسیی و بە چاپ گەییشت. لە ژێرەوە پێناسەی ئەو پەرتووکە داندراوە:

ش‍ل‍م‌ ش‍ورب‍ا: ترجمه چیشتی مجیور ف‍رازه‍ای‍ی‌ از زن‍دگ‍انی و خاطرات اس‍ت‍اد ع‍ب‍دال‍رح‍م‍ن‌ ش‍رف‍ک‍ن‍دی‌ (ه‍ه‌ژار) ب‍ه‌ ق‍ل‍م‌ خ‍وی‍ش‌؛ ت‍رج‍م‍ه‌ و پ‍اورق‍ی‌ رض‍ا ک‍ری‍م‌‌م‍ج‍اور
پدیدآور: ش‍رف‍ک‍ن‍دی‌، ع‍ب‍دال‍رح‍م‍ن‌، ۱۳۰۰ – ۱۳۶۹
تاریخ اثر: ۱۳۸۰
موضوع: ش‍رف‍ک‍ن‍دی‌، ع‍ب‍دال‍رح‍م‍ن‌، ۱۳۰۰ – ۱۳۶۹ — س‍رگ‍ذش‍ت‍ن‍ام‍ه‌
شرح:۲۳۶ ص
پشت جلد به انگلیسیHodge-pdge: Autobiography of Hazhar
ک‍ت‍اب‍ن‍ام‍ه‌ : ص. ۲۳۶
ناشر: م‍ه‍اب‍اد: ع‍ب‍دال‍رح‍م‍ن‌ ش‍رف‍ک‍ن‍دی
شابک:‭9643608980
شماره بازیابی دیوی ‭۸‮فا‬۹/۲۱
شماره بازیابی کنگره:‭PIR۸۱۲۳/ر۶۷ی‌۷ ‭ ۱۳۸۰
شماره کتابشناسی ملی:‭م‌۸۰-۱۰۹۶۸

Besterî Ganjînêy ê Kêtab bo nasandnî em pertûke:

http://www.nosabooks.com/WebUI/book.aspx?simorgh=1&marckey=1333533&marckind=3


ئەو بەڕێزانەی کە حەز دەکەن وەشانی کوردیی چێشتی مجێور بخوێننەوە، دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیەی ژێرەوە بکەن.

چێشتی مجێور بە کوردیی

Pin It
پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.