کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

کەریم حیسامی کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی هاوچەرخی شۆڕشی نەتەوەی کوردە. دەستی قەڵەمی هەبوو و لە هەندێک بارەوە کەسایەتییەکی تایبەت بوو. ناوبراو کۆمەڵێک پەرتووکی نووسی و لە تەنیشت هەڵەکان و لە پەنا ئەو هەڵانەی لە نووسیندا هەیبوو، خزمەتێکی زۆری بە مێژوو و وێژەی نەتەوەی کورد کرد. بە هۆی ئەوە کە ساڵانێک لە سەرۆکایەتی ڕامیاریی تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو، تێکەڵاو بە زۆر ڕووداو و هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بوو. لایەنی بەهێزی تێکستە مێژووییەکانی ئەو لەوەدا بوو کە بە پێی توانا و لە هەل و مەرجێکدا کە تۆڕی ئینتێرنێت و زۆر بواری ئاسایی ئەمڕۆکە لە بەر دەستیدا نەبوون،  بەو حاڵەشەوە مێژوویەکی تا ڕادەیەک دۆکیومێنتاریی تۆمارکرد. لە ناو ئەو سیاسەتوانانەی کە پەرتووکیان نووسیوە، ئەو لە یەکەم کەسەکان بوو کە هەوڵی دەدا بۆ لێدوان و دەربڕینەکانی خۆی بەڵگە و سەرچاوە بخاتە بەردەستی خوێنەر.

لایەنی هەرە بەهێزی کارەکانی ئەو نووسەرە لەوەدا بوو کە بە دەرکەوتنی بەڵگەی نوێ یان کەوتنە بەر ڕەخنە و بەرانبەربوونەوە لەگەڵ پرسیار، خۆی لە ڕاستییەکان نەدەشاردەوە و پێداچوونەوەی تێکستەکانی خۆی دەکرد. خاڵیکی زۆر جوان کە لە دەگمەن نووسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینرێت. کەریم حیسامی جیا لەو پەرتووکانەی کە بە چاپی گەیاندن، کۆمەڵێک وتار و مژاری سەرنجڕاکێشی لە سەردەمی نوێ بە چاپ گەیاند کە لە سوید بڵاو دەبۆوە. لە ژێرەوە جیا لە ناساندنی ماڵپەڕێکی تایبەتی کە بۆ کارەکانی ئەو دابین کراوە، دیمانەیەکی ئەو دادەنرێت کە جیا لە چەند خاڵ، پسپۆڕانە لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان دوابوو. مژارگەلی جۆراوجۆر لەم دیمانەدا قسەی لە سەر کرا و پرسیارەکانیش ورد و ڕوون بوون. ناسر سینا دیمانەکەی لەگەڵ کەریم حیسامی لە ڕادیۆی نێونەتەوەیی زایەڵە ئەنجامدابوو.

دەقی دیمانەکە:

ناسر سینا: «کوردەکان میللەتێکی سەربەخۆن کە وڵاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و وەکوو هەموو میللەتێکی تر خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن.، کوردەگان ئیتر بە ئاگان و دۆستانێکی بەهێزیان هەیە».[1] ئەمە کورتەی قسەکانی قازی موحەممەد بوو کە لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٤٦ی زایینیدا لە حاڵێکدا کە جلی ئەفسەرانی ڕووسیی پۆشیبوو و مەیزەری لەسەرنابوو، لە بەرانبەر خەڵکی مەهاباد و سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەدا دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. کۆماریک کە لەو کاتەوە تا ئێستا بووەتە رەمزی نیشتمانپەروەری و یەکێتیی گەلی کورد. کەریم حیسامی نووسەر و یەکێک لە چالاکانی سیاسی کە چەندین ساڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو و لە بارەی کۆماری کوردستان‌ەوە چەندین وتار و کتێبی نووسیوە، لە سەر ئەم بڕوایەیە کە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد پاش ئەوە ڕووی دا کە کوردەکان دیتیان مەجلیسی میللی کۆماری تازەدامەزراوی ئازەربایجان بە ڕێبەرایەتی پیشەوەری[2] بە تەمایە هەموو هێز و دەسەڵاتێک لە کوردەکان وەرگرێتەوە و هیچ مافێکیان نەداتێ.[3]

کەریم حیسامی: دیارە ئەوە هەر وا کوت و پڕ نەبوو، لە پێش ئەویدا کە ئاڵای کوردستان لە ١٧ی سێپتەمبر هەڵکرا، هەیئەتی ڕەئیسی میللی دامەزرا و لە ئازەربایجان کە حکومتی میللی‌یان دامەزراند، هەیئەتێکیان لە حیزبی دێمۆکرات دەعوەتکرد. ئەو هەیئەتە لەوێ وەک نوێنەری حیزبی دێمۆکرات[ی کوردستان] پێشوازیان لێ نەکرا، بەڵکوو وەک کوردەکانی ئازەربایجان. نوێنەرەکە گەڕاوە وە ئەوە تەئسیرێکی یەکجار زۆری کرد دە خەڵکدا و پێشەوا لە مێتینگی مزگەوتی سوور بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئێمە داوای خودموختاریمان دەکرد وە چوار ساڵە خودموختاریمان هەبووە دە نێو خۆمان دا، وە دەمانهەویست دە چوارچێوەی خاکی ئێراندا خودموختاریمان هەبێ، خەڵک کار بکا، دەوڵەتیش پێی ڕابگا بەڵام ئەوان بە تانک و تۆپ جوابی مەیان داوە. لە بەر ئەوەی ئێمە مەجبوورین کە ئیستیقلال و ئازادی خۆمان ڕابگەیێنین. ئەوە ڕۆژی ٢٩ی مانگی ١١ی [ساڵی] ١٩٤٥ ە. لە دووی ڕێبەندان وایە کە کۆماری دێمۆکرات دامەزرا و وەک دەوڵەتیکی ڕەسمی، ئەرتەشی خۆی، قانوونی خۆی، لەقەبی ئەفسەرانی گۆڕی، هێندێک قانوونی زۆر پێشکەوتووی دامەزراند و ئەرتەشی میللی دامەزراند وە وەک دەوڵەتێکی ڕەسمیش دەگەڵ دەوڵەتی ئازەربایجان پەیمانی بەست و دەستی بە مەعامەلەش کرد لەگەڵ دەوڵەتی ئێتیحادی شۆڕەوی. دیارە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کەم بوو، یازدە مانگ بوو. لە ماوەی ئەو یازدە مانگە کاری زۆر گەورە کران. وەکوو زمانی کوردی، وەکوو خوێندن بە ئیجباریی، کۆمەک بە منداڵانی فەقیر و بەرەڵڵا و چێشتخانە و خەستەخانە دروستکردن. بۆ هەوەڵینجار لە کۆماری کوردستان ئەو سنوورە دەستکردە لە نێو دەبا، دە نێوان کوردستانی عێڕاق و کوردستانی تورکیادا بۆ کوردەکان ئازاد بۆ هات و چۆ دەهاتن. پاشان بەشداری ڕووناکبیران و هێزەکانی کوردستانی عێڕاق، یەکیان لەوان مەلا مستەفا بارزانی بوو کە دەعوەت کرابوو دەوێدا بەشدار بوو وە بە ڕاستی کۆڵەکەی ئەساسی پاراستنی کۆماری کوردستان بوو. پاشان لە سووریەی ڕا هاتبوون، بەشدار بوون، نامەی نوێنەرانی کوردەکانی تورکیا کە ئێستا لە ڕۆژنامەی کوردستاندا هەیە، ڕووناکبیرانی کوردی عێڕاق، ئەوانە دەوریکی زۆر گرنگیان هەبوو لە خوێندن، لە دەرسپێگوتن، لە ڕێنوێنی. ئەفسەرانی ئەرتەشی کوردستانی عێڕاقێ دەگەڵ بارزانی نەمر هاتبوون. ئەوانە هەموو دەوری گرنگیان هەبوو. لە تەربیەتی هێزی پێشمەرگەدا، هێزی بەرگری وە لە جەبهەدا. یەکیک لە هۆیەکانی شکانی کۆماری کوردستان، بەستنەوەی وی بوو بە ئازەربایجان. چوونکە ئازەربایجان بە ڕاستی حکومەتێکی کۆمۆنیستی لێ دادەمەزرا وە بەرەو یەکێتی دەگەڵ ئازەربایجانی سۆڤییەت دەچوو[4] وە ئەمریکا و ئینگلیس ئەوەیان پێ قبووڵ نەدەکرا. دیارە رووسیش لە ژێرتەئسیری درۆیەکانی قەوامی [قوام السلطنە] و مەسەلەی نەفت و، ئیمکانی ئەوەیان نەبوو کە شەڕێکی تازەش ساز کەنەوە دەگەڵ ئەمریکا و هەڕەشەی ئەمریکا و ئەوانە هەموو  بوونە باعیس کە تەمەنی کۆماری کوردستان لە یازدە مانگ زیاتر تێنەپەڕی.

ناسر سینا: قازی موحەممەد بە پێی هەڵبژاردن نەبوو بە سەرکۆمار، هۆیەکەشی ئەوە بوو کە کەسایەتی قازی لە باری سیاسی، دینی و کۆمەڵایەتی و پێگەی لە ناو خەڵکدا تەقریبەن بێهاوتا بوو. تەنیا کەسێک کە کتێبە مێژووییەکان وەک خەنیم بۆ قازی موحەممەد ناویان هێناوە، سەید عەبدوڵڵای ئەفەندییە کە گوایە ڕووسەکان زۆریان حەز لێ نەبووە، هەر بۆیەش مەیدانی پێ نەدرا.[5] کابینەی حکومەت و ناوی وەزیرەکان، بیست ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی کۆمار لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کرایەوە.[ناوی ئێران لەگەڵ ناوی حیزب نەبووە. ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دروستە]. وەزیرەکان سێ تایبەتمەندی هاوبەشیان هەبوو. هەموو ئەندامی حیزبی دێمۆکرات بوون، هەموو مەهابادی بوون و سەر بە چینی مام ناوەندی شارنشین.[6] حاجی بابە شێخ نەبێ کە بۆکانی بوو، بە سەرۆک وەزیر هەڵبژێردرا، بەڵام لە ڕاستیدا کار و باری بەڕێوەبردن بە دەست سەرکۆمار بوو وە سەرەک وەزیر تەنیا شێوەیەکی ڕواڵەتی و تەشریفاتی هەبوو. ڕەنگە هەر لە بەر ئەمەش بێ کە ئەم کۆمارە گەلێ جار بە کۆماری مەهاباد ناودێر کراوە، نەک کۆماری کوردستان. هەڵبەت کەریم حیسامی دەگەڵ ئەم ڕایە نییە.

کەریم حیسامی: نەخێر کۆماری مەهاباد نییە. نووسەرانی بێگانە کە نووسیویانە، هەموو بە نێوی کۆماری کوردستانی ناو دەبەن.[7] درک کینان یەکێک لە نووسەرەکانە، دەڵێ: «کوردەکانی ئەستەمبوڵ و بێرووت و بەغدا ڕوویان دە کۆماری مەهاباد دەکرد [ناوی مەهابادی بە هەڵە بە سەر زاری دا هاتبوو] چاویان لەوە بوو تا بزوتنەوەی قازی موحەممەد سەر بکەوێ یان نا»، وە بە ڕاستیش کۆماری مەهابادیش نییە. چوونکە نوێنەرانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە دامەزرانی و لە پاراستنی و لە بردنە پێشی و لە هەموو شتێکیدا بەشدار بوون وە بە کۆماری خۆیانیان زانیوە. نموونەشی هەر ئەوەیە وەک دەبینین ئێستا سروودی کۆماری کوردستان بۆتە سروودێکی میللی کورد، مەبەستم سروودی ئەی رەقیبە.

ناسر سینا: کۆماری یازدە مانگەی کوردستان تا بەر لە چوونە دەری هێزەکانی سووپای سوور، بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردستان دەچووە پێش، بەڵام پاش چوونە دەری ڕووسەکان لە ئێران مەسەلەی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان هاتە پێش. کەریم حیسامیش کۆماری کوردستان بە حکومەتێکی سەربەخۆ ناو دەبا، نەک خودموختار.

کەریم حیسامی: تەواوی بەڵگەکانی کۆماری کوردستان وە هەموو ڕۆژنامەی کوردستان یەک ووشەی خودموختاری تێدا نییە، بەرنامەی حیزبی دێمۆکرات بەرنامەی خودموختاری بووە[هەڵەیە.8] بەڵام گۆڕانێکی بە سەردا هاتووە، دەوڵەتێکی پیک هاتووە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە. ڕۆژنامەی کوردستان هەوەڵ ڕۆژی دامەزرانیدا دەڵێ ڕۆژی ئیستیقلال و ئازادی کوردستان ئێمە جێژن دەگرین [مەبەستیان هەوەڵ ڕۆژی دامەزرانی کۆمارە نەک دامەزرانی ڕۆژنامە]. پاشان خودموختاری پەیمانێکە لە بەینی دەوڵەتی مەرکەزی و ناوچەکەدا، هیچ پەیمان و شتی وا لە گۆڕێ نەبووە. پاشان نەبووە خودموختاری بۆ خۆی ئاڵا هەڵ بکا، رەئیس جمهور دابمەزرێنێ، دەوڵەتێک، وەزیر، حکومەتی میللی دابمەزرێنێ، قانوونی تایبەتی دابنێ، ئەرتەشی تایبەتی دروست بکا، نێوی ئەفسەران بگۆڕێ، ئاڵای دەوڵەتەکەی بگۆڕێ. دە وڵاتێکی شاهەنشاهیدا خۆ ناتوانێ ئاڵاکەی بگۆڕێ. کورد بۆ خۆی کۆمارێکی دروست کردووە، ٤٦ [١٩٤٦ مەبەستە]. دەوڵەتێکی دروست کردووە، ڕەئیس جمهوری هەبووە، ئەرتەشی هەبووە، ئاڵای هەبووە، سروودی هەبووە، پاش ٥٥ ساڵ ئێستا من بڵێم خودموختار بووە؟ لە چی بترسێم؟ بۆچی وە بڵێم؟

 

 

تیبینی و سەرچاوە:

______________________________________________

[1] بڕوانە ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، ژمارە ١٠، بەرواری ٤ی ٢ی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە چوار، نوتقی جەنابی پێشەوا رئیس جمهوری بەرزی کوردستان (درێژەی لە ژمارەی ١١دا چاپ کرا).

[2] حکومەتی ترکان لە تەورێز ناوی «حکومەتی میللی ئازەربایجان» بوو و هیچکات دەستهەڵاتی خۆیان لە ژێر ناوی کۆمار نەناساند. هەر بۆیەش سەرۆک کۆماریان نەبوو.

[3] پێشتر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم لێدوانە سێ بەڵگەم خستۆتە بەر چاو کە لە لایەن ئارشیوی نەتەوەیی کۆماری ئازەربایجان لە باکۆ لەم پێوەندییەوە بڵاو کراونەتەوە. حکومەتی تەورێز لە لایەن سۆڤییەتەوە ئەمری پی کرابوو بەو شێوەیە هەڵس و کەوت بکا کە لە بەڵگەکاندا ئاماژەی پێ کراوە. بڕواننە ئەم نامیلکەیە لەم بەستەرەی ژێرەوەدا کە ئەو بەڵگانەی تێدا ناسێندراون.

http://kurd.no/komar.pdf

[4] ئەو سێ بەڵگەی لە سەرچاوەی پێشوودا ئاماژەی پێ کرا، لیدوانەکانی کەریم حیسامی پشتڕاست دەکەنەوە.

[5] ئەم بۆچوونە جیا لەوە کە بەڵگەیەک نییە تا پشتڕاستی بکاتەوە، لە لێکدانەوەی لۆژیکیشدا لەرزۆک و بێ بنەما دەنوێنێت، چوون رووسەکان حەزیان لە هەنگاو و پلانەکانی قازی موحەممەد نەبوو. ڕووسەکان وەک پێشتر باس کراوە و بەڵگەش خستراوە بەر چاو، بەوە ڕازی نەبوون کە نەتەوەی کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام قازی موحەممەد زۆر سەربەخۆیانە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی کورد بڕیاری جیایی لە دەسەڵاتی ڕووسەکانی دا. ئەمە شتێک نییە کە پێویستی بە فرەوێژی هەبێ و خاڵێکی حاشاهەڵنەگرە، هەر بۆیە ناکرێ ئەو بۆچوونە وەک زانیارییەکی دروست بێتە ئەژمار.

[6] ئەم زانیارییانە بەم شێوەیە هەڵەیە. کێ هەبوو کە لەو زەمەندا توانایی و بواری هەبوو کە حەزی لە خزمەت بە نیشتمان بووبێت و ڕێی لێ گیرابێت؟ کۆماری کوردستان لە ڕووی دەستهەڵاتی نیزامی خۆیەوە (نەک لە ڕووی حقوقییەوە) دەستی بە سەر هەموو کوردستاندا نەگرتبوو و هەر بۆیە چەتوون بوو بە دەستئاوەڵایی تەواوەوە وەزیرانی خۆی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەڵبژێرێت. ئینجا لە ناو وەزیرەکانیشدا بۆ وێنە موحەممەد حوسێن سەیف قازی، «ئیلخانیزادە»کان و سەید موحەممەدی ئەیوبیان سەر بە چینی مام ناوەندی شارنشین نەبوون و دەستڕۆییشتوویی و سامانیان لەو هاوپۆلەی جیا دەکاتەوە کە لە دەقی دیمانەدا، ئاماژەی پێ کرا. لە لایەکی دیکەشەوە تەنیا زەقکردنەوەی ئەم جۆرە خاڵانە بە دروست نازانرێت. کۆڵەکەی کۆماری کوردستان لە نەتەوەی کورد و دەڤەری جۆراوجۆر پێکهاتبوو. لە سەر باسێکی ئاواش پێویستە کە هەل و مەرجی ئەو سەر و بەند لە بەر چاو بگیردرێت.

[7] زۆر نووسەری بێگانە زانیاری هەڵەیان بڵاو کردبۆوە و بە جێگەی ناوی کۆماری کوردستان لە شێوەی دیکە کەڵکیان وەرگرتبوو بەڵام لەوانەیە کەریم حیسامی نووسینەکانی ئەوانی وە بەر چاو نەکەوتبێت.

[8] مخابن ژیانی کەریم حیسامی ئەوەندە درێژ نەبوو تا بە ساختەبوونی ئەو بە ناو بەرنامەیەی زانیبا. پێویستە ئەمە بگوترێت کە تا ئەو زەمەنەی ئەو زیندوو بوو، زۆر بەڵگە و زانیاری و فاکتی دیکە مابوون تا بە پاڵپشتی ئەوان ساختەبوونی ئەو بەرنامە سازکراوە زانرابا. ڕێکەوتی ٣ی ١٠ی ٢٠١٠ی زایینی مژاریک لە لایەن حەسەن ئەیوب‌زادە (مامۆستا گۆران) بلاوکراو و ئەو کاغەزە سازکراوەی بردە ژێر پرسیار و ساختەبوونی سەلماند. جیا لەوە کە ئەو مافناسە زۆر بە وردیی جەعلی ئەو کاغەزەی خستۆتە بەر چاوی خوێنەر، ڕێگەی دیکەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کاغەزە هەیە و لە ساختەبوونیدا هیچ (هیچ چەشنە) گومانێک نەماوە. ئەم بابەتەی حەسەن ئەیوبزادە دەتوانن لەم بەستەرەی خوارەوەدا ببینن.

http://harikar.wordpress.com/2014/09/10/tezwir/

ماڵپەڕی ناساندنی کەسایەتی و بەرهەمەکانی کەریم حیسامی:

www.kerimhisami.com

Pin It
پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.