کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

بیری خوێندکار گۆڤارێکە کە لە لایەن ‘خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران’ەوە دەردەچێت. دیمانەیەک لە لایەن کاک ”غالب حبیبی” یەک لە ئەندامانی ئەو

ڕێکخراوە لە بەرواری دووی دێسەمبری ٢٠١٢ی زایینی دەگەڵ بەڕێوەبەری ئەم ماڵپەڕە ئەنجام درا کە لە ژێرەوە خستراوە بەر چاوی ئێوەی هێژا.

ئەم دیمانەیە لە ژمارەی٢٣ی گۆڤاری خوێندەکار لە لاپەڕەکانی٤٣ تا٦٦دا لە بەرواری دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا بڵاو بۆوە.

تێبینییەک لە لایەن ئەم لاپەڕەوە: وێنەیەکی جەنابی پێشەوا لەم مژارەدا بڵاو کراوەتەوە کە زۆر کەس پێشتر دیتوویانە. ئەو وێنەیە مافی بە سەردا نەماوە و دەکارگرتنی لە لایەن هەر کەسێکەوە ئازادە بەڵام بە هۆی ئەوە کە ساغ کراوەتەوە و زۆر خەوشەی وێنەکە قەرەبوو کراوەتەوە، هەر بۆیە گەر ئەم وێنەیە لە شوێنێک بڵاو بکرێتەوە، پێویستە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکرێ. وێنەیەکی دوکتوور رحیم سیف قاضی، وێنەیەکی دەستخەتی دوکتوور رحیم سیف قاضی و وێنەیەکی یای مینا قاضی هێژا لەم بابەتەی ژێرەوەدا خستراونە بەر چاو. ئەم وێنانە پێشتر لە هیچ پێگەیەک بڵاو نەبوونەتەوە و هی ئارشیوی سۆران کرباسیان ە. لە داهاتوودا ئەم وێنانە بە چۆنییەتی بەرزتر و لە قەبارەی ئۆرجیناڵدا بڵاو دەبنەوە. هەر کەس ئەم وێنانە لە شوێنێک بە کار بهێنێ، پێویستە:

  1.                     بە هیچ مەبەستێکی نێگاتیڤ لەم وێنانە کەڵک وەرنەگرێ.
  2.                     لە هەر شوێنێک دەکاریان بگرێ، ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکا.
  3.                     بۆ دەکارگرتنی وێنەکان نامەیەک بۆ بەڕێوەبەری ئەم ماڵپەڕە بنێرێ و پاش ئەوە کە ڕێگەی پێ درا، لە وێنەکان کەڵک وەربگرێ.

 

دەقی دیمانەکە:

بیری خوێندکار: لێکدانەوەی ئێوە لە سەر ئامانجی سیاسی-ئیداری کۆماری کوردستان چییە و ئایا بە لەبەر چاوگرتنی کانتێکستی ئەو کات، سەربەخۆخوازانە بووە یان داوایەک لە چوارچێوەی ئێراندا؟

سۆران کرباسیان: چما ئێمە لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان تا ئێستاش ناکۆکین؟ چما پاش ٦٧ ساڵان هێشتا خەریکی توێژینەوەی ئەم بەشەی مێژووی نەتەوەی کوردین؟

لە نووسینەوەی مێژوودا گەلێک گرنگە کە شێوە و مێتۆدی دەکارگیراو بخرێتە بەر وردبوونەوە. ئێمە کاتێک دەتوانین بایەخ بە زانیارییەکانی مێژووی زارەکی بدەین کە بەڵگە و فاکت بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەبێ. هاوکات پێویستە کە بە لەبەرچاوگرتنی زەمەن و ڕووداوی مێژوو، پرسیاری لۆژیک لە سەر بنەمای فاکت، ئاراستەی مێژووی زارەکی بکرێ. دەکارگرتنی بەڵگەش بۆ نووسینەوەی مێژوو خۆی پرەنسیپی تایبەتی خۆی هەیە و بەم شێوە نییە کە هەندێک نووسەر لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان بە ئاماژەی جار نا جاریان هەوڵیان داوە بە خوێنەر بێژن کە مێژوویەکی دۆکیومێنتارییان پێشکەش کردووە.

پێشتر لە سەر مژاری کۆماری کوردستان ئەم ڕاستییانەم خستۆتە بەر چاوی هەر خوێنەرێک کە بەڵگەکانی سۆڤییەت و بریتانیای مەزن بۆ نووسینەوەی مێژوو، لە ژێر پرسیار دان. بۆشاییەک لە ناو بەڵگەکانی ئەم حکومەتانە هەیە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە سەربەخۆیی و ”استقلال”ی دەوڵەتی جمهوری کوردستان هەیە. حکومەتان بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەڵگەکان دەخەنە بەر چاوی جەماوەر. ئەوەی کە تا ئێستا وەک بەڵگەکانی ئەم حکومەتانە بە زمانی کوردی بڵاو کراونەتەوە، هەموو بەڵگەکانی پێوەندیدار بە مێژووی کۆماری کوردستان نین و بەشی هەرە گرنگ و ڕاستەقینەیان شاراوەن یان سانسۆر کراون!

سانسۆر یەک لە ئامرازەکانی مەترسیدارە بۆ شێواندنی مێژووی نەتەوەکان، بە تایبەتی ئەو نەتەوانەی کە لە ژێر مەترسی تواندنەوە دان. پێشتر سێ بەڵگەم لە لێکۆڵینەوەدا بەکار بردبوو کە پێویست بوو نووسەرانی مێژوی کۆماری کوردستان بە تایبەتی لە ١٢ ساڵی پێشوودا دەکاریان گرتبا. ئەو بەڵگانە لە لایەن ئارشیوی کۆماری آذربایجان لە باکۆ بڵاو کراونەوە و کەسێکیش بە ناوی ”گەری گۆڵدبێرگ” لە ئارشیوی شەڕی سارددا بە زمانی ئینگلیسی خستراوە بەر چاوی جەماوەر.

مێژووی کۆماری کوردستان مەحکوم بە شێواندن و توناکردن بووە تا بەرژەوەندی لایەنی جۆراوجۆر بپارێزرێ. زلهێزان لە کۆنفرانسەکانی ”یاڵتا” و ”طهران”دا لە سەر ئەوە ڕێک کەوتبوون کە گۆڕانکارییەک لە سەر سنووری جوگرافیایی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان پێک نەیە! لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەردەوام لە هەوڵی لاوازکردنی چەمکی سەربەخۆیی خوازی کورددا بوون و گەرەکیان بووە لە ڕێگەی شێواندنی مێژووی نەتەوەی کوردەوە، سیاسەتی چەوسانەوە و داگیرکەری خۆیان وەک یەک لە ئامرازەکان درێژە پێ بدەن.

٦٩ ڕۆژ پاش ئەوەی کە پێشەوای کوردان، جنابی محمد همام قاضی، سەرۆک کۆماری کوردستان، دەوڵەتی سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستانی ڕاگەیاند، لە میوانییەکدا کە بۆ سیاسەتوانان و نیشتمانپەروەرانی کورد پێک هاتبوو، جنابی پێشەوا ئاماژەی بەوە کردبوو کە کورد پێشتر چوار ساڵان بە شێوەی خودموختاری، دەسەڵاتداری ناوچە کوردستانییەکانی کردبوو، بەڵام بە پێویستیان زانیبوو کە ”استقلال” و سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیێنن.

لە بەشێک لە گوتاری خۆیاندا فەرمووبوویان کە دوو جاران لە لایەن آذربایجانەوە بۆ شاری تەورێز بانگهێشت کرابوون و داوایان لە جنابی پێشەوا کردبوو تا دەگەڵ حکومەتی ملی آذربایجان بە تێکڕایی و بە شێوەی غەیری سەربەخۆ ژیانیان کردبا، بەڵام جەنابی پێشەوا قبووڵی نەکردبوو و بە خودموختاری رازی نەببوو. ئینجا بەرانبەر بە سیاسەتوانان و نیشتمانپەروەرانی کورد فەرمووبووی کە:

<< ئەو چەند ڕۆژەی کە جێژن گیراوە [جێژنی سەربەخۆیی کوردستان]، و احساساتێکی ایوە نوواندوتانە، وێنەیکی حساس و کاملە و دەبێ دنیا بزانێ کە کورد لیاقتی استقلال و سەربەخۆیی هەیە >>.[1]

دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کە بەڵگە ڕاستەقینەکان بە جمهوری کوردستانیان ناو بردووە، لە بەرواری ٢٢ی ١ی ١٩٤٦ی زایینی بە سەرۆکایەتی جنابی پێشەوا و بە پاڵپشتی هەموو ئەو ئێلیت و نیشتمانپەوەر و سەرۆک هۆزانە ڕاگەیێندرا کە دەرفەتی بەشداریی و پاڵپشتییان بۆ رەخسابوو.[2]

پێداگری لە سەر سەربەخۆیی بوونی ئەو دەوڵەتە لە ڕۆژنامەکانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر و لە زەمەنی جۆراوجۆردا تۆمار کرابوو کە هەرکام لەوان وردبوونەوەیان گەرەکە. خودی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەو دەوڵەتە لە دەقەکانی ئەوکاتدا بە شێوەیەکی ژیرانە ئەنجام درابوو. زۆرتر ووشەی سەربەخۆ دەگەڵ ”استقلال” بەکار بردرابوو. ئەو دوو ووشەیە یەک مانایان هەیە و گەر مەبەست پێداگری بە ئانقەست نەبوایە، هیچ حەوجەی نەدەکرد کە ووشەکانی سەربەخۆ و ”استقلال” دەگەڵ یەک و لە پەنای یەک دەکار بگرن. سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەو کاتدا بۆ ئەوە کە هیچ گومانێک نەمێنێتەوە، ووشەی ”استقلال”ی غەیری کوردییان کە ڕەچەڵەکی ”عرب”ی هەیە و لە زمانی پارسیشدا دەکار دەگیرێت، لە تەنیشت ووشەی کوردی سەربەخۆ دەکار گرتبوو. دەقی قسەکانی جنابی سەرۆک کۆماری کوردستان لە زۆر شوێندا ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە ”تأکید” و پێداگری بۆ ئەم سەربەخۆییە بە پێویست زانرابوو کە ئاماژە بە نموونەیەکیان کرا.

لە لایەکی دیکەوە باسی سەربەخۆیی کوردستان تەنێ جارێک نەبوو. هەر چەند کە تەمەنی کۆمار بە ساڵێک نەگەییشت تا ساڵوەگەری سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان جێژن بگیرێتەوە، بەڵام پاش ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە کوردستانییە، پەیتا پەیتا بە دوای یەکدا ئاماژەیان بە جێژنی سەربەخۆیی و ”استقلال”ی کوردستان کردبۆوە.[3] کۆماری کوردستان لە کاتی ڕاگەیاندنی خۆیدا دەوڵەتێک بە دەستەی وەزیرانی خۆیەوە هەڵدەبژرێرێت کە هیچ چەشنە پێوەندییەکی دەگەڵ ”ایران” نەبوو. لێرەدا مەبەست لە پێوەندی هەمان ناسەربەخۆییە. پێوەندی دیپڵۆماتیکی کۆمار دەگەڵ هەر وڵات و سیستەمێک ئاساییە و ئەو مافە بۆ هەر دەوڵەتێک هەیە و بە پێی سیاسەت و هەل و مەرج و بەرژەوەندییەکانی حکومەتان ئەنجام دەدرێن. کۆماری کوردستان پێوەندی دیپڵۆماتیکی دەگەڵ وڵاتانی بیانی بە بێ ئاگادارکردنەوەی دەوڵەتی ”ایران” هەبوو.

ئاڵا هێمای نەتەوە و وڵاتێکە کە لە هەر شوێنێک ڕێزی لێ دەگیرێ. ئاڵای ”ایران” لەو ڕۆژەدا کە دەوڵەتی جمهوری کوردستان ڕاگەیێندرا بە فەرمانی جنابی ”محمد حسین خان سیف قاضی” لە لایەن هێژا ”حسین” زێڕینگەران هاتە خوارێ[4] و ئاڵای دەوڵەتی کوردستانیان بەرز کردەوە.

پێک هێنانی هێزی چەکداری نەتەوەیی کە لە ژێر فەرمانی وەزیری شەڕ کار و چالاکی خۆی ئەنجام دەدا، جیا لەو ئەرتەش و سوپای چەکداری بوو کە ”ایران”یان دەپاراست و تەنانەت لە بەرانبەر یەکتردا کەوتنە شەڕ و پێکدانانەوە. هێزی چەکداری کوردستان بەرگری لە هێماکان و سەربەخۆیی نەتەوەیەک دەکرد کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی ڕاگەیاندبوو و هێزی ”ایران”یش بە چەکەوە هێرشی دەبردە سەر سنووری کوردستان تا بە سەرکوتکردنی کوردستان، درێژە بە سیاسەتی داگیرکەری و چەوسانەوەی خۆی بهێنێ.

ڕۆژنامەی کوردستانی ئەو سەردەم باشترین سەرچاوەی هەر لێکۆڵەرێکە گەر بیهەوێ بە شێوەیەکی ورد لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان لێدوانێک بدا. هەموو ئاگادارین کە نەتەوەی پارس خاوەن زۆر شاعیر و زانای ناسراون کە لە مێژووی کۆنی خۆیاندا هەیانبووە. ڕۆژنامەی کوردستان هیچکات بایەخێکی بە ناساندنی ئەو جۆرە کەسانە نەداوە و هاوکات لە سەر هەر زانا و کەسایەتییەکی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بە پێی توانا مژاریان بە چاپ گەیاندبوو. بۆ وێنە لە ڕۆژنامەی کوردستاندا لە باسێکیان کە لە ژێر ناوی << زانایانی کورد >> هەبوو، بۆ ئەم جۆرە بابەتانە دیاری کرابوو. بڕوانن لەم ڕۆژنامەدا لە سەر کوردێک بۆ وێنە زانیاری تۆمار و بڵاو کراوە کە لە وڵاتی میسر نزیکەی ٩٠٠ ساڵ بەر لە کۆماری کوردستان لە دایک ببوو.[5]  ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژنامەیەک بوو لە خزمەت بووژاندنەوە و ساغکردنەوەی ئەو ناسنامەیەی کە داگیرکەران هەرکات لە هەوڵی تواندنەوەیدا بوون. پێداچوونەوە و نووسینەوەی کورتی مێژووی نەتەوەی کورد لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا یەک لە کارە بە نرخەکانی ئێلیتی کورد لەو سەردەمدا بوو.[6] لە هیچ شوێنێکی نابینرێ کە کۆماری کوردستان گوتارێکی ڕێزلێنان و بایەخ پێدانی بەرانبەر کوردکوژانێکی وەک ”رضا سوادکوهی” ناسراو بە ”رضا شاه” هەبووبێ و تەنانەت لە سەر ئەو جۆرە کەسایەتییە ”ایران”ییانە زۆر بە توندی نووسراوەی بڵاو کردبۆوە.[7] لە فێرگە و قوتابخانەکاندا خوێندن بە زمانی کوردی دەستی پێ کرد و زمانی داگیرکەری پارسی وەلا نرا. جیا لە بڵاوکراوە جۆراوجۆرە کوردییەکان، ڕۆژنامەکانی کوردستان زۆر جاران وانەیان لە سەر زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە و هەوڵیان دەدا کە لەو ڕێگاشەوە خزمەتی فێرکردنی زمانی زگماکی نەتەوەکەیان بکەن کە لە ژێر مەترسی توناکردندا بوو.[8] کۆماری کوردستان دەستی کرد بە ذاڕشتنی سەر لە نوێی قانوون بۆ بەڕێوەبەری وڵات و قانوونەکانی ”ایران”یان وەلا نا.[9] کۆماری کوردستان جیا لەوە کە ڕێگەی هیچ چەشنە دەستتێوەردانێکی بە ”ایران” لە دەسەڵاتی خۆی نەدا، لە هەمان کاتدا زۆر کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانی لە باوەشی خۆی گرت. یەکگرتوویی کورد لەو سەردەمدا بە دوو قۆڵی بوو و ڕۆح و هزرێکی نەتەوەیی ببوو بە هۆکاری ئەم یەکگرتووییە. بڕوانن لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا چلۆن ڕێز لە کەسایەتییەکی وەک ژێنێراڵ مصطفی بارزانی گیراوە، لە کاتێکدا کە گوتاری کوردستان بەرانبەر ”ایران” گوتارێکی توند و دوژمنانە بوو.[10] کۆماری کوردستان بایەخێکی زۆری بە ڕووداوەکان و ڕەوشی بەشە ئازادنەکراوەکانی دیکەی کوردستان دەدا و بە پەرۆشەوە لە سەر ئەو ناوچانەی دەنووسی. هاوکات کوردانیش بە پێی توانا و دەرفەتی گونجاو گەر بواریان هەبوایە نامە و هەستی خۆیان ئاراستەی ئەم حکومەتە سەربەخۆیە دەکرد و بە هی خۆیان دەزانی. بڕواننە ڕۆژنامەی کوردستان کە شێعری بیرمەندێکی کوردی بڵاو کردبۆوە کە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆیان ناردرابو.[11] لە کوردستانی سەربەخۆدا کە بەرهەمی خەبات و یەکڕیزی لایەنەکانی کوردستانی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو، سرودی ملی کوردستان بە چاپ دەگەییشت و بڵاو دەکراوە و گەنجان و لاوان، پیران و جحێڵان و یایان و پیاوان دەیانگوتەوە. ئەو سرودە کە لە لایەن مامۆستای مامۆستایان، خوالێخۆشبوو هەژار موکریانی نووسرابوو لە سەر بنەمای هزر و چەمکی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازی داڕێژرابوو.[12] ئەدەبیات و گوتاری کۆماری کوردستان هیچ جێگەی گومان بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە کە سەربەخۆیی تەنیا ویستی کورد لەو زەمەندا بووە. هەر چەند کە لە وتووێژی ”ئارچی ڕۆژوێلت” و سەرۆک کۆماری کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو کە ئازادی دەربڕین لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بە شێوەیەکی شارستانی هەبوو، بەڵام نابینین کە کەسێک نووسینێکی لە دژ سەربەخۆیی نیشتمان و پڕۆپاگەندە بۆ ”ایران”ی بوون بڵاو کردبێتەوە.[13] بۆ یەکەمجار لە ژێر نیسەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا کورد بواری ئەوەی بۆ رەخسا تا وانەی جوگرافیای کوردستان بنووسێتەوە[14] و لە هیچ شوێنێکی نووسراوەکانی دەوڵەتی جمهوری کوردستاندا نابینرێ کە بایەخێک بە جوگرافیای ”ایران” درابێ.

پێشتریش هەندێک کەس هەوڵی ئەوەیان دابوو کە لە ڕێگەی فاکت و بەڵگەی سازکراو مێژووی کۆمار وا بە لاڕێ دابەرن کە گوایە پێوەندی دەوڵەتی جمهوری کوردستان و ”ایران” بوونی هەبووە و حاڵەتێکی سەربەخۆی تەواوی نەبوو کە لە نامیلکەیەکدا ڕاستییەکانی ئەو بەشەم خستە بەر چاوی جەماوەر.[15] هەندێک هەوڵی دیکە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان دراوە کە لە زنجیرە نامیلکاندا لەقاو دەدرێن و بۆ هەر لێدوانێک وەک پێشوو، بەڵگە و فاکتی حاشاهەڵنەگر دەخرێتە بەر چاو.

پێویستە ئەمەش بگوترێ کە ”محمد رضا پهلوی” لە دوایین پەرتووکی خۆیدا ئاماژەی بەم ڕاستییە کردبوو کە بەڵگەکانی کۆماری کوردستان پشتڕاستی دەکەنەوە و نووسیبووی کە جنابی پێشەوای کوردان خوازیاری وڵاتێکی سەربەخۆی کوردستان بوو.[16][17] ڕاپۆرتی پارلەمانی ”ایران”یش بە هەمان شێوە سەربەخۆیی خوازی دەوڵەتی جمهوری کوردستانی خستبوو بەر ئاماژە.[18] لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە کۆماری کوردستان هیچکات لە گوتار و ویستی خۆی پاشگەز نەبۆوە کە ئەم باسە پێشتر لە لایەن هێژا کاک ”ایوب ایوب زادە” خستراوە بەر شرۆڤە و لێکدانەوە و لە پەرتووکێکدا بڵاو کراوەتەوە.[19]

لە وڵامی پرسیاری ئێوەی هێژادا دەکرێ بە پاڵپشتی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو سەردەم و فاکتی پێوەندیدار بگوترێ کە بنەما، چوارچێوە و هەڵس و کەوتی کۆماری کوردستان لە بواری ئابووری، کولتوری، ڕامیاری، هێزی چەکداری و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکییەوە، تەواو سیستەمێک و دەوڵەتێکی جیا و سەربەخۆ لە حکومەتی پاشایەتی ”ایران” بوو. دەوڵەتی جمهوری کوردستان و حکومەتی پاشایەتی ”ایران” لە ڕووی ساختاری حکومەتیشەوە دوو شێوەی حکومەتی دژ بە یەک بوون.

بیری خوێندکار: سیاسەتی نێودەوڵەتی یان خۆدئاگایی نەتەوەیی کامیان کاریگەری زیاتر و یەکلاییکەرەوەی لە سەر دامەزرانی کۆماری کوردستان هەبووە؟

سۆران کرباسیان: دەکرێ بگوترێ کە گەمە نێودەوڵەتییەکانی زلهێزان ئەو بوارەی لێ کەوتەوە کە کورد بۆ یەکەم جار لە مێژووی مۆدێڕنی خۆیدا بتوانێ ویستی خۆی ڕابگەیێنێت. هەر وەکی کە جەنابی پێشەوا لە یەکێک لە گوتارە بەنرخەکانی خۆیاندا ئاماژەی پێ کردبوو، ٢٨ ساڵ بەر لە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جمهوری کوردستان، کەسایەتی زانای کورد جەنابی ژێنێراڵ شریف پاشا بە نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی کردبوو. جەنابی سەرۆک کۆماری کوردستان لەم ڕۆژەدا کە یادی ٢٨ەمین ساڵوەگەری هەنگاوی ژیرانەی ژێنێراڵ شریف پاشایان کردبۆوە، لە بەشێک لە قسەکانیدا فەرموویان:

<< ئەو ڕۆژە هەوەڵ ڕۆژێک بوو لە مێژووی میلەتی کورددا کە لە ڕووی اصولێکی منظم و سیاسی داوای حەقی خۆیان لە دنیای متمدن و پارێزگاری حقوقی مللی بچوک کرد. دیسان هەوەڵ ڕۆژێک بوو کە میلەتی چەند هەزار ساڵەی کورد موجودیت و حەقی ژیانەوەی خۆی بە بەرچاوی هەموو جیهانیان خست، و هەروا هەوەڵ ڕۆژێک بوو کە بناغەی آزادی میلەتی کوردی دانا >>.[20]

کۆی تەواوی گوتارەکانی سەرکردایەتی کورد و بە تایبەتی ئەو دەقانەی دەگەڵ چالاکییەکانی کۆمار لە ڕۆژنامەی کوردستاندا تۆمار کران، هەموو ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن کە کورد پێشتریش خوازیاری سەربەخۆیی و دامەزرانی کیانی سیاسی جیا لە وڵاتانی ناوچە بوو. خودی ئەو قسانەی کە جەنابی سەرۆک کۆماری کوردستان لە سەر گەورە پیاوانی نەتەوەی کورد کردبووی، هەر ئەوە لە زمانی خۆیانەوە دەگێڕنەوە کە کورد لە پێش کۆماریشدا هەر سەربەخۆخواز بوو و تەنانەت زۆر تەوەری میژووییان لە سەر چەمکی سەربەخۆییخوازی سەرکردەکان و بزووتنەوەکانی نەتەوەی کورد بە چاپ گەیاندبوو. واتە ویستی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد مێژوویكی درێژتری لە چاو کۆماری کوردستان هەیە. مەخابن دەوڵەتە زلهێزەکان لە ڕووی سیاسەتێکی بێ ئینسافانە و نامرۆڤانە ئەم مافەیان پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە نەتەوەی کورد و زۆر نەتەوەی دیکە زەوت کرد کە خۆیان بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن و کردیانن بە قوربانی پلانەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان. کەونئاراترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتاش ماون بریتین لە ئاسۆرییەکان، کورد و ئەرمەنی و هەر کام لەمانە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بوونە قوربانی ئەم گەمە نێودەوڵەتییە. بە تایبەتی ناوچەکانی کوردستان و ئاسۆرییەکان کە سەرچاوەی ئاو، کانگا و نەوتێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە پێی بەرنامەیەکی لە پێشڕا داڕێژراو بە بێ پرس و ویستی ئەو نەتەوانە خسترانە ژێر دەستی وڵاتانێکی نوێ بە گشتی و تەواو بەکرێگیراو و ژێردەستی خۆیان بە تایبەتی.

باشە باس لەوەش بکرێ کە پێوەندییەکانی هیتلێر و دەوڵەتی ڕەگەزپەرەستانەی ”رضا شاه” لە پێش شەڕی دووهەمی جیهانیی زۆر پتەو ببوو و تەنانەت زۆر پڕۆژەی ”ایران’ بە دەستی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە دەچوو. ”ایران” بازاڕێکی باش و بەرچاو بۆ فرۆشی چەک و کاڵای ئاڵمان بوو و کەشتییەکانی ئاڵمانیش لەنگەری خۆیان لە ئاوەکانی کەنداوی پارس هاویشتبوو کە ئەمەش مەترسییەکی مەزن بوو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانانی دژ بە ئاڵمان.[21] باسی سۆڤیەت و نەوتیش پێشتر بە کورتی خستراوە بەر چاو کە گرنگی تایبەتی لە مەڕ مێژووی کۆماری کوردستان هەیە.[22] سۆڤیەت لە چاو هاوپەیمانەکانی خۆی زۆرترین خەساری مرۆڤی و ئابووری پێ گەییشتبوو و هەر بۆیە پێویستییەکی زۆری بە نەوت بۆ پەرەسەندنی ئابووری وڵات هەبوو تا لانی کەم بتوانێ قەرەبووی خەساری ئابووری خۆی پاش شەڕ بکا کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە لایەن ئاڵمانەوە شڕ کرابوو. مانەوەی هێزەکانی سۆڤییەت لە خاکی ”ایران”دا تەنیا بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی نەوتی باکووری ”ایران” بوو. حاشا لەوە ناکرێ کە جیا لە ئینگلیس و ئامریکا، سۆڤیەتیش کە بە ڕواڵەت دۆستی نەتەوە ژێردەستەکان بوو، ئامادە نەبوو کە پاڵپشتی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردستانی بکا. لە چوارچێوەی گوتاری سەر زمان، ئەو ئێدیعایەیان هەبوو کە مافی سەربەخۆیی بۆ کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکەی ژێر دەست بە ڕەوا دەزانن بەڵام لە پراکتیکدا ئەوان پێیان باش بوو کە کوردەکان لە ژێر دەسەڵاتی تەورێز و حکومەتی ملی آذربایجان کار و باری خۆیان بەرەو پێش ببەن و مافی ئێتنیکی خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی آذربایجان مسەوگەر بکەن. خودی گوتاری بڵاوکراوەی جەنابی پێشەوا لە ڕۆژنامەی کوردستان و یادداشتەکانی میرزا خلیل فتاح قاضی و نووسینەکانی زۆر لێکۆڵەری دیکە وەک مامۆستای ”حسن ایوب زادە” ئەم ڕاستییە باس دەکەن کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە گشتی و جەنابی محمد همام قاضی، پێشەوای کوردان دەگەڵ ئەم سیاسەتەی سۆڤیەت نەبوون. حاشا لەوە ناکرێ کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جمهوری کوردستان وەک سیستەمێکی سەربەخۆ و ”مستقلل” تەنیا هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندییەکانی ”ایران” نەبوو، بەڵکوو مەحکوومکردنی سیاسەتی نامرۆڤانەی سۆڤیەتیش بوو. بڕیاری دووی ڕێبەندان تەنیا بڕیارێکی مێژوویی نەتەوەی کورد نەبوو، بەڵکوو بڕیارێک بوو بەرانبەر هەر سیاسەتێکی چەوسێنەری زلهێزان. ڕاگەیاندنی ئەو سەربەخۆییە ئیرادەیەکی بەرز و هزرێکی دووربینی گەرەک بوو کە بە پاڵپشتی ئێلیت و خاوەنهێزانی کوردستان ئەو ئیرادە نەتەوەییە لە لایەن جەنابی پێشەوای کورد و کوردستانە ڕاگەیێندرا.

گەر زلهێزان ”ایران”یان داگیر نەکردبا بە دڵنیاییەوە گەلێک چەتوون دەبوو کە ئەو هەل و مەرجە بەو شێوەیە رەخسابا کە کورد پێیدا تێپەڕی، بەڵام حاشا لەوە ناکرێ کە بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، هێزەکانی باشوور و بە تایبەتی هێزی بارزانییەکان لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون. گەلۆ گەر ”ایران” لە لایەن ئینگلیس و سۆڤییەتەوە داگیر نەکرابا، کورد چۆن دەیتوانی سیاسەت بلێزێ، خۆی پرسیارێکە کە چەتوونە بە وڵامی بگەین بەڵام ئاستی بەرزی ویستی سەربەخۆییخوازی کورد لەو زەمەندا و بوونی هێزێکی یەکڕیز بە بوونی کاراکتێری کاریزماتیکی بەشەکانی کوردستان و بە تایبەتی کەسایەتی پێشەوا ڕەنگ بوو لەو حاڵەتیشدا جۆرێک ڕۆڵیان گێڕابا کە گەر ”ایران” داگیریش نەکرابا، بە دڵنیاییەوە وەک مێژووی کۆماری کوردستان دەبوو بە سەمبولێکی جوانی مێژووی مۆدێرنی کورد بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی ناوخۆ.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەوە کە هیچکام لە زلهێزان دەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان نەبوون، هەر بۆیە حاشا لەوە ناکرێ کە سەرکردایەتی کورد زۆر ژیرانە لە هەلەکانی کەڵکی دروستی وەرگرت و تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد، دەوڵەتی جمهوری کوردستانیان ڕاگەیاند.

بیری خوێندکار: کۆماری کوردستان وەک کیانێکی سەردەمیانەی کورد و رێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەیر دەکرێ، ئێوە پارامێترە مۆدێڕنەکانی کۆماری کوردستان لە چیدا دەبیننەوە؟

سۆران کرباسیان: لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئێستا کە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیە، هیچ حکومەتێک جگە لە دەوڵەتی جمهوری کوردستان بوونی نەبووە کە بنەمای بەڕێوەبەری خۆی لە سەر ڕێزلێنانی مافی شارومەند داڕشتبێ و بەڕێوەی بردبێ. لە سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری کوردستاندا تاکی کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەبوو کە پێنووسی بە پێی فکر و لێکدانەوەی خۆی بگێڕێ و تەنێ لە خزمەت دەسەڵاتدا نەبێ. ئەم مافە یەک لە گرنگترین فاکتەرەکان بۆ پێناسەکردنی سیستەمێکی ژیار و پێشکەوتوو دەژمێردرێ کە ئێستاش لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان پێشێل دەکرێ. مافی کەمایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکی فرە ئێتنیکی، فرە ئایینی، فرە زاراوەیی و … پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ. لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، ئەو گرووپانەی کە سەر بە دینی یەهوودی و مەسیحی بوون، مافی بەرابەریان دەگەڵ زۆرینەی شارومەندانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار هەبوو کە سەر بە دینی ”اسلام” بوون. سەرەڕای ئەوە کە سیاسەتوانان و سەرکردایەتی کورد لەو دەوڵەتە سەربەخۆیەدا ”مسلمان” بوون، بەڵام دەسەڵاتداریان نەبوو بە هۆکار تا سیاسەتێکی چەوسێنەرانە بەرانبەر بە کەسانی سەر بە ڕێباز و دینی دیکە دەکار بگرن.

سیستەمی کۆماری پێشتر لەو دەڤەرەدا لە لایەن حکومەتی تازەدامەزراوی ترکیا دامەزرابوو بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی ئەو جەنایەت و کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتی کۆماری ترکیا بەڕێوەی بردبوو و بە چاو داخشانێک بەو چەمکە ڕەگەزپەرەستی فاشیزمی کەمالیزم کە نیسێی خستبۆ سەر ئاناتۆلی، بە دڵنیاییەوە دەکرێ بگوترێ کە کۆماری کوردستان یەکەم کۆمارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە ناوەڕۆکێکی دێمۆکراتیکی هەبوو. دێمۆکراسی ووشەیەکە ڕۆژانە هەرزانفرۆش دەکرێ و زۆر سیستەمی جەنایەتکار بۆ پێناسەی خۆی دەکاری دەگرێ بەڵام بە وردبوونەوەیەک لە سیستەمی دادگایی، شێوەی هەڵس و کەوتی کۆمار دەگەڵ شارومەند، بوونی ئازادی دەربڕین لە نووسین و ئاخافتندا و … ئەمە دەسەلمینن کە کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی بازنەی دێمۆکراسی و ڕێزگرتن لە مافە سەرەتاییەکانی تاکی کۆمەڵگا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە برد. لەو کاتەدا زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەی پاشایەتی بەڕێوە دەچوون. شێوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سیستەمی پاشایەتی ئەو زەمەن و ناوچەدا فۆڕمێکی تەواو دیکتاتۆرانەی هەبوو لە کاتێکدا سەرکردایەتی سیاسی کورد فۆڕمی حکومەتی جمهوری هەڵدەبژرێن. لە سیستەمی کۆماریدا سەرۆک کۆمار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێت و بەم شێوەیە نییە کە تا ئەو ڕۆژەی زیندوو بێ هەر سەرۆکی دەوڵەت بمێنێتەوە و پاش ڕۆییشتنی خۆشی کوڕ یا خزمێکی دیکەی جێگەی بگرێتەوە. قەوارەیەکی کە کۆمار بۆ دەوڵەتی خۆی هەڵیبژارد، بریتی بوو لە کۆمەڵێک فاکتەر کە لە پەنای یەکتردا ژیاری و شارستانییەتی ئەو دەوڵەتە پێناسە دەکا.

شێوەی پێکهێنانی دەوڵەت و دەزگاکانی حکومەتی بە پێی ئەو هەل و مەرجەی کە کۆمار تێیدا تێپەڕی، زۆر زیاتر لە پێویستییەکانی کۆمەڵگای ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەم مژارە مەخابن تا ئێستاش ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و پێویستە بە وردی لە سەری بگوترێ، چ لە بواری حقوقییەوە، چ لە بواری بەڕێوەبەری ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماردا بوو. لە ناو خۆی کۆماریشدا حاشا لەوە ناکرێ کە دەوڵەتی جمهوری کوردستان دەسەڵاتی خۆی بە هاریکاری کەسایەتییە ناسراوەکانی هەر ناوچەیەک و لە سەر بنەمای ڕێزلێنان لە جێگە و پێگەی سەرۆک هۆزەکان و بەرژەوەندی شارومەند لە هەر ناوچەیەکدا بوو.

کۆماری کوردستان کاری زۆر بنەڕەتی و پێویستی لە مەڕ ناساندن و بونیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئەنجامدا، کە ئاڵای ”مقدس”ی کوردستان، سرودی نەتەوەیی، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و … لێ کەوتەوە. سەمبولیککردنی مێژوویەکی هەر چەند تاڵ بەڵام پڕ لە شانازی و هێماکانی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بە زەقی دەبینرێن.

لە هەمووی ئەمانە گرنگتر بڕوایێکی قوڵی سیاسەتی کۆماری کوردستان بە ڕێزلێنان لە ماف و سنووری نەتەوەکانی جیران بوو. لە هیچ شوێنێکی هەڵس و کەوت و سیاسەتی کۆماردا نابینرێ کە ڕێز لە نەتەوەیەک نەگیرابێ. هەرکات دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان وەک سیستەم خسترانە بەر ئیدانەکردن نەک وەک نەتەوە. نەتەوەی دراوسێی ترک کە حکومەتێکی تەواو سەر بە سۆڤیەتیان لە تەورێز بۆ پێک هاتبوو، لە لایەن کۆماری کوردستانەوە بە ڕێزەوە هەڵس و کەوتی دەگەڵ کراوە، بە پێچەوانەی ئەو هەڵس و کەوت و ساختەکارییانەی کە ئەو حکومەتی سەر بە سۆڤیەت بەرانبەر بە کۆماری کوردستان گێڕابووی.[23] مێژووی کۆماری کوردستان بە پێی پێوەری ڕۆژ و سەردەم دەکرێ وەک نموونەیەکی ژیاری و سیستەمێکی شارستانی چاوی لێ بکرێ و تەنانەت نەتەوەکانی غەیری کوردیش کەڵک و وانەی لێ وەربگرن.

بیری خوێندکار: سیاسەتی کۆمار بە نیسبەت تورکی ئازەربایجان لە سەر چ بنەمایەک بوو و ئایا ئێستا دەکرێتە هەوێنی پێکەوە ژیانی کورد و تورک یان دۆخەکە زۆر لە هی سەردەمی کۆمار ئاڵۆزترە؟

سۆران کرباسیان: سەرکردایەتی سیاسی کورد قەرارێکی دەرکردبوو کە لە دوو ڕوویەوە جێی سەرنجە. یەکیان ڕێز لێنان لە ڕۆحی لە تەنیشت یەکتر ژیانکردن و پتەوکردنی ئاشتی و برایەتی لە ناوبەری دوو نەتەوەی کورد و ترک بوو و دووهەمیش سەربەخۆیی سیاسی کورد و جیاکردنەوەی قەوارەی کوردستان لە سیاسەت و سنووری جوگرافییایی ترکان. لە دەقی گوتاری سەرکردایەتی کورددا ئاماژەی ڕاشکاوانە بەوە کرابوو کە لە هەر شوێنێک کە کوردی تێدا ژیان دەکرد بە ”استقلال”ی تەواو بگا.[24] لە هەمان کاتیشدا لە پێکهاتنێکی کە لە ناوبەری حکومەتی ملی آذربایجان و دەوڵەتی جمهوری کوردستان هەبوو، دان بەوە نرابوو کە ڕێز لە مافی کوردانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تەورێز بگیرێت و هاوکات دەسەڵاتی کۆماریش هەمان سیاسەت بەرانبەر بە ترکی دانیشتووی کوردستان بلێزێ.

حاشا لەوە ناکرێ کە گەر لایەن و تاقمی ڕادیکاڵی ئەمڕۆی ترکان هەندێک بە چاوێکی لۆژیکەوە بڕواننە مێژوو و ئەمڕۆی کوردستان، بە ڕوونی دەبینن کە سیاسەتی کورد لە مەڕ نەتەوەی ترکی دانیشتووی آذربایجان لە ئێستا و لە سەردەمی کۆماردا هەر یەک سیاسەت بووە. ئەوەی کە هەڵوێستی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، تەنێ ڕێزلێنان لە جیاوازییەکان و مافی ئێتنیکی و مرۆڤی ترکی دراوسێیە و تا ئێستا هیچ هێزێکی کوردستانی لە مێژووی خۆیدا لاپەڕەیەکی ڕەشی دژ بە بەرژەوەندییە ئێتنیکییەکانی نەتەوەی ترکی دانیشتووی ئەو دەڤەرە نییە. دەکرێ مێژووی هاریکاری و ڕێزلێنانی کۆماری کوردستان و حکومەتی ملی آذربایجان وەک هێمای پەرەسەندنی ڕۆحی ئاشتی و لە پەنایەکترژیان (نەک پێکەوە ژیان) بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی گەش و مرۆڤی کەڵکی لێ وەربگیرێ. بە دڵنیاییەوە ترکێکی تەورێزی هەستی هاوبەش، زمانی هاوبەش و مێژووی هاوبەشی دەگەڵ ترکێکی باکۆ هەیە، هەر وەک کوردێکی ڕۆژهەڵات ئەم فاکتەرە هاوبەشانەی دەگەڵ بەرژەوەندی و چارەنووسی هاوبەش تەک هەر کوردێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

ئەوە کە سیاسەتی تەورێز و کۆمار لە بەرانبەر یەکتردا چلۆن بووە، باسێکە کە پێویستە زۆر بە وردی لە داهاتوودا لە دەرفەتێکی دیکەدا لە سەری بدوێم. لایەنی زۆر جوانی هەیە کە دەکرێ ببنە مۆدێل و وێنەی ئاشتی ئەم دوو نەتەوەیە بۆ داهاتوویان، بەڵام بۆ منی لێکۆڵەر هیچ جێگەی گومان نەماوە کە حکومەتی تەورێز بەو شێوەیەی کە کۆماری کوردستان بە ڕاستی و ”صادق”انە جووڵاوە، هەڵس و کەوتی نەکرد. وەک گوترا لە داهاتوودا ئەم باسە دەورووژێنم و بە دڵنیاییەوە بۆ هەر لێدوانێک فاکت و بەڵگە دەخرێتە بەر چاو و بە پیی ستاندارد و پرەنسیپەکانی نووسینی ئەو وڵاتەی لێی دەژیم، ئەو چەواشەکاری و سانسۆڕانە لەقاو دەدرێن. لە داهاتوودا دەتوانن لە پێگەیەک کە بۆ ئەم تەوەرانە دابین کراوە لە ڕاستییەکانی ئەو لایەنەی میژووی کۆمار و دراوسێکانیش ئاگادار بن.[25]

بیری خوێندکار: بەرنامە و پێڕەوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان تا چەندە لە ناو کۆماری کوردستاندا پراکتیزە کرا؟

سۆران کرباسیان: ئەو بەرنامە و پێڕەوەی کە بە ناوی بەڵگەیەکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە نەتەوەی کورد ناسێندراوە، کاغەزێکی بێ بنەما، ساختە، سازکراو و دەسکردی نەیارانی نەتەوەی کوردە کە مەخابن تا ئەم دواییانە بە هۆی نەبوونی بەڵگە و سەرچاوەی جێی متمانە و حاشاهەڵنەگر بوار نەرەخسابوو تا لە سەر ڕەسەن-نەبوونی دڵنیا بین.

ئەم باسە گەلێک هەستیارە کە مژاری تایبەتی و سەربەخۆی گەرەکە. من تا ئێستا کاری زۆرم لە سەر کردووە بەڵام بڵاوم نەکردۆتەوە. بە کورتی لە سەر ئەم بە ناو بەڵگەیە هەندێک زانیاری و سەرچاوە دەخەمە خزمەت ئێوەی هێژا.

پێشتر لە نامیلکەیەکدا کە لە بەرواری ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە ژێر ناوی <<کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان>> بڵاوم کردبۆوە، تەواوی ئەو فاکت و بەڵگە و سەرچاوە حاشاهەڵنەگرانە خسترانە بەر چاوی خوێنەرانی جیهان کە تەواوی ئەو نامە سیاسییانەی کە بە ناوی جنابی پێشەوا بڵاو کراونەتەوە، ساختە، ناڕاست و سازکراون. جەنابی پێشەوا هەرکات لە ئیمزاکانی خۆیدا ناوی تەواوی خۆی واتە ”محمد همام قاضی” بە کار دەبرد و ئەو نائاگایانەی کە ئیمزای جەنابی پێشەوایان ”جعل” کردووە، هیچ لەوە ئاگادار نەبوون کە ئەو خەتەی ژێر ”محمد قاضی” لە ئیمزای جەنابی پێشەوا دا چییە و تەنێ ناوی ”محمد قاضی”یان لە کۆی ئیمزاکەی ”جعل” کردبوو. هەندێک کاغەزی کوردیش بە هەمان ئیمزای سازکراو بڵاو و چاپ بوونەتەوە کە لە دادێدا بە سەر دەکرێنەوە.

Weney Dr. Rahim Seyif Ghazi Arşîvî Soran Karbasian

واتە لە لێکۆڵینەوەی پێشوودا بە بێ ئەوە کە خۆم لەم باسە دابێ، ناڕاستەوخۆ بەڵام بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگرانە، ناڕەسەنبوونی ئەو جۆرە بەڵگە سازکراوانەم خستۆتە بەر باس، بەڵام ئەمە تەنێ یەک لە ڕێگاکانی سەلماندنی ساختەبوونی ئەو بەرنامە و پێڕەوە سازکراوەیە. یەک لەو کەسانەی کە بە وردی کاری لە سەر ئەم بە ناو بەڵگەنامەیە کردووە، مامۆستای هێژا کاک ”حسن ایوب زادە”یە کە تا ئێستا دوو بابەتی لە سەر ئەم بە ناو بەڵگەیە بڵاو کردۆتەوە. بە بێ ئەوە کە وە نێو وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەی ژیرانەی ئەم بیرمەندە کەوم، پێویستە بێژم کە لە نامەیەکدا کە دوکتوور ”رحیم سیف قاضی” بۆ خوالێخۆشبوو مامۆستا ”کریم حسامی” ناردبوو، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو بەرنامە و پێڕەوە ئیمزای جەنابی پێشەوای کوردان، سەرۆک کۆماری کوردستانی پێوە نەبووە. لە وەشانێکدا کە لەم دواییانەدا بڵاو کراوەتەوە، ئیمزای جنابی پێشەوا (ئیمزا ساختەکە نەک ڕاستەقینەکە) بەو بەرنامە و پێڕەوە زیاد کرابوو!

لە کۆی مژار و لێکۆڵینەوەی مامۆستا ”حسن ایوب زادە”دا تەنیا یەک پرسیار و گومان بۆ منی لێکۆڵەر هەبوو و ئەویش بریتی بوو لەوە کە گەلۆ ئەو دەستخەتەی ”دوکتوور رحیم سیف قاضی” کە لە لایەن هێژا کاک ”کریم حسامی”یەوە بڵاو کرابۆوە، هی ئەو بووە یان نا. بۆ ئەوە کە مرۆڤ لە ڕاستی نزیک بێتەوە پێویستە بەڵگە بۆ هەر باسێک بە دەست بهێنی، هەر بۆیە پێوەندیم بە کەسایەتییەکی هێژای بنەماڵەی قاضی گرت کە ڕەنگ بوو دەستخەتی ”دوکتوور رحیم سیف قاضی” لە لا بێ. نها نوسخەیەکی ئۆرجینالی دەستخەت و ئیمزای دوکتوور ”رحیم سیف قاضی” لە بەر دەست دایە کە لێرە ڕادەگیرێ و لە داهاتوودا بە پێی بەندی یەکەمی پاڕاگرافی ١٣ی قانوونی پێوەندیدار لە وڵاتی نەروێژ، بە ڕەشکردنی هەندێک ناو و ووشە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتییەکان، ئەو بەڵگەیە دەخرێتە بەر چاو (وەک لێرەدا وێنەیەکی بچووکی دەبینن). نموونەی دەستخەتێکی کە هێژا کاک ”کریم حسامی” لە دوکتوور ‘رحیم  سیف قاضی” بڵاو کردبۆوە، ڕێک لەو دەستخەتە دەچێ کە نوسخەی ئۆرجیناڵی لە بەر دەست دایە. بە دوای ئەوەدا کە ئەو دەستنووسەم دەست کەوت، ئیتر هیچ گومانێک لای منی لێکۆڵەر نەما کە مێتۆد و شێوەی لێکۆڵینەوەی مامۆستا کاک ”حسن ایوب زادە” تەواو دروست و جێی متمانەیە.

Destxeti Dr. Rahim Seyif Ghazi Arşîvî Soran Karbasian

بە گشتی و کورتی دەتوانم عەرزتان بکەم کە ڕێگەی سەلماندنی ساختەبوون و ناڕەسەنبوونی ئەو کاغەزە زۆرن و لە داهاتوودا هەموویان لە بابەتێکدا تێکەڵ بە یەک دەکرێنەوە. بە دەیان فاکتی دیکەش لە سیاسەت و هەڵس و کەوتەکانی کۆماری کوردستاندا لە بەر دەست دان کە دژایەتی تەواویان دەگەڵ ئەو بەرنامە ساختەیە هەیە کە نەیارانی نەتەوەی کورد تەنیا بە مەبەستی کپکردن و شاردنەوەی ویستی سەربەخۆییخوازی نەتەوەی کورد و بە ”ایران”ی کردنیان و پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانێک سازیان کردبوو کە دژ بە سەربەخۆیی نەتەوەی کورد بوون.

بیری خوێندکار: کەسایەتی پێشەوا قازی محەمەد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ (پێش کۆمار و دوای کۆمار).

سۆران کرباسیان: بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەمە بگوترێ کە پێشەوای کوردان لە بنەماڵەیەکی زانا و لە ژێر تیشکی باوکی ناسراو و زانای خۆی پەروەردە ببوو. ئەم بنەماڵەیە لە کۆنەوە بەشێک لە کۆڵەکەی زانایی و ژیاری کوردستان و خاوەن پلەیەکی بەرزی ناو کۆمەڵگای خۆیان بوون.

جەنابی پێشەوا سەرکردەیەک بوو کە هیچ خاڵێکی ڕەشی لە مێژوویدا نییە. لە سەدەی رابڕدوودا هیچ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن سەرکردەیەک نەبووە کە مۆرە و بەڕێوەبەری پلانەکانی بەرژەوەندیپارێزی زلهێزان نەبووبێ، لە کاتێکدا بە دەیان کتێب و نامیلکە و وتاریان لە سەر نووسیون و کەسایەتییەکی جیا لەوەی کە هەیانبوو، بۆ ساز کردوون. جنابی پێشەوا کەسایەتییەکی سەربەخۆی هەبوو. هەرکات لە هەوڵی ئەوە دابوو کە بە پتەوکردنی ڕۆحی برایەتی و یەکڕیزکردنی ماڵی کورد، سیاسەتێک بلێزێ کە بەرژەوەندی نەتەوەکەی لێ بکەوێتەوە و تەنانەت خۆ بەختکردنیشی تەنێ بە مەبەستی پاراستنی کەرامەت و گیانی نەتەوەکەی بوو تا کوردیش بە هەمان چارەنووسی دڵتەزێن تووش نەبێ کە ترکانی تەورێز بە سەریان هات.

Hêja Mohammad Homam Ghazî, Pêşeway Kurdan, Serokî Komarî Serbexoy Kurdistan

بە دڵنیاییەوە گەر جنابی پێشەوا سەرکردایەتی کۆمەڵەی ژ. ک. قبووڵ نەکردبا و گۆڕانکاری مۆدێڕن و پێویستی بە سەر ئەو بزوتنەوەدا نەهێنابا، ڕەنگ بوو ئەو جووڵانەوە بەرەو ئاقاریکی دیکە چووبا. کوردی سەربەخۆخواز لە کوردستان زۆر بوون بەڵام کەسایەتییەکی کاریزماتیک و خاوەن ڕێزی وەک جنابی پێشەوایان پێویست بوو تا جەماوەری کوردی لێ کۆ بێتەوە و پاڵپشتی لە ویستی ئێلیتی کورد بکرێ.

گیانبەخت کاک دوکتوور قاسملوو فەرمووبووی کە پێشەوا گوڵێک بوو لە بیابانێک ڕووابوو. گەلۆ لە جیهانی ئەمڕۆدا سەرکردە دەست دەکەوێ کە حەوت زمانان قسە بکا؟ بە شێوەیەکی مرۆڤانە دەگەڵ شارومەندی خۆی و گەلانی جیا لە گەلی خۆی بجووڵێتەوە؟ و هاوکات ئامادە بێ لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی گیانی شارومەندانی، گیانی خۆی و چارەنووسی بنەماڵەکەی بفەوتێنێ؟

پێشەوای کوردان کەسایەتییەکی ئەوەندە بەرزی هەیە کە لە چوارچێوەی باسێکی ئاوا کورتدا چەتوونە لە سەر پێشکەوتوویی و ژیاری ئەو بتوانرێ قسە بکرێ. تەنێ ئەوەندە لێرە دەبێژم کە پێداچوونەوەی قسەکانی ئەو سەرکردەیە ئەوە دەسەلمێنن کە خاوەن گوتارێکی سیاسی بوو کە لە بواری حقوقییەوە قسەکانی زۆر جێی سەرنجن و تەواو ئاشنا بە مافی ئێتنیکی، مافی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکان، سیاسەتی نێودەوڵەتی و مێژووی گەلان و نەتەوەکەی خۆی بوو.

جنابی پێشەوا ویژدانی نەتەوەیەکی سەربەخۆییخواز و زیندوویە کە ناخوازێ بتوێتەوە و بە کوردبوونی شانازی دەکا.

بیری خوێندکار: لایەنی ڕۆشنبیری و زانستی لە کۆماری کوردستان و پێشەوا چ گرینگیەکی هەبووە؟ بە تایبەتی کە بڵاوکردنەوەی گۆڤار، ناردنی خوێندکاران بۆ دەرەوەی وڵات، دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و … لە بەرنامە سەرەکییەکان بووە.

سۆران کرباسیان: دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە خۆی بەشێکە لە ژیاری و بەم شێوەیە نییە کە هەر کەس گۆڤار و ڕۆژنامەی زۆر بڵاو کردەوە، ئەوە خاوەن هزرێکی بەرزن و کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن دەبەن. بۆ وێنە بڕواننە وڵاتی ”ایران” کە ٥٠ ڕۆژنامەی جۆراوجۆری تێدا بڵاو دەبێتەوە.[26] وەک بڵاوکراوەش ٥٠٨٦ دانە تۆمار کراوە کە تەنێ ٣٢٦٧یان لە چالاکی دان.[27] هەر چەند کە ئەو ڕێژانە زۆر پتر لەوەیە کە لە ڕاستیدا لە ”ایران” بڵاو دەبنەوە، دیسانیش گەر ڕاستیش بووبا، هیچ بایەخێکی بە پلەی زانستی و ڕووناکبیری وڵاتی ”ایران” نەدەدا. ئەوەی لە بواری حقوقی، مافی مرۆڤ، مافی ئێتنیکی، مێژوو و سیاسەتی نێو دەوڵەتی و جیابیکەرەکانی ئەو وڵاتە بڵاو دەبێتەوە، بێبەرن لە ڕاستی، زانست و ویژدانی مرۆڤایەتی. سیستەمگەلی ئاوا گەر ڕێژەی بڵاوکراوەکانیان بە تاقی ئاسمانیش بگا هیچ لە ناوەڕؤکی نامرۆڤانە و ناشارستانییان ناگۆڕێ. ئازادی دەربڕین شەرتێکی بنچینەییە بۆ پەرە پێدانی ڕووناکبیری و بەرزکردنەوەی ئاگایی جەماوەر.

ئەوەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بڵاو بۆوە، هەوێنی هزر و مێشکێکی ئازاد بوو کە چۆنی دەنووسی بڵاو دەبۆوە. سانسۆر و هەڕەشە و زەخت لە سەر نووسەری بڵاوکراوەکان نەبوو. لە کەش و هەوایەکی پڕ لە ئازادی کە دەوڵەتی جمهوری کوردستان بۆ شارومەندی خۆی پێک هێنابوو، دیترا کە چ خزمەتێک بە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کرا. خودی پێداچوونەوەی مێژووی کورد لە ڕێگەی گوتار و نووسین خۆی خزمەتێکی زۆری بە وشیاری کۆمەڵگا کرد. بڕواننە دەقەکانی زۆر گوتار کە جنابی پێشەوا هەیبوو و لە ڕۆژنامەکانی کوردستان وەک خۆی بە چاپ گەییشتبوون. لە زۆر جێگا دەبینرێ کە قسە لە سەر زانایی و ئاستی بەرزی سەرکردەکانی پێشووی نەتەوەی کورد و مێژووی دڵتەزێنیان کرابوو. لە بواری ڕۆژنامەوانییەوە کاری زۆر پسپۆڕانە و مۆدێرن لەوکاتدا کران کە تەنێ لە تەمەنێکی کەمدا توانیان ئەو تواناییانە لە خۆیان نیشان بدەن. وەرگێڕان و ئاگاکردنی کۆمەڵگا لە باسی دەرەوەی جیهانی کورد خۆی بەشێکی دیکە لە کارە بە نرخەکانیان بوو.

کۆماری کوردستان و کەسایەتی زانای سەرۆک کۆماری باش دەیانزانی کە جیاکردنەوەی سنووری جوگرافیایی کورد لە ”ایران” تەنێ بە سەربەخۆیی ناژمێردرێت. ئەوان دەیانزانی کە جیابوونەوە لە ”ایران” تەنێ بەشێکە لە سەربەخۆیی و هەر بۆیە بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی تەواو کاری گەلێک بنچینەییان کرد تا لە کۆنەپەرەستی حاکم بە سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان دەرباز بکەن و پلیکانەکانی پێشکەوتن لە سەر یەک بچنن. ئەوان بە تێبینییەکی ژیرانەوە دەستووریان دا تا کتێبخانەی نەتەوەیی کورد بکرێتەوە و هاوکات هاندەر و پشتیوان بوون تا نیوەی کۆمەڵگا لە ژێر جلکی ناوی ژن بێتە دەرێ و خۆی بە یای بناسێنی، ببێتە نیوەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و بەشداری کار و چالاکییە سیاسییەکانی وڵات بن تا لە چارەنووسی خۆیاندا بەشدارییان کردبێ.[28] هەر وەکی خۆشتان فەرمووتانە زۆر خزمەتی دیکە و پلانی دیکەیان لەو سەردەمدا داڕشتبوو کە هەرکام لەو بەرنامانە لە ڕووی داڕشتنی داهاتوویەکی ڕوون و گەش بۆ کورد و کوردستان ئەنجام درابوون.

Yay Serok Mîna Ghazi, Serokî Hîzbî Dêmokratî Jinanî Kurdistan Arşîvî Soran Karbasian

لە کۆتایی ئەم باسەدا لە ڕێگەی گۆڤاری بیری خوێندکارەوە، وێنەیەکی بە نرخی یای پێشەوای کوردستان (هاوسەری جەنابی سەرۆک کۆمار)، سەرۆکی حیزبی دێمۆکراتی ژنانی کوردستان پێشکەش بە هەر کوردستانییەک دەکەم.[28] هیوادارم کە خەبات و چالاکی و گوتاری یایانی کوردستان لە لایەن مێژوونووسان و فێمینیستەکانەوە زۆرتر بخرێتە بەر سەرنج و وردبوونەوە.

تێبینی: وێنەی پێشەوای مەزن، دوکتوور رحیم سیف قاضی، یای پێشەوای کوردستان، کۆپی نوسخەی دەستنووسی دوکتوور رحیم سیف قاضی لە لایەن چەند کەسایەتی هێژا و ناسراوی بنەماڵەی خۆشەویستی قاضی پێشکەش بە ئارشیوی نوسەری ئەم دێڕانە کراوە.

سەرچاوەکان:

________________________________

[1] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٣٠، بەرواری ١ی ئاپریلی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٢

[2] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ١٠، ڕێکەوتی ٤ی فێوریەی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە یەک

[3] بۆ وێنە بڕوانن لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی ١١ کە لە بەرواری ٦ی فێوریەی ١٩٤٦ی زایینی بە چاپ گەییشتبوو. هەمان باسی سەربەخۆیی و ”استقلال”ی کوردستان دووپات بۆتەوە کە لە ژمارەی پێشوویدا باسی لێ کرابوو کە لە ژمارەی ١٠ی ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕێکەوتی ٤ی فێوریەی ١٩٤٦ لە لاپەڕەی یەکەمیدا بڵاو کرابۆوە. لەم نموونانە زۆرن و لە داهاتوودا لە هەرکامیان وردبوونەوە ئەنجام دەدرێ.

[4] خەلیل فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، وەرگێڕانی حەسەنی قازی، هەولێر ٢٠٠٩، چاپی یەکەم، چاپی ئاراس، لاپەڕەی ١٣٨

[5] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٦، ڕێکەوتی ٢١ی ١ی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٢

[6] بڕوانە مژارەکانی مێژوویی ئەو کات کە لە ژێر ناوی << کوردان از بدو تاریخ تا سال ١٩٢٠ >> بڵاو دەبۆوە. لە زۆر ژمارەدا بڵاو ببوونەوە.

[7] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٤٤، ڕێکەوتی ٦ی مای ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ١

[8] بۆ وێنە بڕوانە ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٤٩، ٥٠ و زۆر ژمارەی دیکە.

[9] بۆ وێنە بڕوانە باسی << تصویبی قانونی مجازات >> لە ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٤٠، ڕێکەوتی ٢٧ی ئاپریلی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٣

[10] بۆ وێنە باسی ژێنێرال مصطفی بارزانی دەتوانی لە ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە  ٢٦، ڕێکەوتی ١٨ی مارسی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٣دا بخوێنییەوە. لەم باسانە لە ڕۆژنامەکانی کوردستان لە شوێنی دیکەشدا هاتبوو.

تێبینی: پاش ئەوە کە بەشێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەکانی کوردستان بە چاپ گەییشتنەوە، ژمارەیەک لەو ژمارانە کە پێوەندی بە باسی بارزانییەوە هەبوو دەگەڵ ژمارەکان چاپ نەکرابوو. هێژا کاک ”حامد گوهری” لە سەر ئەمە بە بەڵگەوە مژارێکی بڵاو کردەوە و چاپەمەنی بەرپرسیار لە هەڵە! خۆی ئاگادار کراوە کە لە چاپی دووهەمدا ئەم ڕاستکردنەوەیەش کرا.

هەر وەها بڕواننە مژارێک کە بەم ناو و نیشانەی ژێرەوە بڵاو ببۆوە:

ڕۆژی نەنگ و رسوای دەوڵەتی فارس: ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٤٤، بەرواری ١ی مەی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ١

[11] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٩، ڕێکەوتی ٢ی فێوریەی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٣

[12] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ١٤، بەرواری ١٣ی فێوریەی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٢

[13] ئارچی ڕۆژوێلت، کورد لە یادداشتەکانی ڕۆژوێلتدا، وەرگێڕانی کارزان محمد، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٢، وەزارەتی ڕۆشەنبیری، بڕوانە لاپەڕەکانی ٦٩ و ٧٠

[14] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٩٢، لاپەڕەی ژمارە ١

[15]  سۆران کرباسیان ، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، لاپەڕەکانی ١٨ تا ٢١، لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن وەشانی کوردییەکەی بخوێننەوە:

http://kurd.no/komar.pdf

[16] Mohammad Reza Pahlavi, Answer to History: The Shah’s Story, Persian, translated by Dr. Houshang Nahavandi, p 42

[17] سۆران کرباسیان ، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، لاپەڕەی ژمارە ١٨

[18] لە درێژەی سەرچاوەی پێشوو بڕوانە باسی ڕاپۆرتی پارلەمانی ”ایران” کە دەقی ئەو ڕاپۆرتەش لە سەرچاوەکانیدا دانراوە.

[19] ایوب ایوب زادە، لە ”ژ. ک.”وە بۆ کۆمار؛ مێژوو نووسیی حیزبی لە ژێر تیشکی ڕەخنەدا، ماڵپەڕی هەڵوێست ٢٠٠٨ی زایینی

لە سەر بەشێکی نووسینەکانی ئەم هێژایە تێبینی هەیە کە ناڕاستبوونی زانیارییەکان ناگەڕێتەوە سەر ئەستۆی بەڕێزیان. پاش بڵاوبوونەوەی ئەم پەرتووکە بە نرخە، هەندێک بەڵگە و ڕاستی وە دەست کەوتوون کە کاریگەری دادەنێنە سەر بەڵگەیەک کە پێشتر لە لایەن نەیارانی نەتەوەی کوردەوە ساز کرابوو.

[20] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٦١، بەرواری ٢٣ی ژوئەنی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ١

[21] ایوب ایوب زادە، لە ”ژ. ک.”وە بۆ کۆمار؛ مێژوو نووسیی حیزبی لە ژێر تیشکی ڕەخنەدا، ماڵپەڕی هەڵوێست ٢٠٠٨ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٩

هێژا کاک ”ایوب ایوب زادە” لەم سەرچاوە ئاڵمانییە بۆ زانیاری خۆی کەڵکی وەرگرتووە:

Die britsche Iranpolitik im zweiten Wektkrieg und der Ausbruch des Kalten Krieges von wolfram Schneider, Teil 1, Dr. Kova´c Verlag, Seite 155

[22] سۆران کرباسیان ، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، لاپەڕەکانی ٢٨ تا ٣٢، هەر وەها بڕوانە لاپەڕەکانی ٥٢ تا ٥٦

تێبینی: ئەم باسە لە داهاتوودا زۆرتری لە سەر دەنووسرێ و باسەکە هەر لە درێژەی مێژووی سۆڤیەت و نەوت و پێوەندی بە کۆماری کوردستاندا دەبێ.

[23] بەرواری ٣ی فێبرواری ساڵی ٢٠١١ی زایینی لە لایەن وەرگێڕێکەوە ئاگادار کرامەوە کە چەند مژارێکی پێوەندیدار بە کۆماری کوردستانی لە ڕۆژنامەی آذربایجانی ئەوکات وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. ئەو ڕۆژنامانە کاتی خۆی لە تەورێز بە چاپ دەگەییشتن کە زۆرینەی ژمارەکانی لە بەر دەست دان. بە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو مژارانە زۆری پێ نەچوو کە کۆمەڵێک فاکت و زانیاری دروستم بۆ ئەو سەرچاوەیە نارد تا لە تەنیشت وەرگێڕانەکەیدا بیانخاتە بەر چاوی خوێنەران. مەخابن لە ئاست ئەو ڕاستییانەی کە لە بەر دەست دان و هیچ جێی حاشای نییە، تەنیا بێ دەنگی هەڵبژێردرا و هیچکات خوازیار نەبوون کە خوێنەری کورد ئەو ڕاستییانە بزانێ. لە داهاتوودا هەموو ئەو زانیاری و فاکت و بەڵگانە لە نامیلکەیەکدا دەخەمە بەر چاوی جەماوەر و بڕیار بۆ خوێنەر دەهێڵمەوە. فاکتەکان سەلمێنەری ئەوەن کە حکومەتی ملی آذربایجان دەستیان لە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و سەربەخۆیی کۆماری کوردستاندا هەبووە.

[24] ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٨، ڕێکەوتی ٢٨ی ١ی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە ٣

[25] http://www.kurd.no/

[26] ئەمە بە پێی خودی سەرچاوەکانی خۆیانە نەک پڕۆپاگەندەی نەیارانیان.

http://www.seyyedan.com/files/homepage/roznama.htm

[27] http://www.rahesabz.net/story/57214

[28] بۆ زانیاری زیاتر لەم پێوەندییەوە بڕواننە؛ ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٢٥، بەرواری ١٧ی مارسی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە سێ

 

Pin It
پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.