پۆگرۆمی ئیندرقاش
پۆگرۆمی ئیندرقاش
کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

”جمهوری اسلامی ایران” حکومەتێکە کە  بنەمای هەر لە سەرەتاوە لە سەر ناعەداڵەتی، جەنایەت، تێڕۆریزم و دیکتاتۆری دامەزرا. هەر چەند کە دادگای میکۆنووس ئەم حکومەتەی بە سیستەمێکی جەنایەتکار لە بەرواری ١٠ی ٤ی ١٩٩٧ی زایینی پێناسە کرد، [1] بەڵام نیشانەکانی جەنایەت و کردەوەی تێڕۆریستی هەر لە مانگە سەرەتاییەکانی ئەم حکومەتەدا دەر کەوت کە لەو زەمەندا لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزانی بە ڕواڵەت ژیارەوە بێدەنگی لێ کرا. شۆڕشێک بۆ ڕووخانی هەتاهەتایی سیستەمێکی راسیستی ڕووی دابوو و زۆرینەی ئێتنیک گرووپە جیاوازەکانی نێو ”ایران”، خۆیان بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان ئامادە کردبوو.

مافی ئێتنیکی لە لایەن حیزب و ئێلیتی کۆمەڵگاوە لە چوارچێوەی ئەو کۆنوانسیۆنانەدا گەڵاڵە کرابوو کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە فەرمی ناساندوون، بەڵام دەسەڵاتی حاکم لە ”طهران” لە ڕوانگەی دەقە ئایینییەکان و پەرتووکی پیرۆزی ”قرآن”ەوە دەیڕوانییە جەماوەری وڵات ودانی بە فەرق و جیاوازییەکانی کۆمەڵگا لە ڕووی زمان، ئایین، هەستی هاوبەش، پێشینەی هاوبەش و …هتد نەهێنا.

سەرەڕای ئەوەکە دەسەڵاتی ”طهران”، ئێلیتی پارس، ”پان ایرانیست”ەکان و قەڵەمبەدەستانی سەر بە حکومەت هەوڵیان داوە تا لە ڕێگەی مێدیای جۆراوجۆرەوە ڕاستییەکانی ئەو سەروبەندە بشێوێنن، بەڵام حیزب و ڕێکخراو، ئێلیت و مامۆستایانی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر مافی ئێتنیکی کورد لە ”ایران”دا سوور بوون و داواکارییەکانی ئێتنیکی خۆیان لە ژێر ناوی خودموختاری بۆ یەکەمجار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڵاڵە کرد.

ڕۆژنامەی ”اطلاعات” ئارشیوی سۆران کەرباسیان

سەرچاوەکانی خودی حکومەتی ”اسلامی ایران” ئەوە دەسەلمێنن کە کۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو ڕۆژە شەڕ بە سەر کوردستاندا داسەپا، یازدە (١١) جاران بە دوای یەکدا و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە بەرنامەی خودموختاری بۆ کوردستان و دێمۆکراسی بۆ ”ایران”یان بە شێوەیەکی ژیارانە پێشکەش کردبوو. مەلاکان و باقی هێزەکانی تەنیشت خۆیان لەو سەردەمدا ئامادە نەبوون کە دان بە مافە ئێتنیکییەکانی کورد دابنێن و پاش سەرکەوتن لە هاڵۆزکردنی ڕەوشی هێمنی کوردستان، شەڕێکی نابەرابەر و جەنایەتکارانەیان بە سەر نەتەوەی کورددا سەپاند.

لە دەستپێکی شەڕەوە ئەم سیستەمە جەنایەتکارە، هێرشی خۆی بە پێشێلکردنی کۆمەڵێک پرەنسیپی مرۆڤی و قانوونی نێونەتەوەیی دەستپێکرد. پێداچوونەوەی دۆکیومێنتاری هەرکام لەم مژارانە باسی سەربەخۆی گەرەکە، هەر بۆیە لە ناو گشت پرسە جۆراوجۆرەکانی ئەو زەمەندا، پرسی منداڵ و لاو باسی ئەم بابەتەیە.

سترێس و هاڵۆزییەکانی شەڕی داسەپاو بە سەر کوردستاندا کاریگەری نێگاتیڤی بۆ سەر منداڵان لێ کەوتەوە، کاریگەرییەک کە بە شێوەیەکی درێژخایەن لە سەر منداڵ ماوەتەوە. حکومەتی ”اسلامی ایران” لە هێڕشەکانی خۆیدا هێرشی دەبردە سەر ئەو شوێنانەی کە بە تایبەتی بۆ منداڵ دابین کرابوون. فێرگەکان و قوتابخانەکانی کوردستان، نەخۆشخانەکان و شوێنی کایە و گەمەی لاوان بوون بە گۆڕەپانی ڕمبازێنی پاسداران و بەسیجییەکانی حکومەت و بەم کردەوەی خۆیان هەر لە دەستپێکی شەڕی داسەپاویاندا، قانوونە نێونەتەوەییەکانی شەڕی ناوخۆ و نێونەتەوەییان پێشێل کرد.

جیا لەوە کە منداڵانی کورد کران بە قوربانی سیاسەتی نامرۆڤانەی حکومەت، زۆر لاوی ژێر ١٨ ساڵی غەیری کوردیش لە لایەن حکومەتەوە بەرەو کوردستان ناردران تا بە ناوی خزمەت دەستیان بە خوێنی کورد سوور بێ. حکومەتی ”ایران” جیا لەوە کە مافی منداڵی کوردی پێشێل کرد، مافی منداڵی غەیری کوردیشی لە بایەخ خست و بە لە ژێرپێخستنی قانوونە نێونەتەوەییەکان، منداڵی ژێر ١٨ ساڵی غەیری کوردیان پڕ چەک کردن تا کوردستان سەرکوت بکرێ.[2]

جیا لەمانە ئێعدامی گەنجان و لاوان لە دەستپێکی ئەم حکومەتەوە لە کارنامەیدا تۆمار کراوە. هەر چەند کە ”جمهوری اسلامی ایران” پاش وڵاتی چین لە پلەی دووهەمی ئەو وڵاتانەی جیهان دایە کە زۆرترین ئێعدامی تێدا دەکرێ، بەڵام گەر بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی وڵات، ژمارەی ئێعدامەکان لە بەر چاو بگیرێت، وڵاتی ”ایران” یەکەم وڵاتە کە زۆرینەی ئێعدامەکان ئەنجام دەدا. ئێعدامی منداڵیش یەک لە پرسەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەگەڵ ئەم سیستەمە جەنایەتکارەیە کە لە ماوەی ٣٣ ساڵی پێشوودا بەردەوام ڕووی داوە.[3] هیچ ڕێژەیەک لە دەستدا نییە کە چەند منداڵ لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینییەوە بە دەستی ”جمهوری اسلامی ایران” ئێعدام کراوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە زۆرینەی قوربانییەکان و زیندانییەکانی ئەوکات لە لاوی ژێر ١٨ ساڵ پێک هاتبوو و بە پێی ڕێژەی نزیکەی ٤٠٠٠٠ ئێعدامی لە ناوبەری ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٤ی زایینی لە ئێراندا، ژمارەی لاوانی ئێعدامکراو بە دەستی حکومەتی ”طهران” بە ناوبەری یازدە تا دوازدە هەزار لاو خەڵمێندراوە.[4]

حوکمی ئێعدام لە قانوونە نێونەتەوەییەکاندا تەنیا بۆ کەیسی تایبەت و هەستیار بە فەرمی ناسراوە کە ئەویش بە پێی تێبینی و وردبوونەوەیێکی زۆر و هەڵسەنگاندنی تەواو لایەنەکانی تاوان بە سەر تاوانبار دەدرێ، بەڵام لە ”جمهوری اسلامی ایران”دا جیا لەوە کە زۆر بڕیاری ئێعدام لە هەل و مەرجێکی ناستاندارددا دەدرێ، جیا لەوە کە مرۆڤی کورد مافی ئەوەی نییە بە زمانی زگماکی بەرگری لە خۆی بکا، جیا لەوە کە لە ساڵانی سەرەتایی حکومەتدا بوونی پارێزەر بۆ تاوانبار شتێکی نامۆ بوو، قانوونەکانی ”جزای اسلامی ایران” زۆر داوێنێکی بەرینیان هەیە و لە زۆر حاڵەتدا دادوەر شەڕعییەت و بواری ئەوەی هەیە کە حوکمی ئێعدام بە سەر لاوێکدا بسەپێنێ.

ئێستا لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیدا تەنیا پێنج وڵات لە جیهاندا هەن کە منداڵ ئێعدام دەکەن کە شانازی پلەی یەکەمی نێو ئەم پێنج وڵاتەش هەر بۆ وڵاتی ”ایران” دەگەڕێتەوە. بە پێی مادەی ٢١٠ی قانوونی ”مجازات اسلامی ایران” هەرکات لاوێک سێ جار ئەڵکۆڵ بخواتەوە حوکمی ئێعدامی لە سەر ڕەوایە. گەر لاوێک بێڕێزی بە پێغەمبەری ”اسلام” بکا بە هەمان شێوە حوکمی ئێعدامی لە سەر دەدرێ. ئەم حکومەتە لە دەستپێکەوە چەشنە دادگایێکی بە ناوی دادگای شۆڕش پێک هێنا و بە بێ ئەوە کە کەش و هەوایەکی مرۆڤانە و ستاندارد بە سەر دادگادا زاڵ بێ، لە ماوەی چەند خوڵەکێکدا لاوی کورد بە ”مفسدالفی الارض” پێناسە دەکرا و بە بێ ئەوە کە بوونی بەڵگەیەک بۆ تاوانی پێناسەکراو پێویست زانرابا، حوکمی ئێعدامیان بۆ سەر لاوی بەندکراو دەبڕێوە.

ئەمەش گرنگە باس بکرێ کە بە پێی دەقی قانوون وڵاتی ”ایران” دەکرێ حوکمی ئێعدام بۆ کوڕ لە تەمەنی ١٤،٥ ساڵییەوە و بۆ کچ لە تەمەنی ٨ ساڵ و ٨ مانگییەوە ببڕێتەوە، چوون لە ڕوانگەی حکومەتی اسلامییەوە لەو تەمەنە ڕا بە ”بلوغ” دێنە ئەژماردن. هەر چەند کە بە پێی قانوون دادگای لاوانی هەندێک وڵات دەبێ حوکمی ئێعدامی لاوان تا ١٠ ساڵان وەدوا بخرێتەوە،[5] بەڵام ڕێژەکانی بڵاوکراوە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوی بەرگری لە ئێعدامی منداڵان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد هەموو ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە حکومەتی ”اسلامی ایران” ئەو قانوونەش لەبەر چاو ناگرێ و لە ماوەیەکی کورتدا حوکمی ئێعدام بەڕێوە دەبا.[6]

”جمهوری اسلامی ایران” سیستەمێکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایەشی گشت نەتەوەکانی ژێر دەستی و بە تایبەتی بۆ سەر نەتەوەی کوردە. دادگاکانی شۆڕشی ”خلخالی” ئێستاش خورپە لە دڵی هەر تاکێکی کورد دەهێنێ کە گچکە زانیارییەکی لە سەر ئەم دادوەرە دڕەندەیە هەبێ. ”صادق خلخالی” لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی خۆی و زۆر دیمانەی جۆراوجۆردا بە شانازییەوە باسی لە ئەو حوکمە ئێعدامانە کردووە کە لە ماوەیەکی چەند خولەکیدا بڕیاری لە سەر دابوون.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی توناکردن و کوشتاری ٥٩ لاوی کورد بە دەستی ”جمهوری اسلامی ایران”ە. ٢٩ ساڵ بە سەر ئەم کارەساتە تێدەپەڕێ، بە بێ ئەوە کە بنەماڵەی ئەو گیانبەختە لاوانە بزانن تەرمەکەیان لە کوێ بە خاک سپێردراوە. ٥٩ بنەماڵە و سەدان بنەماڵەی دیکەی کورد کە هیچکات نەیانتوانی بزانن پڕۆسەی دادگاییکردنی منداڵەکەیان چەندی کات خایاند. بە بێ ئەوە کە بزانن گەلۆ منداڵەکەیان توانایی بەرگری لە خۆی بە زمانی پارسی هەبوو یا نا. ٢٩ ساڵ بە سەر کوشتنی ٥٩ لاو تێپەڕ بووە بەڵام ئێستاش کەس نازانێ کە ئەو لاوانە پارێزەریان هەبوو یان نا. گەلۆ هیچ بەڵگەیەک لە سەر تۆمەتی پاڵخراویان بوونی هەبوو؟! کام دادگا بەرپرسی ئەو حوکمانە بووە و لە کام شاری ”ایران” حوکمەکان بەڕێوە چوون؟![7] چما تا ئێستاش بوار نییە پێداچوونەوەی ئەو دادگایانە بکرێتەوە و بۆ دەبی هیچ ئارشیوێکی ئاوەڵە لەم پێوەندییەوە نەبێ؟! بۆ دەبێ گەر ڕۆژنامەوان یان چالاکوانێکی مافی مرۆڤ خوازیاری وەدواکەوتنی ئەم کەیسانە بێ، بەوە تاوانبار بکرێن کە هەڕەشەیان خستۆتە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی؟![8] چما لە پەرتووکی بیرەوەری چالاکوانانی سیاسی کورددا بایەخێکی زۆر کەم بەم کارەساتانە دراوە و تەنیا هەوڵی سازکردنی وێنەی قارەمانێکیان لە خۆیان داوە؟ کێ بەرپرسە لە کوشتاری ئەم لاوانە و ئەرکی مرۆڤایەتی تاک لە کۆمەڵگادا بەرانبەر ئەو جەنایەتانە چییە؟ ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێونەتەوەییەکان چەندە دەتوانن لەم پێوەندییەوە یارمەتیدەر بن و داڕشتنی لێپرسینەوەیەکی حقوقی چلۆن مسەوگەر دەبێ؟!

بڕوانە وێنەی ژێرەوە.

وێنەی کامران چالاکی، سپاس بۆ کاک وریا ماملێ کە ئەم وێنەیەی پێشکەش بە ئارشیوی سۆران کەرباسیان کرد.

ئەمە وێنەی لاوێکی بێتاوانی مەهابادی بە ناوی کامران چالاکی یە کە هەرچی زیاتر لێی ورد دەبمەوە تەنیا پاکی، صداقت، جوانی و بێتاوانی لێ وەردەگرم. کام ویژدانی بەشەری، کام سیستەمی مرۆڤی و کام دادگای دێمۆکراتیک قبووڵی ئەوە دەکا ئەم گەنجە لە چەند خولەکێکدا بە بێ ئەوە کە تاوانێکی لە سەر ساغ بووبێتەوە، هەروا حوکمی ئێعدامی بۆ ببڕدرێتەوە و بەڕێوە بچێ؟  گەلۆ کامران چالاکی و باقی کامرانەکان بۆیان هەبوو بەرگری لە خۆیان بکەن؟ تاوانێک کە لە لایەن حکومەتەوە لە سەریان تۆمار کرابوو چ بوو؟

بە دەیان پرسیار لە سەر ئەم کوشتارانە هەیە کە هێشتا بوار نییە بە وڵامەکانیان بگەین. ئەو ٥٩ لاو و ئەو سەدان لاوی دیکەی کورد کە بە بڕیاری دادگای شۆڕشی ”جمهوری اسلامی ایران” ئێعدام کران، نە دەیانزانی سیاسەت چییە، نە دەیانزانی مافی ئێتنیکی چییە و نە دەیانزانی سوسیالیزم و باقی ئیسمەکانی حیزبەکان بە چ واتەیەکن. ئەوان تەنیا تاوانێکی کە هەیانبوو ئەوە بوو کە لە زێدی هەمیشە کوردستانی خۆیاندا لە دایک ببوون و شانازیان بە کوردبوونی خۆیان دەکرد. هەر وەک ئەو کچە کوردەی شاری پاوە کە تەنیا ١٦ ساڵی تەمەن بوو کاتێک کە کەوتە بەر دەستی جەنایەتکارانی ”جمهوری اسلامی ایران”. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ”پیکار” ئەو کچە تا کاتێک کە ڕایانکێشا بۆ شوێنی کوشتن، بەردەوام سروودی نەتەوەیی ”ئەی ڕەقیب”ی دەوتەوە و کاتێک کە ویستیان وە بەر گوللەی بدەن، هاواری کرد: <<یان کوردستان، یان نەمان>>.[9]

بڕوانە ئەم وێنەیەی ژێرەوە:

وێنەی ئینشائەڵڵا نادری، ئارشیوی سۆران کەرباسیان

ئەمە وێنەی گیانبەختی جوانەمەرگ ”انشااللە نادری”یە، یەک لە ٥٩ لاوەکەی شاری مەهاباد کە بە دەستی سیستەمی جەنایەتکاری ”جمهوری اسلامی ایران” ئێعدام کرا. لە سەر پرسی کوشتار و ئێعدامی سیستەماتیکی لاوانی کورد لە لایەن ”جمهوری اسلامی ایران”ەوە تا ئێستاش لێکۆڵینەوەیەکی شیاو نەکراوە. جیا لە وڵاتانی ”ایران”، ”عراق”، ترکیا و ”سوریە، کام دادگای مرۆڤی دەتوانێ تەنیا ڕێگەی ئەوە بە خۆی بدا ئەم کوڕە ژیکەڵەیە بباتە بەر دەم دادگا؟ پێکهاتە و بنەماکانی ” ئەم چوار حکومەتە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لە سەر یەک خاڵی سەرەکی، یەکدەگرێتەوە. ئەم خاڵەش کوشتار و سەرکوتی کورد، توناکردنی داب و نەریت و زمانی کورد، کوشتاری فیزیکی و پراکتیزەکردنی هەموو هاوپۆلە جۆراوجۆرەکانی ژێنۆسایدە. بواری خەسارناسی ئەم کۆمەڵگایەش کە بۆتە لابراتواری قەسسابانی چوار حکومەتی بەربەری داگیرکەری کوردستان، تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردیدا دەرەخسێ.

سۆران کرباسیان

١٢ی جۆزەردانی ١٣٩١ی کۆچی هەتاوی

:Serçawekan


Iran Human Rights Documentation Center، Murder at Mykonos: Anatomy of a Political Assassination, March 2007, web
Optional Protocol to the Convention on the Rights of the Child on the involvement of children in armed conflicts , Article 1 & 2
Brrwane rêjekanî SCE
The Foreign Policy Centre, From Cradle to Coffin: A Report on Child Executions in Iran, 2009 London, ISBN-10 1-905833-16-4, Page 18
[5] بۆ وێنە بڕوانە مصر و ئەندۆنێزی
The Foreign Policy Centre, From Cradle to Coffin: A Report on Child Executions in Iran, 2009 London, ISBN-10 1-905833-16-4, Page 26

[7] حمیدرضا جلائی پورلەو سەردەمدا فەرمانداری شاری مەهاباد بوو. ناوبراو لە وڵامی پرسیاری خوێندکارێکی کورد لە ”طهران” گوتبووی کە ئەم ٥٩ کەسە لە شاری تەورێز دادگایی کرابوون بەڵام ڕاستبوونی ئەم قسەیە ڕوون نییە.

[8] بۆ وێنە بڕواننە بەسەرهاتی دڵتەزێنی مادح احمدی، لاوێکی ڕۆژنامەوانی کورد کە گەرەکی بوو وڵامی هەندێک پرسیار و چەند بەڵگەیەک لە مەڕ ژێنۆسایدی گوندی قاڕنێ بە دەست بهێنێ. نموونەی دیکەی ڕۆژنامەوان و چالاکڤانی مافی مرۆڤ زۆرن کە لەم ساڵانەی دواییدا ایرانیان بەجێ هێشتووە و لە هەندەران و بە تایبەتی لە باشووری کوردستان دەژین. کەیسی محمد صدیق کبودوند کە ناوبانگێکی نێونەتەوەیی هەیە و ناوبراو تا ئێستاش لە ژێر دەستی ”جمهوری اسلامی ایران” لە زینداندا دەژی.

[9] ڕۆژنامەی ”پیکار، ڕێکەوتی ١٠ی ٩ی ١٩٧٩، ”سازمان پیکار در راه آزادی طبقە کارگر”

 

تێبینی: ئەم بابەتە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩١ی کۆچی هەتاوی لە ماڵپەڕی ناوەندی نۆچە و شرۆڤەی ڕۆژ و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاو ببۆوە.

http://nnsroj.com/detiles.aspx?id=2360&ID_map=25

پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.