کۆماری کوردستان
نامیلکەیەکە لەسەر کۆماری کوردستان کە تێیدا چەند بەڵگەیەکی ساختە بە پیی بەڵگە، فاکت و سەرچاوەی جێمتمانە لەقاو دراون. ئەم نامیلکەیە چەندین بابەتی دیکەشی بە دوادا بڵاو بۆتەوە و هێشتا کۆتایی بە پڕۆژەکە نەهاتووە. بە کرتەکردن لەسەر ئەم وێنەیە دەتوانن ئەم نامیلکەیە بخوێننەوە.
شەست‌و‌هەشت
پەمەنی کولوفوون دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.پەرتووکێکی بەڵگەمەندە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە گوندی قاڕنێ. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە لە چا
سەربردەی ژیانم
بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی رسول پیشنماز لە ژێر ناوی سەربردەی ژیانم کە پێشتر بە چاپ گەییشتبوو، سەرلەنوێ بە قەڵەمی سۆران کرباسیان نووسراوەتەوە. ئەم پەرتووکە لە چاو وەشانی یەکەمی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لە لایەن چاپەمەنی ئەرزان بە چاپ گەییشتووە. بۆ کڕینی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکەن.

بەیاننامەی عەلی قازی محەمەد سەبارەت بە هێندێک قسە و باسی ناراست لەسەر دەوڵەتی جمهوریی کوردستان و هەڵوێستەکانی پێشەوا قازی محەمەد

11/3/2013Kurd.no Ali Homam Ghazi Ali Agha

هاوکات لەگەڵ 67 هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، ژمارەیەک ماڵپەڕی ئەنتەرنێتی فارس زمان لە توێی دیمانە و وتارگەلێکدا، هێندێک بابەتیان لەمەڕ ئەم رووداوە مێژووییە و روانگەکانی پێشەوا قازی محەمەد، داناوە. بەڵام بەداخەوە تەنیا ئەوانەن کە لە مێژ ساڵە لەسەر بنەمای شێواندنی بە ئەنقەست و مەبەستداری هەڵوێستەکانی پێشەوا قازی محەمەد و پێگە و جێگەی راستەقینەی دەوڵەتی کۆماری کوردستان، داڕژاون.

لەو دیمانە و وتارانەدا کە لەو ماڵپەڕانەدا بڵاوکراونەتەوە، جارێکی دیکەش کۆماری کوردستان لە ناوەڕۆکی راستەقینەی بەتاڵ کراوە و حەول دراوە وێنەیەک لە کۆمار پێشان بدرێ کە بە دڵی ئەو کەس و گرووپانە بێ کە مانەوەی دەوڵەت– نەتەوەی لە قەیران چەقیوی ئێرانیان لە ئیرادەی ئازاد و ویستی رەوای نەتەوە دیل و بندەستەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ فەڕزترە.

لەو دیمانە و وتارانەدا، دەوڵەتی جمهوریی کوردستان تا ئاستی “حکوومەتی ناوچەیی” بە ئەرکی “دامەزراندنی دیمۆکراسی بۆ ئێران” و “جێبەجێ بوونی یاساکانی ئەیالەتی و ویلایەتی مەشرووتە”، نزم کراوەتەوە. هەروەها “باوەڕ بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتیی کورد لە چوارچێوەی ئێران” دراوەتە پاڵ پێشەوا قازی محەمەد.

لە لایەکی دیکەشەوە، هێندێک حیزبی کوردی، بڕیاری مێژوویی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی جمهوریی کوردستانی بە “داعیەی جیاوازیخوازیی” لە لایان “دوژمنانی نەتەوەی کورد”، داناوە و رایانگەیاندووە: ” نەمر قازی محەمەد هەر لە رۆژەکانی راگەیاندنی کۆماردا، زۆر جار پێی لە سەر ئەو خاڵە داگرتووە کە حەولێک بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە ئێران لە گۆڕێدا نییە و ئامانجی بزووتنەوەی رزگاریی کوردەکانی ئێران، گەیشتن بە خودموختاری لە چوارچێوەی سنوورە سیاسی و جوغرافیاییەکانی ئێرانە”.

بۆیە ئەمن وەک کوڕی پێشەوا قازی محەمەد کە لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا13 ساڵم تەمەن بووە و ئاگام لە زۆر لە وردەکارییەکانی ئەو رووداوە مێژووییە بووە و لە بیرمن، بۆ روونکردنەوەی بیروڕای گشتیی، راگەیاندنی ئەم راستییانەی خوارەوە بە پێویست دەزانم:

1- بە پێچەوانەی ئەو قسانەوە کە بڵاو کراونەتەوە، بڕیاری مێژوویی میتینگی 20/000 هەزار کەسیی دووی رێبەندانی گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد، راگەیاندنی سەربەخۆیی و ئیستیقلالی کوردستان لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان بوو. هەروەک پێشەوا خۆی لە یەکێک لە نوتقەکانیدا رایگەیاند 4 ساڵ بەر لە دووی رێبەندان 1324 هەتاوی (1946ز)، قۆناغی “خودموختاری” بوو، بەڵام لە دووی رێبەندان دا، سەربەخۆیی تەواو راگەیاندرا: “میللەتی کورد چوار ساڵە خودموختارە و داوای ئیستیقلال و تێکخستنەوەی تەواوی خاکی کوردستان دەکا، زۆرم پێ گران بوو کە لەو حەقەی دەست هەڵبگیرێ و ئێحساساتی ئێوە مانیعی ئەوەی بوو کە ئێمە بە خودموختاری رازی بین، چونکوو کە مودەی ئەو چەند رۆژەی کە جێژن گیراوە ئیحساساتێکی ئێوە نواندووتانە وێنەیەکی حەساس و کامیلە و دەبێ دنیا بزانێ کە کورد لیاقەتی ئیستیقلال و سەربەخۆیی هەیە.” (پێشەوا قازی محەمەد).

2- لە ” نوتقی جەنابی پێشەواو رەئیس جمهوری بەرزی کوردستان”، لە رۆژی راگەیاندنی کۆماردا، لە حاڵیک دا کلیل واژەکانی پێشەوا، “نەتەوە”، “میللەتی کورد”، “جوغرافیای کوردستان”، ” حوکمدرییە کوردییەکان” و ” ئیستیقلال و ئازادیی میللەتی کورد” بوو، تەنانەت بە یەک وشەش ئاماژەیەک بە ” ئێران” و ” لە چووارچێوەی ئێران دا” و “دیمۆکراسی بۆ ئێران” ی نەکردووە.

3- سوێندی سەرکۆماریی پێشەوا قازی محەمەد، هەر بە تەنیا خۆی بەڵگەیەکی بە هێزە بۆ ناسین و پێگە و جێگەی کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ و بێ باوەڕیی بە چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا: ” ئەمن بە خودا، بەکەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی میللی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و رژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم بە گیان و بە ماڵ لە رێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان دا تێ بکۆشم و نیسبەت بە رەئیسیی جمهوری کوردستان و یەکەتی کورد و ئازەربایجان موتیع و وەفادار بم”.

4- رۆژنامەی کوردستان کە لە سەردەمای دەوڵەتی جمهوریی کوردستان دەردەچوو و ئێستا لەبەردەستدان، لە چەند ژمارەیدا، رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆماری کوردستان بە مانشێتی: “جێژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان” بڵاوکردووەتەوە.

5- لە بڕیارنامەی میتینگی رۆژی دووی رێبەنداندا کە لە لاپەڕەی ٣ ژمارە ٨ ی رۆژی دووشەممە ٨ رێبەندانی 1324هەتاوی بڵاوبووەتەوە، بە ئاماژە بە دابەشکرانی کوردستان، بارودۆخی نەتەوەی کورد لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی ئێران، ترکیا و عێراق شیی کراوەتەوە. لە هیچ بەشێکی ئەم بڕیارنامەیەدا، بە تاکە وشەیەکیش ئاماژە بە “چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا” نەکراوە. راست بە پێچەوانەوە مادەی یەکی ئەو بڕیارنامەیە دەڵێ: ” لەو جێگایانەدا کە ئێستا کوردی تێدا دەژین بە ئیستیقلالی تەواو بگا.”

6- سەردێڕی تابلۆی سەردەرگای وەزارەتخانەکانی کۆماری کوردستان بریتی بوو لە “دەوڵەتی جمهوری کوردستان”. بۆ وێنە “دەوڵەتی جمهوری کوردستان، وەزارەتی فەرهەنگ”. هەر لە بناخەڕا، دیاری کردنی شێوازی کۆماریی بۆ دەوڵەتی قازی محەمەد بە ئاڵا و ئەڕتەش و زمان و سرودی نەتەوایەتی و پێوەندیی دەرەکیی و ئابووری تایبەت بە خۆی لە مەهاباد بەدەر لە “چوارچێوەی تەواویەتی عەرزی ئێران” و هەبوونی دەوڵەتی شاهەنشاهی پەهلەوی لە تاران، نیشانەی دوو سەروەریی جیاواز و دوو دەوڵەتی بە تەواوی سەربەخۆ لە یەکتر بوون.

7- ئەو وتووێژە چاپەمەنیانەی کە بۆ شێواندنی ناوەڕۆک و پێگەی راستەقینەی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان ئاماژەی پێدەکرێ، وتووێژی رۆژنامەکانی “ایران ما”، “فرمان”، “رهبر” و “ایران” لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەدە کە بە پێچەوانەی ئەو قسانە، هی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار نیین و کاتێ کراون کە پێشەوا قازی محەمەد خۆی بە قۆناغی چوار ساڵەی خودموختاری ناوی بردووە. لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، قۆناخێکی تازە لە ژیانی نەتەوەی کورد دەستی پێکرد و دیسکۆرسی سیاسی کورد، چووە قۆناغی دەوڵەت و سەرەوەری سیاسییەوە.

ئێستا پاش 67 ساڵ لەو رووداوە مێژووییە، ئاساییە کە هەر تاک و رێکخراو و حیزبێکی سیاسی بە پێی روانگە و گوتاری تایبەت بە خۆی سیاسەت بکا. بەڵام دەبێ مێژوو بە مێتۆدی زانستی و بە پێی ئەوەی رووی داوە، بخوێندرێتەوە، نەک بە پێی هەڵوێست و بەرژەوەندیی سیاسی رۆژ. کۆماری کوردستان وەک رەنگدانەوەی سەروەریی سیاسی نەتەوەی کورد و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، راستییەکی حاشا هەڵنەگرە، لە مێژووی ئەم نەتەوەیەدا. حاشاکردن لەم راستییە، هەر چۆنێ بێ، کارێکە دژ بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، چونکە رووداوە مێژووییەکان یەکێک لە توخمەکانی خەمڵێنی ناسنامەی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەکن.

عەلی قازی محەمەد

20 رەشەمەی 2712

10 مارسی 2013

تێبینی: ئەم ڕوونکردنەوەیە لە بەر بایەخ و گرنگییەک کە هەیبوو، بۆ ئەم پێگەیە گواستراوە. مافی وێنەی عەلی قازی موحەممەد (کوڕی ڕەش یان عەلی هومام قازی) بۆ ئەم پێگەیە پارێزراوە.

هەر بژین

سۆران کەرباسیان

Pin It
پێناسە
ماڵپەڕی کورد دابین کراوە بۆ مژاری مێژوویی و ناساندنی سەرچاوە و بەڵگەی جێمتمانە. لەم ماڵپەڕەدا هەوڵ دەدرێت کە سەرچاوە زارەکییەکان لەگەڵ یەکتر و مێژووی زارەکیی هەڵبسەنگێندرێت. شێواندنی مێژوو یەک لە پلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی سەر بە ئەوان بووە. ئەم هەوڵانە بە مەبەستی خەوشەدارکردنی کولتوور و وێنەی گشتیی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە. لەم پێگەیەدا بە پێی توانا لەسەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بابەت بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەرتووک دابینکراوە کە لە پەرتووکی چێشتی مجێورەوە دەستیپێکراوە. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی قانوونی وڵاتی نۆرێگ گەڵاڵە دەکرێن. ماڵپەڕی کورد پاڵپشتیی لە هیچ لایەنێکی ڕامیاری و ناڕامیاری ناکات. سپاس بۆ سەردانتان. ماڵپەڕی کورد
یارمەتیی
ئێوە لە ڕێگەی پێشنیار، تێبینی و ڕەخنەکانتان دەتوانن هاریکارێکی باشی ئەم پێگەیە بن.